“وشە سەرەکییەکان؛ جۆرج زیمێل، کۆمەڵناسیی تەشکمەند(formal)، گەورەشار، چینی سەرەوە، سەرچاوەی دین”
جۆرج زیمێل لە ١٨٥٨ لە بەرلین، لە بنەماڵەیەک کە دەکرێت بڵێین تۆزێک سەرووتر لە چینی ناوەڕاست بوون، لەدایکبوو. زیمێل جوو بوو بەڵام بوو بە مەسیحی و دواتر لە دواناوەندیی ڤێردێر و دوای ئەوەش لە زانکۆدا درێژەی بە خوێندن دا و لە ساڵی ١٨٨٥ خوێندنی تەواو کرد. ئەو لەماوەی نیشتەجێبوونی لە بەرلین گەڵاڵەی بیرۆکە و ئیشەکانی داهاتووی خۆی داڕشت. لە ساڵی ١٨٩٥دا وەکوو ڕاهێنە، و لە ساڵی ١٩٠١دا وەکوو مامۆستای یاریدەدەر دامەزرا، بەڵام دامەزرانی وەکوو مامۆستا لە زانکۆی ئیستراسبۆرگ تا ١٩١٤ مەیسەر نەبوو. زیمێل ساڵەکانی کۆتایی ژیانی خۆی لە ئیستراسبۆرگ بەسەر برد و هەمیشەش لەوەی کە فەزای فیکریی ئەم شارە هاوشان و هاوتای بەرلین نەبوو، بە ئاخ و ئۆف بوو. دەبێت ئەمەشمان لەبەر چاو بێت کە ئەو لە کار و پرۆژەکانی زانکۆیدا ڕووبەڕووی دژبەریی جیدیی بوویەوە، چونکە هەندیک لە هاوکارەکانی باوەڕیان وابووە کە شیوازی وانەوتنەوەی ئەو کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر خوێندکاران هەیە، هاوکات لەگەل ئەم دژبەرییانە زیمێل لەگەڵ ڕووداو و بابەتی چەندپاتە و هەمیشەیی دژەجووش ڕووبەڕوو بوو. ژیانی ئەو لە بەرلین، وەکوو یەکێک لە گەورەترین شارەکانی جیهان، بەدڵنیاییەوە ڕۆڵێکی بەهێزی لە هۆگریی ئەو بە پەیوەندییە نوێ کۆمەڵایەتییەکان هەبوو. لەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەدا، کەسەکان یان تاکەکان بە گوێرەی پێویست زۆربەی هەڵسوبنیشت و ئاموشۆیان لەگەڵ “نەناس”ەکان بە مانا بەربڵاوەکەی بوو. واتە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە نایانناسن، کەسانێک کە لە بازنەی دۆستان و ناسیاوەکاندا نین. زیمێل تا تا ئەو ساڵەش کە کۆچی دوایی کرد لە ١٩١٨دا لە فەزای زانکۆی ئاڵماندا وەکوو سیما و کەسایەتییەکی پەراوێزخراو مایەوە. ئەو هەرگیز فۆرمێکی تاقیکردنەوەی ئاسایی زانکۆی بە قسمەت نەبوو!
“کاریگەری وەرگرتنی فیکری”
بیرمەندانێکی جۆراوجۆر کاریگەرییان لەسەر زیمێل هەبوو، دەکرێت لەوانە ئاماژە بە کارێل مارکس، ماکس ڤێبێر، ئیدمۆند هووسرێل، هیگێل و داروین و ئێسپێنسێر بدەین. زیمێل کەوتە ژێر کاریگەرییە ئایدیاکانی ئێسپێنسێر لەبارەی “گەشەکردن”ەوە بە تایبەت ئایدیای “جیاکاری”. دەکرێت شوێنپێی ئەم کاریگەرییە لە بەرهەمەکانیدا لە دەیەی ١٩٨٠ بەتایبەت لەبارەی “جیاکاریی کۆمەڵایەتی” و “پێشەکییەک لەسەر زانستی ئەخلاق” ببینینەوە. ئەو هەندێک لە شێوازەکانی بەڵگەهێنانەوەی داروین و ئیسپێنسێری لە شیکاری و هەڵسەنگاندنی بابەتە و پرسەکانی سەردەم بەکار هێنا. بۆ نموونە لە “فەلسەفەی پارە”دا پێشانی دا کە ئەو هاوسەرگیرییانەی کە بەبۆنەی پارەوە پێک دێن، دەبنە هۆی تێکچوون لە ڕووی جیناتەوە کە زانستی زیندەوەرزانی بە هۆکاری ڕاستەوخۆ و زیانباری لەناوچوونی نەژادیی دەزانێت. لە “پێشەکییەک لەسەر زانستی ئەخلاق(١٨٩٢)”، خواستی مرۆڤەکان بۆ بەدکاریی بە شتێکی بۆماوەیی باس کرد و دژایەتیی خۆیشی بۆ یارمەتیدان بە هەژاران و لاوازەکان دەربڕی و ئەمەی بەهۆکاری بەردەوامبوون و نەگۆڕانی لاوازیی و نەتوانین لە بەرەکانی دواتر زانی. هەروەها ڕوانگەی زیمێل لەبارەی دووفاقخوازیی ژیان و دیاردە پەیوەستەکییە زەینییەکان و هەروەها داکۆکیی ئەو بۆ گێڕانەوەیەکی ئۆبژەکتیڤ لە زەینی مرۆڤ، لە ئایدیای “لەخۆنامۆبوون”ی مارکسەوە ئیلهامی وەرگرتووە.
“کاریگەری دانانی فیکری”
زیمێل وەکوو کۆمەڵناسێکی ئەقڵگەرا، ڕۆڵێکی گرینگی لە سەرپێخستنی تویژینەوە لەبارەی گرووپە گچکەکان، ڕێبازی کردەی دوولایەنەی ڕەمزی و بیدۆزی ئاڵووێر(مبادلە) هەبوو. خولانەوەی کۆمەڵناسیی زیمێل بە دەوری هەندێک لە بابەت و وتەزا دەرووناسانەکان، یەکێک لە هۆکارەکانی ڕاکێشەری کۆمەڵناسییەکەی ئەو، هەم بۆ کۆمەڵناسەکانی پێڕەوکاری ڕێبازی کردەی دوولایەنەی ڕەمزی و هەمیش بۆ دەروونناسە کۆمەڵایەتییەکان بوو. سەرنجدان بە بیرکردنەوەکانی زیمێل، لە دەیەی ١٨٧٠ەوە لە نێو کۆمەڵناسە ئینگلیزی زمانەکاندا پشک و پێگەی ئەوی لە “بیردۆزەی کولتووری” زەق کردووەتەوە؛ بەتایبەتی بەرهەمەکانی ئەو لەبارەی مانای ژیانی مانەوی و قەیرانی کولتوور و دژوازییە ئێستەییەکانی کولتووری مۆدێڕن. زیمێل ئەگەرچی بەشێوەیەکی دیاریکراو دەستەواژەی مۆدێڕنیسمی بەکار نەهێنا، بەڵام ژمارەیەک لە دیاردە کلتوورییەکانی هاوچەرخی دەستنیشانکرد و کەشفی کردن کە دواتر ئەو سەردێڕە بە باڵایاندا بڕا.
“بەرهەمەکانی زیمێل”
زیمێل نووسەرێکی پڕکار و پڕ خەرمان بوو. ئەو لە ژیانیدا زیاتر لە دووسەد وتاری لە گۆڤار و ڕٶژنامەکاندا چاپ و بڵاو کردەوە و کۆمەڵێکی وتاری دیکەشی لە پاش مەرگی بڵاو بوونەوە. زیمێل پانزە بەرهەمی لە بوارەکانی کۆمەڵناسی، زانستی ئەخلاق و ڕەخنەی کولتووری هەبوو و پێنج بۆ شەش بەرهەمی کەم بایەختریشی نووسیوە. ئەو پاش نووسینی نامەی دکتۆراکەی، یەکەمین بەرهەمی خۆی لەژێر ناوی “لەبارەی جیاکاریی کۆمەڵایەتی” لە ساڵی ١٨٩ بڵاو کردەوە. لە بەرهەمەکانی دیکەی زیمێل دەتوانین ئاماژە بە “پرسی ڕوونکردنەوەی فەلسەفیی مێژوو” و “پرسیاری بنەمایی کۆمەڵناسی” و ” فەلسەفەی پارە” بکەین.
“بیردۆز و چەمکەکانی زیمێل”
١-بابەتی کۆمەڵناسی؛ پرس و بابەتی شایستەی کۆمەڵناسی، باسکاری و شیکاریی فۆرم و شێوازەکانی کردەوە دوولایەنە ئینسانییەکان و ڕەنگدانەوەیان لە تایبەتمەندییە دەستەیی و گرووپییەکانە. کۆمەڵناسیی دەیەوێت بزانێت مرۆڤەکان چییان بەسەر دێت و یاساکانی ڕەفتار و جووڵەی ئەوان کامانەن. کۆمەڵناسی نایەوێت بوونی تاکەکەسییانەی مرۆڤەکان لە پڕ و تەواوبوونیاندا بدۆزێتەوە، بەڵکوو دەیەوێت بزانێت مرۆڤەکان چۆناوچۆن گرووپەکان پێک دێنن و ڕەفتاریان لەژێر کاریگەریی کردەوەی دوولایەنەی گرووپیدا چۆناوچۆن هێڵەکانی دیارییدەکرێت.
٢-میتۆدی زیمێل؛ ئەگەرچی زیمێل پێکهاتە ڕیکخراوە گەورەترەکانی بە شایستەی بابەتی کۆمەلناسی دەزانی بەڵام هەمدیسان وای بە باش زانیوە کە زۆربەی کار و چالاکییەکانی تەرخان بکات بە لێکدانەوەی ئەو دیاردانەی کە خۆی لە ژێر ناوی “کردەوە دوولایەنەکانی ئەتۆمەکانی کۆمەڵگا” ناوی هێنابوو. ئەو زیاتر پەرژابووە سەر سەرنموونە بنەماییەکانی کردەوە دوولایەناکنی مرۆڤەکان و باوەڕی وابوو کە ئەم سەرنموونانە بنەماکانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی دیکە دروست دەکەن. (واتە هەمان شێوازی لێکدانەوە کە هەنووکە بە کۆمەڵناسیی ئاوەز ناوی دەبرێت). میتۆدێک کە ئەو حەزی لێی بوو و بەکاری هێنابوو، هەمان پێداگریی لەسەر زنجیرەیەک لە فۆرم و شێوازە بەرتەسک و جێگیرەکانی کردەوەی دوولایەنی مرۆییە. زیمێل لە سەرانسەری کارەکانیدا، کردە یان کردەوە کۆمەڵایەتییەکانی تاکی، نە بە شێوەیەکی جودا و دابڕاو بەڵکوو لە پەیوەندیی لەگەڵ کردەوەی تاکەکانی دیکە و پێکهات یان پرۆسە تایبەتەکاندا لێک دەدایەوە. میتۆدی زیمێل هەڵبژاردنی دیاردەیەکی تایبەتمەند لە پرۆسەی ئەزموونکردن و لێکدانەوەی پێکهات و مێژووەکەیەتی. ئەم میتۆدە لێکچوونی هەیە لەگەڵ شێکاریی “شێوازی ئایدیال”ی ماکس ڤێبیرەوە کە ڤێبێر وەکوو بەرهەمهاتنی کۆمەڵێک وێنەی دەستوبردی بێجوولە لە واقیعە کۆمەڵایەتییەکان لە گۆشەنیگای جۆراوجۆری دەزانی، بەڵام دەربڕێنی زیمێل پەتەوازەتر و لێکداپچڕاوتر لەوەی ڤێبێر بوو کە لە ڕێگەی چەمک و مانای “ئاوەزمەندێتی” پێی دەگات.
٣-میتۆدی دیالێکتیکی لە کۆمەڵناسیی زیمێلدا؛ کۆمەڵناسیی زیمێل بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ ڕێدەرچوون و ڕێچارەیەکی دیالێکتیکی دایە، ڕێچارەیەک کە پەیوەندیی دوولایەنە و بزۆز و هەروەها دەستەویەخەبوونی یەکە کۆمەڵایەتییەکان بەرمەبەستی شیکاریی ئەو پیشان دەدات. ئەو لە هەموو کارەکانیدا داکۆکی لەسەر گرێدراوێتی و هەروەها پێکدادانەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگا دەکات. بەڕای زیمێل، تاکی بەکۆمەڵایەتیکراو، بەشێوەیەکی بەردەوام لە پەیوەندیی دووفاقانە لەگەڵ کۆمەڵگادا دەمێنێتەوە، واتە لە سەرێکەوە لە ناو کۆمەڵگادا نغرۆ بووە و لە سەرێکی دیکەشەوە لە هەمبەریدا دەوەستێتەوە. پێداگریی زیمێل لەسەر پەیوەندیی دیالێکتیکی هەمەلایەنی نێوان تاک و کۆمەڵگا، هەموو بیرکردنەوە و هزری کۆمەڵناسانەی ئەوی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لە ڕوانگەی زیمێلەوە، کۆمەڵگا هەمیشە لە ناو هاوئاهەنگی و ململانێ، ڕاکێشان و ڕەتکردنەوە، و خۆشەویستی و ڕق دایە.
٤-کۆمەڵگا؛ زیمێل هەر دوو ڕێبازی ئۆرگانیسم و ئایدیالیسمی ڕەت کردەوە. ئەو بەپێچەوانەی ئاگۆست کێنت یان ئێسپێنسێر، کۆمەڵگای وەکوو یەکە یان ئۆرگانیسمێک نەدەبینی و وەکوو سەردێڕێکیشی نەدەزانی بۆ دیاردەیەک کە بوونی”واقیعی” هەبێت. بەڕای ئەو کۆمەڵگا ڕایەڵە و تەنراوێکی ئاڵۆزە لە پەیوەندیی جۆراوجۆری ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی بەردەوام لە کردە دوولایەنەن لە هەمبەر یەکدیدا. “کۆمەڵگا سەردێڕ و ناوێکە بۆ ژمارەیەک لە کەسەکان کە لە ڕێگەی کردار یان کردەوەی دوولایەنە پێکەوە گرێدراون”. پێکهاتە بانتاکیەکانی وەکوو(سەرووتاکییەکان) دەوڵەت، بنەماڵە، گەورەشار یان یەکێتیی کرێکاران، تەنها دەرکەوتەگەلێکن لەم کردەوە دوولایەنانە کە ڕەنگە تەنانەت فۆرم و شێوەیەکی سەربەخۆ و جێگیر بگرنە خۆیان و وەکوو دەسەڵاتە نامۆ و نەناسراوەکان لەگەڵ مرۆڤەکان ڕووبەڕوو ببنەوە. مانای کۆمەڵگا لە ڕوانگەی زیمێلەوە بە ڕوونکاریی ئەو مانایە نییە کە لە ڕوانگەی ئیمیل دوورکیم یان کارێل مارکسدا هەیە، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە لە مانای کۆمەڵگا لە لای ڤێبێر ڕوونترە. هەندێ جار بەشێوەیەک دەنووسێت کە گوایە کۆمەڵگا تێکەڵاو یان لێکدراوێکە لە پەیوەندیی و دانوستانەکانی نێوان خەڵک، واتە هەڵوێستێکی کەم تا زۆر ڤێبێری، بەڵام دواتر دەبینین کە وایعێکی تایبەت بە خۆی دەدات بەم لێکدروا و تێکەڵاوییە کە ناوی کۆمەڵگایە.
٥-کۆمەڵناسیی تەشکمەند(Formal)؛ پێداگریی زیمێل لەسەر هەڵگۆستەی ئابستراکت لە ناوەرۆکە بەرهەست و ئۆبژەکتیڤەکان و فۆکۆسکردن لەسەر فۆرمەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێچارەی کۆمەڵناسانەی ئەو لە ژێر ناوی “کۆمەڵناسیی تەشکمەند” بناسرێت. کۆمەڵناسیی تەشکمەندییانەی ئەو تەشک و بیچم لە ناوەرۆکە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵەی مرۆیی جوێ دەکاتەوە. ئەو هەوڵ دەدات پێشانی بدات کە لەگەڵ ئەوەی کە ئەو بەرژەوەندی و مەبەستانەی کە دەبنە هۆی بەدیهاتنی کۆمەڵە تایبەتمەندە مرۆییەکان، جیاواز و جۆراوجۆرن بەڵام هەمدیس ڕەنگە ئەو فۆرم و تەشکە کۆمەڵایەتییەی تایبەت بە کردەی دوولایەنە کە ئەم بەرژەوەندی و مەبەستانە لە چوارچێوەیدا بەدیدێت، یەکسان بن. بیری دەخەیەنەوە کە مانا و دەلالەتی کۆمەڵناسیی تەشکمەندی ئەو بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا بەرایی و پێشزەمینەی مانای ئێستاکەیی “مۆدێل”ە. مۆدێل، نواندنەوەی فۆرم و تەشکی ئایدیالکراوە کە بوار دەدات هەندێک لە دۆخە واقیعییەکان باشتر بناسین و لێیان تێبگەین، بەو مەرجەی ئاگاداری ئەو سادەکردنەوانە بین کە مۆدێل لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە ژوورەوە.
٦-مۆدێڕنیتە؛ مۆدێڕنیتە، گەشەی ڕێک و ڕیتمداری کلتووری بەرهەست و بینراوە، کە بە سەر ڕەوتی ژیانی تاکەکاندا زاڵ دەبێت. زیمێل لەبارەی مۆدێڕنیتە، لە گەورەشار و هەروەها “مۆدە” ئاوەها دەنووسێت:-
ئەلف- گەورەشار؛ وتارەکەی زیمێل لەبارەی گەورەشار یەکێک لە باشترین و بەناوبانگترین کارەکانێتی و بەزۆریش وەکوو بنەما و کۆڵەکەی کۆمەڵناسیی شارییانە ناوی دەبرێت. ناوەندە گەورەکانی شار لە جیهانی مۆدێڕندا دەبنە هۆی گۆڕانکاریی لە ژیانی مۆڤدا و لەخۆگری کۆمەڵێک وزە و ئەگەرن کە لەگەڵ ئەگەر و وزەکانی دەوروبەر و شارە گچەکەکاندا جیاوازن. لە شاری گچکەدا، ژیان بە شێوەیەکی ڕێژەیی خاوە و دروستکردنی پەیوەندیی سۆزداریی قووڵ لەگەڵ ئەوانی دیکە لە ئاستی ناوشیاردا دروست دەبێت. لە شاری گەورە ئێمە بەردەوام دەکەوینە ژێر بۆردومانی کاریگەرییە هەستەکییە گۆڕانکارەکان، هەزاران مرۆڤ خەریکن بە خێرایی تێدەپەڕن، قەرەباڵغیی زۆر، چالاکیی زۆر و زەبەند، تابلۆی دووکان و فرۆشگەکان، ئاگادارییەکان، هەر هەموو سەرنجی ئێمە بۆ خۆیان ڕادەکێشن. مانەوە لە ئاوەها دنیایەکدا بە بێ بیچمدان وفۆرمبەندیکردنی هێزی ئەقڵ و ئاوەز ناکرێت. شارنشین، لە باتی دڵ، لە سەر کەڵک وەردەگرێت کە ئەندامێکە بە نیسبەت ئەندامەکانی دیکەوە کەمتر هەستیارە و بەتەواوەتیش لە قووڵاییەکانی کەسایەتیی تاک دوورە، ئەو لە ڕێگەری سەر واتە حەقڵ پەرچەکردار دەنوێنیت و خۆی بەدوور دەگرێت لەو زەبروزەنک و لێدان و گۆڕانکاریانەی کە ژیانی شاری لەگەڵ خۆیدا دەیهێنیت.
ب- مۆدە؛ زیمێل بە ئاماژەدان بە خواست و داگەڕانی دژواز بە یەکێکزانین و یەکدانانی تاک لەگەڵ کۆمەڵگا و جودایی تاک لە کۆمەڵگا دەست پێ دەکات. ئەم دژوازییە لەسەر ئاست و ڕووکاری جۆراوجۆر کاریگەریی دادەنێت. لە ئاستی زیندەوەرناسانەدا دژوازیی لە نێوان جینات و گۆڕانکارییە. هیچ شێوە ژیان و هیچ جۆرە کۆمەڵگایەک بوونی نییە کە ئارەزووەکانی مرۆڤ پڕ کاتەوە. بە دەربڕینی دەروونناسانە، لایەنی گونجاندن یان خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی لەڕێگەی حەزکردن بۆ لاساییکردنەوە ختووکەدەدرێت و بەهێز دەبێت، کە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم خواستی داهێنان و خواستی بەرپرسایەتی لە هەمبەر کرداردا و دەیخاتە ئەستۆی “ئەویدی”. ئەو ڕەنگە تا ڕادەیەکی دژواز مەبەستی بوو کە پێشان بدات “مۆد” یان “مۆدە” یەکێک لەو شیوازانەیە کە تاکەکان لەڕێگەیەوە تێدەکۆشن ئازادیی دەروونییان بپارێزن. ئامادەبوون بۆ ملکەچبوون لە هەمبەر هۆکارە کاریگەرە دەروونییەکانی مۆدە باوەکان و گرێدراوێتی بە مۆدەکانەوە، نیشاندەر و ڕەنگدانەوەی ئامادەییە بۆ چاوپۆشیکردن لە سەربەخۆیی “خود”ە. بەڵام ئەمە تەنها پەیوەستە بە هۆکارە دەرەکیەکانی ژیانەوە. ئەم ئامادەییە بوار بە تاک دەدات تاکوو سەرنجی خۆی بۆ پاراستنی ئازادیی دەروونیی خۆی چڕ بکاتەوە.
سەرچاوە: استونز، راب؛ متفکران بزرگ جامعهشناسی، مهرداد میردامادی، تهران، مرکز، 1379، چاپ اول.
وەرگێڕ: سۆزان سەعید