کتێبی “ئەخلاق”ی “بارۆخ دێ ئێسپینووزا” کتێبێکی نامۆیە. ئەم کتێبێە لێوانلێوە لە دەستەواژە پسپۆڕانەکانی هیندیسەی ئوقلیدۆسی: پێناسەکان، بنەماکانی بابەت، پرسە جۆراوجۆرەکان، ئەنجامە لۆژیکییەکان و بڕگە جیاوازەکان. لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر بڕۆینە ئەوبەری ئەم دامودەزگا پسپۆڕانە و تەکنیکییە بەهەیبەتە، هەوڵ و تەقەللایەکی سەرسووڕهێنەر و قووڵ بۆ تێگەیشتن لە پێگەی ئێمە لە دنیای بەرامبەر خۆتان دەبینن.
ناوی تەواوی کتێبەکە ئەمەیە:- ئەخلاق کە بەشێوەی هیندیسی ڕوون کراوەتەوە. ڕەنگە بپرسن بۆچی کەسێک دەست دەداتە قەڵەم و نامیلکەیەکی فەلسەفی بە شێوەی جۆرە کتێبێکی وانەیی هیندیسە دەنووسێت؟ وەڵامێکی سادە بەم پرسیارە ئەمەیە کە ئێسپینووزا لە ژێر کاریگەری ڕچە و ڕێبازێک بوو کە ئۆقلیدۆس لەڕێگەیەوە ئەنجامەکانی خۆی لەسەر بنەمای لۆژیک، لەو گریمانە جۆراوجۆرە دیاریکراوانەی کە وێنا دەکرد، هەڵدەهێنجا. ئەم ئەنجامانە بەشێوەی حەتمی لە پێشەکییەکان هەڵدەخێزان و بە ڕوونبینی و وردەکارییەوە هەڵدەهێنجران. ئەنجامەکانی ئێسپینووزا دەریدەخات کە پێویستییە دروست و ڕاستەکانی پێناسە جۆراوجۆرەکان کامانەن. ئەگەر پێشەکی(یان بەراییەکان)ی پەسەند بکەن، ئەوکات دەبێت ئەنجامەکانیشی قبووڵ بکەن بەو مەرجەی کە بەڵگاندنەکەی دروست بێت. لەگەڵ هاتنی کۆمەڵێک دەستەواژەی پسپۆڕانە و تایبەتمەند بە هیندیسە لە دووتوێی کتێبەکەدا و بە ڕێژەیەکی زۆر، بەڵگەکانی “ئێسپینووزا” هەرگیز بەشێوەی تەواو و کامڵ، بێ خەوشی و ڕەسەنایەتیی ئەو بەڵگانەی کە لە نامیلکە هیندیسییەکاندا هاتوون، هەڵناهێنجێت و پێی ناگات. لەگەڵ ئەمەشدا لە دووتوێی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە دژوارەدا کۆمەڵێک تێڕامان و تێڕوانینی فەلسەفی و دەروونناسانە هەیە کە زۆر بەهێز و درەوشاوەن.
زرۆبەی پۆڵێنەکان “ئێسپینووزا” لە بازنەی ئەقڵخوازاندا جێ دەکەنەوە. ئەو باوەڕی وابوو کە گەیشتن بە مەعریفەیەک لەبارەی پێگە و جێگەمان لە گەردوون و بووندا لەڕێگەی هێزی ئەقڵ بە تاقی تەنها دەگاتە سەرئەنجام. بەم شێوەیە پێداگریی “ئیسپینووزا” لەسەر شتێک بوو کە لەگەڵ ئەو شتەی کە ئەزموونخوازەکان پێداگرییان لەسەر دەکرد، ئاسمان بۆ زەمین جیاوازی لە نیوانیاندا هەبوو. باوەڕی ئەزموونخوازەکان لەسەر ئەم کۆڵەکەیە چێ ببوو کە سەرچاوەی سەرەکیی مەعریفە، ئەزموون و بینین(مشاهدە)ە. “ئێسپینووزا” نەک تەنها باوەڕی وابوو کە ئەقڵ دەتوانێت پەی بە ماهییەتی گەردوون یان دنیای بوون ببات، بەڵکوو باوەڕیشی وابوو کە ئەقڵ لەو ڕووەوە ئاوەها تواناییەکی هەیە کە دنیای بوون بەشێوەیەکی ئەقڵانی ڕۆنراوە و ڕێک خراوە. پێکهاتەی دنیای بوون بەهەڵکەوت یان بەپێی سودفە نییە. دنیای بوون هەر بەو شێوەیەیە کە هەیە. ئەزموونی هەستەکی، کە هەڵگری نوقسان و کەموکوڕییە، هیچ کات ناتوانێت تێگە و فامێکی شیاو لە دنیای بوون بە ئێمە بدات. ئەمە بەو مانایە نییە کە “ئیسپینووزا” لێکۆڵینەوە زانستییەکان بە بچووک و نزم لە قەڵەم دەدات:- ئەو ژیانی لەڕێگەی تاشینی عەدەسی دەگوزەراند-واتە کارێک کە پشتئەستوورە بە زانستی تیشکناسی. ئەو عەدەسییانەی کە ئەو دروستی دەکردن لە مایکرۆسکۆپ و تێلێسکۆپەکاندا بەکار دەبران-واتە هەمان ئەو ئامرازانەی کە بۆ بردنەسەرەوەی مەعریفەی زانستی کەڵکیان لێ وەردەگیرا.
سەردێڕی کتێب؛ هەروەها کە بینیمان باسکردنی ئەم کتێبە بە شێوەی کتێبێک (کە بە شێوەی هیندیسی ڕوون کراوەتەوە) باسکردنێکە دەتوانین بڵێین دروست و ڕاستە. بەم حاڵەشەوە، هەموو ناوەرۆکەکانی کتێبەکە لەگەڵ ئەو شتەی کە هەنووکە بە زانستی ئەخلاقی دەزانین پەیوەست نابێت. بارستاییەکی زۆر لە بەشی یەکەمی کتێبەکە لەبارەی جەوهەر و خودایە کە لە درێژەی باسەکەیدا دەردەکەوێت کە لە ڕوانینی ئیسپینووزادا ئەم دوو شتە هەر یەکێکن. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئێمە ئەم باسە لە بەشی میتافیزیادا پۆڵێن دەکەین. ناوەرۆکی بەرمەبەستی “ئیسپینووزا” گەردوون-ماهییەتی واقیع-و پێگەی ئێمە مرۆڤ لە ناویدایە. بە ڕای ئەو، میتافیزیا و ئەخلاق لێک دانەبڕاون. ماهییەت و چییەتی واقیع دیاری دەکات کە ئێمە دەبێت چۆن بژین.
خودا و وەحدەتی وجوود؛ ئیسپینووزا لە بەشە سەرەتاییەکانی ئەخلاقدا هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ تاکوو بەپێی ئەو پێناسەیەی کە لە جەوهەر دەیخاتە ڕوو ئەم بابەتە بسەلمێنێت کە تەنها یەک جەوهەر بوونی هەیە (واتە هەمان هەڵوێست و تەوەر کە لە ژێر ناوی “تاقانەباوەڕی”دا دەیناسنەوە) و ئەو جەوهەرەش خودایە. ئەنجامی ئەم دەعیەیە ئەوەیە کە هەر شتێک کە هەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە خودا دایە. خودا سرووشتی دانەهێناوە، ئەو [خۆی] سرووشتە. ئیسپینووزا دەربڕێنی (خودا یان سرووشت) دێنێتە نووسین و بەم دەربڕینەش بە شێوەیەکی ڕوون و ڕاشکاو ئەم دووە بە هاوتا دادەنێت. ئەندێشە و شۆڕبوونەوە (داگیرکردنی فەزای بەرهەست و فیزیکی) تەنها و تەنها دوو ئاوەڵناو لە ئاوەڵناوە ناکۆتاکانی خوداوەندن. واتە دوو ئاوەڵناو کە ئێمە دەستمان پێیان ڕادەگات. بەڵگاندنی “ئیسپینووزا” لە سەلماندنی ئەم ڕوانگەیەدا ئاڵۆزە. ئەو ئەنجامگیرییەی ئەو کە گوایە هەموو شتێک بە شێوەیەک لە شێوەکان لە خودا دایە بە زۆری بە چەشنێک لە وەحدەتی وجوود دادەنێن. ڕاڤەکارە مووقەڵیشکارەکانی دیکە باوەڕیان وایە کە “ئیسپینووزا” تەنها دەڵێت کە جیهان دەرکەوتەی هەموو ئاوەڵناوەکانی خوداوەندە، نەک ئەوەی کە خوداوەند خۆی شتێک زیاتر لە خودی جیهان نەبێت. بەم شێوەیە ئەگەر “ئێسپینووزا” قایل بە وەحدەتی وجوود بێت، وەحدەتی وجوودی ئەو لە جۆرە خاو و خلیچکەکەی نییە-واتە ئەو جۆرەی کە دەڵێت جیهان بەتەواوەتی خودی خوداوەندە.
ڕاڤە و شرۆڤەی ڕاستەقینەی هەڵوێستی ئیلاهیاتی و تیۆلۆژیستانەی “ئێسپینووزا” هەر چییەک بێت، گومانێک لەمەدا نییە کە ئەم هەڵوێستە لەگەڵ بیروباوەڕە نەریتییەکانی مەسیحییەت و یەهوودییەت لەبارەی زاتی خوداوەند لە زەوین بۆ ئاسمان مەودایان لە نێوانە. “ئێسپینووزا” لە ساڵی ١٦٣٢ لە بنەماڵەیەکی بە ڕەچەڵەک پورتوگالی لە ئامێستیردام لەدایک بوو و لە فەزا و کەش و هەوایەکی یەهوودییانەدا پەروەردە کرا. ئەو لە ساڵی ١٦٥٦ بەهۆی وازهێنان لە باوەڕە نەریتییەکانی ئایینی یەهوود تەکفیر کرا. بە ئاسانی دەکرێت تێبگەین کە بۆچی کتێبی ئەخلاقی “ئێسپینووزا” لە پاش مەرگی بڵاو کرایەوە و بۆچی ژمارەیەک لە هاوسەردەمهكانی “ئێسپینووزا” باوەڕیان وابوو کە ئەو هەر لە بنەڕەتدا وازی لە باوەڕداری بە خودا هێناوە.
زەین و لەشن؛ “ئێسپینووزا” بۆ پرسی زەین و لەش ڕێگەچارەیەکی سەرنجڕاکێش دەخاتە ڕوو، واتە بۆ ئەم پرس و بابەتە کە پەیوەندی نێوان ڕەهەند و لایەنە زەینی و لەشانییەکانی وجوودمان چۆناوچۆن دەبێت ڕوون بکەیەنەوە. ئەو لەگەڵ بەرهەمەکانی فەیلەسووفی هاوچاخی خۆی واتە ڕێنییە دیکارت بەباشی ناسیاوەتی هەبوو و تەنانەت کتێبێکی لەبارەی فەلسەفەکەیەوە نووسی. بەشێکی زۆر لە فەلسەفەی ئێسپینووزا بە ڕوونی و دیاریکراوی لەگەڵ ڕوانگەکانی دیکارتدا وێک نایەتەوە و دژە. بەپێچەوانەی “دیکارت” کە دەیگوت زەین و لەش بە تەواوەتی لێک جودان، “ئێسپینووزا” باوەڕی وا بوو کە بابەتە زەینییەکانی و بابەتە لەشانییەکان یان هەمان جەستەییەکان ڕەهەندە لێک دانەبڕاوەکانی یەک شتن. زەین و لەش هەر یەک شتن. ئێمە نە دەتوانین ئەم شتە بە لەشانی بزانین و نە زەینیش. زەین خۆی جەوهەر نییە، بەڵکوو حاڵەتێکە لە جەوهەر. زەین و لەش بە شێوەیەک کە دیکارت باسی دەکرد پێکەوە پەیوەندی و دانوستانیان نییە؛ ئەوان تەنها دوو ڕەهەندی یەک شتن. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم ڕوانگەیەی ئێسپینووزا ئەمەیە کە کۆی شتە مادی یان بەرهەست(لەشانی یان لەشەکی)ەکان دەتوانن لەخۆگری ڕەهەندی زەینی یان ڕۆحانی بن.
بژاردەکردن و گیرخواردنی مرۆڤ؛ مانا و چەمکی “بژاردەکردن” لە دڵی ئامۆژگارییەکانی ئێسپینووزا دایە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەو نکۆڵی لەوە دەکات کە ئێمە ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانین لە زنجیرەی هۆکار و بەرکار(علت و معلول) ڕزگارمان ببێت. کۆی کردەوەکانی ئێمە و هەر شتێک کە لە دنیا و گەردووندا ڕوو دەدات لە ڕێگەی هۆکارە پێشووەکانەوە ڕوون و دیاری کراوەتەوە. ئێوە ئەم کتێبە هەڵدەگرن و دەست دەکەن بە خوێندنەوەی، بەڵام بەڕای “ئێسپینووزا” ئەم بڕیارەی ئەوە لە لایەن بڕیارە پێشووەکان، ڕووداوە فیزیکییەکان و هەندێ شتانی لەم بابەتە دیاری کراوە. بڕیارەکەی ئێوە بە شێوەیەکی خۆڕسک و لەناکاو لە نەبوون و هیچەوە هەڵناقوڵێت، تەنانەت ئەگەر خۆشتان ئاوا هەستێکتان هەبێت. تەنها خوداوەندە کە خاوەنی بژاردەکردنە و ئەمەش بەم مانایەیە کە کردەوەکانی ئەو پەیوەست و هەڵخێزراو نین لە هۆکارە پێشین و پێشترەکانەوە. ئەو خۆی لە پێش هەموو شتێکە.
هەر بۆیە ئەگەر بژاردەکردن لە لایەن مرۆڤەوە بەم مانایە وەرگرین کە ئەو لە دەرەوەی زنجیرەی هۆکار و بەرکارە، ئەوا هیچ هیوایەک بۆ هەبوونی هێزی بژاردەژردن لە مرۆڤدا نییە. بەم حاڵەشەوە “ئێسپینووزا” دەڵێت کە ئێمە دەتوانین خۆمان لە گیرخواردن لە داوی خرۆش و هەیەجانەکان ڕزگار بکەین. ئەم کارەش توانایی بژاردەکردن و ئازادیی دەبەخشێت بە ئێمە کە ئەوەش لە چوارچێوەی تاقانە مانایەک کە ئێمە دەتوانین ئازاد و بژاردەکەر بین- کە هەمان جووڵان و کردار بەپێی پاڵنەر و ئامرزا و هۆکارە دەروونییەکانە لەباتی پاڵنەر و ئامرزا و هۆکارە دەرەکییەکان. کردەوەی ئەخلاقیی ئەمەیە کە لەباتی ئەوەی کە بکەوینە داوی هەیەجان و خرۆشانەکانی خۆمان و دیلیان بین، خۆمان بۆ خۆمان بجووڵێینەوە و کردار بنوێنین. خرۆشان و هەیەجانەکان ئەو هێزانەن کە ئێمە بۆ ئەملا و ئەولا ڕاکێش داکێش دەکەن و ئێمە دەکەن بە کۆمەڵێک قوربانیی دەستەوەستان و داماو. هەر کاتێک بتوانین خۆمان لە دۆخ و حاڵەتی پاسیڤ و ناکارامەیی و کۆیلەیەتی ئاوەها هەیەجان و خرۆشگەلێک ڕزگار کەین و لە کردەوەکانمان تێ بگەین، ئەوکات ئازاد و بژاردەکار دەبین.
گیرخواردنی مرۆڤ دۆخێکە تایبەت بەو مرۆڤانەی کە بەنیسبەت ئامراز و پاڵنەر و هۆکارەکانی کردەوەکانیان نەزان و جاهیلن. لەم حاڵەتەشدا تەنها ئامراز و هۆکارە دەرەکییەکان مرۆڤەکان بۆ ئەنجامدان و کرادر ڕادەکێشن:- ئەوان ناتوانن بە مانایەک کە ئێستە باسمان کرد لە ڕووی توانایی “بژاردەکردن”ەوە بجووڵێنەوە. وەکوو ئەو بەردانەن کە کۆمەڵێک هێزی نادیار بەرەو ئەم لا و یان ئەو لا ڕاکێش و داکێشیان پێ دەکەن. تاقانە ڕێگا بۆ پچڕانی زنجیری ئەم کۆیلەیەتییە و ڕەگئاژۆکردنی ئامراز و هۆکارەکانی کردەوەکانمان نەک بەپێی دۆخی دەرەکی بەڵکوو بەپێی ئەو وێنا شایستەیەیە کە لە ئامراز و هۆکارەکانی ڕەفتار و هەڵسوکەوتمان لە زەینماندا بەدیدەهێنین. کاتێک لە ئامرازەکانی پشت خرۆشێک یان هۆکارەکانی ئەو دیو سۆزێک تێبگەین، ئەوکات ئیدی ئەو خرۆش و سۆزە ناتوانن ئێمە لە چوارچێوەی خرۆش و سۆزێکی خەست و خۆڵ لەقاڵب بدەن و دیلمان کەن. مەبەست لە نووسینی کتێبی ئەخلاق تاڕادەیەکی زۆر ئەمە بووە کە ئەمە فێری خوێنەر بکات کە ئەم جۆرە لە کردارێتی(فاعلیت) بەدەست بهێنێت تاکوو زیاتر لە پێشوو ببێت بە هەڵگری تایبەتمەندییە باڵا مرۆییەکان و بوونی بەو تایبەتمەندیانەوە بدرەوشێتەوە. بۆیە لەم ڕووەوە بیرکردنەوەی “ئێسپینووزا” جۆرێک لە دەروون-تیمارکاریی پێشنیاز دەکات. بۆ ئازادبوون لە داوی هەست و خرۆشە خەست و خۆڵەکان دەبێت ئامراز و هۆکارە ڕاستەقینەکانی کردوەکانمان دیاری بکەین و لێیان تێبگەین. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەمە بەو مانایە نییە کە بڕیارە بژاردەکارانەکان هیچ هۆکار و ئامرازێکیان لە پشتەوە نییە. کاتێک لەو شتەی باسمان کرد تێگەیشتین، ئەم ئامراز و هۆکارانە دەبن بە بەشێک لە دەروون. تێگەیشتن لەم ئامراز و هۆکارانە شێوازی کردەوەکانمان دەگۆڕن، بەڵام ئەو کردەوانەی لەوانەوە هەڵخێزراون بەشێوەیەکی بەردەوام ڕۆڵی سەرپشکانە دەگێڕن. بەم شێوەیە لە ڕوانینی “ئێسپینووزادا” هێزی بژاردەکردن لە مرۆڤدا بەم مانا تایبەتە لەگەڵ سەرپشکایەتیی هۆکارانەی کردەوەکانمان وێک دێتەوە و گونجاون پێکەوە.
“خۆشەویستی بۆ خودا”
ئێسپینووزا لە بەشەکانی دواتری کتێبی “ئەخلاق”دا وێنەیەکی کەم تا زۆر عیرفانیی لە شێوەی ئاوەزمەندانەی ژیان دەنەخشێنێت. ئێمە دەبێت هەوڵ بدەین تاکوو لە خۆمان و پێگەمان لە دنیای بوون و لە ناو گەردووندا تێبگەین، ڕێباز و ڕێڕەوی حیکمەت هەر ئەمەیە. ئەم ڕێبازە ڕێگای سەرخۆشیشە- سەرخۆشییەک کە لەهەمان کاتدا کە زەین چالاکتر دەکات، دەیگەیەنێت بە لەیەکی باڵاتر لە کەماڵ. لەگەڵ ئەوەی کە “ئێسپینووزا” خۆشەویستیی ئەقڵانیی بۆ خودا دەکات بە یەکێک لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەکەی، ئەم خۆشەویستی و ئەشقە خوداییە هی ئەو کەسە نییە کە باوەڕی بە بەختەوەری و عاقیبەتخێریی ئێمە هەیە. ڕێک بەم هۆیەیە کە لە فەلسەفەی “ئێسپینووزا”دا خودایەک کە لە مەسیحییەت و یەهوودییەتی نەریتیدا باس دەکرێت، هیچ پێگەیەکی نییە. خودای “ئێسپینووزا” بە هەمان ڕادە ناتاکەکەسی و گشتییە کە بەڵگاندنە هیندیسییەکانی بۆ ئەنجامگیریی بوون و پانتایی بوونی خوداوەند گشتیگیرن و بەکاریان دەهێنێت.
سەرچاوە: آثار کلاسیک فلسفە، نایجل واربرتون، ترجمە مسعود علیا، انتشارات ققنوس تهران ١٣٨٢
وەرگێڕان: موحسین عەلیڕەزایی