کورد لە ئێراقدا دەبێت ڕۆڵی خۆی بگۆڕێت لە جەمسەری چارەسەرەوە بۆ جەمسەری کێشە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سڕینەوە نەبێت لەڕووی مافی مرۆڤ، ناولێنان، زمان، جوگرافیا، نەتەودە، مەزهەب …هتد
کورد لە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی مادەوە هەوڵی لەناوبردن، کوشتن و سڕینەوەی دراوە لەلایەن ئەوانەی کە داگیریان کردووە.
لەڕووی ئەو بابەتانەی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، ناچمە باسکردنی هەموو ئەو مێـژووە دوور و درێژە، ئەگەر بابەتەکە لەسەرەتای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە باس بکەین دەبینین ئەو دەوڵەتانەی کە بڕیاری دابەشکردنی جوگرافیای کوردان دەدەن بیریان لە سەرجەم ئەو بابەتانە کردووەتەوە، نمونە لەڕووی مرۆڤبوون و ناولێنانەوە، هیچ کات و ساتێک کورد وەک مرۆڤ سەیرنەکراوە، کورد لە دیدی ئەواندا بە وارسی جنۆکە و شەیتان و دڕندە و دێو و درنج زانراوە، ئەمەیش بۆ ئەوەی شەرعییەت بە لەناوبردنی بدەن.
لەڕووی زمانەوە مێژووی ئەم بەشە زۆر دێرینە کە لە لەناوبردنی ئاڤێستاوە دەستپێدەکات، زمانی کوردی بە بەشێک دەزانن لەزمانی فارسی و زمانی تورکی و…هتد، مافی ئەوەی پێنادەن کە زۆربەی زۆری وشە و دەستەواژەکانی ڕەسەنایەتی دروستبوونی کوردانەی پێوەیە و هیچ پەیوەندیەکی بە خزمایەتی نێوان زمانەکانی تری دراوسێ و جیهانەوە نییە.
لەڕووی جوگرافیاوە، بەرفراوانی و دەوڵەمەندی سروشت و پێکهاتە و جیۆپۆلەتیکی و جیۆسیاسیەوە هەمیشە جێی سەرنجی داگیرکەران و تەنانەت ڕێبوارانی ڕێڕەوە بازرگانییەکانیش بووە.
بوونی هەمەجۆری سامانی سروشتی و کانزا و هەڵکەوتەی جوگرافی ڕووەکەی هێندەی تر چاوی داگیکارانی برسیکردووە.
لەڕووی نەتەوەییەوە، گەورەترین ستەمێک کە لە کورد کرا ئەو کاتەبوو کە لە ساڵانی ١٩٢٠ بۆ ١٩٢٥ بوو کە بە ساڵی سەربەخۆیی نەتەوەکان ناسێنرا، کاتێک بڕیاردرا و دابەشی سەر چوار دەوڵەتی تر کرا، هەموو هەوڵی ئەو چوار وڵاتە دروستکراوانە ئەوەبوو کە کورد وەک نەتەوە بسڕنەوە، یەکێک بە ئێرانی و یەکێک بە تورکی شاخستانی و یەکێکی تر لای وابوو کە ڕەگەزنامەی دەوڵەتی دروستکراوی داگیرکەریش ڕەوانیە کە بە کورد بدرێت. ئەوان هەتا توانیان کوشتن و لەناوبردن و ونکردنیان جێبەجێکرد دواتر کارەکەیان گۆڕی بۆ فەلسەفەی( تەفریس و تەعریب وتەتریک )کە بەردی ئەو هەڵمەتی لەناوبردنە جێبەجێکرا و دواتر (ترحیل)یشیان بۆ زیادکرد.
لەڕووی مەزهەبییەوە، کورد بە تەبیعەتی حاڵی زۆرینەی زۆری سووننە مەزهەبە، ئەمە تا ئێرە کێشەیەکی ئەوتۆ نییە بە نسبەت دوو لەداگیرکەرانی کوردستانەوە، بەڵام ئەوەی کێشەیە مەزهەبەکەی نەبووەتە شەفاعەتکار و باعسی ڕزگاربوونی لەدەست دوو داگیرکەرەکەی تریش.
واتە بەکورتی و بەپوختی ئەوەی دۆستی جوگرافیایەتی دوژمنی زمانیەتی، ئەوەی دۆستی زمانیەتی دوژمنی نەتەوەییەتی، ئەوەی دۆستی نەتەوەییەتی دوژمنی مەزهەبیەتی …هتد.
لە ڕووانگەی داگیرکەرانی کورد بۆ هەر یەکێک لەو ڕەگەزانە شەرعییەتێک هەیە بۆ لەناوبردنی. ئەمە جگە لەو ناکۆکی و دووبەرەکی و حساب بۆ نەکردنی کورد بۆ کوردەی کە لەناوخۆی خودی کورد خۆیدا هەیە.
بۆیە بەسانایی دەتوانین بڵێین کورد کە بەدرێژایی مێژووەکەی بەدوای چارەی دۆزەکەیدا گەڕاوە و قوربانیی بۆی داوە، کەچی لەلایەن داگیراکارنی نیشتمانەکەیەوە خودی کوردبوون بە کێشە تەماشاکراوە و هەر ئەوەی کە وتویەتی کوردم لە ئێوە جیاوازم ئیتر ئەمە کێشەسازیە و لەبری چارەسەریش هەوڵی سڕینەوەیان داوە، کوردی چارەخواز لە ڕوانگەی ئەوانەوە بووە بە کێشەساز.