فیلمی Gangs of New York لە دەرهێنانی مارتن سکۆرسێزی نوێنەرایەتییە ئایدیالیزەکراوەکانی مێژووی ئەمریکا هەڵدەوەشێنێتەوە و سەر لەنوێ بنیاتی دەنێتەوە، دەیکاتە چیرۆکێکی تووندوتیژ و خوێناوی، ڕابردوویەکی پڕ لە گێژاومان بۆ ئاشکرا دەکات. ئەو نیویۆرکەی کە لە ساڵانی نێوان ١٨٤٠ و شەڕی ناوخۆدا وێنا دەکات، وەک کارەکتەرێک تێبینی، “چاڵێکی دۆزەخە” دەکات، کە تێیدا گرووپەکان بە کوشتنی ڕکابەرەکانیان شوێنەکە پاک دەکەنەوە. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و هێزەکانی پۆلیسی لە شەقامەکاندا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، لە کاتێکدا جەماوەر میوەی ڕزیو فڕێ دەدەنە سەر ئەکتەرێک کە ڕۆڵی ئەبراهام لینکۆڵن دەگێڕێت، ڕەشپێستەکان و ئێرلەندیەکان لەلایەن باندەکانەوە ڕاوەدوونرێن و کەشتییە دەریاییەکان شارەکە بۆردومان دەکەن، لەکاتێکدا هاوڵاتیانی هەژار وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو ڕەشنووسە هەڵدەستن خۆپیشاندان دەکەن.
فیلمەکە بە دیمەنێکی نائاسایی دەستپێدەکات کە لە ناو ئەو گۆڕستانانەی کە لە ژێر خانووبەرەکاندا دروستکراوە، کە بە بەردی مانهاتن هڵچنراوەن. سەرکردەیەکی ئێرلەندی- ئەمریکی بە ناوی قەشە ڤالۆن (لیام نیسۆن) خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات نزیکە وەک ئەوەی خۆی بۆ مەڕاسمێکی دینی ئامادە بکات- لەڕاستیدا، کاتێک یەخەیەک(تەوقێک) دەبەستێت بۆ پاراستنی ملی، ئێمە بۆ ساتێک پێمان وایە ڕەنگە قەشە بێت. لەگەڵ منداڵە بچوکەکەی کە ناوی ئەمستردامە بەیەکەوە بەناو تونێلێکی تاریک و مەشخەڵدارد دەڕوات کە هاوتایی هێدێسدا(دۆزەخ) ، هێزەکانی خۆی، کەروێشکە مردووەکان(ناوی باندەکەیە) کۆدەکاتەوە، پێش ئەوەی بڕۆنە دەرەوە بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزی باندێکی ڕکابەری کە بە ڕەچەڵەک ئەمریکیدا بکات، کە ناویان نەیتڤستە. پیاوان چەقۆ، شمشێر، سەرەڕم، کێرد، کوتەک بەکاردەهێنن، دڕندەیی شەڕەکەیان ئاژەڵانە. لە کۆتاییدا، گۆڕپانەکە پڕدەبێت لە تەرمی مرۆڤ – لەنێویاندا تەرمی ڤالۆن، کە لەلایەن دوژمنەکەیەوە، ویلیام کاتنگ، ناسراو بە بیل بوچەر (دانیال دەی-لویس) کوژراوە. ئەمە شەڕی بەناوبانگی باندەکانی فایڤ پوینتس١ بوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی خوارەوەی مانهاتن، کە لە مێژووی ئەمریکادا تۆمارکرا، بەڵام پشتڕاتنەکراوەتەوە. کاتێک شەڕەکە کۆتایی دێت، ئەمستردام دەنێردرێت بۆ خانەی بێسەرپەرشتان کە بە شێوەیەکی نەخوازراو ناوی لێنراوە ماڵی چاکسازی هێلگەیت (دەرگای دۆزەخ). لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا دەردەکەوێت (ئێستا لیۆناردۆ دیکاپریو ڕۆڵی تێدا دەگێڕێت) و دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی فایڤ پوینتس کە تا ئێستاش لەلایەن بیلەوە حوکمڕانی دەکرێت و دەست دەکات بە پلان دانان بۆ تۆڵەسەندنەوەی باوکی.
فیلمەکەی سکۆرسێزی بە شێوەیەکی زیندوو ئەم مێژووە دەژیەنێتەوە و پڕی دەکات لەو کارەکتەرانەی کە بە شێوازێکی گرۆتێسکی دیکنسی٢ بەرجەستە دەکەن. بیل بوچەر یەکێکە لە کارەکتەرە گەورەکانی فیلمە مۆدێرنەکان، بە دەربڕینە سەیر و سەمەرە وردەکانی، لەهجەی خنکاوی، شێوازی سەیر و سەمەرەی تێکەڵکردنی دڕندەیی لەگەڵ فەلسەفە. دیمەنەکەی پڕ لە چەندین کارەکتەری چالاک، لەوانە گیرفان بڕێک بە ناوی جێنی ئێڤەردین (کامیرۆن دیاز)، سەرکردەی یانەیەک بە ناوی مەنک (برێندان گلیسۆن)، دوکاندار هەپی جاک (جۆن سی. ڕیلی) و کەسایەتییە مێژووییەکانی وەک ویلیام “بۆس” توید (جیم برۆدبێنت)، سەرکردەی گەندەڵی تامانی هۆڵ، پی.تی.بارنۆم (ڕۆجەر ئاشتۆن-گریفیتس)، کە مۆزەخانەکەی بە دەگمەن شتە سەرنجڕاکێشەکانی ڕکابەری نمایشەکانی ڕۆژانەی سەر شەقامەکان دەکات. پاڵەوانی سکۆرسێزی ئەمستردام زۆر هەمان ڕۆڵی پاڵەوانێکی دیکنزی وەک ڕۆمانی دەیڤید کۆپەرفیڵد یان ئۆلیڤەر تویست دەگێڕێت: ئەو چاوانەیە کە ئێمە لە ڕێگەیەوە ئەوانی دیکە دەبینین، بەڵام ڕەنگاوڕەنگترین ئەکتەر نییە لەسەر کانڤاسەکەدا. ئەمستردام وەک کەسانی دەوروبەری کێوی، خراپەکار، سەرنجڕاکێش نییە و ڕەنگە بە شێوەی خۆشەویستەکەی، جێنی، بەهێز نەبێت، کە وەک کارەکتەر نانسی لە ڕۆمانی ئۆلیڤەر تویستدا ژنێکی کینە لە دڵ و دڵسۆزییەکی زۆری هەیە بۆ پیاوەکەی. کارەکتەری دیکاپریۆ کە زیاتر تەرکیز و زەمینەسازییە، وەک دژایەتییەکی یارمەتیدەر لەگەڵ کەسە دڕندەکانی دەوروبەریدا کاردەکات. بە دڵنیاییەوە دەی-لویس لە دڕندەیییەکی زۆری بیلی بوچەروە ئیلهام وەردەگرێت، کە بە قۆشمەیی و دابڕانێکی شیکاری دیاریکراوەوە تێهەڵکێشکراون. پیاوێکی ترسناکە، حەزی لە بەکارهێنانی چەقۆکەیەتی بۆ ئەوەی بیدات بە چاوە شووشەییەکەیدا، هەروەها لاشەی بەرازێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگا جۆراوجۆرەکانی کوشتنی پیاوێک بە چەقۆ پیشانی ئەمستردام بدات. بیل کەسێکی لێهاتووە لە بەکارهێنانی چەقۆدا، جێنی تۆقیوە لە کاتێکدا دەیکاتە ئامانجی نیشانە شکێنی بۆ کردەوەیەکی چەقۆ فڕێدان، نەک تەنها لە ڕێگەی هەوڵە نزیکەکەیەوە بۆ کوشتنی، بەڵکو لە ڕێگەی زمانە ورد و هەڕەشەئامێزەکەیەوە.
دیاز ڕۆڵی جێنی وەک ژنێک دەگێڕێت کە سەرەتا پێداگری لەسەر سەربەخۆیی خۆی دەکات؛ وەک گیرفانبڕێک، وەک تاوانبارێک ناوبانگێکی باشی هەیە، تەنانەت جل و بەرگی گرانبەها دەپۆشێت بۆ ئەوەی پیاوە دەوڵەمەندکانی شارەکە بکاتە نێچیری خۆی. بەڵام کاتێک لە کۆتاییدا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی ئەمستردامەوە، ناسک و دڵسۆزی خۆی دەسەلمێنێت، لە دیمەنێکی وروژێنەردا کە شوێن برینەکانیان پیشانی یەکتری دەدەن، و دیمەنێکی دیکەش کە شیری تیماری برینەکانی ئەمستەردام دەکای. فیلمەکە ڕاستەوخۆ گومانی لە دیموکراسی ئەو سەردەمە هەیە. تامانی هۆڵ دەنگەکانی هەڵبژاردن دەکڕێت و دەفرۆشێت، گرووپە نەژادییەکان لەلایەن سەرکردەکانیانەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، کاتێک پیاوێکی هەڵە بە شەیرف(یاسا پارێز) هەڵدەبژێردرێت بۆ ماوەیەکی زۆر لە کارەکەیدا بەردەوام نابێت. جێگەی سەرسوڕمانە کە دیموکراسی ئەمریکی لە دۆخێکی وەها پشێو و سەختەوە دروست بووە. ئێمە پشتمان بە دامەزرێنەرانی ووڵات بەست، بەڵام ئەم دامەزرێنە فێڵبازانە بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو.
ڕەنگە سکۆرسێزی گەورەترین دەرهێنەری چالاک ئەمریکی ئێمە بێت (ڕۆبەرت ئاڵتمان کاندیدێکی دیکەیە)، وە ئەوەندە شاکاری پێبەخشیوین کە ئەم فیلمە کە بۆ دەرهێنەرێکی دیکە دەبێتە سەرکەوتنێک، وەک دەستکەوتێکی مامناوەندتر بۆ سکۆرسێزی دەردەکەوێت. فیلمێکی قورس بوو بۆ بەرهەم هێنانن، وەک لەو ڕاپۆرتانەدا کە پێمان دەگەیشت لە سێتی(شوێنی وێنەگرتن فیلمەکە) فراوان و گرانبەها کە لە سینێسیتا لە ڕۆما دروستکرابوون. تێچوەکەی زۆر گەورە بوو، لە وادەی جێبەجێکردنیشیدا کێشەی هەبوو. ئەنجامەکەی دەستکەوتێکی گەورەیە، مێژوویەکی پێداچوونەوەخوازانەیە کە لەدایکبوونی دیموکراسی ئەمریکی بە تاوانی ئەمریکی دەبەستێتەوە. دیمەنە سەرسوڕهێنەرەکانمان پیشان دەدات، وەک دیمەنێک لەناو شوقە نشینێکدا کە چەند خێزانێک پەستێنراونەتە ژوورێکەوەو بەیەکەوە دەژین. یان لە کاتی دروست بوونی ئاژاوە گەورەیەی دژی بەو ڕەشنووسی کە بڵاوکرا بۆوە کە نزیک بوو شارەکە وێران بکات. گرنگە لەبیرمان بێت کە ئەمریکای مۆدێرن لە ژوورە بێدەنگەکاندا نەک لەلایەن پیاوە بەناوبانگەکانەوە کە قژێکی(باڕۆکە کە لەسەردەمەدا پیاوانی خانەدان بەکاریان دەهێنا) ساختەیان لەسەر بوو، بەڵکو لە شەقامەکاندا، لە ڕێگەی ململانێی نێوان گروپە کۆچبەرەکانەوە و لە ململانێیەکی توندوتیژدا بۆ مانەوە دروست بوو.
هەموو ئەمانە بۆ سکۆرسێزی سەرکەوتنێکە و لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە ئەم فیلمە لە پلەی یەکەمی شاکارەکانیدا بێت، زۆر باشە بەڵام گەورە نییە. لەم دواییانەدا لەبارەی فیلمی گودفیلاسەوە نووسیبووم کە “فیلمەکە دەربارەی هەڵسوکەوتی هەڵەشانەی چیرۆك بێژێکەوەیە کە دەزانێت چیرۆکێکی باشی هەیە بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە.” لەم فیلمەدا هەستم بەو جۆرە گێڕانەوەیە نەدەکرد. زۆرجار فیلمەکانی سکۆرسێزی بە جۆش و خرۆشەوە لە پڕتاو دێنە سەر شاشە و لێهاتوویی سینەماکارێک پیشان دەدەن کە دەزانێت چی دەکات. لێرەدا پێدەچێت ململانێی زیاتر هەبێت، قورسایی زیاتر بۆ تێپەڕاندن، تاریکی زیاتر. چیرۆکێکە کە سکۆرسێزی بەبێ درک پێکردنی تەواو بەرهەمی هێناوە. باندی فیلمەکانی پێشووی، تەماح و ئیگۆ و دەسەڵات پاڵنەریان بوەو؛ حەزیان لە ئۆتۆمبێلی جوانە، پێڵاو، چاکەت و پانتۆڵ، ئێوارەخوان، ژن بوو. ئەوان وەک بەشێک لە کارەکانیان تاوانیا ئەنجام دەدا. کارەکتەرەکانی فیلمی Gangs of New York چونکە حەزیان لێیە، دەیانەوێت تاوان بکەن. ئەوان تینوی خوێنن، و ڕق و کینە پاڵنەریانە. پێموایە سکۆرسێزی پاڵەوانەکانی GoodFellas و Casino و Mean Streets بەدڵ بووە، بەڵام دڵنیا نیم ئەم قەرەباڵغییەی بەدڵ بێت.
١- فایڤ پوینتس:- گەڕەکێکی بەناوبانگی سەدەی نۆزدەهەم بوو لە خوارەوەی مانهاتن، بە دۆخی قەرەباڵغ و نەخۆشی و ڕێژەی بەرزی تاوان ناسراوە، ئەم ناوچەیە لە یەکتربڕینی پێنج شەقامەوە ناونراوە، بووەتە شوێنی توانەوەی کۆچبەران، بەتایبەتی ئێرلەندی، ئیتاڵییەکان و بە توندوتیژیی باندەکان و هەژاری بەناوبانگ بووە.
٢- گرۆتێسکێری دیکنسی:- ئەم زاراوەیە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی جیاوازی توخمە گرۆتێسکییەکانی چارڵز دیکنز لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا، کە بە تێکەڵەیەک لە نوکتە و ترسناکیی تایبەتمەندە. ئەم شێوازە زۆرجار کارەکتەر و بارودۆخە زیادەڕەوی و شێواوەکان نیشان دەدات کە ڕەنگدانەوەی واقیعە سەختەکانی کۆمەڵگەی ڤیکتۆریان.
سەرچاوە: کتێبی Roger Ebert – Scorsese by Ebert (2009)، لاپەڕە ٢٣٥ بۆ ٢٣٨
وەرگێڕانی؛ هۆگر جەزا