وڵاتی فنلاند یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەوروپا بەتایبەت لەڕووی پەروەردە و فێرکردن لە جیهاندا ڕیزی پێشەوەی گرتووە و لە لوتکەدایە، هەربۆیە بە باشمان زانیوە لێرەدا هەندێك زانیاری لەبارەی سیستمی پەروەردەی ئەو وڵاتە بخەینە پێش چاوی خوێنەر تا لە نزیکەوە ئاشنا بێت بەو وڵاتە لەڕووی پەروەردە و پێشکەوتنەکانی، کە چۆن فنلاند توانی بگاتە ئەو ئاستە بەرزە لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەو هیوایەین سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان بەچاو لێکەری لە سیستمی ئەو وڵاتە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگاتە ئاستێکی تا ڕادەیەك پێشکەوتوو، چونکە پێشکەوتنی وڵاتان لە ڕێگەی سێکتەری پەروەردەوە بەدی دێت.
“پوختەیەكی جوگرافی لەسەر وڵاتی فنلاند”
فنلاند بە ئینگلزی (Finland) یاخود کۆماری فینلاند دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری کیشوەری ئەوروپا. ئەم وڵاتە لە باکووری ڕۆژئاواوە هاوسنوورە لەگەڵ سوید و لە باکوورەوە لەگەڵ نەرویج و لە ڕۆژهەڵاتەوە خاکی هاوبەشی هەیە لەگەڵ ڕووسیا و وڵاتێکی ئەسکەندەناڤییە، ڕووبەری فینلاند ٣٣٨ هەزار و ٤٦٢ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. نزیکەی 5.5 ملیۆن کەس لە فنلاند دەژین، کە دەکاتە چڕی دانیشتوان کە 16 کەسە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. لە ڕووی ڕووبەری ئاوییەوە کەنداوی بۆسنیا دەکەوێتە ڕۆژئاوای و هەریەك لە کەنداوی فینلاند و دەریای بەڵتیك دەکەونە باشوری ئەم وڵاتەوە. پایتەختی فنلاند (هێلسینکی) یە. زمانە فەرمییەکان فنلاندی و سویدین، بەڵام زۆر کەس ئینگلیزی و ئەڵمانیش دەزانن.
لە ڕاستیدا سیستمی پەروەردە و فێرکردن لە وڵاتی فنلاند لە کۆندا سیستمێکی تەقلیدی و خراپ بوو بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و جیهان لە ئاستێکی نزمدا بوو ئەوەش دوای ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی منداڵانی فنلاند کرا لەسەر ئاستی مناڵانی جیهان هەریەك لە فنلاند و نەمسا لەو ڕیزبەندیەدا پلەیەکی زۆر نزمیان تۆمار کرد. دکتۆر پاسی ساڵبرگ(Pasi Sahlberg) یەکەم کەسی دەستپێشخەر بوو بۆ فێربوون و پەروەردەی نوێ و بە باوکی ڕۆحی پەروەردەی فنلاند دادەنرێت، ناوبراو لە کتێبەکەیدا بەناوی Finnis Lessons”” ڕەهەندێکی فێربوون و پەروەردەی نوێی دۆزیەوە، هەندێک لە دەوڵەتەکانی دنیا سودیان لەبیرۆکەکانی وەرگرت و لە پەرلەمانەکانیاندا گفتوگۆی لەسەرکرا وەك: سکۆتلەندا، ئینگلتەرا، ئوسترالیا و نیوزلەندا. هەندێك لە دەوڵەتەکان بەمەشەوە نەوەستان بەڵکو داوایان لە ئیدارەی قوتابخانەکانیان کرد، کە هەرچی لە توانایاندایە ئەم بیرکردنەوە نوێیانەی فێربوون و پەروەردە جێبەجێ بکەن.
یەکەم هەنگاو لە پەروەردە و فێربوونی فنلاند بریتییە لە:- ڕزگارکردنی پەروەردە و فێربوون لە “میکرۆبەکان” کە دکتۆر ساڵبرگ گەندەڵی و خراپیەکانی پەروەردەی نەریتی ناونا “میکرۆبەکان” ناوبراو گرنگی زۆریدا بە چاکسازی لەم کەرتەدا، ئەمەشی لە کتێبەکانی و وانەکانیدا بەناوی “لەناوبردنی میکرۆبەکان” کورت و پوخت کردەوە. پەروەردەی فنلەندا لەژێر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی دکتۆر ساڵبرگ دەستیکرد بە چاکسازی و پاکسازی لە سیستمی پەروەردە ،کە چڕکردنەوەی بابەتەکان، زۆری تاقیکردنەوەکان، درێژکردنەوەی سەعاتەکانی خوێندن، پێدانی ئەرکی ماڵەوە بە جەختکردنەوەی دکتۆر ساڵبرگ ئەمانە هەموویان میکرۆبن و دەبنە هۆکاری کوشتنی تواناکانی فێربوون و پەروەردە و قورساییەکی زۆر دەخاتە سەر شانی منداڵ، چونکە پراکتیزەکردنی ئەمانە نا پەروەردەییە و هیچ سودێکی نییە جگە لە ماندووکردنی منداڵ و مامۆستا. بەر لە ساڵی ١٩٦٨ قوتابیانی فنلاند لەدوای چوار ساڵ لە خوێندنی سەرەتایی جیا دەکرانەوە بۆ دوو قوتابخانەی جیاواز کە ئەوانیش قوتابخانەی زانستی و قوتابخانەی شارستانی بوون، بەڵام لە لە ساڵانی حەفتاکاندا یاسای نوێ و سیستمی نوێ بۆ کەرتی پەروەردە دانرا بە جۆرێك هەموو قوتابخانەکان لە سیستمێکی گشتگیردا تێکەڵ کران، کە ماوەکەی نۆ ساڵ بوو بەم شێوەیە:-
شەش ساڵ بۆ خوێندنی بنەڕەتی و سێ ساڵ بۆ خوێندنی ئامادەیی، کە بەشێوەیەکی قۆناغبەندی لەلایەن حکومەتەوە جێبەجیکرا، کە لە ساڵی ١٩٧٢ سەرەتا سیستمە نوێیەکە لە هەرێمی لاپلاند کە لەوپەڕی باکوری وڵات بوو چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتر تا ساڵی ١٩٧٨ گەیشتە ئەوپەڕی باشوری وڵات، کە چڕترین و قەرەباڵغترین ناوچەی وڵات بوو سیستمە نوێیەکە سەرکەوتنێکی بەرچاوو گەورەی بەدەستهێنا ئەوەش دوای ئەوەی چاکسازی ڕیشەیی لە خوێندنی وانەبێژی کراو بڕوانامەی ماستەر کرایە مەرج بۆ خوێندنی بنەڕەتی، لەگەڵ کردنەوەی چەندین خولی بەهێزکردن و شیاندن بۆ مامۆستایان و وانە بێژان. بەوجۆرە فنلاند دوای پێوەرە جیهانیەکان نەکەوت لە چاکسازی کردن لە سیستمی پەروەردە، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری نییە و قوتابخانەکان چاودێری و پشکنینی ورد ناکرێن، قوتابی کاتێکی زۆری هەیە بۆ یاری و پشودان، دادپەروەری، لە فنلەندا لە سیستمی خوێندن وای کردووە،کە قوتابی هەژار بێت یان دەوڵەمەند لە شار بیت یان لە لادێ لە کوالێتی خوێندندا یەکسان بن، لەگەڵ ئەمانەشدا ئەم سیستمە ڕێگری کردووە لەوەی کە قوتابخانەکان بگۆڕدرێن بۆ شوێنی بازرگانی و پارە پەیداکردن ئەمەش وایکردووە هەم حکومەت و هەم کۆمەڵگا متمانەیان بە کوالێتی و پڕۆسەی خوێندن هەبیت.
قوتابیان لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا قۆناغی خوێندن تەواو دەکەن و قۆناغەکانی باخچە، سەرەتایی، ناوەندی خۆڕاییە و ئامانج ئەوەیە هەموو مناڵێك بەبێ توانای مادی خێزان بتوانێت خوێندنێکی کوالێتی بخوێنێت تا لە داهاتوودا ببێت بە هاوڵاتیەکی چالاك. هەربۆیە بەدەستهێنانی نمرەی بەرز و بڕوانامە نەکراوەتە ئامانجی سەرەکی پڕۆسەی خوێندن لە فنلاند، بەڵکو خۆشگوزەرانی و چێژ بینی قوتابیان کراوەتە ئامانج و لەپڕۆسەی پەروەردەدا قوتابی کراوەتە سەنتەر، لەسەر بنەمای وانەی کەمتر و فێربوونی زیاتر سیستمەکەیان داڕشتووە و لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر چێژو گەشەی مناڵ بە تێپەڕینی کات دەڵێن: ” قۆناغەکانی تەمەن زوو بەسەردەچن و هەر مرۆڤێك یەکجار ئەزموونی دەکات بۆیە دەبێت منداڵ لە منداڵی خۆی و گەنج لە گەنجێتی خۆیدا بژی و چێژ لەو تەمەن و ژیانەیان ببینن کە دووبارە بوونەوەی نییە.”
“قۆناغەکانی خوێندن لە وڵاتی فنلاند”
پەروەردەی ساوایان:- لەم قۆناغەدا مناڵ بەر لە گەشتنی بە تەمەنی خوێندنی بنەڕەتی لە باخچەی ساوایان بەشداری دەکات، کە بریتییە لە چاودێری ڕۆژانە جا حکومی بێت یاخود چاودێریەکەی لە ماڵ بێت واتە لە ماڵی خۆیدا فێرکاری باخچە وەردەگرێت و لەگەڵ دایک و باوکیدا دەتوانێت بڕواتە پارکی یاری، ئەو دایکانەی کە دەیانەوێ لەماڵەوە بمێننەوە و گرنگی بە مناڵەکەیان بدەن ئەوا شارەوانی بڕێك پارەی پێدەدات، لەهەندێك حاڵەتدا چاودێرانی پەیوەندیدار سەردانی ماڵەکە دەکەن تا دڵنیا ببنەوە لەوەی کە ژینگەی ماڵەکە گونجاوە یان نا.
لەم قۆناغەدا دڵخۆشی مناڵان بە ئامانج گیراوە و دڵخۆشی لەپێش فێرکردنەوەیە، مناڵان لە کارامەیی کۆمەڵایەتی، کارامەیی زمان و کارامەییە دەستیەکان زانیاری جۆراوجۆر فێر دەبێت، هەروەها ئەو کارامەییانەی فێری دەبێت لە قۆناغی دواتر و لە فێرکردندا یارمەتی دەدا، ناوەڕکی بەرنامەکەیان ڕۆژدوای رۆژ یاری زیاتر لەخۆ دەگرێت، ئەگەرزمانی مناڵ فنلاندی یاخود سویدی نەبوو ئەوا یارمەتی مناڵ دەدرێت و فێرکاری تایبەت و چێژوەرگری دەبێت. شارەوانیەکان تێچوی دارایی لە ئەستۆ دەگرن، کە داهاتەکەی لە سەرچاوەکانی باجەوە دێت لەبەرئەوە بۆ خێزانەکان هەرزان دەبێت، مامۆستایانی قۆناغی پەروەردەی ساوایان بریتین لە شارەزایانی تەندروستی، توێژەری کۆمەڵایەتی و پەروەردەکارانی منداڵ کە هەموویان خاوەن بڕوانامەی بەرزن و لەگەڵ مناڵاندا کار دەکەن، بۆ منداڵانی خوار تەمەن سێ ساڵ بۆ هەر گروپێکی دوانزە منداڵی یەك مامۆستا و دوو پەرستار دابینکراوە، هەروەها بۆ منداڵانی ٣-٦ ساڵ یەك مامۆستا و دوو پەرستار بۆ گروپێکی بیست مناڵی دابینکراوە
پەروەردەی پێش قوتابخانە:- بەر لەچوونە قوتابخانە منداڵان لە فنلاند پێویستە لە قۆناغی پێش قوتابخانە بەشداری بکەن، کە ماوەکەی یەك ساڵە و لەتەمەنی شەش ساڵی دەسپێدەکات، تێچووی ئەم قۆناغەش شارەوانیەکان لەئەستۆی دەگرن، خێزانەکان هیچ تێچویەك لە ئەستۆ ناگرن، لەلایەن مامۆستای خاوەن بڕوانامە بەرزەوە وانە پێشکەش دەکرێت و فێرکردن لەم قۆناغەدا بەشێوەیەکی گشتی ڕۆژانی دوو شەممە تا هەینییە و ماوەی چوار کاتژمێر هاوشێوەی قوتابخانەکان لە دەوام دەبن، ئەو کارامەییانەی منداڵ لەم قۆناغەدا فێری دەبێت بۆ قوتابخانە سودی لێدەبینێت لەوانە:- فێربونی ئەلفبێ، بەڵام کارامەیی خوێندنەوە لەم قۆناغەدا بە مناڵ نادرێ، یاری و جوڵەی زۆر بەشێکە لە بەرنامەی ڕۆژانەیان، ئەگەر زمانی منداڵ فنلاندی یاخود سویدی نەبوو ئەوا یارمەتی منداڵ دەدرێت بۆ فێر بوون.
پەروەردەی قوتابخانەی سەرەتایی:- ئەم قۆناغە کە منداڵ تەمەنی دەگاتە حەوت ساڵ دەسپێدەکات و هەموو منداڵانی نیشتەجێی فنلاند دەگرێتەوە و خوێندن لەم قۆناغەدا نۆ ساڵە، لە فنلاند پەروەردەی قوتابخانەی سەرەتایی لەژێر چاودێری یاسادایە و جگە لەمەش بەرنامەکانی فێرکردن لەسەرتاسەری وڵات چونیەکە و پڕۆگرامی پەروەردەی ناوخۆیی بەکار دێت، تێچوی پەروەردەی قوتابخانەی سەرەتایی لەلایەن شارەوانیەکانەوە پێشکەش دەکرێت و بۆ خێزانەکان خۆڕایی دەکەوێت و هیچ تێجوویەك ناکەویتە سەرشانیان، لەپۆلەکانی( یەك و دوو )کاتژمێرەکانی فێرکردن لە هەفتەیەکدا بیست سەعاتە بەڵام لە پۆلەکانی دیکە زیاد دەکات، مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لەم قۆناغەدا وانە دەڵێنەوە، مامۆستایانی پۆلەکانی (١-٦) پسپۆڕیان لە زانستە پەروەردەییەکاندا هەیە، مامۆستایانی پۆلەکانی (٧-٩) لە بواری وانە وتنەوەدا پسپۆڕن و وانە دەڵێنەوە.
قوتابیان بۆ ماوەی شەش ساڵ یەك مامۆستا وانەیان پێدەڵێتەوە، بەو جۆرە مامۆستا دەتوانێت خاڵی لاواز و بەهێزیان دیاری بکات، ئیتر بەشێوەیەکی گونجاو بایەخ بەرەو پێشچوونی منداڵەکان دەدات بەهەمان شێوە بۆ منداڵەکانیش ڕاستە و مامۆستاکەیان زۆرباش دەناسن، هەر پۆلێك کەمتر لە ٢٠ منداڵ لەخۆدەگرێت، کە ئەش کاریگەری لەسەر گەشە و پێشکەوتنی منداڵەکان دەبێت، ژینگەیەکی ئارام و ناڕەسمی لە قوتابخانەکاندا بۆ منداڵان دروستکراوە بەجۆرێك لە زۆرێك لە قوتابخانەکان پێویست ناکات منداڵ بە پێڵاوەوە بچیتە پۆلەوە، جگە لە زمانی دایك دوو زمانی دیکە فێردەبن، هەروەها مناڵ هەر هەفتەیەك دەتوانێت لە وانەکانی وەك: (مۆسیقا، چێشتلێنان، دارتاشی، کانزاکاری، دارتاشی، چنین..تاد) بەشداری بکات و چالاکی خۆی لەو بوارەدا بخاتەکار کە حەزی پێیە، هەروەها چالاکی لە ژینگەی ئازاددا هەتا ئەگەر هەوا ساردیش بێت بایەخی پێ دەدرێت و مناڵ جوڵە و چالاکی خۆیی تیادا دەکات. خوێندنەوە وەك چالاکیەکی کات بەسەربردن ئەنجام دەدرێت کە ئامانج لێی لەزەت وەرگرتنە
یەکێك لە ئامانجە گرنگەکان ئەوەیە، کە قوتابی فێری شێوازی بیرکردنەوەی خودی بووە و دەتوانێت بەرپرسیارێتی فێربوونی شەخسی بگرێتە ئەستۆ، مامۆستا هەڵسەنگاندن بۆ پێشکەوتنی قوتابی دەکات لە قوتابخانە، لەم قۆناغەدا تەواوی نمرەی ئەکادیمی لەلایەن قوتابی خۆیەوە بەدەست دێت، هەروەها تاقیکردنەوەی بەکالۆری نیە، گۆڕینی ئەنجامە ئەکادیمیەکانیش لەسەر بنەمای پرسیاری نمونەیی هەڵدەسەنگێنرێت. خزمەتگوزارییەکانی وەك: کتێب، پەڕاوگە، چاودێری تەندروستی، ژەمە نانی نیوەڕۆ، گواستنەوەی قوتابیان و تەنانەت لە هەندێ جێگادا دابینکردنی شوێنی مانەوەش خۆڕاییە. ئەگەر مناڵ بە پەنا هەندەیی یاخود تازە هاتبووە وڵاتی فنلاند دەتوانێت فێرکاری خوێندنی بنەڕەت وەربگرێت بۆئەوەی بچێتە ناو قوتابخانەی ئامادەییەوە، کە ماوەی ساڵێك دەخایەنێت، هەروەها دەتوانێت خولی فێربوونی زمانی سویدی یاخود فنلاندی وەربگرێت وەکو زمانی دووەم. ئەوانەشی کە تەمەنیان گەورەیە و نەیانتوانیوە لە وڵاتی خۆیان بڕوانامەی سەرەتایی بەدەستبێنن دەتوانن لە ئامادەیی گەورە ساڵان ئەو قۆناغەش تەواو بکەن.
خوێندنی ناوەندی:- لەدوای پەروەردەی سەرەتایی بژاردە بۆ قوتابی بریتین لە خوێندنی ئامادەیی و پیشەیی، کە ئەمانە بەشێکن لە خوێندنی ناوەندی و خوێندکار ئازادە لە هەڵبژاردنیدا لەتەواوی ئامادەییەکاندا فێرکردن بە زمانی فنلەندی یان سویدییە، لە شارە گەورەکان قوتابخانەی ئامادەیی دیکە هەیە کە فێرکردن تیایدا بەزمانی فەڕەنسی یاخود ئینگلزییە، هەروەها گەورە ساڵان دەتوانن بڕوانامەی ئامادەیی لە ئامادەیی گەورە ساڵان بەدەستبهێنن ئەویش بەوەرگرتنی کۆرسی تاکەکەسی یان وەرگرتنی تەواوی وانەکانی دواناوەندی، پاشان لە ئەزمونی کۆتای ساڵدا بەشداری بکەن. ناوەڕۆکی بەرنامەی فێرکاری دەکرێت بریتی بێت لە خوێندن لەناو پۆلدا، یاخود فێرکردنی دوورە دەستی لەڕێگای ئینتەرنێتەوە و پۆلەکانی ئۆنلاین بێت. بۆ خوێندن لە ئامادەییی پێویستت بە لێهاتووییەکی باشی زمانە، ئەگەر زمانی دایك زمانی غەیرە فنلەندی یان سویدی بوو ئەوا دەبێت خولی ئامادەکاری بۆ خوێندنی ئامادەیی وەربگریت، کە ماوەی خولەکە ساڵێکە و ئەم خولەش بە (LUVA) ناودەبرێت بۆ ئەو کۆچبەر و کەسانەیە، کە زمانی سویدی یان فنلاندی نازانن پێویستە لەماوەی ئەم خولەدا هەردوو زمانی فنلەندی و سویدی بەشێوەیەك فێربوبیت کە بتوانی شوێن وانەکان بکەوێت و لێیان تێبگات.
ئامادەییەکان و قوتابخانە پیشەییەکان:- ئەم قۆناغە لە تەمەنی (١٥-١٦)ساڵی دەسپێدەکات و ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ دەخایەنیت. تێپەڕاندنی ئەم بەشە بە ئیجباری نییە بەڵکو دوو جۆر قوتابخانە هەیە ئەوانیش قوتابخانە ئامادەییەکان و پیشەییەکانە، قوتابی خۆی ئەو بەشە هەڵدەبژێرێت کە دەیەوێت تیایدا بخوێنێت و حەزی پێی هەیە، کە ئەم ئامادەییانەش بە هەردوو جۆرەکەیەوە بۆ ئامادەکردنی قوتابییە بۆ چوونە زانکۆ. ئەگەر هاتوو قوتابی ویستی بچێتە زانکۆی زانستە پراکتیکیەکان ئەوا ڕاهێنانی پیشەگەری پێدەکرێت لەقوتابخانەی پیشەیی، خۆ ئەگەر قوتابی حەز و ویستی بۆ بەشەکانی وەك: (پزیشکی، ماف و زانستەکانی تر) هەبوو ئەوا لە ئامادەییەکاندا ئامادە دەکرێت بۆ ئەو بەشانەی زانکۆ، هەڵبەتە ئەم سیستمی خوێندنە شایەنی ئاڵوگۆڕو دەسکاری نیە واتە نەگۆڕە، ئەوانەی بڕوانامە بەدەست دەهێنن لە قوتابخانە پیشەییەکاندا دەتوانن بچنە زانکۆ گشتیەکان واتە مەرجی قبوڵکردنیان هەیە. لەبەرامبەردا دەرچووانی ئامادەییش وەك ئەوان دەتوانن لەبەشی پەروەردەی پیشەیی ناویان تۆمار بکەن، هەروەها توانای ئامادەبوونی هاوکات لەهەردوو بەشەکەدا هەیە. خوێندن لەم قۆناغە بە خۆڕاییە لەگەڵ ژەمە نانی نیوەڕۆ و چاودێری تەندروستی بەڵام تێچوی دابینکردنی کتێب و پەڕاوگە لەسەر خودی خوێندکارانە، لە قوتابخانە بچوکەکاندا قوتابیان دەتوانن کتێب و لاپتۆپ لە قوتابخانە وەربگرن لەدوای دەرچوون قوتابیانی هەردوو جۆر قوتابخانەکە دەتوانن بڕوانامەی لێهاتوویی وەربگرن، دەرچووانی ئامادەیی جگە لە بڕوانامەی کۆتایی بڕوانامەی تێپەڕاندنی تاقیکردنەوەی پێویست و پەیوەندیدار بۆ چوونە ناو زانکۆ وەردەگرێت.
بەشێوەیەکی گشتی قوتابیان لە فنلاند کورتترین ڕۆژی خوێندنیان هەیە لەگەڵ کورتترین ساڵی خوێندن، سیستم و کوالێتی خوێندن لە هەموو قوتابخانەکانی فنلەندا هاوشێوەیە و هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان خوێندنگایەکی سەنتەری شار لەگەڵ قوتابخانەی دێهاتێك یاخود گەڕەکێك، هەروەها قوتابیان فێر دەکرێن ڕێز لەخۆیان و دەوروبەریان بگرن، هەموو هەوڵێك دەدرێت کە مناڵان دڵخۆش بکرێن و لە دنیای مناڵی خۆیاندا بژین، کاتێکی زۆر بە مناڵان دەدرێت تاوەکو یاری بکەن و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوڕێکانیاندا دروستبکەن لەم بارەیەوە وەزیری پەروەردە دەڵێت: ” ئێمە لە قوتابخانەکانماندا ئەرکی ماڵەوە نادەین بە خوێندکار، بەڵکو پێویستە کاتی زۆریان بدرێتێ بۆ ئەوەی لەدنیای مناڵی خۆیاند بژین تاوەکو لە گەنجیدا ببنە ئەستێرە و چێژ لەژیان ببینن.”
“دەتوانین لەم ١٠ خاڵەی خوارەوەدا باڵایی سیستمی پەروەردە لە فنلاند بخەینە ڕوو”
- تاقیکردنەوە بەبێ تاقیکردنەوە:- بەکالۆری و تاقیکردنەوەکانی قوتابیان مایەی دڵەڕاوکێ و بێزاری قوتابیانە لەهەموو سیستمە پەروەردەییەکاندا لە جیهان، زانین و لێهاتوویی قوتابیان لە بابەتەکاندا بە تاقیکردنەوە یان پرسیاری چوار هەڵبژاردە دەبیت، قوتابی ئەوەندەی بەسە، کە پرسیارەکان بخوێنێتەوە و بە قەلەمێکی نوك ڕەش بازنەی تەنیشت وەڵامە ڕاستەکە ڕەش دەکاتەوە و دواتر وەڵامەکان بە ئامێری سکان (تصحیح) دەکرێن، ئامانجی مامۆستا ئەوەیە قوتابی بتوانێت زۆرترین زانیاریەکان لە زاکیرەیدا بهێڵێتەوە لە ماوەیەکی کورتدا، هەروەها ئەزموونی تاقیکردنەوە بکات و تێیپەڕێنێت.
- بەرپرسیارێتی مامۆستایان:- لە فنلەندا پەیوەندی نێوان مامۆستاو قوتابی دۆستانەیە و هاریکاری یەکترین، زۆرینەی جار پلەبەندی مامۆستایان بوونی نییە، بڕوانامەی ماستەر بەمەرج گیراوە لەسەر مامۆستایان، لەسەر هەڵبژێراوترین و باشترین دیسپلینەکانی فنلاندا مامۆستایان ڕاهێنراون، ئەگەر مامۆستایەك بەباشی ئەرکی خۆی بەجێنەهێنێت ئەوا دەبێت بەڕێوەبەری قوتابخانە لەگەڵی بدوێت و پاشان بڕیاری لەسەر بدات، چونکە بەڕێوەبەر ساڵانە ناوی پێنج مامۆستا بەرز دەکاتەوە بۆ سەروی خۆی وەك باشترین مامۆستا ئەمەش لەسەر بنەمای تۆمارکردنی چالاکی و کارامەییەکانی مامۆستاکان دەبێت لەبەرئەوە مامۆستایان لەناوخۆیاندا دەکەونە کێبڕکێ بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت و توانای ئەکەدیمی خۆی بۆ قوتابیان.
- بەڵی بۆ هاوکاری و نەخێر بۆ کێبڕکێ:- ئەو کێبڕکیەی لە سیستمی پەروەردەی تەواوی وڵاتاندا هەیە لە پەروەردەی فنلاندا نییە لەم بارەیەوە یەکێك لە نوسەرە بەناوبانگەکانی فنلاند وتویەتی: ” براوە ڕاستەقینەکان پێشبڕکێ ناکەن.”سیستمی پەروەردەی فنلاند بۆ پێشبڕکێ نییە بەڵکو بۆ هاوکارییە.
- ڕەسەنایەتی پرەنسیبەکان:- زۆرێك لە قوتابخانەکانی جیهان ئەو کێشەیەیان هەیە، کە دەیانەوێت نمرەی دەرچوونی تاقیکردنەوەکانی زانست و بیرکاری بەرز بکەنەوە، بەڵام فنلاند هات و وتی پێویستە بۆ ڕەسەنایەتی بگەڕێینەوە لە ساڵەکانی هەشتاوە سیستمی پەروەردەی فنلاند ئەم بنەمایانەی خوارەوە لە ئەولەویەتیدا دادەنرێت:-
- باشتر وایە پەروەردە ئامڕازێك بێت بۆ چارەسەرکردنی نایەکسانییە کۆمەڵایەتیەکان.
- بە بێ بەرامبەر ژەمە خواردنیان بدرێتێ.
- بەئاسانی چاودێری تەندروستیان بگاتێ.
- ڕاوێژکاری دەروونناسی.
- یارمەتی تاکە کەسی.
- تەمەنی چوونە قوتابخانە:- لە فنلاند مناڵان لەتەمەنی حەوت ساڵی دەچنە بەر خوێندن، بەڵام فنلاند وردەکارییەکانی سەبارەت بە دەسپێکی قوتابخانە گۆڕیوە، مناڵی ئازاد کردووە تا گەشە بکات و بە مێز و کورسی قوتابخانەوە قوفڵ نەبێت واتە ئەوان دەیانەوێ منال لە مناڵی خۆیدا بژی.
- ئامادەکردنی مناڵ بۆ کار کردن:- لە هەموو وڵاتان قوتابی دوای دوانزە ساڵ لە خوێندن و هەوڵ و ماندوو بوونێکی زۆر ئینجا دەتوانێت بگاتە زانکۆ، بەڵام لە فنلاند بەوجۆرە نییە بەڵکو ئامادەیی قۆناغێکی سێ ساڵەیە و قوتابی بۆ ئەزمونی نەتەوەیی و چوونە زانکۆ ئامادە دەکات، کە ئەم ئەزمونەش لەسەر ئەو وانانە بنیاد نراوە کە لە قۆناغی ئامادەیی فێری بووە.
- کاتژمێری دەسپێکی قوتابخانە لە فنلاند:- قوتابخانە لە کاتژمێر( ٩:٠٠-٩:٤٥) دەسپێدەکات، لە ( ٢:٠٠-٢:٤٥) پشووە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە هەرچەند قوتابخانە زوتر دەسپێبکات بۆ سەلامەتی و گەشەی مناڵان زیانی زیاترە، زەنگی نێوان وانەکان ماوەکەی زۆرە بەمەش قوتابی پشویەکی باش دەدات و جوڵەو یاری خۆشی کردووە.
- فێربوون چۆنە لە قوتابخانەکانی فنلاند:- قوتابخانەکانی فنلاند پڕ نین لە مامۆستا و قوتابی، بەڵکو ڕێژەیەکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت، هەروەها مامۆستایان تا شەش ساڵ وانە بە قوتابیەکانیان دەڵێنەوە واتە لە پۆلی یەك تا شەش لەگەڵیان دەبیت، بەمەش مامۆستا وەك ئەندامێکی خێزانی قوتابیەکانی لێدیت و ئەو هەستی نزیکی ڕێز و متمانەی هاوبەشەی کە چەسپاوە لە نێوانیان وادەکات کە بەڕاستی مامۆستا دڵسۆزی قوتابیەکانی بێت.
- ژینگەی پەروەردەیی فنلاند:- لە قوتابخانەکانی فنلاندا دڵەڕاوکێ کەمترە و زیاتر ئاگایان لە قوتابیەکان دەبێت، بە درێژایی ڕۆژی خوێندن قوتابیان تەنها دوو وانەیان هەیە، چەندین زەنگی پشویان هەیە کە قوتابیان دەتوانن لەکاتی زەنگەکاندا نان بخۆن، کاتی خۆش بەسەربەرن و ئیسراحەت بکەن، بەدرێژایی کاتژمێرەکانی قوتابخانە زەنگی ١٥-٢٠ دەقیقەیی دەبێتە هۆی ئەوەی مناڵان هەست بە باشی بکەن، هەروەها مامۆستایانیش پێویستیان بەم پشووە هەیە لەبەرئەوەی مامۆستاش مرۆڤە و وە دەبێت کارامەیی هەبێت و سود بەقوتابیان بگەیەنێت، هەربۆیە لە تەواوی قوتابخانەکانی فنلاند ژووری تایبەت بە مامۆستا هەیە و پشوی تیادا دەدات و دەتوانێت کاتێکی خۆشت تیادا بباتە سەر
- ئەرکی ماڵەوە کەمترە:- ئەو سترێس و کابوسەی لە دنیادا مناڵان و فێرخوازان هەیانە بۆ وانە کە لەماڵەوەش بەرۆکیان بەرنادات لەلای قوتابیانی فنلاندا بوونی نییە، ئەوان هەرچییان لە ئەرك و وانە هەیە دەبێت هەر لە قوتابخانە ئەنجامی بدەن بەبێ هیچ فشار و سترێسێك یان تەنها نیو سەعات لە شەودا ئەرکی ماڵەوەیان دەبێت لەبەرئەوە سترێسیان زۆر کەمە، ئەوان هیچ نیگەرانی نمرە و دەرچوون نین بەڵکو فکریان تەنها لەلای فێربوون و مرۆڤایەتی بوونیانە.
“خزمەتگوزاری خۆشگوزەرانی نایاب بۆ خوێندکاران”
سیستەمی پەروەردەی فینلاند هەوڵدەدات تا دەتوانێت نایەکسانی پەروەردەیی کەم بکاتەوە. بۆیە لە ساڵانی هەشتاکانەوە خزمەتگوزاری تایبەت بۆ خوێندکاران لەبەرچاو گیرا بەم شێوەیە:-
- خوێندن بۆ قوتابیان بێ بەرامبەرە.
- ژەمەکان بەخۆڕایی دەدرێت بە خوێندکاران.
- زۆر بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دەگات.
- سوودمەند دەبن لە ڕاوێژکاری کەسی و خزمەتگوزاری دەروونی.
- ژینگە پەروەردەییە ستانداردەکان.
تایبەتمەندییەکی دیکەی قوتابخانە فنلەندیەکان ئەوەیە، کە ژینگە و پێکهاتەیەکی مۆدێرن و کراوەیان هەیە. زۆر ئاسانە بۆ منداڵان بتوانن بچنە ناو باخچە و ئامێرەکانی یاریکردن بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن لە ژینگەیەکی خۆشدا وانە فێربن. هەروەها ژمارەی قوتابیان لە هەر پۆلێکدا کەمە بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت بە تەواوی کات و وزە بۆ هەر خوێندکارێک تەرخان بکات. بۆیە یەکێك لە هۆکارە گرنگەکانی قوتابخانەکانی فینلاند گرنگیدان بە ژینگەی پەروەردەیی و ژمارەی قوتابیان لە هەر پۆلێکدا.
مامۆستایان:- لە سیستمی پەروەردەییدا مامۆستا یەکێکە لە پایە سەرەکییەکان. لە فینلاند مامۆستایان لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی هەڵبژاردنی زۆر قورسەوە هەڵدەبژێردرێن و دەبێت هەموویان بڕوانامەی ماستەریان هەبێت. هەروەها پێویستە مامۆستایان بەشداری خولی پەروەردەیی بکەن و بنەماکانی دەروونناسی منداڵان بزانن. پیشەی مامۆستایی یەکێکە لە پیشە قورسەکان و هەموو کەس بە ئاسانی نابێتە مامۆستا، مامۆستایانی پۆلەکانی یەکەم و دووەم لایەنی کەم دەبێت بڕوانامەی ماستەریان هەبێت، کەسێك بیەوێت ببێت بە مامۆستا دەبێت نمرەی باشی هەبێت داواکاری پێشکەش کردن بۆ بوون بە مامۆستا بە کێبڕکێەکی سەختدا تێدەپەڕێت و ئەوکات دەبیتە مامۆستا بەجۆرێك ١١٪ ی ئە کەسانەی داواکاری پێشکەش دەکەن وەردەگیرێن.
دامەزراندنی قوتابیان:- بەردەوامبوون لە خوێندن یان چوونە ناو بازاڕی کار هەڵبژاردنێکی ئیختیارییەو ماوەی خوێندنی ناچاری لەم وڵاتەدا ١١ ساڵە و کەسانی دوای تەمەنی ١٨ ساڵی دەتوانن بڕیاری چوونە ناو بازاڕی کار یان درێژەدان بە خوێندن بدەن. فینلاندییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ئەو هەستەیان کەمکردووەتەوە کە خوێندکاران لە زیندانێکدا گیریان خواردووە کە ناوی قوتابخانەیە. دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، مرۆڤەکان دوو بژاردەی لەبەردەمدایە: خولێکی ڕاهێنانی ٣ ساڵە، کە ئامادەیان دەکات بۆ چوونە ناو زانکۆ، خولێکی تری ڕاهێنان بریتییە لە خولێکی پیشەیی ٣ ساڵە کە دەبێتە هۆی ئاشنایەتیان بە بازاڕی کار. هەڵبژاردنی هەریەکێك لەم دووانە یان هیچ کامیان بە تەواوی ئیختیارییە.
بەگوێرەی ئامارێك کە لەساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدراوە ٣١٪ی قوتابیانی ئامادەییەکان و ٥٢٪ی قوتابیانی پیشەی دامەزراو بوون، ئەم ئامارە بۆ قوتابیانی زانکۆ و زانکۆ پراکتیکیەکان دەگاتە نزیکەی ٥٦-٥٩٪، هەروەها دامەزراندنی ڕەگەزی مێ زیاتر بووە لە ڕەگەزی نێر بەڕێژەی ٥٧٪ی ئافرەتانی قوتابی کاردەکەن بەڵام پیاوانی قوتابی بەڕێژەی ٤٩٪ کاردەکەن.
سەرچاوەکانی سود لێوەرگیراو؛
- باسمە تعالی، نظام آموزشی فنلاند، رایزنی فرهنگی جمهوری اسلامی ایران در استکهلم، اسفند ماه ١٣٩٩.
https://birjand.ac.ir/file/download/page/1617531391-.pdf
- نظام آموزشی فنلاند بە این ١٠ دلیل برتر است
Vizamondial.com
- سیستم آموزشی فنلاند
https://www.infofinland.fi/fa/education/the-finnish-education-system
- سیستم آموزشی مدارس در فنلاند چگونە است؟
https://www.entekhab.ir/fa/news/
- سیستم آموزشی فنلاند، سیستم استاندارد
ئامادەکردنی: ئاشنا عەلیزادە