“لە ساڵیادی (42)ساڵەی شەڕەكەی گوندی كوڵەبانی ناوچەی جەباری دا”
“دەروازە”
ئەم ساڵ (42) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر شەڕەكەی گوندی كوڵەبانی ناوچەی جەباریدا، كە لەلای خەڵكی گوندەكە و دانیشتوانی ناوچەی جەباری بە (ڕۆژە ڕەشەكەی كوڵەبان) دادەنرێت، چل و دووساڵ پێش ئێستا لە ڕێكەوتی (8/2/1983)، ڕژێمی پێشووی ئێراق بە هێلیكۆپتەری جەنگی هێرشێكی، هەڕەمەكی بێ ڕەحمانەی كردە سەر گوندی كوڵەبانی ناوچەی جەباری و شەهید و برینداری لێكەوتەوە، ئەم هێرشە لەكاتێكدا بوو هێزێكی پێشمەرگەی كەرتی چواری جەباری لە گوندی كوڵەبان سەنگەریان دابەستبوو، ئەو ڕۆژە خەڵكی گوندەكە و پێشمەرگەكان ڕۆژێكی سەختیان بەڕێ كرد لەژێر بۆردومانی بێ ڕەحمانەی هێلیكۆپتەرەكانی ڕژێمی بەعس، لەو ڕۆژەدا جگەلە زیانی گیانی، زیانێكی زۆری ماددی بەر ناوچەكە كەوت بەجۆرێك جگەلەوەی گوندەكە ڕوخێنرا و ڕەزوباخەكانی سوتێنران هاوكات بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەكی بەعسیەكانەوە لە گوندەكانی (كوڵەبان و هەنارە و مۆردانە و سیامەنسور). قوربانی گیانی هەبوو. ئەم ڕووداوە كارەساتێكی گەورە و جینۆسایدێكی تری بەعسیەكانە دەرحەق بە هاونیشتیمانیانی گوندی كوڵەبان و گوندەكانی دەوروبەری.
“ناوی گوندی كوڵەبان”
لەڕووی ناو و زاراوەوە، ناوی كوڵەبان ناوێكی لێكدراوە. لە (گوڵی بان)، یاخود كوڵ/ە/بان (كورتە بان)ەوە هاتووە. خەڵكی گوندەكە جەخت لەوەدەكەنەوە “ناوی كوڵەبان، لە (گوڵەبان)ەوە هاتبێت. بەو پێیەی هەڵكەوتەی گوندەكە، لە (بان)ێك پێكهاتووە، ئەم لاو ئەو لای بە دوو چەم دەورە دراوە. ئەوانیش بریتین، لە چەم دەروێشو چەم باخێل (داربەگی). لە ناوەڕاستی گوندەكە، بانێكی بەرزتر و تەخت هەیە پێی دەڵێن (بان كۆسپیەكە). جا لە كۆندا لە تەختی (بان كۆسپیەكە) گوڵ ڕواوە، بەتایبەتی گوڵی زەردو سوور بۆیە پێیان وتووە (گوڵەبان)”. بەڵام بەپێی تێپەڕبوونی كات، ئەم ناوە لەڕووی دەربڕین (زارەكی)یەوە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لەبەرئەوەی لە عەرەبیدا پیتی (گ) نیە، دواتر وشەی (گوڵەبان) گۆڕاوە بۆ (كوڵەبان). دەشگونجێت ناوی كوڵەبان، لە دوو وشەی لێكدراوی وەك: (كوڵ+ە+بان = كوڵەبان)، واتا بانی كوڵ (كورتە بان)ەوە هاتبێت. پیتی (ە) بزوێنەكە ناوبەندە.
“پێگەی جوگرافی گوندی كوڵەبان”
گوندی كوڵەبان لەڕووی سنووری خێڵەكیەوە، سەر بە (هۆزی جەباری)یە. شوێنی جوگرافی گوندەكە وەك بەشێك لە گوندەكانی تری ناوچەی جەباری، لەڕووی فیزۆگرافییەوە دەكەوێتە ناوچەی نیمچە شاخاوی. سنووری گوندەكە، بەم جۆرەیە، “گوندەكانی (قەرەوەیس و شێردەرە و هەنارەی محەمەد شەریف و مۆردانە و جافان و سەوسكە) بەدەوریدایە. لەنێوان گوندەكەدا، ڕێگایەكی گشتی (چەمچەماڵ-بانی مەقان-قادركەرەم)، گوندەكە دەكات، بە دوو لەتەوە بەدیوی لای باكوری ڕۆژهەڵاتی زنجیرە چیای سەڵباتوو، كە درێژكراوەی زنجیرەی بانی مەقانە. هاوسنوورە لەگەڵ “گوندەكانی قەرەوەیس و شێردەرە لە باكور، لە باشوریش گوندی مۆردانە. لە ڕۆژهەڵات گوندەكانی جافان و سەوسكە لە ڕۆژئاوا گوندەكانی شێردەرە و هەنارەی محەمەد شەریف”.
“شوێنی ئەسترۆنۆمی و ڕووبەری گوندی كوڵەبان”
گوند لەڕووی جوگرافییەوە جۆرێكە لە نشینگەی مرۆیی. بەوە پێناسە دەكرێت: “گشت ئەو ئاوەدانیانە دەگرێتەوە كە سیفەتی كارگێڕییان نییە. واتا نەمەركەزی ئەستانەو نە هی قەزاو نە هی ناحیە”. بەپێی بۆچوونی ئۆگەست كۆنتی كۆمەڵناس كۆمەڵگە بریتییە لە پرەنسیپی گردبوونەوەی تاكەكان. جا ئەو كۆمەڵگەیە بچوك بێت، وەكو گوندەكان یان گەورە بێت وەكو شارەكان. گوندی كوڵەبان، یەكێكە لە گوندەكانی هۆزی ساداتی جەباری. لەڕووی ئیدارییەوە لە كۆندا سەر بە ناحیەی قادركەرەم بوو. لەئێستادا یەكێكە لەو (21) گوندەی كە سەر بە ناحیەی (تەكیەی جەباری)یە، لە قەزای چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی. شوێنی ئەسترۆنۆمی گوندەكە بەم شێوەیە “گوندی كوڵەبان دەكەوێتە نێوان بازنەكانی پانی (39:22:35) باكوور، هەروەها هێڵەكانی درێژی (45:47:44) رۆژهەڵات. هەرچی ڕووبەری گوندی كوڵەبانە، لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ كەرتی (39)ی وەرگرتووە “نزیكەی (12)كم دەبێت”. بەم شێوەیە دابەشبووە “ڕووبەری زەوی بەراو 3/3259 دۆنم. ڕووبەری زەوی دەیم 2/120 دۆنم. ڕووبەری زەوی صخریە 10/2180 دۆنم. ڕووبەری زەویەكانی تر بە (4/64) دۆنم، مەزەندە دەكرێت”. نەخشەی ژمارە (1)
نەخشەی (1)، گوندی كوڵەبان، بە شێوەی نەخشەی كادسترۆ
وێنەی گوندی كوڵەبان
“ناوچەی جەباری و گوندەكانی”
ناوچەی جەباری ناوچەیەكی پان و بەرین كەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی كەركوك، شوێنی نیشتەجێبوونی هۆزی ساداتی جەبارییە لە زیاتر لە (32-34) گوند پێكهاتووە، لە ڕووی كارگێڕییەوە لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە گوندەكانی سەربە ناحیەی تەكیەی جەبارییە، ناحیەكەش یەكێكە لە ناحیەكانی قەزای چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی، هەتا پێش پرۆسەی ئازادی ئێراق لە (بەهاری 2003). ناوچەكە بەشێك بووە لە ڕووبەری جوگرافیای ناحیەی قادركەرەمی سەربە قەزای دوزخورماتووی سەربە پارێزگای تكریت سڵاحەدین. ئەمە جگەلەوەی بەشێكی زۆر لە گوندەكانی ناوچەی جەباری لە مێژووی دوورونزیكدا لە ڕووی كارگێڕییەوە دابەشكراون بەسەر ناحیەی قادركەرەم و ناحیەی لەیلان و ناحیەی قەرەهەنجیر و ناحیەی شۆڕش. ئەگەر سەرنجی نەخشەی هۆزی جەباری بدەین، ئەوا كوڵەبان یەكەمین گوندە، لە بەشی باكوری جەباری. سنوری ناوچەی جەباری لە ناوچەی قەرەحەسەن جیادەكاتەوە. بڕوانە نەخشەی (2)
نەخشەی گوندەكانی هۆزی ساداتی جەباری
“كەرتی چواری جەباری، ئەفسانەی شۆڕشی نوێ”
كەرتی چواری جەباری یەكێك بوو لە كەرتە چالاكەكانی تیپی (57)ی سەگرمەی سەربە مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سنووری جوگرافی چالاكییەكانی ئەم كەرتە ناوچەیەكی فراوانی گرتبووەوە لە ڕۆژهەڵاتی كەركوك و ناوچەكانی قەرەحەسەن و جەباری و بنارگل و شێخان)، ناوچەی جەباری بە قوڵایی چالاكی و شوێنی مانەوە و تەراتێنی كەرتەكە ناسرابوو، بەهۆی ئازایەتی فەرماندەی كەرتەكە كە (مامە ڕیشە)بوو، لە تەواوی كوردستان و ئێراقدا ناوناوبانگیان دەنگی دابووە، كەرتەكە خاوەن ژمارەیەك پێشمەرگە و چەند مەفرەزیەك و كۆمەڵێك هێزی پشتگیری بوو كە لە خەڵكی شاری كەركوك و دەوروبەری و ناوچەكە پێكهاتبوون، لەو ماوەیەدا، بوون بە ئەفسانەی شۆڕشی نوێ و چەندین شەڕ و داستانیان تۆمار كرد، كە بە خوێنی گەشی چەندین شەهید و بریندار و قوربانی، چیرۆكی نەبەردی و گیانبازییەكانیان نووسیەوە. هەر بەهۆی شەڕ و چالاكییەكانی كەرتی چواری جەبارییەوە چەندین هاوڵاتی سڤیلی خەڵكی ناوچەكە شەهید و برینداربوون، ناوچەی جەباری و گوندەكانی زەرەروزیانێكی گیانی و ماددی زۆریان بە شۆڕش بەخشی.
“شەڕی كوڵەبان؛ گێڕانەوەی چیرۆكی مەرگ و خوێن”
شەڕی كوڵەبان، ئەو شەڕە بوو لە بەرواری 8/2/1983، لە گوندی كوڵەبانی ناوچەی جەباری، هێلیكۆپتەرەكانی سەربازی ڕژێمی ئێراق هێرش دەكەنە سەر گوندی كوڵەبان و بەشێوەیەكی هەڕەمەكی و بێ ڕەحمانە گوندەكە بۆردومان دەكەن لەوكاتەدا پێشمەرگەكانی كەرتی چواری جەباری بە فەرماندەیی مامەڕیشە، لە سەنگەردا دەبن و بەرەنگاریان دەبنەوە، پاش شەڕێكی قورس لە نێوان هەردوولادا بە شەهید بوونی چەند هاووڵاتییەك بە ناوەكانی “حەبیب محەمەد عارف” لە كوڵەبان، “ئەمین ئەحمەد هەنارەیی و هێرشی ئەحمەدی كوڕی” لە گوندی هەنارە و “جیهاد محەمەد رەشید، لەتیف محەمەد جەلال”، لە گوندی مۆردانە و “جیهاد محەمەد خدر و كەسێكی تر” لە گوندی سیامەنسور. و برینداربوونی نزیكەی (10)كەس لە دانیشتوانی سڤیلی گوندی كوڵەبان كۆتایی بە شەڕەكە هات. دوای شەڕەكە گوندەكانی (كوڵەبان، هەنارە، مۆردانە). بەتووندی كەوێتەبەر بۆردومانی ئاسمانی هێلیكۆپتەری ڕژێمی بەعس.
لە مێژووی ناوچەكەدا، ئەم ڕێكەوتە (8/2/1983) و شەڕەكە بە (ڕۆژە ڕەشەكەی كوڵەبان) ناودەبرێت. بەهۆی بۆردومانكردنی گوندەكە بە هێلیكۆپتەر. دەرەنجامەكەی چەند شەهید و بریندارێكی لێكەوتەوە، لەوانە شەهید “حەبیب محمد عارف كوڵەبانی” لە گوندی كوڵەبان و شەهیدان “ئەمین ئەحمەد هەنارەیی و هێرشی ئەحمەدی كوڕی” لە گوندی هەنارە، كە دەكاتە خەزووری شەهید حەبیب محەمەد.
هەروەها برینداربوونی چەندین هاووڵاتی سڤیلی گوندی كوڵەبان بە هەردوو ڕەگەزەوە، لەوانە (خوشك و برایەك بەناوەكانی ڕێبوار حەبیب محەمەد و ڕەزێ حەبیب محەمەد، كوڕ و كچی شەهید حەبیب محمد، ڕەزێ هەرلەوێدا قاچێكی پەڕی. دوو برا بەناوەكانی لەتیف حەسەن عەبدوڵڵا و براكەی فەتاح حەسەن عەبدوڵڵا، ژن و پیاوێك بە ناوەكانی ڕەحمان شكور محەمەد و خێزانەكەی فەهیمە سابیر محەمەد. دایك و كچێك بەناوەكانی سەبیحە عەلی كەریم و كچەكەی نەسیحە باباعەلی، حەسەن عەلی وەلی ناسراو بە (مام ئەولیا). هەروەها لەم شەڕەدا بەعسیەكان تەواوی خانووەكانی گوندی كوڵەبانیان تۆپاران كرد و ڕووخاندیان و هەرچی كێڵگە و ڕەزو باخەكانی گوندەكەش هەبوو سووتاندیان. خەڵكی گوندەكەش ئاوارە و ماڵبەكۆڵی گوندی هەنارە و گوندەكانی دەوروبەریان بوون.
“شەڕی كوڵەبان لە دیدی پێشمەرگەكانی كەرتی چواری جەبارییەوە”
شەڕی گوندی كوڵەبان و هۆكاری هەڵگیرساندنی لە دیدی پێشمەرگەكانی كەرتی چواری جەباریدا بەگێڕانەوەی جیاواز باسكراوە هەندێك وا ناوی دەبەن (ئەو شەڕەی، كە نەدەبوو ڕووی بدایە)، هەندێكی تر هۆكارەی دەگێڕنەوە بۆ ڕزگاركردنی (سەرباز)ێكی دیلی ڕژێمی بەعس كە لای پێشمەرگە بەدیل گیرابوو. چیرۆكی شەڕی كوڵەبان لە دیدی تۆفیق خورشید ڕەشید(شەوانەی كادێر)، پێشمەرگەی كەرتی چواری جەباری، لە لاپەڕە (193، 193)ی كتێبەكەیدا “ڕەنجی دایكم و شۆڕشی ئێمە” بەم شێوەیە هۆكاری هەڵگیرساندن و ڕوودانی شەڕەكە باس دەكات و ئاماژە بەوە دەكات: (سەربازێكی ئێراقی لەسەر جادەی (چەمچەماڵ-سەنگاو) بەدیل گیرابوو پاش ئەوەی كە چووینە گوندی كوڵەبانی ناوچەی جەباری، ئۆتۆمبێلێكی جۆری كراون كە بە میوانی دەگاتە گوندی كوڵەبان، كات هێشتا زوو بوو، مامە ڕیشە وتی: ئەڵێن چی ئەم سەربازە بەم ئۆتۆمبێلە بنێرینەوە بۆ چەمچەماڵ؟ وتم ئاساییە هێشتا زووە، وتی پەنا بەخوا با بڕواتەوە. وتم مادام كارەكەت دایە دەست خوا، من قسەم نەما. مامە ڕیشە بە كابرای شۆفێری وت ئەم سەربازە دیلە لامانە و گوناحە، بەڵكو بیگەیەنیتە چەمچەماڵ و حەقەكە چەندە دەت دەمێ كاكی شۆفێر وتی مامە ڕیشە قسەی وامەكە باسی پارە مەكە بەسەرچاو. هەر بەگەیشتنی سەربازە دیلە گوناحەكە بە چەمچەماڵ (دیار بوو ناوی تەواو و شوێنی گوندەكەی وەرگرتبوو). پاش كەمتر لە یەك سەعات سێ هێلیكۆپتەری شەڕكەر هاتنە سەر ئاسمانی ناوچەكە نزم نەبوون (دەكرا هەر شەڕ دروست نەبووایە). هێزی پیادەیان لەگەڵ نەبوو، دوای دوو سووڕ بەسەر گوندەكە(كوڵەبان). مامە ڕیشە یەك گولە (ئاڕ پی جی) پێوەناو بەری نەكەوت، هێلیكۆپتەرەكان هێندەی تر شێلگیر بوون و خەڵكی گوندەكە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و بەرە و چەم و هەردە و هەڵەتەكان ڕایان كردبوو، هێلیكۆپتەرەكان تەقەی ڕەشۆكی خۆی كرد لە گوندەكانی ناوچەكە شەهید و برینداری لێكەوتەوە لەوانە لە گوندی هەنارە “شۆڕش و سەید ئەمین ئەحمەدی باوكی” شەهیدبوون لە گوندی مۆردانە “لەتیف محەمەد جەلال و جیهاد محەمەد رەشید” شەهید بوو، لە گوندی سیامەنسور “جەلال حاجی خدر و كەسێكی تر” شەهید بوون، لە گوندی كوڵەبانیش “حبیب محەمەد عارف” شەهید بوو، جگەلە برینداری ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە).
لە تۆماری گرتە ڤیدیۆییەكی (بەختیار بچكۆل)دا، كە یەكێك بوو لە پێشمەرگەكانی كەرتی چواری جەباری و لە ڕێكەوتی (8ی تەمووزی 2022) لە واڵی خۆی لە فەیسبوكەكەی پۆستی كردووە، بەم شێوەیە شەڕی گوندی كوڵەبان دەگێڕێتەوە:- كاتێك ئۆتۆمبێلێك لە قادركەرەم(ناوەندی ناحیەی قادركەرەم بوو ئەوكاتە بەدەست ڕژێمەوە بوو، ئازاد نەكرابوو-نووسەر)ەوە هات سەربازێكی قوەت خاسەی بەعسی تێدابوو، بە دیل گرتمان سەربازەكە ناوی (عادیل بوو یاریچی نادیەك بوو لە بەسرە)، تفەنگی پێ نەبوو تەنیا یەك قەمە(حەربە)یەكی پێ بوو. دواتر هاتین بۆ گوندی كوڵەبان دیلەكەمان لەگەڵ خۆمان هێنا و شەوێك لە گوندەكە ماینەوە بۆ ڕۆژی دواتر واتا (8/2/1983)، هێلیكۆپتەر هاتە سەرمان و شەڕ ڕوویدا ئێمەش وەكو پێشمەرگەكانی كەرتی چواری جەباری لە ناو گوندەكەدا بڵاوبووینەوە بۆ شەڕ، شەڕێكی درێژخایەنمان ئەنجامدا زیاتر لە دوو سەعات شەڕمان كرد. هەندێكی تر لە پێشمەرگەی كەرتەكەمان لە گوندی خاڵۆبازیانی بوون كە گوێیان لە شەڕ و دەنگی تۆپ بوو دەوری ئێوارە گەیشتنە لامان بۆ هاوكاری، هەرچەندە ئێمە بێ زیان بووین. بەڵام بەداخەوە یەكێك لە خەڵكی گوندەكە “حهبیب محەمەد” شەهید بوو. لە مۆردانەش شەهید هەبوو، جگەلە بریندارێكی زۆر. ئەوەی لەو دوو گێڕانەوەیەدا ناكۆكە شوێنی گرتنی دیلەكەیە كە شوانەی كادێر شوێنەكە بە ڕێگەی (سەنگاو-چەمچەماڵ) ناودەبات كەچی بەختیار بچكۆل بە سەر ڕێگای (قادركەرەم-چەمچەماڵ)، وادیارە ئەو شوینەكەی كە ئاماژەیان پێداوە ملەی سێ ڕیانی (قادركەرەم-سەنگاو-چەمچەماڵ)ە.
“شەڕی گوندی كوڵەبان، یان ڕۆژە ڕەشەكەی كوڵەبان لە ئەدەبیاتی ناوچەكەدا”
لێرەدا ئاماژە بە شەڕەكە دەكەین لە ئەدەبیاتی ناوچەكە و لای شاعیرانی ناوچەی جەباری، دوو نموونەی شیعری دوو شاعیری ناوچەكەمان وەرگرتووە كە شیعریان بۆ شەهیدانی شەڕەكە و مەینەتیەكانی ناوچەكە وتووە، ئەوانیش:-
یەكەم:- كۆچەر، كە ناوی تەواوی (موعتەسەم شێخ جەعفەر جەباری)یە، لە ساڵی (1968) لە گوندی زەوج، لەدایك بووە، لە ڕێكەوتی (8/4/1988)، كەوتە بەر شاڵاوی ئەنفال و لە پرۆسەی ئەنفالدا وەك هەزاران كوردی ئەم نیشتیمانە شوێنبزركرا. (كۆچەر)ی شاعیر لەوكاتەی ڕوداوەكە ڕوویدا گەرماو گەرم لە ڕێكەوتی (8/2/1983) لە هۆنراوەیەكیدا بەناوی (شەهیدانی گوندەكانی هەنارە، مۆردانە، كوڵەبان). كە شێخ قورەیش شێخ جەعفەر جەباری برای، لە ساڵی (2017) و دوای (27)ساڵ لە ئەنفالكردنی شاعیر، شیعرەكانی كۆكردوەتەوە و لە دیوانێكدا بەناوی (كۆچەر)، بڵاوی كردوەتەوە، لە لاپەڕە (41)ی دیوانەكەیدا شاعیر دەڵێت:-
چەند دێڕێ هۆنراوەم هۆناوە زۆرجوان ناو شەهیدانم پێكرد دەستنیشان
ئەوانەی مێشكیان پژایە سەرخاك ترسمان ئەشكێنن لەڕۆژی سامناك
بەسۆزی جگەر دەروون پڕ لە خوێن كورد ڕۆژێ ئەبێ ببێ بەحەقسێن
شەهیدی خاكمان هەر لەبەر چاوە سووتاو لە ئاگر قەت نەترساوە
قوربانی لەڕێی خاكی نیشتیمان لامان پیرۆزە ناشكێنین پەیمان
چونكە مێژووی كورد وەها ناسراوە سەركەوتوو بووە شۆڕشی كاوە
میللەتی كوردیش نەوەی كاوەیە ناوی ئازایی وا بەدواوەیەوە
خەڵكی بەشەرەف ئەو دێهاتانە سەنگەر و پاڵپشت پێشمەرگەكانە
نەبەردی گەل و ڕۆڵەی كوردستان حەمك و ژاڵە ئەكاتە داستان
گەرمێن كوردستان سەنگەر بەچكەشێر بەرەنگار جەنگن ئازانە و دلێر
لە دووی هەشتاو سێ ناوچەی جەباری گوللە و ئاگری لەبۆ ئەباری
بەدەستی دووژمن ئەو دێهاتانە بۆمباران كرا بێ بەزەییانە
ئا ئەمانەیە ئەو دێهاتانە كوڵەبان، هەنارە لەگەڵ مۆردانە
هەزاران سڵاو بۆ ئەو شەهیدانە كە شەهید كران لە دێی مۆردانە
كاكە لەتیفم لاوێ لێهاتوو تامی ژیانی كە نەچەشتبوو
لەگەڵ كاك جەهاد هەرلەو دێیەدا گیانی شیرینی لەڕێی كوردا دا
دروودم هەیە بۆ گشت شەهیدان كە شەهید كران لە دێی كوڵەبان
سڵاو بۆ شەهیدانی مۆردانە وا بەبێ تاوان شەهید كرانە
ئەو هاوڵاتیانەی كە شەهید كران ئەمین سەید ئەحمەد پیاوی بە ئیمان
لەگەڵ كوڕەكەی كە شەهید كران چوونە ڕیز شەهید خاكی كوردستان
چەندەها شەهید وا گیان بەگیان لە پێناوی كورد بوون بە قوربانی
دووەم:- سەیدای جەباری،شاعیر ناوی (عەبدلڕەحیم ئەحمەد ئەمین)ە و لە (9/5/1964) لەدایكبووە، پیشەی مامۆستایە و لە كۆڕی خوێندەواریدا بەردەوامە و وانە بە نەوەكانی ئەم نیشتیمانە دەڵێتەوە. ئەو لە ڕێكەوتی (23/4/1984) لە هۆنراوەیەكیدا، كە لە ئەرشیفەكەیدا پاراستوویەتی بەوردی هەستی خۆی دەربڕیووە لەسەر شەڕەكەی گوندی كوڵەبان و ئەو ڕووداوەی بە (ڕۆژە ڕەشەكەی كوڵەبان) ناو بردووە و دەڵێت:
خەڵكی بزانن، دنیا فانی یە وەعدو پەیمانی، بۆ هیچ كەس نی یە.
ئەوە ئەنووسم، بە سۆزو گریان ڕۆژە ڕەشەكەی، دێكەی كوڵەبان
لە ڕۆژی هەشتی، مانگی دووی زستان ساڵی هەشتا و سێ، نەبینین كەسمان
لە پاش نیوەڕۆ، دوو كۆپتەر هەستان بۆگیان ڕەش و ڕووت، خاكی كوردستان
بەڵام ئەمجارە، بێ سێ و دوو هەستان بۆ بان جەباری، دێكەی كوڵەبان.
بە گولەی شەستیر، ئەو فاشیستانە چۆڵ و وێران بوو، ئەم دێیە جوانە
بە ژن و منداڵ، كەل و پاچە بوون چەند ماڵ و ئاژەڵ گشت، دەربەدەر بوون
بەبێ نان و ئاو، بێ خواردن و خەو ڕۆژی ڕووناكیان، گشت لێ بوو بە شەو
چەند خانوو ڕما، بوو بە كەلاوە ئەتووت سەد ساڵە، وێران كراوە
بەڵام ئەمانە، هەموو لەلایە من خەمێ گەورەم، لە نێو دڵدایە
هەر لەو كاتەیا، ئاگر باران بوو خاڵۆی شیرینم، لەگەڵ كاروان بوو
لە شاری كەركوك، دواجار هاتەوە كاتێ تەسریح بوو، بە ئاواتەوە
بەڵام داخەكەم، نەگەیشتە ئاوات گشت خەمی دنیایی، بردە قیامەت
ڕێگایی دا لە بەر، بەرەو كوڵەبان بە خۆشی و گەشی، بەڕوویەكی جوان
بەڵام لەپڕا، ئەو دوژمنانە هاتنە سەر سەری، بە نامەردانە
چەندێ ئیشارەت، چەندێ تەقەلا هیچ سوودی نەبوو، لەگەڵ دوژمنا
لەگەڵ دەسڕێژا، سنگی كون كون بوو لەگەڵ هاوڕێكەی، حەسەن هەدە بوو
هەر دوو بریندار، لەو سەر ڕێگایە بێ كەس كەوتبوون، لەو بەر سەرمایە
ماوەی چەند ساتێ، لەوێ مانەوە بۆ حاڵی خۆیان، ئەلاوانەوە
دەمەو ئێوارە، شەڕ كوژایەوە هەر كەس بۆ لایە، سەری نایەوە
بەڵام خاڵۆی من، بێ كەس و هاودەم خوێنی ڕەنگینی، ئەڕژا، وەكو چەم
نەبوو ڕێبوارێ یاخود خەم خوارێ وەك موسڵمانێ لەبۆی بنوارٍێ
دەمەو ئێوارە، بردیان بە هەر حاڵ بۆ خەستەخانەی، شاری چەمچەماڵ
بەڵام داخەكەم، بێ یەكێ خەم خۆر لەوێ ئاواتی، گشت بردە ناو گۆڕ
لە كاتژمێر یەك شەو، بۆ دواجار چاوی لە یەك نا، تا ڕۆژی قەرار
خاڵۆ تۆ ماوی، كێ ئەڵێ مردووی تۆ هەر ئەمێنی، تۆ كەی كۆچكردووی
سڵاو لە ئیش و كردەوەی جوانت سڵاو لە كۆڕی، ناو دیوەخانت
سڵاو لە بازووی، ڕێی مەردایەتیت سڵاو لە هەستی، پڕ كوردایەتیت
وەك قەڵایەك بووی، بۆ دێ كەی خۆتان یەكە دڵسۆز بووی، بۆ خاك كوردستان
ئەگەر هەژارێ یان لێقەوماوێ بتی بینایە، یەك تەنها تاوێ
تۆ دەستداری بووی، بەگوێرەی توانا ساحێب ماڵ نەبووی، ئەی خاوەن دانا
سڵاو لە كۆرپەی پاش، بەجێماوت سڵاو لە بەختی، ڕەشی داماوت
وەسفی كردەوە و پیاوەتیەكانت بۆم تەواو ناكرێ، ناونیشانت
بەڵام ئاخ فەلەك، لە دنیا چیتكرد هەزار وەك ئەوت، لە گۆڕا تونكرد
ئیتر سەد سڵاو، لە گیانی پاكت وتاری شیرین، كردەوەی چاكت
تۆ شەهیدێكی، وەك گشت شەهیدان بۆ سەربەرزی كورد، خاكی كوردستان
بێینەوە باسی، ئەم بۆردومانە بۆ دەستی خوێنین، ئەم دوژمنانە
هەروا نەوەستا، ئەم سەگە هارە تا چووە خوارێ، بەرەو هەنارە
لەوێش باوكێك و كوڕێكی نەوجوان بوونە قوربانی، بەدەست دوژمنان
لە دێی مۆردانە، لەودیو كوڵەبان دوو لاوی خوێن گەرم، دەرچوون لە ژیان
دنیا بۆ هیچ كەس، نامێنێ و نەبووە كردەوەی چاكە، دایم زیندووە
دەبا بمێنێ، بۆ یادگاری ناوم سەی ڕەحیم، ڕۆڵەی جەباری
“دەرەنجام و لێكەوتەكانی شەڕی گوندی كوڵەبان”
1. پێشمەرگەكانی كەرتی چواری جەباری شەڕێكی نابەرامبەریان ئەنجامدا، ئەگەرچی خۆیان سەلامەت بوون. بەڵام یەكێك لە لێكەوتەكانی شەڕەكەی گوندی كوڵەبان شەهید كردنی (شەش) هاووڵاتی سڤیلی خەڵكی گوندەكانی (كوڵەبان و هەنارە و مۆردانە و سیامەنسور) بوو. هەروەها برینداربوونی (9)كەس لە دانیشتوانی سڤیلی گوندی كوڵەبان، كە لە ڕووی دابەشبوونی ڕەگەزیانەوە بەم شێوەیەن، (4)یان لە ڕەگەزی مێ و (5)ەكەی تریان ڕەگەزی نێرە.
2. سووتاندنی ڕەزوباخەكانی گوندەكە و ڕووخاندنی خانوو ماڵەكانی گوندی كوڵەبان كە زیاتر لە (25) خانوو، دەربەدەربوون و ئاوارەبوونی نزیكەی (30) خێزانی گوندەكە، بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە.
3. ئەم ڕووداوە لە ئەدەبیاتی ناوچەی جەباری و لای شاعیرانی ناوچەكە لە هۆنراوەكانیاندا ڕەنگیداوەتەوە و بە (ڕۆژە ڕەشەكەی كوڵەبان) ناوی براوە و هۆنراوە و شیعریان بۆ كارەساتەكە و شەهیدان و مەینەتیەكانی دانیشتوانەكەی وتووە.
4. هەندێك لە بریندارانی شەڕەكە، لە ساڵانی دواتردا بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە بوون بە قوربانی، بەنموونە “ڕەحمان شكور محەمەد”. هەروەها هەندێكی تر لە بریندارەكان ئێستاش كاریگەری قورسی ڕووداوەكەیان لەسەر ماوە و وەك كەسی خاوەن پێداویستی تایبەت ماونەتەوە بەنموونە “ڕەزێ حەبیب محەمەد). ڕاستە بریندارەكان خەڵكی سڤیلن بەڵام لەناو شەڕدا برینداربوون و قوربانی ڕاستەوخۆی ڕوبەڕوبوونەوەی شەڕی نێوان ڕژێمی بەعس و هێزی پێشمەرگەی كوردستانن، لە كاتێكدا دەبوو، لەسەردەمی حكومەتی خۆماڵیدا، وەك قوربانی جەنگ تۆمار بكرانایە و حسابی تایبەتیان بۆ بكردنایە.
5. شەهیدەكەی گوندی كوڵەبان (حەبیب محەمەد عارف)، كە بە تۆپی هێلیكۆپتەرەكانی بەعس شەهید بوو، لە شەڕێكی بەناوبانگی كەرتی چواری جەباریدا و بە بەرچاوی پێشمەرگەكانی ئەو كەرتەوە شەهید بوو كەچی لە حكومەتی خۆماڵیدا هیچ حسابێكی بۆ نەكراوە و هەتاوەكو ئێستاش هیچ ئیمتیاز و ماف و شایستەیەكی دارایی پێ ڕەوانەبینراوە.
بیلۆگرافیای سەرچاوەكان:-
1. ئەسعەد جەباری، ڕۆژنامەی باسەڕە، ژمارە 86، 12ی كانونی دووەمی 2005.
2. تۆفیق خورشید ڕەشید(شوانەی كادێر)، ڕەنجی دایكم و شۆڕشی ئێمە، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، چاپخانەی كارۆ، سلێمانی، 2023.
3. شێخ قورەیش شێخ جەعفەر جەباری، دیوانی كۆچەر، چاپی یەكەم، كەركوك 2017.
4. كازم ئەحمەد سەدرەدین، لە پەراوێزی ئەنفالی سێدا گوندی كوڵەبان بە نموونە، چاپخانەی ناوەندی سارا، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2019
5. بەختیار بچكۆل، گرتەی ڤیدیۆیی، لە ڕێكەوتی 8ی تەموزی 2022، واڵی فەیسبوكی كەسی.
6. عەبدولڕەحیم ئەحمەد ئەمین، دەسنووس، كەركوك، ڕێكەوتی 11/3/2019.
7. بەختیار بچكۆل، چاوپێكەوتن، 8/2/2025