تیۆدۆر هرتزل، کە بە باوکی ڕووحی و کەسێکی گرنگ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی یەهوود دادەنرێت، لە کتێبەکەیدا بە ناوی (دەوڵەتی یەهوود)، کە بیرۆکە و پڕۆژەیەکی پراکتیکیە بۆ گەیشتن بەم دەوڵەتە، کۆمەڵێک خاڵی بنەڕەتی دەخاتە بەر باس لەوەیە لێرەدا جێگەی ئەوە نەبێت لەسەر کۆیی کتێبەکە و باسکردنی بدوێن، تەنیا هەندێ خاڵی سەرەتایی کە پەیوەستە بە باسەکەی ئێمە بخەینە بەرچاو، کاتێک ئەو ئاماژە بەو ماف و ڕاستیانە دەکات کە دەبوایە بۆ گەلی جوو دەستەبەر بێت، ئەو دەڵیت “ئەگەر سەرۆکی دەوڵەتێک بیەوێت بەرەبابێکی جوو لە ناو نەتەوەکەیدا بتوێنێتەوە، پێویستە ئۆقرەی سیاسیمان بۆ دابین بکات، بەڵام تەنانەت خودی بسمارکیش نەیتوانی ئەوە بکات” ئەم وێنایە بە زیادەوە بۆ دۆخی کورد ڕاستە نە لە ڕابردوو نە لە ئێستاشدا هیچ هێزێک چی ئیسلامی یان غەیری ئیسلامی ئەم ئۆقرەییە سیاسیەی بۆ کورد دابین نەکردووە، بگرە بەو پەڕی بێبەزەییەوە هەوڵی تواندنەوە و لەناوبردنی داوە. لێرەدا کە کورد بە جوو بەراورد دەکەین تەنیا یەک لایەنی وەردەگرم ئەویش ئەو دیوەیە کە ئێمە لە ئازار و نەبوونی مافدا زۆرشتمان چوونیەک دێتەوە لە ڕاوەدونان و جەور و ستەم و ئەشکەنجە و کوشتن و جینۆساید…هتد. بەڵام دونیایەک جیاوازی ئەقڵی و فیکری و دینی هەیە کە ناکرێ نادیدە بگیرێت، هرتزل دواتر ئاماژە بەوە دەکات کاتێک ئەم دابین نەکردنەی مافە دەستەبەر نابێت و خۆمان بە خەباتی خۆمان بە دەستکەوتەکانمان دەگەین، هرتزل گوتەنی” دەبێت جورئەتی ئەوەمان هەبێت کە هیچ کام لە دەستکەوتەکانمان لە دەست نەدەین و بەڵکو دەیان چەسپێنین، هیچ مافێک بەفیڕۆ نادەین لە پێناوی مافێکی باشتردا نەبیت، دەستبەرداری هیچ کام لە نەریتە گرانەکانمان نابین، بەڵكو جارێکی تر بەدەستیان دەهێنینەوە، خانوە کۆنەکانمان چۆڵ ناکەین تاکو خانووە نوییەکانمان ڕادەست دەکرێت”
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو دۆخەی لە سوریا و خۆرهەڵات دەگوزەرێت دەکرێت وەک جۆرێک لە نەزمێکی دی بۆ هەژموونی هێزە گەورەکان لێی بڕوانین نەک ئەوەی چی حەق و مافە بۆ ئێمە وەک کورد، ئەگەر ئێمە وەک کورد پێمان وابێت ئیسرائیل یان ئەمەریکا دۆستی کوردن و بەرژوەندیەکانی دەپارێزن، دیارە لە هەڵەیەکی گەورەداین و لەو خاڵە ڕوونەی ستراتیژی ئیسرائیل و ئەمەریکا تێنەگەیشتوین بۆ بەرژوەندیەکانیان، ئیتر کورد ببێتە قوربانی یان نا گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ ئەوان بەدیهێنان و واز نەهێنانە لەم ئامانج و بەرژەوەندیانەی هەیانە، بۆ نموونە ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئەمان و سەلامەتیەکی ناوخۆیی دەستەبەر بکات و لەگەڵیدا هەژموونی سیاسی خۆی فراوان بکات لە خۆرهەڵات چیتر لەو دۆخەدا نامێنیتەوە تەنیا هەوڵی مانەوە و پاراستنی قەوارەی یەهوودیەت بدات لە ڕێگەی بەرگری ناوەکی و بەوە ناوەستی ڕەوشی ئەمنی ناوخۆی لە ژێر هەڕەشەدابێت، بگرە خاڵی ستراتیژ و سەرەکی بۆ ئیسرئیل ئەوەیە ئەو دۆخە بباتە دەرەوەی خۆی و هەژمونێکی سیاسی فراوان جێبەجێ و دەستەبەر بکات بە هاوکاری دۆستەکەی کە ئەمەریکایە.
ئێران کە هێزێکی کاریگەر بوو لە خۆرهەڵات و هەژموونێکی سیاسی فراوانی هەبوو، ببووە هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئیسرائیل بەتایبەت دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر خەڵکی ئەو وڵاتە و هێرشەبەردەوامەکانی لە ڕیگەی گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامیەوە لە بەرامبەردا وەڵامی توندی ئیسرائیل، چیتر ئەو هەژموون و ستراتیژەی ئێران بەرامبەر ستراتیژی ئیسرائیل فەشەلی هێنا و نەدەکرا بەردەوام بێت، کاتێک ئێران توشی جۆرێک لە هاوشوناسی و خۆبەرامبەرکردن ببوو بەرامبەر وڵاتانی وەک ئەمریکا یان وڵاتانی تری زلهێز، دەبوایە ئەمە ڕوبدات و ئێران بەر واقعە ڕەقەکەی خۆی بکەوێت، چونکە ناکرێت ئابوورییەکی داتەپیو و وڵاتێکی پڕ لە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیت هەبێت و بتەوێت هەیمەنە و ستراتیژی سیاسیت تا زەمەنێکی زۆر بڕ بکات.
ئیسرائیل و ئەمەریکا ئەگەر کۆتایی بەم ڕژێمەی ئێستای ئێرانیش نەهێنن، هەوڵی چڕیان بۆ ئەوە دەبێت ئێران بە جۆریک لاواز بکەن، جگە لەو ڕووخانە ئابووریەی بەرۆکی گرتووە بە تەواوی بیبەنەوە ناوخۆی.
ئەوەی گرنگە بۆ کورد نە ئیسرائیل و نە ئەمەریکا ڕزگارکەری کورد نین، ئەوان نە شەڕی ماف دەکەن نە شەڕی ئازادی و ژیانێکی پێکەوەیی و دیموکراتی جگە لە کۆمەڵیک بەرژوەندی خۆیان، خاڵی بنەڕەتی بۆ کورد کاتێک باسی ڕزگارکەر دەکەین دەبێت بیبەستین بە خودی خۆمانەوە و لە وەهمسازی دەربچین، دروشمەکانی وەک ئازادی و پیکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە بەها مرۆییەکان و دیموکراتی تەنیا بۆ خۆبەستنەوە نەبێت بە خۆرئاوا، بەڵکو لە واقعدا و لە ئاستی ناوخۆیی کاری جددی و ڕاستەقینەی بۆ بکرێت، ئێستا ڕۆژئاوا لەگەڵ واقعیەتێک ڕووبەڕووە هەم لە گەڵ تورکیایەکدا لە جەنگدایە کە خۆی لەسەر ئەو ڕوحیەتە ناسیونالیستە توندڕەوە ڕاگرتووە، نەک بڕوای بە گفتگۆ نیە لە گەڵ کورد بگرە بڕوای بە بوونیشی نیە وەک نەتەوەیەک. بۆیە بەبێ لاوازبوون بوونی ئەو ڕوحیەتە توندوتیژە و فاشیستە ئەستەمە بڕێک ئارامی و ئۆقرەی سیاسی دەستەبەر ببێت، چونکە تورکیا بە درێژای ئەم سەد ساڵە لە شکستێکی گەورەی بە مۆدیرنکردن یان بڵێن گیرخواردندایە لەوەی دینی یان عەلمانی بێت، هەریەک لە هێزە عەلمانی و دینیەکان لە ئاست ئەم کێشە واقعیەی کوردا ناتوانن دیموکراسی بن بۆیە ئەو شکستە گەورەی لەسەر بنەما ناسیونالیستەکەی ڕادەگرێت و قەیرانە گەورەکانی ناوخۆی دەرهاویشتەی کورد دەکات لەم ناوچەیە، هەروەها کورد لەگەڵ ناڕوونی ئەو هیزە تازانەی دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست ئیمکانی بەریەک کەوتنی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بەرگریەک هەیە کە دەکرێت ئاراستە و شێوەکەی نەگۆڕێت و بەری هەبێت بەو جۆرەی دیموکراسی ڕاستەقینە بێت و ڕەنگدانەوە و مانا بدات بە دەستەوە بەو واتایەی ماف و ئازادی و ژیانێکی دیموکراسیانە دەستەبەر بکات. لە واقعدا ئەو پرۆژە پراکتیکیەی بۆ خۆبەڕێوەبردن لە کۆتایەکانی ساڵی ٢٠١١ لە نوسراوە، ئیمکانی زیاتری ژیان دەستەبەر بکات و ئەو جەختکردنەوەی لە کۆتا دێڕەکانی نوسراوە ببێتە ڕوانینێکی نوێ بۆ ژیان، کاتێک باس لەوە دەکات” گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و سوریا چوتە قۆناغێکی مێژووی گرنگەوە و دەرفەتێکی مەزنی لە بەردەمدایە بۆ ئازادی، خۆ سەلماندن، خۆبونیادنان و کۆتایهێنان بەو سیاسەتەی لە سەردەمی ڕۆیشتنی فەڕەنسیەکانەوە بەرامبەری دەکرێن. ئێستا کاتی ئەوەیە کورد بڕیار لە ڕەنگ و چەشنی ژیانیان بدەن، بە پشتبەستن بە هێزی خۆیان، پرسە ئابووری، نیشتمانی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سیاسیەکانیان چارەسەر بکەن، هەموو ئەمانەش پێویستیان بە جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی گشتی لە لایەن سەرجەم گەلەوە هەیە، ئەم جوڵانەوەیە پاوانی حیزبە سیاسیەکان نیە، بەڵکو جوڵانەوەیەکی جەماوەری سەرتاپاگیرە، حیزبەکانیش تەنیا بەشێکی دیاریکراوی ئەم جوڵانەوەیەن و هیچی تر.