کورد بەگشتی و باشوری کوردستان چۆن دەڕوانێتە داگیرکەرانی و چۆن پێناسەیان دەکات؟
یەکێک لە کەمتەرخەمییەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا نەبوونی پێناسەیەکی یەکگرتووە بۆ وڵاتانی داگیرکەری خاکەکەی. بەڕاستی ئەمە یەکێکە لەو ئاماژانەی کە لاوازی گوتاری یەکگرتوو کوردستان نیشان دەدات. ڕاستە هەر حزبێکی سیاسی و چەکداری کوردی لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە گەلی کورد ڕزگار بکات لە ژێر دەستەیی و زوڵم و زۆر، بەڵام زۆر بە شەرمنانە پێناسەی وڵاتی داگیرکەری پارچەکەی خۆیی کردووە.
ئەگەر کێشەکە ئەوەیە کە باردۆخی هەر پارچەیەک جیاوازە لە پارچەکەی تر، دروستە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ڕێگربێت لە پێناسەکردن و دەرخستنی ڕۆڵ و ڕووی ڕاستەقینەی بۆ جیل دوای جیل.
ئایا هێز و لایەنەکانی کوردستان بەپێی قۆناغەکان ڕوئیایان دەگۆڕێت بۆ داگیرکەر؟
ئایاهێزەکانی باشوری کوردستان لە پاش ئازادکردنی ئێراقەوە ڕوئیایان گۆڕاوە بەرامبەر بە حوکم لە ئێراق؟
ئایا گۆڕانی بەعس بە حوکمی شیعە و حوکمی سونە و حوکمی عەمر و زەید …هتد.
ئایا قۆناغەکە پێناسەی ئێراق لە وڵاتێکی داگیرکەرەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێکی تر؟
هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دژی حوکمی ئاخوندین لە ئێران، کاتێک ئەو دەستەڵاتە دەروخێت و هێزگەلێکی تر دێنە سەر حوکم ڕوئیایان دەگۆڕێت کاتێک کە دەچنە تاران و بەشدار دەبن لە پۆستەکانی حکومەت؟
ئایا هێزە سیاسیە کوردەکانی باکوری کوردستان لەپاش سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و بەدیهاتنی ژمارەیەک داواکاریان تێڕوانینیان دەگۆڕێت لەبەرامبەر دەستەڵاتی ئێستای تورکیا؟ یان پاش لەسەرکارلاچوونی ئەردۆگان و نەمانی دەستەڵاتەکەی، چوونی کورد بۆ پایتەخت و بەشداربوون لە حکومەت یان ئۆپۆزەسیۆن بوونیان لەپەرلەمان هەمان بۆچوونیان هەیە؟ نمونەی زیندووی ئێستا کە ڕۆژئاوای کوردستانە ئایا هەسەدە و ئەنەکەسە و …هتد پاش داخڵبوونیان بە حکومەت و دەستەڵاتی ئێستای سوریا و بەدیهاتنی کەمێک لە داواکاریەکانیان ڕوئیایان لە بەرامبەر دەوڵەتی سوریا دەگۆڕێت؟ ئایا گۆڕانی فەیسی بەشار ئەسەد بە ئەحمەد ئەلشەرع مامەڵەکە دەگۆڕێت؟ ئایا کورد کار لەگەڵ واقعی تازەی پایتەختدا بکات و خۆی لەگەڵ فەیسە تازەکان ڕابهێنێت؟ یان کار لەسەر بیر و فکر و تێڕوانینی گەل و نەتەوەی داگیرکەر بکات؟ ڕاستە دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت کە سەرکەوتن و بەدیهاتنی ئامانجەکان پێویستیان بە قۆناغبەندی هەیە، بەڵام ناکرێت بابەتێکی گرنگی لەو شێوەیە پشتگوێ بخرێت. بۆیە لەسەر کورد بە تێکڕا بەهێزی سیاسی و نوخبە و کۆمەڵگای کوردی لە هەرچوارپارچەکە لە ڕێی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)و بیرمەندانی کورد بە ئەرکی مێژوویی و ئەخلاقی و پیشەیی خۆیان هەستن و پێناسەیەکی گشتگیر و واقعی دوور لە فکر و ئایدیای جیاواز بکەن بۆ دەوڵەتانی داگیرکەری ئێستا و داهاتوو، خاتر و خۆتری هیچ تێڕوانینێکی ئاینی و نەتەوەیی و دراوسێیەتی و …هتد نەگیرێت و چاولەبەریمان بۆ خێرو سەدەقەکانیان هەست و سۆزمان ڕانەکێشێت لە بۆچوون و بنەما سەرەکیەکانمان لابدەین. دەبێت ئەم تێز و ئایدیایە لە زهنی تاک بەتاکی کوردا بچەسپێ لەئێستا و داهاتوو.