“كارل پۆپەر” توێژەرێكی زانستی سرووشتی و كۆمەڵایەتی سەدەی بیسته؛ ڕەخنەگرێكی بوێرە، چەمكی حەتمی بوون و بیركردنەوەی هەمیشە لەسەر حەق بوونی ڕەتكردەوە، یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی لە بواری زانستی و سیاسیدا هزرهكانی بە گرنگ دەزانرێت و ناوبانگێکی گەورەی هەیە، سەردەمی پۆپەر سەردەمی ململانێی ئایدۆلۆجی؛ نازیزم-فاشیزم-سەرمایەداری و ماركسییزم بوو. ئەو فیكرانەی كاریگەرییەكی گەورەیان لەسەر ڕێڕهوی فیكری مرۆڤایهتی داناوه. “پۆپەر” دژی ئەو فۆرمە هزریانە وەستایەوە لە ڕێگای بەرهەمەكانیەوە، بە ناوهكانی “كۆمەڵگای كراوە و داخراو، پووچگەرایی، كۆمەڵگای كراوە و دوژمنەكانی گریمانە و پوچەڵکردنەوەکان” دواتر ئایدۆلۆجیای بە دوژمنی كۆمەڵگا داناوە كە هەڵگری هەقیقەتی ڕەهان لە ڕێگای زەبر و زەنگەوە.
مێژووگەرایی لە ڕوانگەی ههریهك “پلاتۆن-هیگل-ماركس” لە كتێبی كڵۆڵگهرایی مێژوو، “پۆپهر” پێی وایە نە لەسەر ئاستی ئەقڵ نە لەسەر ئاستی زانستی ناتوانین پێشبینی چۆنێتی ڕەوتی مێژوو بكەین. “پۆپەر” پێی وایە زانین لە پەرەسەندنی بەردەوامدایە، پێویستە تیۆرییەكان بخهینه بەردەم تاقیكردنەوەی سەختەوە تا بزانین دەردەچن یان نا؟ “پۆپهر” ئەم پرۆسەیەی ناوناوە پوچەڵكردنەوە یان ڕەتكردنەوه، میتۆدێكی ڕەخنەیی زانستیی بەكارهێناوە كە هەقیقەت و ڕاستی ڕەها ڕەد دەكاتەوە، مەعریفەی زانستی لەو زانینە جیایی دەكاتەوە كە نەیتوانیوە بەو تاقیكردنەوەیەدا تێپەڕێت، پرسیاری “پۆپەر” ئەوە نییە سهرچاوهی زانین ئەقڵە یان هەستەكان، بەڵكو ئەوەیە ڕاستیە یان نا زانستیە؟ لە ڕێگای لۆژیكی زانستیەوە دەیسیەلمێنێت مێژووی مرۆڤایەتی لە ژێر کاریگەری بەردەوامی زانیندایە و گهشه دهكات، باوەڕیشی وایە زانینی زانستی دهبێت خاوەنی تایبهتمهندی ڕێژەیی بێت نەك شێوەی ڕەها، دواتر دوورترمان دەخاتەوە بەوەی پێویستە زانست بە كراوەیی و بەردەوامی جێبهێڵین بۆ ئەوەی ڕێگا لە گەشەسەندن نەگرین، ڕەخنەی تووندی لە چەمكی “حەتمییهت” گرتووە و، چەمكی جەوهەرگەرا-یش ڕەتدەكاتەوە و لە ڕووی ئەرك و ئامانج لێیان دەڕوانێت.
لە كتێبی گریمانه و پوچەڵەكردنەوەكان؛ پێی وایە چەمكی جەوهەرگەرا لای ئەرستۆوه هاتووە و، بەرپرسیارە لەوەی زانستی كۆمەڵایەتی و زانستی فیزیا وهك یهك گەشەیان نەكردووە، چەمكەكانی وەك “خێزان-كۆمەڵگا-نەتەوە” چ كارێك لەسەر یهك دەكەن، واتا ئامانجی زانستی كۆمەڵایەتی و توێژینەوەی دیاردەی كۆمەڵایەتییە. “پۆپهر” خوێندنەوەی بۆ چەمكی ئیندەکش (Induction-هاندەر) كردووه و سەرنجی توێژەر لە دیاردە و ڕووداوەكان بەشێوەی ئەزموون و گریمانەیی تیۆرییەكانی دەخاتە ڕوو، كە لە باری كەسی و تایبەتی بۆ بابەتە گشتیەكان دەڕوات و بە پێچەوانەی دیدەکشن (Deduction-دابڕان) كە لە باری گشتیەوە بۆ تایبەت دەڕوانێت. ئهمهش ناوەڕۆكی فەلسەفەكهی پێكدەهێنێت و ڕەخنەی تووند دەگرێت لە چهمكی ئیندەکشیین(Induction-هاندەر) كه ئاڕاستەی فیكری ئەزموونگەراییە و گرفتی ئەوەیە نایەوێت یاسا گشتییەكان لەبەرچاو بگرێت، ئایندە وەك ئێستا دەبینێت، لەكاتێكدا زانین لە مرۆڤدا بهردهوام لە گۆڕاندایە.
هەروەها باسی تیۆرەكانی ئەنیشتاین و نیوتن دەكات كە لۆجیكی دۆزینەوەی زانسیییتی لە گۆڕاندایە، بارودۆخیش هەر لە گۆڕاندایە وەك ئەوەی وتیان خۆر لە (24)كاتژمێردا جارێك هەڵدێت، بەڵام دەركەوت لە بەستەڵەكی باكوور لە نیوەی شەودا دەردەكەوێت یان دەوترا ئەنجامی تێكڕای بوونەوەران مردنە، كەچی دەركەوت بەكتریا نامرێت بەڵكو لە شێوەی دابەش بوون و گۆڕاندا زۆر دەبێیت. “داڤید هیوم” بە هەمان شێوە خۆی لەم چەمكە داوە و دوو كێشەی دیاری كردوو، كێشەی لۆجیكی و كێشەی سایكۆلۆجی. هەمان ئەو ڕووداوانەی ئەمڕۆ ڕوویانداوە لە ئایندەشدا دووبارە دەبنەوە كە ئەوە هەڵەیەكی لۆجیكی و ئەقڵییە لە ڕوانگەی پۆپەرەوە، هەروەها هیوم پێی وایە پێوەنددگەراییە وایان لێدەكات كە ئەوە بڵێین و باوەڕمان پێی هەبێت، بۆ نموونە لهسهر پاكهتی دەرمان نوسراوە كە ئەمە باشە بۆ ئەو نەخۆشیەیی لەسەر پاكەتەكەی نووسراوە، یان ئایا بیر لە ئاگر بكەینەوە بە بێ دووكەڵ، ناكرێت بڵێین ئەزموون گرنگ نییە یان كاریگەری هەستەكان لەهەمان كاتدا هەموو ڕاستی یەكە نییە، ئایا دەكرێت ئەو دۆخە ئەزموون كراوانە گشتی بكەین؟.
“پۆپەر” ڕەخنە لە هیوم دەگرێت و بە نا ئەقڵانی ناوی دەبات ڕەخنەی تووند ئەوەیە لە ئاستی سایكۆلۆجی دەیهێڵێتەوە. لەلای “پۆپەر” میتۆدی زانستی بە پلەی یەكەم پشت بە گومان دەبەستێت، نەك بە سەرنج و ئەزموون، چونكە تەنها بە گریمانە ڕاستی و چەوتی شتەكان دەزانین. پێویستە تیۆرەكان بەو گریمانانە هەڵبسەنگێنین و، ئەزموون تەنها دیوێكی شتەكانمان پیشان دەدات “پۆپەر” دەڵێت زانست یارمەتیمان دەدات وردە وردە لە هەقیقەت نزیك ببینەوە، دەڵێت: ئەوان ڕێگا لە زانست دادەخەن، پێویستە دەرگا بە كراوەیی بەجێبهێڵن، نمونەی swan قاز، كە سەرجەمیان سپین دەهێنێتەوە، لە كاتێكدا ئەگەر یەك قاز ڕەش بێت یاساكە بە درۆ دەخاتەوە، دۆزینەوەی هەقیقەت ڕەها نییە و ناتوانین بڵێین بە ڕاڤەی كۆتایی گەیشتووین.
“پۆپەر و پرەنسیپی بە درۆخستنەوە یان پووچەڵکردنەوە”
كاری تیۆرەكان ئەوەیە كە كێشەیەك یان چەند كێشەیەك بوونیان هەیە، پێویستمان بە دۆزینەوەی چارەسیەرێكە، ئەوەی پێشتر لەبەرچاو دەگیرا لە ڕیگەی سەرنج و ئەزموون، ڕاستی تیۆرێك بسەلمێنێت، بەڵام “پۆپەر” پشتی بە پرەنسیبی بە دروست زانین پیادە دهكات، بەڵكو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت توانای هەیە بە درۆی بخاتەوە یاخود نا، تا ئەو كاتەی ئەیدۆزێتەوە، ئەو تیۆرە زانستییە ئەگەر نەدۆزرایەوە، زانستییە، كە واته تاكە پێوەر بۆ ئەو ئەوەیە ئەگەری بە درۆخستنەوەی تیۆری زانستی لە نا زانستی جیا دەكاتەوە و بەردەوام لەناو گریمانەدا دەمێنێنەوە، كەواته ڕاستی ڕهها نییە، ڕاستە ئەقڵ و ئەزموون بە سەرچاوەی زانین دەزانێت، بەڵام واز لە گومان ناهێنێت كە سنوورێكی بۆ زانست و نا زانست -زانست و مێتافیزیكا دیاری كرد، دژی بیرۆكەی بە دروست زانین وەستایەوە كە ڕاستییەكی ئاڕاستەی پۆزەتیڤیزم كرد، سوودیان لێ بینی بۆ پۆزەتیڤیزمی لۆجیكی، هەریەکە لە “هەست و ئەزموون-یاساكان-پێوانەكان-ڕەزامەندی و جەخت كردنەوە” دەگرێتەوە. پۆپەر تێبینی لۆجیکی دۆزینەوەی زانستی بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەوان تەرخانکردووە،، ڕاستە لێیان نزیک بووەتەوە، بەڵام جیاوازە لەوەی کە زانست ڕەها نییە و هەمیشە پێویستی بە گەشەسەندنە و ناگاتە خاڵی کۆتایی بۆیە گرمیانە و خهمڵاندن تایبهتمهندی ڕاستەقینەی زانستن، (لە کتێبی گریمانە و پوچەڵکردنەوە، لە پایزی ١٩١٩) ڕووبەڕووی ئەو گرفتانە دەبێتەوە.
کەی دەکرێت تیۆرییەک وەک زانسیت پۆلێن بکرێت؟ ئایا پێوەر بۆ تایبهتمهندی زانستیانەی تیۆر هەیە؟ هەروەها تووشی نیگەرانی بووە بەوەی کە ئەوەی بە تاوان زانیوە، تیۆرییەکە دروستە یان نا بەهۆی باوەڕی ڕەها بووەتە زانست، دواتر باسی ئەوە دەکات لە ڕێگەی ڕەخنە و بە درۆخستنەوە خۆمان پێش دەخەین لە کێشە کۆنەکانەوە بەرەو کێشە نوێیەکان دەچین. لەڕێگای ڕەمزەکانی P0PTT0EE problem (بنبڕکردنی هەڵە)، هەوڵ بۆ نەهێشتنی هەڵە لەڕێگای گفتوگۆی ڕەخنەییەوە، لە هەقیقەت نزیک دەبینەوە کە ئەو تیۆرانە لەگەڵ واقع دەگونجێت لەسەر بنەمای خهمڵاندن-تاقیکردنەوەی زانست لە بواری خود بۆ بواری بابەتی دەچێت. “پۆپەر” لەگەڵ “کانت” ناکۆکە کە دەڵێت تیۆری زانستی هەرگیز بە تەواوەتی قبووڵ ناكرێت، پاساوی بۆ بهێنرێتهوە بۆ بە دروست زانین، بەڵکو تەنیا تاقیکردنەوە دەخوازێت، پشت بە تیۆری هەوڵ و هەڵە دەبەستێت کە “ئیدوارد نورەندایک” دەروونناسی پەروەردەیی و سایکۆلۆجی پەنای بۆ بردووە، چۆن هەڵەیەک دەبێتە هۆی ئەوەی چارەسەر بدۆزینەوە. هەروەها لە ڕێگای “چارلز داروین” تیۆری پەرە سەندن بوونەوەر لە ڕێگای هەڵبژاردنی سرووشتییەوە خۆی لەگەڵ ژینگەدا دەگونجێنێت کە ڕۆڵی بوونەوەر بۆ ژیانێکی باشتر و بەختەوەرتر دەگەڕێت، بەردەوام داهێنان دەکات ڕێکەوتنی نوێ لە ژینگە دێنێتە دی. لەڕێگای هەوڵ و هەڵەوە بیری مرۆڤایەتی گەشە دەکات باسی سێ جیهان دەکات، وەک “جیهانی ماددی-ئەزموونی خودی-فیکری” کە ڕەگەزی زمانی تیا دەردەکەوێت
“پۆپەر” توانی زانستی ڕێژەیی شێوەیی ئەنیشتایی-ماددە و تیشک، مارکس-کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆجی – فرۆید و ئادلهر بخاته ژێر تاقیکردنەوە، ئەم دوانە کۆمەڵایەتین و مۆڕاڵین. “پۆپەر” باوەڕی وایە ئەوه فێڵی کۆنە خوازانەیه، سەرەڕای سەرسامی بە تیۆری داروین بەڵام هێشتا باوەڕی وایە چوارچێوەیەکی مێتافیزیکی هەیە، ناکرێت باوەڕی پێ بهێنین کە دڵ ڕەقانە تیۆرەکانی داوەتە بەر ڕەخنە و تاقیکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرسامە بە پرەنسیپی مانەوە و گونجاوترینیان. هەروەها ڕەخنەی لە پڵاتۆ گرتووە کە بیرۆکەکانی سوكراتی شێواندووە، ڕوانگەیەکی زانستییانەی بۆ زانین هەیە، کە دەڵێت بەردەوام پێویستی بە گەڕان و لێکدانەوە و فێربوون هەیە، هەرگیز بە خاڵی کۆتا ناگەین و سەرسامە بە سوكرات کە دەڵێت زانین ئەوەیە كه بزانیت نەزانین چییە. ئایدۆلۆجیاکان باوەڕیان وایە کە کلیلی زانینی گەردوونیان دۆزیوەتەوە و چارەسەری گرفتەکانیان لایە، ئهوهش پۆپەری نیگەران کردووە و باوەڕی وایە دەبێیت دەسەڵاتدار زانیبێتی، لە کتێبی “کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی” پۆپهر دەڵێت:- نابێت هەرگیز بە هەقیقەت بگەین، کێشەی چەمکی ڕێژەیی کە پێی وایە ناپاکییە لە هەقیقەت مانای هەقیقەت و مانای یەقین یان تێکەڵ کردووە، کە ڕۆڵی زمان زۆر کاریگەرە لە ڕوانگەی “ڕاسێڵ”. ڕەخنە لە مارکس و هیگڵ دەگرێت لە حەتمییەتی مێژوویی، کە کۆمەڵگای تۆتالیتار و مێگەل بەرهەم دەهێنن و پشتگیری شۆبنهاوەر دەکات کە دەڵێت هیگل فریودەرە. ڕەوتی مێژوو دەکەوێتە ژێر کاریگەری زانین مانەوە. کۆمەڵگای کراوە و دوژمنەکانی چارەسەرێکە بۆ لیبرالیزم دژی فاشیزم-کۆمۆنیزم-نازیزم و کەوتووەتە بەر هەڕەشە.
“دەرئەنجام”
ڕەخنەی پۆپەر لە فەیلەسوفەکان ئەوەیە؛ بۆ ئێمە گرنگە فیکرەکان بناسین، نەک لهبهر ئهوهی ڕاستە یان نا، بهڵكو ئەوە بزانین کە فیکرەکانی “مارکس و هیگڵ و فرۆید” تا ئێستا لە دنیادا سەنگی خۆیان هەیە و ئەوە ڕوونە کە فیکرەکانی “پۆپەر” بە شێوەیەکی جیاواز و ئاڵۆز دەرکەوتوون، گرنگی زۆریان هەیە لە بواری مەعریفەی زانستی، هەروەها زمانێکی سادەی فەلسەفییانەی بەکارهێناوە.