دەنگدانی ئەم دوایەی پەرلەمانی ئێراق بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، مشتومرێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە ئەم هەموارکردنە پەیوەستە بە یاسای باری کەسێتی ئێراقی ژمارە(١٨٨)ی ساڵی (١٩٥٩)، کە بەیەکێک لەو یاسایانە دادەنرێت سروشتێکى تایبەتى هەیە چونکە ڕێکخستنی خێزان و باری تاکەکان لەخۆدەگرێت و بەسەر (٩٤) مادەدا دابەشبووە، کە نیو سەدە زیاترە لە ئێراقدا کاری پێدەکرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
لایەنى گرنگی ئەم هەموارە ئەو بڕگانەیەتى کە پەیوەستن بەخێزانەوە، کە نارەزایەتییەکانی دەربارەى ئەم هەموارکردنەى بەدواى خۆیدا هێناوەة چونکە چەند بڕگەیەکی تیایە بەتەواوى کاریگەرى لەسەر پێگەى ئافرەت وبارى خێزان هەیە وەک ڕێگەدان بە هاوسەرگیری مندالانی خوار تەمەنی ڕێگە پێدراو و بێبەشکردنی دایکان لە میرات و موڵک و هەروەها بێبەشکردنیان لە ئەرکی سەرپەرشتیکرنی منداڵەکانیان، ئەمانە پێشێلکردنی مافەکانی ڕەگەزی مێینە و منداڵانە و هەڕەشەیەکی کۆمەلایەتیشە لەسەر کۆمەڵگە بەگشتى، کە ئەم بابەتانە زیاتر لە مادەکانی ٢ و ٤ و لە بڕگەی ٥ ی یاساکەدا هاتوون، کە دەسەڵاتی پیاوان بەسەر ژنان و منداڵانی کچدا بەهێزدەکات.
ئەگەرچی لەساڵی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێراقی سەر بە مەزهەبى شیعەوە لەپارلەمانی ئیراق پرۆژەیەکیان بۆ هەموارى یاساکە پێشکەشکرد تاوەکو خوێندنەوەی لەسەربکرێت، بەڵام بەهۆى بەرزبوونەوەى ناڕەزایەتیەکانەوە هەوڵ درا ڕێگرى لە هەموارەکە بکرێت، کەچی لەدواى ئەوە بە هۆى ڕیکەوتنە سیاسیەکانەوە یاساکە دەنگی لەسەردرا و بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
ئەگەرچی چەند گۆڕانکارییەک لەبرگەکانى یاساکەدا کراوە، وەک ئەوەی تەمەنی بەشودانی کچانی ٩ ساڵ بەرزبکرێتەوە بۆ ١٥ ساڵ و بەخواست وڕەزامەندیی دایک و باوکەکە بێت، بەڵام لە هەموو بارێکدا بەزیانێکی گەورەی خێزان و کۆمەڵگە دەشکێتەوە و یاساکان ڕۆڵیان نابێت و کاریان پێناکرێت، جیبەجێکردنی ئەم یاسایە لەکاتێکدایە کە لەناوچە عەرەب نشینەکانی ئێراقدا کچان لەتەمەنێکی زووتردا باڵغ دەبن بەو پێیەی کە کەشوهەوایەکی گەرمیان هەیە وئەوەش کاردەکاتە سەر لایەنی بایەلۆژی تاکەکان، بەڵام ئەگەر بێینەوە بۆ کوردستان کە بەهەمان جۆر لێرەش ناوچەی گەرمەسیرمان هەیە و هەمان دۆخی تێدا ڕودەدات.
سەرباری گۆڕانی کەشوهەوا، هاوردەکردنی خواردنی خراپ و بەکارهێنانی خواردنە خێراکان و دوکان و مارکێتەکان کە بوون بەژەمێکی سەرەکی خواردنی منداڵان و ئەمانەیش کاریگەری گەورە دەکەنە سەر خێراکردنی گەشەی مناڵان و هۆرمۆنیان تێکددات و وایان لێدەکات زووتر باڵغ ببن، کەئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی چوونی منداڵ بۆ قۆناغی هەرزەکاری، زیاتر هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پیتزا و جپس و هەندێک لەو خواردنانەی کە منداڵ رۆژانە بەکاریان دەهێنێت رێژەیەکی زۆریان لە شیر و پەنیریی دەستکرد دروستکراون، کەرێژەیەکی زۆری مادەى (پرۆجیسترۆن)یان تێدایە، کە هۆرمۆنێکی میینەیە و ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى رێژەی ئەو هۆرمۆنە زیاتر ببێت و وایان لێبکات زووتر لەتەمەنی خۆیان باڵغ ببن.
هەربۆیە ئەو باڵغ بوونە مانای ئەوە نییە ئەم منداڵە ئیتر گەورە بووە و دەبێت بەشوو بدرێت یان تواناى شوکردنى هەیە، لە کاتێکدا لەڕووى تەمەنەوە هێشتا منداڵە و سەرەتای تەمەنی هەرزەکاریانەیەتى، بۆیە ئەو پرسیارە دێتەکایەوە کە ئەگەر کچێک لەو تەمەنە بەشوو بدرێت ئایا لەڕوی بایەلۆژیەوە توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتیە گەورەی دەبێت کە هاوسەرگرییە؟ کە لەو پرۆسەیەدا منداڵ بوون دێتە کایەوە کە ئەو کچە خۆى هێشتا منداڵە و لەڕوى بایۆلۆژیەوە منداڵدانی گەشەی نەکردووە، ئەمەیش دواتر دوبێتە هۆى زیادبوونى ڕێژەی منداڵبوونی نەبەکام و خاوەن پێداویستی تایبەت لە کۆمەڵگادا. ئەمە سەرباری ئەوەی دەبێتە هۆی شپرزەییەکی گەورەی خیزانی و کۆمەڵگا بەگشتى و هەتا زیان وبارقورسی گەورەی بۆ سەر دادگاکان و ناوەندە پەروەردەیەکانیش دەبێت، چونکە خیزانەکان دەبێ ئیتر وەک کچێکی گەورە مامەڵە لەگەڵ ئەو کچە منداڵەدابکەن و یاسایش ڕێگەى بەمە داوە.
بۆ بابەتى سەرپێچی یاسایی و گەرەنتى کردنى مافەکانی ژنان و ئەو کچە منداڵە بەشودراوانەیش ئیتر کار وباریان وەک جاران لە ژێر چاودێرى دەزگا پەیوەندیدارەکاندا نییە و گەرەنتى مافەکانیان ناکرێت و پەراوێزخستنى یاسا ئاسان دەبێت چونکە بە پێى یاساکە دەتوانن لەدەرەوەى دادگا پرۆسەکە بەئەنجام بگەیەنرێت، ئەگەر هەر ئێستایش چاوێک بە ئامارەکانى دادگاکاندا بخشێنینەوە دەبینین ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لەهەڵکشاندایە، کە هۆکارێکى سەرەکى ئەوەیش بەهۆی بەشوودانی کچانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و هاوسەرگیری پێشوەختەوەیە کە گرێبەستەکانیان لەدەرەوەى دادگاکان ئەنجامدراون.
سەبارەت بەناوەندەکانی تریش وەک پەروەردە، دەبێت هاوشێوەی قۆناغی ئامادەیی پرۆگرامەکانیش گۆڕانی بەسەردا بێت چونکە بەو پێیە بێت قوتابی پۆلی چواری سەرەتایی دەگرێتەوە وسەرەرای ئەوەش ئەم یاسایە قوتابییە کچەکان لەخوێندن بێبەش دەکات، لەگەڵ ئەوەیشدا رۆڵی پەرەوەردەکار و دەروونناس و کۆمەڵناسانیش بەپێى ئەم یاسایە دەبێت بگۆڕێت، چونکە لەبری ئەوەی بەپێی تەمەنەکانی منداڵێتی ڕێسا و رێنمایی پەرەوەردەیی بدەن بە دایبابان ئیتر دەگۆڕێت بۆ ئەوەی چۆن کچە منداڵەکەیان ئامادە بکەن بۆ شوکردن و سەردەرکردن لەگەڵ وەها پرۆسەیەکدا!
لەلایەکی تریشەوە ئەم هەموارە لە حاڵەتى جێبەجێکردنیدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە دەروونییەکان و کێشەی کۆمەڵایەتیەکان و لەدەستدانی ئاساییشی کۆمەڵایەتیی بۆ منداڵان، چونکە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی منداڵ بەپێی (فیقهی جەعفەری) کەبنەماى یاساکەیە، لاى دایکان نیە، بەڵکو بەپێى ئەو فیقهە دوای جیاونەوەی هاوسەران دایکان دوو ساڵ بۆیان هەیە ئەرکی لەخۆگرتنی منداڵەکانیان لەئەستۆ بگرن و دواتر لێیان وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە بەپیاوەکە، هەروەها ئەم یاسایە ڕێگە بەپیاوان دەدات زیاد لەچەند ژنێکیان هەبێت بەبێ گەرانەوە بۆ خواستی هاوسەری یەکەمییان و تەنانەت بڕیاری جیابوونەوەیش لەدەستی پیاوەکەدایە ومافی جیابوونەوە لەژنان زەوت کراوە، کە بێگومان ئەوانە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا هیچ یەکناگرێتەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمان ودامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و بەهیچ کلۆجێک ڕێگە نەدەن و دەرفەت نەکەنەوە بۆ جێبەجێکردنى ئەم یاسایە، چونکە بەمە دەتوانین دیوێکی پێشکەوتن و جیاوازى خۆمان نیشانی جیهانی دەرەوە بدەین، لەمەیشدا دەستورى ئێراق ئەو مافەى بە هەرێمى کوردستان داوە ڕێگرى لە جێبەجێکردنى یاساکانى ئێراق بکات و بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمانى کوردستان لە کوردستان نابنە یاسا، ئەمەیش دەرفەتێکى باشە بۆ ئەوەى خۆمان لەو یاسایە بەدور بگرین وخێزانەکانمان بپارێزین لە لێکەوتە خراپەکانى کە دژ بە جاڕنامەى جیهانى مافەکانى مرۆڤ و گشت بنەما مرۆییە نێودەوڵەتیەکانە.