گیۆرگ لووکاچ، کاتێک کە گەنج بوو، جارێک نووسی:- “ئامانج کولتوورە، سیاسەت لە ئامرازێک زیاتر نییە”. بەڕای زۆرێک لە خاوەنڕایان، تەنانەت گریمانەی ئەمەی کە لووکاچ لە دەیەکانی دواتردا، واتە لە سەردەمی درێژی ئەندامێتی لە کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی مەجارستان و ڕیبەرایەتیکردنی کۆمینتێرن، بەم بڕیارەی خۆی پابەند مابێتەوە، گریمانەیەکی ساویلکانە و پێکەنیناوییە. بەڵام کاتێک لە ژیانی سیاسی، بە تایبەتی بەرهەمەکانی ورد دەبینەوە، تێدەگەین کە ئەم گریمانە ساویلکانەیە زۆر دوور نییە لە لۆژیکیش و لووکاچ بە شێوەیەکی بەردەوام دەیەویست لە ڕێگەی بەشداریکردن و دەستێوەردان لە سیاسەت ئەو شتە بهێنێتە ئاراوە کە خۆی وای وێنا دەکرد کرانەوەیەکی کولتووریی لە ئیش و کاری مرۆی هاوچەرخە. ئەو بە شوێنپێ هەڵگرتنی کارل مارکس، باوەڕی وابوو کە داهاتووی کۆمۆنیسم کردنەوەی ڕێگای ڕاستەقینەی توانایی کولتوورسازیی مرۆڤە.
واتە پێداگریی لەسەر هێزی ئافراندنی کولتوور لە لایەن مرۆڤەوە. باسکردنی ئەم بابەتە و بەرگریکردن لێی کە سنوورەکانی دەربەستبوونی بە کۆمۆنیسمی ئیستالینیی تێدەپەڕاند، هەروا بە بێ مەترسی و هەڕەشە نەبوو بۆی. جارێک لە ساڵەکانی جەنگیی دووەمی جیهانی، کاتێک لە مۆسکۆ نیشتەجێ بوو، دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەیەک، ئەگەرچی کورت، ڕووبەڕووی ترس و دڵەڕاوکێی لێپرسینەوەکانی پۆلیسی تەناهیی یەکێتیی سۆڤییەت بوویەوە. جارێکی دیکە لە پاش ئەوەی کە سوپای سووری یەکێتی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٥٧ وڵاتەکەی داگیر کرد، ڕێگای ڤییەنای گرتە بەر، لەو چارەنووسە ڕەش و تاڵەی کە جاوەڕوانی هەندێک لە نزیکترین هاوڕێکانی لەوانەش ئیمرە ناگی؛ ڕیبەری ئازادیخوازی شۆڕشی مەجارستان دەکرد، گیان دەر ببات. هەموو ئەمانە لە ئیمانی ئەو بە دروستبوونی ڕێگایەک کە هەڵیبژاردبوو، هیچ خەوشێکی بەدی نەهێنا، وتا ساڵی ١٩٧١ کە کۆچی دوایی کرد هەر بە کۆمۆنیستی مایەوە. هەڵبەت، ئەو هەرگیز ئەو کرانەوە کولتوورییەی کە چاوەڕوانی دەکرد، نەبینی بە چاوی خۆی، بەڵام هەنووکە، خوێندنەوەی گرینگترین بەرهەمەکانی بۆ ئەو کەسانەی کە بیانەوێت بە هەر هۆکارێک بیسەلمێنن کە کولتوور ئامانجە و سیاسەت ئامرازە، بەسوود و قازانجدارە.
دۆزینەوەی حاڵەتەکانی بێزاریی لە سیاسەت لە ناو فەیلەسووفان، هزرمەندان و هونەرمەندەکان کارێکی سەخت نییە. پشتکردنە سیاسەت دەکرێت تەنانەت وەکوو جۆرێک نەخۆشیی زەینیی دەرکەوێت. توماس مان کە یەکێک لە گرینگترین ناوەرۆکەکانی “کێوی جادوو”ی بە “داهاتووی کولتووری ئەورووپی” ناوزەد کردبوو، و کەسایەتییەکانی ناو ڕٶمانەکەی پەلکێشی ناو کۆمەڵێک مشتومڕی ناکۆتای سیاسی-کولتووری کردبوو، یان ساڵانێک دواتر لە “دوکتۆر فاستوس” هەوڵی دابوو تاکوو ویژدانی گوناهکاری ئاڵمانی هەڵکۆڵێت، ئەنجامی کارەکەی خۆی بە ئەنجامێکی سیاسی-کولتووری ناو هێنابوو و لە ژیانی تاکەکەسی خۆیشیدا ساڵانی دوور و درێژی پەڕیوەیی و پەنابەریی وەکوو دەرهاوێشتەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نازییەکان قبووڵ کردبوو، لە ساڵی ١٩١٨ واتە ساڵێک پێش کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی، و دەسپێکردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی لە ئاڵمان، و حوکومەتی شۆرایی مەجارستان، و تێکهوتنی ڕووسیا لە شەڕی ناوخۆ نوسی بووی:- “بەڕای من ئیتر ناکرێت کەسێک بتوانێت لەگەڵ ئەم بڕیارە دژایەتی بکات کە مرۆڤایەتی و ڕێگە و ڕێبازێکی مرۆیی لە بیرکردنەوە و تێڕامان، بەشێوەیەکی ڕاشکاوانە بە مانای دژایەتیکردنی هەرجۆرە سیاسەتێکە. بیرکردنەوە و قووڵبوونەوە لە کاروبارەکان بە شێوازێکی مرۆیی واتە بیرکردنەوە و تێڕامان لە کاروبارەکان بە شێوازێکی ناسیاسی”. توماس مان تووشی تێڕوانینێکی مانەوی بووبوو، و هیچ دوودڵ نەبوو لە هەڵبژاردن لە نێوان خەیر “مرۆڤخوازیی و بیرکردنەوە بە شێوازێکی ئینسانی کە هەمان پێشەوچوونی کولتوورییە” و شەڕ “سیاسەت کە هەمان تووندوتیژیی دژە مرۆییە” ئەوەی یەکەمیان هەڵبژێرێت. ئەمەی کە ئەو لە ساڵانی دواتردا بەم هەڵبژاردنە پابەند نەمایەوە، هەر وەها ئەم ڕاستییەش کە کەمتر بیرمەند و هونەرمەندێکی سەدەی ئێمی توانی خۆی لە دەربڕینی سیاسی(و نە حەتمەن ژیانی سیاسی) خۆی بەدوور بگرێت، بە باشی دەریدەخات کە دەبێت لەبارەی ڕاستی و دروستیی تەواوەتیی ئەو ململانێ مانەوییەی مان گومان بکەین. لە ساڵەکانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی موریس بلانشۆی سیاسەت بێز و ژان پۆل سارتێرێک کە ئەدەبی بە دەربەستی بە سیاسەت دەویست، لە دوو ڕێگەی جیاواز، پێوەندیی ئاڵۆز و گرینگی سیاسەت و کولتوور(یان ئەگەر بتانەوێت دەتوانن بڵێن پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئەخلاق، یان پەیوەندیی نێوان کولتوور و ئەخلاق) بێ بایەخ پیشان دابوو. ئێستا ئاشکرایە کە ئێمە ڕێگەی دەربازبوونمان لە باسکردنی ئەم پرسە نییە.
فەیلەسووفەکان لە زۆربەی کاتەکاندا وەکوو ئامراز یان ئامرێک کە لە خزمەتی ئامانجەکانیاندا بێت چاویان لە سیاسەت کردووە. بەڵام بەجاروبار لەگەڵ ئەم پرسیارە ڕووبەڕوو بوونەتەوە:- ئایا ئێوە خۆتان هیچ کات نەبوون بە ئامرازێک بە دەست سیاسەتمەدارەکانەوە؟ با پرسیارەکە بە زایەڵەیەکی ڕیزمەندانەتر و ئەمڕۆییتر گەڵاڵە بکەین: لە ڕٶژگاری مۆدێرن پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و سیاسەت چۆن خراوەتە ڕوو؟ بەڕاستی یەکێک لە سەرەکیترینی لەمپەرەکان لە بەردەم ڕەخنەی فەلسەفیی لە مۆدێرنەدا هەیە ناکارامەیی و ناتەواوبوونی ڕێژەیی گوتاری سیاسییە لە کەشف و دۆزینەوەی ئاڵۆزییە تیۆرییەکانی ژیانی مۆدێرن. ئەم بابەتە لە سەرنجی زیرەکترین ڕەخنەگرانی مۆدێرنە واتە کەسانێکی وەکوو فۆکۆ، دێلۆز، لیووتار و دێریدا شاراوە نەبووە. ئەوان بەش بە حاڵی خۆیان هەوڵیان داوە تا لە سنوورێکدا کە گوتار و وتەی فەلسەفی و سیاسی لێک جودا دەکاتەوە و لە هەمان کاتدا لە تەنیشت و دراوسێتیی یەکدیدا دایاندەنێت، قسە و باس بکەن. ئەگەر لەسەر ئەم سنوورە قسە بکەین ئەوا ڕێگای پێشەوەچوونی ڕوانگەیەکی ڕێژەیی بینانە لە (زانستە کۆمەڵایەتییەکان)دا هەموارتر دەبێت. لە سەدەی بیستەمدا کە سەدەی بووژانەوەی هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکاریی مۆدێرنە بوو، نموونەگەلێکی سامناک لە هاودەنگی و هاونەوایی فەیلەسووفانمان لەگەڵ دەسەڵاتە دیکتاتۆرە خوێنمژەکاندا بینی. هاونەوایی (هەڵبەت ڕەخنەکارانە)ی لووکاچ لەگەڵ ڕژێمی میلتاریستیی ئیستالینیستی تاقانە نەبوو. سارتێر، ئالتووسێر، دێلاوێلپە، کوولتی، بلۆخ، مالرۆ، کاستوریادیس، و زۆرێک لە فەیلەسووفان و بیرمەندەکانی دیکە هەر کام لە ساڵانێک لە ژیانی خۆیاندا لەگەڵ سیاسەتی حیزبە کۆمۆنیستییەکاندا هاوڕا و هاونەوا بوون. هەروەهاش ناکرێت هاونەوایی(دیسان ڕەخنەکارانەی) هایدگێر لە ساڵەکانی ١٩٣٤-١٩٣٣ لەگەڵ ڕژێمی هیتلەر لەبیر بکەین. هیچ ڕێگەچارەیەکمان نییە جگە لەوەی کە پێوەندیی نێوان فەیلەسووف و بابەتی سیاسی لێک بدەینەوە، ئەگەرچی دۆزینەوەی یەکەمین وەڵامەکان بۆ ئەو هەموو پرسیارەی کە دادێن، هێشتاش (و بەم زووانە) نەپۆڕێت.
پەیوەندیی فەیلەسووف و سیاسەتمەدار، بەردەوام ئاڵۆز بووە. ئەم ئاڵۆزییە زیاتر خۆی لە دەستێوەردانەکانی فەیلەسووفەکان لە پرس و باسە کردارییەکانی سیاسەت پیشان دەدات، ئەگینا جگە لە چەند نموونەیەکی کەم (وەکوو ئیمپراتۆری ڕەواقیی ڕٶمی واتە مارکوس ئورلیوس) کەمتر سیاسەتمەدار و حاکمێک هەبووە کە ملکەچی فەلسەفە بووبێت یان لەم پانتایەدا ناو و پێگەیەکی بۆ خۆی دەستەبەر کردبێت. پێشینەی دژواربوونی ئەم باسە دەگەڕیتەوە بۆ یەکەمین دەرکەوتنەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفیی لە یۆنان. خوێندنەوەی نووسینەکانی ئەفلاتوون و ئەرەستوو بەباشی پیشانی دەدات کە وردبوونەوەی فەلسەفی لەسەر ژیانی سیاسی لەگەڵ چ سەخت و ئاستەنگیگەلێکدا ڕووبەڕوویە و تا چ ڕادەیەک بەدیهێنەری چ کێشە و دژواریگەلێکە. ئەرەستوو لە کتێبی حەوتەمی کتێبی سیاسەت ئەم سەختی و دژواریەی هێنایە بەرباس. لەوێدا دەخوێنینەوە: ((گومانێک لەوەدا نییە کە باشترین حوکومەتەکان ئەوانەن کە هەمووان لە ژێر سێبەریدا شاد بن و بەختەوەرانە بژین. بەڵام تەنانەت ئەو کەسانەش کە ژیانێکی فەزیلەتئاسا باشتر لە هەر جۆرە ژیانێکی دیکە دەزانن لەبارەی ئەم بابەتە هاودەنگ نین کە ئایا دەبێت ژیانێکی پڕکار و سیاسیانە هەڵبژێرین یان ئەوەی کە لە غەڵبەغەڵبی ئیش و کارەکانی دنیا خۆمان بدزینەوە و ئاسوودە و گۆشەنشین بژین کە بە ڕای هەندێکیش تاقانە ژیانی شایستەی فەیلەسووفانە. لە ڕاستیدا هەموو ئەو کەسانەی کە لە رابردوو یان تەنانەت لە سەردەمی ئێستەدا، سەودای ناوبانگبوون بە فەزیلەتیان لەسەردا بووە، یەکێک لەم دوو شێوە ژیانە واتە شێوەی سیاسی و یان شێوەی فەلسەفییان هەڵبژاردووە.
هەڵبەت ئاگاداربوون لەمەی کە حەق بە کامەیانە بە هیچ شێوەیەک کەم بایەخ نییە، چونکە شەرتی ئەقڵ ئەوەیە کە هەم بۆ تاکەکەس و هەم بۆ کۆمەڵگای سیاسیی کە کردەوە و کارەکانی خۆی بەرەو باشترین ئامانجەکان ئاڕاستە بکات. ئەرەستوو ئەمەشی زیاد کردووەتە سەر قسەکەی خۆی کە بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی بە ڕای هەندێ کەس “تێکدەری ئاسوودەیی ژیانی تاکەکانە”، بەڵام بەڕای هەندێکی دیکە “ژیانی پڕ کار و بەشداریکردن لە کار و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان تاقە ژیانی شایستەی مرۆڤە”. ئەرەستوو لەم بابەتەوە بە ڕوونی ناوی کەسی نەبرد بەڵام نووسی:- “کۆمەڵێکی دیکە لەمەش سەرووتر دەڕۆن و دەڵێن دیکتاتۆری و ستەمکاری بەنیسبەت کەسانی دیکەوە تاکە ڕێگای بەختەوەریی نەتەوەیەکە”، کە ڕەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ ڕوانگەی دیکتاتۆریانەی ئەفلاتوون و دەست و پێوەندەکانی. ئەرەستوو لە شیکردنەوەی هەر کام لەم ڕوانگانە باس و خواسی خستە ڕوو و دواجاریش بڕیارێکی ناوداری دەرکرد: “دەسەڵات دەبێت لەسەر کۆڵەکەی فەزیلەت دروست بکرێت”، و بۆ ئەوەش ڕێگا لە هەر جۆرە خراپ تێگەیشتنێک بگرێت ئەمەشی زیاد کردووەتە سەری: “بەڵام هەبوونی فەزیلەت بەتەنها بەس نییە، بەڵکوو دەبێت توانایی بەکارهێنانیشی لە ئارادا بێت”. بەڕای ئەرەستوو جیاوازی نێوان کاری فەیلەسووف و ئیشی سیاسەتمەدارێک تەنها جیاوازیی لە هەڵبژاردنی دوو ڕوانگە یان دوو پیشە نییە، بەڵکوو پرسێکی کرداریان یان “پراگماتیک”ە. ئەمە جیاوازییەکە لە نێوان دوو شێوە ژیان و دوو جۆری جیاواز لە ژیان لەسەر زەوی، یەکێک دڵی لای کردەوەی سیاسی و “هاتوهەرای کارەکانی دنیایە” و ئەوی دیکەشیان دەربەستی گەڕان بە دوای هەقیقەت، دانایی یان فەزیلەت.
ژێدەر: معمای مدرنیتە، بابک احمدی، چاپ پنجم ١٣٨٧، نشر مرکز، تهران.
نوسین: بابەک ئەحمەدی
وەرگێڕ: حەبیب ساڵحی