ئێدوارد گالیانۆ نووسەرێکی ئۆرۆگواییە و لە ٣ی سێپتەمبەری ١٩٤٦ لە شاری مۆنتیڤیدیۆ لەدایک بووە. تا بووە بە سەرنووسەری هەفتانەی مارکا و بەڕێوبەری ڕۆژانەی ئیبوۆکا، کاری بۆیاخچێتی و کرێکاری کردووە. گۆڤاری کرسیسشی لە کاتی مەنفی بوونی لە بۆینس ئایرس دامەزراند. ڕۆژنامەی بەڕێوە دەبرد تا ئەو کاتەی لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەرجەنتین لە ساڵی ١٩٧٣ داوای چوونی بۆ ئیسپانیا کرد. دواتریش لە ساڵی ١٩٨٥ گەڕایەوە بۆ ئۆرۆگوای. گالیانۆ بە گاڵتە بە سکۆت شیرمانی دیدارسازی وتبوو: “کاتێک دەستم قسەم لەگەل دەکات دەنووسم. بەو واتایەی کاتێک هەست بە پێویستییەکی لە ڕادەبەر دەکەم دەنووسم. ئەمەش لە میوزیکژەنێکی گەورەی ئۆرۆگوای کە لە گرووپێکی جازدا یاری بە تەپڵەکەی دەکرد فێربووم، کاتێک دەستی قسەی بۆ دەکرد دەستی بە ژەنین دەکرد.” “من شەرمەزاریم، من گەورەی کەس نیم، تەنانەت گەوڕەی بیڕوڕاکانی خۆشم نیم. ڕوو بە با-م و دژی با-شم، کەچی خۆشم خوودی با_ەکەم.”
ئێدوارد گالیانۆ دەربارەی ترس:- “ترس لە هەڕەشە دەچێت، گەر سێکس بکەیت، تووشی ئایدز دەبیت. گەر جگەرە بکێشـی، تووشی شێرپەنجە دەبیت. هەناسە هەڵمژی، هەوای پیس هەڵدەمژی. گەر بخۆیتەوە، تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبیت. گەر بخۆیت، تووشی کۆلیستڕۆل دەبیت. گەر دەنگ هەڵبڕی، پیشەکەت لەدەست دەدەیت. گەر پیاسە بکەیت، دەبیتە قوربانی تاوانێک. گەر بیربکەیتەوە، نیگەرانی ماندووت دەکات. گەر تووشی گومان ببیت، شێت دەبیت. گەر هەستت کرد، دوچاری تەنیایی دەبیتەوە.”
گالیانۆ لە شوێنێکی دیکەش دەنگ هەڵدێنێت و دەڵێت: “زیندانییەکان کێن؟ هەموومان بەشێوەیەک لە شێوەکان زیندانین، ئەمەش کەوتووەتەوە سەر ئەوەی کێ لە دەرەوەی زیندانییەکەیە و کێش لە لە ناوەوەیە. چی دەربارەی زیندانیانی ترس. ئایا ئێمە ئازادین؟ هەموومان چ لە لوتکە، یان لە ناوەڕاست، یاخوود لە خوارەوە بین، ئایا هەر لە زیندانی ترسدا نین؟”
دیدار:-
ئەمەریکای لاتینت بەوە تاریف کرد کە ژنێکە و دەچپێنێت بە گوێتدا. داخۆ ئەم ژنە دایکت بوو؟
ئێدوارد گالیانۆ: نا دایک نەبوو، بەڵکوو نهێنی ئەویندارێک بوو.
ئەو ئەویندارەی لە قۆناغەکانی ژیانتدا لە دەستت چوو؟
ئێدوارد گالیانۆ: باشە، دەتوانم بڵێم: دەرئەنجامی چەند شتێک. کە گەنج بووم، ویستم ببمە یاریزانی تۆپی پێ، بەڵام دوو قاچی دارینم هەبوو. ویستم ببم بە قەشە، بەڵام نەمتوانی بەرەنگاری ئارەزووەکانم ببمەوە. ویستم ببمە وێنەکێش، وا ئێستاش دەمبینی کە وشەکان دەکێشم و دایدەتاشم.
ئایا شتێک هەیە بەناوی نووسینی پیاو؟ یان نووسین وەکوو ئەمریکییەکی لاتین؟
ئێدوارد گالیانۆ: تاکە شتی گرنگ: نووسینە. ئێمە لەڕێگەی ئەو وشانەی کە پێی گۆ دەکەین، ئاشنای یەکترین. من ئەو وشانەم کە قسەی پێدەکەم. کە وشەی خۆمت پێبدەم، یانی ئەوەی خۆمم پێ بەخشیوویت.
ڕۆحی سەردەم بوونی هەیە؟ ڕۆحی ئەو سەردەمەی تیایدا دەژین؟
ئێدوارد گالیانۆ: جیهانی ئەمڕۆ وەکوو کەسێکی کوێرە لەنێوەڕاستی ئاگردا.
بۆ نەوەی من ساڵی ١٩٦٨ساڵێکی جەوهەری بوو، ئایا هیچ ساڵێکی جەوهەری هەیە لاى تۆ؟ یاخود ساڵی دیکە کە کەسانی وەکوو ئێمە بیگێڕێتەوە؟
ئێدوارد گالیانۆ: هەرکەس بیەوێت کات بپێوێت، کات دەیکات بە مەخسەرە. بەڵام بەلای منەوە وا دەردەکەوێت: کە کات لە ڕێگەی بەرواری دیاریکراوەوە یادگەمان ڕێکدەخات و لێمان تێدەگات، سا بەڵکوو بە هەوادا نەڕوات.
ئێدوارد سەعیدی ڕەخنەگری ئەدەبی و نوسەری “الاستشـراق” و “الثقافة والامبریالیة”، بڕوای وابووە سەردەمەکەمان زیاد لە هەر سەردەمێکی دیکەی مێژوو، سەردەمی پەنابەر و مەنفیی و ڕەشوڕووت بووە. ڕای تۆ لەسەر ئەمە چییە؟
ئێدوارد گالیانۆ: جڵەوکردنی جیهان فێری ئەوەی کردووین هەمیشە “ئەوی تر” بە هەڕەشە بزانین، هەمیشە هاوڕێ مرۆڤەکانی ترمان بە مەترسی لە قەڵەم بدەین. مادامێکی ئێمە دونیامان بە کێبڕکێیەک قوبووڵ کردووە، ئەوا هەموومان مەنفی و پەنابەرین. من وای بۆ دەچم دەتوانین لە وڵاتێکدا بە فرە نەتەوەیی بژین، ئیتر گرنگ نییە کێ لە کوێ لەدایک بووە.
“تۆپێکی خڕ” ناونیشانی یەکێک لەو بەرهەمانەی تۆیە کە بە زمانی ئەڵمانی بڵاوبووەتەوە: هەمووشتێک ئەگەری هەیە و شایەن بە گۆڕانە. هەموو دەرچەکانیش کراونەتەوە. کاتێک لە یاریگایەکی تۆپی پێوە لە جیهان دەڕوانیت، زۆر سامناکە، بەڵام خڕە.
تا چەندێک دەتوانین بڵێین کەسێکی گەشبینی و بڕوات بە کۆتاییەکی باش هەیە بۆ شتەکان؟
ئێدوارد گالیانۆ: من کەسێکی خودان ئومێدم، بەڵام بڕوام بە هیچ ئومێدێک نییە، لە هیچ شوێنێکەوە دیار نییە و هیچ ناگۆڕێت. هەموو شتێکیش بوونی هەیە، لەبەرئەوەی دژێکی هەیە. تەنانەت هەقیقەتیش دژی هەیە. هەروەها گەشبینیش لەگەڵ ڕەشبینی ناوی دێت. هەموو شتێک لە هەمان ساتدا ڕوودەدەن.
ئایا خۆ گەنجاندن لەگەڵ بەخششەکان مافی مرۆڤە؟
ئێدوارد گالیانۆ: هەموومان قورربانی دەستی ترس-ین. زیندانێکی گەورەیە و هەمووشمان زیندانییەکانین. فەرمانڕەواکان بۆ کۆتکردنی جووڵە و ئەتوارەکانی مرۆ، ترسیان داهێنا، هەر بۆیە هەمیشە دەبنە دیلی دەستی ترس. هێشتا کۆبووونەوەکەی کرێکارەکانی کانە خەڵوزی پۆلیڤیام بیرە کە ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر کرا. ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە بەرگری هەبوو. یەکێک لە ژنەکان هەستایە سەر پێ و وتی: “ئێمە زۆر بە دوور و درێژی و تینەوە باسی دوژمنی سەرەکیمان دەکەین، داخۆ سەرمایەدارییە؟ بۆرژوازییە؟ وڵاتێکی ژێر دەستەی بێگانەیە؟ کێیە؟ بۆ ئەوەی کەللەسەری خۆتان نەیەشێنن و دانووستانی بێ سوود نەکەن، پێتان دەڵێم دوژمنی ئێمە: ترسە. دەبێت ترسمان بشکێنین.”
هەر بەڕاستی وشەی “شۆڕش” تەنیا یادەورییەکە و بەس؟ ئایا نەوەکانی داهاتوو وەکوو شتێکی نامۆ و سەیر یادی دەکەنەوە؟
ئێدوارد گالیانۆ: بەڕای من وزەیەکە بەبێ ئەوەی بگات بە قۆناغی تەقینەوە ئامادەی گۆڕانی هەیە. من پێم وایە نابێت بە چاوێکی تووندوتیژییەوە لە شۆڕش بڕوانین، بەڵکوو گۆڕانێکی جەوهەرییە کە بە شێنەیی ڕوودەدات.
“کۆچ” بابەتێکی بەرچاوە لە ویلایەتە بەکگرتووەکانی ئەمەریکا. وەکوو بابەتێکی گرنگ لە کتێبە نوێیەکەت بە ناوی “دەنگەکانی سەردەم” هێناوەتە بەر باس. لەئەمریکای لاتین چۆن لە کۆچ تێدەگەی و لێرەش چۆن لێی تێگەشتوویت؟
ئێدوارد گالیانۆ: بابەتەکە ئالۆزە. لەوەیە کۆچ بابەتێکی مەترسیدار و جێگەی هەڕەشە بێت، یان پلان بۆ داڕیژراو بێت. جگە لە چەند گەلێکی باکووری ئەفریقیا، هەموومان لە شوێنێکی ئەم دوونیاوە هاتووین و پەنابەرین. ئەم قسەیەم ڕەگەزپەرستە نەفامەکان پێییان خۆشنابێت، بەڵام هەموومان لە ئەفریقاوە هاتووین. بمبەخشن، بەڵام ئێمەش لە کاتێک لە کاتەکان ڕەشپێشت بووین، هەر بۆیە هەموومان پەنابەرین. هەر لە ئەزەلەوە ئەمە شێوازی ژیانمان بووە، ئەمەش بەسەر ئاژەڵ و گیانلەبەرەکان و پەپولە و باڵندەکانیش جێبەجێ دەبێت. ئێمەی مرۆڤ سنوورمان بەڕووی کۆچدا کێشاوە، دەڵێین: “تۆ ناتوانی لەم هیڵە زیاتر هەنگاو بنێیت. ئەمە کۆتایی وڵاتە و لیرەدا وڵاتێکی تر دەست پێدەکات.” دەترسم سەردەکەمان بەبیر مرۆ بهێننەوە و بڵێن: سەردەمێک بوو پارە ئازاد بوو، بەڵام گەلەکان وانەبوون!
پێشتر ڕوویداوە لە شوێنێکدا بیت و بڵێیت: “ئەم کولتوورە زۆر پێشکەوتوون؟” هیچ کولتوورێک هەیە لەوی تر پێشکەوتووتر بێت؟
ئێدوارد گالیانۆ: هەموو کولتوورەکان شایەنی ئەوەن کە بناسرێن. هەموو دەنگەکان شایەنی گوێ لێ گرتنن. بڕوام بە ئەو هاوڕێیانەم نییە کە دەڵێن: دەمانەوێت ببین بە دەنگێک بۆ ئەوانەی دەنگیان نییە. نەخێر، هەزار جاریش نەخێر. هەر یەکێک لە ئێمە خودان دەنگە. هەر یەکێکمان شتێکمان هەیە بە ئەوی تری بڵێت و شایەنی ئەوە بێت گوێی لێ بگیرێت و لێبووردەیشمان هەبێت بەرانبەری. ئەوەی کە ڕوودەدا، ئەوەیە، زۆرێکمان بێدەنگ کراوین ڕێگە نادەن گۆ بکەین.
زۆرێک لە نوسەرانی هاوچەرخ دەلێن وتنی ڕاستی لە چیرۆکەکاندا ئاسانترە وەک لە ژانەرەکانی دیکە، تۆش هاوڕایت؟
ئێوارد گالیانۆ: دڵنیا نیم، بەڵام لە جوانی و شێتی و سامناکیدا، واقیع بەسەر هەموو شاعیراندا سەردەکەوێت.
وەرگێڕان: مەدینە ئەحمەد