“دادپهروهریی”
دادپەروەری زیانی چییە ئایا وجوودی دادپەروەری خۆی لەخۆیدا شتێکی پڕ سوود و خاڵی لە زیان نییە؟ ئەمن پێم وایە دادپەروەری هیچ زیانێكی نییە. لەبەر ئەوەی دادپەروەری واتە ئەوەی كە من لەگەڵ تۆدا هاوماف بم و نە ئەوەتا مافی تۆ بخۆم و نە ئەوەتا بهێڵم مافم بخورێت. هەڵبەت دەكرێت مافت بخورێت، بەڵام تۆ كە بوونێكی مەعریفییانەت هەبوو، یاخود سەرڕێژ بیت لە میهرەبانیی و بەخشندە بیت، ئەوە گوێ نادەیت بەوەی كە مافت بخۆن. بەڵام هەرگیز قەبووڵ ناكەیت مافی ئەوانیدی پێشێل بكەیت. هەڵبەتە ئەمەیش ڕوانگەیەكی ئەخلاقی هەیە كە توێژینەوە لەسەر چەمكی عەدالەت، دەبێت ئاوێتە بكرێت بە زاراوەی ئەخلاقەوە. چونكە عەدالەت بەشێكە لە ئەخلاق. كەواتە دەبێت ئەخلاق و عەدالەت پێكەوە گرێ بدەین هەتاكوو سەبارەت بە دادپەروەری بتوانین بگەینە ئەنجام. هەروەها دەكرێت چەمكی عەدالەت ئاوێتە بكرێت بە ئایینەوە هەتا جوانتر لە دادپەروەری تێبگەین. بۆ نمونە كاتێك ئایین و عەدالەت ئاوێتە دەكرێت بە یەكەوە، ئەوە دەبێت ڕوو بكرێتە شەریعەت و لە ڕووی شەریعەتەوە عەدالەتیش توێژینەوەی بۆ بكرێت. ئێمە لە قورئاندا هەمانە كە ئاماژە كراوە بە دادپەروەری. واتە ئێمەی مرۆڤـ دەبێت بەرامبەر بە یەك دادپەروەر بین. من پێم وایە كاتێك كە توێژینەوە لەسەر عەدالەت بكەین، ئەوە پانتاییەكی زۆر داگیر دەكات. واتە كاتێك كە توێژینەوە دەكەین لەسەر چەمكی عەدالەت، ئەوە دەبێت بڕۆین توێژینەوە بكەین لەسەر چەمكی ئەخلاق و ئاین و خودا، یاخود هەر زاراوەیەكیی دیكە كە پەیوەندی بە عەدالەتەوە هەبێت. لە ڕووی ئایینەوە دەبێت دادپەروەری سەربەخۆ بێت و لە ئایین جودا بكرێتەوە كە ئەگەر چی لە ئاییندا ئاماژە دەكرێت بە یەكسانیی و دادپەورەری، بەڵام ئیدی بۆ ئەوەی شوناسی تایبەتی عەدالەت بە پاكی بمێنێتەوە، ئەوە دەبێت وەك زاراوەی ئەخلاق سەربەخۆ بێت و لە ئایین جودا بكرێتەوە.
من ناڵێم عەدالەت سەربەخۆ بوو كە ئیدی ئاوێتە كرابێت بە ئایین و بە پاكی نەمابووبێتەوە. نەخێر. بەڵام عەدالەتیش وەك ئەخلاق دەبێت سەبەخۆ بێت و شوناسی تایبەتی خۆی هەبێت. ئێمە ناتوانین باس لە عەدالەت بكەین بەبێ ئایین، واتە كاتێك باس لە عەدالەت دەكرێت، ئەوە دەبێت ئەخلاق و ئایینیش بێنە مەیدانەوە. لەبەر ئەوەی ئەم سێ چەمكە كە عەدالەت و ئەخلاق و ئایینە، پەیوەندییان بە یەكەوە هەیە. كەواتە عەدالەت لەڕووی ئەخلاقەوە چاكەكارییەكی گرنكە بۆ مرۆڤ. لە هەر كوێ عەدالەت هەبێت ئەوە چاكەكاریش بوونی هەیە. لە هەر شوێنێكدا ئەخلاق و ئایین هەبن، ئەوە دادپەروەریی و چاكەكاریش بوونیان هەیە. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت كە دادپەروەری هیچ زیانێكی نییە. دادپەروەری واتە ئەوەی كە من چیم بۆ خۆم پێ خۆشە، ئەوە بۆ بەرامبەرەكەیشم پێم خۆش بێت. لە وجوودی دادپەروەریدا هیچ زیانێك بوونیی نییە. چونكە ئەوەی كە عەدالەت بەیانی دەكات گشتی فەزیلەت و چاكەكارییە. ئێمەی مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانین چاكەكار بین، ئەوە دەبێت لە بوونی خۆماندا تۆوی ئەخلاق و عەدالەت بچێنین. بۆیە بە چاندنی ئەم تۆوەش بەرهەمەكەی دەبێت چاكەكاریی و فەزیلەت. من یەكەمجارمە لەسەر بابەتی عەدالەت بنووسم. چونكە نەمتوانیوە خۆم لە قەرەی بدەم. بەڕاستی بابەتی عەدالەت هەتا مرۆڤ هەیە و كەیش مرۆڤ بوونی هەبووە هەر لە سەرەتاوە، ئەوە هەتا مرۆڤایەتی دەمێنێت، عەدالەت لە بوونی مرۆڤەكاندا بوونی هەیە. بەڵام هەندێك ئاگاییان هەیە بەو عەدالەتە، هەندێكیش غافڵ دەبن لێی.
بۆ ئەوەی بزانین ئەخلاق و عەدالەت و ئایین چییە، ئەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەقیقەتی بوونی خۆمان. من ئەوە بەیان دەكەم نەك تەنیا عەدالەت و ئەخلاق و ئایین و…هتد. بەڵكە هەموو شتێكی ئەم جیهانی بوونە كە بوونی هەیە، ئەوە نمونەی لە دەروونی مرۆڤدا هەیە. واتە بۆ ئەوەی بگەین بە عەدالەت و ئەخلاق و ئایین، ئەوە دەبێت سۆراخی دەروونی خرمان بكەین كە پڕە لە گەنجینەو زێڕ. بڕوانە دەگەینە ئەنجام كاتێك كە مرۆڤ دەیەوێت بگات بە هەر شتێك ئەوە دەبێت سەرەتا خۆی بدۆزێتەوە. دۆزینەوە خود هەمان دۆزینەوە خودا، ئەخلاق، عەدالەت، ئایین ….هتد. تەنیا شتێك فەزیلەتی ئەخلاقییە كە مرۆڤ بگات بە هەقیقەتی بوونی خۆی. گەیشتن بە هەقیقەتی بوونی خۆت واتە گەیشتن بەوەی كە چاكەكارییە. بۆیە ئەخلاق و عەدالەت دەتوانن ببنە ڕێگایەك بۆ پلەی كەماڵ مرۆڤ. من فەزای پرسیار دەهێڵمەوە بۆ بەڕێزتان.
“عیرفان”
پێناسەیەی عیرفان چییە؟ پرسی دووەم مرۆڤ چۆن دەتوانێت چاوی خودبینی بگۆڕێ بۆ خودابینی؟ من ئەگەر بمەوێت پێناسەی عیرفان بكەم، ئەوە دەڕۆمەوە ناوەڕۆكی قورئان كە ئەو بەجوانترین شێوە بەیانی كردووە. بەڵام بەڕاستی زۆر دژوارە كە ئەمڕۆ خەڵكی بتوانن هەستی پێ بكەن كە لە قورئاندا وەها پێناسەیەك هەیە كە بۆ عیرفان بەیانی دەكات. من وەك ئەزموونی خۆم سوپاسی خودا هەستم پێكردووە. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت:( الَّذِينَ هُمْ عَلَىٰ صَلَاتِهِمْ دَائِمُونَ ). مانای ئەم ئایەتە پیرۆزە ئەوەیە كە: ئەو كەسانەی كە ئیمانیان هێناوە، ئەوە لە نوێژێكیی هەمیشەییدان. كەواتە عیرفان واتە نوێژێكی هەمیشەیی، بـەڵام بـەبێ ئـەوەی مرۆڤـ نـە سوژدە بـبـات نـە بچەمێتەوە لەو نوێژە هەمیشەییەدا. كەواتە بۆمان دەردەكەوێت عیرفان واتە نوێژێكی هەمیشەیی كە هەتا قیامەت دانەبڕێی لێی. ئەم نوێژەیش واتە ئەوەی كە مرۆڤـ هەمیشە لە یادی یەزداندا بێت. ساتێك نییە غافڵ بێت لێی. ئەمەیش وەك پێناسەی عیرفان بە بۆچوونی من. بەڵام لەڕووی دەستەواژەوە عیرفان لە عەرەفەوە هاتووە. واتە ناسین. بەڵام ناسینی چ شتێك؟ ناسین زۆرە، ناسینی خودا، ناسینی سروشت..هتد. ئەوەی عاریفان جەختی لەسەر دەكەنەوە هەمان ناسینی یەزدانە. دەكرێت كەسێكی دیكە پێناسەی جیاوازی هەبێـت بۆ عیرفان. عیرفان گەوهەری ئایینە. واتە دین گوێزێكە كە توێكڵەكەی دینە و كاكڵەكەیشی عیرفانە. دین جیاوازە لە عیرفان، دین بۆ خۆی مەزهەبی عیشق دەگرێتەوە. بەڵام هەر لە ئەزموونی دینییەوەیە كە دەچیتە ناو عیرفانەوە. كە دەڵێن عیرفان واتە زیاتر جەخت لەسەر ئەقڵ و عیشق دەكەنەوە نەك دەقی دین. عیرفان ئەوەی باشە كە مرۆڤـ هەرچی بكات تەنیا لەبەر ڕەزامەندی یەزدانە. كەوابوو عیرفان واتە یەك سات نییە كە عاریف ئاگای لە یەزدان نەبێت. واتە هەمیشە یادی خودای لە دڵدایە.
بۆ پرسیاری دووەمیشت ئەوەیە كە: مرۆڤ پێكهاتووە لە خود، خودا. مرۆڤی خودبین ناتوانێت ببێت بە خودابین. چونكە ناكرێت لە یەك ساتدا هەم خودبین بیت و هەمیش خودابین. لەبەر ئەوەی لای خودا یەك خود قەبووڵ دەكرێت، ئەویش ئەو خودەیە كە مرۆڤـ دەبێـت لە بوونیدا بیدۆزێتەوە كە پێی دەڵێن خودی یەزدانی، یاخود ئینسانی یەزدانی. ئەوەیش پێویستی بە مەعریفەیەكی چاك هەیە هەتا مرۆڤ بتوانێت ئەو خودە بدۆزێتەوە لە دڵ و دەروونیدا كە ئەمەیش دەكاتە خۆناسیی و خوداناسی. ئەو فەرموودە قودسییەش هەیە كە دەفەرموێت: من عرفه ربه فقگ عرفه ربه. واتە ئەوەی خۆی بناسێت ئەوە خودایشی ناسیوە. ناسینی خود ناسینی ئەو خودە یەزدانییە كە مرۆڤ دەبێت بڕوات ئەو خودە بناسێت هەتا خوداناسیشی بۆ بڕەخسێت. مرۆڤ ئەگەر خۆی نەناسێت هەرگیز ناتوانێت خودا بناسێت. كەواتە مرۆڤـ كاتێك خودابینە كە خودبین نەبێـت. كێشەی شەیتان و خودا هەر ئەو خۆویستیی و خودبینییە بوو كە شەیتان 700 هەزار ساڵ بەندایەتی كرد، بەڵام بە یەك خودبینی دەركرا لە ڕەحمەتی خودا. بۆیە مرۆڤ دەبێـت خودبین نەبێت هەتا بتوانێت خودابین بێت. واتە ناكرێت لە یەك ساتدا دوو خود بناسیت. بۆیە دەبێت خۆت كۆبكەیتەوە بۆ یەكتابینین و یەكتاپەرسیتی. مرۆڤێك خودبین بوو هەرگیز ناتوانێت خودا بناسێت. بە گوتەیەكی شەمس كۆتایی پێ دێنم كە دەڵێت: خوداپەرستی ئەوەیە كە خۆپەرست نەبیت.