“بەرایی”
ڕەنگە سەیر نەبێت ئەگەر بگوترێت ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا وەک شکستێکی تاکتیکی بۆ کاریگەری چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژمار بکرێت. ئەم بۆچوونە لە ڕۆژئاوادا زاڵ بوو، ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنی حەیئەی تەحریر شام و میلیشیاکانی دیکەی سەر بە تورکیا لە کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ٨ی کانوونی دووەمدا، بەڵام لە رووی واقعییەوە ئەمە ئەستەمە یان پێناجێت خوێندنەوەیەکی دروست بێت. هەرچەندە سەرۆک شی جینپینگ، لە میانی یەکەمین سەردانی فەرمیی ئەسەد بۆ چین لە ماوەی دوو دەیەدا لە ئەیلوولی ٢٠٢٣، ڕایگەیاند کە پەکین ئامادەیە بەردەوام بێت لە کارکردن لەگەڵ سوریا، هاوکاری دۆستانە بەرز بکاتەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پاڵپشت و بەرگری دەکات لە دەوڵەتی سوریا بە سەرکردایەتی ئەسەد. چین بە درێژایی ساڵانی شەڕی ناوخۆ پشتگیرییەکی بەهێزی پێشکەش بە ئەسەد نەکردووە. لەڕاستیدا دەکرێ بڵێین کە پەکین هەرگیز وەک هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو یان سوریای وەک وڵاتێکی گرنگی سەرەکی لە چوارچێوەی نفوزی چین لە ناوچەکەدا تەماشای ئەسەدی نەکردووە.
پەکین، سوریای وەک دەرفەتێک بۆ کۆمپانیاکانی وزەی چینی تەماشای کردووە. بۆ نموونە لە ساڵی 2008 کۆمپانیای سینۆپیکی چینی کۆمپانیای تانگانیکا ئۆیلی کەنەدی بە بەهای نزیکەی 2 ملیار دۆلار کڕی، لەوانەش ئۆپەراسیۆنی دوو سایتی سووری. لە ساڵی ٢٠١٠ کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی چین (CNPC) ڕێکەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای شێڵ واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی ٣٥% پشکەکانی لە یەکەکەی شێڵ لە سوریا. بەڵام لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 تاوەکو سوریا بە فەرمی پەیوەندی بە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگاوبانەوە کرد لە ساڵی 2022، کۆمپانیا چینییەکان وەبەرهێنانێکی بەرچاویان لە سوریا نەکردووە. وەستانی پەیوەندییەکان لە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیشدا ڕەنگ دەداتەوە، بەو پێیەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا لە دوو ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠١١ (ئەو ساڵەی ناڕەزایەتییەکان سەریان هەڵدا) بۆ ٥٤١ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٢ دابەزیوە.
ئەم شیکارییە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەی پەکین بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە سوریای دوای ئەسەد لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکاندا. بەو مانایەی کە ئایا دەسەڵاتی سیاسی لە سوریای دوای ئەسەد بۆ پەکین دەرفەتە یان ئاڵنگاری. لەلایەکی دیکەشەوە لەبارەی سیاسەت و کاریگەری چین لە سوریای دوای ئەسەد بە بەراورد لەگەڵ زڵهێزە جیهانییەکانی دیکەی وەکو ئەمریکا و ڕووسیا یانیش هێزە هەرێمییەکانی وەکو تورکیا و ئێران کەمتر فۆکەسی کراوەتە سەر بەتایبەت لە چوارچێوەی ناوەندە ئەکادیمی و شیکارییەکاندا کەمترین پانتای بۆ دانراوە، بۆیە ئەم شیکارییە لەم گۆشە نیگایەوە مەبەستییەتی ئەو پرسە گەنگەشە بکات کە ئایا چین بە چ شێوەیەک یان لەسەر چ بنەمایەک پەیوەندییە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ سوریا بونیاد دەنێنەوە.
“ستراتیجییەت و ئامانجی پەکین لە سوریای دوای ئەسەد”
دوای ڕووخانی ئەسەد، ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، “پێویستە داهاتوو و چارەنووسی سوریا لەلایەن گەلی سوریاوە بڕیاری لەسەر بدرێت، هیوادارین هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بتوانن چارەسەرێکی سیاسی گونجاو بدۆزنەوە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ وڵات لەسەر بنەمای ڕاگرتنی هاوسەنگی”. ئەمەش لەگەڵ پرەنسیپی دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی سوریا یەکدەگرێتەوە کە چین لە کاتی شەڕی ناوخۆدا پێی پابەند بووە و بەردەوام جەختی لەسەر کردۆتەوە، کە لە دروشمی پرۆسەی ئاشتی “سەرکردایەتی سوریا و خاوەندارێتی سوریا” بەرجەستە بوو. هاوکات پەکین داوای چارەسەری سیاسی خێرای کرد کە ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا بگیرێت، بەڵام لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای ڕووخانی ئەسەد، فۆکەسی پەکین لەسەر پاراستنی هاووڵاتییانی چینی و بەرژەوەندییەکانی لە سوریا بوو بە بەردەوامبوون لە کارپێکردنی باڵیۆزخانەکە لە دیمەشق، کە گەڕانەوەی باڵیۆزخانەکەی بۆ وڵاتەکەی کرد لەگەڵ هاووڵاتیانی، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوە داوای لە هەموو لایەنەکانی سوریا کرد بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن.
دیپلۆماتکارانی چینیش تیشکیان خستۆتە سەر هۆشداریدان لە ئەگەری ئەوەی سوریا ببێتە مەیدانی هەڵدانی هێرشە تیرۆریستییەکانی دژ بە بەرژەوەندییەکانی، بەتایبەتی لەلایەن پارتی ئیسلامی تورکستانەوە کە لقێکی بزووتنەوەی ئیسلامیی تورکستانی ڕۆژهەڵاتە لە شینجیانگەوە کە هەزاران چەکداری ئویگوریان بەشدارییان لە ڕیزەکانی گرووپە ئۆپۆزسیۆن و توندڕەوەکان لە سوریا لە ماوەی ساڵانی جەنگدا، تا ئێستاش لە سوریادا ئامادەن. گنگ شوانگ، جێگری نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: “نابێت خاکی سوریا بۆ پاڵپشتی تیرۆر یان هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دیکە کەڵک وەربگیرێت”. ئەم لێدوانەی نوێنەری هەمیشەیی چین وەک ئاماژەدانە بەوەی کە لەڕیزەکانی ئێستای هێزە چەکدارەکاندا چەکداری ئویگوری بەدیدەکرێت، ئەمەش وەک هەڕەشە بۆ چین هەژمار دەکرێت.
بە خوێندنەوەی کاردانەوەی سەرەتایی چین، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئامانجە سەرەکییەکانی چین لەم قۆناغە سەرەتاییەی گواستنەوەی سیاسی لە سوریادا دابەشبوون بەسەر ئامانجی سەرەکی کە خۆی دەبینێتەوە لە:-
یەکەم:- بێلایەنکردنی هەڕەشەی چەکدارانی ئویغور.
دووەم:- ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری لە سوریا بۆ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا.
سێیەم:- دابینکردنی دەرفەت بۆ کۆمپانیا چینییەکان لە چوارچێوەی کارەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانی ستراتیژی لە ژێر دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا.
“گرووپە تووندڕەوەکان وەک هەڕەشەی ئەمنی بۆ پەکین”
نیگەرانی سەرەکی بۆ حکومەتی چین ئەوەیە کە شەڕڤانانی ئویگور کە شارەزایی پێشکەوتووی شەڕکردنیان لە سوریا بەدەستهێناوە، لە داهاتوودا هەوڵدەدەن لە ناوخۆی هەرێمی شینجیانگدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن. یەکێک لە چەکدارە ئویگورەکان لە سوریا خواستەکانی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە چین لە ساڵی ٢٠١٧دا دەربڕی کە ساڵانێک بەر لە کەوتنی ئەسەد جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە، “ئێمە گرنگیمان پێنەدەدا کە شەڕەکان چۆن بەڕێوەچوون یان ئەسەد کێیە تەنها ئەوەمان دەویست فێری تاکتیکی بەکارهێنانی چەک بین و پاشان بگەڕێنەوە بۆ چین، بۆ ئەوەی بتوانی خۆمان ڕێک بخەینەوە و دەست بە ئەنجامدانی چالاکی بکەین”. ئەم مەترسییە ڕەنگە بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاستیش بگوازرێتەوە، چونکە وڵاتانی وەک کازاخستان و قیرغیزستان کەمینەیەکی ئویگوریان تێدایە و زۆرێک لە ئۆزبەکییەکان لە ساڵانی جەنگدا پەیوەندییان بە ڕیزەکانی هەیئەی تەحریر شامەوە کردووە. ئەمەش وایکردووە پەکین ترسی هەبێت لەو گرووپە چەکدارانەی خاوەن ڕووانگەی سلبین بەرامبەر بە چین و بەرژەوەندییەکانی نەک تەنها لە ناوچەکە بەڵکو لە شوێنەکانی دیکەی وەکو ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لەناو خودی چینیش دەتوانن هەڵگری ڕەهەندی هەڕەشە بن.
“ترس لە بڵاوبوونەوەی ناسەقامگیری بۆ وڵاتانی ناوچەکە”
ئەم هەڕەشەیە بەسەر دوو ڕەهەند دا دابەشکراوە، یەکەمیان رهەندی ئەمنی، دووەمیان ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکییە. ڕەهەندی ئەمنی ئەوەیە کە نەبوونی سەقامگیری ئەمنی چاوەڕوانکراو لە سوریا ئەگەری ئەوە بەرز دەکاتەوە کە گرووپە تووندڕەوەکان دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی تیرۆر لەسەر ئاستی ناوچەکە. بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی پێشووی هەیئەی تەحریر شام لەگەڵ ئەلقاعیدە، نزیکترین ئامانج ئێراق دەبێت کە ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر وڵاتانی دیکە دروست دەکات، دیارترینیان دەوڵەتانی کەنداو، ئوردن و لوبنان. بەحوکمی ئەوەی پەکین خاوەن بەرژوەندی ئابووریی فراوان و پەیوەندی فرەڕەهەندە لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە، بۆیە لە ئەگەری ناسەقامگیری و تەشەنەسەندنی نا ئارامی چین وەک زلهێزێک زیانی ئەمنی و ئابووری بەردەکەوێت.
لە چوارچێوەی ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکییدا، هێرشە داگیرکارییەکانی نوێی تورکیا بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا شێوەی خۆی وەردەگرێت، کە لە ئێستاوە نیشانەکانی دەستیان کردووە بە دەرکەوتن لەگەڵ گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە سوریا لە بەرژەوەندی ئەنقەرە. ڕەنگە کاردانەوەی ئەم ململانێیە بۆ ئێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستانی ئێراق تەشەنە بکات، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری تەواوی وڵاتانی دراوسێ دروست دەکات. جگە لەوەش، ڕەنگە کاردانەوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و بەرەی مقاوەمەی ئێران بۆ ئێراق بڵاوببێتەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی تاران، دوای سەرکەوتنی ئیسرائیل (بە پشتیوانی ئەمریکا) لە لاوازکردنی حەماس و حزبوڵڵا و ڕووخانی ئەسەد.
ئەم نیگەرانیانە نوێنەرایەتی ڕەچاوکردنی جددی دەکەن لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی چین، بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی پەکین بە عێراق وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی هاوردەکردنی نەوت (چین 35%ی کۆی بەرهەمی نەوتی ئێراق هاوردە دەکات)، هەروەها بەدەستهێنانی کۆمپانیاکانی وزەی چینی لە گەورەترین پشکی وەبەرهێنانی بیانی لە نەوتی عێراق و کەرتەکانی غاز.
“پەکین لەبەردەم زیادکردنی دەرفەتە ئابوورییەکانی لە سوریا”
ئێستا لەگەڵ پاشەکشەی کاریگەریی گەورەترین ڕکابەرەکانی چین، ئێران و ڕووسیا، لە سوریا، لە ڕووی تیۆرییەوە ڕێگا خۆش دەکات بۆ ئەوەی کۆمپانیا چینییەکان بەشداری زیاتر لە ئاوەدانکردنەوەی سوریای دوای ئەسەد بکەن، بێگومان شانبەشانی دەوڵەتانی کەنداو. لێرەدا پەیوەندی ئاسایی ئابووریی، بازرگانی، وەبەرهێنان، سیاسی و ئەمنی لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو یارمەتیدەری باش دەبێت بۆ ئەوەی پەکین لەم بوارەوە بتوانێت زیاتر بەدوای جێگیرکردنی پایەکانی بەرژەوەندی خۆیدا بێت.
جگە لە کەرتی وزە و ژێرخانی ئابووری، یەکێک لەو پڕۆژە گرنگانەی کە چین لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەددا بە بەرژەوەندییەوە سەیری دەکرد، بەدەستهێنانی مافی بەکارهێنانی بەندەرەکانی لازقیە و تارتووس بوو، یان یەکێک لەوانە، ڕووسیا بوو (و ئێستاش هەروایە ) لە کۆنترۆڵی بەندەری تارتووسدا بوو، لە کاتێکدا ئێران بە ئارەزووی خۆی لە بەندەری لازقیە مایەوە. بەم شێوەیە لە پرەنسیپدا دەرفەتێک بۆ کۆمپانیا چینییەکان هەیە کە یەکێک لەم دوو بەندەرە بەدەستبهێنن و بیبەستنەوە بە بەندەری پیرایۆسی یۆنان، بەندەری تەرابلوسی لوبنان و ناوچەی ئابووری ئازادی کەناڵی سوێس، لە چوارچێوەیەکدا کە چین بتوانێت زاڵن بەسەر هێڵەکانی پەیوەندی لۆجستی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە پەکین زۆر بە تەنگ ئەم ڕێرەوە ئابوورییانەوەیە لە پێناو گەشانەوەی زیاتری خۆی لەسەر ئاستی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
“کۆبەند”
بیر لەوە ناکرێتەوە کە چین بژاردەی زۆری هەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی نوێ/ هەیئەی تەحریر شام تەنها لە ڕێگەی مۆدێلی پەیوەندییەکانی پەکین لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان نەبێت (تا ئێستا سەرکەوتوو بووە). لێرەدا چین دەتوانێت هەمان ئەزموون دووبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی بەردەوامی بدات بە سیاسەتە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ سوریا. ئەمەش قۆناغێکی تاقیکردنەوە لە لایەن چینەوە بەرەو دیمەشق دەگرێتەوە کە ڕەنگە درێژببێتەوە تا ئەو کاتەی هەردوولا پەیوەندییەکی دامەزراوەیی بنیات بنێن لەسەر بنەمای بەتاڵ کردنەوەی مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی چین کە ڕەنگە لە سوریاوە سەرهەڵبدەن، لە بەرامبەردا سەرکردە نوێیەکانی سوریا پشتیوانی ئابووری و دیپلۆماسی چینیان پێدەگات. ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ دەسەڵاتی نوێی سوریا هەم لەڕووی ئابوورییەوە، هەمیش لەڕووی سیاسی و دبلۆماسییەوە، جا چ لەسەر ئاستی ناوچەکەدا بێت یانیش لەسەر ئاستی جیهانیدا، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە دەسەڵاتی سیاسی نوێ لە سوریا پێویستیەتی.
لە چوارچێوەی پرسەکەدا ئەوەی میکنیزمەکان ئاڵۆزتر دەکات، کاریگەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە لەسەر حکومەتی نوێ لە سوریا، بەتایبەت لە تورکییە و ڕەنگە وڵاتانی ڕۆژئاوا. بە تایبەتی تاڵیبان لەسەر ئایدۆلۆژیایەکی دژە ئەمریکی و دژە ڕۆژئاوا دامەزرا، لە کاتێکدا کە هەیئەی تەحریر شام لەلایەن تورکیە و ئۆکرانیا و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێت. بێگومان پێگەی جوگرافیای دوورە دەستی سوریا لە ڕووی گرنگی و توندی هەڕەشەوە لە ڕوانگەی چینەوە دەیخاتە دوای ئەفغانستانەوە، بەڵام سروشتی نێودەوڵەتیی ئەو مەترسییەی کە لەلایەن چەکدارانی ئویگورەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی چین و هاوپەیمانیەکانیان لەگەڵ ڕێکخراوە توندڕەوەکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی ئاسیا دێتە کایەوە بابەتێک نییە چاوپۆشی لێ بکرێت.