“لیکۆڵینه‌وەیەک له جادووگه‌ری و ئایین”
نووسین و لێکۆڵینەوەی: سێر جه‌یمس جۆرج فره‌یزه‌ر
وەرگێڕان له ئنگلیزییه‌وه: محەمه‌د حه‌مه‌ساڵح تۆفیق
Sir James George Frazer
THE GOLDEN BOUGH
A Study of Magic and Religion
Originally published in 1890
یەکێک لە چاپەکانی کتێبی “چڵی زێڕین .. لێکۆڵینەوەیەک لە جادووگەری و ئایین”
کتێبی “چڵی زێڕین … لێکۆڵینەوەیەک لە جادووگەری و ئایین”، لە نووسینی سێر جەیمس جۆرج فرەیزەر، دوا کتێبمانە کە لە ئینگلیزییەوە وەرمانگێڕاوە و لەم ماوەیەدا دەزگای سەردەم بە سوپاسەوە چاپ و بڵاویان کردووەتەوە و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کتێب، کە لە ٢٨ – ١١ – ٢٠٢٤ دا بۆ ماوەی زیاد لە هەفتەیەک کرایەوە یەکێک بووە لە پڕفرۆش‌ترین کتێب لەو پیشانگایەدا. چاپی کوردیی کتێبەکە پێکهاتووە لە دوو بەرگی قەبارە گەورەی ١١٣٠ لاپەڕە، کە ٦٩ بەش و دەیان بنبەش لەخۆدەگرێت و لێکۆڵینەوەیەکی ئەنترۆپۆڵۆجیی وردە لەسەر نەریت و کولتووری زۆر کۆنی گەلانی جیهان و بەتایبەتی گەلە سەرەتاییەکان و ڕۆڵی جادووگەری و ئایین تێیاندا و دێتە سەر قۆناخی بتپەرستی لە ئەوروپادا و دواتر سەرهەڵدانی ئایینی مەسیحییەت و پەیوەندیی ئەو ئایینە بە قۆناخە کۆنین و سەرەتاییەکانی پێش خۆیەوە و گرێدانی چەمکی ئایین و بەتایبەتی مەسیحییەت لەگەڵ جادووگەری و زانست‌دا لە دید و تێڕوانینێکی کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆڵۆجییەوە. ئەم کتێبە ناوبانگێکی جیهانیی گەورەی هەیە و کراوە بە زۆربەی زمانەکانی دنیا و تا ئێستا دەیان جار و زیاتریش لەلایەن خانە بەناوبانگەکانی جیهانەوە وەک کامبریج و ئۆکسفۆرد و ماکمیلان و چەندینی تر چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بەهیوام ئەرکێکی پێویستی سەرشانم بەجێگەیاندبێت بەرانبەر بە کتێبخانەی کوردی. من لێرەدا بۆ ئاشناکردنی کتێبەکە بە خوێنەری کورد پێڕستەکەی و دوو پێشەکیی نووسەرەکەی، بۆ دوو چاپی جیاوازی کتێبەکە و پێشەکییەکی خۆم، وەک وەرگێڕی کتێبەکە دەخەمە ڕوو. بێگومان مەبەستم تەنها ناساندنی کورتە ناوەرۆکێکی ئەم کتێبەیە کە شاکارێکە و وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان و زانایەکی ناوداری ئەنترۆپۆڵۆجیا شیکارییەکی قووڵ لە مێژووی پەیوەندیی جادووگەری و ئایینەکاندا دەکات، بەتایبەتی ئایینی مەسیحی و چۆنێتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی لە ناو ئیمراتۆرییەتی مەزن و بەربڵاوی ڕۆمانیدا کە پێشتر و لە مێژوویەکی زۆر کۆنتردا سەرجەمی ئەوروپا بتپەرست بووە و پاشان چۆن گەلی نەریت و ڕێوڕەسمی سەردەمی بتپەرستی پەڕیوەتە ناو ئایینی مەسیحییەوە و بووە بە ەشێک لە تانوپۆی ئەو ئایینە نوێیە پاش ئەوەی ئیمپراتۆرەکانی ڕۆما چوونە سەر ئایینی نوێ و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە بڵاوبوونەوەی بە قەڵەمڕەوی حوکمیاندا و پاش ئەوانیش لەسەر دەستی ئیمپراتۆرێتی بیزەنتەدا و تادەگاتە دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئەوروپا و جەنگ و شەڕوشۆڕی خاچپەرستەکان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا.
ئەم لێکۆڵینەوە ئەنترۆپۆڵۆجییە لە مەوەی ٢٥ – ٣٠ ساڵی یەکەمی نووسینیدا گەیشتووەتە ١٢ بەرگ و پاشان لە ئەنجامی ناڕەزایی دەربڕینی زۆری کەنیسەی کاسۆلیکیدا، نووسەر خۆی و بە هاوکاریی ژنەکەی، کە ئەویش هەر زانایەکی ئەنترۆپۆڵۆجی و سۆسیۆلۆجی بووە پێکەوە لە ساڵی ١٩٢٢دا بە ناچاری کورتیان کردووەتەوە بۆ دوو بەرگی نزیکەی هەزار لاپەڕەیی بە زمانی ڕەسەنی کتێبەکە کە ئینگلیزییە و وەک نووسەر خۆی نووسیوێتی بێئەوەی دەستکاریی گەوهەر و ناوەرۆکی بکات و تەنها سەرچاوەکانی لێ لابردووە. دواتر ئەم دەقەی ساڵی ١٩٢٢ بووە بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوە و وەرگێڕانی بۆ زۆربەی زمانەکانی دنیا بە ئاستێکی بەربڵاو و زۆربەی خانە بەناوبانگەکانی جیهان ئەمەیان کردووە بە بناغەی چاپ و بڵاوکردنەوەی. بێگومان ئەم وەرگێڕانە کوردییەش هەر ئەو دەقەی کردووەتە سەرچاوە و ئەو پێرست و سێ پێشەکییەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردووە وردەکارییەکی چیرۆک و بەسەرهاتی گەشتی دوورودرێژی مێژوویی ئەم کتێبە پڕ بەهایەی تێدایە، بەڵام لەسەر وەستان و ئاشنابوون بە تەواوی ناوەرۆکی کتێبەکە و بەئاگابوون لە کۆششی ئەم نووسەرە مەزنە و لێکۆڵینەوە مێژووییەکەی لە سەر پەیوەندیی جادووگەری و ئایین پێویستی بە خوێندنەوەیەکی وردی تەواوی کتێبەکەیە. دوای ئەوە تۆ چۆنی هەڵدەسەنگێنیت و ئایا لەگەڵیدایت یان دژ کەس ڕێگەت لێناگرێت و دەکەوێتە سەر ئاستی تێگەیشتن و لێکدانەوەی خۆت بۆ مەسەلەکە.
“وتەیەکی نووسه‌ر بۆ چاپی کورتکراوەی کتێبه‌که‌ی”
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی ئه‌م کتێبه ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌ما به‌رچاوه‌یه که‌وا گواستنه‌وه و به‌دوای یه‌کدا هاتنی کاهینییه‌تی دایانی له ئاریسیا ڕێکخستووه. کاتێ که یه‌که‌مجار من خۆم ته‌رخان کرد بۆ چاره‌سه‌ر و دۆزینه‌وه‌ی وه‌ڵامێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه له زیاتر له سی ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه باوه‌رم وابوو که چاره‌سه‌ره‌که زۆر کورت ده‌بێت و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارەش که هه‌میشه له گۆڕێدابوو کورت ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ر زوو بۆم ده‌رکه‌وت که بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که ڕوون بێت، پێویسته لێکۆڵینه‌وه لە سەر مه‌سه‌له‌ی گشتگیرتردا بکرێت که پێشتر باسێکی ئه‌وتۆی لێوه نه‌کراوە. له چاپه‌کانی دواتری ئه‌م کاره‌دا ئه‌م پرسه و پرسه‌کانی هاوشێوه‌ی و مشت‌ومڕ کردن لە سەریان کایه‌یه‌کی گەورەتری گرته‌وه و پرسیار و گفتوگۆکان گه‌لێ ئاڕاسته‌یان گرته‌به‌ر تا وایلێهات دوو به‌رگه‌که‌ی بنه‌ڕه‌تی و یه‌که‌مجاری کتێبه‌که به‌رفراوان بوون و بوون به دوانزه به‌رگ. بێجگه له خواستی هه‌ندێکیش که‌وا پێویسته کاره‌که پوختتر و کورت‌تر و وردتر بکرێته‌وه. دواجار ئه‌م کورتکردنه‌وه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستدایه هەو‌ڵدانێکه بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و حه‌ز و ئارەزووه و بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ش بازنه‌یه‌کی به‌رفراوانتری خوێنه‌ران بگرێته‌وه. له‌و کورتکردنه‌وه گه‌وره‌یه‌ش که بە سەر کۆپییه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌دا هات تا بۆم بکرێت هه‌وڵمداوه بنه‌ما و پره‌نسیپه سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی تیدا بهێڵمه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆری ئه‌و به‌ڵگه و ده‌لاله‌تانه‌دا ئه‌م بنه‌ما و پره‌نسیپانه به ڕوونی باس بکه‌ن. هه‌ڵبه‌ت چڕکردنه‌وه و کورتکردنه‌وه‌دا ده‌بوو ز‌مانه بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی کاره‌که بهێڵمه‌وه و بیپارێزم. بۆ هێشتنه‌وه‌ی زۆرترین بڕ و ئه‌ندازه‌ی ده‌قه بنه‌ڕه‌تییه‌که وازم له سه‌رنج و تێبینییه‌کانی په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان هێنا. بۆ ئه‌و خوێنه‌رەش که ده‌یه‌وێت دڵنیابێت له سه‌رچاوه‌ی هه‌ر ده‌سته‌واژه‌یه‌ک ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وه بۆ کاره به‌رفراوانه‌که، که‌وا به به‌ڵگه و په‌راوێز و سه‌رچاوه‌ی ورده‌وه یان بیبلۆگرافی پالپشت کراوە.
من له‌م کورتکردنه‌وه‌یه‌دا هیچ بابه‌تێکی نوێم نه‌خستووه‌ته سه‌ر و ئه‌و ڕا و بۆچوونانه‌شم نه‌گۆڕیوه که له چاپی پێشوودا لە سەریان دواوم، چونکه به‌ڵگه‌کان بە پێی زانیاریی خۆم خزمه‌تی یان جه‌ختکردنه‌وه ده‌که‌ن له ئه‌نجامه‌کانی پێشوو یان ڕۆڵی نموونه و وێناکردنی زیندوو ده‌گێڕن بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه. بۆ نموونه، لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی له‌سێداره‌دانی پاشا ده‌هێنینه پێشه‌وه، که ته‌واوی به‌ڵگه‌کان ئاماژه ده‌که‌ن به زیادبوون و بره‌وسه‌ندنی عاده‌ت و نه‌ریتی له سێداره‌دانی پاشا له کۆتایی ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا یان به هۆی لاوازیی جه‌سته‌ییه‌وه. نموونه‌یه‌کی ڕوون و ئاشکراش هه‌یه لە سەر ئه‌م جۆره پاشایه‌تییه سنووردار و دیاریکراوە، که ئه‌ویش مه‌مله‌که‌تی به‌هێز و ده‌سه‌ڵاتی خه‌زه‌ره له باشووری ڕووسیا له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستدا و تێیدا پاشا له کۆتایی ماوه‌ی پێشتر بۆ دیاریکراویدا له‌سێداره دراوه یان له کاتی به‌رپابوونی کاره‌ساتێکی گشتیی چه‌شنی قاتوقڕی و وشکه‌ساڵی و برسێتی یان شکستخواردن له جه‌نگدا، چونکه ئه‌مانه هه‌موو ده‌بنه هۆی شکست له ده‌سه‌ڵات و توانای سروشتیی پاشاکان. به‌ڵگه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی له‌سێداره‌دانی ڕێکوپێکی پاشاکانی خه‌زه‌ر له باس و گه‌ڕیده کۆنه‌کانی عه‌ره‌بدا هاتووه که من به خۆم لێره و له‌وێ کۆمکردوونه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌فریقاش چه‌ندین نموونه‌ی زیندووی داوه به ده‌سته‌وه له پیاده‌کردنی هاوشێوه‌ی کوشتنی پاشایان. دیارترینی ئه‌م نموونانه ئه‌و نه‌ریته به‌رچاوه په‌یڕه‌ویکراوەی جاران بووه له بونیۆرۆ، که تێیدا که‌سێک له تایفه یان بنه‌ماڵه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌ڵده‌بژێردرا به هاوشێوه‌ی پاشا و به ته‌واوی به‌رجه‌سته و نمایشی پاشای پێشووی ده‌کرد و هاوده‌میی بێوه‌ژنه‌کانی پاشای ده‌کرد له ناو بینای گۆڕه – په‌رستگه‌که‌یدا و پاش حوکم کردنی ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته ده‌خنکێنرا. ئه‌م عاده‌ت و نه‌ریته – ڕێک هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگە فێستیڤاڵێکی بابلیی کۆندا که بە ساکایا Sacaea ده‌ناسرا و هاوشێوه‌که‌ی پاشایه‌تیی له‌به‌ر ده‌کرا و ڕێگە‌ی پێده‌درا به که‌یف و ئارەزووی خۆی له‌گه‌ڵ که‌نیزه‌که ڕاسته‌قینه‌کانی پاشادا هاوده‌می بکات و ئه‌وجا له پاش پێنج ڕۆژ حوکم کردن ڕووتده‌کرایە‌وه و فه‌لاقه ده‌کرا و پاشان ده‌کوژرا. شایانی باسه که‌وا ئه‌م فێستیڤاڵه له نووسینی نه‌خشه ئاشوورییه‌کاندا هاتووه، که وا دیاره سه‌لماندنی ئه‌و باس و لێکدانه‌وه‌یه بووبێت که ئێمه پێشتر باسمان لێکردووه له‌باره‌ی ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵی ساڵی نوێ‌دا که به‌رده‌وامییه‌که بۆ فێستیڤاڵی کۆنی پیوریمی Purim جووه‌کان. نموونه‌ی تریش هه‌ن که به‌م دواییه دۆزراونه‌ته‌وه و هاوته‌ریبی پاشا کاهینه‌کانی ئاریسیایه، که ئه‌وانیش پاشا و کاهینه‌کانی ئه‌فریقا بوون که‌وا به عاده‌ت له‌دوای دوو یان حه‌وت ساڵ ده‌کوژران، پاش ئه‌وه‌ی له لایه‌ن پیاوێکی به‌هێزه‌وه هێرش ده‌کرایە سه‌ریان و ده‌کوژران و جێگه‌ی ده‌گرتنه‌وه له کاهینی یان پاشایه‌تیدا.
به پشتبه‌ستن به‌م نموونانه و هیتریش له پێش ئه‌مانه‌دا ناکرێ ئێمه ئاڵوگۆڕ و ده‌ستاوده‌ست کردنی کاهینییه‌تی دیانا له ئاریسیا به شتێکی هه‌ڵاواردوو بزانین، بەڵکو ئه‌م بنه‌مای گواستنه‌وه و ئاڵوگۆڕه ده‌سه‌لمێت کاتێ که بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌م داب و نه‌ریته به‌رفراوانه ده‌بینین له ئه‌فریقادا. هه‌ڵبه‌ت من پڕکێشیی ئه‌و باسه ناکه‌م که ڕاستییه‌کان ئاماژه‌ی پێده‌که‌ن له‌باره‌ی کاریگه‌رییه‌کی کۆنی ئه‌فریقا له سه‌ر ئیتالیا یان ته‌نانه‌ت له سه‌ر بوونی خه‌ڵکانی ئه‌فریقی له باشووری ئه‌وروپادا. چونکه په‌یوه‌ندییه مێژوییه‌کانی پێش مێژووی هه‌ردوو کیشوه‌ره‌که هێشتا هه‌ر نادیار و ته‌مومژاوی و هێشتا هه‌ر له ژێر لێکۆڵینه‌وه‌دان. ئه‌و باس و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ی که من پێشکه‌شم کردووه ڕاستبن یان نه ئه‌وه ده‌بێت بۆ حوکمی پاشه‌ڕۆژ به‌جێیانبهێڵین. من هه‌میشه ئاماده‌م ده‌سبه‌رداریان بم ئه‌گه‌ر پێشنیازی باشتر هاتنه ئاراوە. له هه‌مان کاتدا که ئه‌م کتێبه له فۆرمه نوێکه‌یدا ده‌که‌وێته به‌رده‌ست و به گشتی به‌ر حوکمی خه‌ڵک ده‌که‌وێت ده‌مه‌وێت به‌ئاگابن له هه‌ڵه تێگه‌یشتن هه‌رچه‌نده من پێشتر هه‌وڵی ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌م داوه. من ئه‌گه‌ر له‌م کاره‌دا به دوور و درێژی باسم له په‌رستنی دار کردبێت به‌دڵنیاییه‌وه مه‌به‌ستم ئه‌وه نه‌بووه زیاده‌ڕۆیی له گرنگی و بایه‌خی بکه‌م له مێژووی ئایندا بەڵکو زیاتر بۆ ئه‌وه بووه که سیسته‌مێکی میسۆلۆجیی ته‌واوکاری لە سەر بنیات بنێم و به ساده‌یی ده‌یڵێم پاڵنه‌ری گه‌وره‌م بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه بووه که نه‌متوانیوه بابه‌ته‌که پشتگوێ بخه‌م له هه‌وڵمدا بۆ لێکدانه‌وه‌ی مانا و ده‌لاله‌تی هه‌ڵگرتنی کاهین بۆ نازناوی ”پاشای دارستان” که‌وا یه‌کێک له ئه‌رکه فه‌رمییه‌کانی بڕین و لێکردنه‌وه‌ی چڵه‌که بووه، واته چڵی زێڕین، له دارێکی ناو دارستان و مەقام و حه‌ره‌می پیرۆزدا. به‌ڵام من به‌ته‌واوی دوورم له شکۆدانان بۆ دار وه‌ک ئه‌وه‌ی بایه‌خێکی تایبه‌تی و جیاکاری هه‌بێت له پەرەسەندنی ئایندا، بەڵکو ئه‌وه هۆکارێکی لاوه‌کییه ئه‌گه‌ر بەراوەد بکرێت به ترس له مرۆڤی مردوو که من وایداده‌نێم له‌وانه‌یه هێزێکی گەورەتر بێت له مه‌سه‌له‌ی په‌یدابوونی ئاینی سەرەتایدا. من هیوادارم له پاش ئه‌م نکووڵییه ئاشکرایە باجی ئه‌وه نه‌ده‌م که باوه‌شم کردبێته‌وه بۆ سیسته‌مێکی میسۆلۆجیی وا که نه‌ک هه‌ر به هه‌ڵه‌ی داده‌نیم بەڵکو به پووچ و پێچه‌وانه به ئەقڵی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌م. به‌ڵام من ئاگایه‌کی ته‌واوم له خراپه و گوناهی خورافی هه‌یه که تا سەرێکی ده‌بڕیت یه‌کێکی ترت بۆ ده‌رده‌چێت یان هه‌مان سه‌ر دیسانه‌وه سه‌وز ده‌بێته‌وه یان ده‌ڕوێته‌وه. من متمانه‌ی ته‌واوم به بێلایه‌نی و زیره‌کیی خوێنه‌رانم هه‌یه بۆ ڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌دحاڵیبوونه له دید و بۆچوونه‌کانم و پشت به‌م ڕاگەیاندن و ده‌ربڕینه ڕاشکاوه‌م ببه‌ستن.
جه‌یمس جۆرج فره‌یزه‌ر
حوزێرانی 1922 – لەندەن
“پێشه‌کیی نووسه‌ر بۆ یه‌که‌م چاپی کتێبی چڵی زێڕین”
تێبینی:- سێر جەیمس جۆرج فره‌یزه‌ر ئه‌م پێشه‌کییه‌ی له ساڵی 1890دا نووسیوه بۆ یه‌که‌م چاپی کتێبی چڵی زێڕین که وه‌ک لێره‌دا ده‌رده‌که‌وێت له ساڵی 1894دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئه‌م یه‌که‌م چا‌په به دوو به‌رگ کراوە و نزیکه‌ی نۆسه‌د لاپه‌ڕه بووه و ورده‌کارییه‌کی زۆری تێدا کردوه له ئیشارەتدان به سه‌رچاوه‌کان و په‌ڕاوێزه‌کان که تێکڕا ده‌گه‌نە (1980) سه‌رچاوه و په‌ڕاوێز، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی که‌وتووه‌ته ژێر فشاری مه‌سیحییه‌تی کاسۆلیکی له جیهاندا و له چاپه‌کانی دواتردا (که به ده‌یان و زیاترن) ناچار بووه کورتی بکاته‌وه و وه‌ک خۆی ده‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆکه بنه‌ڕه‌تییه نه‌گۆڕێت سه‌رچاوه و په‌ڕاوێزه‌کانی لابردووه و دواتر ئه‌م کاره‌ی په‌ره‌پێداوه وه‌ک زانایه‌کی مرۆڤناسی شیاوی باسه ئه‌م چاپی یه‌که‌مه‌ی به ناوی ”چڵی زێڕین.. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بەراوەدکاریی ئاین” ده‌رکردووه و به‌ڵام له چا‌په زۆره‌کانی دواتردا و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه کردوویه‌تی به ”چڵی زێڕین.. لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له جادووگه‌ری و ئاین”.
هه‌ڵبه‌ت ئەو پێشه‌کییه‌ی بۆ چاپی ساڵی 1922 جیاوازه له‌م پێشه‌کییه و جۆره پاکانه‌یه‌کی تێدا بۆ مه‌سیحییه‌تی کاسۆلێکی که تۆمه‌تباریان کردووه به‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌وروپا و جیهان بگێڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می بتپه‌رستی (وه‌سه‌نییەت paganism) که پێش ئاینی مه‌سیحی له بره‌ودا بووه. ئه‌وجا ئه‌م پێشه‌کییه بۆ چه‌ندین ده‌قی کورتکراوەی کتێبه‌که بووه به بنه‌ما بۆ چاپه‌کانی دواتر و من لێره هەردوکیانم داناوه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر که‌شوهه‌وای ڕۆژگاری ئه‌م لێکۆڵینه‌وه پێشه‌نگه‌ی لا ڕوون بێت، که لە سەر ئایین و باوه‌ڕه کۆنه‌کان و داب و نه‌ریتی کۆنی گه‌لانی دنیای ئه‌نجامداوه – وه‌رگێڕ.
من ئه‌وه ماوه‌یه‌که خه‌ریکی ئاماده کردنی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی گشتیم له‌باره‌ی خورافه و ئاینی سەرەتاییه‌وه. له نێو ئه‌و کێشانه‌دا که سه‌رنجی ڕاکێشاوم که تا ئێستاش یاسا و ڕێسای کاهینییه‌تی ئاریسیانا ڕوونه و به‌هاری ڕابردوو وا ڕێکه‌وت که له کاتی خوێندنه‌وه‌مدا بە سەر هه‌ندێ ڕاستیدا که‌وتم و به لێکدان له‌گه‌ڵ بابه‌تی تردا که پێشتر تێبینیم کردبوون، مه‌سه‌له‌ی باس و ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرسه‌یان هێنایه پێشه‌وه. وه‌ک ڕوونکردنه‌وه‌که، ئه‌گه‌ر دروستی بۆیچووبێتم، مژده‌ی ڕووناکیی خستنه سه‌ر هه‌ندێ دیارده‌ی نادیار و ته‌مومژاوی ئاینی سەرەتایی تێدابوو، بڕیارمدا به‌ته‌واوی په‌ره‌ی پێبده‌م و له کاره گشتییه‌که‌م جیای بکه‌مه‌وه، بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ک توێژینه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌م کتێبه‌ش ئه‌نجامه‌که‌ی بوو. وا ئێستا تیۆرییه‌که، که به زەروورەت له هێڵی گشتیدا و به کورتی خۆی خسته‌ڕوو بۆ من، به وردی و دوور و درێژی گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجام و ناتوانم، به‌ڵام هه‌ستی پێده‌که‌م، که له هه‌ندێ شوێندا زۆر زیاتر لە سەری بڕۆم. ئه‌گه‌ر ئه‌مه بیسه‌لمێنێت که ببێته مه‌سه‌له‌یه‌ک و شتی ناخۆش و هه‌سته‌وه‌ر بورووژێنێت ئه‌وه من ئاماده‌م پێی لێبنێم و به زووترین کات پاشه‌کشه له‌و هه‌ڵه‌یه ده‌که‌م که بۆم هاتووه‌ته ماڵه‌وه. له هه‌مان کاتدا ئه‌م کاره‌ی من ڕەنگە خزمه‌تی مه‌به‌سته‌که‌ی خۆی بکات وه‌ک یه‌که‌م هه‌ولێک بۆ چاره‌سه‌ی کێشه‌یه‌کی قورس و ئاڵۆز، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاستییه جۆراوجۆره‌کان که په‌رت و پڵاون بهێنێته به‌ر جۆرێک له سیسته‌م و ڕێکخستن.
ڕەنگە ڕاستکردنه‌وه و ڕێکخستنه‌وه‌یه‌ک پێویست بێت بۆ ئه‌وه باسوخواسی دوور و درێژانه‌ی من لە سەریان وه‌ستاوم سەبارەت به‌و ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵانه‌ی تێبینی ده‌کرێن که‌وا له‌به‌هاردا سازکراون له لایه‌ن جووتیاره ئه‌وروپییه‌کانه‌وه، له ناوه‌ڕاستی هاویندا و له کاتی دروێنه‌دا. ئه‌مه به زه‌حمه‌تی ده‌زانین که به زۆری دووباره‌ی بکه‌ینه‌وه، چونکه تا ئێستا به شێوه‌یه‌کی گشتی دانی پێدا نه‌نڕاوه و نه‌ناسێنراوه و سه‌رباری خه‌سڵه‌ت و کاراکته‌ره بچڕبچره‌کانیان خورافاته و نه‌ریت و عاده‌ته میللییه‌کانی جووتیاران تا په‌ڕی ئه‌وپه‌ڕ ته‌واو و به‌ڵگه‌ی جێمتمانه‌ن که ئێمه ده‌ستمانکه‌وتووه سەبارەت به ئاینی سەرەتایی ئاریاییه‌کان (یان ئاریانه‌کان Aryans). ڕاستییه‌که‌ی ئاریایی سەرەتایی، به هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که له تانوپۆی ئه‌قڵیدایه، هێشتا هه‌ر له‌ناونه‌چووه و ئه‌و تا ئه‌مڕۆش هه‌ر له ناوماندایه. هێز و توانا گه‌وره‌کانی ڕۆشنبیری و مۆراڵ که به شێوە‌یه‌کی شۆڕشگێرانه جیهانیان فێره خوێنده‌واری و ڕۆشنبیر کردووه به ده‌گمه‌ن کاریگه‌رییان لە سەر جووتیار بووە. ئه‌و له باوه‌ڕه‌کانی قووڵایی ناخیدا هێشتا هه‌روه‌کو ئه‌وه وایه که باوباپیرانی لە سەری بوون و لای ئه‌و داری دارستانه‌کان هێشتا هه‌ر وه‌ک خۆیان ده‌ڕوێن و سمۆره‌کان بۆ خۆیان هه‌ر لە سەر زه‌وی و داره‌کان گه‌مه ده‌که‌ن له کاتێکدا که ڕۆما و له‌نده‌ن ئێستا له ئارادان.
لێره‌دا هه‌ر لێکۆڵینه‌وه و ورده‌کارییه‌ک له ئایینی سەرەتایی ئاریاییه‌کاندا ده‌بێت یان له باوه‌ڕه خورافییه‌کان و سه‌رنج و عاده‌ت و نه‌ریتی جووتیاره‌وه ده‌ستپێبکات، یان به‌لای که‌مه‌وه به چه‌سپاوی ورده‌کاری ده‌رده‌ست بکرێت به گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌وان. بەراورد به‌و به‌ڵگانه‌ی له لایه‌ن ترادیسیۆنی زیندووه‌وه ڕه‌خساوه و به‌ڵگه و سه‌لماندنی کتێبه کۆنه‌کان له بابه‌ت و بواری ئاینه سەرەتاییه‌کاندا زانیارییه‌کی زۆر که‌م به‌ده‌سته‌وه ده‌ده‌ن و به‌هایه‌کی هێجگار که‌میان هه‌یه. به‌ڵام ئه‌ده‌ب و نووسینیش پەرەسەندن و پێشکه‌وتنی بیری به شێوە و ڕێژە‌یه‌ک خێرا کردووه که‌وا پەرەسەندنی خاوی بیروڕای وشه‌ی زاره‌کیی به دوورییه‌کی له ڕاده به‌ده‌ر و له ئه‌ژمار نه‌هاتوو له دوای خۆیه‌وه به‌جێهێشتووه. دوو یان سێ نه‌وه و پشتی خوێنده‌وار ڕەنگە گۆڕانکارییه‌کی وا له بیر و هزردا بکه‌ن که زیاتر بێت له دوو یان سێ هه‌زار ساڵی ژیانی نه‌ریتی. به‌ڵام جه‌ماوه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کتێب ناخوێننه‌وه هه‌ر به کارتێنه‌کراوی ده‌مێنێته‌وه لە لایەن ئه‌و شۆڕشه فکری و ئه‌قڵییه‌ی که ئه‌ده‌ب و خوێنده‌واری نووسیویانه‌ته‌وه و به‌م جۆره وا دێته پێشه‌وه که له ئه‌وروپای ئه‌م ڕۆژگاره‌دا باوه‌ڕ و پراکتیزه خورافییه‌کان که پشتاوپشت به ده‌ماوده‌م هاتوونه‌ته خواره‌وه به‌گشتی زۆر به شێوه‌یه‌کی کۆنتر و بەسەرچووترن له ئاین که‌وا له زۆربه‌ی ئه‌ده‌بیات و نووسینی ڕەگه‌زی ئاریاییدا تۆمار و وێناکراون.
هه‌ڵبه‌ت لە سەر ئه‌م زه‌مینه و بنه‌مایه، له گفتوگۆ و مشتومڕکردنی مانا و ڕەگوڕیشه‌ی کاهینییه‌تێکی دێرینی ئیتالیدا، که من هێنده سه‌رنج و بایه‌خم داوه‌ته نه‌ریت و خورافه میللییه‌کانی ئه‌وروپای مۆدێرن. من له‌م به‌شه‌ی باسە‌که‌مدا سوودێکی زۆرم له کاره‌کانی ئه‌م دواییه‌ی مانهارت وه‌رگرتووه، که له ڕاستیدا بێ مانهارت ئه‌م کتێبه زه‌حمه‌ت بوو بنووسرێت. من به‌ته‌واوی پێ له‌وه ده‌نێم که‌وا ئه‌و بنه‌ما و پره‌نسیپانه‌ی من به ناته‌واوی باسم کردوون، مانهارت به شێوه‌یه‌کی سیستماتیک توانیوێتی خورافه به‌رکار و زیندووه‌کانی جووتیاران کۆبکاته‌وه و به‌ڕاودریان بکات و ڕوونکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌یان له سه‌ر بدات له‌م بواره به‌رفراوانه‌ی ئه‌م لقه تایبه‌ته‌دا که ئه‌و بۆ خۆی ده‌سنیشانی کردووه ئاینی خه‌ڵکی دارستاننشین و جووتیار بووه، یان به واتایه‌کی تر بڵێین، ئه‌و باوه‌ڕ و ڕێوڕەسمه خورافییانه‌ی که‌وا گرێدراوی دار و ڕووەکه چێنراوه‌کان بوون. ئه‌و له ڕێگە‌ی کار و لێکۆڵینه‌وه‌ی زاره‌کییه‌وه له ڕێگە‌ی پرسیاری چاپکراوەوه که له سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپادا بڵاویکردبووه‌وه، هاوشان له‌گه‌ڵ پشکنین و تاوتوێ کردنی ئه‌ده‌بی فۆلکلۆره‌وه، توانیوێتی خه‌رواڕێک به‌ڵگه کۆبکاته‌وه و به‌شێکیانی له زنجیره‌یه‌ک کاری سه‌رسامکه‌ردا بڵاو کرده‌وه. به‌ڵام باری ته‌ندروستیی هه‌میشه لاواز بوو و ته‌واو تێکچوو پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م پڕۆژه گشتگیر و به‌رفراوانه‌ی که پلانی بۆ دارشتبوو ته‌واو بکات و به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێت و له مه‌رگی زۆر زوویدا زۆربه‌ی که‌ره‌سته و بابه‌ته به‌نرخه‌کانی به بڵاونه‌کراویی مانه‌وه. ئێستا ده‌سنووسه‌کانی سپێردراون به کتێبخانه‌ی زانکۆ له به‌رلین. ئه‌وجا له‌پێناوی ئه‌و لێکۆڵینه‌وەیە‌دا که ئه‌و ژیانی خۆیی بۆ ته‌رخانکرد زۆر چێی په‌سه‌ندی و دڵخۆشییه که‌وا تاوتوێ و گه‌ڵاڵه بکرێن و ئه‌و به‌شانه‌یان که ئه‌و له کتێبه‌کانیدا سوودی لێ نه‌بینیون پێویسته بخرێنه به‌رچاوی جیهان.
ئه‌و خۆی ئه‌م کاره بچووکانه‌ی پێشخست به شێوه‌یه‌کی کاتی، به هیوای به په‌رۆشی و کارکردن له توێژینه‌وه‌کانیدا و به‌و ڕەنگە رێخۆشکردن بۆ خه‌ڵکی تر و یارمه‌تیدانیان بۆ به‌دواداچوونیان. به‌ڵام بێجگه له کۆڕ و کۆمه‌ڵێکی که‌می خوێنده‌وار، کاره‌کانی بایه‌خێکی زۆر که‌میان پێدرا، وەلێ سه‌ره‌ڕای ئه‌و پشتگوێ خستن و پێشوازییه سارده‌ی به‌رانبه‌ر ئه‌و کارانه‌ی که سەرومڕ خۆیی بۆ ته‌رخان کردبوو، له ساڵی 1875دا کاره سه‌ره‌کییه‌که‌ی بڵاو کرده‌وه به ناوی “پەرستنی دار لای ئەڵمان و خێڵە دەراوسێکانیان لە دارستان و کێڵگە کۆنەکاندا Der Baumkultus der Germanen und ihrer Nachbarstamme Antike Wald – und Feldkulte ” به‌دوایدا له ساڵی 1877دا ئه‌م کاره هات: ئه‌م کارەشی “توێژینەوەی ئەفسانە ‘میسۆلۆجیا’ Mithologische Forschungea”، که دوای مه‌رگی خۆی که‌وت له ساڵی 1884دا بڵاوکرایە‌وه.
من چه‌ند قه‌رزاری مانهارتم، ئه‌وه‌نده و زیاتریش قه‌رزاری دۆست و هاوڕێم پرۆفیسۆر ڕۆبەرتسن سمیسم W. Robertson Smith. حه‌ز و ئارەزووم له مێژووی به‌رایی کۆمه‌ڵگه یه‌که‌مجار ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کاره‌کانی دکتۆر ئی. بی. تایلۆر E. B. Tylor که ئاسۆیه‌کی زه‌ینی و ئه‌قڵیی خه‌ون ئاسای له به‌رده‌ممدا کرده‌وه. به‌ڵام هێشتا هه‌نگاوێکی دوور بوو له په‌رۆشبوونێکی کارا و زیندوو له بابه‌تێکدا که به شێوه‌یه‌کی سیستماتیکی توێژینه‌وه‌ی له سه‌ر بکرێت و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی که من نام به کاریگه‌ریی هاوڕێم ڕۆبەرتسن سمیثه‌وه بوو. من زۆر قه‌رزاری عه‌مباری گه‌وره‌ی پڕ زانیاریی ئه‌وم و ئه‌و بڕه هێجگار فراوان و به‌پیته‌ی بیر و ئایدیاکانی و ئه‌و میهره‌بانییه بێسنووره‌ی ئه‌وم، که به ده‌گمه‌ن مه‌زه‌نده ده‌کرێت. ئه‌وانه‌ی که ئاشنای نووسینه‌کانین، ڕەنگە هه‌ندێ له‌و چه‌مک و سیاقه تێگه‌یشتبێتن که من تا چ ئاستێک کاریگه‌ر بووم پێی، هه‌رچه‌نده نه‌شیاویشه که من خۆم به‌هاوشانی ئه‌و بزانم. بیروتێڕوانینه‌کانی قوربانیدان له بابه‌ته‌که‌ی ئه‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه به ناوی ”قوربانیدان” له ئینسلکۆپیدیای به‌ریتانیدا Encyclopaedia Britannica’’” و له کار و به‌رهه‌مه تازه‌که‌یدا زیاتر په‌ره‌ی پێداوه که به ناوی ”ئاینی سامییه‌کانه‌وه‌یه The Religien of the Semites” و بووه به مۆرکی جیابوونه‌وه‌یه‌کی نوێ له توێژینه‌وه مێژووییه‌کانی ئایندا و ئاسەوارێکی فره و فره‌وانی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌م کتێبه‌دا ده‌بینیته‌وه. له ڕاستیشدا ئایدیای بنه‌ڕه‌تی بابه‌ته‌که‌ی من لە سەر چه‌مک و تێگه‌یشتنی کوشتن یان سه‌ربڕینی خواوه‌ند، ڕاسته‌وخۆ له‌م دۆسته‌مم وه‌رگرتووه. به‌ڵام هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیارییه‌کانیشی ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رپرسی نییە له‌و ڕوونکردنه‌وه گشتییه‌ی که من پێشکه‌شم کردووه سەبارەت به عاده‌ت و نه‌ریتی سه‌ربڕینی خواوه‌ند. ئه‌و گەورەترین به‌شی ئه‌م سه‌لماندنانه‌ی خوێنده‌وه سەبارەت به‌و که‌ش و بارودۆخه‌ی پاڵپشتیی له‌و میهره‌بانییه ده‌کات و زۆر بۆچوون و پێشنیازی به‌نرخ و به‌هاداری پێدام که من به ئاسایی وه‌رمگرت، به‌ڵام بێجگه له‌و شوێنانه‌ی که زانیارییه‌کانی ئه‌و به ناو وه‌رگیراوه و گوێزراوە‌ته‌وه، یان ئه‌و بۆچوون و تێڕوانینانه‌ی ده‌ریبڕیوه هاوشێوه‌بن له‌گه‌ڵ کاره بڵاوکراوەکانی به زەروورەت وا له‌قه‌ڵه‌م نادرێت که هاوڕایه له‌گه‌ڵ هیچکام له‌و تیۆرییانه‌ی له‌م کتێبه‌دا خڕاونه‌ته‌ڕوو.
کاره‌کانی پرۆفیسۆر جی. ئه‌ی. ویلکن له لاید‌ن G. E. Wilken خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی ڕێنمایی کردووم بۆ باشترین ده‌سه‌ڵاته ڕەسەنه‌کانی ئیندیزی ڕۆژهه‌ڵاتی هۆڵه‌ندی، که مه‌یدانێکی زۆر گرنگی پسپۆری ئیتنۆلۆجییه (ئه‌وی که له مێژووی پەرەسەندنی کولتووره جیاوازه‌کانی مرۆڤ ده‌کۆڵێته‌وه- و) بۆ میهره‌بانیی قه‌شه و‌اڵته‌ر گریگۆر له پیتستلیگۆ، من قه‌رزاری هه‌ندێ په‌یوه‌ندیکردنم که له شوێن و مه‌قامی خۆیاندا ئه‌نجامیانداوه. به‌ڕێز فرانسیس داروین به خۆشحاڵییه‌وه ڕێگە‌ی پێدام ڕاوێژی پێبکه‌م له‌باره‌ی هه‌ندێ زانیاری و پرسی ڕووەکییه‌وه. به‌ڵگه ده‌سنووسه‌کانی که من ناوبه‌ناو بۆیان ده‌گه‌ڕامه‌وه وه‌ڵام بوون بۆ لیستێک پرسیاری ئیتنۆلۆجی که لە ژێر ده‌ستمدا بوون. زۆربه‌ی ئه‌وانه، به‌هیوام له گۆڤاری ئینستیتیووتی ئه‌نترۆپۆلۆجیدا بڵاو بکرێته‌وه Journal of the Anthropological Institute.
نیگاری چڵی زێڕین که به‌رگه‌که‌ی ڕازاندووه‌ته‌وه به قه‌ڵه‌می ڕەشی هاوڕێم پرۆفیسۆر جه‌ی. ئێج. میدڵتن J. H. Middleten کێشراوه. ئه‌و بایه‌خدانە به‌رده‌وام و هاوسۆزییه ئه‌و نواندی له چوونه پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی کتێبه‌که‌دا یارمه‌تییه‌کی گه‌وره و هاندنی من بوو له نووسینیدا. ئیندێکسی کتێبه‌که له لایه‌ن مسته‌ر ئه‌ی. رۆجه‌رزەوە کۆکراوەتەوە و ڕێکخراوه، که له کتێبخانه‌ی زانکۆی کامبریجه.
جه‌ی. جی. فره‌یزه‌ر
کۆلێجی ترینیتی، کامبریج – 8ی مارتی 1890