ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە چاوی تەماح و قورخکاریی زۆری لەسەرە، زۆربەی زلهێزەکانی جیهان دەیانەوێ پێگەی ئابووری و سیاسی و سەربازیی خۆیان لەو ناوچانە جێگیر و پتەو بکەن، ئەوە وای کردووە، ململانێکان بە ئاقاری کتوپڕ و خێرا و پەیوەندیی ژێربەژێر و ڕێککەوتنی پێشوەختە لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانەوە گرێ بدرێت.
ئەوەی ئێستا جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، شەڕی ئیسرائیل و كرووپ و هێزەكانی بەرەی ئێرانە، کە خۆی لە حەماس و حزبوڵا و حووسییەکانی یەمەن و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی ئێراق دەبینێتەوە و پێشتر رژێمی ئەسەدیش لەسەر هەمان بەرە حساب بوو، کە هەموو ئەمانە لەلایەن ئێرانەوە كۆمەك و ئاراستە دەکرێن و خودی ئێرانیش ئەمەی نەشاردووەتەوە. بەڵام پاش زیاتر لە ساڵێك لە شەڕی رووبەڕوو، ئەوەتا دەبینین، حەماس زۆر لاواز كراوە و غەزەش وێران و خاپوور، جموجۆڵی حەماس لەلایەن ئیسرائیلەوە بە هۆی گورزە سەربازییەکانەوە لەکار خرا، جگە لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا \حزبوڵایەك كە زۆر لاواز كراوە\ وێڕای كوشتنی سەركردە هەر باڵاكانی حەماس و حزبوڵا، ئێستا ئەمریكا و ئیسرائیلیش ناوبەناو لە حووسیەكانی یەمەن دەدەن.
لە هەموو ئەمانە کاریگەرتر کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد بوو لە ماوەی 11 ڕۆژدا، بەڕاستی ئەمك رووداوە هەڵوەستەی زۆر هەڵدەگرێ، چونکە لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە تا کەوتنەکەی، ئەو ڕژێمە نیو سەدەییە، هەژموونی زلهێزێکی وەک رووسیا و ئێران توانیبوویان پێش بە کەوتنی بگرن، کە هەمان هێزی ملیشیا و چەندین هێزی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕەپانەکەدا بوون، بەڵام کەوتنی ئەمجارە بەو شێوە کتوپڕە و هۆکاری پێشکەوتنەکەی، نیشانەی پرسیاری زۆر هەڵدەگرێ، كە بۆچی ئەمجارە رووسیا و ئێران پەرچەکرداریان نەبوو؟ شەڕی ملیشیاکانی تەحریر شامیان بۆ نەکرا، یان نەیانکرد؟ چاودیران وای دەبینن كە پێدەچێ رێکكەوتنی ژێربەژێر پڕکەرەوەی ئەو بۆشاییانە بێت کە پرسیاری زۆری لەسەرە، بەڵام هەرچۆنێ بێت، کەوتنی رژێمی ئەسەد لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە لەپشت ئەو رووداوە خێرایانەوە بوون، چەند لایەنێکی هەیە، وەك شارەزایانی سەربازی و ئەمنی ئاماژەس پێدەكەن، نەمانی ڕژێمی سووریا، ئێران دەستوەردانەکانی لە لوبنان و سووریا و فەلەستین کەم دەبنەوە، یان دەکرێ بڵێین هەر نامێنن.
دەمێنێتەوە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامیی ئێراقی، ئەوانیش کەوتوونەتە ناو چوارگۆشەی سێرەی گۆڕنکارییەکانەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریكا و ئیسرائیل و بۆچوونی شرۆڤەكاران بێت، یان دەبێ هەڵوەشێنرێنەوە و چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت، یان دەکەونە بەر پەلاماری هێزەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، وەک مافێکی شەرعیی خۆیان، کە پارێزگاریکردنە لە خۆیان، لەمەشیاندا بارودۆخی ئێراق رووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە، چونکە ئێراق بەرگەی شەڕێکی دیكە ناگرێت، بە تایبەت هێشتا مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لەئارادایە. دەرکەوتووە ئێستا داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە و دەیان شانەی نووستووی لە ناوچەی عەرەبە سوننەکان مۆڵ کردووە، هەموو ئەم رووداوانە پێدەچێ گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە بێت لەسەر دەستی ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیسرائیلیش وەک جێبەجێکار بێتە ناوەوە و رووسیاش لەپای سەفقەیەکی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە یارییەکەدا هەبێ.
دیارە کەوتنی ئەسەد هەر ئاوا ڕێکەوت نەبوو، بەڵکوو ڕێککەوتنی پێشوەختەی لەبارەوە کرابوو، چونکە نزیک بە چەند مانگێ بەر لە رووخانی بەشار ئەسەد، بنیامین ناتانیاهۆ نەخشەیەکی ئاراستەی جیهان و ناوچەکە کرد، کە بە ڕێگای داود چواندی و باسی لە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە و فراوانکردنی سنوورەکانی ئیسرائیل دەکرد، ئێستاش بە ئاراستەی سووریا لە پێشڕەوی و فراوانکردنی هێزەکانیدایە نەخاسمە لە جۆلان کە زۆر ناوچەیەکی ستراتیژیە بۆ ئیسرائیل. لێرەوە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن، سیمای سیاسیی ناوچەکە دەگۆڕدرێ، تا مەترسییەکان بە یەکجاری لە ئیسرائیل دوور بخرێنەوە، ئەوەش سەرەتا بە بڕینی دەستی نەیارەكانی لە ناوچەکە دەبێت، بەڵام هەرچەندە ڕژێمی ئەسەد رووخا و کەوتە زبڵدانی مێژووەوە، دەبێ بزانین جێگرەوەی ئەسەد کێ دەبێت و چۆن دەبێت؟ بەگشتی لەم بارودۆخەدا باشترین بژارە ئەوەیە کورد ئاگاداری بارودۆخەکە بێت و ئامادەسازی بکات بۆ سیاسەتی داهاتووی ناوچەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.