ئەگەر ببە پرسیاری (خۆشەویستی چییە؟) دەست پێ بکەین، ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری (فەلسەفە چییە؟). ئەو پرسیارەی کە هەم کۆن و هەنووکەش ئامادەیە. فیلۆسۆفەرەکان هاوڕا نەبوون لەسەر یەک پێناسەی دیاریکراو بۆ فەلسەفە، بەردەوام پێناسەیان کردۆتەوە لە ڕێگەی پرسیاری چییەتی فەلسفەوە. بەپێی پێناسە دێرینەکە، خودی فەلسەفە خۆشەویستی و ئەوینداریکردنە لەگەڵ داناییدا. ڕیشەی وشەی فەلسەفە دەگەڕێتەوە بۆ (فیلۆسۆفیا philosophia)ی یۆنانی کۆن، کە بە واتای خۆشەویستی بۆ دانایی دێت. یەکەم کەسیش کە بەکاریهێناوە فیساگۆرس بووە. ئەو گوتوویەتی من دانا نیم، داناییم خۆش دەوێت.
دواتر لەسەر دەستی فەیلەسوفەکان گۆڕانی بەسەردا هات. لای دێریدا مانای هاوڕێیەتی وەرگرت و لای دولۆزیش بوو بە هاوڕێی واتا. ئەریستۆ فەلسەفە بەم جۆرە دەناسێنێت: فەلسەفە زانینێکی تیۆریی پرەنسیپی یەکەم و هۆکارەکانە. لەکن سوکرات گەڕان بووە بەدوای ڕاستیدا. ژان فرانسوا لیوتار، فەلسەفە ئارەزوویەکی بێکۆتایە بۆ دانایی و ئەویتر. لای دولۆز فەلسەفە چەمکسازییە. واتا لەگەڵ گەشەسەندنی چەمکەکە مانای تر وەردەگرێت. لەسەرەتادا فەلسەفە خۆشەویستی بۆ زانین و بیرکردنەوەیەکی ئەبستراکت بووە.
فەلسەفە لە نێوان ئارەزوو و ئارەزووکراودا:
فەیلەسوف ئاشقە و ئۆبێکت و بابەتی ئەشقەکەی فەلسەفەیە. فەیلەسوف ئارەزووی زانین و فەلسەفە دەکات، چونکە کردەی فەلسەفاندن کردەیەکی بێکۆتایە و ئەو بێکۆتاییەش لەگەڵ ئارەزوودا تەریب دەبن. ئێ ئازەزوو پڕبوونەوەی نییە. بە جۆرێکیتر بیڵێین یەکگرتن و بەیەکگەیشتنی خود و بابەت(ئۆبێکت)لە کردەی فەلسەفاندندا وەدی دێ، بەڵام ئەم یەکگرتنە یەکجاری نییە و تا زیاتر ئارەزوو بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی نییەتی، زیاتر هەست بە لەدەستدانی بابەتی ئارەزووەکەی دەکات، چونکە بابەتی ئارەزوو پێشوەخت لەدەستچووە. بۆیە کردەی فەلسەفاندنەکە بەردەوامی دەبێت.
خۆشەویستی سەرچاوە و کۆڵەکەی فەلسەفەیە:
فەلسەفە بەبێ خۆشەویستی و ئارەزوو نابێت. ئارەزوو کردەی فەلسەفاندن دەبزوێنێت. دەگەڕێینەوە بۆ پرسیاری «بۆ فەلسەکردن؟»ی ژان فرانسوا لیوتار کە بەدوای پاڵنەری فەلسەفەکردندا وێڵە. بە بۆچوونی لیوتار هەر فەیلەسوفێک بەم جۆرە پرسیارانە داخڵی فەلسەفە دەبێت: فەلسەفە چییە؟ فەلسەفە لە کوێیە؟ بەڵام ئەو هەوڵی گۆڕینی ئاڕاستەی پرسیارەکە دەدات لە «چییە»وە بۆ «بۆ». سەرەتا بەگەڕانەوە بۆ «لەدەستدان»ی فرۆیدی ئەوە ڕووندەکاتەوە. بەوپێیەش فەلسەفە تووشی جۆرێک لە لەبیرکردن یان نائامادەییەک دێت. ئاڕاستەی پرسیارەکەش دەبێتە بۆ فەلسەفە دەکەین؟ خودی پرسیارەکەش کە ئاماژە بە نائامادەبوونی ئامادەبوونی فەلسەفە، لەگەڵیشیدا بە جوڵەهاتن و ئامادەبوونی دێتە کایەوە. پرسیاری لیوتار لەسەر ئارەزوو پرسیارە دەربارەی زانین. ئارەزوو و ئارەزووکراو کامیان ئەوەیتر دروستدەکات پەیوەندی بینینی دوانەیی شتەکانە، واتە خود و بابەت(ئۆبێکت). خود ئارەزوویەکی نائامادەبوونی هەیە، کە لێی بێبەشە، بابەتیش ئامادەبوونێک کە لەقوڵایی نائامادەبووندا بوونی هەیە. لیوتار بناغەی ئارەزوو بۆ تێکەڵبوونی نائامادەبوون و ئامادەبوون دەگەڕێنێتەوە، کە ئارەزوو یەکیاندەخات. لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ گێڕانەوەکەی دیۆتیما. بە پێی دیالۆگی خوانی پلاتۆن، ئەم ژنە فەیلەسوفە کە مامۆستای سۆکرات بووە، چیرۆکی لەدایکبوونی خۆشەویستی(ئیرۆس)دەگێڕێتەوە:؛کاتێک خواوەندکان بە بۆنەی لە دایکبوونی ئەفرۆدیتی خواوەندی جوانی و چێز کۆبوونەوە. ئیرۆس لە باوکێکی دەوڵەمەند «پۆرۆسی خواوەند» و دایکێکی هەژار«پێنیا» لەدایکدەبێت. لە کۆتایی خوانەکەشدا ئەلسیبادێس لەتەنیشت سۆکرات پاڵدەکەوێ و پێیوایە سۆکرات ئاشقی بووە و دەیەوێت جونیەکەی لەگەڵدا بگۆڕێتەوە … سۆکرات بەرامبەرەکەی ناچار بە ئارەزووکردن دەکات. لێرەدا فەلسەفە کەوتنە ژێر جوڵەی ئارەزووە. ئەوکاتیش هەوڵی مانەوە لەناو فەلسەفەدا دەدەین. پرسیاری بۆ فەلسەفەکردن دەبێتە بۆ ئارەزووکردن؟ وەڵامی ئەم پرسیارەش بۆ گەڕان بەدوای ئەویتردا؟ سەرەنجام فەلسەفە ئارەزوویەکی بێکۆتایە بۆ دانایی و بۆ ئەویتر.
ژیل دولۆز و گواتاری پێناسەیەکی تەواو جیاواز بۆ فەلسەفە دەکەن و پەیوەستی دەکەن بە ژیانە واقیعییەکەوە. هەروەها دووانەیی سوبيکت/ئۆبێکت تێک دەشکێنن. فەلسەفە لە بیرکردنەوەی موجەڕرەدانەوە دەگۆڕن بۆ داهێنان و بەرهەمهێنانی چەمک. ئەم داهێنانە لەخزمەت ژیاندایە، بەرهەمی هاوڕێیەتییە واتا دەستەجەمعییە نەک عارفانە. بەرمەبنای پێدکدادانی دژەکان نییە، بەڵکوو بەرەنجامی دیالۆگی جیاوازە. لای دولۆز هاورێیەتی و ئارەزوو پەیوەست دەکرێن پێکەوە، بەڵام ئارەزوو لای ئەو تەنیا خۆی خۆی بەرهەم دێنێ و ماشێنی خۆیەتی، جیاواز لە ئارەزووی دەروونشیکاریی فرۆیدی. خۆشەویستی گەر لای پلاتۆ ڕێگەیەک بێت بۆ گەیشتن و سەرکەوتن بەرەو جیهانی ئیدیێ، لای دولۆز و گواتاری، پڕۆسەیەکی خەلاقانەیە، فۆڕمێکیتری هاوڕێیەتییە. وەختێک ئاشق دەبین سیرورەیەک جێ دەهێڵین و دەچینە سەیرورەیەکی ترەوە.
داخۆ ئاشقان لەم ڕۆژەدا دەتوانن لەبری دیاری و گوڵی سوور وتووێژێک ساز بکەن؟ و پرسیارێکی نوێ دابهێنن؟ هاوکات بەڵێ بۆ ئەشق بکەن. بەڵێکردن بۆ ئەشق بەڵێکردنە بۆ فەلسەفە، ئەمەش بەڵێکردنە بۆ ژیان.
سەرچاوە؛
1- گفتوگۆکان/ ژیل دۆڵۆز، کلەیر پارنێت/ دەربارەی فەلسەفە، ئەدەب، دەروونشیکاری، سیاسەت/ هاوار محەمەد کردوویەتی بە کوردی/ چاپی یەکەم 2020/ بڵاوکار؛ ناوەندی غەزەلنووس.
2- چییەتی فەلسەفە یان چی بە فەلسەفە ناودەبرێت/ بابەت: فەلسەفە/ نووسەر: ئازاد حەمە/ چاپی یەکەم 2021/ بڵاوکار: دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان.