زیۆسی یۆنانییەکان، کە دواتر لای ڕۆمییەکان ناوی ژووپیتێر(یووپیتێر)یان لێ نا، گەورەترین خودای ئەفسانەیی و “خودای خوداکان”ە. هەموو خودا نەمرەکانی دیکە، هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەمین، لە ژێر فرمانی ئەودان. ئەو هەرچی بیەوێت هەر ئەوە دەبێت، ئەگەرچی هەندێک لە خوداکان هەوڵ دەدەن کە لەم نێوانەدا هەندێ بۆڵە و ناڵە بکەن. ئارەزووەکانی زیئۆس هەر هەمووی بەدی دێن و دەچنە خانەی جێبەجێکردنەوە، و بەزۆری ئەم ئارەزووانە هیچ لۆژیک و هۆکارێکی بۆ نابینرێتەوە، تەنانەت شیاوی پێگەی بەرز و مەزنی “خودای خوداکان” نییە. زۆرێک لە جووتبوون و تێکەڵبوونە نهێنی و ئاشکراکانی زیۆس لەگەڵ ژنانی جوان و ناسک و نارین سەر زەوی هەر لە ناو خانەی ئارەزووە زۆر و زەبەندەکانی زیۆس واتە خودای خودکان هەژمار دەکرێن.
“زیۆس” سەرەتا خودای نوور و ئاسمان بوو، بەڵام وردەوردە بوو بە گەورەترینی خواکان و خاوەندار و بڕیاردەری ڕەها. ئەو دەیتوانی هەموو شتێک ببینێت و هەموو شتێک بزانێت. هیچ شتێکی لێ شاراوە نەبوو، و هیچ شتێکیش نەیدەتوانی بەپێچەوانەی ئەوەی دەیویست بێتە ئاراوە و ئەگەر بەپێچەوانەی ئەمە دەبوو زیۆس بەشێویەک تووڕە دەبوو کە تەخت و تاراجی زەوی و ئاسمانی تێک دەدا. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زیۆس خودایەکی ژیر و بەبیرە. هەر شتێک کە فرمانی لەسەر دەدات و دەیخوازێت، ئەوا پێشتر لەگەڵ یاسای گشتیی و سەرەکیی “چارەنووس” کێشانە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات تاکوو هاوسەنگیی جیهانی تێک نەدابێت. هەر ئەوە کە چاکە و خراپەکان، تەندروستی و نەخۆشی، شادی و خەم دەداتە مرۆڤ: بەڵام لە ناخەوەڕا خودایەکی میهرەبان و بەخشندەیە. بەدکاران سزا دەدات، بەڵام هەمیشە و زیاتر حەز دەکات پاداشت بدات نەوەکوو سزا. بەزۆریش سۆزی هەڵدەقوڵێت و ئەو سزا سەخت و توندەی وا لە کاتی تووڕەبووندا دیاریکردبوو، کەم دەکاتەوە. زۆرێک لە دەرد و خراپییەکان لە بەردەم مرۆڤدا هەڵدەگرێت. لاواز و هەژارەکان و هەڵهاتووەکان و بەگشتی هەموو ئەوانەی کە دەستی نزا و پاڕانەوەی بۆ بەرز دەکەنەوە، لە ژێر سێبەری پشتگیری و بایەخدانی ئەودان. بەنیسبەت بنەماڵە، هاوسەرگیری، مێوانداریی، نەزمی کۆمەڵایەتی و جڤاکە گشتییەکان سەرنج و تێبینیی تایبەتی هەیە، چونکە ئەو خودای دانە بە دانەی کاروبارەکانە، و لە هەر کام لەم بابەتانەشدا ناوێکی تایبەتی هەیە. سەرباری هەموو ئەمانە ئەو خودایەکی پشتگیری وڵاتی یۆنانە و هەموو یۆنانییەکانیش لە ژێر تیشکی پشتگیریی تایبەتی ئەودان.
“پەرستگەکانی زیۆس”
لە سەرانسەری یۆناندا، بێگومان کۆمەڵیک پەرستگەی گەورە بۆ زیۆس هەبوون و لە ئیمپراتۆریی بەربڵاوی ڕۆمیش دواتر هەر ئەم پەرستگەیانە بۆ ژووپیتێر بونیات نران. گەورەترین و کۆنترین پەرستگەی زیۆس لە “دودونێس” شارێکی بەناوبانگ بوو کە خۆی لە ناوچەی “ئێپیروس” هەڵکەوتبوو. ئەم پەرستگەیە دار بەڕوویەکی کۆن و بەتەمەنی هەبوو کە کاتێک شنەی شەماڵ یان هەر جۆرە بایەک لێی دەدا، لە لق و گەڵاکانی دەنگ و نەوایەکی تایبەت بەرز دەبوویەوە و یۆنانییەکان ئەم نەوا و ورتەورتانەیان بە دەنگی زیۆس دەزانی و بە گوێرەی ئەو نەوا و دەنگەش تاسی بەختی خۆیان هەڵدەدا و بەختیان دەگرتەوە و بۆ پرسیارەکانی خۆیان وەڵامیان دەدیتەوە. هێرۆدۆت لەبارەی سەرهەڵدانی ئەم پەرستگەیەوە دەنووسێت: “ڕۆژێک دوو کۆتری ڕەش لە تێبس-شارێکی بەناوبانگ لە میسر” هەڵفڕین. یەکیان بەرەو لیبیا ڕۆشت و ئەوی دیکەیان بەرەو شارێک بەناوی دودونێس هات، لەسەر داربەڕوویەکی کۆن و بەتەمەن هەڵنیشت و بە دەنگێکی ئینسانیی هاواری کرد کە دەبێت ئێرە بکرێت بە پەرستگەیەک و لێیوە لە داهاتوو هەواڵ وەرگرین. خەڵکی دودونێس ئەم پەیامەیان بە پەیامێک لە لایەن زیۆس یان هەمان خودای خوداکانەوە وەرگرت و هەر لەوێدا پەرستگەیەکیان بۆ دروست کرد”.
پەرستگەیەکی دیکەی زیۆس لە سەر کێوی “لیسە” لە ئارکادی بوو. ئەم پەرستگەیە دوو کۆڵەکەی بەردینی بەرزی هەبوو کە لە هەموو یۆناندا بەناوبانگ بوو و دەیانوت کە لە کۆندا لەوێ ڕیوڕەسمی قوربانیکردنی ئینسان لە بەردەم خودای خۆرەتاو بەڕێوە چووە. سێیەمین پەرستگەی بەناوبانگی زیۆس پەرستگەی مێژوویی ئۆلەمپ بوو کە لە مێژووی هونەری جیهاندا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. چونکە لەم پەرستگەیەدا بوو کە پەیکەرەی زۆر باڵا و ناوداری “زیۆس” کە فیدیاس دروست کردبوو، جێگیرکرا. ئەم پەیکەرەیە، کە دواتر بەشێوەی فەرمی وەکوو خودای خوداکان ناسرابوو، لەسەر کۆڵەکەیەکی مەڕمەڕین بە درێژایی ١٠ مەتر و بە پانایی ٧ مەتر دامەزرابوو، و خودی پەیکەرەکەش ١٣ مەتر درێژ بوو. سەرانسەری ئەم بینایە لە مەڕمەڕ و مەفرەق و زێڕ و شفرەی فیل و حەبەنووس دروست کرابوو. لە دەستی ڕاستی خودای خوداکان تاجێک هەبوو و لە دەستی چەپیشیدا گۆچانێک کە هەڵۆیەکی باڵکراوە لەسەری هەڵنیشتبوو. پۆشاکی زیۆس لە زێڕ بوو کە لە هەندێک شوێندا بە گوڵ خەمڵێنرابوو و بە دەوری تەوێڵیشیدا ئالقەیەک لە چڵی زەیتوون پێچرابوو.
“ئەشقەکانی زیۆس”
خودای خوداکان، هۆگرییەکی زۆری بە پلە و پێگەی خۆی و بەڕێوەبردنی دنیایەک کە لە ژێر فرمانیدا هەبوو و هەروەها بەوەی وا لە قەلەمڕەویی خوداکان و لە سەر ڕووی زەوی دەگوزەرا هەبوو، بەڵام لە هەموو شتێک زیاتر هۆگری بە ژن و ئەشق هەبوو. هەر بۆیە ژیانی خودایانەی ئەو بەڕادەیەک تێکەڵ بە ڕووداوە ئاشقانەکانە کە هیچ ژیانێکی دۆن ژوان و ڕەشۆداماڵراوی سەردەمی ئێستامان ناتوانێت شان لە شانی بدات! ئەم بەسەرهاتا ئاشقانانە نیوەیان ڕەوا و نیوەشیان ناڕەوا بوو، چونکە خودای خوداکان چەندین ژنی فەرمیی خواست کە جگە لە “هێڕا” لە هەموویان گەڕا و وازی هێنا، هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەش کۆمەڵێک ماشقە و یاری جۆراوجۆری ئاسمانی و زەمینیشی هەبوو کە ئەمانیش بەهەمان شێوە وازیان لێ هێنرا و ژنی دیکە جێگەیانی گرتەوە. ژنی سەرەکی و نەگۆڕی ئەو کە وەکوو شاژنی دنیا مایەوە هەمان “هێڕا” بوو کە ڕٶمییەکان پێیان دەگوت “یونون” یان “ژونوون”.
ئەم ژنە کە خۆی یەکێک لە خوداکان بوو، بە شێوەیەکی فەرمی هاوبەشی پێگەی خودایەتیی زیۆس بوو و لەگەڵیدا لە بەڕێوەبردنی دنیادا بەشدار بوو و لە دەسەڵاتی خودایان پشکی بەرکەوت. بەڵام ئەم دەسەڵاتە زیاتر لە هەر شتێک و بەناچاری لەوەدا بەکار هێنرا کە پێشگریی بکات لە بەدفەڕی و بەرەڵڵاییەکانی مێردەکەی بکات و بە هەر شێوەیەک بووە ماشقەکانی “بتارێنێت”. پێش لە هێڕا، زیۆس چەندین جاری دیکە هاوسەرگیریی کردبوو. یەکەمین ژنی زیۆس “مێتیس واتە ئەقڵ” بوو کە بە وتەی هێزیۆد؛ شاعیری گەورەی یۆنانی بەتەنها زانیارییەکانی لە هەموو خوداکان و مرۆڤەکان زۆرتر بوو. بەڵام دوان لە خودکان کە ئێرەییان پێ دەبرد، ڕۆشتنە لای زیۆس و قوڕێکیان بۆ شێلا. بە زیۆسیان گوت کە ئەگەر ئەو لەم ژنە ببێت بە خاوەنی منداڵ، ئەو ئەم منداڵانە بە رادەیەک ئاقڵ دەبن کە باوکیان لەسەر تەختی خودایی دەکێشنە خوارێ و خۆیان لەسەری ڕۆدەنیشن.
زیۆسیش ترسا و کاتێک کە ژنەکەی دەیەویست منداڵێک بهێنێتە دنیاوە، ژن و منداڵەکەی پێکەوە هەڵلووشی و بەم شێوەیە هەم لە مەترسیی لەبەردەم ڕزگاری بوو و هەمیش “ئەقڵی گشتی” ژنەکەشی خوارد و خۆشی بەڕادەی ئەو ئاقڵ بوو. پاش ئەم ژنە ئەوا زیۆس شاژنە خودایەکی دیکەی بەناوی “تێمیس” کە کچی ئۆرانوس(خودای ئاسمان) بوو کرد بە هاوسەری خۆی. تێمیس شاژنەخودای ڕیکوپێکی و یاسای مادی و مانەوی بوو، بەڵام “ئەقڵی گشتی” نەبوو کە زیۆس نیگەرانی بێت. هەربۆیە خودای خوداکان لەم ژنە بوو بە خاوەنی چەندین منداڵ کە بریتی بوون لە: وەرزەکان، یاساکان، دادوەری، ئاشتی، هێوریی شەو. زیۆس پاش هاوسەرگیریی لەگەڵ “هێڕا” لە تێمیس جیا بوویەوە، بەڵام تێمیس هەر وەکوو ڕاوێژکاری تایبەتی خودای خودیان لە تەنیشتیدا مایەوە. لە ئۆلەمپیش هەمیشە لە لایەن هەموو خوداکانەوە ڕێزی لێ دەنرا. ژنێکی دیکەی زیۆس ناوی “هەمنووزین” بوو کە کچی یەکێک لە “تیتانەکان”ی ڕابردوو بوو. خودای خوداکان نۆ شەوی یەک لە دوای یەک لە ئامێزی ئەم ژنەدا بەڕێیکرد، و لە ئەنجامدا ئەم ژنە لە کاتی زاییندا نۆ کچی جوانی هێنایە دنیاوە کە ناویان لێ نراوە “مووزەکان”، و هەر کام لەم کچانە، بوون بە ژنەخودای یەکێک لە هونەرە جوانەکان. ئەمانە هەمان ژنەخودا ناودارەکانی ئەدەب و شیعر و هونەرن کە لە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستاوە تاکوو ئێستە، شاعیرەکان و نووسەرەکان و نیگارکێشەکان ومۆسیقارەکان و پەیکەرسازەکان و زانستمەندەکان بە گەرموگوڕییەکی بێ وێنەوە لەبارەیانەوە قسەیان کردووە و وێنا و سیمای ئەوانیان لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە بە جوانترین شێوە خەمڵاندووە.
ژنێکی دیکەی زیۆس (دێمیتێر) ژنەخودایەک بوو کە لە شەوی بووکێنیدا ئامادە نەبوو لەگەڵ خودای خوداکان سەرجێیی بکات، هەربۆیە زیۆس تووڕە بوو و بەزۆر دەسدرێژیی کردە سەری و لەم جووتبوونە زۆرەملییەش منداڵێک بەناوی ((پێرسێفوونە)) کە ژنەخودای مەرگ و تاریکییە لەدایک بوو. “ئورینوومە” یەکێک لە ژنەخوداکانی زەریاش بوو بە ژنی زیۆس، سێ کچی جوانی هێنایە دنیاوە کە وەکوو “مووزەکان” بەناوبانگن و ناویان “ڕاکێشە سێیانە”کانە. پاش ئەم زنجیرە لە ژنانی کاتی و تێپەڕ بوو کە زیۆس لەگەڵ هێڕا کە دەبوو ببێت بە ژنی هەمیشەیی خودای خودایان و شاژنی “ئۆلەمپ”، هاوسەرگیریی کرد. ئەم هێڕایە کە ژنەخودایەکی زۆر جوان بوو، لە بنەتۆوەوە خوشکی زیۆس بوو، چونکە هەردووکیان لە “کۆرۆنۆس” واتە جەوهەری بوون لەدایک بووبوون. هێڕا، لە لایەن باوکییەوە سپێردرا بە دایەیەک تاکوو لە دوورگەی “ئووبە” بەخێو بکرێت. ڕۆژێک زیۆس بیستی کە هێڕا لە هەموو ژنەخوداکانی دیکە جوانترە. هەر بۆیە بەرەو دوورگەی ئووبە ڕۆشت و بە چاودزکێ بینی و ئاشقی بوو. بۆ ئەوەی کە گومانی خراپ دروست نەکات لە لای ئەو خۆی لە شێوەی گاکۆترێکی سپی دەرخست و چونکە وەرزی زستانیش بوو وای نواند کە لە سەرمادا ڕەق هەڵگەڕاوە. هێڕاش سۆزی بۆ ئەم دۆخەی پەلەوەری بەستەزمان جووڵا و خستییە سەر سینەی تاکوو گەرم دابێتەوە. ئەوکلات لە پڕێکدا زیۆس شیوازی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست و پڕی دایە تاکوو لە ئامێزی گرێت. بەڵام هێڕا هێندە خۆڕاگری کرد کە دواجار زیۆس بەڵێنی هاوسەرگریی پێی دا و ماوەیەک دواتر ڕێوڕەسمی ئەم هاوسەرگیرییە بەشێوەی فەرمی و بە بەشداریی هەموو خوداکان و ژنەخوداکانی ئۆلەمپ، بە شکۆیەک کە هەرگیز پێشتر لە قەڵەمڕەوی خوداکاندا ڕووی نەدابوو، بەڕێوە چوو. لەوە بەدواوە ئیتر خودای خوداکان ژنی دیکەی نەهێنا، بەڵام زنجیرەیەک هاروهاجی و سەوداسەریی ڕەشۆداماڵراوی ئەو زۆر کەسی بەهۆی ئێرەیی و دوژمنایەتییەکانی هێڕا ڕاکێشایە ناو گەرداوی تاڵی چارەنووسەوە. سەرباری هەموو ئەمانەش زیۆس بە ژنەخودا ورد و درشت و سەرەکی و لاوەکییەکانی ئۆلەمپ ئاوی ئاشی نەگەڕا هەربۆیە خۆی بۆ ژنانی جوانکیلەی سەر زەوی کە بە پێچەوانەی ژنەخوداکانەوە نەمر نەبوون، شۆڕ کردەوە.
سەرچاوە: افسانەی خدایان؛ شجاع الدین شفا؛ نشر دنیای نو، بهار ١٣٨٣
نووسین: شوجاعەدین شەفا
وەرگێڕان: سپێدە ساڵحی