“پێشەکی“
لەم وتارە دا هەوڵدراوە بە میتۆدێکی هیرمنۆتیکی تێگەیشتن و گێڕانەوەی مەحوی لە ناو سێ رەهەند و جەمسەری بوون(وجوود)، تەریقەت و شەریعەت بە نموونەی دوو غەزەلی شاعیر لێکبدرێتەوە و دەرکەوتە و وتەزا (category)وردەکانی ئەم جەمسەرانە لەژێر ناوی ئەشق، مەرگ، توانج و رەخنە و چەشنێک لە پووچی و هەستی ئابزوێرد(absurd) و بەتاڵی کە پەیوەستە بە ئامادەیی زەینی و دەروونی مەحوی لەناو دۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و گۆڕانکاریی سەردەمی خۆی بخرێتە روو.
“کلیل وشەکان؛ بوون، ئەشق، تەریقەت، شەریعەت، مەرگ، شار، چۆڵەوانی”
ئەشقی زەمینی و ئاسمانی لە نێوان تەریقەت و شەریعەتدا:-
بەجێ نایێ، دەبێ رووکەینە سارا
حەقی ئادابی مەجنوونی لە شارا
مەحوی لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات کە گەیشتن بە راستەقینە و هەقیقەتی ئیشق واتە بە شێوازە مەجنوونییەکەی لەم هەل و مەرجە نوێیەدا کە شار هاتۆتە ئاراوە مومکین نییە و شوێنی راستەقینەی ئەشق سارا و چۆڵەوانییە و تەنها ئەشقی مەجنوونی لەوێ بە جێ دێ. لەم شابەیتەدا دەردەکەوێ کە مەحوی رۆحییەتی گۆشەگیری و کۆمەڵبێزیی تێدا زەق بووە و وەکوو تاکێکی گۆشەگیر حاشا لە شار و سیستەمە بەها نوێکەی و بەتایبەتیش لە رووبەری ئیشق دەکات.
لە درێژەدا هەر بەم روانینەوە دەڵێت:-
نەگەیمە ئەو جوانە و گەیمە پیری
مەدەد یا پیری پیرانی بوخارا
لەبەر زار و نەزاری بوومە وەک پووش
دەئەمجا رابوێرە من بە زارا
لێرەدا سیستەمی وێنا کردن و تەجەسومی شاعیر شکڵ و هەیکەلەکەی دەگۆڕێت و وێنەیەکی زەمینی و ناسکباری جوان وەردەگرێت. بەردەنگی شاعیر لەم دووبەیتەدا کچێکی جوانی مەغرووری پڕکەماڵە کە زار و نەزاریی ئەو واتە ئاخافتن یان نەئاخافتنی ئەو لەگەڵ یار، “یار” تووشی نەزاری و ناڕەحەتی دەکات، “زار” لێرەدا دوومانا دەدات کە یەکیان دەم و زمانە و ئەویدیان ناخۆشی و دەردەدارییە بۆیە شاعیر لە یار داوەکارە کە با وەکوو پووشێک کە لە “بێ زاریی/بێزاریی” و “نە زاریی” ئەو وای لێ هاتووە، بیبات بە “زارا” تاکوو لە زار و ناخۆشی و پەشێوی بکەوێت، ئەمە جگە لەوەیە کە لەبەیتی یەکەم دا شاعیر دەستی نزا و پاڕانەوە بۆ پیری پیرانی بوخارا واتە “بەهائەدین موحەممەد” کە بە شاهی نەقشبەند لە تەریقەتی نەقشبەندی دا ناسراوە، دەبات و نەگەیشتن بە ئەو جوانە و پیر بوونی لە داخی ئەم نەگەیشتنە، دەیخاتەوە یادی پیری پیرانی بوخارا و رەنگە وای بیر کردبێتەوە کە ئەگەرچی من لە رێی نەگەیشتن بە کچێکی پڕکەماڵی مەغروور دا پیر بووم و خەفەت پیرانەسەری کردم باکوو خۆم بگۆزمەوە بۆ شێوازی عیرفانی پیری بوخارا بەڵکوو لە ئەم بوو لە ئەو نەبووم! واتە پرۆسەیەک لە دیهاوێژی(projection)لە ساحەی سایکۆلۆژییەتی شاعیر گریمانە دەکرێت.
لە درێژەی ئەم غەزەلە دا مەحوی دەڵێت:-
وەرە دەستێ بە خوێنم کە نیگارین
خوێنی من حەڵاڵت بێ نیگارا!
زوو ئەو شۆخە لە ئاشق وەردەچەرخێ
لەگەڵ کەس، چەرخە ئەو، ناکا مودارا
کە شک بەم (مەحویا) هەر شەربەتی مەرگ
لە سەر ئەرزا نییە ئاوی گەوارا
مانا و ناوەرۆکی ئەم غەزەلەی مەحوی واتە غەزەلی “بە جێ نایە دەبێ روو بکەینە سارا” لە سێ جەمسەر یان گۆشەی مانایی پێکەوە تەنراوە. ئەشق، تەریقەت و توێژێک لە فەلسەفە کە لە نێوان تەریقەت و فەلسەفە دا پارچە و بەش کراوە. جەمسەریی تەریقەت خاڵ و بازگەی فڕین و ئازادبوونی مەحوییە لە ئایدۆلۆژیی دین بە واتا شەریعەتییەکەی. شاعیر لە بەیتەکانی سێ و شەش بە ئاماژە بە دوو چەمک و سیمبۆلی ناو جیهانی عیرفان واتە هەق یان حەقیقەت و “حاڵ” جەمسەری تەریقەت لە دووجەمسەرەکەی تر واتە ئەشق و فەلسەفە جودا دەکاتەوە. باقی بەیتەکانیتری ئەم غەزەلە جگە لە بەیتی ئاخر کە دواتر دێمە سەری هەمووی تێم و مانا و هێمای عاشقانەیە کە بە پێکهات و زمانێک کە تەنها تایبەت بە حەزرەتی مەحوییە هۆنراوەتەوە. دوو بەیتی زەقی ئەم ئیشقە ئەفلاتوونییە لەم غەزەلەدا ئەمەیە:-
وەرە دەستێ بە خوێنم کە نیگارین
خوێنی من حەڵاڵت بێ، نیگارا!
زوو ئەو شۆخە لە ئاشق وەردەچەرخێ
لەگەڵ کەس، چەرخە ئەو، ناکا مودارا
لێرە دا کە شاعیر بێ وەفایی و رام نەکردەیی و لەهەمانکات دا فرەڕەنگی و چەند روو بوون و پڕدەمامک بوونی یار لەپاڵ شۆخ و شەنگی یار دا باس دەکات، ئەو باسی زام و برینێکی “قووڵی خۆش” دەکات، واتە دەڵێ یار ئەگەرچی وەکوو چەرخی گەردوون یان هەر چەرخێکیترە و بەکەس و بۆ کەس رام و کەوی نابێت و مودارا لەگەڵ کەس ناکات، بەڵام ئەم نامودارایی و یاخیزەدەگییەی بە هۆی شۆخییەکەیەتی، بە هۆی جوانییەکەیەتی، لە راستیدا ئەمە دەرخەری ئەوەشە کە مەحوی ئاگاداری لە فولکلۆری و سامانی بەکۆمەڵ و مەعریفەی کۆیی نەتەوەکەی بووە. لە سەرتاپای فۆلکلۆری کوردی یاری شۆخ و شەنگ یەکێک لە وێنەکانی ئەوەیە کە بێ وەفا و زاڵمە و بە چارەنووسی ئاشق کایە دەکات، لە فۆلکلۆری کوردی یەکێک لە وێنە زەقەکانی یار ئەوەیە کە بەو شۆخ و شەنگی و جوانییەیەوە دەبێتە هۆی عەشق و عاشق بوونی ئەوانی دی، بەڵام خۆی ئاشق نابێت یان لانیکەم ئەشقەکەی ناخاتە روو.
یان لە بەیتی دوایی دا دەڵێت:-
موژەی خوێنێ دەکا هەر لەحزە، سەیرە!
ئەمەندە گوڵ لە بن یەک نووکە خــارا
ئەم بەیتەش هەر درێژەی ئەو تێم و ناوەرۆکەیە کە لەسەرەوە باسم کرد، و ئەو پێوەندییەی بە سامانی فۆلکلۆری کوردییەوە دیار و زەقترە. واتە یار وەڵامی ئەڤینداران و عاشقانی گوڵ وێنەی خۆی بە تیژییەکی وەکوو “دڕک” دەداتەوە و چەندەها تەرمی گولاڵەی لە بەردەم و پێش بەژنی مەغرووری و یاخی خۆی خستووە. لە دوابەیتی ئەم غەزەڵەی حەزرەتی مەحوی دا چەشنێک لە تووڕەیی و یاخی بوونی فەلسەفی لە هەمبەر کۆی ئەو چەمک و مانا سیمبۆلییانە کە لەبەیتەکانی پێشووی دا باسم کرد بەدی دەکرێ، رۆحانەتی راوی کە ناوی مەحوی بێت بە هۆی شکان و داڕزان و مەحوبوونی بەردەوام لە نێوان تەلبەندە مانایی و چەمکییەکانی وەک ئەشق، هەق، حاڵ، شۆخ، گوڵ، خوێن، چەرخ، مەجنوون، سارا و هتد تووشی جۆرێک لە بنبەستی وجوودی لە قەوارەی میتافیزیکە ئایینییەکە دەبێت و بەم شێوازە بیچم بەندی و تیۆریزەی دەکات.
کە شک بەم (مەحویا) هەر شەربەتی مەرگ
لەسەر ئەرزا نییە ئاوی گەوارا
کە ماناکەی ئەوەمان پێ دەڵێت: کە ڤەگێڕ(راوی) وەکوو ئەوەی لە بنبەستێکی وجوودی کەوتبێت ئاماژە بەوە دەکات کە بەردەوام و “هەر” لەگەڵ مەرگ رووبەروو دەبێتەوە و مەرگ تەنها وەکوو شەربەتێک کە “هەر” دەیدۆزێتەوە و هەر ئەوی پێ شک دێت، بێ ئەوەی بمرێت، وێنا دەکات؛ واتە ئەم مەرگە مەحوی باسی دەکات مەرگ و مردنێکی باو و بەرهەست(ئۆبژەکتیڤ) نییە، بەڵکوو شێوازە رەنج و زام و زووخێکە کە تایبەتمەندیی جیهانی زەمینی و ماتریاڵ واتە بەرهەست و عەینییە، ئەم مانایە لە بەشی دووەمی بەیتەکە واتە میسرەعی دووەم دا زۆر باشتر روون دەبێتەوە، واتە دەڵێت با وجوودی ئەوەی کە بەردەوام هەر شەربەتی مەرگێک کە نامرێنێت دەست دەکەوێت، دەگەم بەم ئاکامە کە هەتاوەکوو لەم جیهانە واتە زەمین واتە ئەو جیهانەی هەنووکە لە بازنە و پێکهاتی مەعریفەتی منە، بژیم ئاوی گەوارا و نۆشخۆریی ئارامش پەیدا نابێت، ئەم تێمە لە میتافیزیکی مەسیحی دا لە ژێر ناوی “بوون رەنجە” شوێن پێی تاکوو فەلسەفەی هاوچەرخیش هاتووە هەر وەکوو لە شیکاری و خوێندنەوەی ئەم غەزەلەی مەحوی دا دەرکەوت، کەڵکەڵە و خەمیی راستەقینەی مەحوی جوانکاریی و خەمڵاندنی ئیستاتیکیانەی مانا بوو. ئەگەرچی سەردەمی مەحوی بە رادە و ئاستی خۆی خاوەنی شەڕو شۆڕ و بگرە و بەردەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تاقم و توێژخوازیی تایبەت بە خۆی بوو. رۆژگاری مەحوی شەڕ و ململانێی نێوان دوو رێبازی تەریقەت واتە نەقشبەندی و قادری بوو و لەم نێوانە دا رێبازی نەقشبەندی بە گۆڕان خواز و خۆنەگرتوو لە هەمبەر بەها تازەکان و چەشنێ لە مۆدێڕنیزم بوو و رێبازی قادری ئەمەیان دەکردە مۆرکێکی ناڕەسەن و بەسەریانەوە دەنان، بەڵام مەحوی نەکەوتە داوی ئایدۆلۆژیی رەهای هیچ کام لەم دەستەبەندی و پۆلینکارییانەوە. ئەگەرچی مەحوی پاش ئەوەی لەسەفەری حەج رۆشت بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێندەرێ لەرێگەی پیاوانی کوردی خاوەن پێگە و نفووز، سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانیی بینی و سوڵتان وەکوو ئاکاری باوی خەلیفە خزمەتی کرد و دەستی لەهەمبەریدا کردەوە و خانەقایەکیشی بۆ کردەوە.
بەڵام هەمدیس سەربەخۆیی و جوانپەرستی خۆی لە کیس نەدا و سەربەستی و گۆشەنشینی و تاکگەرێتی خۆی لە هەناوی دەقی شیعرەکانی دا خستە روو و دواجار ئێمە وەکوو شاعیرێکی جوانیناس دەیناسین نەک شاعرێک سەر بە فڵان تاقم و بەرە و گرووپ و لایەنی سیاسی یان کۆمەڵایەتی و دینی و ئایدۆلۆژیکی. تەنانەت ئەوانەش وا لەم فۆرمە جوانیناسانە و جوانپەرستانەی مەحوی وەکوو رێبازێکی ئازاد و واڵا لایان داوە لە ژێر ناوی واعیز، شێخ،سۆفی و زاهید خراونەتە بەر تیغ و شەپی رەخنە و پلاری مەحوییەوە. بۆیە لە شیعری مەحوی دا ئەم چوار کارەکتەرە کە نوێنەری چوار گرووپی بەلایەن و ئایدۆلۆژیکن بە جار و بار باسیان هاتووە و دەمامکی لە سەر روخساری نادیار و فرەڕەنگیان داماڵیوە و ناساندوونی. شاعیر لە شیعرەکانی دا هەر کام لەمانە بەجیا لەسەر تا و کەفەیەکی تەرازوو دادەنێ و لە تا و کەفەکەیتریش دا جوانی، جوانپەرەستی، هێما و نیشانەکانی جوانی دادەنێ و قورسایی سەنگی جوانی ناسانەکە بەڕادەیەکە کە ئەم کارەکتەرانە لەسەر کەفەکە وا تووڕ دەدا کە ناسینەوەیان بە توڕە و دەستاڕ و سەرپێچەکانیان وەکوو جاری یەکەم سەخت و ئەستەمە. بۆ نموونە لەم دوو بەیتەی غەزەلێکی دا دەڵێت:
واعیزم پرسی؛ یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە؛
وەعزی چی؟ سەرلنگە دەستاڕێ کڕەی دەستاڕی هات
واتە هەواڵی واعیز یان ئامۆژگاریکەر و پەنددەرم پرسی کەچی یەکێک بە شۆخی و گاڵتە و لاقرتییەوە وەڵامی دامەوە کە وەعز و ئامۆژگاری چی و باسی چ دەکەی؟!دەم و زمانی واعیز وەکوو لنگە دەستاڕێکە (دەستاڕ ئامێرێکە کە لە دوو لنگ سازدراوە کە قەدیمان لە دێهاتەکاندا بۆ وردکردن و هاڕینی گەنم و جۆ و برینجێک کە هێشتا توێکڵەکەی لێ نەبۆتەوە، کەڵکیان لێ وەردەگرت) کە کاتێ قسە دەکات قسەکانی باش باش وردنابێت و شی ناکرێتەوە چوون تەنها لە یەک لنگی دەستاڕەکە کەڵک وەردەگرێت، بۆیە قسەکانی شرتی و پرتی و زوورن، کڕەی دێت و بەگوێی گوێگران گران دێت، بەگشتی واتە واعیز بە لادەم و لنگەدەستاڕێ وەک دەڵێن قسەکەی ناهەجوێت و هەر لە پڕێکدا دەیتەقێنێت.
یان لە بەیتی تر دا دەڵێت:-
شێخ و توڕڕەی مێزەر و نەقڵ و نوقووڵی هیچ و پووچ
من بە توڕڕەی یار ئەسیرم ئەو بە کۆڵێ توڕڕەهات
لێرەدا هەر وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا مەحوی شێخیش وەکوو دەستەیەک لەو تاقمانەی کە باسم کرد، دەداتە بەر پلار و رەخنە و رووکاربینی و زاهیرپەرەستییەکەی جاڕ دەدات و دەڵێ: شێخ و پێچی مێزەرەکەی و قسە و وتەگەلی هیچ و پووچی ئامادەن و بوونیان هەیە، بەڵام من لە باتی ئەوەی گیرۆدە و گوێقوڵاخی ئەو نەقل و قسە پووچانە واتە توڕەهات و خوزەعبەلاتەکەی بم، ملکەچ و ئەسیر و فەرمانبەری “توڕڕە” و ئاڵۆزکاویی زوڵفی یارم کە لە بەیان و راستبێژی دا پڕ و پەیمانە و شێخ و دەرکەوتەکانی ناگەنە باڵا و ئاڵا و واڵاییەکەی. توڕڕە لێرەدا سێ جار بەکار هاتووە کە هەر کامەیان مانای جیاواز و سەربەخۆی خۆی هەیە، توڕڕەی یەکەم بەواتای پێچ و خێچیی مێزەرەی شێخە، توڕڕەی دووهەم بە واتای ئاڵۆزکاویی و لوول بوونی زوڵفی یارە و توڕڕەی سێهەم بە واتای قسەی هیچ و پووچ و بێ سەروبەر. لێرەدا دەرکەوتن و ئامادەگی روانگەی کۆمەڵایەتی و هەندێ رووکار و توێژی عاشقانەی جیهانی مەحوی کە تێکەڵاوییەکی زەقی لە گەڵ عیرفان دا هەبوو باس کران. لە درێژە دا نموونەی غەزەلێکی شاعیر دێنمەوە کە تێیدا ئەشق بە سەر عیرفان دا زاڵ بووە و رێگەش بۆ هەندێک تێرمی فەلسەفی سەرووی عەشق خۆش کراوە.
“سەرکەوتنی ئیشق و فەلسەفە بەسەر عیرفان و دین یان تەریقەت و شەریعەت دا”
دەوری هەر چاوێکی ئەمڕۆ داوە سەد فەوجی بەڵا
دین و دڵ یەغما دەکەن، چاری کەن ئەی شێخ و مەلا
واتە دەڵێت:- بە دەوری چاوی یار دا سەد فەوج و پۆل لە دەرد و بەڵا دەسووڕێنەوە، ئەی یار پەرستان ئاگاداربن لەو سەد پۆلە بەڵایەی چاوی یار بێگومان هەر بەرتان دەکەوێ. دین کە هێمای شەریعەتە و دڵ کە هێمای تەریقەتە لێرەدا ئیشق تاڵان دەکەن، ئادەی دڵپەرەست واتە جەنابی شێخ و ئادەی دین دار ئەی جەنابی مەلا رێگە لەم تاڵانکارییە بگرن کە بە سەد فەوجی بەڵاوە لە چاوی لەبن نەهاتووی یارەوە سەرچاوەی گرتووە. وەک دەبینرێت لەم بەیتە دا دین و دڵ کە لەگەڵ شێخ و مەلا دا لەف و نەشری شێواو یان موشەوەش پێک دێنن، لە ژێر باڵی هێرشی فەوجەکانی عەشقی چاوی یار دا بە تاڵان چوون. لەم بەیتە دا عەشقی رووت زاڵە. رووت بە دوو مانا.
یان:-
وەسیەتی مەجنوونە:هەر کەس دەردی دنیا عارە بۆی
خۆ بکا وەک من بەدەردی عیشقی یارێ موبتەلا
ئەم بەیتەش وەکوو ئەوەی کە بەرئەنجامی ململانێ و شەڕەشەقی گرووپ و توخمەکانی ناو بەیتی پێشتر واتە دین و دڵ، شێخ و مەلا، سەد فەوجی بەڵا بێت، دەرئەنجامگیری و تێزێکی ئۆنتۆڵوژیکاڵ یان بوون ناسانەمان لە کڵاوڕۆچنە و رێڕەوی ئیشق دا ئاراستە دەکات. مەحوی لەم بەیتە دا دەڵێ: وەسییەتی مەجنوون کە بە ئاشقێکی شێت ناوی زڕاوە، لە راستیدا ئەمە بوو کە گەر باری وجوود و بوون بەسەرتانەوە قورس بوو و دەردی دونیاتان پێ تەحەموول نەکرا و هەرزەیی و پووچی دونیا لاتان وەها دەرکەوت کە کێشانی باری دەردەکەی بۆتان عار و نەکراوە بوو، رێگە چارەی باش ئەوەیە کە لە رێگەی ئاشق بوون بە یارێکەوە و گیرۆدەبوونی بە دەردی ئیشقییەوە خۆت گۆڵ بدەی و بخڵافێنی. واتە ئەشق جەوهەر و زێڕێکی رەسەن نییە بەڵکوو رەسەنایەتییەکە لێرەدا سەر بە دەرد و رەنجی “بوون”(being) و دونیایە کە لە رێگەی ئەشقەوە دەشێت تەسکین بدرێ و فەرامۆش بکرێت. واتە یار لێرەدا نە بوتە و نە قیبلە و نە سەنەم بەڵکوو دەرمانێک و رێگە دەربازبوونێکە. بە وتە خۆمانییەکەی ئەشق و یار لێرەدا زەنگی تەفریح و پشوودانێکن کە زۆر دەخایەنێـت. هەر وەکوو لەسەرەوە باسم کرد ئەم بەیتە هەڵگری لایەنێکی بوونناسانەیە. لە راستیدا ئەم راڤە و تەئویلەی مەحوی بۆ ئەشق و سامان و میراسی مەجنوون لە هەموو شاعیرانی سەردەمی خۆی رچەشکێنانەتر و تازەترە بۆیە ئەم غەزەلەی مەحوی کە پێکهاتوو لە حەوت بەیتە بە یەکێک لە شاغەزەلەکانی دەزانم و ئەم دوو بەیتەشی بە ئەنگوستیلەی نقێم داری دەستەکانی ئەم شاغەزەلە.
سهرچاوه؛
١-دیوانی مەحوی، لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس و موحەممەدی مەلاکەریم. ئینتشاراتی کوردوستان، ساڵی چاپ1379