ڕۆبەرتۆ خوارۆس شاعیرێکی ئەرجەنتینییە و لە ساڵی ١٩٢٥ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٩٥ کۆچی دوایی کردووە. یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی سەدەی بیستەم، هەموو کارە شیعرییەکانی لەژێر ناوی “شیعری ستوونی”. بڵاوکردووەتەوە. قەسیدە و دەقەکانی هیچ ناونیشانیان لەسەر نییە و تەنیا ژمارەکانی دەگۆڕێت. خوارۆس لەبارەی دانەنانی ناونیشان بۆ شیعرەکانی دێتە گۆ و دەڵیت: “هەموو ناونیشانێکی شیعری جۆرێکە لە بڕینی شیعری و هیچ چێژێکی تێدا ناهێڵێت. بەبێ ناونیشان دیوان دەکرێتەوە و ڕاستەخۆ دەچینە نێو قەسیدەوە.” ئەم دیدارەش لە ساڵی ١٩٧٧ لەنێوان هەردوو شاعیری ئەرجەنتینی گیلارمۆ پۆیدۆ و ڕۆبەرتۆ خوارۆسدا سازدراوە.
+ ئایا ساتەکان یان ئەزموونەکانی ژیانت ڕێگە دەدەن لە گۆشەیەکی دیکەی ژیانتەوە لێکدانەوە بۆ شیعر و بەتایبەتتر شیعرەکانت بکەین؟ تەواوی سەربووردەی تۆ نازانین. داخۆ ئارەزووی شاعیر بووە لە پشت شیعرەوە خۆی بشارێتەوە؟
ڕوبەرتۆ خوارۆس:- کوشتەنگ دەبم کاتێک پرسیاری ژیانی تایبەتیم لێدەکەن. چ گرنگ بێت بەلای خۆمەوە یان نا، پێم وانییە بۆ کەسی دیکە گرنگ بێت. هەرگیز بەلامەوە گرنگ نەبووە ژیانی خۆم لەگەڵ کەسانی دیکە بەش بکەم، چۆن لە ڕابردوودا دەژیم، وەهاش لە داهاتوو و ئێستا دەژیم. وێڕای ئەوەی هەندێک شتی ڕابروو لە یادگەمدا ماوە و خۆراکی شیعرە، بەڵام نامەوێت لە ڕابردوویەک کە هەموو شتێکیم بیر نییە بژیم. خۆی لە ڕاستیدا هەموو شتێک خۆراکی شیعرە، ئەوەشی کە زیاتر خۆراکی پێدەدا: زۆر لەوە قوڵتر و تەماویترە کە مرۆ گوزارشتی لێوە بکات. دەکرێت شیعر لاپرەسەنی هەندێک تێر بکا، بەڵام تەنیا بە زروفی دەرەکی ڕوونناکرێتەوە. لە کۆتایدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی: هەر ئەزموونێک بە قووڵی تیایدا ژیاین، بە شیعر کۆتایی دێت.
+ دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هەندێک لە ئەزمونی بنەڕەتی بەتایبەت ئەوانەی لە لەدایکبوونی یەکەم ئەزموونت نزیکن. یەکەم بەرهەمی شیعریت لە تەمەنی سی و سێ ساڵیدا بوو. چ بەسەرهاتێک پێش ئەم تەمەنە هەیە؟
ڕۆبەرتۆ خوارۆس: دەتوانم ئاماژە بە هەندێک یادەوەری تایبەت بکەم. ساڵەکانی پێش دەرچوونی یەکەم کتێبم، لە جۆرێک تەنیایدا دەژیام. تەنیاییەکی ئەرێنی کە چڕ بوو بوومەوە لە داهێنانی فکری و شیعری، بێگومان ئەمانەش تایبەتمەندییە شیعرییەکانی ڕۆشن کردبۆوە. وای بۆ دەچم گەر لە دەقە شیعرییەکانی پێشوو قووڵ نەبیتەوە، ناتوانی دێڕێکی باشیش بنووسیت. شتێکی دیکەش ئەوەیە پێمان وایە نووسینی شتێکی باش باشترمان دەکات. ئەی ئەو باشتربوونە مێژوییە چییە کە دەکرێ مانایەکی هەبێت؟ لە وەڵامدا دەڵێم: لەبەرئەوەیە منداڵیم دوور لە شار بووە. ئەمەش لە تێڕوانینم بەرانبەر شتەکان یارمەتیدەرم بووە. جگە لەمانەش لایەنی ئاینی بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری لەسەرم هەبووە.
+ شاعیر بوون چۆن پەسن دەکەی؟ پیشەیە یان چارەنووسە؟
ڕۆبەرتۆ خوارۆس: هەرگیز پێم وانەبووە شیعر پیشەیەک بێت، بەڵکە بە ڕێگەیەکی ژیانم داناوە. چارەنووس بێت؟ بەڵێ چارەنووسە، بەڵام جیا لە چارەنووس ڕێگەی جیاوازی هەڵبژاردن و تامڵ کردن هەیە. دوای ئەوەش ئەی چارەنووس چییە؟ وای بۆ دەچم پێویستی بێت. پێویستییەکی قووڵیش، چوون ئێمە بە جۆرێک دەژین گەر شتە دیاریکراوەکەی وێنامان کردووە لە ژیاندا نەکەین، لە ژیانی ڕاستیدا پێمان نامۆ دەبێت. بێگومان چارەنووس وەکو ئاڕاستەیەکی دیزاینکراوی داهاتوو کە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئازادی ڕادەربڕینمان بۆ فەراهەم دەکات تێدەگەم. لێرەدا وتەیەکی دیموکراتسم بیر دێتەوە کە دەڵێت: “هەموو شتێک بە ڕێککەوت و حەتمی لەدایک دروست بووە.” پێم باشە لەگەڵ چارەنووسدا ئازادیش هەژمار بکەین. شیعر چارەنوس بێت یان نا، حەتمی و ئازادیش خۆیان لەو چارەنووسە جێ دەکەنەوە. دواتریش دەپرسین بۆچی کەسێک شاعیربوونی هەڵبژرادووە؟ بۆچی ڕێگەیەکی هەڵبژاردووە سوور دەزانیت مەترسی خۆی هەیە؟ ئایا کەسێک لە ئێمە شاعیر بوونی هەڵبژاردووە؟ زۆر ترسناکە قاوی ئەمە بدەی. سەروسەکوتی شتێک لە ناخەوە دەردەکەوێت و لەبری ئێمە بڕیار دەدات و پیرۆزباییمان لێدەکات. ئەی ئەم ئامادەکارییە پێش وەختە چییە؟ هیچ شتێکی لەبارەوە نازانم، هەرگیزیش بڕوام نەبووە بە ئەو شیکردنەوە دەروونییانەی کە دەروونشیکاران دەڵێن: یەکەم ئەزموون کۆتا ئەزموونە.
+ کۆتایی ڕێگەی هەندێک شاعیرەکان یان شێتی یان خۆکوشتن بووە. گەر تۆ دەڵێیت شیعر فریادڕەسییە. بۆچی هەندێکجار شاعیران پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن؟
ڕۆبەرتۆ خوارۆس: پێم وابێت ئەلبێرتۆ کامۆ بوو وتی: “خودکوژی تاکە کێشەی ڕاستەقینەی فەلسەفەیە.” نازانم تاکە کێشە بێت یان نا بەڵام دەزانم کیشەیەکی بنەڕەتییە. ئەوەی لەسەر مرۆڤە ئەوەیە: ژیان بە هەموو مەرج و دەرئەنجامی یارییەکانییەوە یان قوبوڵ بکات یاخود نا. کەسێکی وەکو سیمۆن فیڵ دانی بە قوبوڵبوونی جیهان و هەماهەنگی لەگەڵ مرۆڤی وەکو ئێمەدا ناوە. دەزانین هەوڵەکانی خۆکووشتن فرەن و دەشکرێت کۆتایی بە ئازار و نەهامەتی و کۆت و بەندەکانی ئەقل بهێنێت. ئەوەی ئێمە لێرەدا باسی دەکەین خۆکوشتنی شاعیرە. پێم وایە چەندێک شیعر لە شێتییەوە نزیکە ئەمەندەش لە خۆکوشتنەوە نزیکە. وای بۆ دەچم هۆکارەکانی پشت خۆکوشتنی شاعیر پێویستە پێشتر لە شیعردا بەتاڵ کرابێتەوە.
وای بۆ دەچم دوو هۆکاری لە پشتە: هەستی تێکشکانێکی قووڵ لە نێوان جیهان و داهێنانی شیعری، یان شڵەژانێکی شیعری تامڵ نەکراو کە شاعیر لە ترسی لەدەستدان زیاتر دور ناکەوێتەوە، یاخود هۆکارێکی دیکەش شێوەیەکی تەموومژاوی ناجۆرییە لە نێوان شیعر و ژیان. لە ڕاستیدا هەموو خۆکوشتنێک تراژیدییە، خۆکوشتنی شاعیریش سێ ئەوەندەیە. ژیانکردن لەوپەڕی، سەرکەشییەکە دەکرێت بە ژیانت باجەکەی بدەی. بۆچی شتەکە پێچەوانە نەکەینەوە: شاعیر (بەهەستترین کەس) هەموو ڕۆژێک کەمێک خۆی دەکوژێت. خۆ کوشتنیش جگە لە هۆکارەکانی هەڵەداوانی بۆ کۆتایی هیچی تر نییە.
+ وتت شیعرەکانت خۆی لە سەرچاوەکانی تری خوێندنەوە دەدۆزێتەوە. هیچ سەرچاوەیەکی تری شیعریت دۆزیوەتەوە، بۆ نموونە: میوزیک و وێنەکێشان؟
ڕۆبەرتۆ خوارۆس: هەمیشە و ئێستاش پێم وابووە ژیان بەبێ میوزیک ناڕوات. میوزیک: جیا لەوەی دەقی شیعریم پێ دەدات، هەناسە و خۆراکیشم پێ دەبەخشێ. وشە گەلێکم پێ دەبەخشێ کە هەرگیز لە ئەدەبدا نایدۆزمەوە. واشی بۆ دەچم ناتوانم هیچ ڕۆژێک بەبێ میوزیک، ئەو میوزیکەی کلیلی نهێنی و ڕاستییەکانە هەڵبکەم. هەمان ڕموودەیشم بەرانبەر بە وێنەکێشان هەیە، بەڵام هێشتا ناگات بە میوزیک. بە قووڵی ڕۆدەچمە نێو کارەکانی پۆل کڵیم، شێوازێکی بوێرانەی لە ئاشکراکردنی شاراوەترین هەیە.
+ کتێبی یەکەمت لە ڕووی پێگەشتنی زمانەوە زیاتر خۆی گرتبوو. ئەمەش شتێکی نامۆ نییە.
ڕۆبەرتۆ خوارۆس: بۆ بڵاوکردنەوە پەلەم نەبوو، چون بۆ بڵاوکردنەوە نانووسین، بەڵکە بۆ ئەوەی بژین دەنووسین. ژیان خاڵێکی دووری مرۆڤە و شیعریش لەم خاڵە زۆور دوورترە. لێرەشدا گەورەیی شیعر بە دیاردەکەوێت. مانوێل پاندێرا دەڵێت: وەک مردنی کەسێک شیعر دەنوسم. بە لایەنی خۆمەوە هەمیشە ڕێزم لە شتێک بەناوی “ئەقڵی شیعری” یان “گوزارشت” یاخود “شیعر” گرتووە. خۆ ئەمەش پەیوەندی بە شتێک بە ناوی ژیانکردنەوە نییە، بەڵکە بۆ پێویستییەکی سروشتی گەورە دەبێت و کامڵ دەبێت، ئیدی گەر ئەو شتەش شتیکی بچووک بێت.
+ دەمەوێت دیدارەکەم بە پرسیارێکی تایبەتی کە پەیوەندی بە شاعیر و شیعرەوە نییە و پەیوەندی بە ڕۆڵی شیعرە لە ژیانتدا کۆتایی پێ بهێنم. مەبەستم ئەوەیە: شیعر پێشتر چ مانایەکی هەبووە بە لای تۆوە و ئێستاش چ مانایەکی هەیە؟
ڕۆبەرتۆ خوارۆس: ئەوپەڕی تێری ژیان کە دەتوانم پێی بگەم. شیعر ناسنامەی منە، هیچ شتێکی تر بەم چڕییە نازانم.
بۆچی قسە دەکەین؟
بۆچی بێدەنگ دەبین؟
هیچ گوێیەک نییە بۆ وشەکانمان،
هیچ گوێیەکیش بۆ بێدەنگییەکانمان نییە.
هەندێکجار وەکوو ئەوەی یەکتری بپارێزن، جێ گۆڕکێ دەکەن.
ڕۆوبەرتۆ خوارۆس.
سهرچاوه؛
https://www.google.com/url?sa=t&source=web&rct=j&opi=89978449&url=https://elaph.com/ElaphLibrary/2004/10/14948.htm&ved=2ahUKEwj-9aa4pr6KAxUVefEDHT-7FikQFnoECBMQAQ&usg=AOvVaw2uOeK_7b-azcT5hL591UEN
وەرگێڕانی: مەدینە ئەحمەد