“سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە سوریایەکی فرەییدا”
٨ی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، ڕۆژێکی مێژووی گرنگە بۆ هەموو مەزهەب و نەتەوەکانی سوریا، لەبەر ئەوەی دوای نزیکەی شەش دەیە لە سیاسەتی نادادپەروەری و سووکایەتیکردن و زۆرەملێکردن و سەرکوتکاری هاووڵاتیانی، ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێن و بنەماڵەیە کۆتای پێهات، سوریا پێی نایە قۆناغێکی دیکە لە ڕووی سیاسییەوە کە بە هیچ شێوەیەک وەک شەش دەیەی ڕابردوو نابێت. بەم جۆرە ئەم گۆڕانکارییە و نەمانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە تەنها خۆی ماەی بیست و چوار ساڵ حوکمی کرد.
سوریا وەک هەندەسەی کۆمەڵایەتی پێکهاتەیەکی فرەییە وەک هەر دەوڵەتێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش لای تەواوی جیهان ناسراوە جا فرە ئاینی، کەلتووری، نەتەوەیی یان مەزهەبین بێت. لە ماوەی شەش دەیەی ڕابردوو دەسەڵاتی سیاسی بەشێوەیەکی ڕەها لەلایەن تەنها گرووپێک یان بنەمالەیەک قۆرخ کرابوو، بە جۆرێک هەموو میکانیزم و ئامرازەکانی بەردەستی تاقیکردەوە بۆ ئەوەی وا نیشان بدات کە سوریا وڵاتێکی یەک ڕەنگە، بەڵام سەرەنجام نەتوانرا ئەمە بەردەوام، ئەگەرچی بن پێکردنی زۆری مافی مرۆڤ و پێکهاتەکان لەم ماوەیەدا بەدی کراوە.
“بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان سوریایان لە بەهاری عەرەبی دابڕی و ئەسەدیان هێشتەوە”
لە ١٥ی ئازاری ٢٠١١ هاوشێوەی دەوڵەتانی دیکەی جیهانی عەرەبی لە سوریا ناڕەزایی و خوپیشاندانی جەماوەی دەستی پێکرد بەشێوەیەکی فراوان کە کە شار و قەزا و قەزاکانی سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، خەریک بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣دا بگاتە جەرگەی پایتەختی سوریا (دیمەشق) بەڵام گۆڕانکارییە سیاسییەکان و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان ڕێگریان لە سەرکەوتنی ئیرادەی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی، بۆیە دۆخەکە بەردەوام بوو بە جۆرێک کە سوریا پێی نایە قۆناغێکی زۆر سەخت و دژوار لە شەڕی ناوخۆیی نێوان بەرەی دەسەڵاتی ئەسەد و دژبەری دەسەڵات. یارمەتی و هاوکارییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان لە رووی ئابووری، سیاسی، سەرباز، و دبلۆماسی و ئەمنی نەبوونایە ئیدی ئەوکات دەسەڵاتی ئەسەد کۆتایی پێدەهێنرا، بەڵام ڕوسیا و ئێران هەموو هەوڵێکی خۆیان خستەگەڕ بۆ ئەوەی ئەسەد نەکەوێت، بەم شێوەیە سەرکەوتوو بوون لە هێشتنەوەی ئەسەد تا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤، بەڵام ئەم جارە ئەم پاڵپشتییە جا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی “لەلایەن روسیا” بێت یان لەسەر ئاستی هەرێمی “کۆماری ئیسلامی ئێران”ەوە بێت بە هیچ جۆرێک بەدی نەکرا، بۆیە زۆر بە خێرایی و سەرنج ڕاکێش چیڕۆکی دەسەلاتی شەش دەیەی بنەماڵەی ئەسەد کۆتایی پێهات.
“دیمەشق لە نێوان چەندین پڕۆژەی جیا جیا دا”
هەر دەسەڵاتێک لە گۆڕەپانی سیاسی سوریا ناتوانێت خۆی لە سەرنجدان بە سرووشتی دەستێوەردان دەرەکی “ئیقلیمی و نێودەوڵەتی” و بەرژەوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بەدوور بگرێت کە مەیدانی سوریایان گەمارۆداوە، بڕی ئەو هێز و بزووتنەوەی سیاسیانەی کە ئازادی جوڵە و کرداریان هەیە پاڵ بنێن بەرەو گەیشتن بە پرۆسەی هاوسەنگی ستراتیژی بۆ هەموو وڵاتان و گرووپە چەکدارەکانی سەر خاکی سوریا.
دیمەشقی پایتەخت بە چەندین پڕۆژەی سیاسی جۆراوجۆر دەورە دراوە، یەکێک لە فاکتەرە هەر سەرەکییەکان پەیوەستە بە بێتوانایی ڕژێمی پێشوو لە گەمارۆدانیان سەری هەڵدا و فراوانتر بوو لەسەر حیسابی ژیان و داهاتووی گەلانی سوریا. سوریا نوکی ڕمزی ئەو پڕۆژە سیاسییەی ئێران بوو کە لە ئێراق تێپەڕدەبوو بەرەو پایتەختەکانی وڵاتانی عەرەبی، دیمەشق لە پێشەنگی ئامانجەکانیدا بوو، تا ئەو ڕادەیەی کە بوو بە بەشێکی گرنگ و ئامانجێکی سەرەکیی لە ئامانجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و بازنەی نفوزی ئەمنی و هەواڵگری لە ڕێگەی کردنەوەی کەمپەینی مەشق و ڕاهێنان کە میلیشیا ئەفغانی و پاکستانییەکان و کادیر و سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدابوو، لە ئێراق بەشێك لە میلیشیاکان پێشەنگی هێزەکانی پشتیوانی و بەشداربوون لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی پڕۆژەی ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەم پڕۆژەیە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بە ووردی چاودێری دەکرێت، لە دوای ڕوداوەکانی بەهاری عەرەبی تاران خاکی سوریای بەکارهێنا بۆ فراوانکردن و قایمکردنی پێگە و نفوزی خۆی. لەم چوارچێوەیەشدا هەولەکانی خۆی چڕکردبوویەوە بۆ بەرگریکردن لە مانەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بە لەبەرچاوگرتنی پایەی سەرەکی بەردەوامی پشتیوانی سەربازی و ئەمنی بۆ حزبوڵای لوبنان.
“کەوتنی ئەسەد و لەدەستدانی گەورەترین ستراتیجی ناوچەیی تاران”
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ی کانوونی یەکەمدا بووە هۆی لەدەستدانی گرنگترین ڕووبەری ناوچەی ستراتیجی تاران لەسەر ئاستی ناوچەکە، هەرچەند تاران ئەگەر بشتوانێت پێگە و نفوی بۆ ولاتێکی دیکەی ناوچەکە بگۆڕێت بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانێ قەرەبووی سوریای بۆ بکاتەوە، لەبەر ئەوەی سوریا وەک ئەڵقەی ناوەندییە کە ڕێگاکانی ئامانجەکانی سوپای قودس و سوپای پاسداران لە خاکی ئێراقەوە بەرەو شارەکانی سوریا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، تا دەگاتە کەناراوەکانی دەریای سپی و ئاوێتەبوون و یەکگرتنی لەگەڵ حزبوڵای لوبنان. ئێران لە بەرامبەر سیستەمێکی سیاسی نوێ کە وردە وردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا ئەزموون دەکرێت، دەستی کردووە بە داڕمان، بە جۆرێک ئەم سیستەمانە کەوتوونەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزی دیکە ئیقلیمی و جیهانی، کاریگەری مەیدانی ئێران کەم بووەتەوە بەهۆی پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییە لە گۆڕەپانی گشتی سوریادا.
ئێران چەندە هەوڵی گەڕانەوەی بداتەوە بۆ پێگە و نفوزی خۆی لە قوڵایی ناوخۆی سوریا، بەڵام بەهۆی ڕەتکردنەوەی جەماوەرییەوە و ئەو شێوازە سەرکوتگەرانە و هێرشە دڕندانەیەی میلیشیاکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ گەلانی سوریا لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوو. ئەگەر دوای نەمانی ئەسەد تاران بەشێوەی فەرمی لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوە فەرمییەکان و کاربەدەستانیدا ئەوەی ڕاگەیاندوو کە ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەگرن بەڵام هەموو ئەو گرووپانەی لە سوریای دوای ئەسەد دا ڕؤڵ دەبینن هەڵوێستی تاران لە بواری سیاسی، سەربازی و ئەمنییەوە لە یاد ناکەن کە زیاتر لە دە ساڵ فاکتەری سەرەکی مانەوەی دەسەڵاتی ئەسەد بووە. دۆخی سوریای دوای ئەسەد بۆ تاران سەرەتای بەتاڵکردنەوەی ئەو خەونە گەورەیەیە کە لە ڕێگەی سوریا و لوبنان و یەمەن کاری بۆ وەدیهێنانی دەکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی پایتەختەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژئاوای ئاسیا.
دوکتۆرینی سیاسی ئێران لەسەر بنەمای فاکتەرە نەگۆڕەکانی پەیوەست بە مانەوەی ڕژێم، هەژموون و کۆنترۆڵکردنی پایتەختە ستراتیجییە ناوچەییەکان، پاراستنی بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پابەندبوون بە ئامانجە سەرەکییەکەی کە بریتییە لە وەرگرتن و ناساندنی ئێران وەک دەوڵەتێکی ناوچەیی کاریگەر بە فراوانکردنی خولگەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و وەرگرتنی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی لە یانە جیهانییەکەدا، لەم پێناوەدا تاران گوێ بەوە نادات کە ئایا دۆست و هاوپەیمانەکانی بەرەو چ دوا ڕۆژێک دەڕۆن. بە واتایەکی دیکە دەکرێت بگوترێت تاران هاوپەیمانەکانی خۆی لەسەر ئاستی ناوچەکە وەک قەڵغانێک بۆ پاراستنی خۆی بەکاردێتنێت و بەردەوام وەک کارتی مامەڵە ڕەفتاریان لەگەڵ دەکات.
“گۆڕینی واقیع”
تاران هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دژی دەسەڵاتدارانی سوریای “بەشار ئەسەد” وەک پیلانێکی ئەمریکی-ئیسڕائیلی بۆ “ناسەقامگیری ناوچەیی” و دووبارە کێشانەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چەندین کۆبوونەوەی ناوخۆیی و جیهانی بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە ناوچەکە بە جۆرێک بەرەو ڕووی گۆڕانکاری دەکاتەوە کە ئیدی تاران وەک جاران ناتوانێت هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست بکات. ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ئەوەی کە تاران دەبێت لە چوارچێوەی سنووری دیاری کراوی خۆیدا بێت نەک لەسەر بنەمای ئەو پڕۆژە ناوچەییانەی کاری بۆ دەکرد مامەلە بکات، ئەمەش مانای گۆڕینی ئەو واقع و دۆخە سەپینراوەیە کە تاران زیاتر لە یەک دەیە دەبێت زۆر بە ڕژدی کاری لەەسەر کردووە.
دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە سوریا لە ساڵی ٢٠١١، ئێران “راوێژکاری سەربازی” وەک خۆی دەڵێت، بۆ پشتگیریکردنی سوپای ئەسەد، لەسەر داوای ئەسەد، ڕەوانەی وڵاتەکەی کرد. گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران لەو وڵاتە جێگیر کران. ئەمەش وایکرد تاران بتوانێت کاریگەری لە سوریا بەدەستبهێنێت و خۆڕاگری خۆی لەسەر سنوورەکانی ئیسرائیل بەهێزتر بکات. زۆرێک لە کارمەندانی ئێرانی لە شەڕدا یان لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژران. لەگەڵ کەوتنی دیمەشق بە دەستی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی هەیئەی تەحریری شام، باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق لەلایەن هاووڵاتیانەوە هێرشی کرایە سەر و تاڵان کرا، لە دیمەنێکدا کە لە وڵاتێکی هاوپەیماندا خەیاڵ نەدەکرا بەو جۆرە تاران بێ دەسەڵات بکرێت.
“سوریا و سەرەتای کەوتنی پایە سەرەکییەکانی هەژموونی ئێران”
ڕووداوەکانی ئەم دوایەی سوریا بە تەواوی ئەژنۆی تارانی شکاند و ئایندەی لە ناوچەکە بەرەو تونێلێکی نادیار کردەوە، بە تایبەتی دوای ڕادەی ئەو زیانانەی لە باشووری لوبنان و گۆڕەپانی سوریا بەرەو ڕووی بوویەوە. دوای ڕووخانی ئەسەد لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرا دەبێت کە ئێران کە پشتیوانی ڕژێمی کردووە، بە هەڵاتنی ئەسەد و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەی ٥٠ ملیار دۆلاری لەدەستداوە. ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی لە ژێر ناونیشانی “ئێران ئەسەدی لەدەستداوە و قەرزێکی بە بەهای 50 ملیار دۆلار لەگەڵیدا لەدەستداوە”، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تیایدا باسی لەوە کرد کە ئەو فایلانەی کە ئاشکرابوون دەردەخەن کە ئەو سورییە سەرۆک کۆمار بڕە پارەیەکی زۆر قەرزاری سپۆنسەرەکانی بوو لە تاران. ئەمە جگە لەو زیانە سیاسی و ستراتیژییەی کە بەر پڕۆژەی هیلالی شیعی کەوت، بە جۆرێک بە نەمانی ئەسەد ئەو هێڵەی لە تارانەوە بۆ لوبنان دەڕۆیشت ئیدی لەمەودوا لە ئێراق زیاتر بڕ ناکات، ئەمەش لە ڕووی ستراتیژییەوە گەورەترین زیانە کە بەر تاران بکەوێت. کەوتنی ئەسەد گورزێکی بەهێزە لە ئێران لە ناوچەیەکدا کە هەمیشە بە بەشێک لە کاریگەرییە ناوچەییەکانی خۆی زانیوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، میحوەرەکە بە کوشتنی سەرکردە دیارەکان، لەوانە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا، لە هەڵمەتێکی ئیسرائیل لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، و سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، کەوتۆتە ژێر فشاری زیاترەوە. لەم بارەیەوە ئەکادیمیستی ئێرانی، مێهدی زەکەریان، پێیوایە؛ ئامانجی سەرەکی گۆڕینی ڕژێم لە سوریا، “بڕینی چەکی ئێرانە” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەیە بۆ ئەوەی تاران ناتوانێت وەک جاران پشتیوانی لە حیزبوڵڵا بکات. هەروەها لەسەر ئاستی شەقامی ئێرانیش بە ئاشکرا ئەوە دەردەبڕدرێت کە کەوتنی ئەسەد بۆ تاران زیانێکی گەورەیە، لەبەر ئەوەی سوریا دەرچەیەکی ستراتیژی بوو بۆ ئێران بۆ دەریای ناوەڕاست. ڕووخانی ئەسەد پێگەی ئێران زۆر لاواز دەکات، و دەتوانێت لێکەوتەی ترسناک بۆ هەموومان بەدوای خۆیدا بهێنێت.