“Sagkeeng First Nation“
گەلی ڕەسەنی ساگکینگ (کە بە ساگکینگی ئەنیشینابیش دەناسرێت)، بەپێی پەیماننامەی ١ یەکەم گەلی ڕەسەنە لە ناوچەی ئیستمانی ویلایەتی مانیتۆبای کەنەدا، کە پێکهاتوون لە گەلی ڕەسەنی ئەنیشینابای ئەو ناوچەیە لە نزیکی مۆڵگەی پاریزگاریی (مەحمییە،reservation )ی هندییەکانی فۆرت ئەلیکساندەر و بە درێژایی ڕووباری وینیپێگ و کەنداوی تراڤێرس هەڵکەوتووە. ئەمڕۆ شوینی نیشتەجیبوونی ساگکینگ زەوییەکانی بەشی باشووری دەریاچەی وینیپێگی گرتووەتەوە، کە بە مەودای ١٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری شاری وینیپێگەوە و لەسەر وشکایی سەرەکییە.
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١دا، کۆی ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن لە مۆڵگەی پارێزگاریی ساگکینگ گەیشتە ٨٠٢٨ کەس، کە ٣٦٠٠یان لە مۆڵگەکەدا دەژین و زیاد لە ٤٥٠٠یان لە دەرەوەی مۆڵگەکە. ناوەکەش لە زاراوەیەکی خێڵی ئۆجیبوێوە هاتووە و بە مانای “ئاوڕێژی ڕووبار” دێت. ناوچەی نەریتیی ساگکینگ ئەو زەوییانە دەگریتەوە کە دەکەونە سنووری پەیماننامەی یەک و هەروەها ئەو زەوییانەش کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری وینیپیگەوە.
“مێژووی گەلی ساگکینگ ئەنیشینابە”
ناوچەی کۆبوونەوە و بازگانیی خەڵک، کە دواتر بوو بە قەڵا یان فۆرت ئەلیکسەندەر، بە تەواوی گەل و دانیشتووانیەوە، بەشێکن لە کولتووری قۆناخی مس، وەک لەو دۆزراوە و کەرەستە دەستکردانەدا دەردەکەوێت کە لەو ناوچەیەدا دۆزرانەوە. لێرە سەرچاوەی مس ئەو کانە مسانە بوون کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ. هەندێ لە خەڵکانی ساگکینگ ئۆجیبوەی نەوەی ڕاستەوخۆی خێڵەکانی ئەنینشینابەن کەوا لە نیشتەجێیەکی زۆر کۆنەوە کۆچیان کردووە کە ئەمڕۆ ساڵت ستی ماریی پێدەڵێن لە هەرێمی ئۆنتاریۆ. هەندێ لە باوباپیرانی ساگکینگ بەشێک بوون لە کولتووری دێرینی مس. ئەوان مامەڵیان لەگەڵ کەرەستە و شمەکی دروستکراوی مسدا کردووە کە لە زەوییەکانی دەوروبەری فۆرت ئەلیکسەندەردا دۆزراوەتەوە و ڕاوە ماسی و ڕاوی ئاژەڵی کێوی و بازرگانییان کردووە تێیدا.
بە گوێرەی حکوومەتی ئێستای ساگکینگ، ئەم گەلە لە نزیکی ئاوڕێژی ڕووباری وینیپیگ و کەنداوی تراڤێرس لە دێر زەمانەوە ژیاوە (کە دواتر بووە بە مۆڵگەی فۆرت ئەلێکساندەری ژمارە٣). ئەمەش وا دەگەیەنێت کە هەندێک لە باوباپیرانی ساگکینگ هەمیشە لەم ناوچەیەدا بوون و لەگەڵ خێڵی ئەنیشینابە و خێڵە ڕەسەنەکانی تردا ژن و ژنخوازییان دەکرد. گەلانی ئەنیشینابە کەوتنە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەل کۆچبەرە فەرەنسییە بەراییەکاندا چەند سەد ساڵێک لەمەوپێش لەم ناوچەی فۆرت ئەلیکسەندەری ئێستادا کە بو خاک و وڵاتی ساگکینگ ناسرابوو.
“فۆرت یان قەڵای ئەلیکسەندەر”
لە ساڵی 1734دا، لاڤێرەندری La Vérendrye مەڵبەندێکی دروستکرد بۆ بازرگانیی کەوڵ (فەرو) و ئەویش مەڵبەندی فۆرت مۆریپاس بوو لە بەری باکووری ڕووباری وینیپێگ، لە باکووری شاری سێلکیرک لە ویلایەتی مانیتۆبا، کە کە لە کۆتایی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیدا دەسبەرداری بوون. لە کاتێکی دواتردا تۆسان لێسیوری کارمەند لە کۆمپانیای نۆرس وێست، شوێنێکی تری لە بەری باشووری ئاوڕێژگەی دەریاچەی وینیپێگ دروستکرد و بوو بە شوێنێکی گرنگی بازرگانیی شمەک و کاڵای جۆراوجۆر لە ناوچەکەدا. لێرە کۆمپانیای کەنداوی هەدسۆن لە نێوان ساڵانی ١٧٩٥ و ١٨٠١دا کاری کردووە. لە ساڵی ١٨٠٧دا، ئەلیکساندەر ماککای بنکەیەکی لەو نزیکانە دروستکرد و ئەم شوێنە تازەیە لە ساڵی ١٨٠٨ەوە بە قەڵا یان فۆرت ئەلیکساندەر ناسرا. لەو کاتەوە کە نێچیرە گەورەکان (مەبەست لێرەدا گامێشە کێوییە – وەرگێڕ) زیادەڕۆیی زۆر کرا لە ڕاوکردنیاندا لەلایەن کۆچبەرەکانەوە لە دوادوایی ساڵانی ١٧٠٠کاندا و هاتنە کەمی، ئیتر ماسی و دانەوێڵە و میوە و سەوزەی باخ و مەزراکان بوون بە خواردنی سەرەکی لە ناوچەکەدا. لە پاش یەکگرتنی هەردوو کۆمپانیای نۆرس وێست و کەنداوی هەدسۆن لە ساڵی ١٨٢١دا، فۆرت ئەلیکساندەر بەردەوام لەگەڕدا بوو وەک پێگەیەکی بازرگانی بۆ دانیشتووانی ڕەسەن و کۆچبەرەکان لە ناوچەکادا.
لە ساڵی 1871دا، خێڵی گێگەکی – بێنيسی، کە بە “بالندەی بازیش” دەناسران، لەبریی باوباپیرانی گەلی ساگکینگ پەیماننامەی ژمارە یەکیان مۆرکرد. بەو پێیە مۆلگەی پارێزگاریی هندییەکانی فۆرت ئەلیکساندەر دامەزرا کە وا ڕووبەرەکەی نزیکەی ٨٨ کیلۆمەتری چوار گۆشە بوو و لە ساڵی ١٨٧٤دا ڕووپێوی کرا.
“پەیماننامە”
لە ساڵی ١٨٧١دا پەیماننامەی ژمارە ١ لەبریی گەلی ساگکینگ مۆکرا. لەگەڵ ئەوەشدا کە پەیماننامەی١ هی گەلی ڕەسەنی ساگکینگە، بەڵام لە پەیماننامەی سێ و پێنجیشدا بەشدارە. بەدیاریکراوی، ئەو ڕووبەرە جوگرافییەی زەوییەکانی خێڵی ڕەسەنی ساگکینگ دەگاتە ١٤٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە. هەموو ساڵێ لە دوا هەفتەی مانگی تەمووزدا یادی پەیماننامەکان دەکاتەوە و چالاکییە جۆراوجۆرەکان پێنج شەش ڕۆژ دەخایەنێت کە بۆ هەمووان کراوەیە.
کچە پاکیزەکانی ماریی فەرەنسی قوتابخانەی ناوخۆیی فۆرت ئەلیکساندەری منداڵانی گەلانی ڕەسەنی بەڕێوەدەبرد. لەو دەمەدا وەک بارودۆخێکی باو ئەم دامەزراوەیە سیاسەتی جینۆسایدی کولتووریی پیادە دەکرد لە ڕێگەی ناچارکردنی قوتابییان بەوەی کە بە زمانی ئینگلیزی قسە بکەن و نەیاندەهێشت کولتووری تایبەتی کۆمەڵگەکانی خۆیان پیادە بکەن و بەمەش میراتێکی بەردەوامی شۆک و تراومایان خولقاندبوو لە ناو خێڵی ساگکینگ و گەلانی تری ئەنیشینابەدا. لە ساڵی ٢٠٠٥دا، حکوومەتی کەنەدا بەفەرمی ئەو ستەم و پێشێلکارانەیان سەلماند کە لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا بەرپاکران و داوای لێبووردنی کرد لەسەر ئەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧دا مۆڵەتی خەرجکردنی پاکێجێک قەرەبووکردنەوەی دا بە بڕی ٩.١ ملیار دۆلار بەو منداڵە ڕزگاربووانەی کە بە زۆرەملێ ناچار کرابوون بچنە ئەو قوتابخانانە. خێڵی ساگکینگ و خێلە ڕەسەنەکانی تر ڕەخنە لە بەرنامەی خزمەتگوزاریی منداڵ و خێزانی سەر بە حکوومەت دەگرن بە هۆی ئەوەوە کە هەوڵی هەڵوەشانەوەی خێزانەکانی داوە لەبری کارکردن بۆ یەکخستنەوەیان لە ڕێگەی پێشکەشکردنی هاوکاری و پاڵپشتی بۆ باوک و دایکان و منداڵەکانیان.
“ژیانی هاوچەرخ”
سەرکردایەتیی ئێستای حکوومەتی ساگکینگ ئەنیشینابە، کە لە نیسانی ٢٠١٩دا هەڵبژیردراوە و پێکهاتووە لە پێنج ئەندامی هەڵبژێردراو تا ساڵی ٢٠٢١، سەرۆک دێریک هەندرسن و ڕاوێژکاران لین دۆری، جۆن کۆرشین، دیلان کۆرشین، ئیرین کۆرشین، هێنری سوامبی و تانیا توهێرت. ئەم گەلە ڕەسەنە تیمێکی سەمای هەیە بە ناوی فاینێستی ساگکینگ، کە لە ساڵی ٢٠١٢دا پلەی یەکەمی تاقە وەرزی کەنەدای بەدەستهێنا Canada’s Got Talent لە تێکڕای ٢٤٤ کار و چالاکیی تردا. بێجگە لە بەدەستهێنانی خەڵاتێکی گەورەی ١٠٠ هەزار دۆلاری، ئۆتۆمبیلێکی وەرزشیی نایابی ١٠٥ هەزار دۆلاریشی بردەوە و گەلێ خەڵاتی تریش. لە ئێستادا گەلی ڕەسەن یان یەکەمی ساگکینگ مەڵبەندیک لەخۆدەگرێت بۆ چارەسەری خێزانی بە ناوی مینۆ و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەرنامەکە بە سەرکەوتوویی خراوەتەگەڕ. ئەمان لەگەڵ تەواوی خێزانەکاندا کار دەکەن بۆ فێرکردنی چۆنێتیی زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و پاراستنی یەکگرتوویی خێزانەکاندا.
ئامادەکردن: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
سەرچاوە: پێگەی ویکیپێدیا Wikipedia