“كۆمەڵناسی كوردەواری”
كۆمهڵناسی كه له وشهی (Sociology) ئینگلیزییهوه هاتووه به زمانی عهرهبی “علم الاجتماع” بهشێكی گرینگی زانسته كۆمهڵایهتییهكانه و كاری لێكۆڵینهوه و توێژینهوهیه له دیارده كۆمهڵایهتییهكان و دهرخهری ئهو لایهنانهیه كه به هۆی ئهندامبوونی مرۆڤ وهك تاك له كۆمهڵگهدا سهر ههڵدهدهن، ههر وهك ئۆگهست كۆنت (١٧٩٨-١٨٥٧)، به زانستی شیكردنهوهی دیاردهكانی ژیانی كۆمهڵایهتی دادهنێت. لهم بوارهدا چهندین زانا و بیرمهندی بهنێوبانگی وهك “ئهمیل دۆركهایم ١٨٥٨-١٩١٧ و ماكس ڤیبهر١٨٦٤-١٩٢٠ و مارسێل موس ١٨٧٢-١٩٥٠”، پێناسهی جۆراوجۆر و لێكدانهوهی فره ڕهههندیان بۆ ئهم زانسته كردووه. كۆمهڵناسیی كوردهواری مهبهستمان پێی ئهو دیاردانهی ژیانی كوردهوارین كه به درێژایی قۆناغه مێژووییهكان تا ههنووكه كاریگهرییان كردوەته سهر لایهنی كۆمهڵایهتیی كۆمهڵگهی كوردی و ئاڕاستهی دهكهن.
“باسی یەكەم؛ ئايين”
زۆربەی كوردی ڕۆژهەڵاتی نزیك موسوڵمانی سونین، پەیوەندی كوردەكانی بەئايينی ئیسلامەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی، بەڵام پێش ئايينی ئیسلام چەندین ئايين لەنێوكوردەكاندا بڵاوبووە ،چونكە ئايين لەسەرەتادا لەسەر بنچینەی چەند خواوەندێك ،لەخوارەوە بەكورتی ئاماژە بە هەندێك لەو ئايينانەدەكەین:-
– ئايينی زرڤانی و میترا؛ لەسەرەتادا ئايين لای هەموو گەلان لەسەر بنچینەی چەند خواوەندێكی جۆراوجۆر(پۆلیتیزم)بووە، كە ڕەنگدانەوەی توخم و هێزە و دیاردەكانی سرووشت بوون، پەرستنی ئەو دیاردە سرووشتیانە دەرئەنجامی دووهۆكاری سەرەكی بوو، یەكەمیان:- خۆشەویستی بوو دووەمیان:- ترس و دوور خستنەوەی لایەنە شەڕەنگێزەكان بوو لە ژیاندا، دیاردەكانیش بریتی بوون لە خۆر ، درەخت و ئاگر و هەورە بروسكە و…هتد. لەڕووی مێژوويیەوە ئايينی “زرڤانی –لە ڕووی زانستی ئايينەكانەوە بە زاراوەی هینۆتیزم دەناسرێت، دەگەڕێتەوە بۆ 14سەدە پێش زاین، بەڵام لەسەردەمی ئەخمینیەكان ((550-330پ.ز” زیاتر نەش و نمای كرد و لەسەردەمی پارسیەكانیشدا(250-247پ.ز) و دواتر سەردەمی ساسانیەكان (247-635ز) بەردەوام بوو،دواتریش ئايينی “میترا” واتە پەیمان یان ڕێككەوتن، پەیدابوو دواتر بەهەموو ووڵاتی میزۆپۆتامیا و ئاسیای بچووك و ڕۆژهەڵاتی نزیك و لەسەدەكانی دوای دا گەیشتە ڕۆما و ئەوەشی زیاتر یارمەتی بڵاو بوونەوەی میترای دا دامەزراندنی دەوڵەتی ماد بوو.
– ئايينی زەردەشتی؛ ئايينی زەردەشتی لە خۆرهەڵاتەوە هاتۆتە میدیا و موگەكان كە یەكێك بوون لە شەش هۆزەكەی ماد بانگهێشت كەری ئايينەكە بوون، ئەوەی دیارە میدیەكان لەسەردەمی دارای گەورەی پێنجەمین پادشای ئەخمینیەكان زەردەشتی بوون، زۆربەی سەرچاوەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كەزەردەشت لە شاری ورمێ لەدایك بووە، منداڵی و گەنجی لەو شارەوە بووە، تا تەمەنی 30ساڵی لەسەر ڕووباری ئاراس بانگهێشتی خەڵكی كردووە بۆخواپەرستی، بەڵام دوای ملمڵانێ لەگەڵ پیاوانی ئايينەكانی ترەوە كۆچ بەرە و خۆرهەڵاتی ئێران دەكات و پادشای ئەو دەڤەرە “گشتاسب كوڕی لوهراس” بوو، باوەڕی پێكردوو ئاسانكاری بۆ كرد بۆ بڵاوكردنەوەی ئايينەكەی لەناوچەكانی ژێردەسەڵاتی، بنەماكانی ئەم ئايينە بریتی بوون لە: نیەتی باش، قسەی باش، كردەوەی باش، بڕوای بەڕۆژی ویندووبونەوەی و ڕۆژی حیساب هەبووە و بریتی بووە لە ململانێی نێوان “ئەهورامەزدا-هێزی خێر و چاكە” و “ئەهریمەن- هێزی شەڕو خراپە” ،كتێبی پیرۆزی ئەم ئايينە بریتی بوو لە “ئاڤێستا”، شایانی باس ئەم ئايينە لە ناوچەكانی هەرێمی جەزیرە و شارەزوور و هەرێمی چیاكان و ئەهوازو ئاران وئەرمینیا بڵاوبووەوە، ئێستاش پاشماوەی هەندێ ئايينزای تایبەت لەنێو كوردا وەك ئێزدی وعلی ئیلاهی و هەروەها چەندان ڕێوڕەسمی تایبەتی كورد كەپاشماوەی زەردەشتیە تاوەكو ڕۆژگاری ئەمڕۆشمان ماوەتەوە.
– ئايينی مانی؛ ئايينی مانی هەربەناوی مانی كوڕی فاتك ناونراوە ،ئەم ئايينە لەپاش مردنی ئەردەشێری بابكان لەساڵی 241ز وەك پەیامبەرێك خۆی دەرخست ،بنەماكانی ئەم ئايينە بریتی بوو لە گونجاندنێك لەنێوان هەرسێ ئايينە سەرەكیەكەی ئەوسەردەمی ڕۆژهەڵات كە بریتی بوون لە ئايينی زەردەشتی وئايينی مەسیحی وبودی،بەڵام لەسەردەمی “بەهرام كوڕی شاپور” مانی بە زەندیق لەقەڵمداو كوشتی،كتێبی پیرۆزی ئەم ئايينە بریتی بوو لە(الكفلایا) ئەم ئايينە لەنێوچە كوردیەكانی وەك دینەوەریو هەرێمی ئەهوازدا بڵاوبۆتەوە.
– ئايينی مەزدەكیەت؛ سەرچاوەی ئەم ئايينەش دەگەڕێتەوە مەزدەك، كە هەندێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كەلە شاری(اصگخر) لەدایك بووە لەسەردەمی شا قوبادی یەكەم(488-531ز) سەرپەرشتی بزووتنەوەیەكی نوێی ئايينی كرد و توانی شا قوباد بهێنێتە سەر ئايينەكەی، بەڵام دوای ماوەیەك شا لێی هەڵگەڕایەوە كوشتی، بنەماكانی ئەم ئايينەش بریتی بوو لە هەمان بنەماكانی ئايينی مانەوی بەڵام لە مانەویەت و زیاتر جەختیان لەسەر لایەنی ڕووناكی دەكردەوە لەگەڵ كۆمەڵێك بنەمای تر، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ئەم ئايينەش لە شاری دینەوەر و هەرێمی چیاكان بووە، هەندێك لەسەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە بیروباوەڕی خوڕەمیەت لەسەردەمی ئیسلامدا نوێگەرییەك بووە لەم ئايينەدا و لە لایەن “بابەكی خوڕەمی” یەوە بانگەشەی بۆكرا، كە پێگەی ئەم بزووتنەوەیەش ناوچە كوردیەكان بوو وەك دینەوەر و هەرێمی چیا.
– ئايينی جولەكە؛ ئايينی جولەكە یەكێكە لە ئايينە ئاسمانییەكان و پەیامبەرەكەی موسا(س.خ)یە و كتێبی پیرۆزی ئەم ئايينەش “تەوراتە” هەموو بنەماكان و شەریعەتەكەی لەم كتێبەكەی دا باس كراوە. یەكەمین پەیوەندی كوردستان بەئايينی جولەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری (911-636پ.ز) كە لەم ماوەیەدا (15) پادشا حوكمی پادشانشینی ئاشورییان كردووە، هەندێك لەو پادشایانە بەتایبەت “شلمنصر” دەستیان گرتووە بەسەر شانشینی ئیسرائیل و ژمارەیەكی زۆر جوولەكەیان هێناوە بۆ دەڤەرە شاخاوییەكانی كوردستان، لەو سەردەمەوە لەناو كوردەكاندا دەژیان و خەریكی كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بوون و لەپاڵ كوردەكاندا بە ئلشتی و ئارامی دەژیان، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزگاریان لە زمانی ئايينی خۆیان كردووە، لەسەردەمی بابلیەكانیشدا بەتایبەت سەردەمی “نەبوخزنەسەر” هەڵمەتێكی فراوانی كردەسەر فەلەستین و توانی شانشینی یەهودا لەناو بەرێت و هەزارەها جوولەكەی بەدیل گرت و لەشاری بابل و دەورووبەری نیشتەجێی كردن. دواتر لێرەوە دەستیان كرد بە كاری بازرگانی و بەهەموو ناوچەكانی وەك نووسەیبین و جەزیرە بۆتان بڵاوبوونەوە و لەسەدەی شەشەمی كۆچیشدا لەشاری ئامێدی نزیكەی بیست و پێنج هەزار جوولەكەی تێدا ژیاوە هەروەها لە هەرێمی شارەزوور و چیاكانیشدا ژیاون، تەنانەت لەسەدەی نۆزدەدا بە پێی سەرژمێریەك جوولەكەكانی شاری سلێمانی 1800كەس بوون، ئەمەو جگە لەوەی لەچەند شارێكی وەك موسڵ و كفری و هەڵەبجەش دەژیان و گۆڕستانیان هەبووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە كە بانگهێشت كردنی جوولەكە بۆ ئايينەكەی ووڵاتی كوردەواری بەباشی نەگرتەوە، بەڵكو زیاترو وڵاتی شامی گرتەوە ئەمە و لەلایەكی ترەوە كۆمەڵگای جوولەكە تاڕادەیەك داخراون و زیاتر خەریكی خۆ قایم كردنن و ئەوكەسەشی كە دەبێت بە جوولەكە دەبێت دایك و باوكی جولەكە بێت.
– ئايينی مەسیحی؛ ئايينی مەسیحی وەك یەكێك لە گەورەترین ئايينەكانی مێژووی مرۆڤایەتی لەلایەن (عیسای كوڕی مەریەم 1-33ز) وەك پەیامبەری ئايينەكە ڕاگەیەنرا، عیسا(س.خ) خۆی خەڵكی “ناسرەی”ی فەلەستین بوو، كتێبی پیرۆزی ئەم ئايينەش (ئینجیل)ە كە بەواتای “مزگێنی”دێت، ئینجیل دوای لەخاچدانی مەسیح، بەخاكسپاردنی بەماوەیەك لەلایەن چوار لە خوێندكارەكانییەوە كە “مەتی و مەرقۆس و لۆقا و یوحەننا” بوون نوسرایەوە.
هەر لەسەردەمی مەسیح (س.خ) خۆیەوە موژدەبەرەكان بڵاوبوونەوتەوە بۆ ئەوەی موژدە بەهەموو خەڵك بدەن، ئەوە بوو ژمارەیەكی زۆریان بەرە و باكورو باشوور و بەشێكیشان بەرهو ڕۆژهەڵات ڕۆیشتن، ئەم ئايينە لەلایەن (ترداوس- ماری ادی) ی موژدەبەری پێگەیشت، كاتێك چووە شاری ئورفە و چارەسەری نەخۆشیەكەی “ئەبجەری” پێنجەمی كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەبجەر و ژمارەیەك لەدانیشتوانی ئورفە بڕوا بە ئايينی مەسیح بهێنن، دوای ئەمیش “ئاگی” درێژەی بە بڵاوكردنەوەی ئايينەكەدا و تەنانەت بە بەهاترین كڵێسە لەم سنورەدابووە، سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن 360دێری مەسیحی تیابووە، دواتر ئايينی مەسیحی بە هەموو ناوچەكانی موسڵ و دەورووبەری دا بڵاوبووەوە، سەرچاوەكانی مێژوو ئاماژە بە بوونی چەندین ئەسقەفیە و دێر دەدەن لەشارە كوردییەكان، تەنانەت یەكەمین فەرمانڕەوا كە ئايينی مەسیحی ناسیبێ (تیرداد-301-337ز)كە ئەوكات فەرمانڕەوای زۆربەی كوردستان بوو، جگە لەمیرنشینی ڕوها(ئورفە)، بەڵام لەسەردەمی ساسانیەكاندا(224-640ز) بەتایبەت لەسەردەمی شاپوری دووەم سیاسەتێكی تووندوتیژیان بەرامبەر مەسیحییەكان پیادەكرد، زۆربەی ئەم حاڵەتە تووندوتیژیانە لەكوردستان ڕوویانداوە، وەك: هەولێر و قەڵای فێنك و كەركوك و ئەهواز. تا ئەم سەردەەمەش لەشارەكانی كوردستان نیشتەجێن، بەئاشتی و دوور لە تووندوتیژی لەپاڵ خەڵكە موسوڵمانەكەدا دەژین و مەراسیمە ئايينییەكانی خۆیان بەئازادی جێبەجێ دەكەن.
– ئیسـلام؛ زۆرینەی كوردی ڕۆژهەڵاتی نزیك – موسڵمانی سونین، ئەوەی كە كورد سەر بەمن، لەجارێ زیاتر لەلایەن دەستە كاربەدەستەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە لەكێشەدا بەرامبەر بە ئێران، كە ئايينی دەوڵەت لەوێدا شیعەیەتییە بەكار هێنراوە، بەڵام جیا لەسنووری تورك – كوردی سونی سەربە ڕێبازی شافیعین لەكاتێكدا كە تورك – حەنەفین لەناو كوردانا شیعەش هەن “ڤ.ف . مینۆرسكی” لەبارەی ئەمەش نووسیویە و ئەوە ئەسەلمێنێ كە لەكوردستانی ئێراندا لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا چەند عەشرەتی شیعە ئەژیان كە باوەڕی شایان پاراستبوو. یەكێ لەدیمەنەكانی ڕێكخراوی ئايينی كوردی موسڵمان بوونی دەستگای تایبەتی ڕێبەری ڕۆحانی (هەندێ جار پشتاوپشت و دەرەبەگ)ی سەید و شێخە، شێخ لەهەموو كوردستاندا پایە و ڕێزێكی گەورەیان هەبووە. ئەمانەش سەرپەرشتی هەموو كاروباری ئایین و چاودێری بەجێهێنانی عادات و ڕەوشت و خوویان ئەكرد، ڕێبەری ڕۆحانی هەمیشە بە بەراوورد لەگەڵ ئیسلامی ڕەسمیدا ڕۆڵێكی سەرەكییان دیاری كردووە، ڕەنگە لەبەرئەوە بێ كە خەباتی ئازادیخوازانەی كورد لەم سەدساڵەی دواییدا كە لە نزیكەوە بەستراوە بەناوی شێخ و سەیدەوە وەك شێخانی بەرزنجەیی و سەید شەمدینی، لەم شێخانە سەرۆكایەتیی ڕێبازی دەستەی دەروێشانیان كردووە، لەهەموو ڕێبازەكان بە ناوبانگتر نەقشبەندی، قادری و رفاعین، زۆر شێخ كە لە پلەی دووەمدا دێن ئەركی ئايينی خۆیان لەناو عەشیرەتەكانی خۆیاندا دیووە، زۆرتری ئەمانە سەر بە ڕێبازی دەروێشی نەقشە بەندین.
دەرەبەگێكی خاوەن دەسەڵات سەركردایهتی ڕێبازێك ئەكا – شێخ (مرشید) خاوەن و پاڵێوەنەری بیروڕای هەقیقەت لەبنكەكەی خۆیدا (خانەقا) ئەژی، قوتابی و تلبیع (مرید) لەدەوری كۆئەبنەوە، ژمارەی مورید تاڕادەیەك زۆرە بەتایبەتی لەناو كۆچەرەكان دا لە كوردستانی موكریان، هەندێ تیرەی كۆچەر بەتەواوی موریدن، برایانی دەروێش كۆمەڵێك دەروێشیان پێك ئەهێنن، كە ئەمانەش لەهەموو كوردستان بڵاون دەروێش ئەوكەسانەیان ئەچوساندەوە كەسەر بەوان بوون، لە پارچە زەویی خۆیاندا كاریان پێ ئەكردن…هتد، لەژوور هەر كۆمەڵە دەروێشێكەوە لە( 10- 20) و زیاتر لە ئەنامان خەلیفەیەك هەیە جێگری شێخی گەورەیە، هەر خەلیفەیەك چوار عەلەمداری هەیە، كە هەریەكەیان بەرامبەر بە سەردەستەیەكە، بەگشتی كۆمەڵی دەروێشان لەقەوارەی خۆیدا ڕێكخراوەی سوپاییمان دێنێتەوە بیر، لەبارەی سەرنجی دەرامەتەوە هەندێ دەروێش لەگوزەران و دەوڵەمەندیدا نەبوون بەدەرەبەگی گەورە یا سەرۆك عەشیرەت بەشێ لە دەروێشان لەبارەی ئابوورییەوە سەر بەدەستەی ناوەڕاستن، بەشی زۆریشیان لەسەر خێروسەدەقە ئەژین، دەروێشی خاوەن دەرامەت نیشتەجێیە بەڵام هەژارەكانیان بەهەموو كوردستاندا ئەسووڕێنەوە. هەموو دەروێشێكی گەڕیدە ئەبێ میقدارێكی دیاریكراو بەچەشنیباربۆ بهێنێ بۆ سندووقی دەستەكەی خۆی و لەیەكەم هاواری سەرگردەكەیدا ئامادەبێ.
كوردی تریش باربۆی دەستەی دەروێشان ئەكەن، هەروەها باری دەرامەتی باشی برایانی ئەمەش لەسەر حیسابی كۆمەڵێ نیه فراوانی گەلی كورد پێك دێت، كارتێكردنی برایانی دەروێش و بەهێزبوونی دەسەڵاتی شێخە ڕۆحەكانیان بەپێی خۆی دەمێك نیە دەستی پێ كردووە ، دەستگای بەتوانای شێخان دەسەڵاتی لە سەدەی نۆزدەهەمدا پەیدا كردووە ئەمەش هەروەك بەهۆی گۆرانی دەرەبەگییەوە دروست بووە بەهۆی سیاسەتی سوڵتانی تووركیشەوە پەیدا بوو، سوڵتانی توورك هەروەك سووڵتان بوو بە سەرۆكی ئايينی (خەلیفە)ی هەمووموسڵمانیش ئەژمێررا، برایانی دەروێشیش سەربەبوون، هەندێكیان هەر یەكسەر پشتی سوڵتان بوون< سەرۆكەكانیان لەچوونە سەرتەختی سوڵتاندا بەشدار ئەبوون سەرۆكی برایانی دەروێشی مەولەوی كە بەڕەچەڵەك ئەچێتەوە سەر جێگری “محهمهد پێغەمبەر” خەلیفەی یەكەم ئەبوبهكر ، ڕێ و شوێنی پیرۆزی شیری خەلیفە عومەر لە پشتی خەلیفە بەستنی بەجێ هێنا.
هەروەها چەندین كۆمەڵەی ئایینی تر لە كوردستاندا هەن كە ڕیشەیەكی مێژووی، ئیتنۆ-ئایینیی قووڵیان هەیە و بە درێژیی سەردەمە جیاجیاكان لەسەر خاكی كوردستان لە پاڵ كوردە موسوڵمانەكەدا ژیاون و لە ڕووی نەتەوەیییشەوە بەشێكی دانەبڕاون لە نەتەوەی كورد، وا لە خوارەوە بە كورتی لێیان دەدوێین:-
یەكەم:- ئێزدی؛ یەكێكن لەو كۆمەڵە ئایینیانەی كە لە كوردستاندا دەژین، كۆمەڵەی ئێزدی لە سەر تایفەیەكی –تیۆكراتی دامەزراوە، هەر وەك پیاوی ئایینی تێدایە، پیاوانی ئایینی ئێزدی ئەمانەن: شێخ بەرزترین دەسەڵاتی هەیە، پیر (ڕابەری ئێزدی)، قەواڵ (كۆكەرەوەی باج و دیاری)، فەقیر (پیاوی ئایینی هەژار)، كۆچاك (هەواڵی دواڕۆژ دەدەن و خزمەتی پەرستگای شێخ عادی دەكەن) موریدی ئێزدی ئاسایی كە بە فەرمانی شێخ و پیركار دەكەن، ئەركی نوێنەرانی هەر دەستەیەك پشتاوپشت دێتە خوارەوە. هەروەها لەم كۆمەڵەیەدا ڕەوشت و خوو و عادەت، ژیان، تەنانەت دیمەنی جلوبەرگیش، ڕەنگی قوماش بە پێی ئایین ڕێكخراون، باجی پەرستگا و دیاری لە لایەن قەواڵەوە كۆ دەكرێتەوە، كە ساڵی دوو جار دەچێتە دێهاتی ئێزدی، قەواڵ نیشانەی دەسەڵاتە لە وێنەی سنجاقدا لە میر وەردەگیرێ، كە ئەمەیش بریتییە لە دەفرێك كە وێنەی تاوسی لە سەرە (كە پێی دەگوترێت مەلەك تاوس –شای تاوس). سنجاقێك بۆ یەزیدی شەنگار و جەزیرە دانراوە، یەكێك بۆ حەلەب، سێیەم بۆ سیرت ئەو شوێنانەی نزیك ئەوێ، چوارەم بۆ بایەزید، پێنجەم –بۆموسڵ و دەوروبەری.
دووەم:- ئەهلی هەق (علی ئیلاهی –كاكەیی)؛ ئەمانەش یەكێكن لە كۆمەڵە ئایینییەكانی تر كە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا لە كوردستاندا دەژین، زۆربەی لێكۆڵەرەوان پێ لە سەر ئەوە دادەگرن، كە باوەڕی ئەهلی حەق مەزهەب و ئایینزایە نەك ئایین، هەر چەند ئەهلی حەق خاوەنی سیستەمێكی تایبەتیی دۆگما و شێوازی پەرستنی خۆیانن، دەق و نووسراوی پیرۆزیان هەیە كە بریتییە لە (سەرەنجام)، دەربارەی دروستبوونی دونیا (كۆسمۆگۆنیا) و دونیا خرابوون و هەروەها دابونەریت و (سێرمۆنیای) جۆراوجۆرەكانی ئایینیان گرتەرتە خۆ، هەروەها پلەی ئایینی وەك (خەلیفە و چاوەش و دەروێش و كەلام خوان) یان بە پێی پێگەی ئایینی هەیە، بۆیە زۆر جار وەك ئایینێكی سەربەخۆ سەیر دەكرێن، واتە تێكەڵاوییەكی لە هەموو ئایینەكانی تێدایە، ئەوەیشی سیمای ئایینزایی یان تەریقەیەكی ئایینی بە ئەهلی حەق دەبەخشێ، دوو مەبدەئی تەسەوفە، بە تایبەتییش تەسەووفی ئەو پەڕگیر، ئەویش یەكێتیی بوون (وحدە الوجود) و تەجسیدی ئیلاهی (الحلول)ـە.
هەرچەنده سەرژمێرییەكی ورد و ڕاستمان لە بەردەستدا نییە دەربارەیان، هەر نووسەرە و بە مەزەنەی خۆی دای ناوە بۆ نموونە “گریناری فەرەنسی” لە ساڵی ١٩٠٥ ژمارەیانی بە ملیۆنێك كەس داناون، هەموو كوردەكانی دەرسیم، زۆربەی كوردەكانی مەلاتیە، كوردەكانی قەزای تیریجان، سنجاقی ئەرزنجان، قەزای كیچی، قەزای زازراگەلی لە كوردەكانی سیواسیش”لە شوینیكی تردا هۆزی ئیبانی كە بە سەر ئەم خێڵانەدا دابەش بوون، شیرانیلی، مۆستلیار، خالیلیری، لیاچینیلەر، سارولەر… و هیی تر” بە عەلەوی دادەنێت، بەڵام ئێستا ژمارەیان زۆر بوە و لە ٥ ملیۆن كەس تێپەر دەبێت. ئەمانە و جگە لە چەندین تەریقەتی ئایینی وەك “قادری و نەقشبەندی” و كۆمەڵەی ئایین و ئایینزای تری وەك (هەقە و بەهائی و كاكەی و سابیئەی مەندائی و شەبەك و…. هتد)، كە ڕۆڵێكی گرینگیان لە ژیانی ئایینی و كولتووری و ڕۆشنبیریی فیكری كۆمەڵگا و لایەنی كۆمەڵایەتیی كورددا بینیوە، بە درێژاییی سەدەكانی ڕابردوو بوونەتە بەشێكی كاریگەر و گرینگ لە لایەنی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگای كوردی.
“باسی دووەم؛ شێوەی ژیانی كورد و دابونەریتیان”
مینۆرسكی دەنووسێت:- میللەتان دەركەوتەی جۆراوجۆرن كە لە هۆكارگەلێكی نەژادی، جوگرافی و ئیتیكی و …هتد پێك هاتوون، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم فاكتەرانە دەتوانن ڕۆڵی بنەڕەتی و گرینگ بگێڕن. كوردەكان كە لە ناوچەیەكی جوگرافیایی فراواندا پەڕاگەندە بوون، لە ڕووی جەستەیییشەوە جیاوازیی بەرچاویان هەیە، لە بنەڕەتدا كوێستاننشینەكانیان تەمەنی خۆیان بۆ پەروەردەكردنی مەڕوماڵات تەرخان دەكەن، زستانان لە دەشتەكاندا بە سەر دەبەن و لە بەهاردا دانەوێڵە دەچێنن، هاوینان زۆربەی جار ژمارەیەك لە ئەندامانی هۆز لە گەرمەسێر و پاشماوەكەی تریان بەرەو كوێستان كۆچ دەكەن، بێ گومان هەندێ لە فاكتەری جێگیر یاخود نیوە جێگیر لە كوێستاندا هەیە كە شیاوی باسكردن نین. لە سەدەكانی پێشوودا مەڕوماڵات پێداویستییە بنەڕەتییەكانی وەك: گۆشت، شیر، كەرە، پەنیر، پێست، خوری و …هتد بۆ كوردەكان دابین دەكرد لە ناوچە كوێستانەكاندا، ئەم مەڕوماڵاتە لە بزن پێك هاتبوون. هەندێك وڵاخی بەرزەی وەك ئێستر لە بەرزایییەكاندا بە كار دەهێنران بە مەبەستی گواستنەوە، خوری و موی بزنەكان بۆ چنینی جلوبەرگ و جاجم بە كار دەهێنرا، بەرهەمە شیرییەكانیش بنچینەی خۆراكی دانیشتوانەكەیان پێك دەهێنا.
بەڵام لە مڕۆدا، كوردە ڕەشماڵنشینەكان زۆربەیان لە دەشتە بەرزەكانی تورك و ئەرمەنی واتا لە بەرزایییەكانی قارس، مورادسۆ، فورات سۆ و دەوروبەری دەریاچەی وان دەژین، كوردە نیشتەجێبوەكان كوێستان و گەرمیان ناكەن و ئەو كەسانەی كە لە گوندەكاندا دەژین، جوتیارگەلێكن كە پێشتر ڕەشماڵنشین بوون و بە هۆكاری ئابووری، سیاسی یان كۆمەڵایەتییەوە لە دەشتە پانوبەرینەكان دا ماونەتەوە، كوردە نیشتەجێبوەكان لەوانەیە لە ڕووی زێدەوە مەسیحی و موسوڵمانێك بن كە بە هۆی ئەندامانی هۆزێكی ترەوە ملكەچ كرابن، كۆمەڵەی دوایی ئەو شارنشینانەن كە بە كردەوە هەر جۆرە وابەستەیەكی خۆیان بە هۆزە بنەڕەتییەكەی خۆیانەوە پچڕاندوە و لە شارە بچووكەكاندا جێگیر بوون كە ژمارەیان لە (٥٠) ساڵ لەمەو پێشەوە تا هەنووكە زیادی كردوە. كوردەكان كشتوكاڵكارێكی زۆر باشن و گەنم و جۆ و برنج دەچێنن لە شاخەكاندا، لە ڕێگەی دروستكردنی دێراوی بچووكەوە گەنمەشامی و هەرزن و بەنگ و توتن كە یەكێك بوە لە گرینگترین سامانەكانی ناوچەكە دەچاند، هەندێك لە كوردەكان لە شارە دوورەدەستەكاندا بە دوای كاردا دەگەڕان و زۆربەیان سەرگەرمی كارە دژوارەكانی بیناكاری و حەماڵی بوون، لە شارە بچووكەكانیشدا مژۆڵی كاری بازرگانیی بچووك و مامەڵە چێتی مەڕ و خوری و پێستە و مازوو …هتد بوون. ژنانی كوردیش ڕستن و چنینی خوریان لە ئەستۆ دابووە و هەندێك جاریش قاڵی گەورە و بەرماڵ و لباد و …هتدیان چنیوە. هەندێك لە چینی پیاوانی كورد لە كۆندا خەریكی كاری خەنجەرسازی و پشتێنی زێڕ و زیو بوون لێهاتوویییەكی باڵایان هەبووە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا كاری بیناكاری و لە ناو كوردە شارنشینەكاندا پزیشك و دادوەر و كارمەندی ئەفسەر و چەندین جۆر كاری تر دەكەن، پەناهەندە كوردەكان كە لە وڵاتانی ئەورووپی دەژین وەك (فەرەنسا و سویسرا و نەمسا و ئەڵمانیا… هتد) نیشتەجێن، لە نوێكردنەوەی ژیانی زانستی ئەدەبی كورددا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.
كۆمەڵگای كوردی لە كۆندا بە شێوەی هۆز دەژیان، لەگەڵ ئەوەیشدا زانینی ژمارەی وردیان كارێكی زۆر دژوارە، چونكە ئەوان هەندێك جار زیاد و هەندێك جار كەمیان كردووە و یاخود ناویان گۆڕراوە. هەندێ لەم هۆزانە بە درێژاییی مێژوو ڕۆڵێكی مێژووییی گرینگیان گێڕاوە و هێشتا خاوەنی ناوبانگ و گرینگییەكی تایبەتین، لە ناویاندا دەكرێت ناوی ئەم هۆزانەی خوارەوە بهێنرێت، لە ئێراق تیرەی بابانەكان-هەمەوەندییەكان –هەركییەكان-و لە ئێران شكاك-موكری- ئەردەڵان -جاف –كەلهوڕ، لە تووركیایش هەكاری –هەرتوشی –زێركان –جەلالی –حەیدەران و لە سووریایش: برازی- میران، كوردەكان بە كۆمەڵ دەژیان كەسێكی سەرۆك بە دەسەڵاتێكی هەندێك جار خاوەن تایبەتمەندی ئایینییە لە ناویاندا هەیە، ئەم كەسە لە سەر بنەمای میراتی و هەڵبژاردن بۆ ئەم شوێنە هەڵبژێرراوە و سەرەكیترین ڕۆڵی ئەو بەرقەراركردنی دادپەروەری بووە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە ئەمڕۆ لە لایەكەوە بە هۆی دەستوەردانی پیاوماقوڵانی شاری و خاوەن موڵكەكان و لە لایەكی ترەوە بە هۆی هەوڵ و كۆششی دەسەڵاتی سیاسی بۆ سەپاندن و دانانی ئەو فەرمانبەرانەی كە كاری دادوەری و وەرگرتنی باج دەكەن، دەسەڵاتی هۆزەكان سنووردار كراوە و گرینگییەكی ئەوتۆی نەماوە.
شیاوی باسە كە ژنانی شوان و جوتیارانی كورد، لە ژیانی ماندووكەری خۆیاندا هاوپشك بوون لەگەڵ ژنانی تری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و سەرەڕای ئەوە كاروبارە سەخت و دژوارەكانی ماڵداری و ئامادەكردنی ئاوی خواردنەوە لە سەرچاوە دوورە دەستەكان و بەشێكی زۆری كارە كشتوكاڵییەكانیان لە ئەستۆدا بوە، كوردناسەكان و گەڕیدە و نووسەرانی بیانی پێیان وایە كە ژنانی كورد بە پێچەوانەی ژنانی موسوڵمانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە كۆمەڵگای كورددا پلە و پێگەی تایبەتی هەیە و لە هەڵبژاردنی هاوسەردا تا ڕادەیەك ئازادە، (لە هەندێك ناوچەی كوردستان دیاردەی ڕەدووكەوتن و گەورە بە بچووك و لە بریی خوێن و بە زۆر بەشوودان و… هتد وەك دیاردەی كۆمەڵایەتیی نێو هۆزەكانی كورد بوونی هەبوە و، هەتاوەكوو ئێستا لە هەندێك ناوچەی دوورەدەست و داخراوی كوردستان ماوە) مێرد و برا و باوك و دایك ڕێز و ئیعتیباری زۆری بۆ دادەنێن و سەرەڕای ئەندامانی خێزان، سەرجەم پیاوانی هۆزەكەیش بە دیدێكی ڕێزەوە تێی دەڕوانن، ژنی كورد لە غیابی هاوسەرەكەیدا، شوێن گرەوەی هاوسەرەكەی بووە.
بەڵام لە لایەكی ترەوە هەندێك لە توێژەران و نووسەران پێیان وایە، پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردی پێكهاتەیەكی ئاڵۆزە و لە ناو چوارچێوەی سیستەمی دەرەبەگایەتیدا خۆی دەنوێنێت و پەلوپۆی هاویشتوە بۆ دەروونی هەموو تاكێكی كورد، بەرچاوترین خاسیەتێك كە لە سیستەمی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردی دا مابێت هێشتا مانەوەی پێوەندیی خێڵەكییە، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی لە ژێر خۆیەوە حەشار داوە، ئەم پێوەندییە كارێكی سلبیی كردوەتە سەر كۆمەڵ و شۆڕشی كورد، دیارە هۆز لە دروستبوونی كۆمەڵ و هەرەمی دەوڵەتدا ڕۆڵێكی سەرەكی دەبینێ، تەنانەت زۆرینەی هۆزەكان ملیان بۆ ڕابەری بزووتنەوەیەكی كوردی كەچ نەكردوە، لەبەر ئەوەی لە هۆزی خۆیان نەبوە یان بە هۆی جیاوازیی بیری ئایینی و مەزهەبییەوە یان سەر بە سنووری جوگرافیای هۆزایەتییەكەیان نەبوە، ئەمەیش زۆر جار گرژیی خستوەتە نێوان تاك و تاكی كورد و هۆز و هۆزی كورد. كوردەواری بە هۆی بارودۆخی دیمۆگرافی و جوگرافی و سیاسییەوە گەشەی كۆمەڵایەتیی قۆناغی خۆی نەدیوە، هەر لە بەرەبەیانی مێژوەوە لە نێو سیستەمێكی داخراوی خێڵەكیدا دەژی، خێڵەكان بە پەرتەوازەی ماونەتەوە دوور لە یەكتری، ئەمەیش هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ یەك نەگرتن و دروست نەبوونی سیستەمێكی خێڵایەتیی پتەو، كە زۆر جار بەرژەوەندیی بنەماڵەیەكی دیاریكراو و مەسەلەی دینی و مەزهەبی لە سەروو بەرژەوەندیی گشتییەوە دانراوە. ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵێك فاكتەری تر بوونەتە هۆی ڕووخانی پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردی:-
– داگیركردن و دابەشكردنی كوردستان.
– شوێنی گرینگی كوردستان لە ناوچەكەدا كە دوژمن سوودی لێ وەردەگرێت.
– شەڕی درێژخایەنی هۆزەكان، شەڕی ناوخۆ.
– ئاستی نزمی هۆشیاریی تاكەكەسی كورد بە تایبەت دەسەڵاتداران.
– مانەوەی پێوەندیی كۆن و بەسەرچووەكان.
–كۆچپێكردنی بە زۆر و نیشتەجێكردنی عەرەب و تورك و فارس ئەمەیش زیاتر كوردی پەرتەوازە كرد و پێكهاتەی كۆمەڵایەتییەكەی تێك شكاند.
– ڕووخانی ژێرخان و سەرخانی ئابووریی كوردستان.
– تێنەگەییشتن لە ڕەوتی، یان قۆناغی مێژوو.
– لەدەستچوونی هەلە مێژوویییەكان.
– دەمارگیری هۆزەكان (ناوچەیی) و پەرستنی تاكەكەسی بودەڵە و باوەڕكردنی زیاد لە ڕادە بە تاكەكەس.
– دووریی یەكەكانی كۆمەڵگای كورد لە یەكتری بە هۆی باری جوگرافیاوە…
“باسی سێیەم؛ سیماكانی نەتەوەییی گەلی كورد”
بیریاران و نووسەران و كۆڵیاران لەمەڕ چەمكی نەتەوە و بنەماكانی بە نەتەوە بوون چەندین پێناسەی جۆراوجۆریان هەیە، واتە پێناسەیەكی یەكگرتوویان نییە و هەر نووسەرە و بە جۆرێك پێناسەی نەتەوە و بنەماكانی بە نەتەوەیی بوونیان كردووە. لە سەر چەمكی نەتەوە یەكێك لەو بۆچوونانە بەم شێوەیە باس لە نەتەوە دەكات: (نەتەوە كۆمەڵە خەڵكێكە كە لە ڕەوتی مێژوودا پەیدا بوە و سەقامگیر بووە)، هەروەها هەندێ پێناسەی تر هەیە كە نەتەوە بە كۆمەڵە خەڵكێك دەزانن كە زمان و مێژوو و بەرژەوەندیی گشتی و …هتد بە یەكەوەیان دەبەستێتەوە، پێویستە ئەوەیش بزانین كە بیرۆكەی نەتەوە لە ناوەڕاستی (سەدەی نۆزدە) دوو تەفسیری بۆ كراوە، یەكەمیان تیۆری نەتەوەی هۆشمەند (القومیە الواعیە) تیۆری فەرەنسییەكانە و دوەمیان تیۆری نەتەوەی ناهۆشمەندانە (القومیە اللاواعیە) تیۆری فەیلەسووفە ئەڵمانییەكان. هەروەها پێویستە ئەوەیش بزانین كە نەتەوە زۆر پێش سیستەمی سەرمایەداری هەبوە، واتە هەستی نەتەوە دەبێ بە بیر و ئایدیۆلۆژیا هەوڵ دەدات لە پێناو دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
لەم بارەیەوە دەتوانین بڵێین نەتەوەی كورد كە ئەمڕۆ گەلی كورد دەگرێتەوە، ئەو گەلە بە شێوەیەكی كتوپڕ نەهاتووەتە سەر گۆڕەپانی مێژوو، بەڵكوو لە ئەنجامی توانەوەی كۆمەڵێك خێڵ و نەتەوەی ناوچەیی دروست بوە و هۆی ئەو پەرەسەندنە شارستانیەی لە كوردستانی كۆندا ڕووی داوە، نەتەوەیی كورد دروست بوە یان بە شێوەیەكی ڕوونتر نەژادی كورد لە ڕوانگەی نەتەوەیییەوە هەموو ئەو هۆز و نەتەوە و ناوچەیە كە دواتر گەلی كوردیان پێك هێناوە، وەك (سوباری و میتانی و خوری و ئورارتی و… هتد)، باشترین بەڵگە بۆ ئەو بۆچوونە، دۆزینەوەی ئاسەوارە كۆنەكانی ئەشكەوتی زەرزی و گوندی (چەرمۆ)یە، كە كۆنترین گوندی كشتوكاڵییە لە جیهاندا و باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە كورد هەر لە بەرەبەیانی مێژوەوە خاوەن شارستانیەت و ژیاری خۆی بووە و سیمای نەتەوەیی كوردی تێدا پاراستوە و بەرجەستە بوە، هەر بۆیە كورد سەرجەم بنەماكانی نەتەوەیی بوونی تێدایە كە لە چەند خاڵێكدا بە كورتی ئاماژەیان پێ دەكەین:-
١- نیشتمانی هاوبەش:- كوردستان وڵاتی كوردە و بە هەزاران ساڵ لەمەو بەر تێیدا نیشتەجێ بوون، هەر چەندە دەوڵەتێكی سەربەخۆی تێدا دروست نەبووە، بەڵام لە ڕووی چەمك و ماناوە وەك لە بەشی دوەمدا ئاماژەمان پێ كردووە خاكێكە تایبەتە بە نەتەوەی كورد.
٢- زمانی هاوبەش:- گەلی كورد زمانێكی تایبەت بە خۆی هەیە و لە ڕووی ئاخافتن و ڕێزمانەوە جیایە لە زمانەكانی تر و تایبەتە بە گەلی كورد، زۆری دیالێكتەكانی وەك: باكوور و ناوەڕاست و باشووری و گۆرانی نیشانەی دەوڵەمەندی و زیندوێتیی زمانەكەی دەگەیەنێت، كە ئەم فرەیەیش بە هۆی چەندین فاكتەری جوگرافی و سیاسی و… هتدەوە دروست بووە.
٣- مێژووی هاوبەش:- سەرجەم گەلی كورد خاوەنی یەك مێژووی ڕەسەنن و كە ڕابردوویەكی گەورەیان بۆ خۆیان دروست كردوە، بە یەك شێواز دروست بوون و بە درێژاییی مێژوو بە یەك مەینەتی و خۆشییەوە ژیاون و هاتوون.
٤- بەرژەوەندیی هاوبەش:- ئەگەر سەیری مێژووی گەلی كورد و مەسەلی كوردی بكەین دەبینین گەلی كورد بە تێكڕا یەك بەرژەوەندیی تایبەتی و گشتی و یەك چاوەڕوانییان هەیە و بوە كە هەوڵیان بۆ داوە بێتە دی.
سەرچاوەكان:
1. ا.م.منتشاشفیلی؛ كورد (كورتەیەكی پەیوەندی كۆمەڵایەتی ،ئابوری ،ڕۆشنبیری ،گوزەران)،وەرگێڕانی/ د.عزالدین مصگفی رسول، چاپی دووەم، دهۆك ،2008.
2.محمد ئەمین زەكی؛ خولاصەیەكی تاریخی كوردو كوردستان، سلێمانی ،2000ز،چاپی نوێ ،دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم.
3.مینۆرسكی؛ كورد، وەرگێڕانی /حمە سعید حمە كریم،هەولێر،1984،چاپخانەی زانكۆی سەلاحەددین.
4. محەمەد فەریق حەسەن؛ مێنتەڵێتی خێڵ ، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ وبڵاوكردنەوەی ئاراس ،هەولێر 2008.
5.مارتین ڤان برونسن؛ ئاغاوشێخ ودەوڵەت ،بەرگی یەكەم،چاپی چوارەم ،وەرگێڕانی / كوردۆعەلی ،سلێمانی ،2003.
6. صاڵح قەفتان؛ مێژووی گەلی كورد لەكۆنەوە تا ئەمڕۆ، چاپی سێ یەم، ساێمانی ،2005ز
7. شوان عوسمان؛ كوردستان وپڕۆسەی بەئیسلام كردنی كورد، چاپی یەكەم،سلێمانی ،سەنتەری چاپ وپەخشی رێنما ،2000ز
8. عبدالرحمن قاسملۆ؛ كوردستان وكورد ، چاپی یەكەم،بغداد ،1973ز.
9. جەزا تۆفیق تالب؛ بایەخی جیۆپۆلەتیكی هەرێمی كوردستان، چاپی دووەم، سلێمانی ،2000،سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیژی.
10. ڕەحیم سابیر؛ كوردۆلۆژی ،چاپی دووەم، سلێمانی،2005.
11. جویس بلۆ؛ دۆزی كورد، وەرگێڕانی / كارزان محمد ،سلێمانی ، 2004.
12. ڕەشاد میران؛ ڕەوشی ئايينی ونەتەوەیی لەكوردستاندا ، چاپی دووەم، هەولێر، 2000.
13. رشید شیخ عبدالرحمن؛ مێژووی زاگرۆس ، هەولێر ،2001.
14. ارشاك سافرستیان؛ مێژووی كوردو كوردستان ،وەرگێڕانی / عەەبدوڵا شاڵی ،چاپی یەكەم ،سلێمانی ،1960ز.
15. كەیوان ئازاد ئەنوەر؛ مێژووی ئايينەكان ،چاپی یەكەم، سلێمانی، 2009ز.