پیرۆز بێت (٧٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، كە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا یەكێتیی ئافرەتانیی کورد، وەک ترووسکایی پشکۆیەک دڕی بە شەوەزەنگ دا و یەکەم مۆمی تەمەنی داگیرساند، ئێستا شۆڕەژنانی کوردیش هاتوونەتە ناو خەبات و تێکۆشان، ئەوەشیان بە جیهان سەلماند، کە ئافرەتیش لەڕووی توانا زهنی و مرۆییەكانیەوە، هیچیان لە پیاو کەمتر نییە.
بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان دەکەم و بەرز و پیرۆز بێت ئەو یادە شكۆدارە. دەڵێن ئافرەت نیوەی کۆمەڵە و دایکی نیوەکەی دیكەشیەتی، کەواتە ئافرەت ئەو بوونەوەرەیە ڕۆڵی باڵای لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵدا بینیوە، چونکە ئەوە ئافرەتە ژیانی ڕێک خستووە و بەردەوامیی پێدەدات. ئەگەر لە کۆمەڵگای کوردەواری بڕوانین و بمانەوێت ڕۆڵی ئافرەتی کورد دەستنیشان بکەین، دەبینین ئافرەتی کورد شانبەشانی پیاو، ڕۆڵ و جێدەستی دیارە، هەر لە پەروەردەکردنی منداڵ و کاری ناوماڵ و ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری کێڵگە و بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕداری، تا دەگاتە هەرەوەزی و دەستبردن بۆ چەندین ئەرکی قورسی پیاوان، تا ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ برەویان بە تواناکانیان دا و لەو سنوورە بەرتەسکە چوونە دەرەوە و تێکەڵ بە کاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەڕێوەبردن و بوارەكانی ئەكادیمیا و زانست و وییرش و كولتوورر و…هتد بوون.
نموونەی ئەو ئافرەتە کوردانە زۆرن، کە دەکرێت شانازییان پێوە بکرێت و جێپەنجەیان بمێنێتەوە، وەک خانزادی میری سۆران و حەپسەخانی نەقیب و عادیلە خانم و مەستوورەی ئەردەڵانی و چەندین ئافرەتی دیكەی کورد، کە بۆ نەوەی دواڕۆژ بوونەتە جێی شانازییان و لاپەڕەیەکی پڕ لە سەروەرییان لە مێژووی کورد نەخشاندووە، بە جۆرێک، دڕیان بەو ئەقڵیەتە کۆنە داوە، کە ئافرەتان تایبەت دەکەن بە کاری ناوماڵ و منداڵ نانەوە و کۆیلایەتیکردنی پیاو، چونکە وەک دەبینین، ئافرەتی کورد هیچی کەمتر لە هاوسەرەکەی، یان برا و باوکی نەکردووە، لە ژیاندا شان بەشانی پیاو پێشەنگ بووە، لە هاوکاریکردنی شۆڕشەکانی کورد دژ بە جەور و ستەم و داگیرکەران، ئەوە ئافرەتی کورد بووە باشترین ڕۆڵەی بە جەرگی پەروەردە کردووە و بۆ برەودان بە شۆڕش پێی گەیاندووە. ئەوە کوان و تەندوور و سفرەی ئافرەتی کورد بووە، کە پێشمەرگە و بەرپرسانی ئەم وڵاتە قاوەڵتییان لێ كردووە و بە ئاشەقولە و نان و دۆ و ساوار بەڕێی كردوون. ئافرەتی کورد بەشدار بووە لە هاوکاریکردنی شۆڕشەکان و لەبەرەوپێشچوون وسەركەوتنی شۆڕش، ئەوان پێشمەرگەیان جۆش داوە و ورەیان وەبەر ناوە، پێشمەرگەش خوانی لەسەر دەستی ئافرەتی لادێنشین بووە، کاتێ پێشمەرگەیەک دەکەوتە بۆسەی دوژمنان و داگیرکەرانەوە، ئافرەتی کورد بووە برینەکانی بۆ ساڕێژ کردووە و هەتوانی خستووەتە سەری، پەنایان داون و لەبەر چاوی سیخوڕ و جاش و پیاوانی ئەمن حەشاریان داون.
ئێستاش، کە دەبینین شۆڕش گەیشتووەتە جۆرێک لە مەنزڵی خۆی، دەبینین ڕۆڵی ئافرەت بەپێی قۆناغەکە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئێستا ئافرەت تێکەڵ بە سیاسەت بووە و کاری بەڕێوەبردن دەکات و خۆی لە ستراتیژ و تاکتیکی حزب هەڵدەقورتێنێ، دەبینین ئێستا ئافرەتی کورد لە خەمی پێشکەوتنی وڵات و دامودەزگانی حکوومەت پێشبڕکێێ پیاو دەکات. ئەگەر سەیر بکەیت، دەیان لە ئۆرگانەکانی حزب، ئافرەت کاری تێدەکا و بەڕێوەی دەبات و بە پێشنیار و ڕەخنە و سەرنجەکانی بەردێک لەسەر هەیکەلەی حزب جێگیر دەکات، لە حکوومەت و دامودەزگاکانی حکومەت ئافرەتان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە، لە زانکۆ و پەیمانگا و سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان ڕۆڵی ئافرەت زۆر بە ڕوونی دیارە و جێدەستیان پێوە ئاشكرایە. کەواتە دەتوانین بڵێین، ئەوەی دوێنێ ئافرەتی کورد کردی، لە پێشخستنی کۆمەڵگای کوردەواری و شۆڕشەکانی کورد و لە بواری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، ئەمڕۆی دروست کرد، ئەمڕۆش دەبینین ئافرەت چ ڕۆڵێک دەبینێت و چۆن سەردەمەکەی هەرس کردووە و چۆن لەگەڵ ئەو ژینگە تازەیەدا هەڵ دەکات، ئەگەر لەڕابردوو کارەکانی سەرەتای نۆڕماڵ بووبن، ئەمڕۆ ئافرەتی کورد وەزیرە، نوێنەری خەڵکە لە پەڕلەمان، بەڕێوەبەری گشتییە، لە ئۆرگانەکانی حزب بەرپرسە و قورسایی هەیە، هەموو ئەو بەرەوپێشچوونانەش لەوێوە سەرچاوەیان گرتووە کە ئافرەتی کورد گەورەیی لەوەدایە، خۆی لەگەڵ قۆناغەکان دەگونجێنێت و بۆ خزمەتی سەردەمەکەی درێغیی نەکردووە و نایکات.