“ئاشکراکردنی ڕۆڵی داهێنەرانەی ژن”
زۆربەی ئەو تێکست و بابەتانەی باس لە ژن دەکەن، بەجۆرێک گوزارشت لە پرسی ژن و مێژووی ژن دەکەن وەک ئەوەی ژن بەشێکی دابڕاوبێت لە کۆمەڵگە و بەدوای دەرفەتێکدا بگەڕێت تا ڕۆڵێکی ڕووکەشانەی چنگ بکەوێت یان پێی ببەخشرێت، لەم ڕووەشەوە دەکرێت بڵێین بەشێوەیەکی گشتی ناوەندە زانستیەکان و مێژووی فەڕمی دەستەوستانە لە ئاست گرنگیدان و گێڕانەوەی ڕۆڵی بنیادنەرانەی ژن لە دروستکردنی مێژوودا.
کاتێک لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە دەبینین بە درێژایی میژووی سەرد و گێڕانەوە جیاوازەکان و تا دەرکەوتنی میتۆدە زانستی و نوێیەکانیش، ڕۆڵی ژن بە جۆرێکی ترسناک بەرەوە پاش گەڕێندراوەتەوە و شاردراوەتەوە، نەهێڵدراوە وەک خۆی دەربکەوێت، بەڵکو هەمیشە ویستوویانە لە سێبەری پیاودا وەک ئامرازێکی یاریدەدەر دەریبخەن، پەراوێزخستنەکانیش گەیشتوونەتە ئاستێک کە ناتوانرێت تەنها بە خوێندنەوەیەکی سادە شرۆڤە بکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر بمانەوێت لە بنەڕەتی مێژوو تێبگەین، پێویستە سەرەتا لە کارەکتەری سەرەکی خولقێنەری مێژوو تێبگەین، کە ژنە، بە واتایەکی دیکە ئەگەر مێژوو بەرهەمی نێوان ئێستا و ڕابردوو بێت، ئەوا ژن بزوێنەری سەرەتاکانی بزووتنەوەی مێژووە، بەم پێیە هەر لە سەرەتاوە ژن وەک پیاو، نەک وەک یارمەتیدەری پیاو، بەدیهێنەری مێژوو بووە و ئەرکەکانی لەگەڵدا دابەشکردووە، لە زۆر شوێنیشدا پێشیکەوتووە، لە باشترین نموونەشدا کارەکتەری سەرەکی نیشتەجێبوون ژنە، کە گرنگترین فاکتەری دروستبوونی شارستانیەت بووە.
هەر لەم ڕوانگەیەوە بە تێڕامان و گەڕان بە نێو لاپەڕەکانی مێژوودا دەگەینە ئەو ڕاستیەی ئەگەر مێژووی مرۆڤایەتی بۆ نزیکەی یەک ملێۆن ساڵ پێش زایین و مێژووی کشتوکاڵیش بۆ (٢٥) هەزار ساڵ پێش زایین بگەڕێتەوە، ئەوا ژن بە دۆزەرەوەی کشتوکاڵ دادەنرێت، دۆزینەوەی کشتوکاڵیش بونیادنانی کردەیی شارستانیەتە، هەر بۆیە ناتوانین لە شارستانیەت بەرەو پێشچوونەکان تێبگەین، تا لە خولقینەری شارستانیەت تێنەگەین، ئا لێرەوە بەرپرسیارێتی ژن لە کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت کە لە ئاستێکی باڵای دانەبڕاودا بووە و زۆر کاتیش ڕۆڵی پێشەنگایەتی بۆ پیاوان گێڕاوە، چونکە ئەو کاتەی پیاو شاخ و کێوەکانی بە دوای نێچیردا تەی کردووە، ژن لە ئەشکەوتە ماڵەکەیدا بەرپرسی یەکەمی ژیانی منداڵان و شێوازی گوزەرانکردنیان بووە، لە هەمانکاتدا بەرپرس بووە لە خۆشکردنی پێستەی ئاژەڵان و بەکارهێنانیان بۆ جلوبەرگ و ڕاخەر و پێخەف، واتە یەکەمین تەونکەر و دوورومانکەر بووە، هەر ئەویش قاپوقاخی لە گلێنە دروستکردووە و لە ئەنجامی تێڕامانی زۆرەوە گەڕاوە بۆ ڕووەکە شیاو بۆ خواردن و هەوڵی ڕوواندنی داوە، کاتێکیش بێجووی ئاژەڵەکانیان ڕاوکردووە، هەر ژن بیری لەوە کردۆتەوە بە خێویان بکات و دواتر سوودیان لێببینێت، لە هەمانکاتدا ڕووەکە سوود بەخشەکانی دۆزیوەتەوە و فێری چۆنیەتی بەکارهێنانانیان بووە لە چارەسەرکردنی نەخۆشیەکاندا، هەر بۆیە ژن یەکەمین پزیشکیش بوو، پاشان خانووی بونیادناوە و بناغەی یەکەمین ماڵ و گوندی داڕشتووە، هەر ژن مەشخەڵی ئاگری داگیرساندووە و یەکەم پارێزەر و پاسەوانی نهێنیەکان بووە، بەم دۆزینەوانەش کۆمەڵگای مرۆڤی لە کۆمەڵگەی ڕاوکردنەوە گواستەوە بۆ کۆمەڵگەی بەرهەمهێنانی خۆراک و کشتوکاڵ و شارستانی، هەر بۆیە هەریەک لە (ئەی بۆلدینگ، گۆردۆن چایڵد …..تاد) دەڵێن کە جوتیاری داهێنانی ژنە، بەمەش ژن، پیاوی لە چیا و کێوەکانەوە هێناوەتە خوارەوە و فێری نیشتەجێبوون و مەدەنیەتی کردووە، بەجۆرێک دەڵێن: ( ژن کەم کەم پیاویشی کردۆتە یەکێک لە ئاژەڵە ماڵیەکانی پێڕستی خۆی، فێری هونەری تێکەڵاوبوونی کردووە)، چونکە پیاو خەریکی ڕاوکردن بووە بە چیاکانەوە، هەربۆیە بەشی زۆری بەرەوپشچوونە ئابوورییەکان بە دەستی ژن ڕەخسێنراوە نەک بە دەستی پیاو. کەواتە هەر لە سەرەتاوە ژن بە پێی ڕوئیا و دنیابینی خۆی گوڕوتینی بە ڕووداوە مێژووییەکانداوە، لەگەڵ دەرکەوتن و دەستپێکی ئایینە ئاسمانیەکانیشدا ژن پێگە و ڕەوتی کاریگەری خۆی هەبووە، بۆ نموونە سارا دەبێتە یەکەم پێگە و پارێزەری ئیبراهیم، تا پەیامی یەکتاپەرستی تەتەڵە بکات. لە ئایینی مەسیحیشدا لەڕێگەی ژنێکەوە ڕۆحی ئیلاهی لەسەر زەویدا بەرجەستە دەبێت و هەناوی مەریەم دەبێتە کێڵگەی سروشبەخشی ئیلاهی و یەکەم سەدای ئاسمان لەوێوە بە گوێی مرۆڤایەتیدا دەدرێت، ژنێک دەبێتە ژینگەی چەکەرەکردنی یەکتاپەرستی.
لە هەمانکاتدا ڕۆڵی ئاسیای ژنی فیرعەون لە پاراستنی ژیانی پێغەمبەر موسادا لە دەستی فیرعەون نادیدە ناکرێت. لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامیشدا گەورەترین پێگە بە ژن ڕەوا بینراوە، یەکەم کەس بڕوا بە پەیامی محەمەد دەهێنێت خەدیجەی خێزانیەتی و دەبێتە یەکەم و کاریگەرترین پاڵپشتی پەیامبەر، لە هەمانکاتدا کاتێک قورئان کۆدەکرێتەوە کار بەو نوسخەیە دەکرێت کە لەلای عائیشە پارێزراو بوو. ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت ئەگەر بڵیین ساڵانە لە ئەنجامدانی فەریزەی حەجیشدا لە بەجێهێنانی ڕوکنی سەفا و مەڕوادا بە ڕۆڵی دایکێک ئاشنا دەبین کە لە پێناو پاراستی کۆرپەکەیدا پەنا بۆ سەفا و مەڕوا دەبات، ساڵانە ئەم ڕوکنەی شوێن پێی ژنێک لە حەجدا بەردەوامی هەیە. لە سەرجەم ئایینە زەمینەکانیشدا زۆرینەی خوداوەندەکان لە جەستەی ژندا ڕۆحی ئیلاهی بەرجەستە دەکەن.
ئەو ڕاستییە مێژووییانە و چەندین نموونەی دیکە شرۆڤەی ڕۆڵی بکەری ژن دەکەن لە مێژوودا، بەڵام ئەم ڕۆڵە گرنگەی ژن نادیدە گیراوە، ڕۆڵی ژن بە شاراوەیی هێڵدراوەتەوە، لە جیهانی ئەمڕۆشدا ئەم ڕۆڵە بە تەواوی ونکراوە، هەرچەندە زۆرترین لایەن باس لە ڕۆڵی ژن دەکەن و وا دەردەخەن پاڵپشتن، بەڵام زۆرینەیان کار بۆ ئەوە دەکەن کە هاوکارێکی پیاوە و دەبێت پیاو بە چاوی بە زەییەوە لێیبڕوانێت و شوێنێکی لە کۆمەڵگادا پێببەخشێت، بیریان چۆتەوە ئەو کۆمەڵگایە لە سەرەتاوە داهێنانەکانی ژن بونیادی ناوە. ئەگەرچی لە ئێستادا ژنان لە ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵاتدان، بەڵام نەیانتوانیوە ڕۆڵێکی ژنانە ببینن، هەر بۆیە لە سەرتاسەری جیهاندا هێشتا ژن خاوەن بڕیار نییە، لە هەر جێگایەک ژنێک لە پێگەی بڕیارداندا بێت ئەوە لە ژنایەتی شۆردراوەتەوە بووە بە پیاو، چونکە لە ڕاستیدا نەیانتوانیوە ئیدارەدانێکی ژنانە بەرجەستە بکەن و لە زۆر کاتدا نواندنی پیاوانیان کردووە.
ناوەندە ئەکادیمیەکانیش لەم پەراوێزخستنە بێبەش نەبوون، بە جۆرێک ئەوەندەی ژن وەک ناونیشانێکی سەردەمیانە بۆ نمایش و خۆدەرخستن بەکارهێنراوە، نیو ئەوەندە بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی بکەری نییە بۆ ژن لە شوێن و پێگە مێژوویی خۆیدا، بۆ گێڕانەوەی ئەم ڕۆڵە و جیاکردنەوە چەمکەکانی پەیوەندیدار بە ژنەوە، پێویستە سەرلەبەری مێژوو جارێکی دیکە بخرێتەوە بەر نەشتەری لێکۆڵینەوەکان و بنووسرێنەوە، تا لە ڕیشەوە ڕوانینەکان بگۆڕدرێن، نەک هەر هی پیاوان، بەڵکو لەسەرەتاوە دەبێت خودی ژنان هۆشیار بکرینەوە و بزانن ژن ئەگەر لە پێش پیاوەوە نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە هیچی لەو کەمتر نییە.