ئەگەر لەم سەدەیەی دواییدا شایه‌تحاڵی ئەوە بووین کە رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست بۆتە پانتای ته‌راتێنی هێزە بیانییەکان و بەتایبەت وڵاتە رۆژئاواییەکان و ئەمریکا، ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی کێشە و قەیرانی جۆراوجۆر و هه‌روه‌ها لەت و پەت بوونی هەندێ وڵات، به‌دڵنیاییه‌وه ئەمه دەگەڕێتەوە بۆ پاراوبوون و پڕپیت بوونی رۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست لە رووی سامانی نەوت و غازەوە. وڵاتانی “ئێران، ئێراق، سعودیه، قەتەر و کوێت” و تەنانەت ئیماراتیش لە رووی بوونی یه‌ده‌گی گەورەی نەوت و غاز لە جیهاندا لە نێو وڵاتاندا پێگه‌ی باڵایان هه‌یه. لە باری یه‌ده‌گی نەوتییەوە، وڵاتی سعوودیه پاش ڤینزۆئیلا بە زیاتر لە ٢٦٧ ملیار بەرمیل دووەمین وڵاتی خاوه‌ن نه‌وتی جیهانە و وڵاتی ئێرانیش بە یه‌ده‌گی نێزیک لە ١٥٤ ملیار بەرمیل و ئێراق بە نێزیکەی ١٤١ بەرمیل لە پلەی چوارەمین و پێنجەمین وڵاتانی نەوتی دنیان.
هەروەها بە پێی راپۆرتەکانی بریتیش پیترۆلیۆم، ئێران بە هەبوونی ٣٤ تریلیۆن مەتری چوارگۆشە بە خاوەنی گەورەترین یه‌ده‌گی غازی دنیا دەناسرێت، پلەکانی دواتر بە ریزەوە بۆ رووسیا و قەتەر دەستەبەر کراوە و وڵاتی ئێراقیش بە هەبوونی نێزیکەی ٢ لە سەدی کۆی یه‌ده‌گه غازییەکانی دنیا لە پلەی یازدەیهمی وڵاتە غازدارەکانی دنیایە. بەڵام ئەگەر چاوێک لەم دوو دراوسێ کۆنە، واتە ئێران و ئێراق بکەین کە لە وڵاتە خاوەن دەسەڵاتەکانی بواری نەوت و غازن لە دنیادا، دەبێ ئەوەش بزانین کە ئەم دوو وڵاتە خاونی کێڵگه‌ی هاوبەشی نەوت و غازیشن کە بەشێکی هەرە زۆری ئەم یه‌ده‌گ و خەزنانە لە سێ پارێزگای دراوسێ واتە کرماشان، سلێمانی و ئیلامە.
“نەوت و غاز لە سێگۆشەیەکدا”
تەنها لە پارێزگای سلێمانیدا زۆرتر لە حەوت و نیو تریلیۆن مەتری چوارگۆشە غازی سرووشتی لە قوڵاییەکانی زەوی دایە کە بەشێکی گەورەی لە پارێزگای سلێمانی هەڵکەوتووە. لەم رێژەیە نێزیکەی ١٠٠ تریلیۆن مەتری چوارگۆشە غاز لە دوو کێڵگه‌ی غازیی “چەمچەماڵ” و “کۆرمور” کە سەر بە پارێزگای سلێمانی هەڵکەوتووە. بەپێی دواهەمین خه‌مڵاندنه‌کان کە لە لایەن کۆمپانیای تۆتاڵ لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە یه‌ده‌گه نەوتییەکان ئەنجام دراوە، ئەم ناوچەیە خاوەنی یه‌ده‌گێک بە رێژەی ٦٠ ملیار بەرمیلە کە هاوتای ٥ لە سەدی کۆی یه‌ده‌گه نەوتییهکانی دنیایە کە به‌گشتی لە ٥٢ بلۆک هەڵکەوتووە و بەشێکی زۆر لەم سامانه ژێرزەوینییەش لە پارێزگای سلێمانی کە دراوسێ و هاوسنوورە لەگەڵ ئێران هەڵکەوتووە. لەم نێوانەدا پارێزگای کرماشان کە دراوسێی پارێزگای سلێمانییە و لە چەند خاڵ و دەروازەی سنووری وەکوو شۆشمێ، پەروێزخان و شێخ سێڵە لە گەڵ ئەم پارێزگایە دا پێکەوە بەستراونه‌ته‌وه، لەرووی سەرچاوە ژێرزەمینییەکانەوە بەتایبەتی نەوت لە ناوەند و چەقی سەرنج دایە. کرماشان خاوەنی یەکێک لە ٩ پاڵاوگەکانی نەوتی ئێرانه و یەکێکە لەو شوێنانەی کە کۆنترین پاڵاوگەی نەوتی ئێرانی لێیە(کە لە ساڵی 1953ی زاینی و بە ڕێژه‌ی بەرهەمهێنانی رۆژانە ٢ هەزار بەرمیل درووست کراوە) کە زۆرتر بە سەرنجدانی سەرچاوە نەوتییەکانی نەوتشار و هەروەها پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی بەشێک لە نەوتی باشووری ئێران داهێنرا.
چه‌ند ساڵ لەمەو پێش بەڕێوەبەری کۆمپانیای دۆزینەوە نەوتییەکانی ئێران لە ڕێژه‌ی پوتانشێل و یه‌ده‌گی ١٠٠ لە ١٠٠ ی ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران واته ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ هەبوونی غازی سرووشتی خەبەری دا. هورموای قەڵاوەند بە دەربڕینی ئەمەی کە بەزووترین کات پرۆژەی دۆزینەوەی غاز لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، ئیسلام ئاوای رۆژئاوا و قەسری شیرین دەست پی دەکات راشیگەیاند کە رەنگە ئێمە لەگەڵ دۆزینەوەی عەسەلوویەیەکی غازیی نوێ لەم ناوچانەدا ڕووبه‌ڕوو ببینەوە و هۆی ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ هەبوونی نیشانه زه‌ویناسانه نەوتی و غازییەکان لە ناوچە سنوورییەکان بە تایبەتی له پارێزگای کرماشان. لەرووی نەوتیشەوە کرماشان یەکێکە لە ناوچە پڕپیت و پاراوەکان؛ لە ساڵی 1959ی زاینی کێڵگه‌ی نەوتی سوومار دۆزرایەوە کە بە پێی خه‌مڵاندنه‌کان خاوەنی زیاتر لە ٤٥٥ ملیۆن بەرمیل یه‌ده‌گی نه‌وتییه. چاوخشاندنێک بە سەر پارێزگای ئیلام‌یش کە دراوسێی پارێزگای کرماشانە شتی زۆرترمان بۆ دەردەخات؛ ئەم پارێزگایە ئێستا وەکوو دووەمین پارێزگای خاوه‌ن غازی ئێران هەژمار دەکرێت کە کێڵگه غازییەکانی کەمانکێو و تەنگەی بیجاڕ لە ٧٠ کیلۆمەتری شاری ئیلام لە کێڵگه غازییه دیارهکانین.
بە خستنه‌گه‌ڕی پاڵاوگەی غازیی ئیلام ئێستا له رۆژێکدا زیاتر لە ٧ میلیۆن مەتری چوارگۆشە غاز لەم کێڵگانه هەڵدەهێنجرێت. بە گشتی نێزیکەی ١١ لە سەدی یه‌ده‌گه نەوتیی و غازییەکانی ئێران (ئێران دووەمین وڵاتی خاوه‌ن غازی جیهان و چوارەمین وڵاتی خاوه‌ن نه‌وتی جیهانە) لە پارێزگای ئیلام هەڵکەوتووە و لەرووی نەوتیشەوە کێڵگه نەوتییەکانی “ئازەر” و “چنگۆڵە” و هەروەها “کانی خۆش” و “دانان” لە گرینگ‌ترین کێڵگه نەوتییەکانی ئەم پارێزگایە هەژمار دەکرێن.
“گەشە نەسهندن و رۆڵی سەرچاوە ژێرزەوینییەکان”
سەرەڕای ئەوەی کە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان لەرووی نەوتییەوە تایبەتمەندی و خاڵی هاوبەشیان زۆرە بەڵام لە ٢ خاڵی گرینگی دیکەشدا هاوبەشن؛ یەکەم، گەشەنەسهندن و پێشنەکەوتوویی و هەروەها لەبارنەبوون و ئامادەنەبوونی ژێرخان و بنەما گەشەپێدەرەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لە بواری پیشەییدا. بە پاڵپشتی هەر ئەم سەرچاوە پڕپیت و پاراوانە دەکرا لەم پارێزگایانەدا زۆر پیشەسازی گەورە و سەرەکی بکرێت، بەڵام به داخه‌وه هێشاتش پاش چەند دەیە لە دۆزینەوە و بینینه‌وه‌ی ئەم سەرچاوانە هێشتا زۆرێک لە چاڵە نەوتییەکان داخراو و نه‌کراوه‌ن و لە پراکتیکدا هیچ هه‌نگاوێک بۆ بووژانەوە، پێگەیاندن، بەرهەمهێنان، گەشە و بووژانەوەی ئابووری ئەم ناوچانە هه‌ڵنه‌گیراوه.
رەنگە دیارترین هۆکار بۆ بەردەوامبوونی ئەم حاڵه‌ته، زاڵبوونی تێڕوانینێکە کە تێیدا گه‌شه‌پێدان و نهخشهڕیی پێشخستن و پیشه‌سازیی بۆ ئەم پارێزگا سنوورییانە لە لایەن دەوڵەتەکانەوە، پێڕەو نەکراوە، بەڵام بەرپرسە خۆجێیه‌کان و خەڵک هێشتاش هیوادارن بە کەڵک وەرگرتن لەم یه‌ده‌گ و خەزنە گەورانە بەو ئیرادەیەی کە لە دەوڵەت بەدی دەکرێت، گەشەی ئابووری و پێشکەوتن لە ناوچەکانیان بێتە ئاراوە و هه‌نگاوی کرداریی هه‌ڵبگیرێت و ئیتر له ده‌لاقه‌ی بیانووی ته‌ناهی و ئه‌منییه‌وه چاو له ئه‌م ناوچانه نه‌کرێ. دووەمین خاڵێک کە پارێزگای کرماشان و ئیلام تێیدا هاوبەشن ئاست و رێژەی زۆری بێکاریی و ژمارەی لەرادە بەدەری بێکارەکانێتی که ئه‌مه‌ش خۆی یه‌کێک له هۆکاره‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی ئالووده‌بوون به ماده‌یه هۆشبهریشه که باسێکی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و دایده‌نیم بۆ کاتی خۆی. دەگوترێت کە ٢٥ تا ٣٠ لە سەدی حەشیمەتی ئەم ٢ پارێزگایە بێکارن و به‌زۆریش ئه‌م بێکارییه له ناو گه‌نجه خوێنه‌واره‌کان و ئه‌وانه‌یه که شه‌هاده و بڕوانامه‌ی به‌رزیشیان هه‌یه کە بە دڵنیاییەوە ئەگەر پیشەسازییە سەره‌کی و نیوە سەرەکییەکان لە بوارەکانی غاز، نەوت و پیترۆشیمی لەم پارێزگایانەدا په‌ره‌ی پێ بدرێت، بێ‌کاری بەتەواوەتی لەناو دەچێت و هاوپێچی ئه‌وه‌ش په‌ره‌سه‌ندنی به‌کارهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ریش زیاتر کۆنترۆڵ ده‌کرێت.
تەنها بە دروستکردنی پاڵاوگەی ئاناهیتا لە کرماشان و خستنەڕێی پیشه‌سازییه پله دوو یان ناسەرەکییەکان، بەراورد کراوە کە نێزیکەی ١٢ هەزار دەرفەتی کار بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ درووست دەبێت، ئێستا بیهێننە پێش چاوی خۆتان کە ئەگەر پوتانشێله گەورەکانی پارێزگای ئیلام بە هەبوونی پلەی ٢ ی غاز و ٣ ی نەوت لە ئێران بخرێتە گەڕ، دەتوانین مەزەندەی ئەوە بکەین کە بەشێکی زۆر لە گه‌نجانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌رز ده‌بن به خاوه‌نی ئیش. هەڵبەت پارێزگای سلێمانیش لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بە هۆی ئەو تەنگەژە ئابوورییەی کە دهرهاوێشتەی نێوان ململانێی دەوڵەتی ناوەندی و حوکومەتی هەرێمە، هەروەها سەرهەڵدانی تاقمی تیرۆریستی داعەش و کاریگەرییە نیگەتیڤ و نەرێنییەکانی ئەم تاقمە لە سەر حوکومەتی هەرێمی کوردستان و بواره ئابوورییەکەی، دۆخی ئابووریی و سه‌رمایه‌گوزاریی پیشه‌سازیی ئاستێکی خراپی هه‌یه.
لە پارێزگای سلێمانی و شارەکانی تری هەرێمی کوردستانیش بێ‌کاری دیاردەیەکی گشتگیر و زه‌قه، بەتایبەتی لەو ناوچانەی که بەڕادەی پێویست پرۆژه‌ی پیشەسازی جێبه‌جێ نەکراوە و زۆرترین هەل و بواری کار لە رووی خزمەتگوزاری گشتی و بازرگانییە. بەڵام بەو تێڕوانینەی کە حوکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵهێنجانی نەوت و غاز لەم ناوچانە هەیەتی و بە ئامادەیی ڕێژه‌یی کۆمپانییا گەورەکانی نەوت و غازی جیهانی لەم ناوچانە، بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا بارودۆخی ئەم ناوچانە و ئەم پارێزگایە و کۆی هەرێمی کوردستان رەوتێکی بەرەو پێش و گەشەسەندوو تاقی ده‌کاته‌وه.
“سەرمایەگوزاریی هاوبەش؛ پێوەندیی به‌رده‌وام”
لە جیهانی ئەمڕۆدا بە تایبەتی لە بوارە ئابوورییەکان، زۆر کات وڵاته جیاوازەکان لەسه‌ر پلان و گەڵاڵەکانی یەکتر سەرمایەگوزاری دەکەن کە هەڵبەت باوترین شێوەی ئەم چەشنە هاوکارییانە بە پێی چەشنێ لە رێکەوتنی نێوده‌وڵه‌تی لە ژێر ناوی«Joint Venture» یان سەرمایەگوزارییه هاوبەشەکان ئەنجام دەدرێت. ئێستا کە سێگۆشەی نەوت و غاز واتە سلێمانی، کرماشان و ئیلام لە تەنیشت یەکدی دان و هاوبەشێتی زمانی، کولتووری و ریشە مێژووییەکانیش لە نێوانیاندا بەهێزە، دەوڵهتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و حوکومتی ناوەندی ئێراق و حوکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەگەڵ یەکدی و بە بێ پێویستی بە کۆمپانییا نەوتییەکانی وڵاتانی دیکه دەست بدەنە هەڵهێنجان و دەرهێنانەوەی ئەم سەرچاوانە کە ئەم رووداوە بە پێک هێنانی کۆنسێرسیۆمێکی هاوبەشی نەوت و غاز لە نیوان دوو لایەندا بەدی دێت، ئه‌گه‌رچی ململانێی سیاسی به‌رده‌وام به‌هۆکاری جۆراوجۆر له‌ئاردایه به‌ڵام ئه‌زموونی وڵاتانی جۆراوجۆر ئه‌مه‌ی ده‌رخستووه که به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌شی ئابووری به‌تایبه‌تی له بواره پیشه‌ییه‌کاندا ده‌توانێت پاشه‌کشه به ناکۆکی و ململانێ سیاسییه‌کان بکات.
زیدەڕۆیی نییە ئەگەر ئێران لە بواری زانستی تەکنیکی بۆ دەرهێنان و هەڵهێنجان و وەبەرهێنانی نەوت و غاز لە پلەی وڵاتە پێشکەوتووەکانی دونیادا بناسین، بەڵگەش بۆ ئەم بابەتە درووست‌کردنی ئەو هەموو پاڵاوگەیەی وڵاتە لە لایەن ئەندازیارە پسپۆڕەکانی ئێرانەوە. بەم پێیە ئەگەر بوونیاتنانی وەها کۆنسێرسیۆمێک بێتە ئاراوە، دەکرێت خزمەتگوزارییە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانیش لە بواری نەوت و غاز هەناردە بکرێت کە هەم بۆ وڵاتی ئێران لەرووی دراو و گەشەی ئابوورییەوە بەکەڵکە؛ و هەمیش لایەنی ئێراق و هه‌رێمیش کەیف ساز و خۆشحاڵن بەوەی کە لە سنوورەکانی دراوسێی خۆیان، کۆمه‌ڵێک کۆمپانیا و پسپۆڕی بەتوانا هەن کە دەتوانن بە نرخ و پارەیەکی کەمتر لە چاوەی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی پاڵاوگەیان بۆ درووست بکەن و هەروەها لە پرۆسەی دامەزراندنی پیشە پلە دووەکان و هەروەها ڕاهێنان و فێرکاریی تەکنیکی و پسپۆڕیدا یارمەتییان بدەن.
پێشنیار دەکرێت لانیکەم هەر دوو لایەن ئەم شتە لێک بدەنەوە و هەڵیسەنگێنن بەتایبەتی دەوڵەتدارەکانی ئێران و بەرپرسانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام، چونکه درووست‌کردنی وەها کۆنسیرسیۆمێک دەتوانێت لە قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی و گەشەپێدانی خشتە ئابوورییەکانی ئەم ناوچانەدا رۆڵی زۆر بەرچاو بەخۆوە ببینیت.
سه‌رچاوه: روزنامهی همشهری، ویژه‌ی کرمانشاه، شماره 235، 1394 هجری
نووسینی یه‌حیا میعماری
وه‌رگێڕان: سۆزان سه‌عید