تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو چیە؟ تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بریتیە لە هەر جۆرێکی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کە بە جۆرێک دیزاین کراوە بۆ لەبەرکردن بگونجێت. ئەم ئامێرانە دەکرێت بە چەند دیزاینی جیاواز بەردەست بن وەک خشڵ، ئێکسسوار،ئامێری پزیشکی یاخود جل و بەرگ.زاراوەی “تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو” توانای پرۆسێسکردن و پەیوەندی کردن لە خۆ دەگرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ڕادەی کارامەیی لە نێوان ئەم ئامێرانەدا دەگۆڕێت.
نمونەی بەرچاوی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بریتیە لە بیستۆکی یارمەتیدەر، چاویلکەی زیرەکی گوگڵ، لێنزی مایکرۆسۆفت هەروەها کۆمپیوتەری هۆلۆگراف لە شێوەی چاویلکەی (VR).نمونەیەکی سادەی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو، بریتیە لەو ئامێرە هەستەوەرە پینەئاسایەی کە دەخرێتە سەر پێستی نەخۆش، بۆ گواستنەوەی داتای نەخۆشەکە بە شێوەی وایەرلێس بۆ ئامێری کۆنترۆڵکردنەکە لە کلینیکەکاندا.
“ئەم تەکنۆلۆجیایە چۆن کار دەکات؟”
تەکنۆلۆجیای لەبەرکراوی مۆدێرن بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو بەکاردێت، وەک کاتژمێری زیرەک، ئامێری چاودێریکردنی لەش ڕێکی وەک (Fitbit charge)،هێدسێتی VR. ئەم تەکنۆلۆجیایانە بە شێوازی جیا جیا کار دەکەن بە پێی ئەوەی بۆ چ بوارێک بەکار دێت وەک تەندروستی، لەش ڕێکی هەروەها کات بەسەربردن. بە زۆری کارکردنی ئەم تەکنۆلۆجیایە بە هەماهەنگی مایکرۆپرۆسێسەر، باتری هەروەها هێڵی ئینتەرنێت بۆ هاوتاکردنی زانیارییەکان لەگەڵ ئامێرەکانی تری وەک مۆبایل یان لاپتۆپ دەبێت. ئەم تەکنۆلۆجیایە، کۆمەڵێک هەستەوەریان تێدا جێگیرکراوە کە چاودێری جووڵە و زیندەچالاکی جەستە و هەروەها شوێن پێ هەڵگرتن دەکات. بۆ نمونە کاتژمێری زیرەک یەکێکە لە جۆرە هەرە باوەکان، کە لە مەچەک دەبەسترێت بۆ چاودێریکردنی چالاکیە جەستەییەکانی بەکارهێنەر بە درێژایی ڕۆژ.
لە کاتێکدا زۆرینەی تەکنۆلۆجیا لەبەرکراوەکان یان لەبەر دەکرێن یاخود دەبەسترێت لە جل و بەرگ،هەندێکی تریان بەبێ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەستەی بەکارهێنەرەکە کار دەکەن. مۆبایلی زیرەک، تاگی زیرەک،کۆمپیوتەر نمونەیەکن لەم تەکنۆلۆجیایە کە بەبێ بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی جەستەیی هێشتا دەتوانن چاودێری جوڵەو چالاکییە جەستەییەکانی بەکارهێنەر بکەن.هەروەها هەندێکی تریشیان هەستەوەری زیرەکی دورە زاڵ(remote ) و ئەکسیلیمۆمیتەر بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی جوڵە و خێرایی بەکارهێنەر. هەندێکی تریشیان هەستەوەری ئۆپتیکی(بینایی) بەکاردەهێنن بۆ پێوانەی لێدانی دڵ و زانینی ڕێژەی کلۆکۆز لە خوێندا.خاڵی هاوبەشی ئەم تەکنۆلۆجیایانە بریتیە لە چاودێریکردنی داتای بەکارهێنەر لە کاتی ڕاستەقینەدا.
“ئەو ئەپلیکەیشنانە چین کە لە تەکنۆلۆجیای لەبەرکراودا بەکاردێن؟”
ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی بەکارهێنەر، وەک کاتژمێری زیرەک و باندە دەستییە ئەلیکترۆنیەکان دیارترین نمونەی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراون، هەرچەندە لەگەڵ بەرەوپێشچونە نوێیەکان لە بواری ئینتەرنێتی شتەکان(IoT) و زیرەکی دەستکرد دا،تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو ڕێکخراوە لەگەڵ هەموو بوارە جیاوازەکاندا وەک تەندروستی، سیستەمەکانی ناڤیگەیشن، شمەکی بەکارهێنەران و هەروەها وەرزشە پێشکەوتوەکان. ئەمانەی خوارەوە لە نمونە هەرە باوەکانی ئەم تەکنۆلۆجیایەن لە ئێستادا:-
چاودێریکردنی تەندروستی:- خەڵکی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بەکار دەهێنن بۆ زانین و ئاگادار بون لە لێدانی دڵ و پەستانی خوێن و هەروەها ڕێژەی ئەو کالۆریانەی کە ڕۆژانە وەریدەگرن بەتایبەت لە کاتی رجیمدا. پەتای (کۆڤید-١٩)، ڕێژەی بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆجیای بەرز کردەوە،چونکە بەکارهێنەران دوای ئەو پەتایە هۆشیارییان زیادی کرد دەربارەی پاکوخاوێنی و خۆپارێزی لە توشبون بە هەوکردن.بۆ نمونە کۆمپانیای (ئەپڵ) ئەپلیکەیشنی (Cardiogram)ی نوێکردەوە و کۆمەڵێک تایبەتمەندی بۆ زیاد کرد، بۆنمونە ژمارەی ئەو خەوبردنەوانەی لە ماوەی یەک خولەکدا ڕو دەدەن بۆ چاودێریکردنی گۆڕانی لێدانی دڵ لە نەخۆشانی (کۆڤید-١٩)دا.
یاری و کات بەسەربردن:- پیشەسازی ڤیدیۆ گەیم و کات بەسەر بردن، یەکەم پیشەسازی بوو کە هێدسێتی(VR)، چاویلکەی زیرەک هەروەها دەسکی گەیم(کۆنترۆڵ)ی بەکارهێنا.جۆرە بەربڵاوەکانی هێدسێتی(VR) وەک (Oculus Quest)،(Meta Quest)و هەروەها ( Sony PlayStation VR ) بۆ هەموو جۆرەکانی یاری و کات بەسەربردن بەکاردێن وەک ڤیدیۆ گەیم، بینینی فیلم هەروەها گەشتکردن بەشێوەی مەجازی.
مۆدەو جلی زیرەک:- ئەو جلانەی کە ناسراون بە جل و بەرگی زیرەک یاخود مۆدەی زیرەک لەم چەند ساڵەی ڕابردودا بە شێوەیەکی بەرچاو خواست لەسەریان زیادی کردوە.چاکەتی زیرەک، بۆ نمونە چاکەتی براندی(Levi’s) بە پرۆژەی تەکنۆلۆژی جاکاری(گوگڵ) دروستکراوە، کە دەزووەکانی لە ڕیشاڵی ئەلیکترۆنی پێکهاتووە. بەمەش بەکارهێنەر دەتوانێت وەڵامی پەیوەندی بداتەوە، گوێ لە موزیک بگرێت هەروەها بە بەکارهێنانی قۆڵەکانی توانای وێنە گرتنی هەیە. کاتژمێری زیرەک،پێڵاوی زیرەک هەروەها خشڵی زیرەک نمونەی باوی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراون.
“نمونەی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو”
نمونەی بەرچاوی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بریتین لەمانەی خوارەوە:-
خشڵی زیرەک:- نمونەی ئەم جۆرەیان بریتین لە ئەڵقەی زیرەک،باندی مەچەک و کاتژمێر.ئەم ئامێرە بچوکانە بەشێوەیەکی ئاسایی بە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنی مۆبایل کار دەکەن.
هەستەوەری جێگیرکراو لەسەر جەستە:- ئەم هەستەوەرانە لەسەر جەستە جێگیر دەکرێن بۆ چاودێریکردن و گواستنەوەی داتای بایۆلۆجی بۆ مەبەستی تەندروستی.
ئامێری چاودێریکردنی تەندروستی و لەش ڕێکی:- ئەم جۆرەیان زیاتر لە شێوەی باندی مەچەک یاخود باندی سەردا دێت کە چاودێری جوڵە و چالاکییە جەستەییەکان دەکات، کە بە شێوەی وایەرلێس ڕەبتی ئەپلیکەیشنێک دەکرێت بۆ هەڵگرتن و پرۆسێسکردنی زانیارییەکان.
“مێژووی ئەم تەکنۆلۆجیایە”
ئەم تەکنۆلۆجیایە، لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی (١٣) کاتێک بۆ یەکەمجار چاویلکە داهێنرا، هەروەها سەدەی (١٥) کە بۆ یەکەمجار کاتژمێری تێدا داهێنرا، چونکە هەندێک کاتژمێر بە ڕادەیەک بچوک بوون دەتوانرا لەبەر بکرێن. بەڵام تاکو ساڵی (١٩٦٠) بەم شێوە مۆدێرنەی ئێستا بەردەست نەبوو. لە خوارەوە مێژویەکی کورت لەسەر ئەم تەکنۆلۆجیا بە درێژایی چەند دەیەیەک دەخەینە بەردەست:- دەیەی ١٩٦٠: لە ساڵی (١٩٦١) هەر یەک لە (ئێدوارد ثۆرپ)و (کلاودی شانۆن) تەکنۆلۆجیای لەبەرکراویان دروست کرد، لە شێوەی ئامێرێکی چوار دوگمەییدا.کە دەتوانرا لە ناو پێڵاو جێگیر بکرێت یاخود لە ناوقەد ببەسترێت.کە بە مەبەستی یارمەتیدانی قومارچیەکان دروستکرا بوو تا بتوانن فێڵ بکەن لە یاری(ڕۆلێت)دا. دەیەی ١٩٧٠: لە ماوەی ئەم دەیەیەدا تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو زیاتر لە ناو خەڵکدا ناسرا.یەکەم حاسیبە لە ساڵی (١٩٧٥) لە شێوەی کاتژمێری دەستی داهێنرا، کە بەخێرایی بوو بە مۆدەیەکی بەربڵاو و لە لایەن کەسە بەناوبانگەکانەوە بەکارهێنرا.
دەیەی ١٩٨٠:- لە ساڵی (١٩٧٩)دا، کۆمپانیای (Sony)،ئامێری کارپێکەری دەنگی (Walkman)ی داهێنا،کە بو بە یەکێک لە هەرە بەربڵاوترین جۆرەکانی ئەم تەکنۆلۆجیایە بە درێژایی دەیەی (٨٠)کان، کە بەکارهێنەر بە مەبەستی گوێگرتن لە میوزیک بەکاریدەهێنا.بە هەمان شێوە کەرتی تەندروستی گۆڕانکاری بەخۆیەوە بینی چونکە لە هەمان دەیەدا ئامێری بیستن داهێنرا. دەیەی (١٩٩٠): لە ساڵی (١٩٩٤)، توێژەرێکی کەنەدی بە ناوی (ستیڤ مان)،کامێرای کۆمپیوتەر(Webcam)ی وایەرلێسی داهێنا، کە ئاسانکاریەکی زۆری کرد بۆ داهاتوی ئینتەرنێتی شتەکان(IoT).بە گشتی پێشانگاکانی پۆشاکی زیرەک و کۆنفرانسی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو لە ماوەی ئەم دەیەیەدا زیادی کرد. دەیەی (٢٠٠٠): ئەم دەیەیە، دەیەی تەقینەوەی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بوو، لەم دەیەیەدا هێدسێتی بلوتوث و ئایپۆدی سپۆرتی (Nike) و (Fitbits) ناسێنران.
دەیەی (٢٠١٠): ئەم دەیەیە لوتکەی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بوو،لە ساڵی (٢٠١٣)،چاویلکەی گوگڵ داهێنرا، هەروەها (Apple Watch) لە ساڵی (٢٠١٥ )داهێنرا، بە دواشیا هێدسێتی(Oculus Rift) لە ساڵی(٢٠١٦) داهێنرا. دەیەی (٢٠٢٠): لەم دەیەیەدا پیشەسازی گەیم بەردەوام بوو تاکو گەیشتە هێدسێتی واقعی مەجازی(VR)و (AR)، ئەمە لە کاتێکدا بوو دیزاینەرەکانی جل و بەرگ بە خێرایی جل و بەرگی زیرەکیان هێنایە ناو بوارەکە.
“داهاتووی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو”
تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو بە شێوەیەکی بەردەوام و خێرا لە گەشە سەندندایە و بە شێوەیەک ڕێکخراوە کە شۆڕش بەرپا بکات لە داهاتوودا. لە کاتێکدا ئامێرە زیرەکەکان بە شێوەیەکی گشتی ڕەزامەندی بەکارهێنەرانیان بە دەست هێناوە، هەرچەندە ئەمە تەنها لوتکەی شاخە بەفرەکەیە. ئەمانەی خوارەوە هەندێک بەرهەم و بیرۆکەی پێشبینی کراوە لە لایەن شارەزایانی بواری تەکنۆلۆجیا بۆ داهاتوو، کە کاریگەرییان هەیە لەسەر داهاتووی تەکنۆلۆجیای لەبەرکراو:-
چاویلکەی ئەپڵ:- چاویلکەی (AR) و ( VR) کە دەتوانن زانیاری لە مۆبایلی بەکارهێنەرەوە بگوازنەوە بۆ بەرچاوی بەکارهێنەر لە ڕێگەی ئەم چاویلکەوە.
بەرهەمهێنانی وزە:- بریتیە لە بەرهەمهێنانی وزەی باتری لە گەرمی جەستەی مرۆڤەوە.
هاوێنە(لێنس)ی زیرەک:- ئەم لێنسە دەتوانێت زانیاری کاتی ڕاستەقینە بگوازێتەوە بۆ چاوی بەکارهێنەر.
دانانی چیپی زیرەک بۆ مێشکی مرۆڤ:- ئەم چیپە هەستەوەری ڕێکخراوە لەگەڵ زیرەکی دەستکرد بۆ یارمەتیدانی یادگە و بیرکردنەوە.
سەرچاوە؛ tech target
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا