“با جیهانی تایبەتی خۆمان دروست بکەین”
لە ساڵی ١٨٧٧ زاناكان حاڵەتێکی نائاساییان دەستنیشان کرد، ئەویش: دوو کەس یان زیاتر هەڵگری هەمان نیشانەکانی خەڵەفاوی و دەنگی وەهمین، زۆرجاریش پەیوەندیی جەستەیی و سۆزداری لەنێوان ئەم کەسانەدا بەهێزە. ئەم نەخۆشییە ناوی لێنراوە (folie a deux) یان شێتی هاوبەش.
تێکچوونی دەروونی هاوبەش (folie a deux): دەتوانین ئەم حاڵەتە بەمشێوەیە کورت بکەینەوە:- لە حاڵەتی تێکچوونی دەروونیدا، کەسێک هەیە، هەر ئەم کەسەش بکەرەکەیە و کارەکەش خۆی دەیکات. ئەرکی ئەم کەسە ئەوەیە وەهم دروستدەکات و دواتر ورد وردە لەسەر کەسی بەرانبەر فەرزی دەکات. کەسی بەرانبەریش هەوڵی ڕاستکرنەوە و دەستکاریکردن و ڕیکخستنی ئەو وەهمانە دەدات بۆی ڕەوانە دەکرێت و وەریدەگرێت، بەڵام ئەم وەهمە دەگۆڕیت بۆ دۆسێیەکی هاوبەش و هەردوولا تیایدا بەشدارن. ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە هەمان ژینگە ژیاون و لە هەمان هەستەکان و ترس و ئومێدەکاندا بەشدارن، ئەمە چارەنووسی حەتمییانە، ئەمە بە مەرجێک بەبێ کاریگەری دەرەکی لە تەنیایدا ژیابێتن.
“تێکچوونی دەروونی هاوبەش” جۆرێکی تایبەتی خەڵەفاوی (وڕێنە) کردنە، کە ئەزموونی چەندین جۆری بینین و بیستنی وەهمی دەکات. ئەم تاکەش دەست دەکات بەوەی بەسەر کەسی بەرانبەردا فەرزی بکات. لە سەرەتادا بەگژدا دەچێتەوە، بەڵام هەر زوو خۆی بەدەستەوە دەدات. وێڕای ئەوەی هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە نەزانراەوە، بەڵام دوورەپەرێزی کۆمەلایەتی بۆ ماوەیەکی درێژ و پەیوەندی ماوە درێژ کە گەشتووەتە ئاستی هۆگربوون و فشاری هەمیشەیی دەروونی، بە دیارترین فاکتەرە مەترسیدارەکانی ئەم حاڵەتە دادەنرێت. بەتایبەت گەر یەکێکیان نەخۆشییەکی دەروونی هەبێت. وێڕای تەمومژاوی و دەگمەنی ئەم حاڵەتە و کەمی ڕوودانی لەنێو عەوامدا، بەڵام نامۆییەکەی و قووڵی فەلسەفەکەی ڕێگەمان پێدەدا بە چەند شێوەیەکی جیاواز لە چەند کارێکی ئەدەبی بڕوانین.
ژان پۆڵ سارتەر و “ژوورەکە”؛ ژوورەکە، چیرۆکێکی کورتی ژان پۆڵ سارتەرە کە لە ساڵی ١٩٣٩دا لە نێو کورتە چیرۆکەکانی بەناوی “دیوار” بڵاوی کردووەتەوە. سارتەر دەیویست بە جۆرێک ئەم چیرۆکانە بنووسێتەوە کە گەنجان بە ئاسانی لێی تێبگەن و کاردانەوەیان هەبێت. ئەم ئاسانییەش ڕێگر نەبوو لەوەی لێهاتووی ئەدەبی خۆی بەشێوەیەکی قووڵ- زیاد نەکاتە چیرۆکەکانی. چیرۆکەکانی دیوار ئەدەبێکی باڵای بوونگەراییە، سارتەر هەوڵیداوە وێنەی دیوارێکی نەبینراو کە ئەوەی تاک دەیخوازێت و ئەوەی لە واقعدا هەیە جیابکاتەوە؛ یاخوود ئەوەی لە نێوان ئازادی و هەڵهاتندا هەیە. لە “ژوورەکە” ئێڤ ماوەیەکی درێژە لەگەڵ بییەری مێردیدا لە خۆشەویستی تووند و تیژدا دەژی. بییەر تووشی خەڵەفاوی دەبێت و لەگەڵ وڕێنەکانیدا لە ژوورەکەیدا دەمێنێتەوە. وێڕای گووشارەکانی باوکی، بەڵام ئێڤ ڕەتی دەکاتەوە بە تەنیا مێردەکەی بەجێبهێڵێت، بەڵکوو ڕەتی دەکاتەوە خۆی قایل بکات بە ڕاستی نەخۆشی مێردەکەی. سارتەر تێکچوونی دەروونی ئێڤ دەگێڕیتەوە و وردە وردە دەچنە ژێر باری وەهمەکانیانەوە، بەمشێوەیە پێیان وایە “جیهانی تایبەتی خۆیان” دروست دەکەن. بییەر وەکوو تاکێکی ئاخێوەر دەردەکەوێت، بەردەوام چەندین جۆری جیاوازی وەهم لە مێشکی خۆیدا دروست دەکات. هەموو پەنجەرەکان کڵۆم دەدات و لە چاوەڕوانی هەیکەلی ئەو وەهمانەی ناوبەناو سەردانی دەکەن لە ژوورەکەیدا دەمێنێتەوە. ئێڤی ژنی وەکو مێردێکی ئەقڵ سەلامەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات و وەهمانەکەی بە جدی وەردەگرێت، بەڵام کاتێک باسی ئاگاسا یان شتانێک کە ڕووینەداوە دەکات بەگژدا دەچێتەوە. لە کۆتایدا ئێڤ خۆی ڕادەستی وەهمەکانی میردەکەی دەکات و لەگەڵیدا چاوەڕێی هەیکەلی وەهمەکان دەکات، هەست بە هەناسەکانی دەکات لە گەروویدا. ڕەتکردنەوەیەکی قووڵی بوون، ڕاکردن بەرەو خەیاڵ، ئەو دڕندەییەی کە بەرەو دوورەپەرێزی پەلدەکێشێت؛ هەموو ئەمانە لە خۆشەویستی و هۆگربوونێکی توندا یەکدەگرنەوە. شێتی: لە بەرگێکی ڕۆمانتیکی ساختەدا دەبینین.
کریستۆڤەر نۆلان و فیلمی “ئینسێپشن”؛ لە ساڵی ٢٠١٠ کریستۆڤەر نۆلانی دەرهێنەر فیلمێکی بە ناوی “ئینسێپشن” بڵاوکردەوە، لەم فلیمەدا سنووری نێوان ڕاستی و درۆ، وەهم و واقع دەرەدەخات. گەر پێشتر لەگەڵ هاوڕێکانت بینەری ئەم فیلمە بوویت و پرسیاری ئەوەتان لەیەکتری کردووە و وتوتانە کامە راستییە و کامە درۆیە؟ ئەوا با خاترجەمت بکەم لەوەی ئەم فیلمە بۆ ئەوە نییە بزانیت کامە ڕاستەقینەیە و کامە درۆینەیە، بەڵکوو خوودی فیلمەکە بۆ وروژاندنی ئەم پرسیارانە هاتوەتە بەرهەم. نۆلان جیاواز لە فیلمەکانی تری شتێکی جیاوازی پێشکەش کردووین: کۆمەڵێک تاوانبار هەوڵدەدەن بچنە ناو نائاگایی قوربانییەکە و فکرێکی لێ بچێنن. نۆلان دەمانبات بەرەو گەشتی چینەکانی خەون و هێماکانی، لەنێو کەشی تووند و خرۆشی و درامیدا، گومان لە نائاگایی بینەر دەچێنێ. ئەم جۆرە باشانە وتارێکی دوور و درێژی دەوێت و ئێمە لێرەدا لە چوارچێوەی ئەو شتانەی لەسەرەوە وتمان لە پەیوەندی نێوان کۆڵ و کۆب چڕ دەبینەوە؛ کە بڕیاردەدەن پێکەوە لەم جیهانە سەرهەڵبگڕن و لە ڕێگەی “خەونی هاوبەش” جیهانی تایبەتی خۆیان دروست بکەن. ئەوەندە ڕۆدەچن لە وەهمدا کە هێڵێ نێوان ڕاستی و خەیاڵ دەپچڕێنن. وێڕای لەزەتی خەیاڵ، بەڵام کۆب حەزی لە واقعە، ئەمەش بە پێچەوانەی ژنەکەی کە پێی وایە جیهانە نوێیەکەیان بووە بەو واقعەی هیوایان پێ دەخواست. دوای ئەوەی کۆب لە قایلکردنی ژنەکەی شکست دەهێنێت. فکری ئەوە لە مێشکیدا دەچێنێت کە واقعەکەیان جگە لە وەهم و خەیاڵێک هیچی تر نییە، ئەم فکرەش کاریگەری لەسەریان دادەنێت تا ئەو وەختەی لە خەوە هاوبەشەکەیان بە ئاگا دێنەوە.
میلان کۆندێرا و “ناسنامە”؛ کۆندێرا وێنەیەکی ڕاستەقینەی پیشان داوین لە شکستمان لە جیاکردنەوەی نێوان ئەوەی کە هەین و ئەو ڕایەی کە لەسەر خۆمان هەمە، لەنێوان ئەوەی کە پێمان وایە بەڕاستی خۆشمان دەوێت و ئەوەی کە بەڕاستی هەیە. واقع دەبێـتە خەونێکی دوور و درێژ کە سەرەتاکەی دیار نییە. لەوەیە هەر نەزانینی دەسپێک خەسڵەتی خەون بێت، هەر ئەمەش جەوهەری گومانە.هیچ کەس لە ئێمە سەرەتای لەدایکبوون و ساڵەکانی یەکەمی تەمەنی لە بیر نییە. جەوهەری گومان ئەوەیە: خەون خەسڵەتەکانی لە واقعەوە وەرگرتووە. ژان مارک لە ئەپارتمانێکدا لەگەڵ شانتاڵی خۆشەویستی کە ساڵێک لە ئەو گەورەترە دەژی. ژان مارک کەسێکی ماتڵ و بێ کەسوکارە. شانتاڵیش بە کارێکەوە سەرقاڵە کە خۆی تێدا نابینێتەوە و دەیەوێت بە دەمامکی قەناعەت ئەم هەستەی بشارێتەوە. ڕۆتین و ئیرەیی بردن دەبێتە ئاسۆی پەیوەندییەکەیان و ژیانیان بەرەو کابوسێک دەگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا پێکەوە لە جیهانی تایبەتی خۆیاندا دەژین. خوێنەر ناتوانێت بزانێت کەی خەونەکە دەستی پێکرد و کێیشە خەونەکە دەبینێت، یاخود ناتوانێت جیاکاری لەنێوان ڕاستی و خەیاڵدا بکات. لە کۆتایی ڕۆمانەکەشدا، گێڕەوە هەمان شتی بەسەر دێت:
“شانتاڵ! شانتاڵ! شانتاڵ!”
جەستەی لە باوەشیدا بوو و دەیوت: “هەستە ئەمە ڕاستی نییە.”
لەنێو ئامێزیدا وەلەرزینی هێنابوو و دووبارە و دووبارە دەیوت: “ئەوە ڕاستەقینە نەبوو. نا، ئەمە ڕاستی نییە. ئەمە ڕاستی نییە.” دواتر ئەهوەن دەبووەوە.
منیش لێرەدا دەپرسم: کێ خەونی بینی؟ کی خەونی بەم چیرۆکەوە بینی؟ کامیان بوون؟ ژان یان شانتاڵ. یاخود هەردووکیان کاریگەریان لەسەر یەک هەبوو؟ لە چ ساتەوەختیکدا ژیانی واقعی و ڕاستەقینەیان بۆ خەیاڵێکی لەم چەشنە گۆڕا؟ لە چ خولەکێکدا واقع بوو بە ناواقعی؟ ڕاستی بوو بە خەونێک؟ کامە سنوور بوو؟ ئەی سنوور لە کوێیە؟
- ژان پۆڵ سارتەر: لە ساڵی ١٩٠٥ لە پاریس لەدایکبووە، لەساڵی ١٩٨٠یش هەر لە پاریس کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسووف و ڕۆماننوس و شانۆ نووس و سینارۆنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی و چالاکوانێکی سیاسی فەڕەنسی بووە.
- میلان کۆندێرا: لە ساڵی ١٩٢٩ لە دایکبووە و لە ساڵی ٢٠٢٣ کۆچی دوایی کردووە. نووسەرێکی فەڕەنسی بە ڕەگەز چیکییە. لە دیارترین نووسەرانی چەپڕەوەکان بووە.
- کریستۆڤەر نۆلان: لەساڵی ١٩٧٠ لەدایکبووە. دەرهێنەر و بەرهەمهێنێکی سینەماییە.
سهرچاوه؛
https://elmahatta.com/%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%B6%D8%B7%D8%B1%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B0%D9%87%D8%A7%D9%86%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%8F%D8%B4%D8%AA%D8%B1%D9%83-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AF%D8%A8-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%B3/
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد