متمانە بریتییە لە ڕایەڵەیەکی گرنگ لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا، تاکەکان و حکومەتدا، هەروەها تاکەکان و دام و دەزگا و دامەزراوە کاندا ئەمەش بایەخ و گرنگی خۆیی هەیە، چونکە بەهۆی متمانەوە جۆری پەیوەندی لە نێوان دولایەن یاخود زیاتر دیاری دەکرێت. هەڵبەت ئەم پەیوەندییە لە نێوان تاکەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگا و حکومەت لە ئاستی دەسەڵاتداری و حکومداری پێویستی بە متمانەیەکی بەهێز هەیە تاکو جۆری پەیوەندییەکە باوەڕ پێکراو و بەهێز بێت، چونکە حکومەت نوێنەرایەتی گەلەکەی دەکات و بە دەنگی خەڵکی دەبێتە فەرمانڕەوا هەربۆیە دەبێت لە ئاست متمانەی خەڵکی بێت و جێگای بڕوایان بێت. لێرەدا دەمانەوێت باس لە متمانە و جۆرەکانی بکەین لە ڕووی چەمکەوە، هەروەها دۆخی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەخەینە ڕوو لەگەڵ خستنە ڕووی ڕێگا چارەیەك بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی متمانەی خەڵکی لەلایەن حکومەت تاوەکو بتوانێت نمونەی دەسەڵاتێکی دیموکراسی و متمانە پێکراوی گەل پێشانی جیهان بدات.
متمانە:- بریتیە لە هەبوونی تێڕوانینی ئەرێنی بۆ تاکەکەس، کۆمەڵە کەس، یاخود دامەزراوەیەك، پارتێك یان لایەنێك…هتد بەجۆرێك گرنگە، کە ئاڕاستەی هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ دیاریدەکات و لە کردارەکانیدا ڕەنگدانەوەی دەبێت.
تاك کاتێك متمانە پێدەبەخشێت کە خۆبەخشانە سەرچاوەکانی خۆی دەخاتە بەردەستی لایەنێکی دیکە بەبێ ئەوەی هیچ پابەندبوونێکی یاسایی لەنێوانیاندا هەبێت. جگە لەوەش کردەوەی متمانە پەیوەستە بەو چاوەڕوانییەوە کە بەرامبەر لەلایەن یاخود بەرامبەرێکی دیکە هەیەتی. بەو واتایەی متمانە ڕەفتارێکی چالاکانەیە، کە یەکەم هەنگاو دەنێیت بۆ متمانەکردن بە کەسێك چاوەڕێی ئەوە دەکەیت کە بەو پێیە ڕەفتار بکات.
متمانەی نێوان خەڵك و حکومەت:- بریتیە لە دڵنیابوون لە کار و کردەوەکانی حکومەت و دامەزراوەکانی لەلایەن هاووڵاتیانی وڵاتەکە بەوەی هەر کارێك حکومەت ئەنجامی دەدات دادگەرانەو بە جێیە و لە بەرژەوەندی هاوڵاتیەکانیەتی. هەر ئەم متمانە و دڵنیابونەیە شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو سەرجەم لق و بەش و یەکە و پێکهاتەکانی دام و دەزگاکان، هەر لەوێشەوە ئەم متمانەیە لە کارو کردەوەی یەکەیەکەی تاکەکانی کۆمەڵگەدا خۆی نمایش دەکات و مۆرکی بەرپرسیارێتی و خۆشەویستی نیشتمان لەخۆ دەگرێت. بەڵام دابەزینی متمانە بە حکومەت ئاماژەیە بۆ “قەیرانی دیموکراسی” کە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆ و مەترسیداری هەیە و هۆکارێکە بۆ دروستبوونی پرسیار و گومان و ناڕونی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەت و هاووڵاتییەکانیدا.
متمانەکردن بە حکومەت لەسەر دوو بنەما بنیات دەنرێت:-
یەکەم:- متمانەی کۆمەڵایەتی؛ جۆرە متمانەیەکە نوێنەرایەتی باوەڕی هاوڵاتی دەکات بە کۆمەڵگە کۆمەڵایەتیەکەی.
دووەم:- متمانەی سیاسی، ئەم متمانەیە نوێنەرایەتی متمانەی هاوڵاتی دەکات بە سستم و دامەزراوەکانی. بەگوێرەی ئەم بنەمایانە، چاوەڕوانی هاووڵاتیان بۆ کارو کردار و بەڵێنەکانی حکومەت کلیلی متمانەی نێوانیانە، چونکە ئەم متمانەیە دەبێتە هۆی بەشداریکردنی شارستانیانەی هاووڵاتی لە باوەڕو دڵنیایی کۆمەڵایەتی و کەسی لە کۆمەڵگادا. هەربۆیە کاتێك ئاستی ڕۆشنبیری هاوڵاتیان بەرزتر بوو ئەوکات چاوەڕوانیان بۆ ئەدای کاری حکومەت زیاتر دەبێت بەجۆرێك گەر چاوەڕوانی و داواکاری زیاتربێت لە ئەدای حکومەت، متمانە و چاوەڕوانی هاووڵاتیان ڕوو لە کەمبونەوە و نائومێدی دەکات بەرامبەر حکومەتەکەی. هەر ئەم بێ متمانەییەش دێتە ناو کایەکانی کۆمەڵگا و یەکە سیاسی و ئابووری و یاسایی و کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکانی بەشێوەیەك تەنانەت بێ متمانەیی لە خراپترین باردا تاکەکانی ناو خودی کۆمەڵگاکەش دەگرێتەوە.
لە ئەنجامدا هاووڵاتیان ناچارن، کە پەیامی داخوازی و پێداویستیەکانیان بەڕێگەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و شێوازێك لە شێوازەکانی بگەیەننە دەسەڵاتداران. بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ڕوونترین پێناسەیدا هەوڵێکی بەکۆمەڵە بۆ دەستخستنی بەرژەوەندیی هاوبەش یان دەستەبەرکردنی ئامانجێکی هاوبەش لە ڕێگەی کرداری بەکۆمەڵ لە دەرەوەی بازنەی دامەزراوەکان. کەسانی ناو ئەم بزوتنەوانە ئەزموونی هاوبەشیان هەیە لە نادادپەروەری، کە خۆیان ڕێکدەخەن بۆ بنیاتنانی هێزی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ئەجێندایەکی هاوبەش بۆ گۆڕان و لە ڕێگەی کاری بەکۆمەڵەوە پەیڕەوی دەکەن لەگەڵ هەندێك بەردەوامی بە تێپەڕبوونی کات.
هەرچەندە فۆرمێکی دیاریکراو بۆ بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نییە و ڕاستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆڵی هیچ سەرکردەیەکدا نین بەڵام بزووتنەوە سەرکەوتووەکان بەشداری زۆر چالاکیی هەمەچەشن دەکەن کە بەهای هاوبەشیان هەیە ئەویش کۆبوونەوە یە لە دەوری ئەو پرسەی کە لە ئاستێکدا دیدێکی بەهێزیان هەیە سەبارەت بەوەی کە چی لە کۆمەڵگادا خراپە و چۆن دەبێت باشتر بکرێت، لە ئەنجامدا کاریگەرییەکانی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە هەڵوێست و پراکتیك و سیاسەتەکانی گشتیدا. ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیانە بە کۆدەنگی دەناسرێنەوە و هۆکارەکانی دروستبونیان جیاوازن. هەندێکیان پەیوەندییان بە پرسە ناوخۆییەکانەوە هەیە، هەندێکیشیان پەیوەندییان بە پرسە جیهانییەکانەوە هەیە و نوێنەرایەتی بیروباوەڕ یان بەرژەوەندی یاخود پرسێکی تایبەت دەکەن و ئامانجیان دروستکردنی گۆڕانکاریە لە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵك و دەسەڵاتداراندا. بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە چەند جۆرێك چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن لە پێناو گەیشتن بەو ئامانجانەی کە هەوڵی بەدیهێنانی دەدەن ئەوانیش:-
١- شێوازی نا تووندوتیژانە( Collective action) بریتیە لە:- ڕێپێوان، با یکوت، مانگرتنی ئاسایی، کۆکردنەوەی واژۆ، لۆبیکردن، گردبونەوە…تاد
٢- شێوازی تووندوتیژانە:- وەك تێکدان (سووتاندن، بەردباران و شێواندن)، ڕێگەگرتن، مانگرتن لە نان و ئاو…تاد
کاتێك خۆپیشاندان لە شێوازی هێمنانەوە دەگۆڕێت بۆ شێوازی تووندوتیژانە، ئەوا متمانەی نێوان هاووڵاتی و حکومەت لەهەرە خراپترین پەیوەندی دایە، چونکە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان هەمیشە بە چوار شێواز ئامانجەکەیان دیاریدەکەن ( جێگرەوە، دووبارە ڕزگارکردن، چاکسازی ، شۆڕشگێڕی). ئەو بارودۆخەی ئێستا لە کوردستان ڕوو دەدات گوزارشتە لە مەرگی متمانەی نێوان حکومەت و هاووڵاتیان، بەڵێنی دووبارە و گوتاری ناڕاست بە تەواوی هاونیشتمانیانی بێ ئومێدکردوە بەجۆرێك خەریکە بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ئاڕاستەیان لە پەیامی چاکسازییەوە دەگۆڕن بۆ پەیامی توندوتیژیی، هەروەها خۆپیشاندانەکان گەشتونەتە ئاستی پەیڕەوکردنی جۆری دووەمی چالاکییەکان کە ئەویش توندوتیژانە(مانگرتن لە خواردن) و زیان گەیاندنە بە تەندروستی لەلایەن ئەندامانی ناو بزوتنەوەکە، تەنانەت خۆپیشاندەران ئامادەنین هیچ کەس و لایەنێك ڕابەرایەتی پەیامەکەیان بکات ئەمەش ئەوپەڕی ئاستی بێ ئومێدی و بێ متمانەییە، کە ڕۆچۆتە ناو ئەدای تاك و ڕێکخراو و حزب و دامەزراوەکان.
لەلایەکی ترەوە ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتیانە تاکتیکی بایکۆت وەك شێوازێکی تری دەربڕینی ناڕەزایی بەکاردێنن، کە بۆتە هۆکاری ئەوەی زۆرینەی دامەزراوە و ناوەندە ئەکادمی و کارگێڕیەکان پەکیان بکەوێت و کارو جالاکیەکانیان ڕابگرن. بەداخەوە لە ئێستادا تەنها هاوڵاتیان خۆیان باجی نەخوێندەواری و نەداری و بەڕێوە نەچوونی کاروباری ڕۆژانەیان دەدەن. کەواتە ئەوەی لە ئێستادا پێویستە ئەنجام بدرێت لەلایەن دەسەڵاتداران و کاربەدەستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها گوێگرتن و دانوسانە، هەوڵدانی جدی یە بۆ جێبەجێکردنی داواکاری هاووڵاتیان، کە بریتین لە خواست و پێداویستی سەرەتایی ژیان و گوزەرانکردن، پێویستە حکومەت بەڕاستی بەرپرسیاریەتی جێبەجێکردنی خواست و ویستی هاووڵاتییەکانی بگرێتە ئەستۆ و خۆی بە خەمخۆری کێشە و گرفتەکانیان بزانێت لە پێناو گێڕانەوەی متمانەی نێوان خەڵك و حکومەت و گێڕانەوەی کارو چالاکیەکان لەسەرجەم دەزگاو دامەزراوەکان، کە بێگومان بە گوتار و بەڵێنی بەسەر چوو و بریقەدار نابێت، بەڵکو بە بەجێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە لەسەر شانی کاربەدەست و بەرپرسانە بە گرتنەبەری ئەو یاسا و ڕێسایانەی، کە ئاشتی و دڵنیایی و متمانە و دادپەروەری دەگێڕیتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، چونکە ئەگەر هیج وەڵامێك نەبێت ئەوا بارودۆخەکە ڕۆژ بە ڕۆژ مەترسیدارتر دەبێت. ئاڕاستەکان وردە وردە بنەما و سیفاتی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەدەست دەدەن و ئاڕاستەی جیاواز و دژیەك وەردەگرن.
سەرچاوەکان؛
- Snow DA, Soule SA and Kriesi H (eds.), (2004) ‘The Blackwell Companion to Social Movements, Oxford; Blackwell, page 11.
- Tilly, Charles, and Tarrow, Sidney. (2015) Contentious Politics, Oxford University Press, Incorporated.
- Saki Kumagai and Federica Iorio, (2022) Building Trust in Government through Citizen Engagement. https://openknowledge.worldbank.org/server/api/core/bitstreams/233340ba-b0f1-5396-ba10-172b8a9ae357/content