توركیا دەزانێت لە ناوچەكە شەپۆلێكی گەورەی گۆڕانكاری لە ڕێیەو جگە هەندێك وڵاتی ناوچە، خودی توركیاش دەگرێتەوە.
بۆ خۆلادان لەو شەپۆلە دیسان توركیا دەیەوێت لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە كێشەی كورد چارەسەر بكات و توركیا وای دەخوێنێتەوە كە كێشەی كورد یەكسانە بە ئازادكردنی ئۆجەلان.
لە ڕاستیدا ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە و لە ساتی دەستگیر كردنی ئۆجەلانیش توركیا هەمان خوێندنەوەی هەبوو كە پێی وابوو گرتنی ڕێبەری پەكەكە واتە كۆتایی هێنان بە كێشەی كورد.
لە ڕاستیدا نە گرتنی ئۆجەلان و نە ئازادكردنی كێشەی كورد چارەسەر ناكات، چونكە كێشەی كورد لە توركیا لە ئۆجەلان گەورەترە.
لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری توركیای كەمالی، تورك و بە تایبەتی كەمال ئەتاتورك سودی لە خۆشباوەڕی حەسەن خەیری وەرگرت و دواتر نەك كێشەی كورد چارەسەر نەكرا، بگرە هەر خۆی خەیری كوشت دوای ئەوەی ئیشی پێی نەما.
لێم ڕونە ئۆجەلان سەركردەیەكی خاوەن فكرو كارێزمایە، بەڵام توركیا نە بەڵێنی هەیەو نە ئامان و فرسەتەكانیش تا سەدەیەكی تر دووبارە نابنەوە بۆیە زەرورە ئەوانەی دەرەوەی ئیمرالی نەهێڵن ئۆجەلانیش ببێتە حەسەن خەیری.