“بۆچی کۆمپانیاکان تا ماوەیەک سەرکەوتوون و دوای ماوەیەک شکست و توشی مایەپوچبوون دەبنەوە؟ ئایا کۆمپانیاکان لە هەرێم سود لە کایزن وەردەگرن؟”
“بەڕێوەبردنی کایزن”
ئەگەر ویستی سەرکەوتن، پێشکەوتن و گەشەسەندنمان هەبێت بۆ کار و پێشە یا کۆمپانیا یان بە گشتی بیزنێسەکەمان پێویستە سەرەتا لە تاکەکان و دواتر دام و دەزگا و ڕێکخراو یا ئۆرگانە بچووکەکانی نێو حکومەتدا دەست کەین بە گۆڕانکاری و پەروەردەکردنی کەوادری شیاو و سەردەمیانەی پڕچەککراو بە زانستی نوێ و شارەزا بە فەرهەنگ و کەلتووری دامەزراوەیی و بەرێوەبردنی کایزن ئاسادا و کۆمەڵێک خاڵی تر…. هەرچەند ئەزموونی وڵاتانی تر بخوێنینەوە و وانەی لێ فێر بین هەر کەمە، چونکە بمانەوێت یاخود نا پێشکەوتووترن و چەندین قۆناخ لە لە پێشەوەی ئێمەن. لەم بابەتەدا زۆر بە پێویستم زانی ئەم چەمکە هەستیار و گرنگە لە بەڕێوەبردن کە کەم تا زۆر بەڕێوەبەرانی ئۆرگانەکان بیستوویانە، بخەمەڕوو بە مەبەستی بەرفراوانترکردنی بینایی دیدە و ڕوانگەی بەرێوەبەران. بە هیوام هەموو تاکێک و سەرکردەیەک و دامەزراوەیەک و بەرێوەبەرانی ئێستا و داهاتوو لە دامەزراوەکانیان و ئۆرگانەکانیان سوودی لێ وەربگرن.
مانای سەرەکی وشەی کایزن سادە و ڕوونە:- کایزن بە واتای پێشکەوتنی بەردەوام، باشتربوونی بەردەوام کە هەموو مرۆڤەکان دەگرێتەوە، واتە بەڕێوەبەر و فەرمانبەر و کرێکار: فەلسەفەی کایزن لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە شێوازی ژیانی مرۆڤ بریتییە لە:- ژیانی کار، ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی خێزانی، بە بەردەوامی و هەمیشە باشتر و چاکتر بکرێت. کلتوری کایزن و کارلێککردنی لە نێوان چین و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە ژاپۆن وایکردووە کە کارگە ببێتە زانکۆ و زانکۆش ببێتە کارگە، کرێکار لە بەڕێوەبەرەوە فێر دەبێت و بەڕێوەبەریش سوود لە بیرۆکەکانی کرێکار وەردەگرێت. پێویستە توێژەر جلوبەرگی کار لەبەر بکات و بێتە گۆڕەپانی بەرهەمهێنان لەبری ئەوەی لە تاوەری بەرز و ژووری گەرم دابنیشێت، هەروەها چالاکوانانی دیمەنەکانی بەرهەمهێنان بیر لە باشترکردنی کارەکانیان بکەنەوە و ڕوو لە توێژینەوە بکەن. پەیامی ستراتیجی کایزن دەتوانرێت لەو ڕستەیەدا کورت بکرێتەوە کە تەنانەت نابێت یەک ڕۆژیش تێپەڕێت بە بێ ئەوەی جۆرێک لە پێشکەوتن لە یەکێک لە بەشەکانی ڕێکخراو یان کۆمپانیاکەدا ئەنجام نەدرێت. پرۆفیسۆر دێمینگ لە ژاپۆن خولی (سایکڵی) دیمینگی پێشکەش کرد کە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی کۆنترۆڵکردنی کواڵیتی بۆ باشترکردنی بەردەوام کە بە PDCA ش ناسراوە. Plan – Do – Check – Act، بە مانای دیزاین (پلان) – جێبەجێکردنی کۆنترۆڵی ئەنجامەکە بەو شتەی کە پێشبینیمان کردبوو لە دیزاینەکەدا و لە کۆتاییدا گرتنەبەری ڕێوشوێنی چاکسازی بۆ چاککردنی کەموکوڕی و هەڵەکان. ئەم خولە دووبارە دەبێتەوە و بەرهەمەکە هەمیشە باشتر دەبێت. بێگومان ئەم خولە لە بنەڕەتدا بە دەوری سلندەرێکی ڕوو لە سەرەوەدا دەسوڕێتەوە، چونکە ئەو بەرهەمەی کە یەکجار بەم خولەدا تێپەڕیوە ئێستا لە ڕووی کوالیتییەوە پلەی بەرزتری هەیە و کەموکوڕییەکانی چاککراون.
“چاوەڕوانییەکانی کایزن”
لە پرۆژەکانی کایزن چاوەڕوان دەکرێت سەرجەم فەرمانبەران بەشداربن لە چالاکییەکانی باشترکردنی بەردەوام وەک:-
١-لابردنی ئەو چالاکییانەی کە بەها زیاد ناکەن.
٢-دۆزینەوەی شێوازی کارکردنی باشتر.
٣-چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگەی کارکردنی کۆمپانیای داواکار. کایزن تیۆرێکی ئیستاتیک نییە، بەڵکو چەمکێکە کە بیرکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی هان دەدات.
“کایزن چییە؟”
کایزن لە دوای جەنگی جیهانی دووەم لە ژاپۆن دروست بووە. وشەی kaizen بە واتای (پێشکەوتن) باشتربوونی بەردەوام دێت و لە دوو وشەی ژاپۆنی پێکهاتووە: KAI بە واتای گۆڕانکاری و ZEN بە واتای چاکە. بێگومان لە یەکێک لە توێژینەوەکان کای بە واتای قوتابخانە و زێن بە واتای حیکمەت دێت. هەروەها ئینسایکلۆپیدیای ویکیپیدیا باسی وشەی ZEN دەکات: وشەی ZEN لە کایزندا جەخت لەسەر چەمکی “فێربوون بە ڕێگەی ئەنجامدان واتە کردە و جێبەجێکردن” دەکاتەوە. (Learn-By-Doing) ئەم لێکدانەوە لە بەرنامەکانی باشترکردنی “فەرمان و کۆنترۆڵ” ( Command-and-Control)کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا سەریان هەڵدا، جیاوازە. کایزن یەکێکە لە عەقیدە و بیر و باوەرەکانی ئایینی شینتۆ، کە چەمکەکەی باشتربوونی بەردەوامە بە بەراورد لەگەڵ دۆخی پێشوو. هاوشێوەی ئەم ڕوانگەیە لە ئایینی ئیسلامدا بەشێوەیەک بوونی هەیە کە تەنانەت لە هەندێک فەرموودەشدا زۆر جەخت لەسەر نایەکسانی و یەکسانی دوو ڕۆژی ژیان و کاری هەر موسڵمانێک دەکرێتەوە. کایزن سیستەمێکە کە هەموو کارمەندەکان لەخۆدەگرێت: لە بەڕێوەبەرایەتی باڵاوە بگرە تا کرێکارانی پاککەرەوە، هەمووان هاندەدرێن بۆ ئەوەی بە بەردەوامی پێشنیار بکەن بۆ باشترکردن. ئەمە ڕووداوێکی ساڵانە و مانگانە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامە.کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بۆ نموونە تۆیۆتا و کانۆن CANON))، هەر کرێکارێک ساڵانە ٦٠ بۆ ٧٠ پێشنیار دەکات و جێبەجێی دەکات. لە زۆر حاڵەتدا ئەم پێشنیارانە نابنە هۆی گۆڕانکاری بنەڕەتی. کایزن لەسەر بنەمای باشترکردنی بەردەوام بەپێی پرۆسەیەکی ڕێکوپێک دامەزراوە. کە بەزۆری بەرهەمهێنان و سەلامەتی و کاریگەری باشتر دەکات و بەفیڕۆدان کەمدەکاتەوە.
پێشنیارەکان تەنها تایبەت نین بە بوارێکی دیاریکراودا وەک بەرهەمهێنان یان بەبازاڕکردن.کایزن لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دەتوانرێت گۆڕانکارییەکان لە هەر شوێنێکدا جێبەجێ بکرێت. فەلسەفەی کایزن بریتییە لە:-
“DO IT BETTRE , MAKE IT BETTER , IMPROVE IT EVEN IT AIN’T BROKE , BECAUSE IF WE DON’T , WE CAN’T COMPETE WITH THOSE WHO DO “
بەڵام فەلسەفەی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە باشتربوون دەتوانرێت لەم ڕستەی خوارەوەدا کورت بکرێتەوە:-
“IF IT AIN’T BROKE , DON ‘ T FIX IT”
بۆیە بە پێی فەلسەفەی کایزن هەر شتێک تەنانەت ئەگەر نەشکابێت یان تێک نەچوبێتیش قابیل بە باشتر و چاکترکردنە، یان بە واتایەکی تر:-
“بڕەودان (پێشکەوتن) هەرگیز کۆتایی نایەت”
کایزن، بیر و تێڕوانینێکە کە جگە لە بواری بازرگانی لە کولتووری ژاپۆنیشدا بوونی هەیە. تەنانەت کایزن چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیش دەگرێتەوە. کایزن چەمکێکە کە دەتوانرێت لە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤدا بەکاربهێنرێت. لە بواری بازرگانیدا کایزن چەندین ئامراز و توخم بەکاردەهێنێت. بازنەکانی کوالیتی، کانبان، سیستەمی پێشنیار و S٥ لەو توخمانەن کە لە سیستەمی کایزندا هەن. کایزن سەرەتا ستانداردەکان دادەمەزرێنێت و دواتر پەیڕەوی لە باشترکردنی بەردەوامی ئەم ستانداردانە دەکات. هەروەها پێویستە کایزن ئەو ڕاهێنان و ئاسانکاری و کەرەستە و سەرپەرشتیکردنە دابین بکات کە پێویستە بۆ هەر کەسێک بۆ ئەوەی بتوانێت جگە لەوەی بتوانێت پێشنیار بکات، توانا و ئەگەری جێبەجێکردنی پێشنیارەکانی هەبێت، بە زاراوەیەکی سادەتر، دەبێت پاڵپشتی پێویست پێشکەش بکات.
“چەمکی کایزن”
ستراتیژی “کایزن” گرنگترین چەمکە لە بەڕێوەبردنی ژاپۆنی و کلیلی سەرکەوتنی کێبڕکێی وڵاتەکەیە. کایزن واتە پێشکەوتنی بەردەوام بە بەشداریی هەموو کەسەکان لە کۆمپانیایەک یان ڕێکخراوێکدا (بەڕێوەبەرانی باڵا، بەڕێوەبەران، کرێکاران). کایزن ئەرکێکی گشتییە. نهێنی تێگەیشتن لە جیاوازی شێوازی بەڕێوەبردن لە ژاپۆن و ڕۆژئاوا ،کایزنە. کایزن و سیستەمی بیرکردنەوەی پرۆسێسگەرا لە ژاپۆن لە بەردەم داهێنان و سیستەمی بیرکردنەوەی ئەنجامگەرا دایە، بازدانێکی گەشەسەندنی ڕۆژئاوایە. لە ژینگەی کێبڕکێی ئەمڕۆدا سستی و دواکەوتن لە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیا باجێکی قورس هەیە. لە کاتێکدا کۆمپانیا ژاپۆنییەکان لەسەرخۆ بەڵام بە توندی و بەهێزی لە جوڵەدان و چارەنووسی حەتمییان بریتییە لە پەیڕەوکردنی ڕێگای پێشکەوتن و گەشەسەندن. لە وڵاتانی تریش کۆمپانیای نایاب هەن کە ئامانجیان دروستکردنی ستانداردی نوێ بۆ کوالیتی بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانە. ئەم جیاوازیانە بە هۆی جیاوازی نەتەوەییەوە دروست نابن، بەڵکو پەیوەستە بە جیاوازی ڕۆح و شێوازی بیرکردنەوە. لە ئێستادا وڵاتان بە بەکارهێنانی کایزن و داهێنان بە بەرزترین ڕێژەی گەشەکردن بەرەو گەشەپێدانی پیشەسازی هەنگاو دەنێن.
کایزن و کۆنترۆڵی کوالیتی گشتیTQM
ئامانجی کۆنترۆڵی کوالیتی گشتی باشترکردنی کارایی بەڕێوەبردنە لە هەموو ئاستەکاندا.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئامانجە ٩ بابەت جێگەی سەرنجن کە بریتین لە:-
١-دڵنیایی جۆری.
٢-کەمکردنەوەی تێچوونەکان.
٣-بەدیهێنانی بەهای بەرهەمهێنان.
٤-بەدیهێنانی خشتەی ڕادەستکردن (تسلیم).
٥-سەلامەتی.
٦-دروستکردنی بەرهەمی نوێ.
٧-باشترکردنی بەرهەمهێنان و بەرهەمداری.
٨-بەڕێوەبردنی کڕینەکان.
٩-بەبازاڕکردن و فرۆشتن.
کایزن و بەڕێوەبردن:- بەڕێوەبردن لە دوو توخمی سەرەکی پێکدێت. چاککردنەوە (الصیانە)و باشترکردنی چاککردنەوە (التحسین الصیانە). چاککردنەوە ئاماژەیە بۆ ئەو چالاکییانەی کە بەردەوامێتی دەبەخشن بە ئەو ستانداردانەی کە لە تەکنەلۆژیا و بەڕێوەبردن هەن. هەروەها باشترکردنی چاککردنەوە ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ باشترکردنی ئەم ستانداردانە بەکاردەهێنرێن.
کایزن و داهێنان:- باشتربوون واتە کایزن و داهێنان. هەر کۆمپانیایەک یان ڕێکخراوێک دەبێت هەم کایزن و هەم داهێنان بەکاربهێنێت بۆ مانەوە و گەشەکردنی. کایزن بە کۆمەڵێ وردەکارییەوە کە لە دۆخی ئێستادا لە ڕێگەی هەوڵی بەردەوامەوە کراوە. وە داهێنانیش ئاماژەیە و بە باشترکردنی گشتی کە لە دۆخی ئێستادا لە ڕێگەی وەبەرهێنانی بەرفراوان لە تەکنەلۆژیا یان ئامێری نوێدا دەووترێت.
کایزن بەرامبەر بە داهێنان:- دوو ڕێبازی جیاواز هەیە بۆ گەیشتن بە پێشکەوتن؛ پێشکەوتنی وردە وردە (کایزن) هەنگاو بە هەنگاو و پێشکەوتن لەسەر بنەمای بازدانی گەورە (داهێنان)ە. بە گشتی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان پێشکەوتنی وردە وردەیان پێ باشترە و کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکان باوەڕیان بە داهێنان هەیە.
کایزن لەگەڵ داهێنان:- یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی کایزن ئەوەیە کە مەرج نییە پێویستی بە تەکنەلۆژیای ئاڵۆز یان نوێترین دەستکەوتی تەکنەلۆژی هەبێت. “عەقڵی تەندروست یان عەقڵی سەلیم” تەنها شتێکە کە پێویستە بۆ ئەوەی کایزن ڕووبدات. لە لایەکی ترەوە زۆرجار داهێنان پێویستی بە تەکنەلۆژیای زۆر و وەبەرهێنانی گەورە هەیە.
کایزن و QC کۆنتڕۆڵی کوالیتی:- کایزن لە کاری بەگروپ ڕوونکەرەوەی هەمیشەیی ناوکی کۆنترۆڵکردنی کوالیتی و چالاکییەکانی تری گروپی بچووکە کە ئامرازی ئاماری جیاواز بەکاردەهێنن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەم ڕوونکردنەوە هەمیشەییە پێویستی بە جێبەجێکردنی تەواوی خولی پلاندانان و جێبەجێکردن و ئەنجام و ئۆپەراسیۆنەکان هەیە، هەروەها پێویستی بە هەوڵی ئەندامانی تیم هەیە بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و زانینی هۆکار و شیکردنەوەکانیان، هەروەها تاقیکردنەوە و دابینکردنی چارەسەر. ئەم هەوڵانە دەبێت ببێتە هۆی دانانی ستاندارد یان ڕێنمایی نوێ.
سووڕی کایزن یان (کارگە و وۆرک شۆپی کایزن):- یەکێک لە ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداریکردنی فەرمانبەران بریتییە لە جێبەجێکردنی سووڕ یان خولی کایزن، کە تیایدا گروپی ٦-٨ کرێکاری هەفتانە نزیکەی کاتژمێرێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا کۆدەبنەوە و لە ڕێگاکانی باشتربوون دەکۆڵنەوە و لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا، پێشنیارەکانیان پێشکەش بە بەڕێوەبەرەکانیان دەکەن. لەم حاڵەتەدا کارلێکی چالاک و پەیوەندی بەڕێوەبەران دەبێتە خاڵی سەرەکی لە سەرکەوتنی خولی کایزن. یەکێک لەو ئامرازانەی کە لە وۆرک شۆپەکانی کایزندا بەکاردەهێنرێت بریتییە لە کۆکردنەوەی مێشک (Brainstorming).
“چەمکی بنەڕەتی کایزن لە جێبەجێکردندا”
کێبڕکێ و هەوڵدان بۆ باشتر بوون، و باشتر ژیانکردن مێژوویەکی بەقەد هاتنی مرۆڤ بۆ سەر زەوی هەیە. لە جیهانی پیشەسازیدا هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی باشتر واتە هەوڵدان بۆ مانەوە. بەگشتی دوو ڕێباز یان شێوازی بنەڕەتی بۆ باشکردن هەیە.
یەکەم:- شێوازەکانی باشکردنی بیرکاری کە لەسەر بنەمای ئامار و توێژینەوەی ئۆپەراسیۆنیOR)) دامەزراوە.
دووەم:- شێوازی هێوریستیک یان داهێنەرانە.
شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ژاپۆنی، لەوانەش سیستەمی 5S یان کایزن-کانبان و هتد، هەرچەندە چەمکی قووڵی باشتربوونی بەردەوام سادە دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا کێشەی شاراوەی هەیە.
بەڕێوەبەرانی تۆیۆتا قورسترین لایەنی کایزن بەم شێوەیە پێناسە دەکەن:
کێشەکە، دۆزینەوەی کێشەیە!
شێوازە هێوریستییەکان (Heuristic) هەموویان لەسەر بنەمای ئەزموون و چاودێری ڕاستەوخۆ و زۆرجاریش لە سەر بنەمای تاقیکردنەوە و هەڵە دامەزراوە. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە چەمکە بنەڕەتییەکانی هەر هەموویان زۆر پەیوەندی و کارلێکیان لەگەڵ یەکتیدا هەیە. پێدەچێت مەحاڵ بێت JIT جێبەجێ بکرێت بەبێ ئەوەی بە 5Sدا تێپەڕیت. کایزن بەبێ بەشداری چالاکانەی هەموو ئاستەکانی ڕێکخراوەکە هیچ شوێنێکی نییە. جێبەجێکردنی سیستەمێک کە سات بە سات بەدوای کێشە ناوخۆییەکانیدا بگەڕێت و لە هەمان کاتدا ژینگەکەی پشتگوێ نەخات، ڕەنگە لە وشەدا سادە بێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە پراکتیکدا وا نییە. دەڵێن ئەو کرێکارە ژاپۆنییە نەک هەر دەستەکانی بەکار دەهێنێت، بەڵکو مێشکیشی بەکار دەهێنێت! کایزن، بەرهەمهێنانی نایاب، سیستەمی پێنج S و کەمکردنەوەی ئاستی کۆگاکان (Jit or Stockless) هەموویان یەک مانایان هەیە:- بەرهەمهێنان بە یارمەتی بیرکردنەوە یان وەک بیل گەیتس دەڵێت: بازرگانی لەسەر باڵەکانی بیرکردنەوە
“کایزن و بەڕێوەبردن”
بەڕێوەبردن دوو پێکهاتەی بنەڕەتی هەیە:١. چاککردنەوە یاهێشتنەوە (Maintenance) ٢.باشترکردن (Improvement). مەبەست لە چاککردنەوە پاراستنی ستانداردە تەکنەلۆژی و بەڕێوەبردن و کارکردنەکانی ئێستایە. ئەرکی باشترکردن بریتییە لە باشترکردن یان بەرزکردنی ستانداردەکانی ئێستا. لە ژێر کارایی ئەرک و وەزیفەی چاککردنەوەدا، بەڕێوەبەرایەتی دەبێت سەرەتا سیاسەت و یاسا و ڕێسا و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی کارکردن تەواو بکات و دواتر دڵنیابێت لەوەی کە هەموو کارمەندەکان ڕێکارەکانی کارکردنی ستاندارد پەیڕەو دەکەن. لە ژێر کارایی ئەرک و وەزیفەی باشترکردندا، بەڕێوەبەرایەتی بەردەوام پێداچوونەوە و گۆڕینی ستانداردە تۆمارکراوەکانی ئێستا و تەواوکردن و تۆمارکردنی ستانداردە نوێیەکان دەکات. باشترکردن دەتوانرێت بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێت: داهێنان و کایزن. داهێنان وەک پێشکەوتنێکی ڕیشەیی و بازدان لە پرۆسەکانی ئێستا دادەنرێت و پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆر هەیە. کایزن وەک ئاماژەمان پێدا، نوێنەرایەتی باشتربوونی بەردەوام دەکات کە لە ئەنجامی هەوڵی یەکگرتووی کرێکاران بۆ ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕانکاری بچووک دەردەچێت.
سوودەکانی کایزن چین؟
- ڕەزامەندی زیاتری کارمەندان.
- ڕازیبوونی کڕیار لە ئاستی خوازراودا.
- کەمکردنەوەی ڕێژەی لەکارکەوتن، پەککەوتن و جێهێشتنی کارمەندان.
- دڵسۆزی بەردەوامی کارمەند.
- کەمکردنەوەی تێچوونەکان.
- کارایی و بەرهەمهێنانی زیاتر.
- باشترکردنی کێشەکان.
تۆیۆتا بە یەکێک لە کۆمپانیا پێشەنگەکانی بواری بیرکردنەوەی کایزن ناسراوە. لە یەکێک لە کارگەکانی لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٩ زیاتر لە ٧٥ هەزار پێشنیار لەلایەن ٧ هەزار کارمەندەکەیەوە پێشکەش کرا و زیاتر لە ٩٩%یان جێبەجێ کرا. ئەم پێشکەوتنە بچووکانە بەڵام بەردەوامانە سوودی زۆریان لێدەکەوێتەوە. لەنێو ئەنجامەکانیاندا، بەگشتی دەتوانین ئاماژە بە باشتربوونی بەرهەمهێنان، باشتربوونی کوالیتی، سەلامەتی زیاتر، خێراتر گەیاندنی بەرهەم، کەمکردنەوەی تێچوون، و زیادبوونی ڕازیبوونی کڕیار بکەین. بەڵام لەدەرەوەی هەموو ئەم حاڵەتانە، لەو کۆمپانیایانەی کە بیرکردنەوەی کایزنیان هەیە، کرێکاران زیاتر حەزیان لە کارەیە و کارەکە زیاتر بۆیان سەرنج ڕاکێشاوە و ڕەزامەندی لە کارەکەیان زیاترە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کارلێکی ڕاستەوخۆ و تێوەگلانیان لە پرۆژەکانی باشترکردندا. جگە لە باشترکردنی ڕۆحی کاری تیمی، ئەم بەشدارییە بە جۆرێک لە بەهێزکردن دادەنرێت بۆیان، و هەست بە بەرپرسیارێتی زیاتر دەکەن بەرامبەر بە کرێکارەکانیان، و لە ئەنجامدا کوالیتی کار باشتر دەکەن. کایزن ئەنجامی دەستبەجێ و خێرامان بۆ دەهێنێت و دەستەبەر دەکات. لەبری ئەوەی تیشک بخاتە سەر پێشکەوتنی گەورە و سەرمایەگوزاری، لە کایزن جەخت لەسەر چارەسەری داهێنەرانە دەکات بۆ ژمارەیەکی زۆر لە کێشە بچووکەکان هەرچەندە پێویستە پێشکەوتنی بەردەوام و گەورە هەبێت و هەندێکجار کایزنیش دەبێتە هۆی ئەو جۆرە گۆڕانکاریانە، بەڵام هێزی ڕاستەقینەی کایزن بەڵام هێزی ڕاستەقینەی کایزن لە پرۆسەیەکی پێشکەوتووی پێشکەوتنی بچووک و بەردەوامە.
بۆیە کایزن زیاتر پشت بە چارەسەری داهێنەرانە دەبەستێت کە بە گشتی پێویستیان بە سەرمایەیەکی کەم هەیە، باشترکردنی بەردەوامی تەواوی ڕەوتی بەها یان پرۆسەیەک بۆ دروستکردنی باشترین بەها و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان تا ئەو جێگایەی کە دەتوانرێت.
دوو ئاستی جیاوازی کایزن هەیە:-
١- کایزنی سیستەمی کە جەخت لەسەر باشترکردنی تەواوی ڕەوتی بەرهەمهێنان دەکاتەوە. ئەمە کایزنە بۆ بەڕێوەبەران.
٢- کایزنی پرۆسێسی کە گرنگی بە باشترکردنی پرۆسەیەک دەدات. ئەمە کایزنە بۆ گرووپەکانی کار و سەرکردەکانی گرووپ.
کایکائۆ:- باشترکردنی شۆڕشگێڕانە و ڕیشەیی بۆ دروستکردنی بەها بە خێرایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان تا ئەوپەڕی توانا یان ئەو شوێنەی دەتوانرێت. نموونەی کایکائۆ گواستنەوە و بەبازاڕکردنی ئامێرەکان و دامەزراوە بەرهەمهێنانەکانە لە یەک کۆتایی هەفتەدا. هەندێک جار بە بەراورد لەگەڵ کایزنی وردە وردتر یان کایزنی هەنگاو بە هەنگاو، کایکائۆ پێی دەوترێت کایزنی خێرا.
“قۆناغەکانی کایزن چین؟”
کایزن پرۆسەیەکە کە دەبێت هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکرێت. کەواتە، لەکاتێکدا دەزانیت کایزن چییە، پێویستە ئاگاداری قۆناغەکانیشی بیت. قۆناغەکانی کایزن بریتین لە:-
- بوارێک هەڵبژێرە کە ئامانجی کایزن باشترکردنی بەردەوام بێت.
- پێکهێنانی گرووپێک بۆ پێشکەوتنی بەردەوام.
- کۆکردنەوەی ئەو زانیاریانەی کە پێویستتانە سەبارەت بەوەی ئێستا چی دەکرێت و ئامانجی کۆتایی چییە.
- پشکنینی ئەو ئامراز و ئاسانکاریانەی کە لەبەردەستتدان بۆ جێبەجێکردنی کایزن و پرۆسەکانی گەشەکردنی بەردەوام.
- چالاکییەکانی مۆدا و مۆری و مۆرا دەستنیشان بکەن و ستراتیژییەکی گونجاو بۆ هەریەکەیان دابڕێژن.
- چارەسەرە پێشنیار کراوەکانی گروپەکە بنووسە و ئەوانەی کە پراکتیکیترن هەڵبژێرە.
- جێبەجێکردنی چارەسەرەکە و پێداچوونەوە بە گۆڕانکارییەکانیدا.
- ئەگەر چارەسەرەکە کاریگەری هەبوو، بیکە بە ڕەوتێک لە ڕێکخراوەکەتدا. ئەگەر کارێگەری نەبوو، بڕۆ بۆ چارەسەری داهاتوو.
چیرۆکی کۆمپانیای تۆیۆتا:- تۆیۆتا ڕکابەری کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بوو. ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کۆمپانیای تۆیۆتا بەرهەم هێنراون، یەکسان بووە بەو ژمارەیەی کە لە کارگەی ئەمریکی بەرهەم هێنراوە. بەڵام جیاوازییەکی گرنگ هەبوو؛ بەکارهێنانی کایزن بووە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی هەڵەی کارگەی تۆیۆتا جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ ڕێژەی هەڵەی کارگەی ئەمریکی هەبێت.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە هێڵی کارگە ئەمریکییەکانەوە دەهاتنە دەرەوە و بەرهەمدەهێنران. بۆ نموونە ڕەنگە پارچەیەکی بە هەڵە دامەزرابێت یان ڕێکخستنەکانی پێویستیان بە ڕێسێتکردنەوە هەبووبێت. ئەم کشانە ئەوەندە سەخت بوون کە هەندێک جار کرێکاران ناچار بوون ئۆتۆمبێلەکە لە سەرەتاوە دووبارە مۆنتاژی بکەنەوە. بەڵام لە تۆیۆتادا هیچ کێشەیەکی لەو شێوەیە نەبوو. ئێستا دەزانن زیان و خەسارەیە لە کایزن؟ هەمان ئەو هەڵانەی کە لە کارگەکانی ئەمریکادا ڕوویان دا و زیانیان بە سیستەمەکە هێنا لە ڕووی تێچوون و کات و هێزی کارەوە.
تۆیۆتا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ زیان و خەسارەکان لە کایزن چییە؟
تۆیۆتا بە تێگەیشتن لەوەی کە کایزن چییە، بنەماکانی لە سیستەمەکەیدا جێبەجێ کرد.
- پێویستە هەموو کەسێک هەر کە هەستی بە هەڵەیەک کرد هێڵی بەرهەمهێنان بوەستێنێت.
- ئەو کەسەی هەست بە هەڵەکە دەکات و چارەسەری بۆ دابین دەکات پاداشت وەردەگرێت.
- گرنگ نییە ئەو کەسەی هەستی بە هەڵەکە کردووە چ پێگەیەکی هەیە. لە هەر حاڵەتێکدا دەتوانێت فەرمانی وەستاندنی هێڵی بەرهەمهێنان بکات.
- هەروەها ئەو کرێکارانەی کە لەسەر هێڵی بەرهەمهێنان کاردەکەن دەتوانن پێشنیار بدەن بە بەڕێوەبەران بۆ باشترکردن.
ئەمانە نهێنی و وردەکارییە سەرەکییەکانی تۆیۆتا بوون. بەڵام هەرگیز تەنانەت بە بیری کرێکارانی ئەمریکیشدا نەهاتبوو کە هێڵی بەرهەمهێنان بوەستێنن یان کارێکی پێچەوانەی ئەو کارە بکەن کە فەرمانیان پێکرابوو. ئەم وردەکاریانە یارمەتی بەڕێوەبەرانی ئەمریکییان دا لەوە تێبگەن کە زیان و خەسارە لە کایزن چییە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
کانۆن و تۆیۆتا دوو براندی سەرەکین کە شێوازی کایزن لە کارگێڕیدا بەکاردەهێنن. لە زۆرێک لە پیشەسازییەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا، پیشەسازان پێیان وایە نابێت دەست لە هیچ شتێک بدرێت تاوەکو نەشکێت یا پێویستی بە چاککردنەوە هەبێت. لە کاتێکدا کانۆن و تۆیۆتا تێگەیشتوون کە کایزن چییە و بەردەوام بە بەکارهێنانی گۆڕانکاری ئەرێنی دروست دەکەن؛ هەرچەندە ئەم گۆڕانکاریانە بچووکن. هیوادارم کە زۆربەی کۆمپانیاکان بتوانن بە خوێندنەوەی زیاتر لە سەر ئەم بابەتانە ڕەوتی کاری کۆمپانیاکانیان و دیدگا و تێڕوانینی کارکردنی خۆیان و کارمەندانیان بگۆڕن بە ئاراستەی پێشکەوتن و سەرکەوتن تاوەکو لەگەڵ دونیای مۆدێرن و ژینگەی خێرا لە گۆڕانکاری ئێستادا بە باشی مامەڵە بکەن و خۆیان بگونجێنن. هوشیاری و زانست و هێزی بڕیاردان و خوێندنەوە کلیلی سەرکەوتن و زاڵبوونە بە سەر سەختی و بەربەستەکاندا.