“لە تەقاندنەوەى پەیجەرەکانەوە تا تیرۆرکردنی نەسروڵڵا”
سێ رۆژنامەنووسى ئەمەریکى لە بەواداچونێکدا وردەکارى هەوڵەکانى دەزگاى مۆسادى ئیسرائیلى بۆ دزەکردنە ناو ریزەکانى حزبوڵڵاى لوبنانى ئاشكرا دەکەن. ئەوان بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە بیست بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل، هەروەها بەرپرسانى ئەمەریکی و ئەوروپی، دەڵێن؛ پرۆسەى تەقاندنەوەى پەیجەرەکان و تیرۆرکردنى نەسرولڵا، دەرئەنجامی دوو دەیە کاری هەواڵگریی سیستماتیکی بووە. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، رايدەگەیەنێت ئەو بیست بەرپرسەى چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە، ڕەتیانکردووەتەوە ناسنامەیان ئاشکرا بکەن، چونکە باسیان لە ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکان کردووە. بەوتەى ئەو بەرپرسانە سەرەتاى هەوڵەکانى ئیسرائیل بۆ دزەکردنە ناو ریزەکانى حزبوڵڵا بۆ ساڵی (٢٠١٢) دەگەڕێتەوە. لەوکاتە بەدواوە سیخوڕەکانی ئیسرائیل توانيويانە ئامێری گوێگرتن لە حەشارگەکانی حزبوڵڵادا بچێنن و بە شێوەیەکى نیمچە بەردەوام چاودێرى جموجۆڵى سەرکردەکانى ئەو گروپە چەکدارە بکەن.
“دوایین ساتەکانى نەسروڵڵا”
ڕۆژی (27/ئەيلول/2024)، حەسەن نەسروڵڵاى ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، لەناو حەشارگەیەکى حزبوڵڵادا بوو کە چل پێ لەژێر زەویدا بوو، یاریدەدەرەکانی داوایان لێکرد بچێتە شوێنێکی ئارامتر، بەڵام ئەو گوێی پێنەدان. ئەو لەو کاتەدا بێئاگا بوو لەوەى کە ساڵانێکە دەزگا سیخوڕیەکانی ئیسرائیل بەدواداچوون بۆ هەموو جوڵەیەکی دەکەن. دوای ماوەیەکی کەم لە ئامۆژگاری یاریدەدەرەکانی، فڕۆکە ئێف پازدەکانى ئیسرائیل بە هەزاران کیلۆ تەقەمەنییان بەردایەوە و حەشارگەکەیان بەسەر نەسروڵڵا و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی حزبوڵڵای لوبنانیدا خاپورکرد. ڕۆژی دواتر تەرمی نەسروڵڵا لەگەڵ ژەنەراڵێکی باڵای ئێرانی کە لە لوبنان بوو، دۆزرایەوە كە هەردووکيان خنکا بوون.
دوو بەرپرسی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، لەبارەى چۆنێتى کوشتنی نەسروڵڵا و سەرکردە باڵاکانی دیکەی گرووپەکەى، هەواڵگری ئیسرائیل و هێزی ئاسمانی بۆ ماوەی ساڵێک نزیکەی چل تاقیکردنەوەى جەنگیان ئەنجامداوە. ئەو بەرپرسانە دەیانویست دڵنیاببنەوە لەوەی کە دەتوانن لەیەک کاتدا بیانکەنە ئامانج، تەنانەت ئەگەر لە هەمان شوێنیش نەبن. بە گوتەی دوو بەرپرسی بەرگری ئیسرائیل و بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی، لەکاتێکدا بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل سەرقاڵى مشتومڕ بوون، دەزگاى هەواڵگری زانیارییەکی نوێی پێگەیشت کە نەسروڵڵا بەنیازە بچێتە حەشارگەیەکی جیاواز، کە بە ئامانجکردنی زۆر قورستر دەبێت. بۆیە رۆژى (26ی ئەیلول)، لەکاتێکدا نەتانیاهۆ خۆی ئامادە دەکرد بۆ گەشتکردن بۆ نیویۆرک، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵا سیاسی و هەواڵگری و سەربازییەکانى کۆبوویەوە، بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر کوشتنى نەسروڵا. هەروەها دەبوو پێشوەختە بڕیار بدەن کە ئایا ئەمەریکا ئاگادار بکەنەوە یان نا.
لای خۆیەوە نەتانیاهۆ و ڕاوێژکارە باڵاکانی دیکە دژی ئاگادارکردنەوەی ئیدارەی بایدن بوون، پێیانوابوو بەرپرسانی ئەمەریکا پەلامارەکە ڕەتدەکەنەوە، تەنانەت ئەگەر ئاگاداریش نەکرێنەوە، بەڵام ئەگەر ئێران وەڵامی هێرشەکەى دایەوە، ئەوا ئەمەریکا بەرگری لە ئیسرائیل دەکات. بۆیە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی واشنتۆن ئاگادار نەکەنەوە.
ناتانیاهۆ ڕۆژی دواتر گەیشتە نیویۆرک، تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی وتارەکەى لەسەر سەکۆى نەتەوە یەکگرتووەکان بخوێنێتەوە، ڕەزامەندی لەسەر کوشتنى نەسروڵا دەربڕی. کەچى لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد حیزبوڵڵا دەستى بەسەر لوبناندا گرتوە. پاشان وتى: “مەهێڵن نەسروڵڵا لوبنان پەلکێشى ناو ئاگر بکات”.
“چاندنى سەرچاوەکان”
لە ساڵى (2006) حزبوڵڵا دوو سەربازی ئیسرائیلی ڕفاند و پاشان کوشتنى. ئەم رووداوەش شەڕێکى خوێناوی لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵادا لێکەوتەوە کە ماوەى (34) رۆژى خایاند. شەڕەکەش بە کشانەوەى ئیسرائیل لە لوبنان کۆتایهات. ئیسرائیل ئەو شەڕەى بە مایەى سەرشۆڕى بۆ خۆى دەزانى. بۆیە دواى تەواوبوونى شەڕەکە، تەلئەبیب لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەى پێکبهێنا و ژمارەیەک ژەنەڕاڵى باڵاى ناچارکرد دەست لەکار بکێشنەوە، هەروەها سەبارەت بە کوالیتی زانیارییە هەواڵگرییەکان، لێپرسینەوەى لە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری کرد. بە وتەی سێ بەرپرسی پێشووی ئیسرائیل، سەرەتاى هەوڵەکانى ئیسرائیل بۆ دزەکردنە ناو ئەندام و بارەگاکانى حزبولڵا، هەر لە رۆژانى شەڕەکەوە دەستیپێکرد، سەرەتا لەڕێگەى کۆکردنەوەى زانیارى بوو لەسەر موشەکى فەجر کە حزبوڵڵا بەکاریدەهێنا. لەڕێگەى دانانى ئامێڕێکى چاودێرییەوە توانیان زانیاری کۆبکەنەوە لەبارەی ئەو تەقەمەنیانەی کە لەناو بنکە سەربازییە نهێنییەکان و کۆگا مەدەنیەکان و ماڵە تایبەتەکاندا شاردرابوونەوە. لە ئاکامدا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆردومانی ئەو شوێنانەی کرد و بەو هۆیەوە مووشەکەکان لەناوبران.
بەدرێژایی ساڵانی دوای شەڕەکە، نەسروڵڵا ئیسرائیلی بە تۆڕی جاڵجاڵۆکە چواند و پێیوابوو گرووپەکەى لەهەر ململانێیەکی دیکەدا لە دژی ئیسرائیل سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت. لە بەرانبەردا بەگوتەی دە بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمەریکا و ئیسرائیل، لەکاتێکدا حزبوڵڵا سەرقاڵى خۆڕێکخستنەوە بوو، مۆساد تۆڕى سەرچاوە مرۆییەکانى لەناو ئەو گروپەدا چاند و فراوانتریشى کرد، بەجۆرێک دواى جەنگەکە، مۆساد لەڕێگەى چەندین بەکرێگیراوى لوبنانیەوە یارمەتی حزبوڵای دا بۆ دروستکردنی حەشارگە نهێنییەکانى. بەوتەى دوو بەرپرس، مۆساد لەو رێگەیەوە زانیاری لەسەر حەشارگەکان کۆکردۆتەوە و چاودێری کردوون. ئەو زانیارییانەشى دەستیکەوتوە، ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لێ ئاگادار کردۆتەوە.
“چالاکییەکانى یەکەى (٨٢٠٠)”
یەکەی (٨٢٠٠)ی ئیسرائیل-کە هاوتای ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکایە- بە وتەى پێنج بەرپرسی بەرگری ئێستا و پێشوو لە ئیسرائیل و ئەوروپا، لە ساڵى (2012)دا ئەو یەکەیە گەنجینەیەک زانیارى لەبارەى شوێنی سەرکردەکانی حزبوڵڵا و حەشارگەکانیان و پاتری موشەک و تۆپهاوێژەکانیان دەستکەوتوە. دواى دەستکەوتنى ئەو زانیارییانە، دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناتانیاهۆى دڵنیا کردۆتەوە ئەگەر بێتو هەڕەشەکانى خۆى بباتە سەر و هێرش بکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئەوا سوپای ئیسرائیل دەتوانێت حزبوڵڵا بێلایەن بکات و توانای وەڵامدانەوەى نەبێت. بە گوتەی بەرپرسانی ئێستا و پێشووی بەرگری ئیسرائیل کە ئاگاداری کۆبوونەوەکەن، ماوەیەکی کەم دواى ئەو ئۆپەراسیۆنە، ناتانیاهۆ سەردانی بارەگای یەکەی (٨٢٠٠)ی لە تەلئەبیب کرد. لەم سەردانەدا بەرپرسی یەکەکە بە چاپکردنی کۆمەڵە زانیارییەکی زۆر نمایشێکی ئەنجامدا، کە کۆمەڵە کاغەزێکی زەبەلاحی لێ بەرهەم هات. ناوبراو لە تەنیشت کەرەستەکان وەستا و بە ناتانیاهۆی گوت: “ئێستا دەتوانن هێرش بکەنە سەر ئێران”، بەڵام ئیسرائیل هێرشەکەی نەکرد.
لە ماوەی ساڵانی دواتردا، دەزگا سیخوڕیەکانی ئیسرائیل دەستیانکرد بە پاڵاوتنی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە لە ئۆپەراسیۆنی پێشوودا کۆیانکردبووەوە، تاوەکو زانیاریگەلێک بەرهەم بهێنن کە بتوانرێت لە ئەگەری شەڕ لەگەڵ میلیشیا لوبنانییەکاندا بەکاربهێنرێت. بەگوێرەی بەرپرسانی بەرگری ئیسرائیل کە ئاشنان بەو زانیارییە هەواڵگرییانە، کاتێک شەڕی ساڵی (٢٠٠٦) کۆتایی هات، ئیسرائیل خاوەنی “مەکۆیەک ئامانج” بوو کە نزیکەی (٢٠٠) فەرماندەى حزبوڵای لوبنان و کۆگای چەک و حەشارگەى مووشەکەکانى لەخۆدەگرت.
“چیرۆکى بەرهەمهێنان و فرۆشتنى پەیجەرەکان”
ئیسرائیل پلانى داڕشت لە ئەگەرى هەڵایسانى شەڕ لەگەڵ حزبولڵادا، هەوڵى خاپورکردنى میلیشیاکە لە ناوەوە بدات. بۆیە بە وتەی شەش بەرپرسی بەرگری ئێستا و پێشووی ئیسرائیل، یەکەی (٨٢٠٠)ی ئیسرائیلی و مۆساد پلانێکیان داڕشت بۆ دابینکردنی ئامێرى بێتەلى مینڕێژکراو بۆ حزبوڵڵا کە دەکرێت لە کاتێکی داهاتوودا بتەقێنرێتەوە. لەناو کۆمەڵگەی هەواڵگری ئیسرائیلدا، ئامێرەکان بە “دوگمە” ناسرابوون، کە دەتوانرا لەهەر ساتێکدا کە تەلئەبیب بیەوێت بتەقێنرێنەوە. دیزاین و بەرهەمهێنانی “دوگمەکان” تاڕادەیەک سادە بوو، ئەندازیارانی ئیسرائیلى شارەزا بوون لە دانانی تەقەمەنی (PETN) لەناو پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا و کردیان بە بۆمبی بچووک. دروستکردن و فرۆشتن و تەقاندنەوەى بێتەلەکان، یەکێک لە سەختترین ئۆپەراسیۆنەکانى مۆساد بوو، چونکە نزیکەی دە ساڵى خایاند. لەم ماوەیەدا ئیسرائیل حزبوڵاى فریودا و ناچاریکرد کەرەستەی سەربازی و پەیوەندیکردن لە کۆمپانیا ساختەکانی ئیسرائیل بکڕن.
لە ساڵی (٢٠١٤) کاتێک کۆمپانیای تەکنەلۆژیای ژاپۆنی (iCOM) وازی لە بەرهەمهێنانی ئامێرە بێتەلە بەناوبانگەکانی (IC-V82 walkie-talkie) هێنا، ئیسرائیل ئەو دەرفەتەی قۆستەوە. ئەو ئامێرانە سەرەتا لە ئۆساکای ژاپۆن کۆدەکرانەوە، بەڵام هێندە ناوبانگیان هەبوو کە لە سەرانسەری ئاسیادا کۆپی لەسەر دروستدەکرا، پاشان لەرێگەى ئۆنلاین و لە بازاڕی ڕەشدا دەفرۆشرا. بە گوتەی هەشت بەرپرسی ئیسرائیلى و ئەوروپی و ئەمەریکى، دواى ئەوەى یەکەی (8200) زانیویەتی کە حزبوڵڵا بەدوای هەمان ئامێردا دەگەڕێت تاوەکو بۆ هەموو هێزەکانی دابینى بکات، لەگەڵ چاکەتێکی تایبەت کە لە سینگەکەیدا گیرفانێک هەبێت بۆ هەڵگرتنى ئەو ئامێرە، ئیسرائیل دەستیکردووە بە دروستکردنی کۆپى تایبەتی خۆی لە بێتەل بە گۆڕانکارییەکی بچووکەوە، لەوانەش کۆکردنەوەی ماددە تەقەمەنیەکان لەناو پاترییەکانیاندا.
بەوتەی هەندێک لە بەرپرسان، یەکەم کۆپی دروستکراوی ئیسرائیل لە ساڵی (٢٠١٥)دا گەیشتۆتە لوبنان و لەکۆتاییدا زیاتر لە پازدە هەزار دانەى ڕەوانەی لوبنان کراوە. بە وتەی سێ بەرپرس، لە ساڵی (٢٠١٨) ئەفسەرێکی مۆساد پلانى تەقاندنەوەى بێتەلەکانى داڕشت، بەڵام سەرکردەکانی هەواڵگری ئیسرائیل پلانەکەیان دواخست، چونکە لەوکاتەدا حزبوڵڵا بەشێوەیەکى بەربڵاو بێتەلى بەکارنەدەهێنا. بەوتەى دوو ئەفسەری مۆساد، سێ ساڵ دواتر توانای ئیسرائیل بۆ هاککردنی مۆبایل زیاتر گەشەى کردووە، بۆیە حزبوڵڵا و ئێران و هاوپەیمانەکانیان بەوریاییەوە مۆبایلە زیرەکەکانیان بەکارهێناوە. پاشان ئەفسەرانی ئیسرائیلی لە یەکەی (٨٢٠٠) لەڕێگەى سۆسیال میدیاوە چەندین راپۆرتیان بە زمانى عەرەبى بڵاوکردەوە کە باسیان لە توانای ئیسرائیل بۆ هاککردنی مۆبایلەکان دەکرد.
دواى ئەو هەنگاوانەى ئیسرائیل؛ سەرکردایەتی حزبوڵڵا بڕیاریدا لە ترسی هاککردنی مۆبایلە زیرەکەکان، بەکارهێنانی ئامێرە بێتەلەکان فراوانتر بکەن، چونکە تەنها بۆ ناردنی نامە بەکاردێت و شوێنى بەکارهێنەریش ئاشکرا ناکات، جگەلەوەى کامێرا یان مایکرۆفۆنیان تێدا نییە تاوەکو بتوانرێت هاک بکرێن. بەوتەى هەشت بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئیسرائیل، دواى ئەوەى میلیشیا لوبنانییەکان دەستیانکردوە بە گەڕان بەدوای ئامێری بێتەل کە بۆ بارودۆخی شەڕ بەهێز بێت. لەو کاتەدا ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل چاویان بە ئۆپەراسیۆنی بێتەلەکاندا خشاندۆتەوە و کاریان کردوە بۆ دروستکردنی تۆڕێک لە کۆمپانیا ساختەکان بۆ شاردنەوەی بنەچەی خۆیان و فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بەو گرووپە.
ئەفسەرانی هەواڵگری ئیسرائیل مارکەی تایوانی “گۆڵد ئەپۆلۆ”یان کردە ئامانج کە بە بەرهەمەکانی “پەیجەر” ناسراوە. لە مانگی ئایاری (٢٠٢٢)دا کۆمپانیایەک بەناوی “BAC Consulting” لە شاری بوداپێست لە هەنگاریا تۆمارکرا. دوای مانگێک لە شاری سۆفیا لە وڵاتی بولگاریا کۆمپانیایەکى دیکە بەناوی «Norta Global Ltd» بەناوی هاووڵاتییەکی نەرویجی بەناوی ڕێنسۆن خۆسێ تۆمارکرا. کۆمپانیای (BAC Consulting) مۆڵەتێکی لە کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ کڕی بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی نوێی پەیجەر کە بە (AR-924 Rugged) ناسراوە. ئامێرە نوێیەکە گەورەتر بوو لە ئامێرەکانی ئێستای گۆڵد ئەپۆلۆ، ریکلامى ئەوەشان بۆ کرد کە تەڕ نابێت و تەمەنی پاترییەکەشی لە ئامێرە ڕکابەرەکانی درێژترە. بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، بە سەرپەرشتی مۆساد ئەو ئامێرانە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا بەرهەمهێنران. پاشان لەڕێگەى دەڵاڵەکانەوە، بریکارەکانی مۆساد دەستیانکردووە بە فرۆشتنى ئامێرەکانی پەیجەر بە بریکارەکانی حزبوڵڵا و تەنانەت لەکاتى کڕینیدا بە جوملە داشکاندنیان لە نرخەکەیدا کردووە.
بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار، مۆساد یەکێک لەو ئامێرانەى بەبێ هیچ تەقەمەنییەکی شاراوە، لە مانگی ئازاری (٢٠٢٣)دا خستۆتە بەردەستى نەتانیاهۆ. پێدەچێت نەتانیاهۆ گومانی لە کوالیتى ئامێرەکان هەبوبێت، بۆیە پرسیاری لە دەیڤید بارنیاى سەرۆکی مۆساد کردوە کە شکاندنی چەندە ئاسانە. بارنیاش دڵنیای کردۆتەوە کە بەهێزە. بەڵام ناتانیاهۆ قەناعەتی پێ نەهاتوە، بۆیە لەناکاو هەستاوە و ئامێرەکەی بە دیواری ئۆفیسەکەیدا کێشاوە. دیوارەکە درزى بردوە، بەڵام پەیجەرەکە هیچى لێنەهاتووە. لە پایزى (2023)دا، ئەو کۆمپانیایەى وەک واجیهەیەک بۆ مۆساد کاریدەکرد، یەکەم وەجبەی ئامێرەکانی پەیجەری بۆ حزبوڵڵا نارد.
“گومانەکانى حزبوڵڵا”
کاتێک لە (7/ئۆکتۆبەر/2023) حەماس هێرشێکى لەناکاوى کردە سەر ئیسرائیل، بەرپرسانى ئیسرائیل کەوتنە تاوتوێکردنى ئەوەى ئایا لەگەڵ وەڵامدانەوەى حەماسدا، دەبێت شەڕێکی سەرتاسەری دژ بە حزبوڵڵاش دەستپێبکەن یان یان نا؟ هەندێک لە کاربەدەستانى ئیسرائیل، لەوانە یواڤ گالانتى وەزیری بەرگری پشتگیری لە بیرۆکەی هێرشکردنە سەر حزبوڵڵا دەکرد و بە “دوژمنێکی سەرسەخت” ناوى دەبرد، چونکە رۆژێک دواى پەلامارە کتوپڕەکەى حەماس، وەک هاوسۆزییەک لەگەڵ حەماسدا، چەندین موشەکى بە ئاراستەی ئیسرائیلدا تەقاند. رۆژى (11ی تشرینی یەکەمی 2023)، دواى پەیوەندى تەلەفۆنى لەنێوان جۆ بایدنى سەرۆکى ئەمەریکا و نەتانیاهۆ، کابینەى جەنگى ئیسرائیل بڕیاردەدات خۆیان لە کردنەوەی بەرەیەکی نوێى جەنگ لەگەڵ گروپەکانى لوبنان بەدوور بگرن. بەڵام بەرپرسانی سەربازی و هەواڵگری بەردەوام بوون لە وردکردنەوەی پلانەکانیان بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵادا. بەوتەی سێ بەرپرسی بەرگری ئیسرائیل، شرۆڤەکارانی هەواڵگری ئیسرائیل لە یەکەی (8200) کە بەردەوام چاودێری بەکارهێنانی ئامێرەکانیان دەکرد، لە مانگى ئەیلولى (2023)دا بۆیان دەرکەوت تەکنیکارێکی حزبوڵڵا گومانیکردوە لەوەی کە پەیجەرەکان لەوانەیە تەقەمەنی شاراوەی تێدابێت، بۆیە هەندێک لە پەیجەرەکانیان ڕەوانەی ئێران کردوە بۆ پشکنین. ئەمەش بووە هۆى ئەوەى هەر لەو ساڵەدا ئیسرائیل لەڕێگەى هێرشێکی ئاسمانیەوە ئەو تەکنیکارە بکوژێت.
“بەکاریبهێنە یان لەدەستی بدە”
بەوتەى چەند بەرپرسێک، دواى ئەوەى زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاشکرایان کرد کە حزبوڵڵا لە (11/ئەیلول) هەندێک ئامێری پەیجەر بۆ پشکنین دەنێرێت بۆ ئێران، لە ڕۆژی (١٦/ئەیلول) ناتانیاهۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەزگا ئەمنییەکان کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنى ئایا پێویستە ئەو ئامێرانە لە ئۆپەراسیۆنێکی “بەکاربهێنە یان لەدەستی بدە” بتەقێنرێنەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک لە بەرپرسان لەدژى ئەو ئۆپەراسیۆنە دەوەستنەوە، لەترسى ئەوەى رەنگە وڵاتەکەیان بکەوێتە بەر هێرشێکى وەڵامدانەوەى چڕوپڕى حزبولڵا، نەک هەر ئەوەندە بگرە رەنگە ئێرانیش پەلاماریان بدات. بەڵام رۆژى دواتر و لە کاتژمێر (٣:٣٠) خولەکی پاشنیوەڕۆ، ناتانیاهۆ فەرمان بە مۆساد دەکات پەیامێکی کۆدکراو بۆ هەزاران پەیجەر بنێرێت. دوای چەند چرکەیەک ئامێرەکان تەقینەوە. ئەو کاتەی پەیجەرەکان تەقینەوە، خۆسێى نەرویجی کە سەرۆکی کۆمپانیایەکی سەر بە مۆساد بوو، بەشداری لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە تەکنەلۆژیا لە بۆستن دەکرد. لە رۆژانى دواتر و لە هەواڵەکاندا خۆسێ وەک بەشداربووی ئۆپەراسیۆنەکە ناسێندرا، حکومەتى نەرویج رایگەیاند دەیەوێت خۆسێ بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەى و لێپرسینەوەى لەگەڵدا بکات. بەڵام بە وتەی بەرپرسێکی ئیسرائیلی و ئەمەریکی، بەرپرسانی ئیسرائیل بە نهێنی فشاریان خستۆتە سەر ئیدارەی بایدن؛ تاوەکو دڵنیابنەوە لەوەی کە خۆسێ دەتوانێت ئەمەریکا بەجێبهێڵێت، بەبێ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ نەرویج. دواتر بەرپرسانی ئیسرائیل شوێنی خۆسێیان ئاشکرا نەکرد، بەڵام بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئیسرائیل تەنها ئەوەندەی گوت کە خۆسێ لە “شوێنێکی سەلامەتدایە”.
لە رۆژى (٢٣/ ئەیلول)، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکرد و زیاتر لە دوو هەزار ئامانجی بۆردومان کرد و کۆگای مووشەکە مامناوەند و دوور مەوداکانی گروپەکەی کردە ئامانج. بەگوێرەى هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، دواى کوشتنى ژمارەیەک لە سەرکردەکانى حزبولڵا، قۆناغى خۆبیناکردنەوەى ئەو گرووپە ڕەنگە زیاتر لە دە ساڵ بخایەنێت، چونکە ئەو گرووپەی ئێستا سەرکردایەتى حزبوڵا دەکات، ئەزموونی شەڕکردنیان زۆر لە نەوەی پێشوو کەمترە.
* راپۆرتەکە لەلایەن هەریەکە لە رۆژنامەنووسان (مارک مازێتی، شیرا فرێنکڵ، ڕۆنێن بێرگمان) بۆ رۆژنامەى نیویۆرک ئامادەکراوە، رۆژنامەى (الشرق الاوسط) بە عەرەبى بڵاوى کردۆتەوە. ئەم راپۆرتەش پوختەى راپۆرتە ماکەکەیە، نەوەکو دەقى تەواوى راپۆرتەکە.
ئا: بارام سوبحى