بەدڵنیاییەوە شەڕی نوێ لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەڵناگیرسێت، واشنتۆن سوریایەکى دەوێت کە نەبێتە بارەگایەک بۆ داعش و ڕێز لە کەمینە ئایینییەکان بگرێت و کورد بپارێزێت، ئێرانیش وەک خاکێک بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆریزم بەکاری نەهێنێت. شەڕى ڕووسیا و ئۆکراینا دەبێت کۆتایى بێت، چین هەرگیز نابێتە دۆستى وڵاتانى دیموکراسى، ئەمە بەشێکە لە دیدگا و تێڕوانینەکانى وەزیرى نوێى دەرەوەى ئەمەریکا، کە لەهەندێک پرسدا نەیار و لە هەندێک بابەتیشدا هاوئاوازى ترەمپى سەرۆکى وڵاتەکەیەتى.
مارکۆ ئەنتۆنیۆ روبیۆ (Marco Antonio Rubio) لە (28/ئایار/1971) لە شارى میامى ویلایەتى فلۆریدا لەدایکبووە، لە ساڵى (2011)ەوە بووەتە ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمەریکا لەسەر لیستى پارتى کۆمارى، لە خانەوادەیەکى کوباییە، بەشى یاساى لە زانکۆى فلۆریدا تەواوکردوە، بەدیارترین نەیارانى رێککەوتتنامەى ئەتۆمى لەگەڵ ئێران دادەنرێت، دژى گێڕانەوەى پەیوەندییەکانى ئەمەریکا و کوبایە. رژدە لەسەر پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل. چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ، ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا لە دەنگدانێکی خێرادا بە کۆی دەنگ مارکۆ ڕوبیۆى وەک وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پەسەندکرد، بەمەش بووە یەکەم وەزیرى ئیدارەکەى ترەمپ کە متمانەی ئەو ئەنجومەنە وەربگرێت.
روبیۆى تەمەن (53) ساڵ، ماوەیەکی زۆرە ئەندامی لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هەواڵگری ئەنجومەنی نوێنەرانە. لەنێو بەربژێرەکانى ترەمپدا کەمترین مشتومڕى لەسەر بوو. یەکەم ئەمەریکى بە رەگەز کوباییە ئەو پۆستە وەربگرێت. لە ساڵى (2016) لەکاتێکدا پارتى کۆمارى سەرقاڵى یەکلاکردنەوەى بەربژێرەکانى بوو بۆ سەرۆکایەتى وڵات، ڕوبیۆ وەک بچووکترین کاندید رکابەرى ترەمپى دەکرد، بەڵام دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنى سەرەتایدا لە فلۆریدا شکستى هێنا، لە خۆپاڵاوتن کشایەوە. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتى ترەمپدا، ڕوبیۆ بووە لایەنگری سەرۆکی ئەمەریکا و وەک ڕاوێژکارێکی نافەرمی لەسەر ستراتیژی ئەمەریکای لاتین کاری دەکرد، تەنانەت ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوی بە “وەزیری دەرەوەی سێبەر” لەئیدارەی ئەو کاتى ترەمپدا ناوبرد.
“لایەنگرى سەرسەختى “دەستێوەردانی دەرەکی-یە”
لە ساڵی (٢٠٢٤)، کاتێک دووبارە ترەمپ خۆى بۆ سەرۆکایەتى ئەمەریکا پاڵاوتەوە، لە لیستی کورتی کاندیدەکانی جێگرى سەرۆکدا ناوى ڕوبیۆ هەبوو، بەڵام لەکۆتایدا ترەمپ سیناتۆری ئۆهایۆ جەی دی ڤانسى بۆ جێگرى خۆى هەڵبژارد، دواى سەرکەوتنیشى لە هەڵبژدرنەکاندا، لە مانگی تشرینى دووەمى ساڵی ڕابردوو، ڕوبیۆى دیاریکرد تاوەکو ببێتە (٧٢)هەمین وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا. یەکێک لە دیارترین ئاستەنگەکانى بەردەم کارکردنى روبیۆ، جیاوازى ئەقڵیەتی سیاسی نێوان ڕوبیۆ و ترەمپە، چونکە ترەمپ وەکو لە وتارى دەستبەکاربوونیدا دەرکەوت زیاتر جەخت دەکاتەوە سەر سیاسەتى ناوخۆیى و دروشمە دڵخوازەکەى بریتیە لە: (یەکەمجار ئەمەریکا)، بەڵام هەرچى روبیۆیە بە یەکێک لە هەڵۆکانی ئەو باڵە سیاسییە دادەنرێت کە جەخت دەخاتە سەر توانا و دەسەڵاتی ئەمەریکا بۆ دەستوەردان و کاریگەری دانان لەسەر کاروبارە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتیەکان.
گۆڤارى فۆرن پۆلەسى ئەمەریکى لە راپۆرتێکدا بەناونیشانى “گرفتەکانى وەزارەتى دەرەوە لە کابینەى دووەمى ترەمپ”دا، ئاماژە بەوەدەکات بەپێچەوانەوەى ترەمپەوە، ڕوبیۆ لایەنگری دەستێوەردانی دەرەکییە، بۆیە گۆڤارەکە پێشبینى ئەوە دەکات ئەم جیاوازییەى نێوانیان ببێتە هۆی ئەوەی ڕوبیۆ “تووشی نائومێدییەکى گەورە بکات”. لەبارەى چارەنووسى روبیۆوە، گۆڤارەکە نموونەى هەریەکە لە ریکس تیلەرسن و مایک پۆمپیۆ دەهێنێتەوە، کە یەکەمیان بەهۆى ناکۆکییەکانى لەگەڵ ترەمپ لەسەر دۆسیە، ترەمپ لە مانگی ئازاری (٢٠١٨)دا لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە لە کارەکەی دووریخستەوە. بەڵام پۆمپیۆ ملکەچى خواستەکانى ترەمپ بوو. فۆرن پۆلەسى لە راپۆرتەکەیدا دەنووسێت: بۆ سرووشتى کەسایەتى روبیۆ کارێکى قورسە وەک پۆمپیۆ ملکەچى ترەمپ ببێت. لەلایەن خۆیەوە تامی بروس، هەڵبژێردراوی ترەمپ بۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەى روبیۆوە دەڵێت: “کەسێکە هەوڵدەدات گرنگی خۆى بسەلمێنێت”.
لەسەر هەمان بابەت، رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمەریکى لە راپۆرتێکیدا باس لەوەدەکات گەورەترین ئاستەنگی بەردەم وەزیری دەرەوەی نوێی ئەمەریکا، بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ ترەمپدا، چونکە جیهانبینی هەردوکیان زۆر جیاوازە. هەرچى روبیۆیە کە بۆ ماوەى سێ خول ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران بووە، بە تێڕوانینە توندەکانی بۆ سیاسەتی دەرەوە دەناسرێتەوە، کە گرنگییەکی زۆر بە مافەکانی مرۆڤ دەدات، لەکاتێکدا رێبازى ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جیهاندا زیاتر لەسەر بنەماى مامەڵەى بازرگانیە. دواى دەستبەکاربوونى وەک وەزیرى دەرەوە، روبیۆ لە یەکەم وتاریدا جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ “بەپێی ڕێبازێکی پراکتیکی و واقیعی سەرەتا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەبێت”.
“ئاڵنگارییەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە بە دیارترین ناوچەى گرژی و ئاڵۆزی لەجیهاندا دادەنرێت، یەکێکە لە دیارترین دۆسیە سەختەکانى بەردەم وەزیرى نوێى دەرەوەى ئەمەریکا. رۆبیۆ لە وتاری دوای دەستبەکاربوونیدا، وتى: “دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکەوتوە و گەشبینم بە پێشهاتەکانی ئاگربەست لە غەززە”. روبیۆ لەبەردەم ئەنجومەنى پیرانى وڵاتەکەیدا وتى: “ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێک هاتۆتە پێش کە نەوەد ڕۆژ لەمەوبەر بوونی نەبووە، جا ئەو شتە بێت کە لە لوبنان ڕوویدا، یان ئەوەی لە سوریا ڕوویدا، یاخود ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان بێت، بەڵام ئەم پرسانە دیسان دەبنەوە بە کارێکی قورس و پێویست بەوە دەکات سوود لەم دەرفەتانە وەربگرین”.
سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەى کە لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی دیپلۆماسییەتی ئەمەریکا دەبێتەوە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ڕوبیۆ هەوڵیدا قەبارەى ئەو ئاڵنگارییانە بچووک بکاتەوە و دڵنیایی ئەوەى دا کە “شەڕێکی نوێ رووناداتەوە”. روبیۆ ئاماژەى بەوەدا لەماوەى خولى یەکەمى سەرۆکایەتى ترەمپدا، لە ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست چەندین دەستکەوتى گرنگ بەدیهاتوون، کە گرنگترینیان بریتین لە: لەناوبردنى داعش، کوشتنى فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێران قاسم سولەیمانی، ڕێککەوتنە مێژووییەکانی ئەبراهام. روبیۆ وتى: “لە ئەنجامى ئەو دەستکەوتانەدا ئێستا ئەمریکییەکان سەلامەتترن. ئێستا سەرۆک ترەمپ بە دەنگى دەنگدەران گەڕاوەتەوە سەر پۆستەکەی، چونکە ئەوان ئەمەریکایەکی بەهێزیان دەوێت”. لەناو ئیدارەکەى ترەمپدا، روبیۆ بە یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانى ئێران دادەنرێت. ناوبراو لە کۆبونەوەى متمانە پێ بەخشینیدا لەناو کۆنگرێسى وڵاتەکەى، وتى: “هەر ئیمتیازێک بە ڕژێمی ئێران ببەخشین، دەبێت چاوەڕێی ئەوەش بکەین کە ئەو ئیمتیازاتانە بۆ دروستکردنی سیستمی چەکی تایبەت بەخۆی و دەستپێکردنەوەى هەوڵەکانى بۆ یارمەتیدانى حیزبوڵا و گرووپە لایەنگرەکانى بەکاربهێنێت”.
لە ئیستادا یەکێک لە دیارترین پرسەکانى ناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دۆخى سوریایە لەدواى کەوتنى رژێمى بەشار ئەسەد. لەم پرسەشدا روبیۆ و ترەمپ جیاوازن. بە بەڵگەى ئەوەى لەدواى هەڵاتنى ئەسەد، ترەمپ لە تویتێکدا رایگەیاند: “سوریا شەڕی ئێمە نییە.. نابێت ئەمەریکا پەیوەندی پێوەى هەبێت… ئەو کەسانەى ئێستا سوریا بەڕێوەدەبەن هاوڕێی ئێمە نیین”. لەبارەى سوریاوە، روبیۆ بۆچوونى تایبەت بەخۆى هەیە، ئەو چوار ڕۆژ پێش دەستبەکاربوونی، ڕایگەیاند: “ئەمەریکا واز لە هێزەکانی سوریای دیموکرات ناهێنێت”، هۆشداریدا لەوەی “دەستبەرداربوون لە هاوبەشەکانمان لێکەوتەی خۆى دەبێت، چونکە ئەوان چەکدارانی داعشیان زیندانی کردوە”. هەروەها ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە واشنتۆن سزاکانی سەر دەستەى تەحریر شام هەڵبگرێت، بەڵام ئەندامانى ئەو دەستەیە ناتوانن بەڵگەنامەى بێتاوانى لە دامەزراوەکانى ئەمەریکا بەدەست بهێنن، بەهۆى “مێژووە زانراوەکەیانەوە”، پاشان وتى: “لە بەرژەوەندی ئاسایشى نەتەوەیی ئەمەریکا و هەموو وڵاتانی ناوچەکەدایە کە سوریا لە دۆخێکی سەقامگیردا بێت”.
لەوەڵامى ئەوەشدا کە واشنتۆن دەیەوێت سوریاى نوێ دەوڵەتێکى چۆن بێت، روبیۆ وتى: “نەبێتە بارەگایەک بۆ داعش یان سەرچاوەی هەڕەشەی داعش، ڕێز لە کەمینە ئایینییەکان بگرێت، کورد بپارێزێت، ئێران وەک خاکێک بۆ بڵاوکردنەوەی تیرۆریزم و تێکدانی سەقامگیری لوبنان لە ڕێگەی حیزبوڵاوە بەکارینەهێنێت”. سەبارەت بە پرسی فەلەستین، بۆچوونی ڕوبیۆ لەوبارەیەوە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەبینرێت کە مێژووەکەی بۆ ساڵی (٢٠٢٣)دەگەڕێتەوە، کاتێک لێى دەپرسن ئایا پاڵپشتی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دەکەیت، ئەویش بە توندی وەڵام دەداتەوە: “نەخێر… دەمەوێت هەموو ئەندامێکی حەماس لەناوببەن کە دەتوانن دەستیان پێبگات… چونکە ئەو کەسانە تاوانی ترسناکیان ئەنجامداوە”، ڕوونیکردەوە کە ئامانجی ئیسرائیل لە شەڕکردندا “لەناوبردنی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەڕەشە لە خەڵکی ئیسرائیل نەکاتەوە”. کاتێک ساڵی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای بەسەر دانیشتوانی توندڕەو لە کەناری ڕۆژئاوا سەپاند، هەروەها بەسەر ئەو لایەنانەدا کە پشتیوانی تووندوتیژی دژی فەلەستینییەکان دەکەن، روبیۆ هێرشی کردە سەر وەزارەتەکە و وتى ئەو بڕیارە بۆ شکاندنى هاوپەیمانێکی ئەمەریکایە. لە نامەیەکیشدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمەریکا دەڵێت: “ئیسرائیلییەکان لە زێدی مێژوویی راستەقینەى خۆیاندا دەژین، بەربەست نین لەبەردەم ئاشتیدا؛ بەڵکو فەڵەستینییەکان بەربەستن”.
“چین و شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا”
یەکێک لە دیارترین پرسەکانى بەردەم وەزارەتى دەرەوە، مامەڵەکردنە لەگەڵ چین. بۆیە لە کۆبونەوەى متمانە بەخشین بە روبیۆدا، روبیۆ وتى: پێویستە ئەمەریکا “هەڵوێستێکی بەهێز”ى لەبارەی چینەوە هەبێت. تەنانەت حیزبی شیوعی دەسەڵاتدارى چینی وەک نەیارێکی “بەهێز و مەترسیدار” ناوبرد. ڕوبیۆ دەڵێت: “ئەوان (چینییەکان) ڕکابەرێکی تەکنەلۆجین، ڕکابەرێکی پیشەسازین، ڕکابەرێکی ئابوورین، ڕکابەرێکی جیۆپۆلەتیکین، ئێستا لە هەموو بوارێکدا ڕکابەری دەکەن، ئەوان ئاڵنگارێکى نائاسایین و پێموایە سەدەی بیست و یەکەم دیارى دەکەن”. هاوینی ڕابردوو ڕوبیۆ لە تویتێکدا ڕایگەیاند “چینی کۆمۆنیست هەرگیز نەبووە و نابێت بە دۆستى دەوڵەتانى دیموکراسى، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە پشتیوانى تایوان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری و ئازادییەکەی”.
شەڕى ئۆکراینا و کە ماوەى سێ ساڵ زیاترە بەردەوامە، یەکێکى دیکەیە لە دۆسیە هەستیارەکانى بەردەم وەزارەتى دەرەوە. بۆیە لە وەڵامی پرسیارەکاندا سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، ڕوبیۆ وتی “ناواقیعییە باوەڕ بکەین ئۆکرانیا توانای ئەوەی هەیە هێزەکانی ڕووسیا بگێڕێتەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە پێش لەشکرکێشی (٢٠٢٢) لێی بوون، هەڵوێستی فەرمی ئەمەریکا دەبێت ئەوە بێت کە شەڕەکە کۆتایی بێت”. لە پرسى کۆتایهێنان بە شەڕ لە ئۆکراینا، ترەمپ و روبیۆ هاوڕاى یەکن، بەڵام هیچ کامیان بەڕوونی و بەدیاریکراوى باسیان لە چۆنیەتی وەستاندنی شەڕەکە، یان سروشتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا سەبارەت بەو شەڕە نەکردووە. روبیۆ ڕەخنەی لە مۆسکۆ گرت و وتی: ئەوەی (سەرۆکی ڕووسیا) ڤلادیمێر پوتین کردوویەتی گونجاو نییە و گومان لەوەدا نییە، بەڵام دەبێت ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت، پێموایە دەبێت سیاسەتی فەرمی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەوە بێت کە دەمانەوێت کۆتایهاتنى ئەو شەڕە ببینین”.
ڕوبیۆ لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا هەمان قسەی بۆ کەناڵی (NBC) کرد و وتى: “من لە بەرەى ڕووسیا نیم، بەڵام بەداخەوە واقیعەکە ئەوەیە کە شێوازی کۆتایی هاتنی شەڕ لە ئۆکرانیا تەنها لە ڕێگەی دانوستانەوە یەکلادەبێتەوە”. لە مانگی نیسانى ساڵى رابردودا، ڕوبیۆ لەنێو ئەو پازدە سیناتۆرە کۆمارییەدا بوو کە دەنگیان بە پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا دا، لەو کاتەدا وتی: “پێموایە ئۆکراینییەکان لە وەستانەوە لە بەرامبەر ڕووسیادا بە شێوەیەکی بڕواپێنەکراو ئازا و بەهێز بوون”.
“واقیع و ئەنجامگیرى”
بۆچوونەکانى رۆبیۆ کە لەم راپۆرتەدا خرایەڕوو، لەکاتێکدا بووە کە بە فەرمى وەزیرى دەرەوە نەبووە. بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەکاتى کارکردنى وەک وەزیرى دەرەوە تاچەند دەتوانێت ئەو بۆچونانەى بە کردارى جێبەجێ بکات؟ ئایا دەتوانێت خۆى لەگەڵ بۆچونەکانى ترەمپ و ناوەندەکانى دیکەى واشنتۆن وەک وەزارەتى بەرگری و دەزگاى هەواڵگری ناوەندى بگونجێنێت؟ یاخود رووبەڕوویان دەبێتەوە و بەهۆیەوە بەخێرایى وەک پۆمپیۆ پۆستەکەى لەدەستدەدات؟ یاخود دەستبەردارى بۆچونەکانى دەبێت و ملکەچى هەڵوێستەکانى ترەمپ دەبێت و بۆ ماوەى چوار ساڵى ئایندە لە پۆستەکەى بەردەوام دەبێت؟
* زانیارییەکانى نێو ئەم راپۆرتە لە بەدواداچونێکى (احمد المحمد) وەرگیراوە کە لە رۆژى (22/1/2025) بەناونیشانى (ماركو روبيو: صقر الخارجية بين صرامة مواقفه والتكيف مع أجندة ترامب) لە ماڵپەڕى (نون بوست) بڵاوکراوەتەوە.
ئامادەکردن: بارام سوبحى