“ئەلف. شانۆنامەی کالیگوولا”
لەکالیگوولای کامۆ دا مرۆڤێکی راستەقینە بابەتی شانۆنامەکەیە؛ گایۆس ژولیۆس قەیسەر گێرمانیکۆس1 کە ناودارە بە کالیگوولا(نیو چەکمە). کالیگوولا لەمەودای ساڵەکانی 37-41 زاینی، ئیمپراتۆری رۆم بوو. (چوارەمین ئیمپراتۆری ئیمپراتۆرییەتی رۆم). کالیگوولای راستەقینە، وەکوو کالیگوولای شانۆنامەکەی کامۆ، زۆر زوو هۆگریی بۆ پەرەپێدانی ئیمپراتۆرییەکەی لە دەست دا و هەموو سەرنجی خۆی خستە سەر ژیانکردن لە رۆم دا. دوای تووشبوونی بە نەخۆشییەک لەسەرەتای سەردەمی حوکمڕانی دا، کرداری “ئەو” رۆژ لە دوای رۆژ بێ رەحمانەتر و غەریبتر بوو. ئەو یەکەمین ئیمپراتۆری رۆم بوو کە بریق و باقەکانی حکوومەتی کۆماری خستە لاوە و یەکەمین ئیمپراتۆرێک بوو کە خۆی بە خودای زیندوو ناوزەد کرد. ئەو لە هاودەمی و دانیشتن لەگەڵ ئەکتەر و گلادیاتۆرەکان دا چێژی دەبرد و هەندێ جار خۆیشی دەچووە نێو گۆڕەپانەوە. مێژوونووسی رۆمی، واتە سۆئیتۆنیوس2، دەڵێت کالیگوولا گیرۆدەی بێخەوی کوشندە و لەڕادەبەدەر بوو، حەزی دەکرد جل و بەرگی ژنانە لەبەر کات، دەست بداتە هەموو چەشنە رابواردن و سۆزانی گەرییەک-لەوانەش زیناکردن لەگەڵ سێ خوشکەکەی. پاتریسینە رۆمییەکان بە چاوێکی سووکەوە چاویان لێدەکرد و یەهوودی و مەسیحییەکانیش دەیاندایە بەر جنێو و نەفرەتیان دەکرد. هەندێک لە مەسیحییەکان پێیان وابوو کە ئەو هەر هەمان دەجالە. سەرئەنجام گرووپێک لە سیناتۆرەکان یەکێک لە ئەفسەرەکانی گاردی پرایتۆریا(کۆشکی پاشایەتی)،واتە کاسیۆس خایێرئا3 یان گەیاندە ئەو قەناعەتە کە بیکوژێت. لە بیست و چوارەمی ژانڤییەی ساڵی 41ی زاینی، کالیگوولا و ژنی چوارەمی، کایسۆنیا4، لەرێڕەوی ژێرزەمینی کۆشک دا بە زەبری چەقۆ دەکوژرێن. یەکێکی دیکەش لە گاردەکانی پرایتۆریاش سەری کچە منداڵەکەیان وەبەر دیوار دەدات و مێشکی دەپژێنێت.
بە زۆریی هەموو وردەکارییەکانی شانۆنامەکەی کامۆ لەمەڕ کالیگوولاوە وەرگیراو لە گێڕانەوە و راپۆرتەکەی سوئیتۆنیوسە لەکتێبی دوانزە قەیسەر5 دا. بەڵام کامۆ ئەم وردەکارییانە وێک دەنێتەوە تاکوو چیرۆکێک بڵێتەوە کە بەهیچ کڵۆجێک بانگەشەی وردبوونەوەی مێژوویی نییە. کالیگوولای کامۆ درامایەکی ئەندێشەیە و نەک بەدراماکردنی مێژوو. دەسپێکی شانۆنامە ماوەیەکی کورت دوای مەرگی درۆسیلا، واتە خوشک و خۆشەویستەکەی کالیگوولایە. کالیگوولا سەرسووڕماو و پڕداخ لەم مەرگە، بێ مەبەست لە دەوروبەری رۆم سەیران دەکات و سەرگەردانە و هەر لەم کاتەدا دەگاتە فامێک لە پووچی. دوای گەڕانەوە بۆ کۆشک، ئەم فامەی خۆی ئاوەها بەیان دەکات:«حەقیقەتێکی زۆر سادە و تەواو رۆشن، تۆزێکیش گەمژانە… ئینسانەکان دەمرن و بەختەوەر نیین». .(CTOP،8 ئێمە کالیگوولا پێش لە مەرگی درۆسیلا نابینین، بەڵام بە ئێمە دەگوترێت کە لەوکاتەدا مرۆڤێکی شیاوی پشت پێبەستن، میهرەبان و تا رادەیەک ئاسایی بووە. کایسۆنیا، کەلە شانۆنامەکەی کامۆ دا خۆشەویستێکی وەفادارە، ئەم کالیگوولایەی پێشوو ئاوەها باس دەکات: “بەمنی دەگووت ژیان ئاسان نییە، بەڵام حەجمانگەلێکی هەیە; دین، هونەر و سۆزی دیتران. زۆربەی کات دووپاتی دەکردەوە کە تاقانە هەڵەی ژیان هێنانە ئارا و وەبەرهێنانی رەنجە(CTOP،10، کالیگوولای “هەنووکە” نە شیاوی پشت پێبەستنە، نەمیهرەبان و نە ئاسایی. ئەو تووشی جۆرێک وەرگەڕانی(تبدل) غەیری دینی بووە. “ئەو” بووە بە حەواریی و داکۆکی کەری ئەم راستییە پووچە کە “ئینسانەکان دەمرن و بەختەوەر نین”.
مەبەستی کالیگوولا لەمەی کە “ئینسانەکان دەمرن” لە بنەماوە هەمان مەبەستی مۆرسۆیە، کاتێک کە دەڵێت هیچ شتێک بایەخی نییە چوونکوو تاقانە چارەنووسێک واتە (مەرگ) هەمووان هەڵدەبژێرێت. بەڵام ئەم وتەیەی کالیگوولا کە ئینسانەکان بەختەوەر نین ئەندێشەیەکی تازە دەردەبڕێت. ئەگەر ئەو وتەیە بەمانا رواڵەتییەکەی وەربگرین و بەندوکۆتێکی تێ نەخەین، دەبێت بڵێین رستەیەکی فشۆکانە یان زێدەڕۆیانەیە. هەر چییەک بێت زۆربەی ئینسانەکان هەندێ سات خۆشن و هەندێ ساتیش ناخۆش. راڤەیەکی گونجاوتر-هەرچەندە،کەمتر سەرسووڕهێنەر- لەم وتەیەی کالیگوولا دەشێت ئەمە بێت کە بەختەوەری ئینسان لەرزۆک و تێپەڕە. ئەمە خاڵی پەڕینەوەی پاسکالیشە. ئێمە بە پێچەوانەی هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی بەختەوەر بین، زۆربەی کات بەم ئامانجە ناگەین. هەندێ کات بەوەی کە دەیخوازین ناگەین. هەندێ جاریش بەوەی کە دەیخوازین دەگەین و ئەوەی کە پێی گەییشتووین نائومێدمان دەکات. حەسرەت، دڵتەنگی، یان بێقەراری دەتوانێت بەختەوەری پووچەڵ کاتەوە. نەخۆشی یان گرفتی ماڵی دەتوانێت هۆکاری درووستکەری هەستی بەدبەختی بێت. تەنانەت بەختەوەرترین ئینسانەکانیش پیر دەبن، نەخۆش دەکەون، و ئازیزانیان لەکیس دەدەن، و دەمرن.
کالیگوولا پووچی دۆخی مرۆیی بەم دەربڕینە بەیان دەکات، “ئینسانەکان دەمرن و بەختەوەر نین”، بەڵام نیگای خۆی بۆ دۆخی ئینسانی بەدەربڕینێکی وردتر و ناسکتر بەیان دەکات. کاتێک لە مەرگی خوشکەکەی،واتە درۆسیلا، دەدوێ دەڵێت: “خەڵک واتێدەگەن ئەگەر کەسێک رەنج دەچێژێت لەبەرئەوەیە کە بۆنموونە خۆشەویستەکەی لەکتوپڕێکدا مردووە، لەحاڵێکدا رەنجی هەقیقی مانادارترە؛ رەنج دەچێژێت چوون دەبینێت خەمیش بەردەوامی نییە، تەنانەت دەردیش بێمانایەCTOP،71- کالیگوولا سەرەڕای ئەوەی کە تێ دەگات بەختەوەری ئینسان فشۆک و لەرزۆکە، درکی ئەمەش دەکات کە زۆربەی ئینسانەکان لە خۆفریوی سەبارەت بەم لەرزۆکییەوە، پسپۆڕ و لێبڕاون. ئەو بڕیار دەدات کە خەڵک لە وەهمەکانیان رزگار بکات، و چوون ئیمپراتۆرە دەسەڵاتی ئەم کارەشی هەیە. بە هاوڕێکەی واتە هلیکۆن6 دەڵێت:- کەواتە لە دەور و بەری من دا هەرچی هەیە درۆ و خۆفریودانە و من دەخوازم کەخەڵک لەگەڵ راستیدا بژین! و لەراستیشدا، کەرەستەکەشم هەیە کە ئەوان پێمل بکەم تا لەگەڵ راستیدا بژین. چوونکوو دەزانم ئەوان چییان نییە، ئەوان زانست و مەعریفەیان نییە و مامۆستاێکیان دەوێ کە بزانێت چ دەڵێتCTOP،9. کالیگوولا ئەم رۆڵی مامۆستاییەی بەم شێوەیە دەبات بەڕێوە کە حوکمڕانییەکی دڕندانە پێکدێنێت کە تێیدا خەڵکەکەی بە تایبەتی پاتریسینەکان، بێ هیچ هۆیەک دەداتە بەر بێ حورمەتی و جنێو و خوارکردن و سووکایەتی پێکردن، ژنەکانیان دەگێت، و دواتر دەیانکوژێت. ژنی پاتریسینەکان لە قەحبەخانە گشتییەکاندا دەگرێتە کار. پێکهاتێکی کۆمەڵایەتی ساز دەکات کەتێیدا نە عەدالەت هەیە، نەگونجاوی و هاوتەریبییەک، و تێیدا هەر هاووڵاتییەک لە هەراس و سامی هەمیشەیی لەهەمبەر لەسێدارەدانی بێ بنەما و بێ یاسا دا دەژی. ئەو هەموو خەڵکەکەی ئەگۆڕێتە سەر «تاقمێکی بەرجەستە»- بەندکراوانێکی سزادراوی چاوەڕوانی سێدارە. پووچی بێبەزەییانەی ئەم پێکهاتە کۆمەڵایەتییە دەبێت ئاوێنەیەک بێت کە پووچی جیهان بنوێنێتەوە. ئەوەی وا روونکردنەوەی ئەستەمە هەڵپێکرانی ئەم حکوومەتی دڕندەیەی کالیگوولایە لەگەڵ ئامانجە ئاشکراکەی، یانی«رەنجەکان کەمترببن و ئینسانەکان نەمرنCTOP،16- رەنگە ئەمە راست بێت کە ئەو بە خۆلادان لە تووش کردنی رۆم بە جەنگ، رێژەی ئاسایی مردن لە رۆم کەم دەکاتەوە.
هەر بەو شێوەیە کە بە ئیسکیپیۆن دەڵێت:- “بچووکترین جەنگی پاشەیەکی ملهوڕی ئاقڵ بۆ ئێوە هەزار جار قورسترە لە چڵێسییەکانی سرووشتی رەنگاڵەیی منCTOP،44- بەڵام ئەو رەنجی دەورووبەرییەکانی زیاتر دەکات و کارێکیش ناکات کە -ئینسانەکان نەمرن-. رەنگە تەنها رێگە بۆ درک و فامی تەواوی ئامانجەکەی ئەو، پێڕەوکردنی پۆل ئارشامبۆ لە راڤەیەکی گنۆسییانەی ئەم گەڕیانەی کالیگوولا بێت. ئەگەر وای دانێین کە کالیگوولا خۆی بە “نێونجی”ییەک دەزانێت کە خودایەکی بەرزتر لەجیهانی نادیار ناردبێتی تاکوو کاروبارەکان لەدەستی خوداشەڕانییەکان وەرگرێت، ئەوکات ئەم مەبەستە خۆبینانەیەی ئەو مانا پەیدا دەکات. راڤە و خوێندنەوەی گنۆسی هەر وەها ئەم شیمانەیەمان دەداتێ و یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوەی ئەم وتووێژی خوارەوەش فام بکەین:-
کایسۆنا:- کەواتە دەتەوێ لەگەڵ خودایان قۆچە(هەوڵ بۆ هاو ڕیزی) بکەیت. شێتی لەمە خراپتر نابێت.
کالیگوولا:- تۆش من بەشێت دەزانی. ئەسڵەن مەگەر خودا کێیە کە من بمەوێت قۆچەی لەگەڵدا بکەم؟ ئەوەی کە من ئەمڕۆکە بە تەواوی بوونمەوە دەیخوازم بانتر و سەرووتر لە رادەی خوداکانە. من بوومەتە خاوەنداری مەلەکووتێک کە نامومکین لەوێدا پاتشایە.
کایسۆنا:- “لەهەمبەری دا دەوەستێت، و بەهەوایەکی گریاناوییەوە” هەم چاکە هەیە هەم خراپە، هەم بڵند هەیە و هەم نەوی، هەم داد هەیە و هەمیش بێداد. سوێندت بۆ دەخۆم کە لەهەموو ئەمانە هیچ شتێک گۆڕانی بەسەردانایەت.
کالیگوولا:- “بەهەمان هەواوە” من ئیرادەم کردووە کە بیگۆڕم. من هاوسانی پێشکەشی ئەم سەدەیە دەکەم. کاتێک هەموو شتێک یەکسان بوو و دواجار نامومکین هاتە سەر زەوی و مانگ گەیشتە دەستی من، رەنگە خودی خۆشم بگۆڕێم و دنیاش لەگەڵ مندا بگۆڕێت و ئەوکات خەڵک نەمرن و بەختەوەر ببن CTOP،16-17.
ئەگەر وشەکانی کالیگوولا بەمانا رواڵەتییەکەی وەربگرین، ئەوکات دەبێت وای دانێین کە ئەو لە رزگاری جیهان و گۆڕانی خۆی بە نێونجی هێزێکی بان سرووشتیەوە دەدوێت. ئەم دەجالەش، وەکوو مەسیح، بەڵێنی سەرکەوتن و زاڵ بوون بەسەر مەرگ دەدات، بەڵێنی گۆڕانی دونیا، و کۆتایی هێنان بە گوناە و رەنجی مرۆڤ. بەڵام ئەگەر وتەکانی کالیگوولا بەمانا رواڵەتییەکەیان وەرنەگرین، ئەوکات راڤەیەکی گشتی جیاواز دەکرێت. ئەگەر وای دانێین کە ئەو لەگۆڕانی “ئەخلاقی و رۆحی” دەدوێت و نەک لەگۆڕانی “فیزیکی و میتافیزیکی” و مەبەستی لە زاڵ بوون بەسەر مەرگ دا هەر ئەمەیە، ئەوکات پێویست بە نێونجڤانیی بانسرووشتی نابێت. من وای بۆ دەچم کە لەرێگەی فەلسەفەی نیچەوە بشێت راڤەیەکی هزرمەندانە بۆ گۆڕانی ئەخلاقی و رۆحییەک کە کالیگوولا دەیەوێت بە ئاکامی بگەیێنێت، بدۆزینەوە. بۆنموونە بڕیاری کالیگوولا بۆ هاوسان کردنی “چاکە و خراپە، بڵند و نەوی، داد و بێداد” وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ بانگهێشتی نیچە لە دەسپێکی لە “سەرووی چاکەوخراپە8” بۆ بە پرسیارگرتنی “باوەڕ بەلێکدژی بەهاکان” هەیە:- چوونکوو دادخوازان و ئەهلی هەقیقەت و لەخۆبردووان، هەر بەهایەکیشیان هەبێت، هەمدیس دەتوانرێ بەهایەک کە فریو و خۆخوازی و شەهوەت بۆ ژیان هەیانە بە بەهایەکی واڵاتر و بنەمایی تر بزانرێت. هەروەها رەنگە ئەوەی مایە و هۆی بەهاداری ئەم شتە باش و ستایشکراوانە بێت، راستەوراست هەر ئەمە بێت کە لە گەڵ ئەو شتە خراپ و بەڕواڵەت لێکدژانەیان دا، بەشێوەیەکی زۆڵانە پەیوەستن و گرێدرا و هاوپێوەند و تێک تەنراون لەگەڵ یەک- رەنگە لەیەک گەوهەربن. رەنگە (Nietzsche1989،10)
کالیگوولا، بەپێچەوانەی مۆرسۆوە، “دۆخی لەرزۆک وتێپەڕی” مرۆیی وەکوو هۆیەک بۆ بەختەوری نازانێت. ئەو دوای زانین بەمەی کە “ئینسانەکان دەمرن و بەختەوەر نیین”، بەشێوەیەکی قووڵ پەشۆکاوە و دەیەوێت کارێک لەم بارەیەوە بکات. بەشێک لەوەی کە ئەو دەیکات دەتوانین بەجۆرێک پرۆژەی نیچەیی بزانین بۆ زاڵ بوون و داشکان بەسەر خۆدا. ئەو بە تێکشکاندنی کۆت و بەندی سیستەمی ئەخلاقی نەریتی، دەخوازێت بگاتە ئازادییەکی خۆداهێنەرانە لە تەنهایی دا. نیچە لە ئێوارەی بتەکان9 دا لە فەیلەسووفان دەخوازێت کە لە«سەرووی چاکە و خراپەوە دانیشن و وەهمی حوکمدانی ئەخلاقی داڕمێنن». .(Nietzsche1954،501) ئەمە هەر هەمان ئیشە کە کالیگوولا پێی هەڵدەستێ. بە داخەوە، کالیگوولا فەیلەسووفێکە کە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریانەی هەیە و لە سەپاندنی ئەزموونە ئەخلاقییەکانی خۆی بەسەر خەڵکی رۆمدا چرکەیەک هەڵوێستە ناکات. ئەگەرچی ئەو ناتوانێت بەسەر مەرگ دا زاڵ بێت، بەڵام دەتوانێت هەوساری چۆن مردن و کەی مردنی خەڵک بگرێتە دەستییەوە. ئەگەرچی ناتوانێت گەرەنتیکەری بەختەوەری بێت، بەڵام دەتوانێت ڤەداندەری(خالق) بەدبەختی بێت. کالیگوولا دەیەوێت خۆی لە کۆت و بەندی هەر هەستێک، هەر سۆزێک، و هەر ئەرکێکی ئەخلاقی رزگار بکات و راپسکێنێت. لەیەکێک لە قۆناغە کۆتاییەکانی ئەم رزگارکردنەی خۆ بەشێوەیەکی بێڕەحمانە، خۆشەویستە بەوەفاکەی، واتە کایسۆنیا، دەخنکێنێت و دەڵێت:«من زیندووم،من دەکوژم،من دەسەڵاتی سەرسووڕهێنەری خودای نابوودکەر دەخەمەگەڕ کە دەسەڵاتی خودای ئافرێنەر، لەهەمبەری دا،لە لاساییەکی قەشمەرانە بەولاوە هیچیتر نییە. و ئەمەیە بەختەوەربوون. بەختەوەری ئەمەیەCTOP،72.
تەنها کەسایەتییەک لە شانۆنامە دا کە نە لەکالیگوولا دەترسێت و نە مەفتوونێتی، کرێئایە. کرێئا بە خودی کالیگوولا دەڵێت کە حەز دەکات بیکوژێت چوونکو ئەو مەترسی و هەڕەشەیەکە بۆ ئەمن و بەختەوەری مرۆڤ. ئەو پێ لێدەنێت کە حکوومەتی کالیگوولا درێژەی لۆژیکییانەی فەلسەفەی پووچییەکەیەتی، بەڵام نارەزایەتی لە هەمبەر حاکمێکە کە “فەلسەفەکەی دەگۆڕێتە سەر تەرمەکانCTOP،21- کرێئا داکۆکی دەکات کە وەکوو هەموو خەڵکە و دەیەوێت بژێت و بەختەوەر بێتCTOP،51-2- کرێئا بۆی قووت ناچێت کە کالیگوولا ژیان لە مانا بەتاڵ دەکاتەوە. ئەو بەم بنەما سەرەکییە باوەڕی هەیە کە«هەندێک کردار. لەهەندێکی تر زۆرتر شیاوی ستایشکردننCTOP،72- ئەمە کرێئایە کە پیلانگێڕە ترس لێ نیشتووەکان لەکاری کوشتنی کالیگوولا دا رێبەری دەکات، ئەمە کالیگوولایە کە بوار دەدات ئەو ئەم ئیشە راپەڕێنێت. لەراستیدا، کالیگوولا، کەخەڵکەکەی بە چڵێسانەترین بڕ و بیانوو ئەشکەنجە کردووە و کوشتووە، بەلەناو بردنی لاپەڕەیەکی مۆمین (لەمۆم سازراو) کە دەتوانێت پیشان بدات کە کرێئا لە پیلانەکەدا دەستی هەبووە«بێگوناهی» دەگەڕێنێتەوە بۆ کرێئا. چەند ساتێک بەر لە هاتنە ژوورەوەی پیلان گێڕان، کالیگوولا لەبەرامبەر ئاوێنەدا دەوەستێت و پێ لێدەنێت کە رێگایەکی هەڵەی گرتۆتە بەر. ئەو ئەوقماو بەسەر وێنەکەی خۆیدا دەنەڕێنێت:« دەستەکانم دەبەمە پێشەوە و لەگەڵ تۆ دا بەرەو روو دەبم، هەمیشە تۆ لە هەمبەر خۆمدا دەبینم، و من رقم لە تۆیە. من بەرێگایەکدا کە دەبوایە بڕۆشتبام نەڕۆشتم، بەرێگایەکدا رۆشتم کە بە هیچ کوێ ناگات. ئازادی من ئازادی نییەCTOP،73- واتێدەگەم کەمتر کەسێک بێت کە لەگەڵ ئەم دەرئەنجامگیرییە تەبا و هاودەنگ نەبێت. ئەو نەکردە(مەحاڵ)یەی کە کالیگوولا عەوداڵێتی بە سەرکەوتنێک نەگەییشتووە، چ بە پێوەری گنۆسییەکان هەڵیسەنگێنین چ بە پێوەرەکانی نیچە بینرخێنین. لەرواڵەت و بەرچاو دا، کالیگوولا پیشانی خەڵکەکەی داوە کە ژیان دەشێت چەندە پووچ بێت، بەڵام “فێرکارییە”کەی ئەو جیاوازییەکی ئەوتۆ و قووڵی پێک نەهێناوە. خەڵکەکەی ئەو بێگومان دوای مەرگی ئەو ئان وسات دەگەڕێنەوە سەر وەهمەکانیان. بەڵام ئەوەی کە لەسێبەری گومان دا دەمێنێتەوە ئەم وتەیەی ئەوە کە “رێگەیەکی هەڵەی گرتۆتە بەر” و “ئازادییەکەی ئازادی نییەCTOP،72-
ئایا کامۆ دەیەوێت بەئێمە بڵێت کە دەسەڵاتی سەرسووڕهێنەری خودای نابوودکەر بەکاری کالیگوولا نەهات، یان دەیەوێت بڵێت ئاوەها کردارێک لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت لەرووی ئەخلاقییەوە نادرووست و هەڵەیە؟ ئەگەر مەبەستی ئەو ئەم دووهەمینەیان بێت، روونکردنەوەیەکی لەبارەوە ناکات. کەواتە دەمێنێتەوە ئەوەی کە ببینین ئایا دەتوانرێ بە شێوەیەکی بەرهەست پیشان بدرێت کە«رێگەی» کالیگوولا لەرووی ئەخلاقییەوە نادرووستە یان نا. کاتێک کە کالیگوولا بەهۆی برینگەلێک کە لێی کەوتووە خەریکە دەمرێت، هاوار دەکات:«من هێشتا زیندووم!». CTOP،72- رەخنەگران سەبارەت بە مەبەستی ئەم دێڕەی دوایی حەیران ماونەتەوە. بەڕای من دەشێت کامۆ بەم هۆیەوە ئەوەی لە شانۆنامەکەدا گونجاندبێت کە سوئتۆنیۆس دەڵێت ئەمانە دواوشەکانی کالیگوولا بوون و هەروەها ئەمانە وشەگەلێکی سەرسامکەر و پڕجۆش و خرۆش بۆ کۆتایی هێنان بە شانۆنامەن.
“ب. ئووستوورەی سیزیێف”
ئووستوورەی سیزیێف نامیلکەیەکە لە چوار بەش دا کە یەکەمجار لەکۆتایی 1942 لەفەرەنسەی داگیرکراودا بڵاو کرایەوە. سەردێڕەکانی چوار بەشی ئەم نامیلکەیە بەم چەشنەن:«لۆژیکی پووچ»10،«مرۆڤی پووچ»11 ،«خەلیقەتی پووچ»12، و«ئوستوورەی سیزیێف»13. بڵاوکەرەکەی کامۆ، واتەگالیمار، چواردە لاپەڕی لەکتێبەکە لابرد چوون دەپەرژانە سەر کافکا. کافکا یەهوودی بوو و بەرپرسە ئاڵمانییەکان لەفەرەنسەی داگیرکراو دا نەیاندەویست کە نرخاندنێکی ئەرێنی لە نووسەرە یەهوودییەکان بکەوێتە بەردەستی خەڵک. بەڵام سەیر لێرەدایە کە بڕگەگەلێکی دوورودرێژ سەبارەت بە فیلسووفانێکی وەکوو ئیدمۆند هوسرێل و لیئۆ شیستۆف لانەخرابوون، ئەگەرچی هوسرێل و شیستۆفیش یەهودی بوون. دوای ئازاد بوونی فەرەنسە، لاپەڕە لاخراوەکان وەکوو پاشکۆیەک گەڕانەوە سەر کتێبەکە. چاپی ئەمریکی ئوستوورەی سیزیێف هەروەها لەخۆگری دوو وتاری پەیوەست بە دەیەی 1930 و سێ وتار پەیوەست بە 1950 بوو. دێڕە دەسپێکەکانی ئوستوورەی سیزیێف، پەرەگرافی یەکەم، «لۆژیکی پووچ»، هەم دەسەڵات و توانایی کامۆ لە وتارنووسی دەخاتە روو، و هەم ئەو روانینە نافەرمی و ناپسپۆڕانەیەی بۆ فەلسەفە.
تەنها یەک پرسگری فەلسەفی راستەقینە بوونی هەیە، و ئەویش خۆکوژییە. حوکمدان لەسەر ئەوەی کە ئایا ژیان بایەخی ژیاندنی هەیە یان نا، خۆی وەڵامێکە بەپرسیاری بنەمایی فەلسەفە. باقی پرسەکانی تر-ئەمەی کە جیهان سێ رەهەندی هەیە یان نا، ئەمەی کە زەین نۆ وتەزای هەیە یان دوانزە- تازە دوای ئەمە دێنە پێشەوە. (Myth،3 هەڵبەت بێ گومان ئەمەی کە ژیان بایەخی ژیاندنی هەیە یان نا پرسێکی فەلسەفی بەراستی جیددییە. بەڵام تەنها پرسی فەلسەفی بەراستی جیددی نییە و یەکەمین پرسیش نییە کەلە فەلسەفەدا دەبێت بپەرژرێتە سەری. نموونەگەلێک کەکامۆ لە پرسگەلێکی تری فەلسەفی دەیدات بەدەستەوە، واتە رەهەندە ماددییەکان و وتەزا زەینییەکان، نموونەگەلێکی درووست نیەن. ئەمانە پرسگەلێکی پسپۆڕانەن و نەک پرسگەلی پایەیی و بنەمایی فەلسەفە. لەلایەکی ترەوە، پرسگەلێکی وەکوو «سنوور و کەوشەنی مەعریفە(زانین)ی مرۆیی کامەیە؟» پرسگەلێکی جیددین و رەنگە بەرتر و سەرتر لە پرسیارەکەی کامۆش بن، چوون یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی تێبگەین ئایا ئەسڵەن دەتوانین بزانین ژیان بایەخی ژیاندنی هەیە یان نا. کامۆ ئەزموون و تاقیکردنەوەیەک بۆ تێگەیشتن لەمەی کە ئایا پرسێک لە فەلسەفە گرینگتر و سەرووترە لەپرسێکی دیکە یان نا، دەخاتە پێشەوە. تاقیکردنەوەکەی ئەو «کردارگەلێکە» کە وەڵامی ئێمە بۆ پرسە فەلسەفییەکان، بەدوای خۆیدا دەیهێنێت. زۆرێک لە مرۆڤەکان دەبینین کە دەمرن چوونکوو لەروانینیان دا ژیان بایەخی ژیاندنی نییە. دیترانێکیتریش دەبینین کە بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ و دژوازانە، خۆیان لەرێگەی ئەندێشە یان وەهمگەلێک بەکوشت دەدەن کە هۆیەک بۆ ژیاندنیان دەدا بە دەستیانەوە(ئەوەی وا هۆیەک بۆ ژیاندن ناوزەد دەکرێت دەتوانێت هۆیەکی زۆر باشیش بێت بۆ مراندنMyth،3.
ئەمە خاڵێکی هۆشمەندانەیە، بەڵام لەرووی فەلسەفییەوە شێواو و ئاشوفتەیە. هەر بە هەمان شێوە کە خودی کامۆ دواتر هەر لەم کتێبەدا دەڵێت، «هۆگەلێکی زۆر بۆ خۆکوژی هەیە» و ئێمە بەدەگمەن لە خۆکوژی گەلێک هەڵدەکەوین کە«هەڵخێزراو لە تێڕامان و قووڵبوونەوە»بێت. .(Mythe،3-4. هەندێ جار مرۆڤەکان خۆیان دەکوژن چوونکوو هەست دەکەن ژیانی تایبەتی ئەوان بایەخی ژیاندنی نییە و رێگەیەکیش بۆ گۆڕینی ژیانیان نابیننەوە. هەندێک جار مرۆڤەکان خۆیان دەکوژن چوون گیرۆدە و ئەفسوونکراوی نەخۆشی خەمۆکی(افسردگی)ن و ناتوانن لەبارەی ئەوەی وا بۆیان گرینگە بەروونی بیربکەنەوە. تاقمێکی زۆر کەم بەم هۆیەوە دەست دەدەنە خۆکوشتن کە بە هزر و بیرەوە بەم ئەنجامە گەییشتوون کە خودی ژیان بایەخی ژیاندنی نییە. تاقمێکی زۆر کەم کەبۆ بەرگری لە هۆکانی خۆیان بۆ ژیاندن، مەرگ هەڵدەبژێرن. شەهیدانێک کە بە خواستێکی پێشووخت و وشیارانە خۆیان شەهید دەکەن، زۆر دەگمەنن. بەڵام بەهەر حاڵ هەندێک لە رێگەی ئامانجەکانیان خۆیان دەخەنە بەر ریسکەوە و هەندێکیشیان لەم رێگەیەدا گیانیان لەدەست دەدەن. بەپێچەوانەی ئەو راگەیەندنە سەرەتاییەی کامۆ، پرسگرێک کە لە«لۆژیکی پووچ» بەشێوەی پراکتیک گەڵاڵە دەبێت زۆر تەنگەبەرتر و ناسەیرترە لە خۆکوژی لە حاڵەتە گشتییەکەی دا. پرسێک کە لە «لۆژیکی پووچی» دا گەڵاڵە دەکرێت ئەمەیە کە ئایا باوەڕ بەمەی کە ژیان مانایەکی نییە تاک پێملی ئەم ئەنجام گیرییە دەکات کە خودی ژیان بایەخی ژیاندنی هەیە یان نا. یان بە دەربڕینێکی تر، ئایا تاکی باوەڕمەند بە پووچی ژیان، دەبێت بگاتە ئەم ئاکامە کە هۆیەک بۆ درێژەدانی ژیان بوونی نییە؟ کامۆ بۆ پەرژانە سەر ئەم پرسە ناچارە روونی کاتەوە مەبەستی لەمەی کە«ژیان مانایەکی نییە» یان«ژیان پووچە» چییە. ئەو ئەم کارە لە بەشی دووهەمدا ئەنجام دەدات، بەشێک کە لەژێر ناوی«دیوارەکانی پووچی»15 دایە.
کامۆ لە «دیوارەکانی پووچی»دا جەخت دەکات لە سەر ئەمەی کە «پووچی لەدایک بووی بێدەنگی قورسی جیهان لەهەمبەر زایەڵەی مرۆڤەMyth،21. کامۆ دەڵێت مرۆڤەکان بەپێی سرووشتیان خوازیاری وەڵامن و دەیانەوێت جیهان بەهەمان تەواوەتییەک کە رێبازە دینی و فەلسەفییەکان وێنەی دەکێشن، بۆ فامکردن گونجاو بێت «مۆرسۆ راشکاوانە شتێکی دانسقەیە». ئەم جۆرە فام هەڵگرییە دوو تایبەتمەندی سەرەکی هەیە. یەکەم ئەمەی کە بانگەشەی کۆداربوونی(جامعیت) هەیە و کۆی جیهان نەک بەشێک لە جیهان، روون دەکاتەوە. بەهەمان شێوە کامۆ شێلگیرانە دەڵێت: «دەمەوێت یان هەموو شتێک روون بکرێتەوە یان هیچ شتێکMythe،20- دووەم، جیهان لەم چەشنە فامهەڵگرییەدا، لەسەر بنەمایەک روون دەکرێتەوە کە بۆ مرۆڤەکان گرینگە و لەژێر تیشکی بەها مرۆییەکان مانا پەیدا دەکات. کامۆ دەڵێت:«قووڵترین خواستی زەین… پێداگری لەسەر ناسیاوەتییە…فامکردنی جیهان بۆ ئینسان بەمانای دابەزاندنی بۆ بابەتێکی ئینسانی و مۆرکی خۆ لەسەر دانانێتیMyth،13- کامۆ دەڵێت پووچی بەم هۆیەوە دێتە ئاراوە کە جیهان خاوەنی ئاوەها فامهەڵگرییەک نیە. ئەگەرچی قسەکردن لەسەر پووچی ژیان یان پووچی جیهان سرووشتییە، بەڵام هیچ کام لەم دوو لێکدانە بەراستی درووست نین. پووچی لە کامڵترین مانای خۆیدا ناسینەوەی روون و ئاشکرای ئەم بابەتەیە کە جیهان ئەم ئارەزوومەندییەی ئێمە کە خوازیاری جیهانێکی گونجاوی فامهەڵگر بە گوێرەی بارودۆخی مرۆیین، وەڵام ناداتەوە. ئێمە دەخوازین جیهان مانای هەبێت، بەڵام جیهان مانایەکی نییە. گەیشتن بەم لێکدژییە، پووچییە.
لەم جیهانە فامهەڵنەگر و تەنگەبەرە دایە کە چارەنووسی ئینسان مانای خۆی دەدۆزێتەوە… گووتم کە جیهان پووچە، بەڵام پەلەم کرد… ئەوەی کە پووچە رووبەڕووبوونەوەی نائاوەزمەندانەی جیهان و تینووێتی گڕگرتوویەتی بۆ روون کردنەوەیەک کە هاواری لە دڵی ئینسان دا دەنگدەداتەوەMyth،16- بەڵگەگەلی کەڵک وەرگرتووی کامۆ بۆ ئەوەی پیشان بدات کە جیهان نەدار(فاقد)ی ئەم فامهەڵگرییەیە لەباشترین حاڵەتدا بەڵگەگەلێکی سەرپێیانەن. حەتمییەتی مەرگ کە بەڵگەیەکی کلیلی بوو لە بێگانە دا، لە ئووستوورەی سیزیێفیش دا کەڵکی لێ وەردەگیرێت بەڵام ئەو سەرێتی و پلە بەرترەی نییە. کامۆ هەر وەهاش کورتە ئاماژەیەکیش بە تیۆرەی سەرەتایی هیق(تهوع)ی سارتەر دەکات کە نیشانەیەکە لە پووچی جیهان. بەڵام ئەو زۆرتر دەست بۆ دۆخگەل و بەڵگەهایەک دەهاوێت کەبیرمەندانی تر بیچمیان داونەتێ و بۆ قایم کردنی بەڵگەکانی لەبارەی فام هەڵنەگری جیهان، زۆرتر لە هەمووان دەگەڕێتەوە سەر نووسراوەکانی نیچە، داستایۆفسکی، کیێرکێگۆر، کافکا، شیستۆف، هایدیگەر،و یاسپێرس. کامۆ بەمە رازییە کە فام هەڵنەگریی جیهان پیشان بدەت نەوەکوو بیسەلمێنێت، چوونکوو ئەوەی وا لە راستیدا بۆی سەرەنج راکێشە بەدواداهاتەکانی ئەم باوەڕەیە. «بهێڵن جارێکی دیکە دووپاتی کەمەوە، ئەوەی زۆرتر بۆم سەرنج راکێشە کەشفی پووچی نییە بەڵکوو بەدواداهاتەکانێتیMyth،12- بەهەموو ئەمانەشەوە، کامۆ بەشێوازێکی تێپەڕ سێ بەڵگەی گشتی بۆ باوەڕ بە فام هەڵنەگریی جیهان گەڵاڵە دەکات کە لێرەدا یەک لەدوای یەک دەپەرژێینە سەریان.
یەکەم؛ دەڵێت «دوای ئەم هەموو سەدەیە لە تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە و سەر نەوی کردن و خۆبەدەستەوە دانی بیرمەندانێکی زۆر، دەتوانین بڵێین مرۆڤەکان لەگەییشتن بە مەعریفەی(شناخت) هەقیقی نائومێد بوون Mythe،14- رەنگە ئەوەی کامۆ لێرە دا لەزەینی بێت شکست و بەزینی فەیلەسووفەکانە لە گەیشتن بەرێکەوتنێک بۆ چارەسەری هەر جۆرە پرسی فەلسەفی لەرێگەی ئامرازە فەلسەفییەکانەوە. یەکێک لە رێگەکان بۆ روونکردنەوەی ئەم شکستە خستنەرووی ئەم گریمانەیەیە کە جیهان فام هەڵنەگرە (غیر قابل فهم)، بەڵام ئەمە تاقانە رێگا نییە. دەشێت ،بەپێچەوانەوە ئەمەش بخرێتە روو کە لەمپەری گەیشتن بە رێگەچارەیەکی هاوکۆک (لەهەمبەر ناکۆک)، فام هەڵگریی جیهان نییە بەڵکوو نەتوانینی فەلسەفە یان تەنگەبەربوونی زەینی مرۆییە. بەهەر حاڵ، هۆیەکی نییە وابیر بکەینەوە کە فەلسەفە پێکهاتمەند و سیستەم داڕێژەکان، لەداهاتوو دا سەرکەوتووتر لە رابردوو دەبن.
دووەم؛ کامۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنها لەمەڕ دووشتەوە دەکرێت بگوترێ، دەیناسمMyth،14- یەکیان بوونی خۆمان، واتە بوونەوەرە وشیارەکانە، ئەویدی بوونی جیهانێکە کە دەتوانین هەستی پێبکەین و خۆمانی تێ بسووین. ناسینی ئێمە لێرەدا کۆتایی پێدێت و باقی ئیدی هەموو قسەیەMyth،14- وا دێتە پێش چاو کە لێرەدا دەعیەی کامۆ ئەمەیە کە بوونی بوونەوەرە وشیارەکان و بوونی جیهانی بەرهەست راستەوخۆتر و بێ نێونجی ترن لە هەر شتێکی دی و دەبێت ئەستەمتر لە هەر شتێکی دی لە سەر بوونیان گومان بکەین. ئەمانە لە «سەلمێندراو»ەکانن، لەحاڵێکدا باقی باوەڕەکان پێویستمەندی گریمانە و راڤەگەلێکن. ئەم دیعایەیە ئەگەرچی بچووکە بەڵام هەندێک لە فەیلەسووفان هەر خستوویانەتە ژێر تیشکی گومانەوە. بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەم دیعایەیەش درووست بێت، هەمدیس ئەم دەرئەنجامەی لێ ناکەوێتەوە کەجیهان فام هەڵنەگرە. ئەوەی وا وەکوو دەرئەنجام لێی دەخێزێت ئەمەیە کە هەر جۆرە فامێکی«ناسراو» کە دەتوانین و دەشێت لە جیهان بە گشتی هەبێتمان ناتوانێت بە ئەندازەی ناسینمان لە بوونی خۆمان، واتە بوونەوەرە وشیارەکان، و بوونی جیهانی بەرهەست بێ نێونجی بێت و بەدڵنیاییەوە هاوڕێ لەگەڵ گومانێکی زۆرتر بێت.
سێیەم؛ کامۆ زانستە سرووشتییەکان بە ئامرازێک بۆ کەشف و فامهەڵگرکردنی جیهان نازانێت چوونکوو زانستە سرووشتییەکان لە دواجار دا گرێدراو و بنەماپەرستی شیعر، خوازە، یان هونەرن. ئەو تەنها نموونەیەک دێنێتەوە کە ئەویش تیۆرەی ئەتۆمییە.
لە دواجاردا ئێوە فێری من دەکەن کە ئەم جیهانە سەیر و رەنگاڵەییە توانستی دابەزینی تا ئاستی ئەتۆم هەیە، بەڵام ئێوە بۆ من لە پێکهاتێکی هەسارەیی نادیار دەدوێن کە تێیدا ئەلەکترۆنەکان بەدەوری ناوک(ههستە)ێکدا دەخولێنەوە. ئێوە بە وێنەیەک جیهان بۆ من روون دەکەنەوە و من تێدەگەم کە لەسەرزەمینی شیعردا دابەزیون…بەم پێیە، ئەو زانستەی کە بڕیار بوو هەموو شتێک بە من بڵێت بەسەر گریمانەیەکدا دەشکێتەوە، ئەو رووناکی و پرشنگە لە زوڵوماتی خوازە(میتافۆڕ) دا ون دەبێت، و ئەو نەبوونی یەقینە لەبەرهەمێکی هونەریدا چارەسەر دەبێت Myth،15- ئەگەرچی کامۆ چەندین ئەندێشەی جیاوازی سەبارەت بە زانست لەم بڕگەیەدا بەشێوازێکی گوشراو جێ کردۆتەوە، بەڵام لانیکەم ئەندێشەیەک لە نێو ئەم ئەندێشانە دا هەڵەیە. تەنانەت لە دەیەی1930دا، بەراوردی نێوان ئەتۆم و پێکهاتەیەکی هەسارەیی بەم مەبەستە نەبوو کە لەرێگەیەوە روونی کەنەوە ئەتۆمەکان بەراستی چ کردەیەکیان هەیە. وێنەکردنی ئەتۆم وەکوو پێکهاتێکی هەسارەیی تەنها و تەنها ئاسانکارییەک بوو بۆ فێرکاری و هەنووکەش هەیە بۆئەوەی تاکەکان-بەتایبەتی غەیری زانستوانەکان- بتوانن فام و تێگەیەک لە روونکردنەوەیەکی تیۆری پەیدا بکەن- روونکردنەوەیەکی تیۆری کە باسکردنی ورد و مووقەڵیشانەی تەنها لەرێگەی بیرکاری(ماتماتیک)ەوە دەکرێت. وادێتە پێش چاو کە کامۆ دۆخی هەڵپەسێردراوەیی و تێپەڕییانەی مەعریفەی زانستی لەگەڵ ئەم ئەندێشەیە کە زانستەکان لە دواجار دا پەیوەستی شیعر یان هونەرن، بەیەکێک گرتووە. ناسین(مەعریفە)ی زانستی هەمیشە تێپەڕ و کاتییە، بەڵام تیۆرە زانستییەکان بەلێبڕاوەیی گرێدراو و دەستەملانێی وێنە هونەرمندانەکان، خوازە، یان شوبهاندن نین.
من باوەڕم وایە کەپاساو و بەڵگەی سەرەوە پیشان دەدات کە کامۆ سەبارەت بە فامهەڵگریی زانستییانەی جیهان لە رادەبەدەر رەشبینە. ئەویش وەکوو نیچە و وەکوو فەیلەسووفی هاوچەرخی ئەمریکی،ریچارد رۆرتی16، لە هاوسان کردن و هاوئاست کردنی هەموو چەشنە مەعریفە وێکنراوەکان، پەلە و هەڵەداوانی دەکات. کامۆ پێشوەخت ئامادەیە کە هاوکۆکی پارێزەرانە، ناکامڵ، و تێپەڕییانەی تەواوی زانستە سرووشتییەکان سەبارەت بە فامی جیهان رەت کاتەوە و بڵێت ئەم فامەش لە جیهان شتێک زۆرتر لە ئووستوورە دینییەکان یان بیردۆزییە فەلسەفییەکان سەبارەت بەوەی شتەکان لەراستیدا چۆنن، ئاشکرا ناکات. کامۆ لەهەمان کاتدا زۆر لەسەر ئەم بابەتە پێداگری دەکات کە فام هەڵگریی جیهان دەبێت پێوەر و پێودانگەکانی ئەو، واتە گشتییەت(کۆدارێتی) و ناسیاوەتی، بەدی بێنێت. لەلایەکی دیکەوە، بەباوەڕی من سەبارەت بەم بابەتەوە کامۆ لەسەر حەقە کە بەجەختکردنەوە دەڵێت جیهان ئەو یەکیەتی، یەکپارچەیی، بایەخی هێورکەرانەیەی بۆ چارەنووسی ئینسان، کە تەواوی ئینسانەکان هیوایەتیانە و خوازیارینی، نییە. وادیارە جیهان بە چارەنووسە تاکی و کۆییەکانی ئێمە بێ سەرنجە، لەحاڵێکدا سەرنجی جیهان بەم چارەنووسانە دەقاودەق ئەو مانایەیە کە زۆربە ی ئینسانەکان لەناخی دڵیانەوە داوای دەکەن.
نووسین؛ ڕیچارد کامبێر
وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە بۆ فارسی؛ خەشایار دەیهیمی
وەرگێڕان بۆ کوردی؛ عادڵ قادری