له سه‌رده‌مانی کۆندا؛ هه‌ندێكجار کۆمه‌ڵێک پرسیاری کۆن و بێکه‌ڵک له‌م چه‌شنانه‌ی خواره‌وه ده‌خرایه ڕوو؛ ئیشق به‌کاری چی دێت؟ ژیان بۆچی باشه؟ مرۆڤ به‌که‌ڵکی چی دێت؟ ئاوه‌ها پرسیارانێک له ئێسته‌شدا حیکایه‌ت له داماوی و ده‌سته‌وه‌ستانیی له هه‌مبه‌ر چاخی نوێیه و بۆ کولتووری جیهانیی دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیداره و نیشانه‌یه‌که له پاشکهکشی له هه‌مبه‌ر کات و هه‌وه‌ها ئاماژه‌یه بۆ پووکانه‌وه‌ی ده‌روونیی و لانیکه‌م کوژانه‌وه‌ی توانایی و وزه‌ی داهێنانی هونه‌رییه.
هونه‌رمه‌نده مه‌زنه‌کانی ڕابردوو؛ له‌وانه‌ش به‌لزاکی مه‌زن، کاتی به‌نرخی خۆی به‌م جۆره بیرکردنه‌وانه به‌فیڕۆ نه‌ده‌دا. ئه‌وان به ئه‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه ده‌رهاوێشته‌ی لێهاتوویی و هه‌ڵکه‌وتوویی خۆیان هه‌ڵده‌گرت و ده‌ستیان ده‌دایه هەوڵێکی ماندوونه‌ناسانه و باکیان به تێپه‌ڕینی شه‌و و ڕۆژ نه‌بوو و له‌گه‌ڵ سامناکترین ئه‌هریمه‌نه‌کانی سه‌رده‌می خۆیاندا ده‌ستیان ده‌دایه زۆرانبازییه‌کی بێ هاوتا. ئه‌وان لێوانلیو بوون له هه‌ڵقوڵانی ژیان و ئه‌گه‌ر ئیشقیان تاقی کردووه‌ته‌وه ئه‌وا له ئه‌نجامی ئه‌و ئیشقه‌دا مناڵان و وه‌چه‌ی زۆر و زه‌به‌ندیان خستووه‌ته‌وه که ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هه‌موو کات جوان و شۆخ و شه‌نگ هه‌ڵنه‌که‌وتوون ئه‌وا توخمێکی ته‌ندروست و پڕ وزه بوون که خزمه‌تی زۆریان به مرۆڤایه‌تی کردووه. دامه‌زرێنه‌ران و سهرپشکانی ئه‌ندێشه مه‌زنه‌کان هێزه خواپێداوه‌کانی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م مشت و مڕه بێ ئه‌نجامانه خه‌سار نه‌ده‌کرد که گوایه ژیان و خۆره‌تاو و مرۆڤ به کاری چی دێن و بۆ چی باشن. ئه‌وان کاتی زیاده‌یان نه‌بوو تا به‌فیڕۆی بده‌ن. ئه‌وان کیشوه‌ره نهناسراوهکانیان ده‌دۆزییه‌وه و سه‌رکه‌وتنه‌کانیان لە هەڵا دەدا و به بۆنهیانهوه جهژیان ده‌گرت. یان له شکسته‌کان خەمگین و خه‌فه‌تبار ده‌بوون. ئه‌وان ئه‌و پێتهختانهیان بونیات ده‌نا که سه‌رده‌می گه‌شانه‌وه‌یان له سه‌ده‌یه‌ک تێنه‌ده‌په‌ڕی و په‌یکه‌ره‌ی شکۆداریان ده‌بوو به خه‌مڵێنه‌ری مێژووی ژیاننامه‌کان و هه‌ندێ جار مهرگیئهوان نه‌ک به هۆی ماندوویه‌تی یان خه‌م و په‌ژاره به‌ڵکوو له خه‌فه‌تی ئه‌مه‌دا بوو که بۆچی چوار قات زیاتر کاریان نه‌کردووه و بۆچی ئامانجه‌کانی خۆیان به ته‌واوه‌تی نه‌پێکاوه و ده‌ستیان نه‌خستوون. که‌واته له کوێ‌ڕا ئه‌م ئه‌نجامه قوت ده‌بێته‌وه که له‌م چرکه‌ساته دیاریکراوه مێژووییه‌دا کاری مرۆڤ و هه‌روه‌ها وه‌کوو هه‌ندێک ده‌ڵێن ڕۆمان کۆتایی پێ هاتووه و مردووه؟ ئایا به‌ڕاستی وه‌کوو ئه‌مانه ده‌ڵێن ئیتر که‌شف و دۆزینه‌وه بێکه‌ڵک و به‌هایه و ئایا هیچ هۆیه‌ک نییه بۆ درێژه‌دان و به‌رخۆدان و ئایا دیمه‌نه‌کانی داهاتووی دنیا هێنده ڕه‌ش و تاریکن که مه‌خابن ئیدی له‌دایکبوون هیچ به‌ها و نرخێکی نییه؟
له‌م قسه بێ سوودانر گه‌ڕێین، من ده‌مه‌وێت به‌رگری له ڕۆمان بکه‌م، من بۆ هه‌موو ئامرازه سواوه‌کان و هه‌موو شتومه‌که باوه‌کان به‌ها و بایه‌خێکی زۆر داده‌نێم؛ ئه‌م ئامرازانه خزمه‌تکاره ملکه‌چه‌کانی ئیراده‌ی داهێنه‌رانه‌ی ئێمه و درێژکراوی ده‌ست و خواستی مرۆڤن. من شمشێره سواوه کۆنه‌کان له شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه، من قه‌ڵه‌مه کۆنه نیگاردارهکان و یان ته‌نانه‌ت ئه‌و قه‌ڵه‌مه‌ی قوتابیی قوتابخانه‌یه‌ک به‌کاری ده‌هێنا و له مۆزه‌ی داستایۆفسکی له مۆسکۆ هه‌ڵگیراوه و کتێبی برایانی کارامازۆفی پێ نووسراوه-م خۆش ده‌وێ. به‌ڕاستی نابێ ئاوه‌ها ئامرازێک تووڕ بدرێ. ئه‌م ئامرازه له ده‌ستی وه‌ها ههڵکهوتوویهکدا، ئه‌گه‌ر ئه‌جه‌ل مه‌جالی بدایە، ده‌یتوانی کۆمه‌ڵێک گه‌نجینه‌ی ئه‌ده‌بیی دیکه زیاد بکاته سه‌ر خه‌رمانی کو‌لتوور و مه‌عریفه‌ی مرۆیی. به کورتی و کوردییه‌که‌ی ڕۆمان ئامرازێکی باڵایه که خزمه‌تی زۆری به مێژووی کو‌لتوور کردووه. ته‌نها گه‌شه‌کردنی ئه‌م ژانره له نیوسهدهی داهاتوودا ئه‌مه‌یه که توانایی ئێمه بۆ بیرکردنه‌وه و وێنه‌کێشان له ڕووبه‌رێکی شایسته‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی ئێستای وشیاریی و زه‌ینی ئێمه، چه‌ند قات زیاد ده‌کات.
ڕه‌نگه من به‌ڕاستی هێنده به‌خته‌وه‌ر نه‌بووبم به‌ڵام ئه‌و ڕؤمانانهی هاوچه‌رخ و وه‌کوو ده‌ڵێن داهێنه‌ر که به هه‌ڵکه‌وت ده‌ستم که‌وتوون من ده‌خه‌نه‌وه یادی کێبڕکێی لێخوڕێنی ترۆمبیل به‌و پێچه سامناک و دژوارانهیانهوه، به‌ڵام به‌شیوه‌یه‌کی به‌رده‌وام له خولێکی داخراو و به زۆری به کۆمه‌ڵیک مه‌کینه‌ی لاواز و داشقه، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر و زه‌به‌ندی هه‌راوهۆریا و خۆنواندن بۆ قه‌ره‌بووی ئه‌و لاوازی و داشقهبوونه. ئه‌م داهێنانه‌ی ئه‌وان بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرد به ته‌واوه‌تی خۆی له هه‌وڵه فۆرم و شێوازییهکاندا ده‌بینییه‌وه که ده‌په‌رژایه سه‌ر داماوی و ناشایستهبوونی مرۆڤ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک وێنه و دیمه‌نی باڵکێشی به‌تاڵ و بێ ناوه‌رۆک له ناو دنیایه‌ک له هه‌ستی ناههست و سۆزی سووک و چرووک، و له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به‌شێوه‌یه‌ک لێل و پێڵ و چه‌ند لایه‌ن بوون که هه‌ندێک له خوێنه‌ران ئه‌گه‌رچی ته‌نانه‌ت ئاوه‌ها ئهدهبێکیشیان خۆش بوێت ئه‌وا نه‌ک بۆ شکاندنی تینوێتیی ده‌روونی یان پته‌وکردنی ئیمانی له‌رزۆکی خۆیان به‌نیسبه‌ت به‌هاکانی ژیانی مرۆڤه، به‌ڵکوو به‌هۆی داڕزاوی و په‌رته‌وازه‌یی و چرووکییه یان ته‌نانه‌ت له‌مانه‌ش خراپتر. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، زۆربه‌ی خوێنه‌ران که له‌گه‌ڵ هه‌بوونی کۆمه‌ڵێک په‌ژاره و خه‌مۆکیی جۆراوجۆر، هێشتا زه‌ین و ڕۆحیان گه‌نده‌ڵ نه‌بووه به هیوای بیستنی شتێک که بتوانێت هێزه‌کانی ئه‌وان دوو قات بکاته‌وه و ڕیگای ژیانیان بۆ هه‌موارتر بکات دیسان به ئیشق و ئیمانه‌وه به‌ره‌و ئێمه‌ی نووسه‌ر هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن.
کاتێک نووسه‌ر توانایی نییه و ده‌ترسێت خۆی بخاته ململانێ و گفتوگۆیه‌کی تووندوتۆڵ و جیدی له‌گه‌ڵ خوێنه‌رانی وریا و پێگەیشتوو-واته ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی که له ململانێی ژیاندا بریندار بوون یان له کاری ڕۆژانه ماندوو بوون- و له ئه‌نجامدا خۆی له چاویان ده‌دزێته‌وه و ده‌چیته ناو نهۆمه به‌رزه‌کانی ژیانی تاکه‌که‌سیی خۆی یان ڕێگای بیابان و خه‌ڵوه‌ت ده‌گرێته به‌ر یان لاتهریکێکی دیکه بۆ خۆی ده‌دۆزێته‌وه: له ڕاستیدا ئه‌مه‌یه سه‌رچاوه‌ی ته‌نهایی نووسه‌ر. له ئێستادا هه‌ر ئه‌دیب و خه‌تیبێک که بیه‌وێت به جیددی بیر بکاته‌وه حه‌سره‌ت و خۆزگه‌ی بیابان و خه‌ڵوه‌تێکی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه. لێره‌دایه که کێشه‌ی قووڵی په‌یوه‌ندیی هونه‌رمه‌ند و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا دێته پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر بمه‌وێت، به خستنه‌ڕووی نموونه‌یه‌کی ڕوون، ماهییه‌ت و چییه‌تی ئه‌م لێکدژییه پێشان بده‌م، ململانێی نێوان دوو ڕه‌وت له‌م پرسیاره‌دا کورت و زه‌ق ده‌که‌مه‌وه؛ له دواجاردا هاملێت ده‌بێت چ بکات؟ ئایا ده‌بێت هه‌ر وه‌کوو هه‌مان حه‌کیمی غه‌مگینی داماو بمێنێته‌وه و نه‌ک ته‌نها به‌هۆی برینی کاریی شمشیره‌وه به‌ڵکوو به‌هۆی په‌ژاره‌ی ده‌روونییه‌وه بمرێت یان نا، به پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێت کلادیۆسی قێزه‌ون خه‌ڵتانی خوێن بکات و له‌گه‌ڵ ده‌روونپیسی و بێشه‌رمیی ئه‌ودا بکه‌وێته زۆرانبازی تا پاش ئه‌وه بتوانێت بنه‌مای ڕیوڕه‌سمی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست هه‌ڵوه‌شێنێت و ده‌ست بداته زنجیره‌یه‌ک چاکسازیی زه‌وینداری و یاسایی له به‌رژه‌وه‌ندی جووتیاران و کرێکارانه‌وه؟.
له کۆنگره‌ی ئیدیمبورو ڕایانگه‌یاند که نووسه‌ر ئازاده تا له نێو ده‌رکه‌وته جۆراوجۆره‌کانی ڕۆحی مرۆڤ هه‌ر بابه‌تێک که ده‌یه‌وێت هه‌ڵیبژێرێت و باسی بکات. ته‌نانه‌ت مافی خۆیه‌تی کتێبانێک به مانای چه‌ند لایه‌نه بنووسێت و قێزهنترین کرده‌وه سووکه‌کان و ڕهشاییترین تاریکییه‌کانی مرۆڤ، هه‌ر له به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه بگره تاکوو خه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مه‌کان، به تێروته‌سه‌لی باس بکات تاکوو له ئه‌نجامدا ڕۆمانه‌کانی ئه‌و ببێت به بابه‌تی نامه‌کانی توێژینه‌وه بۆ ناسینی دانه به دانه‌ی گوناهه‌کانی مرۆڤ. چاکبوون یان شهڕبوونی هه‌ر کام له‌م کرده‌وه سووکه سێکسییانه ده‌کرێت به‌م پێوه‌ره هه‌ڵسه‌نگێنین که هیچ وه‌چه و به‌رێکی لێ ناکه‌وێته‌وه و ته‌نها بۆ چێژه! ڕه‌نگه ئه‌م ڕه‌خنه‌یه له من بگرن که ئه‌م ڕۆمانانه‌ی تۆ باسی ده‌که‌ی به‌م ناوه‌رۆکانه‌وه له په‌راوێزی ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژئاوادان به‌ڵام من له وه‌ڵامدا ده‌ڵێم ئه‌ی هاوڕێیان و هاوکاره به‌ڕێزه‌کان ئه‌مانه له ناو ئێمه‌دا ده‌ژین.
له ڕێگه‌ی ئه‌م ڕۆمانانه‌یه که مه‌ترسیدارترین گه‌نده‌ڵییه ده‌روونییه‌کان ده‌گوازرێته‌وه بۆ تاک به تاکی کۆمه‌ڵگا و له ئه‌نجامیشدا سه‌رچاوه گشتییه‌کان به‌ته‌واوه‌تی لێڵ و لیخن ده‌بن و له‌سه‌ر پیرۆزترین ڕووبهرگهکان پیسترین گه‌راکان ده‌رژێنرێت. به‌ڕای من “ئاڤهماریا” یه‌کێکه له دره‌وشاوه‌ترین شاکاره‌کانی مرۆڤ. من حه‌وته‌یه‌ک پێش ئێستا و به‌ر له هاتنم بۆ لینینگراد ئه‌م گۆرانییه‌م به هه‌ڵکه‌وت له ڕادیۆدا بیسته‌وه و ئاگادار بووم که چۆنچۆنی له‌توپه‌تیان کردووه و له‌ڕێگه‌ی سامناکترین و دڕترین مۆسیقاره ئههریمهنییهکانهوه پێشکه‌شی ده‌که‌ن، من به دروستی نازانم که ناوی ئه‌م سه‌ما پڕخرۆشانه که بوو به باو له ڕۆژئاوادا چییه. ته‌نها ده‌زانم که‌ئه‌مانه ڕاسته‌وخۆ له دۆزه‌خ یان یه‌کێک له ژوورهکانییهوه له‌سه‌ر زه‌مین هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه. ئایا له دنیا شه‌ریفی ڕۆژئاوادا که‌سێک نییه زمانی ڕه‌خنه هه‌ڵسووڕێنێت؟ که‌سێک په‌یدا نابێت که ئه‌م بازرگانییه به هونه‌ره‌وه سووک و ڕیسوا بکات؟ به‌ڵی ئه‌مانه خودایان له هه‌مبه‌ر شه‌یتان قوربانی کردووه. له هه‌موو ئه‌مانه‌وه وا تێده‌گه‌ین که به‌ڵێ، ڕۆژئاوای بۆرژوا گه‌یشتووه به‌م ڕسته چڕ و پڕه‌ی داستایۆفسکی که “هه‌ر کارێک گونجاوه.
سه‌رچاوه: وظیفهی ادبیات، ترجمه ابوالحسن نجفی، چاپ دوم، 1364، نشر زمان، تهران.
نووسین؛ لئونید لئۆنۆڤ-ڕووسیا
وه‌رگێڕان؛ حه‌میده حه‌سه‌ن