دوای دە ساڵ پاڵپشتی دەوڵەتەكەی ئەسەد،دواجار مۆسكۆو تاران پشتیان تێكرد و هێزەكانی تەحریر و شام بە حەفتەیەك ڕوخاندیان،هەروەها هاتنی تەحریرو شام بۆ دەسەڵات شەپۆلی سێیەمی شەپۆلی توندئاژۆكانە لە ناوچەكە.
یەکەمیان:- هاتنی خومەینی بوو لە تاران، لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا
شەپۆلی دووەم:- لە شۆڕشەکانی ساڵی ٢٠١١ لەدایک بوو،كە هاتنی ئیخوان لە میسرو غەنوشی لە تونس
شەپۆلی سێیەم:- هاتنی حوسییەکان بوو لە یەمەن، ئێستاش تەحریرو شامە سوریا، كە ئێستا زووە بۆ هەڵسەنگاندن لەسەر ئەو….
کەوتنی ئەسەد چاوەڕوان دەکرا لە ساڵی ٢٠١٤ بێت بەڵام ١٠ ساڵی دیکەی پێبەخشرا، بە پاڵپشتی ئێران و ڕووسیا.
زۆرینەمان ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدمان بە حەتمی دەبینی بەهۆی ئەوەی کە گۆڕابوو بۆ ڕژێمێکی تاکگەرایی، کەمینەیی، سۆسیالیستی، بەعسی و ئێرانی، ئەمە جگە لەوەی دەوڵەتەکەی پیر بووبوو و توانای دامودەزگاکانیشی نەبوو بۆ ڕیفۆرم و وەرچەرخان.
بەشار لەو کاتەوەی دەسەڵاتی وەرگرتووە، شوناسێکی بۆ قەوارەکەی دروست نەکردووە کە لەسەری بنیات بنرێت، تەنها ئەوە نەبێت کە “پێویستییەک بوو بۆ ئێران” ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارەساتی بەسەردا هێنا و بووە هۆی کۆتایی هاتنی. بەعسی و عەلەوییەکانی دەوروبەری هەڵوەشایەوە. توانای هەستەوەرەکانی مردوو بوو، گرنگی بەو مەترسیانە نەدا کە خۆی پێ گەمارۆ دابوو کاتێک سوریای کردە ڕێڕەوی سەرەکی نێوان تاران و ناوچەکانی نفوزی لە سەردەمێکدا کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و ئیسرائیل فراوانتر بوو.
ناوبراو درکی بە قووڵایی مەترسییەکانی کاردانەوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەسەری نەکرد، بە تایبەت کە ئیسرائیل پێش ئەوە دژی گۆڕانکاری لە دیمەشق قسەی کردبوو. لە ئیدلب و ئەنقەرە تورک و ئۆپۆزسیۆن درکیان بەوە کرد کە مەودای گۆڕانکاری ڕێگەپێدراوە،بۆیە هێرشیان کردە سەر دیمەشق.
سیاسەتەکانی ئەسەد گوزارشتی لە نەزانینی خۆی دەکرد، بەو پێیەی ڕێگەی دا قەیرانەکانی لە سێ بەرەی کراوەدا کەڵەکە ببن بەرامبەری، لەگەڵ تورکیا، ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ دژی ئیسرائیل. تەحەددای گەورەتر لە توانای سوریا بۆ بەرگەگرتن سەیر نەبوو کە بە ڕووخساریدا تەقینەوە.
ئەسەد نەیتوانی قەیرانەکانی سوریا بەڕێوەببات بۆ نموونه له مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەی په نابەران، ئه و 3 ملیۆن سورییه ی په نایان بۆ تورکیا برد، بۆ ئه ڕدۆغان به کێشه بوو ناچار بوو وا لە بەشار بکات باجی هه ڵوێسته کانی بدات. بەڕاستی پەنابەران کێشەیەک بوون بۆ حکومەتی ئەنقەرە، بەڵام مەترسیش بوون بۆ ڕژێمی ئەسەد. ئەو سێ ملیۆن کەسە بوونە خەزێنەیەك بۆ ئۆپۆزسیۆن
پەیوەندی سیاسی تورکیا و سوریا لە مێژوودا درامای خۆشەویستی و ڕق و کینە بووە. ماوەی سەدەیەکە دیمەشق لە نیازی ئەنقەرە وریا بووە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە پەیوەندییەکی ڕێک و پێکی هەردوو دیوی سنوورەکە دروست ببێت. بەڕێوەبردنی پەیوەندی لەگەڵ تورکیە لە سەردەمی بەشار جیاواز بوو لە پەیوەندی باوکی.
لە یەکێک لە قەیرانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ١٩٨٩دا ڕویدا کاتێک ئەنقەرە بێزار بوو لە خەمخۆریی حافز ئەسەد بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان،، داوای لە سوریا کرد چالاکییەکانی ڕابگرێت و ڕادەستی بکات بەڵام حافز ئەسەد ڕەتیکردەوە،دواتر تورکیا هێزەکانی لە دەروازەی سنووری بابولهەوا کۆکردەوە.ئەوجا ئەسەد سکاڵای ئاراستەی ئیدارەی بیل کلینتۆنی سەرۆکی ئەمریکا کرد و ئاگاداری کردەوە کە لە داواکارییەکەی تورکیا تێدەگەن و پشتگیری دەکەن.لە كۆتایدا ئەسەد سەری كز كردوو بڕیاریدا ئۆجەلان دیپۆرت بکاتەوە
ئەمڕۆ بەشار ئەسەد نەماوە، ملیۆنان پەنابەر دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و نفوزی تورکەکان لە سوریا دوو هێندە زیادی کردووە، سوود لە چاودێری درێژخایەنیان بۆ پەنابەران و ئۆپۆزسیۆن دەبینن. تورک دەیەوێت سوریا وەک هاوپەیمانێک،هاوشێوەی عێراق، بۆ ئێرانی هەبێت کە بە درێژکراوەی جوگرافی و ستراتیژی خۆی دەزانێت.