کاتێک ئاوێنە دەشکێت، هەزاران پارچەی بچوک دروست دەبن، هەر پارچەیەک بەشێک لە وێنەی تەواو لە خۆیدا هەڵدەگرێت. شوناسی کۆمەڵگای داگیرکراو هەروەهایە، وێنەیەکی شکاو کە هەر پارچەیەکی لە گۆشەیەکی مێژوودا پەرتەوازە بووە. لە سەرەتای بەیانییەکی درەنگی خەونە ساختەکاندا، نەوەکان بە دوای یەکتردا دەگەڕێن، لە نێو کەلێنی وشە ونبووەکان و واتا شاراوەکاندا، هەوڵی کۆکردنەوەی پارچەکانی ئەم ئاوێنە شکاوە دەدەن.
لە شەقامە تەنگەبەرەکانی زەیندا، لە کۆڵانە تاریکەکانی بیرەوەرییدا، لە ژێر خۆڵی ساڵانی بێدەنگییدا، دەنگێکی کپ هەیە کە بەردەوام شتێک دەڵێتەوە: ”تۆ ئەوە نیت کە هەیت!“، ئەم دەنگە، دەنگی هەژموونێکە کە لە ڕێگەی هەزاران دامەزراوەی پەروەردەیی، کولتوریی و میدیاییەوە خۆی دووبارە دەکاتەوە، وەک دڵۆپە بارانێک کە بەردەوام لەسەر بەردی بیرکردنەوەمان دەکەوێت و چاڵی تاریکی تێدا دروست دەکات.
لە نێوان دوو جیهاندا، لە سنوری نێوان دوو زمان، دوو کولتور و دوو شێوازی بیرکردنەوەدا، نەوەیەکی نوێ لەدایک دەبێت. ئەم نەوەیە لە هەناوی دژبەریدا گەورە دەبێت، لە نێوان ئەوەی ”هەیە“ و ئەوەی ”دەبێت“ و ”هەبێت“دا ڕاوەستاوە. زەبری کولتوری دۆخێکی دەرونی نییە، بەڵکو واقیعێکی ڕۆژانەیە کە تیایدا مرۆڤ ناچارە دوو کەسایەتی جیاواز، دوو زمانی دژبەیەک و دوو جیهانبینی ناتەبا لەخۆیدا هەڵبگرێت.
لە باخچەی وشە نامۆکاندا، لە نێو پەرتوکە دزراوەکان و چیرۆکە سڕاوەکاندا، گەنجێک دەگەڕێت بە دوای ڕیشاڵ و ڕەگەکانیدا. دەیەوێ پنت و هێڵی هەڵهاتنی چکۆلە بدۆزێتەوە بۆ ڕزگاربوون. لە هەر وەرەقەیەکدا پارچەیەکی خۆی دەدۆزێتەوە، لە هەر دێڕێکدا دەنگێکی ئاشنا دەبیستێت. ئەمە سەرەتای گەشتێکی درێژە بەرەو خود، گەشتێک کە تیایدا «هەڵکەندن» و «هەڵکۆڵین» دەبێتە هونەری سەرەکی؛ هەڵکەندنی چینە شاراوەکانی مێژوو، هەڵکۆڵینی واتا ونبووەکان، دۆزینەوەی ئەو دەنگانەی کە لە ژێر خۆڵی بێدەنگییدا نێژراون.
لە کۆڵانەکانی ئینتەرنێتدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە ژووری چاتە ئەلیکترۆنییەکاندا، شەڕێکی نوێ لە ئارادایە، شەڕی وشەکان، شەڕی وێنەکان، شەڕی چیرۆکەکان. لێرەدا، نەوەی دیجیتاڵ چەکی نوێی خۆی هەڵدەگرێت: هاشتاگەکان دەبنە دروشم، ناکان دەبنە ڕەخنە، ڤیدیۆ کورتەکان دەبنە مانیفێست. تەکنۆلۆجیا، ئەو شمشێرە دوو دەمەی کە لەلایەک دەتوانێت کۆت و زنجیری نوێ دروست بکات و لەلایەکی تر دەتوانێت ڕێگای ڕزگاربوون بکاتەوە. لە گۆڕەپانی قوتابخانەکاندا، لە هۆڵی زانکۆکاندا، لە ژووری چایخانە و کافێکاندا، شەڕێکی بێدەنگ لە ئارادایە، شەڕی مەعریفە. لێرەدا، مامۆستایانی ڕەخنەگر هەوڵ دەدەن چاوی نەوەی نوێ بکەنەوە، فێریان بکەن چۆن پرسیار بکەن، چۆن گومان بکەن، چۆن بیر بکەنەوە؟ ئەمە خوێندنگای بەرەنگارییە، بەرەو ڕزگاربوون.
کۆتایی ئەم گەشتە درێژە ڕوون نییە، بەڵام ڕێگاکە ڕوونە. ڕێگای گەڕانەوە بۆ خود ڕێگایەکی سەختە، پڕە لە کۆسپ و تەگەرە، بەڵام تەنها ڕێگایە بەرەو ڕزگاربوون. ئەوەی دەمێنێتەوە نە “خودی ڕەسەن”ـە و نە “خودی ساختە”، بەڵکو خودێکی نوێیە کە لە هەناوی ئەم ململانێیەدا لەدایک دەبێت؛ خودێک کە دەزانێت چۆن لە نێوان ڕابردوو و داهاتوودا پردی پەیوەندی دروست بکات، چۆن لە نێوان “ئێرە” و “ئەوێ”دا سنورەکان ببەزێنێت، چۆن لە نێو وێرانەکانی شوناسی شکاودا، شوناسی نوێی کوردبوون بنیاد بنێتەوە.
ئەم خودە نوێیە، کە نە خودی ڕەسەنە و نە خودی ساختە، دەکرێت بە «خودی دیالێکتیکی تێپەڕێنەر» ناوی ببەین. ئەم خودە کە لە پرۆسەی بەردەوامی نەفیکردن و تێپەڕاندندا دەژی. ئەم خودە نە تێزی
”ڕەسەنایەتی ڕەها“ قبوڵ دەکات و نە ئەنتی تێزی “داگیرکاری تەواو“، بەڵکو لە پرۆسەیەکی بەردەوامی تێپەڕاندندایە بە هەوڵ و گەڕان، خوێندنەوە و ڕەخنەگرتنی خۆی و دەوروبەر. بە واتایەکی قووڵتر، ئەم خودە «بوونێکی-بەرەو-تێپەڕاندن»ـە، لێرەدا تێپەڕاندن تەنها نەفیکردنی ساکار نییە، بەڵکو بەرزکردنەوە و گواستنەوەیە بۆ ئاستێکی باڵاتری فیکری و مەعریفی کوردانەتر، کە کۆژان و غەمی کوردبوون، کە ئازارێکە بەرامبەر بە جیهانی دەرەوە لە خۆیدا هەڵیگرتوە و کۆششی بۆ دەکات، و دەیەوێ کەلێن و ناتەواوییەکانی بە ڕەخنە و بیرۆکەکانی پڕ بکاتەوە.