+ لە ڕۆمانەکانتدا منداڵیت لە ئێراق بەشێوەیەکی بەرچاو هەستبزوێنە. دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ شەست و هەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو کاتەی پێکەوە ژیان لە فرە کولتوورەکاندا هەبوو. بەتایبەت کە تۆ خۆت لە ژینگەیەکی مەسیحیدا ژیاویت؟
ئەنعام کچە چی: بەڵێ لە ژینگەیەکی ئێراقیدا ژیاوم. بابەتی ئایین بابەتێکی گەرم و دەرەوەی خێزان بوو. هەموو کەسێک ئایینی دراوسێکەی پێ دەزانی و ڕێزی لێدەگرت و بەشداری بۆنەکانیشیان پێکەوە دەکرد. جلوبەرگ و خواردن و کولتوورمان یەک بوو، ئیدی کەس پرسیاری مەزهەب و تایفەی لەوی دی نەدەکرد. لە فێرگەی قەشەکان خوێندوومە و ژمارەی خوێندکارە مسوڵمانەکان لە مەسیحییەکان زیاتر بوو. لەسەر کولتووری عەرەبی پەروەردە بووم و بنەچەی کلدانی خۆشمم خۆشدەوێت.
+ زۆرێک لەڕۆماننووسەکان سەرەتا ڕۆژنامەنووس بوون، دیارتریشیان گابرێڵ گارسیا مارکیز. پرسیارەکەم ئەوەیە کاری ڕۆژنامەنووسی لە نووسینی ڕۆماندا سوودی بۆت هەبوو یان هەر بوارێک و تایبەتمەندی خۆی؟
ئەنعام کچە چی: هەر کەس پرسیاری ڕۆژنامەنووسیم لێ بکات، ئەو دڵەی ماومە بەدەستی هێناوە. پیشەیەکە: من بە بوونیادنانم و دروست بوونم و پێگەیاندنی مرۆڤبوونم دایدەنێم. ئاسۆیەکی کراوە بووە لەبەردەممدا کە بۆ هیچ ژنێکی تری ئێراقی جیلی من فەراهەم نەبووبوو. کە چل ساڵ دوای ڕۆژنامەنووسی دەستم دایە نووسین، ڕۆحمم لەگەڵیدا دەنووسییەوە.
+بەڵام بابەتەکە بەئەندازەی ئەوەی قووم بوون لە ڕۆماندا گواستنەوە نەبوو. ڕۆمان دەتوانێت چی بڵێت؟ سنووری ڕۆماننووس چییە؟
ئەنعام کچە چی: گەر پێت خۆشبێت، بەڵێ قوومی بووم. ڕۆماننوسین دوای چەند دەیەیەک لە ڕۆژنامەنووسی بەسەری کردینەوە. هەستمکرد شتێک لە گەروومدایە و پێویستی بە قاڵبێکی دیکەی گوزارشتکردنە. پێشتر لێرە و لەوێ لە ڕۆژنامەکانی بەغداد و قاهیرە چیرۆکم بڵاودەکردەوە. لە ڕۆژێکی ٢٠٠٤دا بڕیارمدا پەڕەیەکی ۆرد بکەمەوە و دەست بە نووسین بکەم، دەبوایە ڕاهێنانم لەسەر دەقەکان بکردایە. ئیتر بەمشێوەیە نۆبەرەکەم “سواقی القلوب” لەدایک بوو. داخۆ ئەوەی دەمویست گەیاندم؟ وای بۆ ناچم گێڕانەوەی گێڕەوە نامەیەک بێت بە پۆستە بگەیەنرێت بە خوێنەر. هەمیشە گومان و شتی نا چاوەڕوانکراو هەیە. بەلای منەوە نووسین گفتوگۆی خوودە، چاوت لەبەردەم هەندێک خاڵدا ڕۆشن دەکاتەوە و لەوەشە هەندێکجار فەرمان بە خراپەش بکات.
+حەزدەکەم لەبارەی “الحفيدة الأمريكية” پرسیارت لێ بکەم. بۆچی کەسایەتی (وەرگێڕی داگیرەکەر) ت لە کۆڵ کارەکتەری سەرەکی نا؟
ئەنعام کچە چی: من هەڵمنەبژارد، بەڵکوو واقعی ئێراق ئەمەی هەڵبژارد. چەندین وەرگێڕی ئێراقی هەبوون یارمەتی خۆیان پێشکەشی ئەمریکای داگیرکەر دەکرد. بابەتێک بوو هەستی هەر ڕۆماننووسێک دەبزوێنێ، نەک هەر بۆ پاڵەوانەکە بگرە بۆ منیش قوورس بوو. دەمویست دزە بکەمە ناخی زینە و بزانم چی دەگوزەرێت، لەگەڵ وتە بەناوبانگەکەی شاعیری گەورەمان بەدر شاکر سیاب کە دەڵێت: “ئایا مرۆ ناپاکی لە نیشتیمانی خۆی دەکات؟” کارە سەختەکەی من ئەوە بوو دەشمنووسی و دژیشی بووم. لەهەمان کاتیشدا دەموت ڕۆماننوس نە قازییە نە واعیز تەنیا ئەرکی گێڕانەوەیە، ئەمەش بۆ خۆی یارییەکی مەترسیدار بوو. گەر تۆ پێت وابێت پاڵەوانی ڕۆمانەکە وەرگێرەکەیە، ئەوا من پاڵەوانییەکە دەدەمە نەنەی کە بە ئەمریکییەکە دەڵێت: مادام لەگەڵ تۆدا کار دەکات، دیارە تەربیەت نەدراوە.
بەڕای تۆ دەتوانین بڵێین ڕۆمانی ئێراقی دوای جەنگی خەلیج لە ساڵی ١٩٩١ کە ڕۆشنبیران و ڕوناکبیران مەنفی بوون. ڕۆمانی عەرەبی هەستانەوەیەکی گەورەی بە خۆیەوە بینی؟ لە چاوی ڕۆمانی عەرەبییەوە چۆن لێی دەڕوانی؟ دەتوانین بڵێن لە کارەساتی عێراقەوە ڕۆمان لەدایک بوو؟
ئەنعام کچە چی: ڕۆمانی بێ یەک و دوو لەدایک بوو. لەدوای ٢٠٠٣ەوە هێشتا لە بەرەو پێش چوونە. ئەوەی لە سەدەی بیست و یەک نووسراوە پشکی شێری بەر ئێراق کەوتووە، لەم دەیەی ڕابردووشدا ڕۆمانی زۆر نووسراون. تەواوی کێشکی خۆمان دەدەین تاوەکو داگیرکاری ئەمەریکا و کارەساتەکانی بخەینە ڕوو.
+وەکوو نوسەرێک، ڕۆژنامەنووسی چی لێبردی و لە بەرانبەریشدا چی پێ بەخشیت؟
ئەنعام کچە چژی: ڕۆژنامەگەری جگە لەو پەنجا ساڵەی پێم بەخشی هیچی تری لێنەبردم و لە بەرانبەریشدا هەموو شتێکی پێ بەخشیم. تەمەن ئەوەی باشە شارەزایان بە هەمووو شتێک دەینووسی ڕازین، هەر بۆیە هەر ڕاپۆرتێک دەنووسم لە کاری ئەدەبییەوە نزیکە یان هیواخوازم وابێت. لەم ساڵانەی دوایشدا ئەدەب و ڕۆژنامەگەری لەیەک جیاناکەمەوە.
ناوەڕۆکی ڕۆمانەکانت چۆن کۆ دەکەیتەوە؟ یاخوود لەسەر چ بنیادێک ڕۆمانەکانت دەنووسی؟ ڕۆڵی ژیانی تایبەتی خۆت لە نووسیندا چۆنە؟
ئەنعام کچە چی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێراق بەتایبەت، هەزاران ڕووداوی واقعی هەیە کە دەبنە هەوێنی ڕۆمانەکانمان. دەمەوێت خوێنەر چێژ لە پەڕە بە پەڕەی ببینێت نەک هەست بکات کاتی بەفیڕۆ چووە.
لە ڕۆمانی “الحفيدة العراقية” پاڵەوانەکەت دەڵێت: “ئایا من دووڕووم؟ ئایا من ئەمریکییەکی دوو ڕووم؟ یان ئێراقییەکم و وەکوو سیخوڕە خەوتووەکانی زەمینی دوژمنم کە چەندین ساڵە چێنراوە؟” ئەنعام پێت وانییە ئەم جۆرە پرسیارانە کە سەبارەت بە شوناسە. دەتوانیت مەرگەسات و بەدبەختی ئێراق داماڵێ؟
ئەنعام کچە چی: نەوەکە دەشڵێت: کۆچکردن، یانی جێگیربوونی سەردەم. لە وڵاتی ئێمەدا باجی مانەوەمان ئاسایش و ئازادییە، ئیتر چ بگا بە بژێوی. موهەیمەنی هاوڕێی نەوەکەش دەڵێ: “من جگە لە نیشتیمانی دایک هیچ نیشتیمانێکی دیکە ناناسم، نە نیشتیمانی پور نە نیشتیمانی مام.”
+ دەڵین هەر یەک لە ڕۆمانەکانی”طشاری” و “النبیذة” گەڕانەوەیەکی چڕە بۆ ڕابردووی ئێراق. هەندێکیش دەڵین جۆرێکە لە نۆستالیژیایی ئێراق یاخوود ڕێگایەکە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئێراق و نەهامەتییەکانی؟
ئەنعام کچە چی: هەردوو جۆرەکەیە. من هەوڵنادەم مێژوو بنووسم و توانای ئەوەشم نییە، بەڵام هەوڵدەدەم ئەو شتانە بنووسم کە لە ژێر سێبەری ئێراقدا دەکەونە خوارەوە. دەمەوێت نەوەکانمان بزانن چی بووین و بووین بە چی.
+ لە هەمان چوارچێوەدا، ئایا ئەنعام کچە چی لەڕێگەی گەڕانەوە دووبارەکانی بۆ ڕابردوو، ماتەمینی بۆ ئێراق دەگێڕێت؟
ئەنعام کچە کچی: کەس ماتەمینی ناگێڕێت. ئەم وڵاتە هەزاران ساڵ تەمەنیەتی، دەسووتێت و دەبێتە خوڵەمێش و دووبارە بەردەوام دەبێت لە ژیان. بەشێوەیەکی گشتی ڕۆماننووسەکان لەبارەی ئێستا و ڕابردوو دەنووسن و منیش یەکێکم لەو ڕۆماننوسانە.
لە ١٩٧٩ ئێراقت بەجێهێشت، لەکاتێکدا کۆچت کرد کە دەیانوت: “بۆچی کۆچ دەکەیت؟” کەچی ئێستا ئەم پرسیارە گۆڕاوە و دەڵێن: “بۆچی کۆچ ناکەیت؟” لە ڕۆمانی “طشاری” ژنێکی دکتۆری تێدایە کە لە تەمەنی هەشتا ساڵی کۆچ دەکات. خوێندنەوەی تۆ بۆ هەردوو سەردەمەکە چییە؟
ئەنعام کچە چی: گەلی ئێمە، گەلی ئەوە نەبوو کۆچ بکات. کۆچی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان بۆ قووتی ژیان نەبوو. کۆچکردن لە ئاخروئۆخری حەفتاکاندا پەیدا بوو، بەهۆی لایەنی سیاسیشەوە دەتوانین ناوی بنێین “هەڵهاتن.” دواتر جەنگ هەڵگیرسا و گەمارۆکانی سەر وڵات دەستی پێکرد. هەموو ڕیگاکان بە ڕووی خەڵکیدا گیران و هەر پەڵەیەکی سەر ئەم زەمینە ئامێزی بۆ بکردنایەتەوە هانایان بۆ دەبردن. ژمارەیەکی زۆری عێراقی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بڵاو بوونەوە. لەنێو کۆچبەرەکاندا ژن و پیاوی هەشتا و نەوەد ساڵ هەبوون. دەتوت عێراق بەر نەفرەتێک کەوتووە و ڕۆحی هەموو عێراقییەک هەڵدەلوشێ.
+لە هەردوو ڕۆمانی “طشاری” و “الحفیدة العراقیة” بە ڕوونی باسی ئەمەریکای داگیرکەر دەکەیت، لەکاتێکدا ئێرانت پەڕاندووە و باست لێوە نەکردووە. بۆچی؟
ئەنعام کچە چی: جا هیچ دراوسێیەکی دوور یان نزیک ماەوە سەردانی وڵاتەکەمانی نەکردبێت؟ لۆمەی بێگانە ناکەم، لۆمەی ڕۆڵەی ئەم وڵاتە دەکەم کە بانگهێشتنامەیان بۆ ناردوون.
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://www.ultrasawt.com/%25D8%25AD%25D9%2588%25D8%25A7%25D8%25B1-%25D8%25A5%25D9%2586%25D8%25B9%25D8%25A7%25D9%2585-%25D9%2583%25D8%25AC%25D9%2587-%25D8%25AC%25D9%258A-%25D9%2584%25D8%25A7-%25D8%25A3%25D8%25AD%25D8%25AF-%25D9%258A%25D8%25B1%25D8%25AB%25D9%258A-%25D8%25A7%25D9%2584%25D8%25B9%25D8%25B1%25D8%25A7%25D9%2582/%25D9%2585%25D8%25B5%25D8%25B7%25D9%2581%25D9%2589-%25D8%25AF%25D9%258A%25D8%25A8/%25D8%25A3%25D8%25AF%25D8%25A8/%25D8%25AB%25D9%2582%25D8%25A7%25D9%2581%25D8%25A9&ved=2ahUKEwiLmcPNlP2KAxU6RfEDHWt1Fo4QFnoECB4QAQ&usg=AOvVaw06Hu3P4v3kjUTqyqI5XfnE
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد