ئەگەر مافیا بوونی نەبووایە، پێویست بوو دابهێنرێت. بە ههمان شێوە بۆ لاس ڤێگاسیش. پێویستییەکی گشتگیر هەیە کە باوەڕمان بەوە هەبێت کە گرووپێک لە دەرەوەی یاساکان هەیە کە دەتوانێت کارەکان ئەنجام بدات. پێویستییەکی پەیوەندیدار هەیە بۆ شوێنێک کە یاسای تێدا نییە، کە شەو و ڕۆژ بوونی نیە، هەموو شتێک نرخی خۆی هەیە، کە ئەگەر بەختت باش بێت، دەبیتە براوەی ملیۆنێرێک دۆلار. بێگومان ئەو کەسانەی دەچنە ڤێگاس پارە لەدەست دەدەن، ئەو کەسانەی مامەڵە لەگەڵ مافیاکاندا دەکەن پەشیمان دەبنەوە، بەڵام هیوا ئەوەیە کە ئێمە باسی دەکەین. نە مافیا و نە ڤێگاس نەیاندەتوانی بوونیان هەبێت ئەگەر گەشبین زۆرینەی خەڵک نەبوایە.
فیلمە نوێیە سەرنجڕاکێشەکەی مارتن سکۆرسێزی بەناوی Casino، زۆر شت دەزانێت دەربارەی پەیوەندی مافیاکان بە لاس ڤێگاسەوە. فیلمەکە لەسەر بنەمای کتێبێکی نیکۆلاس پیلێگییە، کە لە چیرۆکێکی ڕاستەقینەوە وەرگیراوە کە سەردەمانێک کەسێک چوار گازینۆی بۆ مافیاکان بەڕێوەبردووە کە ئەمەش یارمەتی دەرێکی باشی پڵۆتی چیرۆکەکە بووە. وەکو فیلمی The Godfather وامان لێدەکات هەست بکەین وەک گوێگرێک لە شوێنێکی نهێنیدا بین.
فیلمەکە بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو دەست پێدەکات، هەروەها کارەکتەری سام “ئەیس” ڕۆتشتاین فڕێدەدات بە ئاسماندا. فیلمەکە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن شتێکی لەو شێوەیە بەسەریدا هاتووە. کاتژمێری یەکەم هەست دەکەیت وەک فیلمێکی دیکۆمێنتارییە؛ گێڕانەوەیەکی ڕۆتشتاین (ڕۆبەرت دی نیرۆ) و کەسانی دیکە هەیە، کە باس لەوە دەکات کە چۆن مافیاکان ملیۆنان دۆلاریان لە گازینۆکان دزیوە. پرۆسەیەکی سەرنجڕاکێشە، بەگریمانەیەک کە دەتوانیت لەسەدا ٢٥ی داهاتی ئامێری قومارکردنەکان بدزیت- چی لە تەنێک دراو ئامێرە قومارکردنەکان دەکەیت؟ چۆن دەیکەیتە دراوی کاش و بیخەیتە ناو جانتایەکەوەو بۆ ئەوەی هەفتانە بیگەیەنیتە مافیاکانی شاری کانساس؟ گازینۆ ئەم شتە دەزانێت. هەروەها دەزانێت چۆن لە ئامێری یارییەکانی تر و خزمەتگوزاری خواردن و فرۆشگای دیاری دزی بکات. وە دەزانێت چۆن گازینۆکان حەز ناکەن دزییان لێ بکرێت.
ڕووداوێکی تێدایە کە پیاوێک لە قوماری بلاکجاکدا فێڵ دەکات، یەک دوو پاسەوان دەچنە لای و بە دەمانچەیەکی کارەبایی سڕیدەکەن. لە هۆشخۆی دەچێت، پاساواکان داوای پزیشک دەکەن، بەپەلە دەیبەنە ژوورێکی بچووک ئەشکەنجەیی دەدەن پەنجەکانی تێکدەشکێنن و ئەویش دان بە هەڵەکەیدا دەنێت. ڕۆتشتاین کە لەسەر بنەمای کەسایەتی ڕاستەقینەی ژیانی فرانک “چەپ” ڕۆزنتاڵ دامەزراوە، ژیانی وەک پێشبینیکەرێکی قوماری وەرزشی لە شیکاگۆ دەستپێدەکات، بەهۆی بلیمەتییەکەیەوە شارازایی لە گەڵ ژمارەکاندا سەرنجی مافیاکان ڕادەکێشێت، هەروەها ڕاسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی گازینۆکان، چونکە لە کەسێکی کارامە دەچێت بازرگانێک کە هانی قازەکانی ڤێگاس دەدات بەردەوام بن لە دانانی هێلکە زێڕینەکانیان. پیاوێکە ڕقی لە کێشەی نەخوازراوە. بەڵام ڕۆژێک تووشی کێشە دەبێت، لەگەڵ کەسایەتی جینجەر مەکێنا (شارۆن ستۆن)، کە کچێکی سۆزانی بەناوبانگە. سکۆرسێزی نیشان دەدات کە چۆن ڕۆتشتاین جینجەر لەسەر شاشەیەکی چاودێری دەبینێت و لە چاو تروکاننێکدا ئاشقی دابێت کە وێنەکە دەبێتە فرەیمێکی چەقبەستوو. ئەیس دیاریی بارانی دەکات، کە کچەکەش بەمە دڵخۆشە، بەڵام کاتێک دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، ئەو ڕەتیدەکاتەوە؛ کچەکە لە منداڵییەوە لەگەڵ گەوادێکدایە بووە بە ناوی لێستەر دایمۆند (جەیمس وۆدز)، کچەکە نایەوێت دەستبەرداری پیشەکەی بێت. ڕۆتشتاین ئۆفەرێکی پێدەدات کە ناتوانێت ڕەتی بکاتەوە: ئۆتۆمبێل، ئەڵماس، جلوبەرگی فەروە، ماڵێک کە مەلەوانگەی تێدایە و کلیلی سندوقی پارە هەڵگیراوەکەی. هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. ئەوە یەکەم هەڵەی ئەیسە.
هەڵەیەکی دیکە ئەوە بوو کە نیکی سانتۆرۆ (جۆ پێسی)یان ناسی کاتێک هەردووکیان منداڵ بوون لە شیکاگۆ. نیکی دز و بکوژە کە دێتە ڤێگاس و تیمێک پێکدەهێنێت، هێزیکی زیاد لە پێویستی خۆی بەکار دەهێنێت بەسەر خەڵکدا. دوای ئەوەی سەری کابرایەک دەکاتە ناو مەنگەنەیەک و ئەشکەنجەی دەدات، قسەو قسەڵۆکێک بڵاو دەبێتەوە کە ئەو هاوکاری مافیاکانە. ئەمە ڕاست نییە، بەڵام خەڵک باوەڕیان پێیەتی، هەر بە خێرایی ناوی نیکی لە هەموو ڕۆژنامەکاندا بە هاوڕێ کۆنەکەی ئەیسەوە دەبەسترێتەوە.
سکۆرسێزی چیرۆکەکەی بەو وزە و خێراییە دەگێڕێتەوە کە پێی بەناوبانگە، بە وردەکاری بچووک دەوڵەمەندە کە بۆ ئەو گونجاوە. ئەوە تەنها وردەکارییەکانی دیکۆری سەردەمی ساڵانی حەفتاکان نییە، بەڵکو ئەو ساتەوەختە بچووکانەشن وەک کاتێک ئەیس فەرمان بە چێشتلێنەرانی گازینۆکان دەکات کە “تەواو هەمان بڕی تووەشین بخەنە ناو هەموو کێکێکەوە”. یان کاتێک پۆلیسی فیدراڵی بە ئاسماندا بەدەوری یاریگایەکی گۆڵفدا دەسوڕێنەوە سیخوڕی بەسەر ناوچەکەدا دەکەن، فڕۆکەکەیان سووتەمەنی تەواو دەبێت، ناچارانە دەبێت لە ناوچەیەکی نەگونجاودا بنیشێتەوە. وە کاتێک بەڵگەی چارەنووسساز بەدەست دەهێنرێت، بە هۆکاری ئەوەی ئەندامێکی باندێکی بچوک تۆماری خەرجییەکانی خۆی لە شوێنێکدا هەڵگرتووە. وە کاتێک ئەیس هەفتانە بەرنامەیەک لە تەلەفزیۆنی ناوخۆیی پێشکەش دەکات- بەهرەمەندانی جەگڵین(جۆرێک یارییە کە هاوسەنگی بە چەند تۆپێک یان زیاتر دەکرێت) ئاشکرا دەکات. لەم نێوەندەدا، جینجەر ئالودەی خواردنەوە کحولییەکان دەبێت، و ئەیس نیگەران منداڵەکانیانە، لە شوێنە گشتییەکاندا دەبێتە دەمەقاڵێیان، جینجەر دەچێتە بۆ لای نیکی بۆ ئامۆژگاری وە زۆری پێناچێت ئامۆژگارییەکان دەبێتە دڵنەوایی، کاتێک ئەیس بۆی دەردەکەوێت پێیوایە کە خیانەتی لێدەکات، بەو شێوازەی خۆی، تەواو و بێ کەموکوڕییە دەڵێت: “تەنها هیوادارم کەسێک نەبێت کە من مێشکم بۆی دەچێت.” گێڕەرەوە پێمان دەڵێت: “ئەمە دواجار بوو پیاوانی سەر شەقامەکان دەرفەتێکی وایان پێدرێت”. تەنها شتێک کە مافیاکان دەبوو بیکەن ئاگاداری کاروبارەکان بوو. بەڵام کاتێک ئەیس جینجەری ناسی و کاتێک نیکی هاتە لاس ڤێگاس، هەموو شتێک لە شوێنی خۆیان بوون بۆ مافیاکان بۆ ئەوەی ببنە گەورەترین شکستخواردوو لە مێژووی ڤێگاسدا.
نیکی بەبێ بەکارهێنانی وشەیەکی دیاریکراو دەڵێت: “ئێمە بەتەواوی هەموو شتێکمان تێکدا”. سکۆرسێزی هەست و مەزاج و بۆنی شارەکە بە نزیکی و دروستی بەرجەستە دەکات؛ دی نیرۆ و پێسی ڕۆڵی خۆیان بە متمانەوە نائاگاوە دەگێڕن، باشترین نمایشی ستۆنیشە وەک ئەو کچەیە سۆزانییەکە، کارەکتەرانی پاڵپشتیش کەسانی وەک دۆن ڕیکڵز لەخۆدەگرێت کە هەر بوونی ئەوان سەردەمێک وەبیر دەهێنێتەوە (کاری ئەو ئەوەیە کە بە شێوەیەکی سڕ لە تەنیشت سەرۆکەکە بوەستێت و زۆر دڵتەنگ دەربکەوێت سەبارەت بەوەی کە ڕەنگە چی بەسەر هەرکەسێکدا بێت کە سەرۆکەکە قسەی لەگەڵ دەکات). بە پێچەوانەی فیلمە مافیاییەکانی دیکەی سکۆرسێزی (Mean Streets و GoodFellas)، Casino ئەوەندەی خەمی مێژووە، ئەوەندەش خەمی پڵۆت و کارەکتەری هەیە. شاری لاس ڤێگاس بابەتەکەیەتی، و ئەو نیشان دەدات کە چۆن ڕێگەی بە کەسانی وەک ئەیس و جینجەر و نیکی دا گەشە بکەن، و دواتر فڕێیدانە دەرەوە، چونکە ئامێرەکانی ڤێگاس زۆر قازانجدار و بەهێزە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەر کەسێک بدات کارەکانی خاو بکاتەوە. وە کاتێک مافیاکان دەرکران، بە بەکارهێنانی پارەی سەندیکای شۆفێرانی بارهەڵگر، لە کۆتاییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو سەرچاوەیەکی نوێی دارایی هێنایە ئاراوە: گرێبەستە بێسوودەکان. لەوانەیە ئەو پیاوانەی ئەم بیرۆکەیەیان هێنایە ئاراوە، ئیلهامبەخشی بەشی دووی فیلمی Casino بێت. گێڕەرەوە بە دڵتەنگییەوە دەڵێت: “کۆمپانیا گەورەکان دەستیان بەسەردا گرتووە”. “ئەمڕۆ، شتەکان وەک دیزنی لاند کاردەکات.” کە دەمانباتەوە بۆ تێڕوانینە سەرەتاییەکانمان. بە جۆرێک خەڵک پێویستە باوەڕیان بەوە هەبێت کە شارێکی وەک لاس ڤێگاس لەلایەن کوڕانی وەک ئەیس و نیکی بەڕێوەدەبرێت. لە شوێنێکدا کە یاساکان پێشێل دەکەن، ڕەنگە تۆش بتوانیت هەندێکیان پێشێل بکەیت.
بۆ ئەوانەی بیرکردنەوەی قومارچییان هەیە، لە ڕاستیدا دڵنییاییەکی کەمترە بۆ ئەوەی تێبگەیت کۆمپانیا زەبەلاحەکان کە لە ڕێگەی گرێبەستەکانەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت کە لەلایەن ژمێریارانەوە بەڕێوەدەبرێن، کە ئامێری ڤێگاس بەڕێوەدەبەن. ئەوان هەموو ئەگەرەکان دەزانن و گازینۆکە هەمیشە براوەیە. بە بەرپرسیارێتی ئەیس، کێ دەزانێت چی ڕووبدات؟
سەرچاوە: کتێبی
Scorsese by Ebert Roger Ebert
لاپەڕە ١٤٣ بۆ ١٤٦
وەرگێڕانی: هۆگر جەزا