گەنج بناغەی دروستبوونی کۆمەلگایەکی پێشکەوتوو و گەشەسەندووە، چۆنیەتی بیردکرنەوەیان بەرامبەر بە ژیان بە پێی سەردەمەکان و پێشکەوتنی شارستانیەت گۆرانکاری بەسەرداهاتووە. سۆشیال میدیا و بەجیهانیبوون کاریگەری گەورەیان دروست کردووە لەسەر تاکەکانی کۆمەلگا بە گشتی و گەنجەکان بە تایبەتی، بێگومان سۆشیال میدیا لایەنی باش و خراپی هەیە، بەڵام دەگەرێتەوە سەر خۆکۆنترۆل کردن و شێوازی بیرکردنەوەی بەکارهێنەر. بەشێکی زۆری گەنجەکانمان لە ژیانی خۆیان ناڕازین، ڕاستە پێداویستیە سەرەتاییەکان وەک پێویست دابین نەکراوە بۆیان، بەشێکی تریان هەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانیان لەبەردەست و بەڵام ناتوانن دلخۆشبن و سوپاسگوزار بن بەڵکو هەموو کات گلەیی دەکەن لە ژیان و هەست بە بێزاری دەکەن. دەتوانین لە ڕێگەی چەند خالێکەوە کێشەکانی گەنج شیبکەینەوە:-
1. هۆگربوون یاخون ئالودەبوون:- ئالودەبوون واتە لە دەستدانی کەسێکە لە ڕووی دەروونیەوە کە دواجار کاریگەری دەبێت لە ڕووی جەستەیشەوە. کاتێک باسی ئالودەبوون دەکەین ئەوەی بە بیرمان دادێت ئالودەبوونە بە جگەرە و ماددەی هۆشبەر و کحول، بەڵام ڕاستیەکەی جۆرێکی تری هۆگربوون هەیە کە زۆر کارەساتترە ئەویش هۆگربوونە بە کەسێک، جا هەر کەسێک بێت، دایک و باوک و خوشک و برا هاوڕی یاخود ڕەگەزی بەرامبەر، بەتەواوەتی کەسەکە خۆی لە دەست دەدات و هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانی تەنها لەو کەسە دەدۆزێتەوە کە هۆگری بووە. وابیردەکاتەوە کە ناتوانێت بەبێ ئەو بژیت، گشت کەسانی دەورووبەری فەرامۆش دەکات پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکانی بەرەو لاوازی دەچێت. چونکە هەموو ژیانی دەبێتە کەسێک. گەورەترین کێشەی گەنجەکان لەم سەردەمە هۆگربوونە، بێگومان ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە:-
- بێکاری یاخود دەستبەتاڵی.
- نەبوونی هیج ئامانجێک لە ژیان تاوەکوو هەوڵی بۆ بدات.
- نەبوونی خۆشەویستی بە شێوەیەکی هاوسەن؛ کاتێک هەست بەنەبوونی خۆشەویستی دەکات لەلایەن خێزانەوە، ئەمەش وادەکات کاتێک کەسێک یاخود رەگەزی بەرامبەر خۆشەویستی بۆ دەردەبڕێت ئالودەی ئەو کەسە و خۆشەویستیەکەی دەبێت.
- چۆنیەتی بیرکردنەوە بۆ ژیان لە چوارچێوەیەکی تەسک.
- تەنیایی و لاوازی پەیوەندییە کۆمەلایەتیەکان وادەکات زیاتر و زیاتر ئالودەی کەسی بەرامبەر بێت.
2. خۆ بەراورد کردن بە کەسانی تر:- یەکێکی تر لە کێشەکان خۆ بەروارد کردنە بە کەسی تر، ژیان بۆ هەموو کەسێک وەک یەک نییە دەبێت هەمیشە بەشێوەیەک بیربکەینەوە کە سوپاسگوزار بین بۆ ئەوەی کە لە ژیاندا بەدەستمان هێناوە یاخود لە دەستمان داوە. کاتێک خۆت بەروارد کرد بە هاوڕێکەت کە لە تۆ دەوڵەمەندترە یاخود جوانترو ناسراوترە و سەرکەوتووترە، ئەوا تەنها لە ڕووی دەروونیەوە خۆت دەشێوێنی، هیچ شتێکی تر بەدەست ناهێنیت. مەترسیدارترین ئاستەنگ لەبەردەم بەرەوپێشەوەچوونی کەسەکان خۆ بەراورد کردنە بە کەسانی تر، بۆیە هەرگیز نابیتە کەسێکی سەرکەوتوو بەختەوەر لە ژیاندا ئەگەر لەسەر ئەو خوە بەرد ەوام بیت، هەر تاکێک لە ئێمە دەبێت بۆخۆی و ئامانجەکانی خۆی بژی.
3. زیادەڕۆییکردن لە بەکارهێنانی مۆبایل:- وەک نەریتێک هەموو تاکێک لە ئێمە سەرقاڵی مۆبایل و بەکارهێنانی سۆشیال میدیایە، کەچی خۆمان هەستی پێ ناکەین، کە گشت کاتە زێڕینەکانمان بەفێرۆ دەچێت بێ ئەوەی هەستی پێبکەین و ئاگاداری بین. دەکرێت زیاتر سوودی لئ وەربگرین لەو کاتە بەنرخانەی ژیانمان، چەندەها کاتژمێر سەرقاڵی بەکارهێنانی مۆبایل و سۆشیال میدیاین دەکرێت نیوەی ئەو کاتە تەرخان بکەین بۆ فێربوون و زانیاری نوئ.
4. هەست کردن بە بێزاری:- لە ژیانکردن نەمانی تاقەت و حەز و خولیان بۆ هیچ شتێک، ژیانکردن تاقیکردنەوەیە ئیمە دەبێت لایەنی دونیایی و قیامەتی لەبەرچاوبگرین و هەوڵی بۆ بدەین حەقی خۆی پئ بدەین.
5. بیرکردنەوەی زیاد لە پێویست:- مەترسیدارترین کێشەی ژیانی تاکەکانە، دەبێتەهۆی تێکچوونی دەروونی کەسەکان تەنانەت هەوڵدان بۆ خۆکوژی.
“ئەو کێشانە چۆن کاریگەری دەخاتە سەر دەروونی تاک؟”
نەخۆشییە دەروونییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە بەهۆی ئەو کێشانەیە کە باسکرا، نەخۆشی دەروونی حاڵەتێكی تەندرووستییە كە تێیدا گۆڕان لە هەست، بیركردنەوە، ڕەفتار یاخۆد هەمویان پێكەوە ڕوودەدات، نەخۆشی دەروونی پەیوەندی بە سترێس یان ئەو كێشانەوە هەیە كە لەناو كۆمەڵگا و خێزانەكاندا ڕوودەدەن. نەخۆشی دەروونی زۆر مەترسیدارترە لە نەخۆشیە جەستەییەکان چونکە چارەسەرکردنی زەحمەتە و کاتێکی زۆری دەوێت، لە هەندێک حالەتدا کەسی نەخۆش چارەسەر ناکرێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت یاخود زیان بە جەستەیی خۆی دەگەیەنێت. بەشێکی زۆری گەنجەکانمان گیرۆدەی نەخۆشیە دەروونیەکانن و ناتوانن لای هیچ کەسێک باسی بکەن، چونکە شەرم دەکەن بەڵام ئەمە شتێک نییە جێگای شەرم و شەرمەزاری بێت بەڵکو وەک هەر نەخۆشیەکی تر چارەسەر دەکرێت، کەسی توشبوو لە دوای چارەسەر دەتوانێت وەک پێشووتر بگەڕیتەوە ناو کۆمەلگا و ژیانی ئاسایی خۆی دەست پئ بکاتەوە. چارەسەریەکانیش لە ڕێگەی ڕاوێژکاری دەروونی و دکتۆری دەروونی دەبێت بە گفتوگۆکردن لەگەل کەسی توشبوو دەست بە جارەسەری دەکرێت لە حاڵەتی چارەسەرنەبوونی ڕێگای دووەم بەکاردێنن کە ئەویش پێدانی دەرمانە بە کەسی توشبوونی نەخۆشیە دەروونیەکان.
“چارەسەرییەکان چۆن دەکرێت یاخود چۆن خۆمان بپارێزین لەم کێشانە؟”
1. پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان گرنگترین چارەسەرە، کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێو گفتوگۆکردن لەگەلیان، وادەکات رزگاربیت لە بیردکرنەوەی زۆر و نەرێنی هەروەها خۆ ڕزگارکردن لە تەنیایی کە سەرچاوەی هەموو کێشەکانە.
2. هەبوونی ئامانجێکی دیاریکراو و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی، لە هەر بوارێک بێت خوێندن بێت یاخود کارێکی دیاریکراو کە خۆت حەزی پئ دەکەیت.
3. خۆشویستنی خودی خۆت پێش خۆشویستنی هەموو کەسێک، هەمیشە دەبێتخۆمان و ئامانجەکانمان هەست و بیرکردنەوەمان لە پێش هەموو کەسێکەوە بێت، بتوانیت خۆت کۆنتڕۆڵ بکەیت بەرامبەر بیرکردنەوەکان و کەسی بەرامبەر، واتا هیچ کەسێک نەتوانێت هەست و سۆزەکانت کۆنترۆل بکات.
4. عیبادەت کردن و یادکردنەوەی خوای گەورە، بەردەوامی خوێندنی زکرەکان ئەنجامدانی نوێژە فەرزەکان، ئێمەی موسڵمان دەبێت وابیربکەینەوە کە خۆشی و ناخۆشیمان لە دەست خوای گەورەیە، چەند نزیکتر بین ئاسوودەی و خۆشی زیاترمان پێ دەبەخشێت.
شانازیکردن بە سەرکەوتن و دەستکەوتەکان لە ژیاندا، بیرکردنەوەی لەو شتانەی کە بەدەستمان هێناوە و ئەوشتانەی کە هەیە لە ژیانماندا.