(١)
ڕەنگە زۆرێک پێیان وابێت دۆخی ئێستا و ئەو بارودۆخە هەنووکەییەی کورد لە ڕۆژئاوا لەگەڵی ڕووبەڕووە ناخوازێت بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە لە بارەی سیاسەتی (پەکەکە)وە بدوێن. وەلێ بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە سەتحییەوە، چرکەساتی (جەنگ و قەیران)زیاتر لە هەموو کاتێک مایەی لێڕامان و مشتوومڕ و ڕەخنەیە. دوان لەسەر دۆخی قەیران بەشێکە لەکاری بیرکردنەوە، هەمیشە ئایدۆلۆژیا ڕێگرە لەوەی بیرلەقەیرانەکان بکەینەوە. ئایدۆلۆژیستەکان هەموو کێشەکە چڕدەکەنەوە بۆ نێو یەک پنت و یەک خاڵ، زمانی ئایدۆلۆژیا زمانێکە لە ئاستی خۆ دووپاتکردنەوە دەدوێت و کڵێشەی ڕەخنەیی لە واقیع، خۆی دەبێتە بەشێک لەپەچە و لەمپەڕ لەسەر بینینی ئەودیو واقیع و ئەودیوی کێشەکان.
(٢)
ئێستا کورد لە هەرچوارپارچە سەرەنجی خۆی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە، ڕۆژئاوا وەک نوێنەری وجوودێک/ بوونێک و وەک ڕووحیەتی مەعنەوی نەتەوەیەک، لە چرکەساتی دۆخی بەرەنگاریدایە لەگەڵ ڕووحیەتی فاشیزمی تورکی، فاشیزمێک کە مانەوەی لەسەر بنەمای ئەودیکەیەکی تر بەندە. ئەویدیکەیەک وەک دوژمن و ئەودیکەیەکی ترسناک.
ئێستا حکوومەتەکەی ئەردۆغان نغرۆیە لە قەیرانێکی ناوخۆیی قووڵ ( قەیرانی ئابووری، قەیرانی شەرعییەت، قەیرانی سیاسەت…هتد) ئەمە جگە له کێشەی سەدساڵەی کورد لە هەناوی دەوڵەتەکەیدا. ئەردۆغان لەگەڵ ئاڵنگارییەک ڕووبەڕووە، کە بووەتە هۆی لەدەستدانی شەرعییەت و ناڕەزایی ناوخۆیی، هەربۆیە بەدوای ستراتیجی جێگرەوە دەگەڕێت بۆ پتەوکردنی دەسەڵات و سەقامگیرکردنی پێگە و حوکمڕانیییەکەی. ڕەنگە ئەویش ئەو بیرۆکەکەیە بێت کە (کڵاوس ویتز) باسی دەکات:” جەنگ درێژەدانە بە سیاسەت بەڕێگەی تر.” بەمانایەکی دیکە، پەنابردنەبەر سیاسەتی دەرەوە و پەلکێشی سەربازی، بۆ فڕێدانی قەیرانەکان بۆ دەرەوەی خۆی.
بەدرێژای سەد ساڵ تورکیا لەگەڵ لەگیرخواردن دایە، لە شکستێکی گەورەی مۆدێرنیزاسیۆن کە پێیەکی لە سیکولاریزم و پێیەکی لە فۆڕمی دەوڵەتی ئایینی دایە. هەربۆیە شکست و قەیرانە گەورەکانی لەسەر ناسیۆنالیزمێکی تووندڕە و ڕاگرتووە.
ئەم ڕۆحی ناسیۆنالیزمە کە تا مەیلی فاشیستانە دەڕوات، فاشیزمێک بێ پاشخانی تیۆریی، بێ جۆرە تیۆرێکی فیکری و سیاسی و زانستی، تەنها خۆی لە کۆمەڵێک پیلانی ئیجرای و تاکتیکی دەبینێتەوە، کۆمەڵێک جەنگ و پڕۆژەی وێرانکردن و سڕینەوەی شوناسەکان. مامەڵەی ئێمەی کورد لەگەڵ ئەو فاشیزمەدایە، کە پێویستە لێی تێبگەین، چونکە مرۆڤ ناتوانێت لەگەڵ شتێک ڕووبەڕوو بێتەوە کە لێی تێنەگات. (بەختیار عەلی)لە کتێبی (ڕەخنە لە ئەقڵی فاشیزم:لا،169) ئەمجۆرە فاشیزمە بە ڕاکێشانی جیاوازییەکان بۆ پلەی ڕاسیزم پۆلێنبەند دەکات.” بۆ پلەی پۆڵینی بایۆلۆژی لە نێوان (من و ئەویدی)دا، فاشیزم ئەوەیە هێزێک یان شوناسێک نەتوانێت بەبێ وێنەیەکی دوژمن، وێنەیەکی حەیوانی لە ئەویدی خۆی پێناسەبکات.” وەک وێنەی جووەکان لای ئێرانییەکان و درووشمی (مرگ بر ئیسرائیل) وێنەی کافر لای تاڵیبان، وێنەی کورد لای تورک.
ئەم فاشیزمە پەچە بەسەر قەیرانەکانی خۆیدا دەدات بۆ ئەوەی کێشەکانی فڕێبداتە دەرەوەی خۆی، پێویستی بە درووستکردنی دوژمنە. بۆ درووستکردنی مرۆڤی/سوبێکتی ملکەچ، بۆ شەرعییەت بەخشین بە حکوومەتی فەرمانڕەوا کە وا پێناسەی خۆی دەکاتەوە “دەیان پارێزێت لەو دوژمنە دڕندەیە.”
هەرکاتێک قەیران لەهەناوی فاشیزمدایە دوژمنێکی بەسە بۆ فڕێدانە دەرەوەی قەیرانەکان، بەمانایەکی دیکە؛ ئەوە دوژمنەکەیە، ئەوە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی ئێمەیە. بۆ نموونە، ئێران لەدوای شۆڕشی خومەینییەوە، لەگەڵ قەیراندا دەست و پەنجە نەرم دەکات، بە دروشمی “مرگ بر ئەمریکا و مرگ بر ئیسرائیل”، قەیرانەکانی ناوەوەی خۆی لە ڕێگەی حەماس و حزبوڵا و حەشدی شەعبی و ملیشیا بریکارەکانییەوە فڕێ دەدایە دەرەوەی خۆی. تا ئەوکاتەی ئیسرائیل حەماسی فەلەستینی و حزبوڵای لوبنانی و ئەسەدی بەعسی لەسووریا لەپەلوپۆخست و ئێرانی پاڵنایەوە بۆناوەوەی خۆی.
(٣)
تورکیا کە بەدرێژایی سەد ساڵە جگە لەوەی لەگەڵ کورد لەکێشەدایە، بەڵکو لەقەیرانێکی گیرخواردن دایە، ئەویش قەیرانی شوناسی دەوڵەتەکەیەتی. بۆیە کۆی قەیرانەکانی لەسەر ڕووحیەتی ناسیۆنالیزمێکی فاشیستانە ڕاگرتووە و لەڕێگەی درووستکردنی وێنای دوژمنەوە پەلی هاویشتووە بۆ دەرەوەی خۆی، هەرکاتێک زیاتر نغرۆی قەیران دەبێت، پەنا بۆ وێنای دوژمنەکەی دەبات. بەومانایەی دووژمنەکە ئامادەیە، ئەوە سەرچاوەی هەموو قەیران و نەهامەتی و نشوستەکانی نەتەوەیە، ئەوە پەکەکەیە بیگرن و بیکوژن و سەری پان بکەنەوە.
ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەو واقیعییەتە ڕووبەڕووە، واقیعییەتێک لەگەڵ تورکیایەکی پڕ لە قەیران، واقیعیەتێک بە شوناسی (پەکەکە)وە بە شوناسی (دوژمنەوە) بیانووی داوەتە تورکیا، تا بەئاسانترین شێوە پەلبکێشێ و قەیرانەکانی خۆی فڕێدات و ئاڕاستەی ڕۆژئاوای بکات.
ئێستا چارەنووسی ڕۆژئاوا و چارەنووسی ئەو وجوودە مەعنەوییە لە ئەستۆی پەکەکەیە، لەلایەک پێویستە خۆی لەدەستوەردان لەکاروباری ڕۆژئاوا بپارێزێت و تا هێزەکوردییەکان سەربەخۆیانە بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن. لەلایەکی دیکەوە پێویستە پەکەکە مەیدانی خەباتی خۆی بەرێتەوە باکوور، بەمانایەکی دیکە تورکیا بەرێتەوە ناوەوەی خۆی، تا قەیرانەکان لە ڕۆژئاوا دووربکاتەوە.
بە تەفیسرە (میشێل فۆکۆ)ییەکەی بەهەڵگێڕانەوە گوتەکەی (کڵاوس ویتز):” جەنگ درێژەدانە بەسیاسەت بە ئامڕازی دیکە.” بۆ فۆکۆ سیاسەت بەردەوامبوونی جەنگە بە ئامرازی دیکە. بەدیدی فۆکۆ لەو شوێنەی دەسەڵات هەیە، بەرگریش هەیە. سروشتی ئەم بەرگرییە ناچێتە دەرەوەی جوگرافیایی دەسەڵاتەوە.
ئێستا کاتی ئەوەیە پەکەکە بچێتەوە باکوور، ئەم ڕووحییەتی بەرەنگارییە بەرێتەوە ناو جوگرافیایی دەسەڵات، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا لە قەیران دووربخاتەوە، پێویستە تورکیا بەرێتەوە ناوەوەی قەیرانەکانی خۆی.