دەیڤد لینچ لە تەمەنی ۷٨ ساڵیدا مرد، دوای ئەوەی بەهۆی پیشەکەیەوە بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین فیلمسازی هونەریی ئەمریکایی لە مێژووی ئەو بوارەدا. بەڵام دەنگە تایبەتەکەی چووە سەروو سینەماشەوە؛ لە تەلەفزیۆن و مۆسیقا و ناوبانگی سەر ئەنتەرنێت و دروستکردنی قاوە و دیزاینی کەلوپەلی ناو ماڵ و تێڕامانی ترانسێندتاڵی (سەرووئەزموونی)، و هەر چالاکییەکی دیکەی داهێنەرانە کە بە مێشکدا بێت. ببوو بە بڕاندێک، هەرچەندە تەواو سەربەخۆ بوو:- لە یەکەم فیلمییەوە “Eraserhead” [ئیرەیسەرهێد]، لە ساڵی ۱۹۷۷، لینچ بوو بە جۆرێک هونەرمەندی دانسقە کە نازناوەکەی ئیتر گوزارشتی لە ژانرایەک دەکرد. ستایلێکی دامەزراند وای دەکرد بە شێوازێکی جیاواز و نائاسایی لە ژیان بڕوانین، کە گێڕانەوەی کلاسیکی هۆڵیوود و پەڵپی ڕۆمانتیکی و سوریاڵیزمی ئەبستراکتیی تێکەڵ بە یەک دەکرد.
بەرهەمەکانی لینچ ئەوەندە مەزن بوون وای کردبوو هەر یەک لە هەواداران و لایەنگرانی بە شێوازێکی جیاواز بیناسن. لە حەفتاکاندا سەیروسەمەرەییی دیمەنە نیوەشەوییەکانی فیلمی “Eraserhead” بوو؛ و تێکەڵەی ترسناکی شێوەی سادە و لادانی سێکشوالەتی بوو لە “Blue Velvet” “بلوو ڤێڵڤێت”، لە هەشتاکاندا؛ هەروەها لە سەرەتای نەوەدەکان، دیاردە سەیر و سەرنجڕاکێشەکەی تەلەفزیۆن بوو؛ “Twin Peaks” “توین پیکس”. هەندێکی تریش لە “Mulholland Drive” “مەڵهۆڵەند درایڤ”ی ساڵی ۲۰۰۱ـەوە ناسییان، کە پێکدادانێکی سەیری خەونە هۆڵیوودییەکان بوو، یانیش “Twin Peaks: Return” “توین پیکس: گەڕانەوە”ی بێ هاوتا کە فۆڕمی “تەلەفزیۆنی بەبایەخ”ـی تەقاندەوە، هەر خۆیشی پێشتر تۆوەکەی چاندبوو. ئەمانە تەنیا چەند دەستکەوتێکی لینچن لە کۆمەڵێک کاردا کە بودجەی گەورە و بچووکیان تێدایە، هەروەها ئاست بەرز و ئاست نزمیش. بەرهەمەکانی لە ڕێی ناوبانگی کەسیی خۆیشیەوە زیاتر ناسرابوون؛ کەسێکی جگەرەکێش و کۆمەڵایەتیی سادە کە پێشتر لە ڕێکخراوی “ئیگڵ سکاوت” بوو، خاوەن بەرهەمی زۆر ئاڵۆز بوو لە کاتێکدا بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە باسی چێژی خواردنی دۆنەت و خواردنەوەی کوپێک قاوەی دەکرد.
یەکەم فیلمی لینچ کە لە تەمەنی پازدە ساڵیم لە سینەما بینیم، “Mulholland Drive” بوو. وەک سینەمادۆستێکی تازە پێگەیشتوو، بە شێوەیەک ئاگاداری ناوبانگە مەزنەکەی دەرهێنەرەکەی و گەشتە پێچاوپێچەکەی فیلمەکە بووم بۆ سەر شاشەی سینەما. (لە سەرەتادا مەبەستیان بوو بیکەن بە ڕێپیشاندەرێکی تەلەفزیۆنی، یان جێنیشینێکی “Twin Peaks” بەڵام تۆڕی تەلەفزیۆنی ئەمێریکایی ڕەتی کردەوە). فیلمی “مەڵهۆڵەند درایڤ” بە لای منەوە وەک هەورەبروسکەیەکی هونەریی بێوێنە بوو، و بینینی بۆ یەکەمجار لە سینەمادا ڕەنگە کاریگەرترین ئەزموون بووبێ بۆم. هێشتا بە ڕوونی ئەو ترسەم دێتەوە بیر لە کاتی دیمەنەکانی سەرەتای لە “وینکیز داینەر”، کە تێیدا دوو پیاو باسی خەونی خۆیان دەکەن و یەکێک دەڵێت لە خەونیدا دێوێکی لەوتننەهاتووی بینیوە لە پشتەوە، و نهێنییە پڕتاسانەکەی “کڵەب سینێسیۆ”، یەکێک لەو ژینگانەی دیمەنەکانی فیلمی لینچ کە وا دیارە چەندین پێی لە کەتواری جیاوازدا هەبێ. فیلمەکە هەندێک کات سامناک بوو و نواندنێکی ترسناکی ترۆما و مەرگی لە خۆ دەگرت، هەندێک کاتیش خەندەئامێز و جوان بوو. چاوەکانمی کردەوە و درکم بەوە کرد فیلم دەتوانێ بگاتە چ ئاستێک، نەک تەنیا ئامرازێکی سەرگەرمی بن وەک باقیی فیلمەکانی دی.
فیلمی “مەڵهۆڵەند درایڤ”، هاوشێوەی تەواوی چیڕۆکەکانی تری دەرهێنەرەکە، بە ئاسانی ڕوون نەدەکرایەوە. بەڵام ئەگەر پوخت بکرێنەوە، زۆربەیان بێگەردییەکی شیرینیان لە خۆ گرتبوو و باسی ململانێی نێوان چاکە و خراپە و ڕاستییە دژوارەکان دەکات کە ڕۆحە پاکەکان بەرگەیان گرتووە. بەپێی سەرچاوەکان، دەرهێنەرەکە تەمەنی منداڵیی بە خۆشی و ئاسایی بە ڕێ کردووە؛ لە مۆنتانا لە دایک بووە و بە منداڵی بە تەواوی وڵاتدا گەڕاوە، لە واشنتن و نۆرس کارۆلاینا و ئایداهۆ و ڤیریجینا ژیاوە لە تەمەنی جیاوازدا. هەرچەندە دواتر دواتر ئەو ساتانەی وەبیر خۆی دەهێنایەوە کە بوونە هۆی شێواندنی ئارامییەکەی. جارێک بە ڕۆجەر ئیبێرتی گوت: “کاتێک منداڵ بووم، شەوێک من و براکەم چووینە دەرەوە، و ژنێکی ڕووتمان بینی لە دۆخێکی شێواویدا لەوسەری شەقامەکەوە بە گریانەوە بەرەو ڕوومان دەهات. هەرگیز ئەو ساتەم لە یاد نەچووە،” خەیاڵی دیمەنێکی بزواند کە دوای ساڵانێک بوو بە چەقی فیلمی “بلوو ڤێڵڤێت”.
بەڵام زیاتر ڕووداوەکانی ژیانی گەورەساڵیی سەرچاوەی ئیلهامی یەکەم فیلمی درێژی بوون. فیلمێکی کۆمیدیای تاریک و سەیر و بێدەنگ، دەربارەی گەنجێکی نامۆ کە لە شوێنێکی پیشەسازیی دیستۆپیایی لە کارگەیەک کار دەکات، فیلمی “ئیرەیسەرهێد”، پێوەی دیارە شێوازی لینچە بۆ تێگەیشتن لە ژیانی وەک تازەباوکێک لە فیلادیلفیا. پاڵەوانی فیلمەکە لە هەوڵ و تەقەلای بەردەوامدایە بۆ بەخێوکردنی بوونەوەرێکی نائاسایی و مامەڵەکردن لەگەڵ خەسوو و خەزوورە چەنەبازەکەی و هەروەها کارە تاقەتپرووکێنەکەی. زۆربەی بینەرانی فیلمەکە پێیان وا بوو بەرهەمێکی بێزارکەرە، بەو دەنگە ئاڵۆز و ناخۆشانەی، ئەو وچانە جوان و قێزەونانەی گۆرانیی سادەیان لەسەر دانرابوو، هەروەها بێشەرمانە چیڕۆکێکی نامۆی بێگێڕانەوە پێشکەش دەکات. فیلمی “ئیرەیسەرهێد” دەکرا پشتگوێ خرابا و کەس بە گرنگی نەدەزانی، بەڵام لە بری ئەوە، بوو بە فیلمێکی کەڵتیی هەستیار، لەو جۆرەی لەناو کۆبوونەوە هونەرییەکان و فرۆشگەکانی کۆمیک و شوێنە ژێرزەمینییەکانی دیکەدا بڵاو دەبێتەوە، هاوشێوەی زۆربەی ئەو فیلمۆگرافییانەی لینچ کە ئێستا وان.
کۆمیدیەن و فیلمسازی بەئەزموون میڵ برۆکس فیلمەکەی بینی و، بە جۆرێک، کاریگەریی لەسەر جێ هێشت. دواتر لینچی دامەزراند—لەگەڵ ئەوەی کەسانی شایستەتر و بەناوبانگتر هەبوون—بۆ دەرهێنانی پڕۆژەیەک کە بروکس خەریک بوو کاری تێدا دەکرد، “The Elephant Man”. سەرکەوتنێکی ڕەخنەیی بوو کە بوو بە بەربژێری چەندین خەڵاتی ئۆسکار، هەروەها بەرزبوونەوەی لینچ لە پیشەسازییەکەدا دیار بوو جێگیر دەبێت. فیلمی دواتری “Dune” بوو کە ئەفسانەیەکی خەیاڵیزانستییە و لە ڕۆمانە پڕفرۆشەکەی فرانک هێربێرتەوە وەرگیرابوو، کە لینچ بانگەشەی دەکرد “Return of the Jedi”ی ڕەت کردۆتەوە. بەڵام شکستێکی بازرگانی بوو کە لە ڕووی هونەرییەوە سازشی لەسەر کرابوو؛ لە دوای ئەوەوە دەرهێنەرەکە وازی لە فیلمی بودجە گەورە هێنا. لە بری ئەوە، گەڕایەوە سەر حەزە کەسییەکانی خۆی و سەرکەوتنی بە دەست هێنا: بەرهەمی دواتری فیلمە سەرنجڕاکێش و قێزەونەکەی “بلوو ڤێڵڤێت” بوو، چیڕۆکێکی خەیاڵی و تاریکی پیس بوو دەربارەی ڕێگر و گێچەڵپێکردن کە دیمەنەکانی لە دەوروبەری شار هەڵکەوتبوون.
لینچ ساڵانێکی زۆر چەندین مەترسیی داهێنەرانەی گرتە بەر، بەڵام “بلوو ڤێڵڤێت” باشترین نموونەیە بۆ تێکەڵکردنی تووندوتیژیی ترسناک و ژیانی ئاسایی و خۆشی شارۆچکە ئەمەریکییەکان، کە بووە هێما و تایبەتمەندیی دەرهێنەر و پێی ناسرا. لە درێژەی کاروانی هونەریی خۆیدا، لینچ بەردەوام بوو لە دەرخستنی تاریکیی ژێر ڕووکاری ڕزیوی ئایدیالیزم، بە پەخشکردنی زنجیرەی “Twin Peaks” لە ساڵی ۱۹۹۰، جیهانبینیی خۆی گەیاندە بەشێکی زۆرتری بینەران. ئەو زنجیرەیەی بە هاوبەشی لەگەڵ مارک فرۆست دەریان هێنا، ئۆپێرایەکی ئەڵقەیی و نامۆ بوو لە تۆڕی تەلەفزیۆنی ئەمریکی، بەهۆی کوشتنی نهێنییەوە بۆ ماوەیەکی کورت بووە جێی سەرنجی خەڵکی وڵاتەکە. زنجیرەی “توین پیکس” لە سەرەتای پەخشکردنیدا زوو بینەرەکانی لە دەست دا، بەڵام لەو کاتەوە وەک بەرهەمێکی سەرەکی و نموونەییی لینچ ماوەتەوە. میراتی زنجیرەکە هێزی خۆی لە هەستیارییەوە وەردەگرت—ئەو هەستە قووڵ و ڕاستگۆیانەی دەرهێنەر بە جوانی دەیخستە ڕوو—هەروەها بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی بە تێپەڕبوونی کات لە میدیا جیاوازەکاندا ڕوویاندا. “Twin Peaks” گۆڕا و بوو بە پڕۆژەیەکی فراوان کە بۆ چەندین دەیە درێژەی کێشا، لەگەڵ فیلمە پێشەکییە تراژێدی و جوان ودڵتەزێنەکەی “Fire Walk With Me” لە ساڵی ۱۹۹۲، زنجیرە درێژ و سەرسوڕهێنەر و خەندەئامێزەکەی کە فۆڕمێکی یاخیبوونی پێوە بوو، “The Return”، کە ۲٥ ساڵ دواتر پەخش کرا.
لە قۆناخەکانی دواتری ژیانیدا، لینچ بە شێوازە تایبەتەکەی خۆیەوە بەرەو جیهانی دیجیتاڵی هەنگاوی نا. کامێراکانی ڤیدیۆ دیجیتاڵییە ناڕوونەکانی بەکار هێنا بۆ تۆمارکردنی فیلمە سەیروسەمەرەکەی کالیفۆرنیا، “Inland Empire” کە زۆربەی تێچووەکەی لەسەر شانی خۆی بوو؛ پڕۆژە ئەڵقەییە ناوازە و کارتۆنە جوڵێنراوە سەرەتاییەکانی تەنیا بۆ بەشداربووانی ماڵپەڕەکەی خۆی دادەنا. سەرەڕای ئەوەی دەرهێنەر حەزی بە بابەتە لاتەریکە نامۆیەکان و هەڵبژاردنە هونەرییەکان بوو، بەڵام بازاڕکارێکی باش بوو بۆ خۆی. گاڵتەجاڕییە تایبەتەکەی کە پڕ لە قسەی نالۆژیکی بوون و دڵسۆزییە ڕاستگۆیانە و بێسەروبەرەکەی، هەم خۆی و هەم بەرهەمەکانی بە نەوەکانی دواترەوە بەستەوە. لینچ، بە بەراورد بە زۆرێک لە هاوکارانی، دەیتوانی بینەران ڕووبەڕووی دیمەنە هەرە دژوار و دڵتەزێنەکان بکاتەوە، لە هەمان کاتیشدا بە شێوەیەکی خەمبارانە داوایان لێ بکات “دڵەکانیان سارێژ بکەن یان بمرن”. ئەگەر لە ئەزموونی ئەمێریکادا شاعیرێکی سینەمایی هەبووبێت، ئەوا هەر ئەو بووە. هەواڵی کۆچکردنی لینچ ڕاچڵەکێنەر بوو چونکە وامان دەزانی بۆ هەمیشە لەگەڵمان دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی The Atlantic، وتاری David Lynch was America’s cinematic poet
نووسین: دەیڤد سیمس
وەرگێڕان: دانا حهكیم