(Chat gpt)پرۆگرامێکی زیرەکی دەستکردە کە توانای گفتوگۆی هەیە و لەلایەن کۆمپانیای (open AI)ەوە دروست کراوە. ئەم چاتبۆتە بەتوانایە ئەلگۆریثمەکانی فێرکردنی ئامێر(machine learning ) بەکار ئەهێنێت بۆ پرۆسێس کردن و شیکاری بڕێکی زۆر لە داتا، تاکو وەڵامی پرسیاری بەکارهێنەران بداتەوە. ئەم پرۆگرامەی پرۆسێسکردنی زمانە دەتوانێت لە زمانی مرۆڤ تێبگات بە شێوازی قسەکردن و نووسین. لەو زانیارییانە تێدەگات کە پێی دەدرێت لە هەمان کاتدا دەزانێت چۆن وەڵام بداتەوە. کاتێک خوێندکارێک پرسیارێک دەکات ئەم چات بۆتە وەڵامێک دەداتەوە کە بە ئاسانی لێی تێبگات بە شێوازی زۆر ورد و ڕون.
“تایبەتمەندی و سنورەکانی chat gpt“
یەکێک لە تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی (chat gpt)بریتییە لە توانای وەڵامدانەوەی وەک مرۆڤ لە کاتی ڕاستەقینەدا بە پێی داواکاری بەکارهێنەر، بەجۆرێک دەتوانێت وەڵامێکی سرووشتی بداتەوە بە شێوەی گفتوگۆ. هەروەها دەتوانێت چیرۆک، وتار، هۆنراوە بەرهەم بهێنێت، زیاد لەمانەش ئەم چات بۆتە دەتوانێت:-
- وەڵامی پرسیار بداتەوە.
- هاوکێشەی بیرکاری شیکار بکات.
- وەرگێڕان لە نێوان زمانە جیاوازەکاندا بکات.
- ڕاستکردنەوە و چاککردنی کۆدی پرۆگرامسازی.
- نووسینی ئەدەبی.
- پۆلێنکردنی شتەکان.
لەمانە گرنگتر ئەوەیە کە (chat gpt) ئەم وەڵامانە بەو پەڕی ئاسانی بەرهەم دەهێنێت. بۆ نمونە ڕەنگە خوێندکارێک کاتێکی زۆری پێبچێت بۆ توێژینەوە و ڕەشنوسی وتارێک لەسەر میکانیکی کوانتەم، لەکاتێکدا (chat gpt) دەتوانێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا جێگرەوەیەکی باش و گونجاو ئامادە بکات لەسەر ئەم بابەتە. لە کاتێکدا ئەگەر (chat gpt) وتارێک بەرهەم بهێنێت لەسەر کاریگەرییە کولتوورییەکانی جەنگی نێوان ئیسپانیا و ئەمریکا، ئەوا زانیارییەکانی سنووردار ئەبن، بە هۆکاری ئەوەی کە چات بۆتەکە تەمەنی کەمە، ڕەنگە زانیاری نا دروست بدات یاخود کێشەی تێگەیشتنی هەبێت، چونکە وەڵامەکان لەسەر بنەمای ئەو داتایانە دانراون کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٢٠٢٠) یان پێشتر.
“chat gptچۆن کار دەکات؟”
(chat gpt) بە سوود وەرگرتن لە کۆمەڵێک داتای زۆر لە دەق فێری زمان، ڕێزمان هەروەها پێکهاتە و مانای وشە و ڕستە دەبێت. ئەمە وای لێدەکات کە بتوانێت تێبگات لە دەق و مەبەستی بەکارهێنەر پاشان وەڵامێکی گونجاو بەرهەم بهێنێت.
“کاریگەرییەکانی ئەم چات بۆتە لەسەر فێربون”
لە کاتێکدا (chat gpt) پێشکەوتنێکی گەورەی بواری تەکنۆلۆجیایە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆکاری نیگەرانی و ئاڵنگاری جدییە لە بواری فێربووندا. ڕەنگە ئەمە سەرەتای دەرکەوتنی نوێترین شەپۆلی گزی و فێڵکردنی ئەکادیمی بێت، کە ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەخێرایی بگۆڕێت بۆ سونامی. هەرچەندە تەکنۆلۆجیای (GPTZero)ئێستا بەردەستە کە دەتوانێت پلەیجێریزم (بردنی فکرە و نووسینی کەسێکیتر) بدۆزێتەوە، بەڵام نیگەرانی گەورەتر ئەوەیە، خوێندکار سەرقاڵی پرۆسەی نوسین هەروەها چانسی توێژینەوە، بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە هەروەها داڕشتنی وەڵامی خۆیان نابن. وەک ئاشکرایە،زۆربەی دامەزراوە ئەکادیمییەکان بە نیگەرانیەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و هەڵسەنگاندنی زارەکی یاخود بەکارهێنانی ئامرازی تایبەت پەسەند دەکەن بۆ دۆزینەوە و ڕووبەڕوبوونەوەی پلەیجێریزم. جگە لەمەش پسپۆران پێشنیار دەکەن کە سوود لەم تەکنۆلۆجیایە وەربگیرێت بۆ مەشق و ڕاهێنان.
“سودەکانی (chat gpt) چین؟”
بە توانایی:- ئەو چاتبۆتانەی کە بە زیرەکی دەستکرد پاڵپشت دەکرێن دەتوانن چارەسەری زۆربەی ڕۆتین و ئیشو کاری ڕۆژانە بکەن، کە ئەمەش وا دەکات کارمەندان سەرنج بخەنە سەر بەرپرسیارێتییە ئاڵۆز و ستراتیجییەکان.
کەمکردنەوەی خەرجییەکان:- بەکارهێنانی چاتبۆتەکانی زیرەکی دەستکرد ڕەنگە تێچوەکەی کەمتر بێت لە دامەزراندن و ڕاهێنانی کارمەندی نوێ.
پێشخستنی کوالێتی ناوەڕۆکە دیجیتاڵییەکان:- نووسەران دەتوانن (chat gpt) بەکار بهێنن بۆ پێشخستنی کێشەی ڕێزمان و دەق یاخود بۆ ڕێکخستنی بیرۆکەی ناوەڕۆکەکانیان.هەروەها کارمەندان دەتوانن بۆ پێشخستنی زمان یاخود کارە ئاساییەکانی ڕۆژانە بەکاری بهێنن.
پەروەردە و ڕاهێنان:– (chat gpt) دەتوانێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر بابەتە ئاڵۆزەکان، تاکو وەک مامۆستایەکی تایبەت خزمەت بکات.بە هەمان شێوە بەکارهێنەرانیش دەتوانن داوای یارمەتی و ڕونکردنەوە بدەن ئەگەر پێویستیان بوو.
“نیگەرانییە ئەخلاقییەکان دەربارەی (chat gpt) چیە؟”
هەرچەندە دەکرێت (chat gpt) بۆ هەندێک ئیش و کار یارمەتیدەر بێت، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک نیگەرانی ئەخلاقیشی هەیە کە دەکەوێتە سەر ئەوەی چۆن بەکاردەهێنرێت لەوانە:- کەمی تایبەتمەندی کەسی، کەمی ئاسایش، فێڵکردن لە بواری خوێندن و پەروەردە هەروەها کارکردن.
“دزینی ئەدەبی و فێڵکردن”
دەکرێت (chat gpt) بە شێوەیەکی نا بەرپرسانە بەکاربهێنرێت وەک گزیکردن، خۆگۆڕین بۆ کەسێکی تر یاخود بڵاوکردنەوەی زانیاری نا دروست، بەهۆی توانا مرۆڤ ئاساکەیەوە. پەروەرشیاران نیگەرانن لە بەکارهێنانی (chat gpt) لە لایەن خوێندکارانەوە بە مەبەستی فێڵ و گزیکردن، پلەیجێریزم(دزینی ئەدەبی) هەروەها نوسینی توێژینەوە. سەرەڕای ئەوەش (chat gpt) بۆ بنبڕکردنی هەڵە لە نووسیندا بەکاردێت. بۆ نەهێشتنی فێڵ و گزیکردن، کۆمپانیای(open AI)،ئامرازێکی جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی ڕاگەیاند بۆ جیاوازیکردن لە نێوان نوسینی مرۆڤ و زیرەکی دەستکرد دا، هەرچەندە دوای ٦ مانگ لە بەردەستبونی،کۆمپانیاکە ئەم ئامرازەی کشاندەوە بەهۆی ئەوەی ڕادەی دروستی کەم بوو.
“لایەنگیری لەو داتایانەی فێری ئامێرەکە دەکرێت”
یەکێک لە نیگەرانیە ئەخلاقییە گەورەکان دەربارەی (chat gpt) بریتییە لە بوونی لایەنگری لەو داتایانەی فێری ئامێرەکە دەکرێت. ئەگەر هەر لایەنگرییەک هەبوو لەو داتایانەی کە دەدرێت بە مۆدێلەکە ئەوا ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئاوتپوتەکەی. بە هەمان شێوە (chat gpt) ڕەنگە لە زمانی سووکایەتی و دژایەتی تێنەگات، بۆیە پێویستە داتا و زانیارییەکان لە لایەن کەسانی شارەزاوە پێداچونەوەی بۆ بکرێت بۆ دورکەوتنەوە لەو کەم و کورتییانە.
“جێگرتنەوەی کار و کاریگەری لەسەر مرۆڤ”
لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری تەکنۆلۆجیادا، ڕەنگە (chat gpt) زۆربەی ئەو ئیش و کارانە بکاتە ئۆتۆماتیکی کە پێشتر لە لایەن مرۆڤەوە ئەنجام دەدران. لەوانە داخلکردنی زانیاری، خزمەتگوزاری بەشداربووان هەروەها وەرگێڕان. خەڵکی نیگەرانن لەوەی کە ڕەنگە ئەم تەکنۆلۆجیا جێگەی ئەوان بگرێتەوە. بۆیە گرنگە کە کاریگەریەکانی (chat gpt) و زیرەکی دەستکرد لەسەر کارمەندان لەبەرچاو بگیرێت. لە جیاتی جێگرتنەوەی کرێکار بە تەکنۆلۆجیا، دەکرێت (chat gpt) وەک پشتگیری کار و زیادکردنی هەلی کار بەکار بێت بۆ کارمەندان.بۆ نمونە پارێزەرێک دەتوانێت (chat gpt) بەکار بێنێت بۆ کورتکردنەوە و پوختەکردنی کەیسێک یان نوسینی تێبینیەکانی دەربارەی بڕیار و ڕێککەوتنەکەیان.
“بەدیلەکانی (chat gpt) چین؟”
بەهۆی زۆربەکارهێنانی (chat gpt)،هەروەها ئەو زەختە زۆرەی لەسەرێتی زۆرجار بەردەست نابێت، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کۆمپانیای(Open AI) کۆمپانیای (Google)،لە مانگی شوباتی ساڵی (٢٠٢٣)(Bard)ی ڕاگەیاند، کە لە دوای ساڵێک ناوەکەی گۆڕی بۆ (Gemini).(Gemini) ڕاستەوخۆ زانیارییەکانی لە ئینتەرنێت وەردەگرت لەڕێگەی گەڕانی گوگڵەوە تاکو دەستی بە نوێترین زانیارییەکان بگات. گوگڵ بە تووندی ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەوە لە دوای ئەوەی (Gemini)وەڵامی هەندێک پرسیاری بەکارهێنەرانی بە هەڵە دایەوە، بۆ نمونە کاتێک لێیان پرسی: کێ بە بنیاتنەری ئەمریکا دادەنرێت؟ لە وەڵامدا وتی ڕەش پێستەکان. کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، (١٠ملیار)دۆلار وەبەرهێنانی لە کۆمپانیای(open AI) دا کرد و کردی بە یەکێک لە پڕداهاتترین کۆمپانیاکان، لە بەرامبەردا (GPT-4)و (Bing)کە لە لایەن مایکرۆسۆفتەوە خاوەنداری دەکرێت، هەماهەنگیان کرد و (Gpt-4) تایبەتمەندی چاتی بۆ بەشی گەڕانی (Bing)زیاد کرد. مایکرۆسۆفت ئەمەی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چاتبۆتەکانی (Copilot)ەوە کرد. گەڕانەکانی (Bing)یش دەتوانرێت هەر لە ڕێگەی (Copilot)ەوە بکرێت، بەمەش ئەنجامێکی زۆر تەواو دەدات بە بەکارهێنەر.
لە هەمان کاتدا کۆمەڵێکی تر جێگرەوە هەیە وهك ( AI-Writer. Article Forge. ChatSonic Copysmith DeepL Write (Jasper. Magic Write OpenAssistant Peppertype. Perplexity AI. Spellbook Rytr. YouChat. هەروەها بۆ نو,سینی کۆدی پرۆگرامسازی کۆمەڵێک جێگرەوە هەن بریتین لە:(AlphaCode. AmazonCodeWhisperer. CodeStarter. CodeWP. Cody. Enzyme. Ghostwriter. GitHub Copilot)
بەم شێوەیە ئەم تەکنۆلۆجیایە دەکرێت سوودی زۆری هەبێت بۆ پرۆسەی فێربوون،کەمکردنەوەی خەرجیەکان هەروەها کەمکردنەوی ڕۆتین. هەروەک زۆر کەس نیگەرانی لایەنە نەرێنییەکانین وەک دزینی ئەدەبی و جێگرتنەوەی دەستی کاری مرۆڤ و … هتد.
سەرچاوە؛ tech target
وهرگێڕان؛ لاولاو مستهفا