سه‌ره‌ڕاى چه‌ندين هۆى سياسى و تهنزيمى و ئابوورى[1]، يه‌كێك له‌هۆكاره‌كانى جيابوونهوهيان له خاڵێكدا به‌م شێوه‌يه به‌يان ده‌كه‌ن: “ئه‌و تاقمه (مه‌به‌ستيان زۆرينه‌ى سه‌ركردايه‌تى حسكه) زۆر بێ شه‌رمانه و به ڕاشكاوى له كۆبوونه‌وه‌دا ڕايانگه‌ياند و پاشان بڕياريشيان پێ وه‌رگرت كه حيزبى ديموكراتى شۆڕشگێڕ، ته‌نها حيزبێكى نه‌ته‌وه‌ييه و خهباتهكهشى هه‌ر خه‌باتێكى نهتهوايهتييه، ئێستا به‌هيچ جۆرێك ئێستا به‌هيچ جۆرێك نابێت خۆى له قه‌ره‌ى خه‌باتى چينايهتى بدا و له ئايندهشدا واته دواى ته‌واوكردنى ئه‌ركه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ش(قۆناغى ڕزگارى نيشتمانى) بۆى نييه تهحويل ببێ بۆ حيزبێكى شۆڕشگێڕى چينى كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان. به‌وپێيه به فه‌رمووده‌ى ئه‌وان بێ ده‌بێت ده‌ورى مێژوويى ئه‌و حيزبه له‌گه‌ڵ ته‌واو بوونى خه‌باته نهتهوايهتييهكه ته‌واو بێت و كۆتايى پێ بێت. كه ئه‌مه‌ش خۆى له خۆي‌دا لادان و پاشگهزبوونهوهيهكى ته‌واوى ئه‌م تاقمه بوو له ڕێبازى ئايدۆلۆژى حيزب‌دا كه له په‌يڕه‌وى نێوخۆدا هاتوه و ده‌ڵێت (حيزبى سۆسياليستى كوردستان_ئێراق، حيزبێكى ديموكراتى شۆڕشگێڕى پێشكه‌وتنخوازه).هه‌ر له هه‌مان ماده‌ش له خاڵى دووه‌مدا هاتووه، ده‌ڵێت: “حيزب خه‌باتى نه‌ته‌وايه‌تى خۆى به خه‌باتى كۆمه‌ڵايه‌تييه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه).
له ڕاپۆرتى سياسى كۆنگره‌شدا هاتوه و ده‌ڵێت: “حيزبمان باوه‌ڕى ته‌واوى به سۆسياليزمى زانستى و به‌يه‌كه‌وه گرێدانى ديالێكتيكانهى خه‌باتى نه‌ته‌وايه‌تى و چينايهتى هه‌يه.. وه‌كوو له په‌يڕه‌و و پڕۆگرامهكهشيدا هاتووه قۆناغێكى سهرووترى حزبێكى ديموكراتى شۆڕشگێڕه، تاقيكردنه‌وه‌ى حيزبى ديموكراتى شۆڕشگێڕيش وه‌كوو ئاشكرايه تاقيكردنه‌وه‌يه‌ك نييه ته‌نها تايبه‌ت بێت به كوردستانى ئێمه و ئه‌و تاقمه به تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ كردن و تێگه‌يشتنێكى نا زانستييانه له‌مه‌ڕ ڕێبازى ئيمڕۆى ديموكراتى شۆڕشگێڕ له دوونيادا به كهيفى خۆيان لێكدانه‌وه‌ى بۆ بكه‌ن و له قاڵبى بده‌ن، چونكه حيزبى ديموكراتى شۆڕشگێڕ ده‌مێكه له جيهاندا و به تايبه‌تيش له وڵاتانى ئاسيا و ئهفريقادا دياردهيهكى سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى تازه پێكدێنێت و ده‌ربڕينێكى ئاره‌زووى(تطلعات) ئه‌و هێز و ڕێكخراوه شۆڕشگڕانهشه كه ده‌يانه‌وێت گۆڕانێكى قووڵى سياسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵايه‌تى له كۆمه‌ڵدا بكه‌ن و به خۆ بواردنيش له ڕێگه‌ى گه‌شه‌كردنى سه‌رمايه‌دارى..”.[2]
دواى چه‌ندين ململانێ و يه‌كتر تۆمه‌تباركردن به‌پێشێل كردنى په‌يڕه‌و بنه‌ماكانى حزبى و له‌نێوان ئه‌م دوو باڵه ليكترازان ڕووده‌دات[3]، له‌ڕۆژانى( 12تا-14/12/1985) له‌گه‌لى زيوشكانى ده‌ڤه‌رى بادينان زنجيرهيهك كۆبوونه‌وه‌ى فراوانى (پلينێۆم) كاديرانى ڕێكخستن و پێشمه‌رگه‌يى ئه‌نجامدا، ئه‌نجامى يه‌كه‌مى پلينێومى ئه‌و ڕه‌وته، وه‌كو لايه‌نێكى سه‌ربه‌خۆى كوردستانى خۆى ناساند، بڕيارى دا له‌ژێر ناوى( حزبى سۆسياليستى كوردستان-ئێراق/ئيتيجاهى ديموكراتى شۆڕشگێڕ)، درێژه به‌خه‌باتى سياسى و پێشمه‌رگه‌يى خۆى بدات، هه‌رله‌و پلينيۆمه كۆميتهيهكى ئاماده‌يى هه‌ڵبژارد، بۆئه‌وه‌ى سه‌ركردايه‌تى ئه‌و ئاڕاستهيه بكات تا گرێدانى كۆنفڕانس.[4] تاكاتى به‌ستنى كۆنفرانسى يه‌ك به‌و ناوه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر ناوه‌كه‌ى ده‌گۆڕێت به “حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان”، باس له‌وه ده‌كرێت مه‌رجى به‌ره‌ى كوردستانى بووه، تاوه‌كو ناوهكهيان بگۆڕن ئينجا به‌شداريان پێ بكرێت، ئه‌ويش له‌ژێر كاريگه‌رى سۆسياليست.[5] ئه‌مه‌و جگه‌له‌وه‌ى له‌وكاته‌دا نه‌ده‌كرا دوو حزب به‌يه‌ك ناو كاربكه‌ن.[6]ئه‌وه‌بوو ئه‌م باڵه كۆنفرانسى يه‌كه‌مى له‌ژێر دروشمى “ڕێكخستنى پۆڵاين و ديسپلينێكى هۆشيارانه پێش هه‌موو شتێك”، به‌ئاماده‌بوونى (36) نوێنه‌ر لهڕيزهكانى خه‌باتى چه‌كدارى و ڕێكخستنه‌كانى ناوخۆ له ڕۆژانى (26/4/1988) له گوندى كافێى بنارى چياى گارا له‌ده‌ڤه‌رى بادينان به‌ست.
[7]دواى كۆنفرانسى يه‌كه‌مى زه‌حمه‌تكێشان هێزه‌كانيان دابهشكرده سه‌ر چه‌ند هێزێك وله‌ژێر ئه‌و ناوه‌دا به‌رده‌وام بوون له چالاكى، به‌ڵام دواتريش كۆمه‌ڵێك كادرى پێشكه‌وتووى حزب سه‌باره‌ت به ئامانج وجياوازى تێڕوانينى فكريان سه‌باره‌ت به ماركسى بوون وخه‌باتى ناوشاره‌كان، ناكۆكى دروست بوو جيابوونهوه، كه چالاكترينيان (عه‌بدولڕه‌زاق مه‌رزنگ، ڕابه‌ر ڕه‌شيد وڕێكار ئه‌حمه‌د)بوون، هه‌وڵياندا ڕێكخستنێك دروست بكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڕێكار ئه‌حمه‌د چووه ناو پارتى گه‌ل وبارودۆخى سه‌ختى سياسى سه‌ركه‌وتوونه‌بوون وههندێكيان گه‌ڕانه‌وه ناوشاره‌كان وته‌سليم بوونه‌وه.[8] حزبى زه‌حمه‌تكێشان له‌بوارى ڕێكخستن وچالاكى ڕاگه‌ياندنه‌وه هه‌ر له‌وكاته‌ى جياده‌بنه‌وه وبه‌ناوى (ئيتيجاهى شۆڕشگێڕ)ه‌وه ڕۆژنامه‌ى(ئاڵاى ئازادى[9])ده‌ركرد، بۆ هه‌واڵ وچالاكيى ڕۆژانه، له‌گه‌ڵ گۆڤارى( پێشكه‌وتن[10])، ئه‌مه‌و جگه‌له ده‌ركردنى بڵاوكراوه‌ى(صوت الشبيبة الكردستانية) وڕێبازى لاوان وژيانى نوێ وژيلهمۆ.[11] ئاڵاى شۆڕشيش له دواى گيرانى سه‌ركرده‌كانيان و به جێ هێشتنى هه‌ر يه‌ك له “سالار عه‌زيز و مامۆستا جه‌عفه‌ر” و نه‌توانرا ناسنامه‌ى فیكرى ڕێكخراوه‌كه يهكلايى بكرێته‌وه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش سهرهكيترين بنه‌ماى ڕێكخراوه‌يى چينى كرێكارى كه (ئینتهرناسيۆناليزمى پڕۆليتارى)یه نه‌توانرا ساخ بكرێته‌وه، بۆيه دوو هه‌ڵوێست و دوو بۆچوونى جياواز له ناو ڕيزهكانيدا هاته كايهوه، بۆچوونێكيان يه‌كێتیى سۆڤيه‌تى به وڵاتيكى سۆسياليستى و بنكه‌ى ئینتهرناسيۆناليزمى پڕۆليتارى ده‌زانى، له به‌رامبه‌ردا بۆچوونه‌كه‌ى تر سۆڤيهتيیان به بنكه‌ى ڕيڤيژنيزمى هاوچه‌رخ ده‌زانى،[12] ئه‌م ناكۆكيانه ته‌شه‌نه‌يان سه‌ند، تاوای لێهات نووسين و په‌رچه نووسينيش له نێوانياندا هاته‌گۆڕێ، ديارترينیيان نووسينێك بوو به ناوى (رساله مختصره الى فصيله شيوعيين العراقين) وه‌ڵامى (كام ڕيگاى) به دواى خۆي‌دا هيناو پاشان لايه‌نگرانى هه‌ر دوو ڕه‌وت وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه.[13]
شايانى ئاماژه‌يه حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، وه‌كوو هه‌موو حزبه‌كانى تر‌ى باشوورى كوردستان له‌دواى كاره‌ساتى ئه‌نفال و كيمياباران چوونه ناوچه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان[14]، به‌ڵام چه‌ند مه‌فره‌زه و كادريان له‌ناوچه‌كانى باشوورى كوردستان مايهوه وخهريكى كارى سياسى وڕێكخستن بوون، به‌تايبه‌تى له ناوچه‌كانى هه‌ولێر، چونكه بناغه‌ى زه‌حمه‌تكێشان له ناوچه‌ى هه‌ولێر و ده‌روبه‌رى بوو، ئه‌م حزبه تا دواى ڕاپه‌ڕين نه‌يتوانى له ناوچه‌كانى تر‌ى وه‌كوو سلێمانى وكه‌ركووك ڕێكخستن دروست بكات.[15] له‌م قۆناغه‌دا حزبى زه‌حمه‌تكێشان زۆر هه‌وڵياندا به‌ره‌يه‌كى چه‌پ دروست بكه‌ن، چونكه بڕوايان وابوو كه ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر كوردستاندا هاتووه له‌سه‌ر ده‌ستى حزبه ناسيۆناليستهكان بووه و چه‌په‌كان ڕۆڵيان نه‌بووه، هه‌ربۆيه پێويسته هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ بارودۆخه‌كه بكرێت[16] و هه‌وڵى پێداچوونه‌وه و دروستكردنى به‌ره‌يه‌كى چه‌پ بده‌ن و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داواى دروستكردنى حزبى كرێكارانيان كرد[17]، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه به‌هۆى كێشه فكرييه‌كانى نێوانيان سهرينهگرت وهه‌ر يه‌ك له‌و حزبانه به‌جيا خه‌ريكى كارى سياسى خۆى بوو.[18]
ئاڵاى شۆڕش ئه‌وه‌بوو له هاوينى (1987) له خواكورك يه‌كه‌مين كۆنفرانسى خۆى به‌ست[19]، په‌يڕه‌و و پڕۆگرامى ڕێكخراوه‌كه‌ى داڕشت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش نه‌يتوانى ناكۆكييه‌كانى ناو ئاڵا چاره‌سه‌ر بكات، بۆيه له ساڵى (1988) بۆ دوو باڵ دابەشبوون، باڵى يه‌كه‌م به سه‌ركردايه‌تى “عيماد ئه‌حمه‌د” كۆنفرانسێك ده‌به‌ستن، به‌ڵام به‌ره‌ى ئهنتى سۆڤيه‌ت به‌شدارييان نه‌كرد، سه‌ره‌نجام به شێوه‌يه‌كى فه‌رمى به (ئاڵاى شۆڕش –كۆنفرانس) ناسران، ئه‌م باڵه ديدێكى ميانڕه‌وى بۆ بلۆكى سۆساليستى هه‌بوو، يه‌كێتی سۆڤيه‌تى پێشووى به ده‌وڵه‌تێكى لاده‌ر له سۆسياليزم يان سۆسيال –ئيمپرياليست ده‌زانى، كه هۆكارى سه‌ره‌كى بوو بۆ جيا بوونه‌وه‌ى له ڕێكخراوى دايك، كه باره‌گاى سه‌ره‌كيان له ناوچه‌ى زێوه بوو و ڕۆژنامه‌ى (ئاڵا) و گۆڤارى (په‌يامى كرێكاران)یان ده‌ر ده‌كرد، باڵى دووه‌م به ”پڕۆژه‌ى ئاڵاى شۆڕش” ده‌ناسران، كه ئاماژه بوو بۆ پرۆژه‌ى ته‌واو نه‌كراوى سه‌ركرده‌كانى ئاڵاى شۆڕش كه پێش گرتنيان ئاماده‌يان كردبوو، خۆيان به‌درێژه پێده‌رى سه‌ركرده بهندكراوهكانيان ده‌زانى و به باڵى ئه‌وان ناسران.[20]
به‌هۆى فشاره‌كانى يه‌كێتييه‌وه، ئه‌ندامه ناسراوه‌كانى ئاڵاى شۆڕش ڕوويان كرده‌وه شاره‌كان ودهستيان كرده‌وه بهچالاكيى سياسى وڕێكخستن وبڵاوكردنه‌وه‌ى به‌ياننامه دژى سياسه‌ته‌كانى حكوومه‌تى ئێراق،[21] سه‌ركردايه‌تييه‌كى ناوخۆييان له(دلێر عه‌باس، “م.هاوڕێ محه‌مه‌د كه‌ريم، كه‌مال قه‌ره‌داغى، م.نه‌وزاد، عوسمانى په‌ره‌مێز و م.محى الدين” له شارى سلێمانى پێكهێنا،[22]گۆڤارى (ده‌نگى كرێكار[23])يشيان وه‌كوو بڵاوكراوه‌يه‌كى سياسى وڕۆشنبيرى و تيۆرى ده‌ركرد[24]، له‌ڕۆژى(25/7/1988)دا نامهيهك ئاڕاسته‌ى نه‌وشيروان مسته‌فا كرد، كهتيايدا دواى ڕوونكردنه‌وه‌ى بارودۆخى سياسى ئێراق و كوردستان، پاشان داواى ئاسايى كردنه‌وه‌ى په‌يوه‌ندى ئاڵاى شۆڕش و يه‌كێتى كرد، نووسيويانه:” ئاڵاى شۆڕش وه‌ك ڕێكخراوه‌يى بوونى ته‌يارى كۆمۆنيستى نێو شۆڕشى ديموكراسى ئێراق و به‌هۆى به‌رين بوونى بير‌ى كۆمۆنيستى و پێويست بوونى خۆسه‌لماندنى ڕه‌وتى ماركسيزمى شۆڕشگێڕ دامه‌زراندنى مێژوو كردبوو، به‌تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى ئۆپۆرتۆنيستهكان به‌ناوى شيوعييه‌وه، گه‌وره‌ترين خيانه‌تيان له بزووتنه‌وه و شۆڕشى ديموكراتى ئێراق، له به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى چينى كرێكارى ئێراق كرد،به‌هۆى وابهستهيى سياسى وفكر كوێرانهيان بوو بۆ يه‌كێتى سۆڤيه‌ت.
پێكهاتنى ئێمه ڕه‌تكردنه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ديموكراتى كوردستان نييه، ئێمه بۆ دژايهتى كردنى هيچ حزب و ڕێكخراوێكى سياسى شۆڕشگێرى ديموكراتيك، به‌تايبه‌تى(ى.ن.ك) و (كۆمه‌ڵه) دروست نه‌بووين، ئێمه خۆمان به به‌ديلى ئۆپۆرتۆنيستهكان ده‌زانين، نه‌ك به‌ديلى كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان، هه‌ربۆيه له بريتى حزبى كۆمۆنيستى كوردستان يان بيروڕاى (داش ئێراقى) دروشمى (حزبى كۆمۆنيستى ئێراق)مان به‌رزكردۆته‌وه، له‌هه‌وڵى دامه‌زراندنى ئه‌م حيزبهداين…”.[25] به‌هه‌مان شێوه له شارى هه‌ولێريش كۆميته‌ى ڕێكخستنى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌بوو، كه‌له(سێ)كه‌رت پێكهاتبوو، كه‌رتى شه‌هيد مه‌ناف، كه‌رتى دووى شه‌هيد مه‌لا غه‌فوور، كه‌رتى سێ شه‌هيد ئه‌سعد بوو، كه سه‌رپه‌رشتى هه‌موو ڕێكخستنه‌كانى قهزاوناحييهكانى ده‌كرد.[26]سه‌ره‌ڕاى ده‌ركردنى چالاكى ڕێكخستن ودهركردنى به‌ياننامه دژ به سياسه‌ته‌كانى حكوومه‌تى ئێراقى، ڕۆژنامه‌ى (ئاسۆى كرێكار)يشى ده‌رده‌كرد.[27]به‌گوته‌ى يه‌كێك لهكادرانى ئه‌وكاته‌ى ئاڵاى شۆڕش له كۆميته‌ى هه‌ولێر زياتر ئه‌و باڵه زاڵ بوو كه يه‌كێتى سۆڤييه‌تى به سۆسياليستى ده‌زانى وله حزبى شيوعييه‌وه نزيكتر بوو،[28]هه‌ربه‌هۆى سياسه‌تى تووندى يه‌كێتى به‌رانبه‌ر به ئاڵاى شۆڕش له‌م قۆناغه‌دا و ئه‌و بارودۆخه‌ى تێى كه‌وتبوو، له نامه‌يه‌كدا بۆ (كۆمه‌ڵه)داواى هاوكارى وهاوخهباتى ده‌كات وئه‌وه‌ش به ئه‌ركێكى سه‌رجه‌م كۆمۆنيستهكان ده‌زانێت.[29]
ئاڵاى شۆڕش به‌هه‌ردوو باڵهكهيهوه[30]، تاوه‌كوو ڕاپه‌ڕينى(1991) لهزێوى وبه‌دوو سه‌ركردايه‌تى جياوه مانه‌وه، زياتر خه‌ريكى كارى سياسى و ڕاگه‌ياندن بوون، پاش ئازادبوونى “مه‌لا به‌ختيار” له‌زيندان يه‌كێك لهبهرنامهكانى ده‌ركردنى بڵاوكراوه‌ى(ئاڵاى شۆڕش[31]) بوو، هه‌روه‌ها له‌م قۆناغه‌دا باڵى (ئاڵاى شۆڕش/كۆنفرانس) به‌سه‌ركردايه‌تى “عيماد ئه‌حمه‌د” كه‌وتنه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان بۆ مه‌به‌ستى يه‌كگرتن، به‌ڵام به‌هۆى ڕووداوه‌كانى لێدانى ئێراق و ڕاپه‌ڕينه‌وه ئه‌و يهكگرتنه كه‌وته دواى ڕاپه‌ڕين ولهمانگى(6/1991)دا ئه‌نجام درا.[32]به‌ڵام ئه‌و باڵه‌كه‌ى تر‌ى ئاڵاى شۆڕشيش كه‌وتنه گفتوگۆ بۆ يه‌كگرتن، به‌ڵام به‌هۆى جياوازى بيروبۆچوونيان له‌سه‌ر ئاينده‌ى چه‌پ ويهكێتى سۆڤيه‌ت وكۆمه‌ڵێك كێشه‌ى ڕێكخستن نهگهيهشتنه ڕێككه‌وتن، ودرێژهيان به‌كارى سياسى خۆيان‌دا تاوه‌كوو ڕاپه‌ڕين.[33] له‌م قۆناغه‌دا(1979-تاوه‌كوو1991) له ئاكامى شۆڕشى گه‌لانى ئێران له ساڵى(1979)و له‌ژێر كاريگه‌رى كۆمه‌ڵه(حزبى كۆمۆنيستى ئێران[34]) و نووسينه‌كانيان، دواى دروست كردنى(حككا) وڕه‌خنه‌گرتن له پۆپۆليزم له‌ناو كۆمه‌ڵه[35] و گرتنه‌به‌رى خه‌تى ماركسيزمى شۆڕشگێڕ[36]، هه‌ندێك له چه‌په‌كانى باشوورى كوردستان كه‌وتنه ژێر كاريگه‌رى ئه‌م ڕه‌وته له‌چه‌پ كه (مه‌نسوورى حيكمه‌ت[37]) ڕابه‌رايه‌تى ده‌كرد،[38]نووسینەكانی مەنسوور حیكمەت، كە لەڕووی تیۆرییەوە لە ئاستێكی بەرزی نووسیندابوو، لەهەژاری تیۆریی و نەشارەزایی چەپی كوردی و نەزانینی زمانە بیانیەكان ببووە ماركسیزمی سەردەم، چونكە هەندێك لە بۆچونەكانی مەنسوور حیكمەت دەربارەی (شۆڕشی دیموكراتی، بۆرژوایی میلی، تێزی نیمچە فیودال و نیمچە سەرمایەداری[39]) لە لایەن بەشێك لەچەپی ئێرانیەوە قسەی لەسەركرابوو، بەو هۆیەوە بڵاوبوونەوەی كارنامەكانی (حكا) و بۆچوونە فیكرییەكان، لەڕێگەی (گۆڤاری پێشڕە و، ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران و بڵاوكراوەی كۆمۆنیست)، لەنێو كۆمۆنیستەكانی باشووری كوردستان و ئێراقدا دەنگی دابۆیەوە[40]، لەم سۆنگەیەوە ڕۆژانە چەندین ڕێكخراو و گروپ و كەسایەتیە سیاسیەكانی كورد و ئێراق سەردانی بارەگاكانی كۆمەڵە لە مالوومە و گاپیلۆن كردووە،[41] گۆڤار‌و بڵاوكراوەكانی (حكا)یان وەگرتووە و نوسینەكانی مەنسوور حیكمەتیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی تا لە بەرزكردنەوەی ئاستی تیۆریدا كەڵكی لێوەربگرن.[42]
سەرچاوە:
[1] بۆ زياتر له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى جيابوونهوهى ئه‌م باڵه بڕوانه: سه‌لام عه‌بدولكه‌ريم، ژيانى سياسى له باشوورى كوردستان، ل141ودواتر؛ محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود، ڕۆژژمێرى پێشمه‌رگه‌يه‌ك، ب2، ل219-220.
[2] بڕوانه: حزبى سۆسياليستى كوردستان- ئيتيجاهى ديموكراتى شۆڕشگێڕ، هه‌ڵوێستى شۆڕشگێڕى نه‌ك لادان و پاشگه‌زبوونه‌وه، سه‌ره‌تاى ئابى 1986، بێ شوێنى چاپ، ل17-19.(ده‌قى ڕه‌سه‌نى ناميلكهكه له ئه‌رشيفى توێژه‌ردا پارێزراوه).
[3] بۆزياتر له‌سه‌ر چۆنێتى و ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان بڕوانه: كاوه ته‌يب، س.پ، ل320-338.
[4] بۆ زياتر له‌سه‌ر كۆنفرانسه‌كه بڕوانه: ئاكۆئاكۆيى، حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان(مێژوويێك له خۆڕ‌اگرى) 1976-1991،چاپخانه‌ى هێڤى، هه‌ولێر، 2022، ل106-113؛ كاوه ته‌يب، س.پ،ل338.
[5] كاوه ته‌يب، س.پ، ل341؛ له ڕاستييدا كۆنفرانس له‌ڕۆژانى(28بۆ30/4/1988) به‌ستراوه، ئه‌ميش له‌به‌ر دوو هۆ ئه‌و به‌رواره دانرابوو، يه‌كه‌ميان له‌به‌ر ئاشكرانهبوونى هاوڕێكانيان له‌ڕێكخستنى شار، دووه‌ميان بۆ ئه‌وه‌ى ئاساييشى سه‌رجه‌ميان پارێزراوبێت. بۆ زياتر بڕوانه: ئاكۆ ئاكۆيى، س.پ، ل134-135؛ بێكه‌س قادر، تيشكێك بۆسه‌ر يه‌كه‌مين كۆنفرانسى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان نيسانى 1988، ئاڵاى ئازادى، ژ(928)، چوارشه‌ممه، 7/12/2011، ل2.
[6] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ غازى حه‌سه‌ن، 8/8/2023، له ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه.
[7] بڕوانه: ڕۆژنامه‌ى ئاڵاى ئازادى ژماره (928)،7/12/2011.
[8] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌بدولڕه‌زاق مه‌رزنگ، 26/5/2022، عه‌بدولڕه‌زاق بايز محه‌مه‌د ئه‌مين، له‌ساڵى 1956 لهناحيهى سه‌نگه‌سه‌ر له‌دايك بووه، له‌ساڵى 1978بڕوانامه‌ى دبلۆمى له ئهندازيارى شارستانى له پهيمانگاى ته‌كنه‌لۆجياى به‌غداد به‌ده‌ستهێناوه، وهه‌ر له‌وساڵه‌دا په‌يوه‌ندى كردووه بهڕێكخستنهكانى بزووتنه‌وه‌ى سۆسياليستى كوردستان، له‌مانگى(5/1981)بووه به پێشمه‌رگه، له‌مانگى(11/1981)چۆته په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌و حزبه له سووريا وله جيابوونهوهى باڵى ئيتجاهى شۆڕشگێڕ‌و دواتريش دروستكردنى حزبى زه‌حمه‌تكێشاندا به‌شداربووه، وبۆته ئه‌ندامى يه‌ده‌گى سه‌ركردايه‌تى، دواتر له‌وێش وازيهێناوه، يه‌كێك بووه له دامه‌زرێنه‌رانى ده‌سته‌ى ڕاپه‌ڕين، ودواتريش له كۆنفرانسى بزووتنه‌وه‌ى جووتياران به‌شدارى كردووه وبۆته مه‌كته‌ب سياسى؛ ڕانيه؛ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ رابه‌ر ڕه‌شيد، 7/5/2022، پردێ.
[9] ئاڵاى ئازادى يه‌كه‌مين ژماره‌ى خول يه‌كه‌مى، له ئازارى (1986)دا ده‌ركراوه، له‌م خوله‌دا(20)ژماره‌ى لێ ده‌ركراوه، كۆتا ژماره‌ى(20) له حوزه‌يرانى (1988)دا ده‌رچووه، به‌ڵام له ژماره(19)وه بۆته ئۆرگانى ناوه‌ندى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان. بۆ زياتر له‌سه‌ر چۆنێتى وناوهرۆكى ژماره‌كانى بڕوانه: ئيسماعيل ته‌نيا ومهريوان زه‌ندى، ئاڵاى ئازادى( سه‌رده‌مى شۆڕش وپێشمهرگايهتى) ئازارى 1986-حوزه‌يرانى 1988، هه‌ولێر، 2022.
[10] گۆڤارى پێشكه‌وتن گۆڤارێكى سياسى ڕۆشنبيرى گشتى بوو، ژماره‌ى يه‌كه‌مى له(ئازارى 1986)ده‌رچووه، وژماره(5)ى له(3ى نيسانى 1988)دا كه دوا ژمارهيهتى ده‌ركراوه. بۆ زياتر بڕوانه: ئاكۆ ئاكۆيى، س.پ، ل262-271.
[11] بۆ زياتر بڕوانه: ئاكۆئاكۆيى، س.پ، ل272-276.
[12] بابه‌كر دڕه‌يى، كام ڕێگا، چاپخانه‌ى ڕه‌نج، چاپى يه‌كه‌م،2004،ل49.
[13] سه‌نار مسته‌فا(بابه‌كر دڕه‌يى)، كام ڕێگا، ڕێكخراوى ئاڵاى شۆڕش، تشرينى يه‌كه‌مى 1987، ئه‌م ناميلكه‌يه (67)لاپه‌ڕه‌ى نيو(A4)ده‌بێت وبهڕۆنيۆ ڕاكێشراوه. به‌ڵام شوێنى چاپى له‌سه‌ر نييه.( له ئه‌رشيفى توێژه‌ردا پارێزراوه).
[14] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌همه‌ن حسێن، 14/6/2023، هه‌ولێر.
[15] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ غازى حه‌سه‌ن، 8/8/2023، له ڕێگه‌ى ته‌له‌فۆنه‌وه.
[16] له‌م باره‌يه‌وه ناميلكهيهكيان نووسى به‌ناوى: مدخل لتقييم النكسة الاخيرة في الحركة الكردية(الاسباب –النتائج-سبل المعالجة)، ايار 1989، كه له(15)لاپه‌ڕه‌ى شێوه ناميلكهيى پێكهاتووه وتيايدا هۆكاره‌كانى پاشه‌كشه ودواتريش چاره‌سه‌ره‌كانى لهڕوانگهيهكى ماركسييهوه ده‌خاته‌ڕوو. (ئه‌رشيفى توێژه‌ر).
[17] له‌م باره‌يه‌وه بڕوانه: ناميلكهيهكهى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان-عێراق، له چ ڕوانگهيهكهوه داواى پێكهێنانى پارتى پێشڕه‌وى كرێكارانى كوردستان ده‌كه‌ين، شوباتى 1990؛(بۆ نابێ كرێكارانى كوردستان حزبى خۆيان هه‌بێ)،له بڵاوكراوه‌كانى به‌شى ڕاگه‌ياندنى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان-عێراقـ ته‌مووزى 1990،ل11ودواتر.
[18] حيكمه‌ت محه‌مه‌د كه‌ريم(مه‌لا به‌ختيار)، شۆڕشى كوردستان وگۆڕانكارييهكانى سه‌رده‌م، ل265.
[19] له‌م كۆنفرانسه‌دا دهستهيهك بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئاڵاى شۆڕش هه‌ڵبژێردرا كه ئه‌مانه‌بوون: حه‌مه‌ئاوات شێخ سديق، عيماد ئه‌حمه‌د، شێخ حسێنهسوور، سه‌ڵاحى شێخ سديق، كاردۆ محه‌مه‌د.. بڕوانه: چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌مه ئاوات، هه‌ڵبوون، ژ(22)، 1/3/2009، ل18.
[20] كاوه ته‌يب،س.پ،ل283.
[21] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ دلێر عه‌باس، 6/1/2023، سلێمانى. دلێر عه‌باس له‌ساڵى(1962) لهگهڕهكى سابونكه‌رانى شارى سلێمانى له‌دايك بووه، له ساڵى(1982)بۆته ئه‌ندامى كۆمه‌ڵه‌ى ڕه‌نجده‌رانى كوردستان، و له‌دواى دورست بوونى كێشه‌كانى ناو كۆمه‌ڵه، ودروست بوونى ئاڵاى شۆڕش، ده‌بێته ئه‌ندامى ئاڵاى شۆڕش وتاوهكوو ساڵى(1993) به‌رده‌وام بوو، ودواتر بۆته يه‌كێتى، ئێستا له شارى سلێمانى نيشته‌جێيه.
[22] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ دلێر عه‌باس، 6/1/2023، سلێمانى؛ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ م.هاوڕێ محه‌مه‌د كه‌ريم، 10/10/2022، سلێمانى..
[23] ده‌نگى كرێكار، گۆڤارێكى سياسى-ڕۆشنبيرييه، له لايه‌ن كۆميته‌ى سلێمانى(ئاڵاى شۆڕش)ه‌وه ده‌رئه‌كرێ، ژماره(1) له ڕۆژى(21/3/1986)دا ده‌ركراوه، ژماره(3) له ئابى (1987)دا ده‌ركراوه.( سه‌رجه‌م ژماره‌كانى له ئه‌رشيفى توێژه‌ردا پارێزراوه)، به‌ڵام كه‌مال قه‌ره‌داغى له ياداشتهكانييدا ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات(4)ژماره‌يان لێ ده‌ركردووه.. بڕوانه: ئه‌و ڕۆژانه‌ى به كوردستان‌م به‌خشى، ل62.
له‌شارى هه‌ولێريش هاوسه‌رده‌م خه‌ريكى كاروچالاكيى سياسى وڕێكخستنن بوون.
[24] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌مال قه‌ره‌داغى، 27/10/2022، سلێمانى.
[25] بڕوانه: پاشكۆى بهڵگهنامهكا، ژماره(1 ).
[26] بڕوانه: حه‌سه‌ن عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن، چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌كى شاراوه له‌خه‌باتى هه‌ره سه‌ختى ئاڵاى شۆڕش، گۆڤارىk21، ژ(15)، خولى دووه‌م، ناوه‌ڕاستى ساڵ، 2012، ل438.
[27] ئاسۆ ژماره(1) له ئابى 1989دا ده‌ركراوه، له‌سه‌رى نووسراوه: ڕۆژنامهيهكه كۆميته‌ى پارێزگاكان ده‌رى ده‌كات، دوا ژماره‌شى ژماره(3)يه له‌كۆتايى تشرينى يه‌كه‌مى(1989)دا ده‌رچووه، به‌ڵام له ڕاستييدا كۆميته‌ى پارێزگاى هه‌ولێر ده‌رى ده‌كرد. بۆ زياتر بڕوانه: حه‌سه‌ن عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن، چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌ك…، ل434-449.
[28] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئازاد ئارمان، 10/3/2022، هه‌ولێر.
[29] ئاڵاى شۆڕش، نامه‌ى ژ(1) بۆ هاوڕێيانى كۆميته‌ى ناوه‌ندى كۆمه‌ڵه، له‌ڕۆژى(1/3/1988).
[30] به گوته‌ى كه‌مال قه‌ره‌داغى ودلێر عه‌باس وم.هاوڕێ محه‌مه‌د كه‌ريم، كێشه‌كانى ئاڵاى شۆڕش له ده‌ره‌وه كاريگه‌رى نه‌كرده سه‌ر ڕێكخستنه‌كانى ناوخۆى ئاڵاى شۆڕش ولێكترازان له‌ناو ڕێكخستنه‌كاندا دروست نه‌بوو. چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ناوبراوان.
[31] يه‌كه‌مين ژماره‌ى له ئايارى 1990دا ده‌كراوه، ودوا ژماره‌ى ئاڵاى شۆڕشى ئه‌م باڵه له ژماره(7)بوو له تشرينى دووه‌مى(1990). سه‌رجه‌م ژماره‌كانى له ئه‌رشيفى توێژه‌ردا پارێزراوه.
[32] بۆ زياتر بڕوانه: ئاڵاى ئازادى، خولى دووه‌م، ژ(1) ته‌مووزى 1991، ل3و6.
[33] چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌لابه‌ختيار، 9/6/2023، سلێمانى.
[34] لە 2ی ئەیلولی 1983 لە گوندی (مێشكەپە)ی ناوچەی ئالانی سەردەشت، له كۆنگره‌ى سێيه‌مى كۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، كه بۆ مه‌به‌ستى دروستكردنى( حزبى كۆمۆنيستيى ئێران)گيرا، بە بەشداری (ڕێبەرایەتی و كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە، ڕێبەرایەتی یەكێتی تێكۆشەرانی كۆمۆنیست، بەشێك لە ئەندامانی پێشوی ڕێكخراوی پەیكار، چەند كادیرێكی ڕەزمەندەگان، بەشێك لە لایەنگرانی چریكی فیدائی خەڵق و گروپی (ئارخا) و هەندێك كەسایەتی دیكەی چەپ) بە كۆی گشتی (36) كەس وەك ئەندامی دامەزرێنەر، كۆنگرەی دامەزراندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو. (ی.ت.ك) لەڕێگەی بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەك پەیوەستبوونی خۆی بە حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانیەوە ڕاگەیاند.( بۆ زانيارى زياتر بڕوانه: شه‌يما سه‌عيد حه‌مه‌لاو، سه‌رچاوه‌ى پێشوو، ل396-404؛ ژيلوان له‌تيف يار ئه‌حمه‌د، سه‌رچاوه‌ى پێشوو، ل561-569؛ عه‌لى كهريمى، سنووره ژێرپێ خراوه‌كان، له بڵاوكراوه‌كانى ناوه‌ندى غه‌زه‌لنووس، سلێمانى، 2022، ل440-441).
[35] كۆمەڵە لە دە ساڵی یەكەمدا ئاڕاستەی ئایدلۆلۆژی لەنێو هێڵی ماركس-لینین‌دا بەشێوەیەكی باڵادەست مائویزم بوو، بەڵام كۆمەڵە لە كۆنگرەی یەكەمدا وازی لە ماویزم هێنا، لەوڕوانگەیەی كەماویزم بۆبارودۆخی كوردستان نەگونجاوە، كۆمەڵە گفتوگۆی پرۆسەی بە شارستانی بوونی كردبوو ئەمەش بونیادەكانی سیۆسیۆ ئابوری كوردستانی بەشێوەیەكی خێرا لەبەرچاو گۆڕیبوو، گەیشتبووە ئەو باوەڕەی كە كوردستان ناشێت وەك كۆمەڵگەیەكی لادێنشین سەیربكرێت كە پەیوەندی خێڵایەتی و شێوزای ژیانی كلاسیكی جوتیاری دەسەڵاتی بەسەردا كردبێت، سەرەڕای ئەوەی كوردستان ئەگەر بەراورد بكرێت بە تاران و خوزستان و مەڵبەندە پیشەسازیەكانی تردا ئەوا بەدواكەوتووی مابووەوە، پڕۆژەی پیشەسازی كەمترو پرۆلیتاریای بچوكتر لە كوردستاندا هەبوون، كۆمەڵە شارستانی بوونی كوردستانی لە ناوەندی هەرێمێكی دواكەوتوو دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرنامەی ڕیفۆرمی زەوی شا كە پەیوەندیی كۆنەكانی جوتیارو خاوەن زەوی تێك‌شكاند، لەپاش ڕووخاندنی شا بەرئەنجامی ململانێكانی كۆماری ئیسلامی و كورد، دەستپێكردنی جەنگی ئێران- عێراق پاڵی بە جوتیاری كوردەوەنا تا بچنە ئەو ناوچانەی لەشەڕەوە دوورن.(چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئيبراهيم عه‌ليزاده، 17/3/2017، زڕگوێز؛ نادر ئينتيسار، ئيتنۆنهتهوايهتى كوردى، و:عه‌تا قه‌ره‌داغى، چ1، سلێمانى، 2003، ل64-65).
[36] ماركسيزمى شۆڕشگێڕ، ئه‌م شێوازه له بيركردنه‌وه وتێڕوانينى ماركسيى پێى وابوو حزبى كۆمۆنيست ئه‌ركى پێشڕه‌وايه‌تى پڕۆليتارياى له ئه‌ستۆدايه، له حزبيشدا شۆڕشگێڕه‌كان به‌رپرسى داڕشتنى سياسه‌ت وئه‌ركى ڕێبهرايهتييان له ئه‌ستۆدايه. بۆ زياتر بڕوانه: ئيزاك دۆيچهر وئه‌وانى تر، سۆسياليزم، وه‌رگێڕانى: كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر، له بڵاوكراوه‌كانى ده‌زگاى ئايديا بۆ فكرولێكۆڵينهوه، سلێمانى، 2018، ل12-13.
[37] مەنسوور حیكمەت: ناوی تەواوی (ژوبین رازانی)یە، ساڵی 1951 لە تاران لە دایك بووە، خوێندنی سەرەتای و ناوەندی لە تاران تەواوكردووە، لە زانكۆی شیراز خوێندوویەتی ودەرچووی بەشی ئابوری بووە، ساڵی 1973 بۆ درێژەدان بە خوێندن دەچێتە لەندەنی پایتەختی ئینگلتەرە، لەوێدا دەستی بەخوێندنی كەپیتاڵ و دانراوەكانی ماركس كردووە، لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران وەك یەكێك لە بیرمەندەكانی كۆمۆنیزمی ئێران دەركەوتووە، لە ڕێگەی نوسینەكانیەوە ناوبانگی دەركردووەو گروپێكی بەناوی (سەهەند) دامەزراندووە، پاشان رێكخراوی (یەكێتی تێكۆشەرانی كۆمۆنیستی) پێكهێناوە، ساڵی 1983 لەگەڵ ڕێبەرایەتی كۆمەڵەدا حیزبی كۆمۆنیستی ئێرانیان پێكهێناوە، ساڵی 1990 بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ ڕێبەرایەتی كۆمەڵە لە حیزبی كۆمۆنیست جیادەبێتەوە و ساڵی 1992 حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری دادەمەزرێنێت، له(4/7/ 2002 ) به نه‌خۆشى شێرپه‌نجه له بهيتانيا كۆچى دوایكرد. بۆ زانیاری زیاتر، لەبارەی ژیان و بەرهەمەكانی مەنسوور حیكمەت، بڕوانە: حەمیدی تەقوایی، مەنسور حیكمەت كێ بوو؟ (1951-2002)، و. سالار ڕەشید، ب.ش، 2007، ل2_34 ، سخنرانی رفیق حمید تقوائی در مراسم بزرگداشت منصور حكمت در لندن، ب.ت، http://www.m-hekmat.com/indexFa.html؛ ئۆكتۆبه‌ر، ژ(42)، 15/7/2002، ل1.
[38] عه‌دنان عوسمان، له ماركسه‌وه بۆ فۆكۆ له قاڵبه‌وه بۆ قاڵب، ڕۆژنامه‌ى(هاوڵاتى)، ژ(12)، پێنج شه‌ممه، 15/2/2001، ل5.
[39] بۆزانیاری زیاتر، دەربارەی وتارەی مەنسوور حیكمەت، بڕوانە: منصور حكمت: سە منبع و سە جز‌و سوسیالیسم خلقی ایران، 2/7/2005،http://hekmat.public-archive.net/
[40] عه‌بدولڵا سلێمان(مه‌شخه‌ڵ)، حهمهزهكى شاعيرێكى عاشق وتێكۆشهرێكى ياخى، چاپخانه‌ى تاران، بێ شوێنى چاپ، 2021، ل19.
[41] ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌س له باشوورى كوردستانه‌وه بوونه پێشمه‌رگه‌ى كۆمه‌ڵه‌و له زۆرێك له چالاكييه سهربازييهكانيشدا به‌شداربوون، وكاريگهربوون به گوتارى چه‌پى ماركسييهتى كۆمه‌ڵه وتێڕوانينه سياسى وچينايهتييهكانى.( چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌كره‌م غه‌ريب، 10/3/2023، سلێمانى).
[42] ژيلوان له‌تيف يار ئه‌حمه‌د، سه‌رچاوه‌ى پێشوو، ل561-562؛ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌دنان كه‌ريم، 28/7/2023، به‌شى يه‌كه‌م، سلێمانى. (جێگەی باسە، كاری وەرگێڕانی نوسینەكانی مەنسوور حیكمەت و تەواوی بۆچوونەكانی حیزبی كۆمۆنیست بۆزمانی كوردیی و ئاشنا كردنیان بە خوێنەری كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بەتایبەت بۆڕاكێشانی ئەو گروپ و لایەنانەی كە لە باشوری كوردستاندا كەوتبوونە ژێر كاریگەری بۆچوونە تیۆرییەكانی مەنسووور حیكمەت، لەلایەن بەشی ڕاگەیاندنی ناوەندی كۆمەڵەوە ئەنجامدراوە، ئەو كەسانەی كە لەبەشی وەرگێڕانی فارسی بۆ زمانی كوردیی كاریان كردووە، پێكهاتوون لە:(ڕەحیم تلوعیفەر، ناسری حسامی، ڕەشاد مستەفا سوڵتانی، ئەحمەد بازگر، كاك محمود)، ئەم 5 كەسە، بەشی وەرگێڕانی ڕادیۆی دەنگی شۆڕشی ئێران و گۆڤاری پێشرەو دواتریش گۆڤاری ئەدەبیاتی (شەبەنگ) كاریان كردووە. (بڕوانە: سالار ڕەشید: مێژوویەك لە یادەوەریدا، دیدار سەبارەت بە مێژووی چەپ و كۆمۆنیزمی نوێ لە كوردستاندا، چ1، چاپخانەی دەزگاو چاپی سەردەم، سلێمانی، 2015، ل390).
ئاماده‌كردنى: دكتۆر ژيلوان عه‌بدولڵا هه‌ڵه‌دنى