لەم ڕانان و ناسینەدا دەمەوێت لەسەر ڕۆحییەتی مەولانا و نزاكانی چەنـد پەیڤێكتان پێشكەش بكەم. ئێوە بڕوانن لە سەدەی مەولاناوە هەتا ئەمڕۆ هەموو لێكۆڵەران و ڕاڤەكارانی مەسنەوی مەولانا هاتوون لەسەر ئیشق و ئەخلاق و ئیمان و مەعریفەی مەولانا قسە بكەن و لەسەری بنووسن. بەڵام ئەم پەرتووكە باسی ڕۆحییەتی مەولانا دەكات كە چ جۆرە نزایەكی هەبووە. مەولانای ڕۆحی لە مەسنەویدا نزای كاریگەریی بەیان كردووە و مرۆڤ كاتێك دەیانخوێنێتەوە بەراورد بە نزاكانی خۆی شەرم دەیگرێت. لە پێشەكی كتێبەكەدا دوو جۆر لە نزام خستووەتە ڕوو. نزای نیاز. نزای ناز. كورتەیەك دەخەمەڕوو، چونكە لەوێدا قسەم لەسەر كردووە.
بێگومان نزا كاریگەرییەكی ئـەوتۆی هەیە بـەسەر دڵ و دەروونی مرۆڤەوە. لە دەرەوەی دیندا نزایەك بوونی نییە. ئەگەریش هەیبێت ئەوە لە نەزانینی مرۆڤەكاندایە كە بتپەرستی دەكەن. نزای نیاز واتە نزاكار پێویستییەكی هەیە و دەیخاتە بەردەم خودا هەتا بـۆی فـەراهـەم بهێنێت. لـەم جـۆرە نـزایـە، ڕاستـە خـودا بەخشندەی ڕەهایە و هەموو شتێك بە مرۆڤ دەبەخشێت. بەڵام ئیدی ئەم نزایە جۆرێك لە بازرگانییە. واتە من داوایەك دەكەم و خوداش بۆم جێبەجێ دەكات. لە دیندا زیاتر ئەم نزای نیازە دەبینرێت. وەك ئەوەی لە نوێژدا نزای زۆرمان هەیە و یەكێك لەو نزایەش نزای نیازە. واتە من نزای نیاز دەكەم هەتا خودا بمخاتە بەهەشتەوە و لە دۆزەخ دوور بم. زۆر باشە كەموكورتی نییە باوابێت. هەرچی داوا بكەی لە خودا یان پێت دەبەخشێت یان دوای دەخـات هـەتاكوو تـۆ نزاكەت بـە جوانتر و باشتر دووبارە بكەیتەوە.
نزای نـاز جودایە لـە نزای نیاز. ئـەم جۆرە نزایـە زیاتر لـەنـاو عیرفاندا هەیە. لە عیرفاندا نزایەك بوونی نییە هەتا خودا پێویسییەكانت بۆ جێبەجێ بكات. بەڵكو نزای عیرفانیی و نزای نـاز هیی ئەوەیە كە نـزاكار زیـاتر پەیوەندییەكی سەقامگیر دروست بكات لەنێوان خۆی و خودا. نزای نـاز واتە خستنەڕووی شەرم بەرامبەر بە خودا. نزای نـاز واتـە منی نـزاكار بـێ دەسەڵاتم و ئـەی خودایـە تۆیش خاوەن دەسەڵاتی. نزای ناز نەك تەنیا كردەنییە بەڵكوو وەك بۆچوونی خۆم دەبێت ببێتە ئەرك بەسەرمانەوە. نزای ناز واتە منی نزاكار جگە لە خودا هیچ شتێكی دیكەم لێ ناوێت. ئەگەر شتی دیكەی لێ بخوازم ئەوە دەبێتە بازرگانی.
جا لەبەر ئەوەی نزای نـاز واتە لەگەڵ خودابوون بەبێ هیچ بەرژەوەندییەك. نزای نیازیش قەیدی ناكات، ئێوە لە خودا بخوازن هەتاكوو پێتان بدات. بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەبوو كە نزای عیرفانیی و نزای دینیم خستەڕوو بۆتان. زیاتر لەسەر نزا ناڕۆم. ئێوەی ئازیز دەتوانن كتێبەكە بەدەست بهێنن و ڕۆحییەتی مەولانـا ببینن كـە چ شتێكی لـە خـودا خواستووە. مەولانا نزایەكی جوانی هەیە كە دەڵێت: تەنانەت خودا نەگوتراوەكانمان دەبیستێت. بڕوانن نزاكردن بنەما نییە بەڵكوو چۆنییەتی نزا كردن بنەمایە و گرنگە. پێویستە بە شەرمەوە بچینە بارەگای خودا و نیاز و نازی خۆمانی لێ بخوازین. ئیدی نزاكانیش زۆرن. هەیە ماڵی دەوێت هەیە ئەوینی دەوێت و هەیشە ئیمان…هتد. جا لەبەر ئەوەی چەند نزایەكی مەولانا دەهێنم هەتا بەردڵتان بگرێت و چێژتان پێ ببەخشێت.
ئـەی خودا ئـەی بـەخششی تۆ نیازی ڕەوا
لەگەڵ تۆ یادی هیچ كەسێك نەبووە ڕەوا
ئـەم هەمووەمان گوت بـەڵام وەك هیچ
بێ یارمەتیی و ڕێنمایی تۆ هیچین هیچ
بێ یـارمەتی تۆ و یـارمەتی پیاوچاكان
گەر فریشتەیش بێ ڕەشە كردەوەمان
تۆ ئەوەندە ڕێنماییت پێمان بەخشیوە
هـەتـا كەموكورتی ئێمەت داپۆشیوە
چێژیی نیعمەت خۆت لێمان وەرمەگرەوە
نوقڵ و شەرابی پاكت لێمان وەرمەگرەوە
لە كاری خراپمان وەها لێمان مەڕوانە
لە بەخشش و لێبوردەیی خۆت بڕوانە
بێ خواستن، تۆ خواستنیشت پێ بەخشیوین
بـێسنوور و بـێ ژمـارە نیـازت پێ بەخشیوین
ئــەی یــادی تــۆ وەك ڕۆحیی ڕەوانـم
جگە لە تۆ نییە ناوێك لەسەر زمانم
******
ئـەمەیش بـەشێك لـە نـزاكـان كـە بـە ڕاڤەكارییەوە بـەیـان دەكرێن:
بە نێوی ڕاخەری عیشق
ای خدا ای فچل تو حاجت روا
بـا تـو یـاد هیـچ كس نبود روا
واتە: ئەی ئەو خودایەی كە بەخشش و كەرەمی تۆ پێداویستییەكان دابین دەكات و خاوەن مەبەست دەگەیەنێت بە مەبەست و ئاواتی خۆی، ئەوە هەرگیز ڕەوا نییە كەسێك كە هاوڕا بێت لەگەڵ یادی تۆ. واتە كاتێك یادی تۆ دێتە پێشەوە، ئەوە ئیدی یادكردنی ئەوانی دیكە ناڕەوایە. مرۆڤـ لە هەر پێگەیەدا بێت، ئەوە نابێت بنازێت بە كامڵبوونی خۆی، هەر ئەوەی كە بە خۆی دەنازێت، ئەوە نیشانەی داكەوتنی ئەوە بە هۆی خۆویستییەوە. ڕزگاربوون لە خۆویستی تەنیا بە یارمەتی خودایە لەگەڵ پیاوچاكانی ئەو.
“مەسنەوی،مەعنەوی”
این همە گفتیم لیك اندر بسیج
بـی عـنـایـات خـدا هیچیم هـیـچ
واتە: ئەم هەموو ئامۆژگاریی و هەقیقەتەمان گوت، بەڵام بۆ ئەوەی ئامادەی سەفەری ڕێگای خودا بین، ئەگەر یارمەتی خودا نەبێت، ئەوە ئێمە بە هیچ و نەبوو هەژمار دەكرێین. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو فەرموودە پیرۆزەی پەیامبەری ئازیز كە دەفەرموێت: ئەوەی كە خودا ویستی كرا، بەڵام ئەوەیشی كە نەیویست نابێـت.
“مەسنەوی،مەعنەوی”
بــی عـنـایـات حق و خاصان حق
گر ملك بـاشد، سیاهستش ورق
واتە: بەبێ یارمەتی خودا و بەندە چاكە هەڵبژێراوەكانی ئەو، ئەگەر تەنانەت فریشتەش بوونی هەبێت، ئەوە نامەی لاپەڕەی كردەوەكانی ڕەشی زیاتر هیچ نییە.
“مەسنەوی،مەعنەوی”
این قـــدر ارشــاد تــو بـخـشیـدەای
تـا بـدیـن بـس عیب مـا پوشیدەای
واتە: ئەی خودایە ئەم هەموو یارمەتیی و ڕێنمایی كردنە تەنیا تۆ دەیبەخشی. ئەی خودایە هەتاكوو ئێستاش هەر تۆی كە: كەموكورتی ئێمەت داپۆشیوە.
“مەسنەوی،مەعنەوی”
قگرەای دانش كە بخشیدی ز پیش
متـصـل گـردان بە دریـاهـای خویش
واتە: ئەی خودایە دڵۆپێك زانست كە لە سەرەتاوە بەخشیوتە پێمان، ئەوا ئەو دڵۆپە زانستەش پەیوەست بكە بـە دەریای زانست و مەعریفەی خۆتەوە. ئەی خودایە زانستی بەشەكیی و سنوورداری ئێمە پەیوەست بكە بە زانستی گشتی بێ كۆتایی خۆتەوە.
«مەسنەوی،مەعنەوی»
قگرە عـلـم است انـدر جـان من
وارهـانـش از هـوا و از خـاك تـن
واتە: دڵۆپە زانستێك كە لەناو ڕۆحمدایە، ئەوە ڕزگاری بكە لە نەفس و ئارەزووی جەستە. واتە زانستمان ئاوێتە مـەكـە بـە نـەفس و ئارەزووی جەستەمانەوە.
«مەسنەوی،مەعنەوی»
نزاكان زۆرن و پێویست ناكات لەوە زیاتر بڵێم. بۆیە ئێوەی ئازیز سوراخی كتێبەكە بكەن و سوودمەند بن لە نزای دڵنشین.
“بایەخی خوێندنەوەی كتێبەكە”
ئەم كتێبە هەم ڕۆحییەتی مەولانات پێ دەناسێنێت كە چ جۆرە پەیوەندییەكی هەبووە لەگەڵ خودا هەمیش فێرت دەكات كە چ نزایەك بكەیت هەمدیسان فێری شەرم و ئاداب و چۆنییەتی نزاكردنت دەكات. بۆیە خوێندنەوەی وەها كتێبێك كاریگەری دەخاتە سەر دڵ و دەروونت و ئەو نزایانەی كە هەتا ئێستا كردووتن، ئەوە وازیان لێ دەهێنیت و دەست دەكەیت بە جۆرە نزایەكی دیكە كـە جگە لـە خواستنی هیچ لـە خودا هیچی دیكەت ناوێت. بۆیە نزای عیرفان و نزای ناز واتە ویستنی خودا و بەس. ئەوەی كە لە بایەزیدی بوستامی دەپرسن: چیت دەوێت؟ ئەویش دەڵێت: ئەوەم دەمەوێ كە هیچم نەوێ. جا لەبەر ئەوەی وەك كەسێكی ئیماندار پێوستە لە خودا تەنیا خودا بخوازین و ئەگەر نزایەكیش بێت ئەوە پەیوەندیمان لەگەڵ خودا سەقامیگرتر بكات.