توماس ناگێل17، فەیلەسووفی هاوچەرخی ئەمریکی، دەڵێت گێڕانەوەی کامۆ لەسەر پووچی لە بن و بێخەوە هەڵەیە. ناگێل دەڵێت، “پووچی دۆخی ئێمە هەڵخێزراو لە لێکدژیی خەون و خولیاکانی ئێمە لە هەمبەر جیهاندا نییە، بەڵکوو بەرهەمهاتووی دژایەتییەکی ناخی خۆمانە”. .(Nagel،17) ئەم دژایەتییە ناخییەش ئاخێزراوی توانایی و هەڵکەوتوویی هەر تاکێکە بۆ پەیڕەوکردنی تێڕوانینێکی دەرەکی لەسەر ژیانی خۆی بەهەموو تایبەتمەندییە پڕ گرێ و گۆڵەکانی لەئان وساتی ململانێ و دەستەویەخەبوون لەگەڵ ئەو ژیانەدا. ناگێل دەڵێت گێڕانەوەی کامۆ لەسەر پووچی، کەبەگوێرەی ئەو پووچی هەڵخێزراوی لێکدژی خەون و خولیاکانی ئێمە لەگەڵ جیهاندایە، بەم هۆیە دەکەوێتە رێگەی هەڵەوە کە تەنانەت ئەگەر جیهان مانا و مەبەستێکی گەورەتریشی هەبوایە هەمدیس دۆخی ئێمە پووچ دەبوو:- ئەگەر بشێت ئامانجەکانی ژیانی تاکیی بخرێتە ژێر گومان، کەواتە دەتوانرێ پێشکەوتنی مێژووی مرۆڤایەتی، یان زانست، یان سەرکەوتنی کۆمەڵگا، یان مەلەکووت، دەسەڵات، و جەلالی خوداوەندیش هەر بە هەمان شێوە بخرێتە ژێر گومانەوە. .(Nagel،16-17)
بەڵام ئەم بەڵگە ئانینەی ناگێل نایسەلمێنێت کە کامۆ لە هەڵەدایە. ئەوپەڕەکەی، دەتوانێت پیشانی بدات کە پووچی دەتوانێ زیاتر لە راڤەیەکی هەبێت. توانست و ئامادەگی مرۆڤ بۆ گومانکردن لە هەر چەشنە پاساوێک کەبۆ باوەڕێک یان بەهایەک دەردەبڕدرێت بەسەر جۆرێک لە پووچی دا دەشکێتەوە. -لەراستیدا، چەشنێکی دەرهەست و فەلسەفی لە پووچی. لەلایەکی دیکەوە، ئەم “کەشف”ەی کامۆ کە تاقانە ماناگەلێک کە پێوەندییان بە چارەنووسی مرۆییەوە هەیە ئەو مانایانەن کە مرۆڤەکان بۆخۆیان وێکی دەنێن، دەبێتە هۆی چەشنێکی دیکە لە پووچی. – لەراستیدا، جۆرێک هەستی بێ ماڵ و حاڵیی لە جیهان دا. ئەم لێکدژییە دەشێت باشتر لەهەمووان لەرێگەی پێودانگ و پێوەری خودی کامۆ فام بکرێت: واتە مەسیحییەت. ئەگەر مەسیحییەت حەقیقەتی هەیە، کەواتە هەر کام لە هەڵبژاردنەکانی ئێمە مانا، بەها، و بەدواداهاتگەلێکیان هەیە کە گرێدراوی بەرژەوەندییە تاکییەکان و وێکهێنانە کۆمەڵایەتییەکان نین. بوون و ژیانی ئێمە، چ لەقۆناغی فانی یان تێپەڕ و چ لەقۆناغی ئەبەدی دا، بەشێک لەو پلانەیە کە خوداوەند بۆ هەموو دنیا کێشاویەتی. هەڵبەت دەشێت پرسیار بکرێت: “کە خودا بە چ هۆیەکەوە شتەکانی ئاوەها رێکخستووە و ریزبەندیی کردووە؟”. بەڵام گەڵاڵە بوونی ئەم پرسیارە ئەم راستییە ناگۆڕێت کە پلانی خوداوەند مانایەکی بەرزەڕۆیانە (ترانسێندێنتاڵ) دەبەخشێتە ژیانی ئێمە، کە رەنگە نەتوانین بەنیسبەتییەوە بێ سەرنج بین.
ئەگەر لەم بارەیەوە حەق بەدەستی کامۆ بێت کە دەڵێت جیهان نەداری ئەو چەشنە مانا یان فامهەڵگرییەیە کە بۆ ئێمە گرینگە، ئەدی بۆچی رێژەی کەسانێک کە ئەم نەدارییە تێدەگەن ئەوەندە کەمن؟ بەباوەڕی من وەڵامی ئاماژەبۆکراوی کامۆ ئەمەیە کە مرۆڤەکان پسپۆڕانە و شێلگیرانە خۆیان لەبارەی ماهییەت(چییەتی)ی واقیعی جیهانەوە فریو دەدەن و دینە سونەتییەکان، وەکوو مەسیحییەت، و ئایدۆلۆژییە فەلسەفییەکان، وەکوو مارکسیزم، ئوستوورەگەلێکن کە لەم رەوت و پرۆسێسەی فریواندن دا یارمەتیمان دەدەن. بەڵام ئووستوورەکانی دین و فەلسەفە تەنها نیشانەی ئامادەگی ئێمەن بۆ فریودانی خۆمان نەوەک هۆکرد(علت)ی ئەم خۆفریودانە. ئاوەها ئووستوورەگەلێک وەهمگەلێکی گەورەن کە دەبنە پەردەیەک لەسەر چاوی ئێمە لەهەمبەر پووچی دا. لە ژیانی رۆژانەشدا مرۆڤەکان بەئەندێشە و کردارانێک خوو دەگرن کە داڵدە و پەناگەیەکی بچووکیان لەهەمبەر پووچی دا بۆ رێک دەخات. مرۆڤەکان شانۆی ژیانیان بەماناگەلێکی ئاشنای وێکنراو و ساختە(جعلی) دەخەمڵێنن و مەکیاجی دەکەن. لەهەمان کاتدا، مرۆڤەکان ئەم هونەرە لە خۆیاندا پەروەردە دەکەن کە زۆر قووڵ نەبنەوە، واتە هونەری پرشان و شەق شەق کردنی یادەوەری بۆ لادان لە مانا بەرچاوەکانی دۆخی مرۆیی. مرۆڤەکان ئاوەها سەرقاڵی بەڕێوە بردنی ئەرکە رۆژانەییەکانیان لە ئیشی هاوسەرایەتی، باوکایەتی، دایکایەتی، دۆستایەتی، کاریی و هتد دەبن کە ئیدی ناتوان پووچی ببینن. زۆربەی مرۆڤەکان دەژین و دەمرن بێ ئەوەی لەگەڵ فام هەڵنەگریی جیهان بەرەوڕووببنەوە. بەڵام هەندێجار پەردەی وەهم دادەکەوێت و دەسەڵاتی بەرگری مرۆڤەکان تێک دەشکێت:-
بەڵام هەڵدەکەوێ خەمڵاندن و مەکیاجکردنەکە نوشوستی دێنێت. هەستان لەخەو، ترەین، چوار کاتژمێر لەکارخانە یان ئیدارە، خۆراک، ترەین، چوار کاتژمێر ئیش، خەو، و دووشەممە، سێ شەممە، چوار شەممە، پەنج شەممە، هەینی، شەممە، هەموو بە هەمان ئاهەنگ- رێگەیەک کە زۆربەی کات بەسانایی دەبڕدرێت. بەڵام رۆژێک«بۆ» سەرهەڵدەبڕێت و هەموو شتێک لە شەکەتی و ماندوویەتییەکدا کە بۆن و بەرامەیەکی لە سەرسووڕمان هەیە دەست پێدەکات. .(Myth،10) لە روانینی کامۆ دا کەشفی پووچی رزگارکەرە. کەشفی پووچی ئێمە لە وەهمە گرانباییەکانمان ئازاد دەکات. بەڵام ئەم ئازادییە باییەکی زۆری هەیە. ئەگەر جیهان تەکوزی(نەزم)یەکی ئەخلاقی، مانا، ئاراستە، یان پێوەرێکی بۆ حوکمدان و داوەری بژاردنەکان نییە، چۆن دەشێت ژیانێکی مانادارمان هەبێت؟ بەڕای کامۆ زۆر کەمن ئەو کەسانەی کە دەتوانن لەهەمان کاتی ئاگاداری لەسەر بێ لۆژیکی و پووچی ژیان، بە بێ پەنابردن بۆ هەڵاتن و خۆدزینەوە، لەگەڵ ژیان تێکەڵ بن. چاولەچاوبڕینێکی راستەقینە و بوێرانە لەپووچی پێویستمەندی “قبووڵی پێواری(غیاب) رەهای ئومێد، رەتکردنەوەی کامڵ و نارەزایی وشیارانەیە” (Myth،23) تەنانەت فەیلەسووفانێکیش کە گەیشتوونەتە تێگەیەکی ئەقڵی لێبڕاوانە لەپووچی، رەنگە وا بەباشتر بزانن کە ئەقڵ بخەنێ ژێر پێوە و فام هەڵنەگریی جیهان بکەنە مایە و هەوێنی هومێد. بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە کامۆ هێشتا هەر دەبێت وەڵامێکی ئەم پرسیارە کلیلییەی خۆی بداتەوە کە ئایا ژیان لەجیهانێکی بێمانادا بایەخی ژیاندنی هەیە یان نا، ئەم پرسیارە وەلا دەنێت و دەپەرژێتە سەر لێکدانەوەی رێگەچارەکانی رزگاربوون لە چنگی ئەم پرسیارە.
سەر دێڕی بەشی سێیەمی “لۆژیکی پووچ، خۆکوژی فەلسەفی”18 یە. لەم بەشەدا کامۆ دوو بزووتنەوەی فەلسەفی کە لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا لە ئهوروپا زۆر کاریگەر بوون، دەخاتە بەر رەخنەوە. ئەو سەرەتا هەوڵەکانی «فەلسەفە ئیگزیستانسیالیستییەکان» بۆ هەڵاتن لە پرسی پووچی لە رێگەی جمانی(جهش) ئیمانی دینییەوە، دەخاتە بەر رەخنە و دوای ئەوەش دەپەرژێتە سەر رەخنەگرتن لە هەوڵە دیاردەناسییەکان بۆ کەشفی یاسابنەماییەکانی ئەزموونی ئاگایانە(وشیارانە). مەبەستی هاوبەشی هەر دوو رەخنەکە ئەمەیە کە پیشان بدات رێگەیەکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فام هەڵنەگریی جیهان لە ئارا دا نییە. چوون وشەی «ئیگزیستانسیالیسم» سەرەتا لە پاش جەنگی دووهەمی جیهانی بوو کە بۆ ئاماژە بە ئیگزیستانسیالیستە دینی و غەیری دینییەکان بە شێوەیەکی یەکسان دەکار کرا، جێگەی سەرسووڕمان نییە کەکامۆ ئەم مۆرکە بە شێوەیەکی تایبەتی دەدا لە ئیگزیستانسیالیستە دینییەکان. لە ئووستوورەی سیزیێف دا ئەگەرچی باس لە نیچە و سارتەر دەکرێت، بەڵام هیچیان بە ئیگزیستانسیالیست هەژمار ناکرێن.
سێ بیرمەند کە کامۆ لە رەخنەی «ئەندێشەی ئیگزیستانسیالیستی» دا بەڵگەیان لێ دەهێنێتەوە بریتین لە سورێن کیێرکێگارد، شیستۆف، و کارێل یاسپێرس. کیێرکێگارد فەیلەسووفێکی دانیمارکی بوو کە دەستی لە هەموو پەیڕەو و پلانەکانی ژیانی خۆی شۆرد تاکوو ببێتە قەشەیەکی لۆتەری و خۆی تەرخان بکات بۆ نووسینی کتێبگەلێکی ناباو(نامعمول) و دانسقە لەتێڕوانینی دینییەوە. شیستۆف فەیلەسووفێکی رووسی بوو کە لەسەردەمی هاتنەسەر دەسەڵاتی ئیستالین بەرەو فەرانسە کۆچی کرد. لەنووسراوەکانی دا یەهوودییەت باوەڕی لەگەڵ ناوەرۆکی ئیگزیستانسییەل دا تێکەڵ دەبێت. کارێل یاسپێرسیش فەیلەسووف و دەروون ناسێکی ئاڵمانی بوو کە رۆڵێکی سەرەکی لە بیچمدانی ئیگزیستانسیالیزمی سەدەی بیستەمی دا هەبوو. بەداخەوە وتەکانی کامۆ لەبارەی ئەم سێ بیرمەندە بیربزوێنە وتەگەلێکی گشتی و لێڵ و پێڵن. وا دیارە کە کامۆ وەرگێڕانی فەرەنسی دەسەڵاتی کلیلەکان19 ی شیستۆف و نەخۆشی تاگیانەڵڵا20 و بەشگەلێکیش لە یادداشتەکان21 ی کیێرکێگاردی خوێندبۆوە، بەڵام ئەستەمە بشێت بگوترێ ئاشنایی و ناسیاوەتی ئەو لەگەڵ بەرهەمە سەرەکییەکانی ئەم سێ بیرمەندە تا چ رادەیەک بووە. بەڵام ئەوەی وا کامۆ لەم بیرمەندانە تێی گەیشتبوو ئەمە بوو کە هەر سێکیان لەسەر ئەمەی کە ناشێت جیهان بە ئەقڵ فام بکرێت کۆکن، بەڵام لەهەمانکاتدا هەرسێکیانیش باوەڕیان وایە کەئەم فامهەڵنەگرییە دەتوانێت مایەی هیوا و دڵبەستن بە هێزێکی واڵاتر بێت. ئەم سێ بیرمەندە، بەپێچەوانەی زۆربەی پێڕەوانی یەهود و مەسیحییەت، بانگەشەی ئەوە ناکەن کە بە کردنەوەی پێی خوداوەند لەکایەکە دا جیهان فامهەڵگر دەبێت. ئەمانە ناڵێن کە نیشانگەلێکی رۆشن لەجیهاندا هەیە کە ئاماژەی بەوە هەبێت کە خوداوەند خەریتە و پلانێکی بۆ مرۆڤ داڕشتووە. ئەوەی وا ئەمانە لە جیهاندا بەدی دەکەن هۆگەلێکە بۆ گومان، ترس، و ناهومێدی. سەرباری ئەمانەش، هەربەو چەشنەی کە کامۆ بە یادمانی دێنێتەوە،« ئەمانە بەو شتەی وا دەیانڕووخێنێت رووخسارێکی ئیلاهییانە دەدەن و لەو شتەی وا داماویان دەکات پرشنگی هومێد دەبیننەوە». .(Mythe،24)
کیێەرکێگارد لەنیوەی سەدەی نۆزدەهەم دا ستراتیژە بنەماییەکانی ئیگزیستانسیالیزمی دینی بونیات نا و هەڵبەت خودی ئەویش لەژێر کاریگەری نەریتی کۆنی ئیمان باوەڕی یەهوودی-مەسیحی دابوو. ئیمان باوەڕی پێویستمەندی ئەم روانینەیە کە ئیمان بەخودا پێویستی بە پاڵپشتی ئەقڵ یان بەڵگە و هۆ نییە. لەروانینی کیێەرکێگارد دا، ئیمانی دینی بابەتێکە پەیوەست بە جۆش و خرۆش و ئیرادەوە. هەرچەندە باوەڕکردن بەخودا بۆ کەسێک دژوار بێت، پێویستی بە جۆش و خرۆش و ئیرادە زیاتر دەبێت، و ئیمانێک کەلێی هەڵدەخێزێت ئیمانێکی قایمترە. کیێەرکێگارد مەسیحییەت سەرووتر لە هەموو دینەکان دەزانێت، نە بەم هۆیەوە کە فامهەڵگرتر لەباقی دینەکانە، بەڵکوو بەم هۆیەوە کە لەهەموویان پارادۆکسی تر و دژوازانەترە. لەچاوی ئەودا دەقاودەق «دژواریی رەها»ی مەسیحی بوونە کەئەم پێگە واڵایەی پێدەبەخشێت. شیستۆف و یاسپێرسیش بە پێڕەوکردنی کیێەرکێگارد هیوایان بەستە«جمانی ئیمانی»، هەڵچوون و جمانێک کەدەمانباتە سەرووی عەقڵەوە و پێوەری هەڵسەنگاندنی بڕشتی ئەم هیوایەیان بە “هەرچەندە دژواربوون و ئەستەم بوونی ئەم جمان و هەڵچوونە” زانی.
بەڕای کامۆ، ئەم ستراتیژانە جۆرێک لە«خۆکوژی فەلسەفی»ن. .(Myth،31) چونکو ئەقڵ، فام هەڵنەگریی جیهان و بێهوودەگی هیوا ئاشکرا دەکات. ئەم بیرمەندە ئیگزیستانسیالیستانە لە هەوڵێکی کوشندەدا عەقڵ دەکوژن، تاکوو هیوا رزگار کەن. بەڵام کامۆ ئەمە بە رەوا نازانێت. لەروانینی ئەو دا خۆکوژی فەلسەفی ترسنۆکانەیە و خۆفریودانە. باشتر وایە بێ هیوا بژین یان بە دەربڕینی خوداپەرستەکان لە«گوناە و ناهومێدی»دا. رەخنەی کامۆ لە دیاردەناسی هوسرێل لایەنێکی دیکەی هەیە. هوسرێل لەسەرەتا دا ماتماتیکزان بوو و دواتر رووی کردە فەلسەفە تا بنەماکانی ماتماتیک باشتر فام بکات. لە1911 دا هوسرێل ئیدی گەییشتبۆوە ئەم ئەنجامە کە دیاردەناسی زانستێکی باسکارانەی وردەکارانەیە بۆ تاووتوێکردنی هەموو دیاردەکان تا شوێنێک کە دیارن و تەنها تا ئەو شوێنەی کە دیارن. ئەو، پرسی چارەسەرنەکراوی ئەوشتانەی کە لە دەرەوەی ئاگایی دا بوون دەخستە لاوە و باوەڕی وابوو دیاردەناسی دەتوانێت یاساکانی باسکارانە(توصیفی)ی ئاگایی بدۆزێتەوە -یاساگەلێکی باسکارانە بەهەمان سەرنجی زانستە تیۆرییەکان. زۆرتر لەپەنجا ساڵ دیاردەناسی بەهەموو سەرکەوتن و نوشوستییەکانییەوە برەوێکی هەبوو و وەکوو رێگە و رۆچنەیەکی نوێ بۆ پەرژانەسەر پرسەکانی دەروون ناسی و فەلسەفە دەبینرا. هەندێک لەو کەسانەی کە لەم شێوازە کەڵکیان وەردەگرت بە پێڕەوکردنی هوسرێل وجوود «هەستی» یان لە بازنەی باسەکانیان وەلادەنا و دیترانێکیش وەکوو هایدیگەر، سارتەر و مێرلۆپۆنتی22 لەشێوازەکانی دیاردەناسانە کەڵکیان وەردەگرت تاکوو بتوانن چییەتی(ماهییەت) هەستی یان وجوود ئاشکرا بکەن.
کامۆ لەئووستوورەی سیزیێف دا لەگەڵ دیاردەناسی دەستەویەخە دەبێت، راستەوراست بەهەمان هۆکارگەلێک کە لەگەڵ زانستە سرووشتییەکان دا دەستەویەخە بوو بوو. ئامانجی کامۆ بەگشتی پیشاندانی بێهوودەیی هەر جۆرە هەوڵ و تیکۆشانێک بوو بۆ فام هەڵگر کردنی جیهان. کامۆ لەسەرەتاوە بنەمای ئاراستەمەندی (intentionality)ی هوسرێل دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هوسرێل بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئاگایی هەمیشە«ئاراستەمەند» یان «بەرەو» شتێکە. بۆ نموونە، هەرکاتێک ئێمە دەنگێک دەبیسین بە رای ئێمە دەنگی شتێکە. رەنگە نەزانین هاوارێک کە دەیبیسین هاواری منداڵێک، یان ئاژەڵێک، یان دەنگی تەلەڤیزیۆنێکە، بەڵام لەهەر حاڵدا ئەم هاوار یان دەنگە لەلای ئێمە دا هاوار یان دەنگی شتێکە. کامۆ ئەمە قبووڵ دەکات کە ئاراستەمەندیی دەتوانێت یەکێک لە تایبەتمەندییە دەروون ناسانەکانی ئاگایی بێت، بەڵام زۆر دژی ئەم کارەی هوسرێلە کە دەخوازێت ئاراستەمەندیی گرێبەست و قۆڵبەست بکات بە«ماهییەتەکانەوە». هوسرێل هەوڵی دابوو پیشان بدات کە دیاردەناسی دەتوانێت «ماهییەتەکان» ئاشکرا بکات، ماهییەتگەلێک کە بنەمای چییەتی و حەقیقەتی پێویستی ئاگایین. کامۆ راست و بێ پێچ و پەنا دەڵێت کە ئەم ماهییەتانەش تەنها رێگایەکیترە بۆ هەوڵدان بەمەبەستی زاڵ و سالار کردنی عەقڵی ئەزەلی و ئەبەدی بە سەرجیهاندا و هوسرێل بە فلۆتین دەشووبهێنێت.
سەردێڕی بەشی ئاخری«لۆژیکی پووچی»،«ئازادی پووچ»23ە. لەم بەشە دا کامۆ لە«خۆکوژی فەلسەفی»یەوە دەگەڕێتەوە سەر«خۆکوژی ئاسایی». .(Myth،37) ئایا بێمانایی ژیان لەخۆگری ئەمەیە کە ژیان بایەخی ژیاندنی نییە؟ ئایا کەسێک کە گەیشتۆتە ئەم دەرئەنجامە کە ژیان پووچە، دەبێت بگاتە ئەم ئاکامەش کە درێژەدانی جیهان بێ هۆ و پاساوە؟ وەڵامی کامۆ «نە»یە و شاکلیل و شاڕێگەی فامکردنی ئەم وەڵامە تێگە و فامێتی بۆ «سەربزێوی». ئەگەرچی روونکردنەوەکانی کامۆ لە بارەی ئەم خاڵە کلیلییەوە تا رادەیەک شێواوە، بەڵام من واتێدەگەم دەتوانین بەم شێوەیە باسی لێبکەین و روونی کەینەوە: کامۆ دەڵێت ئەو مرۆڤانەی کە وا بیر دەکەنەوە ژیانیان بایەخی ژیاندنی هەیە بەو هۆیەیە کە مانای بەرمەبەستیان یان هیوایەک -لەم جیهانەدا هەیە- کە نرخ و بایەخی ژیانیان گرێدراوی شتێکی دەرەکی دەکات. بۆیە، کەسانێک کەوا بیر دەکەنەوە کە ژیان بایەخی ژیاندنی هەیە چوونکوو خودا وادەی پاداشتێکی بەهەشتیی پێداون، یان چونکوو لە خزمەتی ئامانجی مێژوودان، یان بە هەر هۆیەکی دەرکی تر، ژیان بەئامرازێک لەخزمەتی ئامانجێک یان غایەتێک دەبینن نەوەکوو ئامانج یان غایەتێک خۆی لەخۆیدا. بەڕای کامۆ، ژیاندنی ژیان لە ترۆپکی کەماڵی خۆی دا شتێک نییە مەگەر ژیاندنی ژیان بە هۆ و بە بۆنەی خودی ژیانەوە و لەهەمان کاتدا ناسینەوەی بوێرانە و بنەماداری پووچیشە. ئێمە دەبێت لەباتی هەستکردن بە سووکی و خواری لە فام هەڵنەگریی جیهان و بێ هیوایی، بەڕەتکردنەوەی هیوا و داکۆکی کردنی ژیان، بە غروورەوە جەخت لە سەربەخۆیی خۆمان بکەین.
کامۆ سەربزێوی بە «یەکەمین بەدواداهات»ی پووچی ناوزەد دەکات و لە درێژەی باسەکەی دا دوو بەدواداهاتی زێدەش ناو دەبات: ئازادی و خرۆش. .(Myth،41،47) مەبەستی کامۆ لە«ئازادی» ئەزموونکردنی ژیانە بەبێ سەرنجدان بەهەر شتێک جگە لە خودی ژیان. کامۆ بۆ تێگەیاندنی مەبەستی خۆی لەمەڕ ئەم بابەتە، ئازادی پووچ لەگەڵ ئازادی کۆیلە، ئازادی عارف، و ئازادی بەندکراوێکی مەحکووم بە مەرگ دا بەراورد دەکات. ئەم بەراوردانە بەراوردانێکی سەیر و سەمەرەن، بەڵام کامۆ لەهەوڵی بینینەوەی رێگایەکە بۆ گواستنەوەی ئەم حاڵ و هەوایە، کە هەستی بەرپرسایەتی نەبوون لە ئاستی جیهانی دەورووبەرمان چۆن حاڵ و هەوایەکە. بۆ نموونە ئاماژە بە«بێ سەرنجیی ناباوەڕانەی بەندکراوێکی مەحکووم بەمەرگ، بۆ هەر شتێک جگە لە شوعلەی دانسقەی ژیان»دەکات. .(Myth،44) سەیر لەوەدایە کە کامۆ پرسگری ئیرادەی ئازاد و ئیختیار(توانستی بژاردن) لەگەڵ ئەو پرسەی کە گەڵاڵەی کردووە بە بێ پێوەندی دەزانێت«ئەمەی کە ئینسان ئازاد و موختارە یان نا بۆ من جێگای سەرنج نییە، ئازادی و ئیختیار خۆی لەخۆیدا مانەیەکی نییە». .(Myth،41) ئەگەرچی بەڵگەکانی کامۆ بۆ رەتکردنەوەی ئیرادەی ئازاد و ئیختیار بەهیچ شێوەیەک روون نین، بەڵام وادیارە بە تێروانینی ئەو، ئیرادەی ئازاد و ئیختیار دەبێت بەجۆرێک لەجۆرەکان پێوەندییەکی بەخودا، ئەبەدییەت، یان واقیعێک لەسەرووی جیهانی هەستپێکراوەوە هەبێت.
بەدواداهاتی سێیەمی پووچی خرۆش یان خرۆشانە(شور). مەبەستی کامۆ لە «خرۆش» ئاگایی بەردەوام«لەسەر هەنووکە و بەردەوامێتی هەنووکە»یە «واتە هەمیشە ژیاندن لە هەنووکەدا، خرۆشیاریی ژیان». .(Myth،47) ژیاندن لە غایەت واتە «ئاگایی لەسەر ژیانی خۆ، لەسەر سەربزێوی خۆ، و ئەویش لە غایەت و چڵەپۆپەکەیدا». .(Myth،46) ئەم بەدواداهاتە ئێمە دەباتەوە سەر پرسیارێک کە لە بەشی پێشوودا گەڵاڵەمان کرد: ئایا رەوایە کە باوەڕمان وابێت هەر ئینسانێک دەبێت خودی ژیان و نەفسی ژیان رێز لێ بنێت؟ وەڵامی کامۆ ئەرێیە، هەر چەند بەڵگەکانی بۆ ئەم وەڵامە ئەرێنییە بشێوەن. وادیارە باوەڕی کامۆ وایە کە ئاگایانە ژیانکردن لەم جیهانە دا شتێکە خۆی لەخۆیدا بۆ ئینسانەکانە. سەرەڕای ئەمەش، وادیارە ئەویش لەگەڵئەم دەرئەنجام گیرییەی تاماس ناگێل کۆکە:- کەواتە ژیان بایەخی ژیاندنی هەیە، تەنانەت ئەو کاتەی کە خراپەکانی ژیان فرە و فراوانن و چاکەکانی ژیان کەمترن لەوەی کە قورساییان بکەوێتە سەر خراپەکانی ژیان. ئەوەی کە وا ئەم هاوکێشەیە بە قازانجی ژیان دەشکێنێتەوە خودی ژیانە و نەک کاکڵ و ناواخنەکەی. .(Nagel،2) کامۆ جەخت دەکات کە زۆرترکردنی ئەم چاکە زاتی و کرۆکانەییە خوازراوە و رێگەکەشی ئەوەیە کە فێربین ئەمڕۆ بقۆزینەوە و چێژی ژیان چرکە بە چرکە بنۆشین.
کامۆ هەروەها دەڵێت لەروانینی کەسانێک دا کە ئاوەها دەجووڵێنەوە جیاوازییەکی جیددی لە نێوان ژیانەکان لەرووی درێژییان دا هەیە. «بەم پێیە، هیچ قووڵاییەک، هیچ هەست و سۆزێک، هیچ خرۆشانێک، هیچ لەخۆبردووییەک ناتوانێت چل ساڵ ژیانی ئاگایانە لە چاوی ئینسانی پووچ دا «تەنانەت ئەگەر خوازیاریشی بێت» لەگەڵ رۆشنایی شەست ساڵ ژیانکردن، هاوتەریب و هاوسان بکات». .(Myth،46،7) بانگەشەیەکی سەیر و دەردناکە، چوون سیلدار بوونی کامۆ هەمیشە دڵنیگەرانی مەرگێکی ناوادە و زووی دەکرد. بەڵام، ئەگەر ئەم بانگەشەیە بە حوکمێکی گشتی بێ گرێ و گۆڵ بزانین، بانگەشەیەکی وەها پەسندکراویش نییە. راستە مرۆڤانێک کە کرۆک و نەفسی ژیان رێزلێدەنێن لایان باشترە کە تەمەنیان درێژ بێت، نەک کورت. بەڵام بەڕای من، رەنگە تاقمێکی کەم لەگەڵ کامۆ هاوڕا بن کە دەڵێت چەندایەتی(کمیت) هەمیشە گرینگترە لە چۆنایەتی(کیفیت). بۆ نموونە چل ساڵ تەمەن کە لەتەنیشت هاوڕێ چاکەکان تێدەپەڕێت لەگەڵ شەست ساڵ ژیانێک بەراورد بکەن کە لەتەنیایی و لەنێو زینداندا بەسەر دەچێت. رەنگە مرۆڤێک بەسەیروسەمەری و دەعجانییەتی مۆرسۆوە دووهەمینیانی لە یەکەمین پێ باشتر بێت، بەڵام بە هۆگری و عیشقێک کە ئەو بۆ خۆرەتاو، وردەزیخ، و زەریا هەیەتی و چێژێک کە لە دانوستان لەگەڵ مرۆڤە سادە و بێ دەمامکەکان دا دەیبینێت، و تامەزرۆیی بۆ قبووڵ کردنی مەرگ کاتێک کە دادێت ، تەنانەت ئەمەش جێگای گومانە. کامۆ «لۆژیکی پووچ» بەوەڵامێکی لێبڕاوانە بە پرسیارە دەسپێکەکەی تەواو دەکات. کامۆ دەڵێت کەشفی پووچی، بەپێی ئەم لۆژیکە، نە تەنها نابێتە هۆکاری خۆکوژی، بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی داکۆکی بوێرانە، مەغروورانە، پڕخرۆش و رزگارکەری ژیان. کامۆ دان بەو راستییە دا دەنێت کە ئەمە هەمووی ئەو شتەی نییە کە دەبێت لەبارەی ژیانەوە بیزانین،«بەڵام هۆی ژیانە». .(Myth،48)
بەڵگەکەی کامۆ لە«لۆژیکی پووچ دا» تا چ رادەیەک لۆژیکیە؟ لە رووی لۆژیکیەوە دەتوانین بە لێبووردنەوە بەڵگەکەی بە ناڕێک و پێک بزانین. پێشتر هەندێک لە سستییە لۆژیکییەکان و ناڕوونی ئەم بەڵگانەم بەبیر هێنایەوە. لە حاڵەتانێکی دیکەش دا دەشێت هەر ئەم سستی و ناروونییە پەیدا ببێت. بەڵام بەڵگاندنی ناڕێک و پێک حەتمەن دەرئەنجامەکەی هەڵە نییە. کەواتە با بزانین دەرئەنجام گیرییەکانی کامۆ تا چەندە درووست و لۆژیکین. بۆ گەیشتن بە وەڵامێک بۆ ئەم پرسیارە دەپەرژێینە سەر بەشی کۆتایی ئووستوورەی سیزیێف، بەشێک لە ژێر ناوی «ئووستوورەی سیزیێف». لە «ئووستوورەی سیزیێف» دا، کامۆ پاشای فریودەری ئووستوورە یۆنانییەکان-سیزیێف دەکاتە قارەمانێکی پووچ. سیزیێف دوای مەرگی، تکاکارانە داوا لە پلۆتۆ24 دەکات کە بواری بدات بگەڕێتەوە سەر زەوی تاکوو ژنەکەی ئەدەب کات. پلۆتۆ قبووڵ دەکات، بەڵام سیزیێف کاتێک دەگەڕێتەوە سەر زەوی و چێژی «ئاو و خۆرەتاو، بەردە داخەکان و زەریا» دووبارە کەشف دەکات لە گەڕانەوە بۆ نیشتمانی مردووان سەرپێچی دەکات. سەرئەنجام، مێرکوری25 دەنێرن تاکوو بیهێنێتەوە و ئەم جارە بۆ ئەبەد سزای بدرێت. سزای سیزیێف ئەوەیە کە دەبێت تا ئەبەد تاشەبەردێکی گەورە بگەیەنێتە سەر ترۆپکێک و ئان وسات کە تاشەبەرد گەیشتە سەر ترۆپک تلۆر دەبێتەوە و دەکەوێتە خوارەوە.« خوداکان وا بیریان دەکردەوە، هەڵبەت نەک بە بێ هۆ، کە سزایەک تۆقێنەرتر لە ئیشی بێهوودەی بێ هیوا بوونی نییە». .(Myth،88)
سیزیێف کاتێک کە لەکێوەکە دادەبەزێ (بۆ دیسانەوە گواستنەوەی تاشە بەردەکە) بیری لەچی دەکردەوە؟ کتێبە کۆنەکان لەم بارەوە شتێک ناڵێن، بەڵام کامۆ پاشماوەی تەمەنی سیزیێف لێوڕێژ دەکات لە روونبینییەکی ئاخنراو لە خرۆش و سەربزێوی هەتاهەتایی. ئەمەی کە سیزیێف ئاگای لە چارەنووسی خۆیەتی لەگەڵ ئەقڵ و لۆژیک دا تەبا دێتەوە و بەتەواوەتی سرووشتییە، چوونکوو«ئەگەر سیزیێف لە هەر هەنگاوێکدا هیوایەکی بە رزگاربوون هەبایە ئیدی ئەشکەنجەکەی ئەشکەنجە نەبوو».(Myth،89-90). سیزیێف بە رۆشنبینییەکی تەواوەوە بێمانایی کارەکەی و تراژیدی دۆخەکەی تێدەگات. ئەو دەزانێت کە داهاتووی جیاوازییەکی لەگەڵ رابردوو دا نابێت بۆیە تەنها ئیختیاری ئەو، گۆڕاندنی نیگا و روانینی بۆ چارەنووسێکە کە هەیەتی. خوداکان وایان دەزانی کە ئەم چارەنووسە بێ چارەسەرە ئەو تێک دەڕووخێنێت، بەڵام سیزیێف، لە گێڕانەوەی کامۆ دا بەهێزتر لە خوداکانە. ئەو بە تاسووقێکی قیرسیچمانەوە دڵ بە ئیشەکەی دەدات و بێ چارەییش قبووڵ ناکات و بەم شێوەیە خوداکان دەگرێتە تەشقەڵە و سوخرەوە. کامۆ دەنووسێت:«چارەنووسێک نییە کە نەکرێت بە تەشقەڵە و گاڵتەوە بە سەریدا زاڵ بین». .(Myth،90) کامۆ لەمەش سەرووتر دەچێت. دەڵێت سیزیێف دەتوانێت بە ئەستاندنەوەی بوێرانەی چارەنووسی خۆی بگاتە بەختەوەری. لێرەدا دوو توخم هەیە: سەربزێوی(یاخیبوون) و خاوەندارێتی(تملک). ئەگەر کەسێک بتوانێت لە ژیاندا دڵ بە یارمەتی خودایان دانەدات، رێبازی خۆی دەگرێتەبەر و بەختەوەری دانسقە لەمە دایە.(Myth،90) ناسینەوەی ئەمەی کە «هەموو شتێک باشە»، خودایەک کە« بە هەڵبژاردنی رەنجی بێهوودە…هاتە ئەم جیهانە»وە لەم جیهانە وەدەر دەنێت و چارەنووس دەکات بە«بابەتێکی مرۆیی» کە«دەبێت لە نێوان خودی مرۆڤەکان دا بەلایەکدا بخرێت». .(Myth،91)
ئەمانە وتەگەلێکی ورووژێنەر و بەجۆش وخرۆشن و جوانیش سواغ دراون و داڕێژراون.، بەڵام ئایا بەکارێکیش دێن؟ ئایا رۆشن بینی، سەربزێوی، ئازادی، خرۆشان، بەو شێوازەی کە کامۆ باسی کردوون، دەتوانن ئێمە بکەنە سالاری خۆمان و بەختەوەرمان کەن؟ هەڵبەت بێگومان دەکرێت دۆخگەلێکی زەق بهێنینە پێش چاو کە تێیاندا ئەم رەگەز و توخمانە دەتوانن باشترین بژاردە بن بۆ ئەو مرۆڤانەی کە دەیانەوێت چنگ بهاوێنە ژیان و خۆیانەوە، بێ ئەوەی کە چمک و داوێنی دین بگرن. جەیمز ڤۆد26، لە وتارێکدا کەلەم دواییانەدا سەبارەت بە سیزیێف نووسیویەتی نموونەی پریمۆلێڤی27 لە کارەساتی ئاشۆیتسی هێناوەتەوە. لێڤی بێدین لە تاقمی خنکاوان و نەفرەتکراوان28 پێ لێ دەنێت کە لە ئۆکتۆبەری 1944 لە یەک ساتدا کەوتە دۆخێکەوە کە زۆر قووڵ وەسوەسە بوو تاکوو بۆ یارمەتی وەرگرتن دەستەوداوێنی دۆعا بێت:- رووت و گرمۆڵە لە مابەینی هاوڕێ رووتەکاندا، بەڵگەکەم بەدەستەوە، چاوەڕوان بووم تاکوو ریزەکە لە بەرامبەر«کۆمیسیۆن» تێپەڕێت، کۆمیسیۆنێک کە بە نیگایەک بڕیاری دەدا کە ئایا دەبێت ئان وسات هەناردەی ژووری گاز بکرێم یان هێشتا ئەوەندە بڕشتم هەیە کە بتوانم بڕۆمە سەر ئیش. بۆ ساتێک هەستم کرد دڵم دەخوازێت داوای یارمەتی بکەم و پەنا خواز بم: بەڵام لەگەڵ ئەشکەنجەکێشانم دا، سەبر و هێمنی سەرکەوتەوە: لە کۆتایی یارییەکە دا یاسای یارییەکە تێک نادەن… دۆعا لەم ساتەدا نە وەکوو پووچ…بەڵکوو کافرانەش بوو… لەم وەسوەسەیە خۆمم رزگار کرد: دەمزانی ئەگەر دەربازم ببایە، لە خۆم شەرم دەیگرتم. .(Wood،96)
مرۆڤێک کەلەگەڵ مەرگ یان داهاتوویەک دا رووبەروویە کە بایەخی ژیاندنی نییە، هەڵبژاردنگەلێکی کەمی لەبەردەمە. هەڵبژاردنە سەرەکییەکان ئەمانەن:(1) بۆ هیواداربوون و فامکردنی دۆخەکەی بەخودا، مێژوو، یان هێزێکی دەرەکی تر پەنا ببات;(2) نغرۆی بێ هیوایی ببێ;(3) لە هەمان حاڵی بەدبەختی دا لەسەر ژیان و خۆی مۆرکی پەسند کردن بنێت. ئەگەر کەسێک بێ دین بێت و لەئەنجامدا بڕگەی یەکەم رەتکاتەوە، ئەوکات وادێتە پێش چاو کە مۆرکی پەسندی دان لە ژیان و خۆی چاکترە لە خۆنغرۆکردن لە بێ هیوایی دا. هەڵبەت خوداباوەڕان ئاوەها دۆخێک بە هەلێکی لەکیسدراو بۆ ئیمان هێنان دەزانن. تی.ئێس.ئیلیۆت بڕگەی سێیەم بە هەوڵێکی کوشندە بۆ دڵدانەوەی خۆ دەزانی و گاڵتەی پێدەهات. بەڵام بێدینانێکی وەکوو کامۆ و لێڤی دەتوانن لە وەڵام دا بڵێن کە دەستەوداوێنی خودا بوون کاتێک کە هۆیەکی گونجار و پەسەندکەر بۆ باوەڕ بە خودا بوونی نییە تێکۆشانێکی کوشندەترە بۆ دڵدانەوە و دڵنەوایی خۆ. بۆ ئەو کەسانەی کە لە بەستێنی مردن دا نین، وتەکانی کامۆ دەتوانێت ئەم قازانجەی هەبێت کە لە ساتە تێپەڕەکانی ژیانیان زۆرترین کەڵک وەربگرن. ئامانجی «هەنووکە بقۆزەوە»زۆرتر بە رێکەوەندە لاتینییەکەی(carpe diem) بەیان دەکرێت، کە بەبیر هێنەرەوەی ئەمەیە کە نووسەران و فەیلەسووفان لە کۆنەوە ئەم ئامانجەیان وەپێشێ ڕا ناوە. بەڵام جێبەجێکردنی ئامانجی(هەنووکە بقۆزەوە) ئەستەمە. تەنانەت لەرۆژگاری خۆشیشدا، حەسرەتی رابردوو و کەڵکەڵەکانی داهاتوو، گومان و دڵەڕاوکێ لەوەی کە دیتران چۆن بیر دەکەنەوە، و هەستگەلێکی تێکدەر وەکوو ئارەزوومەندی، بەغیلی، ڕق، و مەیلە ئازاردەرەکان ناهێڵن کەیفی هەنووکە بقۆزینەوە. پاسکال دەیگووت مرۆڤەکان ئەستۆگر و پێوەنووساوی ساتی هەنووکە دەبن تا بیر لەمەرگ و ئەبەدییەت نەکەنەوە، بەڵام، لەراستیدا، زۆربەی مرۆڤەکان زۆر سەرکەوتوو نابن لەنووسان بە هەنووکەوە. رەنگە وتە خرۆشێنەرەکانی کامۆ لەبارەی ژیاندن بێ هیچ هیوا و یارمەتیخوازییەک بتوانێت دەستگرمان بێت تا لەم رێگایەدا سەرکەوتنێکی زۆرترمان هەبێت.
لەهەمانکاتدا ئەم ئامۆژگارییە باشەی کامۆ بەرێکەوت گرێدراوی لاوازترین ئەڵقە لە بەڵگاندنەکانێتی: واتە ئەم گریمانە کە دەبێت داهاتوو لەبەر چاو نەگرین. کامۆ دەنووسێت: «پووچی ئەرکی من لێرەدا روون دەکاتەوە؛ داهاتوویەک لەئارادا نییە». .(Myth،43) «ئامانجی مرۆڤی پووچ هەنووکە و بەردەوامێتی هەنووکەکانە». .(Myth،47) بە هەموو ئەمانەشەوە، لەم گریمانە دا دوو خراپفامی هەیە. یەکەم ئەمەی کە بەهەر حاڵ داهاتوویەک هەیە، تەنانەت ئەگەر داهاتووی تاکەکەسی ئێمە کۆتایی هەڵگر بێت. دووەم، ئێمە هەرگیز ناتوانین داهاتوو بەتەواوەتی رەت بکەینەوە و حاشا لە بوونی بکەین. هەر بە هەمان شێوە کە هایدیگەر و سارتەر گووتوویانە ژیانی مرۆیی بەناچاری درێژەدارە. بۆنموونە، کردەوەی سادەی واژۆکردنی چەک(بانکی) بەدواداهاتگەلێکی جۆراوجۆری لەداهاتوودا هەیە. من چەکەکەم واژۆ دەکەم و ئەم واژۆیە ئەم ئیمکانە دەدات بە من کە چەکەکە بکەم بە پارە و ماشێنێکی پێ بکڕم و بەو ماشێنە بچمە سەر ئیش، و هتد. تەنانەت مرۆڤێکی وەکوو مۆرسۆ کە ئەم هەمووە دانووساوی چرکەساتی هەنووکەیە ناتوانێت لە پانتایی درێژکوولەی بەردەوام بوون هەڵبێت و خۆی لێ نەبان کات چ بگات بە ئاپۆرەی خەڵک کە داهاتوو رۆڵێکی گرینگتر و ئاڵۆزتری لە مانابەخشین بە چرکەساتی هەنووکەیان دا دەگێڕێت.
ئەمەی کە کامۆ سیزیێفی لەجیهانی ژێرزەمینەوە هەڵبژاردووە تاکوو وێناکراوی ئووستوورەیی قارەمانێکی پووچ بێت بوێژ و دەرخەری زۆرێک لە شتەکانە. سیزیێف لەجیهانی ژێرزەمین دا داهاتووی لەکیس داوە. ژیانی ئەو «هەنووکە و بەردەوامێتی هەنووکەکانە»، بەڵام لەم دۆخەدا هیچ ئامانجێک نییە. لەهەمان کاتدا، ژیانی ئەو وێکچوونێکی ئەوتۆی لەگەڵ ژیانی ئینسانە زیندووەکاندا نییە. کامۆ دەنووسێت، «کرێکاری ئەمڕۆیی هەر رۆژ لەژیاندا هەر ئەو ئیشانە دەکات، ئەم چارەنووسە پووچەی هیچ کەمتر نییە». .(Myth،90) بەڵام ئەم بەراوردکارییە گومڕاکەرە. ژیانی کرێکاران، وەکوو هەموو مرۆڤەکان، لە وردەداهاتووانی جۆراوجۆر مانا وەردەگرێت. هەر چەندەش کە ئیش و کارەکەیان چەندپاتەکی (تکراری)بێت، هەمدیس چاوەنواڕی ئەوەن کە ئەو ئیشەی پێیان سپێردراوە، پڕکردنەوەی چاڵێک بێت یان باردانی لۆرییەک، تەواو ببێت، حەقەدەستیان وەرگرن، شێوێک بخۆنەوە، لەمەیخانەدا ئاوجۆ(بیرە)یەک بخۆنەوە، و پشوودانی یەکشەممە بگات. رەنگە لە خەونی کڕینی ماڵێکی تایبەتی یان هەناردنی منداڵەکانیان بن بۆ زانستگا. رەنگە ژیانی کرێکاران بەتاڵ بێت لە ئامانجە گەورەکان یان ماناگرینگەکان بەڵام بە هەرحاڵ گۆڕانکارییەکان، جۆراوجۆری و هاوڕێیەتی لەگەڵ دیتران ئەم ژیانە پاراو و لەبار دەکات. ئەگەر نەخۆشی و بەدبەختی تەنگ بە ژیانی ئەو« نەک خودی ژیان»هەڵبچنێت، ئەو، بەپێچەوانەی سیزیێف، دەتوانێت دەست بداتە خۆکوژی. ژیانی کرێکاران هەر چەندەش کورت و کاڵ و بچووک بێت هەمدیس لە چارەنووسی سیزیێف لەبارتر و پاراوترە.
پەراوێزەکان؛
1.Gaius Julius Caesar Germanicus
2.Suetonius
3.Cassius Chaerea
4.Caesonia
5.Twelve Caesars
6.Helicon
7.Scipip
8.Beyond Good and Evil
9.Twilight of the Idols
10.An Absurd Reasoning
11.The Absurd man
12.Absurd Creation
13.The Myth of Sysyphus
14.Edmund Husserl
15.Absurd Walls
16.Richard Rorty
17.Thomas Nagel
18.Philosophical Suicide
19.Potestas Clavium (The power of the Keys)
20.The Sickness unto Death
21.The journals of Soren Kierkegaard
22.Maurice Merleau-Ponty
23.Absurd Freedom
24.Pluto
25.Mercury
26.James Wood
27.Primo Levi
28.The Drowned and Damned
سەرچاوە:فلسفەی کامو، ریچارد کمبر، ترجمە خشایار دیهیمی، تهران: طرح نو، ١٣٨٥.
نووسین؛ ڕیچارد کامبێر
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی؛ خەشایار دەیهیمی
وەرگێڕان بۆ کوردی؛ عادڵ قادری