سینەما بە هونەری حەوتەم ناسراوە، واتە شەش هونەر پێش خۆی کەوتووە ئەوانیش “نیگارکێشی، موزیک پەیکەرسازیی، شیعر، سەما، تەلارسازیی”. هونەری سینەما بە کایەیەکی فراوانی گوزارشت و داهێنان و بەرجەستەکردنی واقیع و پەرەپێدانی ئەندێشە و دیدگا و دروست کردنی وێنە و مانا بە خواستی فیلمساز دادەنرێت.
سینەما پوختەی چەندین تاقیکردنەوە و داهێنانە کە ئەنجامەکان ڕژانە ئەم بوارەوە – بوونە هۆی دروست بوونی سینەما -. وەک دروستکردنی “کینتۆسکۆپ” یەکێک بوو لە داهێنانەی کە یارمەتیدەر بوو بۆ لەدایکبوونی پیشەسازی سینەما، ئەم چاکەیەش بۆ داهێنەر “تۆماس ئەدیسن” دەگەڕێتەوە بۆ ئەم داهێنانە، بەڵام جێبەجێکاریی ڕاستەقینەی ئەم داهێنانە “ویلیام دیکسۆن”ە. ئەم داهێنانە ڕێگا بە کەسێک دەدات بە شێوەیەکی کاریگەر تر و هەرزان تر نمایشی کۆمەڵێک وێنەی یەک لەدوای یەک بکات، دواتر برایانی فەرەنسی گۆڕانێکی گەورە و بازدانێکی چۆنایەتی و بەرچاویان لە بواری فیلمسازیدا ئەنجامدا بەوەی توانیان کۆمەڵێک کورتە فیلم نمایش بکەن کە ماوەی فیلمەکان لە خولەکێک بۆ خولەک و نیوێک بوو بۆ هەر فیلمێک، وەک فیلمی (خواردنی بەیانیانی منداڵ – Repa de bébé) و فیلمی (گەیشتنی شەمەندەفەرێک بۆ وێستگەی لا سیۆتا – L’Arrivée d’un train en gare de La Ciotat). (Science and media museum, 2009).
سەرەتاکانی سینەما بێدەنگ بوو، بە نمایشکردنی کۆمەڵێک وێنەی وێنەی جێگیر و جۆڵاندنیان بەیەکەوە – دوا بە دوای یەک – بە خێرایی ئەمەش لە شاری پاریس لە ژێرزەمینی قاوەخانەیەک بەناوی (گرانت کافێ) لە ساڵی (1895) ڕوویدا، برایانی لۆمیێر فیلمێکی سێ خولەکییان نمایش کرد کە دواتر لە چەند پایتەختێکی تری ئەوروپا لە چەند هۆڵێکی سادەی ئەوکات نمایشکرا پێش ئەوەی ئەم کورتە فیلمانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نمایش بکرێت (دیلو 2003 – ل 139). بیست ساڵ دواتر، سینەما لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، کە سەرچاوەی گرنکی کات بەسەربردن و سەرگەرمی و چێژوەرگرتن بوو، ئەم داهێنانە سەرنجی زۆرێک لە سەرمایەداران و هونەرمەندان و زانا و سیاسەتوانانی ڕاکێشا و هاوکات بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە و پەروەردە و لێکۆڵینەوەی زانستی بەکارهێنرا (سمیس 1996) کە وەرگیراوە لە (نوحاس 2010 – ل 15) . سینەما، سەرەتا ئیلهامی خۆی لە بیرۆکە و ناوەڕۆکی ئەدەب و ڕۆمان و شانۆگەرییەکانەوە وەرگرت، لەڕووی تەکنیکشەوە سادە و کاریگەری تەکنیکەکانی شانۆی لەسەر بوو، بەو پێیەی کە کامێرا لە بەردەم ئەکتەرەکان جێگر دەکرا و کاتێک ئەکتەرەکان نواندنیان دەکرد وەک ئەوەی لەسەر سەحنەی شانۆ بن، سینەما تا ساڵی (1903) بەم جۆرە بەردەوام بوو، کاتێک دەرهێنەری ئەمریکی (ئیدوین ئێس. پۆرتەر – Edwin S. Porter) یەکەمین فیلمی بە کامێرایەکی جوڵاو وێنەگرت ئەمەش لە ئەنجامی ئەو باوەڕەی کە جوڵەی کامێرا و قەبارەی دیمەنەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بینەر هەیە و وایان لێدەکات کە هەست بکەن بەشدارن لە فیلمەکەدا و بەم شێوەیەش جۆرێک لە ڕیالیزم بە فیلمەکە دەبەخشێت. سینەما تا ساڵی (1926) بێدەنگ و بێڕەنگ مایەوە، دوای ئەم بەروارە سینەما قۆناغێکی تری بەخۆوە بینی کە زیادکردنی دەنگ بوو بۆی، بەڵکو لەوەش زیاتر ڕەنگ بۆ سینەما زیادی کرد، ئیدی لێرەوە گرنگیدان و تەرکیزکردنە سەر ئەم هونەرە نوێیە و مەبەست و ئامانجە جۆراوجۆرەکانی فیلم دەستی پێکرد کە هەندێکیان بۆ خۆشی و کەیفکاریی و هەندێکیشیان بۆ کاریگەری لەسەر ڕای گشتی بوون، پاشان فیلمی هەواڵی و دواتر فیلمی داستانی – فیلمی درێژ – پەیدابوو (دیلو 2003 – ل 139 – 140).
“سینەما ئامڕازێکی پەیوەندی و کاریگەرییە”
سینەما یەکێکە لە گرنگترین ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن، کە ڕۆڵێکی کاریگەر و گرنگ دەگێڕێت لە پڕۆسەی کاریگەری لەسەر ڕای گشتی و جەماوەر، ئەمەش بەهۆی ئاڕاستەی گوتاری سینەما بۆ کۆی توێژە جیاوازەکانی جەماوەر، هەروەها سینەما کایەیەکە پێویستی بە هەوڵێکی زۆر نییە بۆ تێگەیشتن لە ناواخنەکەی. بەهۆی بەرکارهێنانی کاریگەرییە (بینراو و بیسترا و دیکۆر و جلوبەرگ)یەکەیەوە گەیاندنی بیرۆکە و مانا و بۆچوونەکان بە بینەر ئاسان بووە، هەروەها سینەما بە توانای سەرگەرمی و کات بەسەربردن دەناسرێتەوە، ئەمەش وای کردووە هەوادارێکی بەرفراوان و خۆشەویستی جەماوەر کۆبکاتەوە کە تێر بووە لە هەواڵی جەنگ و تراژیدیاکان و لێیان وەڕز و بێزار بووە و بەدوای ئامڕازێکی ڕابواردن و خوشبورێریدا دەگەڕێت ئەمەش لەپێناو هەڵمژینی هەناسەیەکی ئارام و دوورکەوتنەوە لەو واقیعیە تاڵە. سینەما بۆ بەرژەوەندی سیاسی و بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دروست کردنی ستریۆتایپ – لە قاڵبدانی بیرکردنەوە یان مۆرکەوێنەی جێگیرکراو – بەکارهێنرا، ئەمەش وای لێکرد ببێتە چەکێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیروبۆچوونی دوژمن و لایەنەکانی تر.
سینەما وەک هەر ئامڕازێکی دیکەی پەیوەندیکردن، بە شێوەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی کاریگەری لەسەر جەماوەری بینەر هەیە و ئەمەش بەگوێرەی سرووشتی فیلمەکە و بەپێی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای نووسەر و دەرهێنەر، سینەما پێویستییە دەروونییەکانی تاک پڕ دەکاتەوە و گڕ بە ئارەزووە ناخەکییەکانی دەدات، لەپێناو فێربوونی زیاتر و وروژاندنی سەرچڵی و کنجکاوییەکەی، هەروەها کەش و ژینگەیەکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەڕەخسێنێت، بەهەمان شێوە سینەما دەتوانرێت بە یەکێک لەو ئامڕازانەی کە زانیاری زانستی دەبەخشێت و زانیاری لەسەر کولتووری جیاوازی گەلان زیاد دەکات. لە ڕێگای سینەما و فیلمەوە دەتوانرێت ئاشنایەتی لەمەڕ کولتوور و دونیابینی و بیروڕا جیاوازەکان بەدەست بهێنرێت، هەروەک چۆن بەسەرچاوەیەکی گرنگ بۆ دۆکیۆمێنت کردنی ڕوداوەکان و مێژوو دادەنرێت. تا ئێرە ڕەهەندە ئەرێنییەکانی سینەما بوون، ڕەهەندە نەرێنییەکانی سینەما بریتییە لەوەی سینەما دەتوانێت ژەهر و بیرۆکەی هەڵە بەنێو جەماوەری بینەردا بڵاوبکاتەوە، هەروەها دەتوانێت ڕاستی و مێژوو لنگەوقوچ بکاتەوە و وێنەی زۆرێک لە کەسایەتییەکان و ڕووداوەکان بەگوێرەی خواستی فیلمسازان بشێوێنێت، لەبەرئەوەیە زۆر کاری سینەمایی هەن کاتێک باس لە ڕوداوێک دەکەن ئەوا ڕوداوەکە وەک خۆی ناگوازنەوە – ناگێڕنەوە – بەڵکو لە نیگا و ڕوانگەی فیلمەکەوە – فیلمسازان – دەرخواردی بینەری دەدەن.
“سینەمای ئەمریکی”
سینەمای ئەمریکی وەک سینەمای وڵاتە جۆربەرجۆرەکانی تر بە ئیمکانییەتێکی کەم کەرەستەی سادە دەستی پێکرد. هەڵبەتەمە ئەم سینەمادەیە گەشەیەکی زۆری بەخۆوە بینی ئەویش بە سوود وەرگرتن لە سەرقاڵبوونی وڵاتانی جیهان بە جەنگ و کارەساتەکانەوە تا ئەوەی ئەم سینەمایە بوو بە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکار و بەرهەمهێنەری فیلم. لە ساڵی (1914)ەوە ئەم ڕەوتە – دروستکردنی فیلم و فیلمسازیی – دەستی کرد بە دروست کردنی چەندین فیلمی سینەمایی هەم لە ئەوروپا و هەم لە وڵاتانی ئهسکەندەنافی بۆ ڕکابەریی کردنی سینەمای ئەمریکی، ئیدی وردە وردە فیلمەکان درێژتر بوون و شێوازی داستانی و گێڕانەوەیەکی چیرۆکبێژی لەو قۆناغەدا باو بوو. خەڵکی ئامادەبوون پارە بدەن بۆ تەماشاکردنی ئەم فیلمانە، سینەماکارانی ئەو سەردەمە دوای ئەو گەشەسەندنە گەورەیەی کە کایەی سینەما بەخۆوە بینی ئامادەبوون وەبەرهێنانێکی زۆر بکەن لە بەرهەمهێنان و دروستکردن و دابەشکردنی فیلمەکاندا، ئەمەش وای لە گەشەپێدەرانی ئەم پیشەسازییە کرد ستۆدیۆی گەورە بۆ بەرهەمهێنان و هۆڵی گەورەی تایبەت بۆ فیلم دروست بکەن ئەمەش وای کرد سینەما کێبڕکێییەکی توند لەگەڵ هۆڵەکانی شانۆ و ئۆپێراکاند بکات (سمیس 1996) .
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەڵکی لە سەرقاڵبوونی وڵاتانی ئەوروپا بە جەنگی جیهانی وەرگرت، لەبەر ڕۆشنایی سەرقاڵبوون و لاوازی سینەمای ئەوروپی بەهۆی جەنگەوە، سینەمای ئەمریکی توانی کاریگەرییەکی بەرچاو و جێ پەنجەی تایبەتی خۆی جێبهێڵێت و سینەمای ئەمریکی هەژموونی خۆی بەسەر بواری پیشەسازی فیلم و سینەما سەپاند و سەلماندی کە پێشەنگی ئەم پێگە و کایەیە و دەتوانێت پێگەیەکی بەڵادەست لە بازاڕە جیهانییەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەرفەتێکی زیاتری پێبەخشی بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی تەکنیکە بەکارهاتووەکانی پیشەسازی فیلم و فیلمسازیی (سمیس 1996 – ل 28 – 29). ناوەندەکانی پیشەسازی فیلم ڕوویان لە هۆڵیوود کرد کە وای کرد فیلمە بەرهەمهێنراوەکان – لە کۆنەوە – تا ئەمڕۆ جڵەوی بازاڕە جیهانییەکان بکات و ڕابماڵێت، ئەمە سەرەڕای بوونی ڕکابەرانی کە توانیان بەرگەی کێبڕکێی بەهێزی هۆڵیوود بگرن. سەبارەت بە سینەمای ئیتالیا کە پێشەنگ بوو لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمی درێژ -داستانی-دا، لەو کاتەدا هەڕەشەی داڕمانی لەسەر بوو، بە هەمان شێوە لە فەرەنسا و وڵاتانی ئهسکەندانافیا دۆخەکە هی ئەوە نەبوو بتوانن کێبڕکێی هاوشانەکانیان بکەن، بەڵام بارودۆخی سینەما لە یەکێتی سۆڤیەت و ژاپۆن بە جۆرێکی تر بوو، لەوێ سینەما بە شێوەی دابڕاو – لەڕووی بازرگانییەوە – لە وڵاتانی تری دونیا گەشەی سەند (هـ،س،پ).
سەبارەت بە پیشەسازی فیلم لە وڵاتانی عەرەبی، دەتوانین بڵێین بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم سینەمایە لەلایەن میسرییەوە نوێنەرایەتی دەکرا کە شانبەشان لەگەڵ پیشەسازی فیلم هەر لە سەرەتای دەرکەوتنی سینەماوە تا ئەمرۆش دەڕوات بەو پێیەی یەکەم نمایشی سینەمایی لە شاری ئەسکەندەرییە بوو لە ساڵی (1896) و یەکەم فیلمی دۆکیۆمێنتەری – بەڵگەفیلم – میسری لە ساڵی (1907) نمایشکرا (ئەلسەقا 2017). هۆڵیوود بەردەوام بوو لە پێشەنگی و سەرکردایەتی کردنی فیلمسازی و بەرهەمهێنانی، هەروەها سیستمی “ئەستێرە سازیی” دامەزراند کە ڕەهەندێکی نوێی بە نواندن لەسەر شاشە بەخشی، هۆڵیوود ئەکتەر و تەلنەلۆژیای مۆدێرنی لە وڵاتانی ئەوروپاوە هێنا – خزاندییە نێو دامەزراوەکەی – بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی، لەلایەکی دیکەوە زۆرێک لە وڵاتان هەوڵیاندا بە لاسایی کردنەوەی تەکنەلۆژیای هۆڵیوود هاوشانی پێشکەوتنی تەکنەلۆژی دامەزراوەی هۆڵیوود بن، بۆ نموونە یەکێتی سۆڤییەت لەو سەردەمەدا توانی پێشەنگی پێشکەوتنی هونەری و تەکنیکی لە بواری پیشەسازی فیلم و سینەما بکات (سمیس 1996 – ل 31). سینەمای ئەمریکی بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕی ئەمەش لە ئەنجامی گەشەی تەکنیک و توانستەکانی، ڕەخنەگران و مێژوونوسان سەردەمەکانی سینەمای ئەمریکییان بەسەر هەشت قۆناغدا دابەش کردووە:-
یەک:- سەردەمی پێشەنگایەتی (1895) تا (1910).
سەرەدەمی سەرەتا و لەدایکبوونی پیشەسازی فیلمە، سەردەمی یەکەم کامێرا و یەکەمین دەرهێنەرەکانە، تەکنیکەکانیش نوێ و مۆدێرن بوون، فیلم لەم قۆناغەدا هیچ دەنگێکی تێدا نەبوو واتە بێدەنگ بوو، زۆرینەی فیلمەکان بەڵگەفیلم – دۆکیۆمێنتەری -ی هەواڵی یان تۆمارکردنی هەندێک شانۆگەری بوو، ماوەی فیلمەکان لەو کاتەدا لە نێوان یەک تا سێ خولەک بوو (فازل 2010).
دوو:- قۆناغی فیلمی بێدەنگ (1911) تا (1916).
ئەم قۆناغە بە تاقیکردنەوە و ئەزموونی زۆر لە بواری مۆنتاژدا ناسرایەوە واتە پڕۆسەی گەشەی مۆنتاژ تایبەتمەندی ئەم قۆناغەیە، لەم ماوەدا فیلم بە تەواوەی بێدەنگ نەبوو چونکێ هەوڵ درا کاریگەرییە دەنگییەکان (Sound Effects) بۆ فیلم زیاد بکرێت ئەگەرچی لەم قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆ – دیالۆگی نێوان ئەکتەرەکان – لە ئارادا نەبوو (فازل 2010). لەم قۆناغەدا بەرهەمە شانۆییەکان وردە وردە شوێنی خۆیان بۆ گێڕانەوە درامییەکان چۆڵ کرد، هەروەها ئەم قۆناغە بەسەرەتای لەدایک بوونی فیلمی مێژووییەکان دادەنرێت. یەکێک لە ناوە بەناوبانگەکانی ئەم قۆناغە ئەکتەری ناودار “چارلی چاپلن”ە کە بە فیلمە بێدەنگەکانی بەناوبانگە و ناوبانگێکی بەرفراوانی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان بەدەستهێنا (ساڵح 2016 – ل 10). کۆمپانیاکانی تازەکانی بەرهەمهێنانی فیلم دەستیانکرد بە بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی بێدەنگ و نمایشکردنیان بۆ خەڵکی بە مەبەستی چێر وخۆشی و سەرگەرمی، هەروەها گروپە شانۆییە گەڕۆکەکان لە هۆڵیوود پیشەیەکی قازانجدارتر و کەم ماندوو تریان دۆزییەوە (دەعوش 2011 – ل 15).
سێ:- قۆناغی پێش جەنگی دووەمی جیهانی (1927) تا (1940).
ئەم قۆناغە بە بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی دەنگدار بەناوی (گوارانیبێژی جاز – The Jazz Singer) لە ساڵی (1927) دەستی پێکرد، وەکو گوتم ئەم قۆناغە بە قۆناغی قسەکردن و دەنگ ناسرایەوە و چەندین فیلمی دەنگداری جیاواز بەرهەمهێنران. فیلمی ساڵانی سییەکان ڕەنگی زیاتر بەکارهێنرا و هاوکات فیلمی ژانری “ئەنیمەیشن” دەستی پێکرد (فازل 2010). هەر لەم قۆناغەدا ناوی ئەستێرەگەلی وەک “کلارک گەیبڵ” بڵاوبووەوە، هەر لەم قۆناغەدا کوالێتی فیلمەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و گرنگی زیاتر درا بە کوالێتی و بایەخی زیاتر درا بە بەرهەمهێنان بە تایبەت لەگەڵ هاتنی خەڵاتی ئۆسکار کە کێبڕکێی نێوان فیلمسازان و ئەکتەرەکانی زیاتر کرد (ساڵح 2016 – ل 10).
چوار:- قۆناغی زێڕینی فیلم لە ساڵی (1947) تا (1954).
جەنگی دووەمی جیهانی گۆڕانکاریی زۆری لە پیشەسازی فیلمدا هێنا چونکە فیلمه کۆمیدییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کرد وەک چۆن فیلمی ترسناکیش بڵاوبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، هەروەها بەهۆی زۆری تێچووی بەرهەمهێنانی کاریگەرییە تەنیکییەکان (دەنگ، ڕەنگ … هتد)ەوە بە شێوەیەک بەرچاو ئەم کاریگەرییە تەکنیکییە تایبەتییانە بەکارنەهێنران. هەر لەم قۆناغەدا ژانێکی دیکە لە فیلم سەریهەڵدا ئەویش ژانری ” خەیاڵی زانستی ” بوو لە ساڵی (1950)، (ساڵح 2016).
پێنج:- قۆناغی گواستنەوە لە ساڵی (1955) تا (1966).
ئەم قۆناغه گەواهی پێگەیشتنی ڕاستەقینەی فیلم بوو، بەو پێیەی لەم قۆناغەدا چەندین ئامێری و ئامڕازی هونەری پێشکەوتوو بۆ فیلمسازیی دەرکەوتن، وەک موزیک و دیکۆڕ، سینەما دەستی کرد بە زیادکردنی بەرهەمهێنان و کار بۆ بەهێزکردنی کایەکە (نایلی 2013 – ل 128). فیلمەکان لە ڕێگای دامەزراوەی هۆڵیوودەوە دەستان کرد بە چوونە ناوەوەیان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها کێبڕکێی نێوان سینەما و تەلەفزیۆن لەسەر جۆر و کوالێتی بەرهەمەکان چڕتر بوەوە، هەروەها فیلمی ڕەنگدار بڵاوبووەوە، هاوکات هونەرە پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەک دیکۆر، سەما، نمایش سەریان هەڵدا (ساڵح 2016 – ل 12).
شەش:- قۆناغی زیوینی فیلم لە ساڵی (1967) تا (1979)
ئەم قۆناغه بە بەرهەمهێنانی فیلمەکانی (دەرچووی زانکۆ – The Graduate) و (بۆنی وکڵاید – Bonnie and Clyde) دەستی پێکرد، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە فیلمە پێگەیشتووانە کە لە ئەخلاقی گشتی لادەدەن – ڕەچاوی ئەخلاقی گشتی ناکەن – سیستمی نوێی سانسۆر سەریهەڵدا، هەر لەم قۆناغەشدا ڕێژەی فیلمە ڕەش و سیپییەکان دابەزی بۆ (3%)ی فیلمە بەرهەمهێنراوەکانی ئەو سەردەمە، لەم قۆناغەدا تەکینک و توانسەکانی هۆڵیوود گەشەیان کرد و هۆڵیوود بوو بە کارگەی بەرهەمهێنانی فیلمی ئیپیکی بودجە گەورە و فیلمی بودجە بچووک و بازاڕەکانی جیهانیان داگیرکرد و ستۆدیۆکانی فراوانتر کرد و ئەکتەر و ئەستێرەکانی لە سەرانسەری دونیاوە بۆخۆی ڕاکێشا (فازل 2010 – ل 63).
حەوت:- قۆناغی مۆدێرنی فیلم لە ساڵی (1980) تا (1999)
ئەم قۆناغە بە بەرهەمهێنانی فیلمی (جەنگی ئەستێرەکان – Star Wars) دەستی پێکرد، کە بە یەکەم بەشداری کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای مۆدێرن دانرا لە دیزاینکردنی کاریگەرییە تایبەتییەکان، ئەم قۆناغە لەجیاتی فیلمنامە(سیناریۆ – سکریپت) پشتی بە بودجەیەکی گەورە بەست، هەروەها بە توانای بەرهەمهێنانی ژانرێکی نوێی فیلم ناسرایەوە. بەرهەمە سینەماییەکان لە سەرانسەری جیهاندا لەبرەودا بوون بە تایەتی لە ئەمریکا چونکە سینەما ئامڕازێکە بۆ گواستنەوەی کلتوور. ئەمریکا لە ساڵانی سەرەتای سەرهەڵدانی سینەما پێشەنگ نەبوو، بەڵام جەنگی یەکەمی جیهانی و ڕوداوەکانی و سەرقاڵبوونی ئەوروپا بە جەنگەوە بووە هۆی وەستاندنی – پاشەکشێ – بەرهەمهێنانی فیلم لە ستۆدیۆ گەورەکانی ئەوروپا، لەم نێوەندەدا ئەمریکا ئەم هەلەی قۆستەوە و بازاڕی نێودەوڵەتی فیلمی داگیرکرد، واتە ئەمریکا له دروست کردن و هەناردەکردنی فیلم لە گۆڕەپانەکەدا بە تەنها مایەوە و بووە پێشەنگ لەم بوارەدا، بازاڕی جیهانیش خواستی لەسەر فیلمی ئەمریکی زیادی کرد، ئیدی لەو کاتەوە تا ئێستا هۆڵیوود نزیکەی (80%)ی فیلمەکانی جیهان بەرهەم دەهێنێت (فازل 2010 – ل 64).
هەشت:- قۆناغی ئێستاکێی فیلم لە ساڵی (2000) تا ئێستا.
ئەم قۆناغە بە بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی فیلمەکان بە تەرزێکی فراوان ناسرایەوە، بە تایبەتی لە دوای شۆڕشی تەکنەلۆژیا کە جیهانی لە بنەوەڕا گۆڕی، ئەم قۆناغە گەواهی زۆری و فرەیی فیلمە خەیاڵی زانستییەکان دەدات، هەروەها سەرهەڵدانی تەکنەلۆژیای وێنەی سێ ڕەهەندی(3D) کە وا لە بینەر دەکات هەست بکات وەکو ئەوەی خۆی بەشێک بێت لە فیلمەکە،هەروەها ئەم قۆناغە پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینی لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمی ” ئەنیمەیشن ” و کوالێتی و وردێتی ئەم فیلمانه، هەروەها داگیرکردنی بازاڕی فیلم بە بەرهەمهێنانی فیلمی سوپەرهیرۆ وەک فیلمەکانی جیهانی سینەمایی ” مارڤڵ ” و زنجیرە فیلمەکانی “سوارچاکی تاریکی ” کە لە ڕیزی سەرکەوتووترین زنجیرە فیلمەکان بە درێژایی مێژوو دادەنرێن.
“ژانرەکانی فیلمی ئەمریکی”
پۆلێنکردنی ژانری فیلمە سینەماییەکانی ئەمریکا زۆرن، لە دیارترینیان بریتین لە:-
فیلمی بێدەنگ؛ بە یەکێک لە یەکەمین ژانرەکانی فیلمی سینەمایی دادەنرێت کە تێیدا فیلمەکان لە شێوەی وێنەی جوڵاودا خراونەتەڕوو کە هیچ جۆرە دیالۆگێکیان تێدا نییە و بە تەواوی پشتیان بە جوڵە و ڕوداو و مۆسیقا بەستووە، یەکێک لە نمونە دیارەکانی فیلمی بێدەنگ زنجیرە فیلمەکانی (چارلی چاپلن)ە کە ناوبانگێکی گەورە و بەرفراوانی بەدەستهێنا، هاوکات چەندین فیلمی بێدەنگ لە ئەمریکا بەرهەمهێنرا لە دیارترینیان فیلمی (کچێک لە هیچ شوێنێکەوە – Girl from Nowhere) بوو.
فیلمی ئەنیمەیشن؛ فیلمی ئەنیمەیشن بە پڕۆسەی وێنەگرتنی بوکەڵە و شتە سێ ڕەهەندییەکان دەناسرێتەوە. ئەم ژانرە لە فیلم منداڵ و نێوجەوانان دەکەنە ئامانج، دوای گەشەسەندنی ئەم ژانرە سەرنجی جەماوەرێکی بەرفراوانی بە هەموو تەمەنەکانەوە ڕاکێشا (جاکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 29). واڵت دیزنی(Walt Disney) بە یەک لە گرنگترین پێشەنگەکانی بواری ژانری ئەنیمەیشن دادەنرێت کە داهێنەری کارەکتەری ئەنیمی میکی ماوس(Mickey Mouse)ە. هەروەها دامەزرێنەری (کۆمپانیای واڵت دیزنی – The Walt Disney Company)یە بۆ بەرهەمهێنانی ئەنیمەیشن، پاشان کۆمپانیاکە پەرەی سەندووە بۆ بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە فیلمێک. فیلمە ئەنیمییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە جوڵە و موزیک و کاریگەرییە بینراوەکان(Visual Effects) دەبەستن. زنجیرە ئەنیمی (چیرۆکی بوکەڵەکان – Toy Story) بە یەکێک لە بەناوبانگترین فیلمە ئەنیمییەکان دادەنرێت کە ناوبانگێکی فراوانی لەنێو گەورەکان و منداڵاندا بەدەستهێناوە.
فیلمی کۆمیدی؛ فیلمگەلێکن کە ئامانج لێیان سەرگەرمی و چێژ و پێکەنینە و بە زیادەڕەوی و هەڵچوون دەناسرێتەوە. گرێچن(Plot)ی ئەم ژانرە لە فیلم ساکارە و پێویستی بە سەرنجدان و بیرکردنەوەی قوڵ نییە، لەم ژانرەدا ڕوداوەکان و پەیوەندییەکان تێهەڵکێشی یەکتر دەبن ئەمە جگە لە گێڕانەوەی نوکتە بە شێوەیەکی بەرچاو. فیلمە کۆمیدییەکان دابەش دەبن بۆ چەند جۆرێک وەک (کۆمیدیای ڕەش) کە واقیع بە شێوەی تەنز دەگێڕێتەوە، هەروەها (کۆمیدیای ڕۆمانسی). فیلمه کۆمیدییەکان – بە شێوەیەکی جیاواز – بینەرێکی زۆریان هەیە چونکە بە یەکێک لە بەتواناترین ژانری فیلم دادەنرێت بۆ خۆسەرقاڵ کردن و چێژوەرگرتن و سەرگەرمی، لە دیارترین فیلمە کۆمیدییەکانی سینەمای ئەمریکی فیلمی (گێل و گێلتر – Dumn and Dumber).
فیلمی ترسناک؛ ئەم جۆرە فیلمە لەسەر دروستکردنی ترس و گرژی و دڵەڕاوکێ لە ناخی بینەردا دامەزراوە لەمیانەی خستنەڕووی چیرۆکی ترسناکی وەک تارمایی، جنۆکە، ئەشکەنجەدان، … هتد (جاکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 225). زۆرێک لەو فیلمانە لەسەر بنەمای ڕوداوی ڕاستەقینە وەرگیراون وەک فیلمی (دەرکردنی جنۆکە لە ئێمێلی ڕۆز – The Exorcism of Emily Rose) کە باس لە چیرۆکی کیژێک دەکات کە دەست دەکات بە قسەکردن بە زمانێکی ڕۆژئاوایی و ڕەفتاری سەیری و نامۆ دەکات، ناچار باوکی دەیباتە لای قەشەیەک بەڵام لە کۆتاییدا بە مردنی کیژەکە بە هۆی شێوازی نەریتی دەرکردنی جنۆکە لەلایەن قەشەکەوه کۆتایی دێت.
فیلمی خەیاڵی و خەیاڵی زانستی؛ فیلمی خەیاڵی یان کە بە فانتاسی(Fantasy) ناسراوە، ئەم فیلمانە بەوە دەناسرێنەوە کە دنەی خەیاڵی مرۆڤ دەدەن و دووری دەخاتەوە لە واقیع و لۆژیک، ڕووداوەکان لەم فیلمانەدا پێشبینی نەکراون و سنووری شوێنکات تێدەپەڕێنن، هاوڕێ لەگەڵ بەکارهێنانی توخمی وروژاندن و سەرسوڕمان (جاکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 169). سەبارەت بە ژانری خەیاڵی زانستی کە زۆر جار باس لە لایەنی زانستی دیاردە زانستییەکانی سەروو سرووشت دەکەن کە هێشتا نەدۆزراونەتەوە و پەیان پێ نەبراوە. ئەم ژانرە بینەرێکی بەرفراوانی هەیە چونکە جگە لە پشت بەستنی بە خەیاڵ، وروژاندن، سەرگەرمی و کات بەسەربردن، هاندانی بیرکردنەوەی داهێنەرانە، شتێک دەخەنە سەر بانکی زانیاری مرۆڤ. لە ساڵی (2014) دەرهێنەری بەناوبانگی بەریتانی – ئەمریکی (کریستۆفەر نۆلان – Christopher Nolan) دەرهێنانی بۆ فیلمێک کرد بە ناوی (لە نێوان ئەستێرەکاندا – Interstellar)، کە تێیدا دەرهێنەر دیدێکی لەمەڕ شێوەی کونە ڕەشەکە(Black Hole) خستەڕوو، ئەمەش بەر ئەساسی ئەو لێکۆڵینەوه فیزیاییانەی کە لە بۆشایی ئاسمانی کردبوون بۆ ئەوەی کونە ڕەشەکە لە ڕوانگەی خۆیەوە بخاتەڕوو. پاش چەند ساڵێک یەکەمین وێنەی کونە ڕەشەکە لە بۆشایی ئاسماندا چرکێنرا کە زۆر نزیک بوو لەو وێنەیەی کە کریستۆفەر نۆلان لە فیلمەکەیدا کێشابووی و ئەندێشەی کردبوو.
فیلمی گۆرانی و میوزیکاڵ؛ ئەو فیلمانەن کە فیلمنامە(سیناریۆ – سکریپت) و دیالۆگەکانیان بەتەواوی پشت بە مۆزیک گۆرانی و سەما دەبەستن، زۆر نزیکن لە شانۆ، ئەو گۆرانییانەی کە لە فیلمەکەدا پێشکەش دەکرێن پەیوەندییەکی نزیکیان بە ڕوداوەکانی فیلمەکەوە هەیە و بەشێک لە دیالۆگ و ڕوداوەکان پێکدەهێنن. فیلمی (گریس – Grease) یەکێکە لە بەناوبانگترین فیلمی میوزیکاڵی کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناوبانگێکی گەورەی هەبوو، هاوکات ئەم فیلمە بازێکی چۆنایەتی دا لەم چوارچێوەی ئەم ژانرەدا، وە دوای ئەو سەرکەوتنەی بەدەستی هێنا زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی فیلم ڕویان لە بەرهەمهێنانی فیلمی لەم ژانرە کرد.
فیلمی جەنگی و داستانییەکان؛ ئەم فیلمانە باس لە جەنگ و ململانێی نێوان نەتەوەکان دەکان. زۆرجار ئەم فیلمانە ڕوداوە مێژووییەکان و قۆناغێکی دیاریکراو لە سەردەمێکی کۆن دۆکیۆمێنت دەکەن، بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانە پێویستی بە تێچووی بەرهەمهێنان و بودجەیەکی زەبەلاح هەیە چونکە پێویستی بە ئەکتەر و ستافی بەرهەمهێنانی گەورە هەیە هاوڕێ لەگەڵ دیزاین کردنی سێت و دیکۆرات ژمارەیەکی زۆر لە ئەکتەر و ئەکتەری کۆمباریس (جاکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 499) یەکێک لە دیارترین فیلمە داستانی و جەنگییەکان فیلمی (دڵێکی ئازا – Braveheart)ە، کە ڕوداوەکانی لە دەوری ئازادیخوازی سکۆتلەندی (ویلیام واڵاس) دەسوڕێتەوە کە لە هەوڵیدا بۆ توڵەسەندنەوەی کوشتنی باوک و براکەی لە دژی ئینگلیزکان ڕاپەڕی.
فیلمی ئاکشن؛ شێوازی ئەم فیلمانە زیاتر پشت بە توخمی جوڵە دەبەستێت نەوەک دەق و دیالۆگ، ئەم فیلمانە تیشک دەخەنە سەر سەرکێشی کردن، مەترسی دروست کردن، ڕاوەدوونان، ڕاگرتنی هەناسە. سەرەڕای خێرایی پیشاندانی دیمەکان کە تا دوا دیمەنی فیلمەکە کۆنتڕۆڵی بینەر دەکەن (باکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 22). زنجیرە فیلمی (ئەرکی مەحاڵ – Mission Impossible) یەکێکە لە دایرترین نمونەی فیلمی ئاکشن کە بە هۆی پڕبینەری فیلمەکە و سەرکەوتنە گەورەکەی شەش بەش (تا نووسینی ئەم توێژنەوەیە شەش بەشی بەرهەمهێنرابوو بەڵام لە ساڵی (2023) بەشی حەوتەمی بەرهەمهێنرا و وابڕیارە بەشێکی دیکەیشی لێ بەرهەم بهێنرێت – وەرگێڕ)ی لێ بەرهەم هێنرا.
“فیلمی دۆکیۆمێنتەری – بەڵگە فیلم”
فیلمی دۆکیۆمێنتەری بەو جۆرە فیلمە ناسراوە کە ڕووداوەکان بەوردی بە بەڵگە دەکات دوور لە نواندنی ساختە. ئەم ژانرە لە فیلم بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕووداوە گرنکەکان و پرسە مشتومڕئامێزەکان بەکاردێت. یەکەمین کەس کە دەستەواژەی “دۆکیۆمێنت”ی بە زوانی ئینگلیزی بەکارهێنا فیلمسازی سکۆتلەندی (جۆن گریرسن – John Grierson) بوو لە وتارێکیدا کە لە ساڵی (1926) بڵاوکرایەوە (جاکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 138). فیلمی دۆکیۆمێنتەری ڕاستییەکان و زانیارییەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و ڕاوێژی پسپۆڕان و لایەنی دیاریکراو و شارەزا لەو پرسە ئامادە و پێشکەش دەکرێت. هەروەها گێڕانەوە و لێکدانەوەی پسپۆڕان و گەواهیدەران دەخاتەڕوو، هەروەها فیلمی دۆکیۆمێنتەری پشت ئەستوورە بە چاوپێکەوتنی ڤیدیۆیی بۆئەوەی ڕاستێتی و مسداقییەتی زیاتر بە کارە ببەخشێت و ئەو ڕۆتینە بشکێنێت کە فیلمی ئاسایی لەسەری ڕاهاتووە. هاوکات فیلمی دۆکیۆمێنتەری گرنگی بە ڕووداوە ڕاستەقینە پڕ لە گفتوگۆ دەدات کە پێویستیان بە ڕاڤە و شیکاریی هەیە دوور لە کاریگەری و نواندن و هەڵبەستن. یەکێک لە بەناوبانگترین بەڵگە فیلمەکان بەڵگەفیلمی (هەسارەی زەوی – Planet Earth)ە، کە بە شێوەیەکی قەشەنگ و دڵڕفێن باس لە بنچینەی زەوی و هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین دەکات، لەم بەڵگەفیلمەدا کەڵک لە جوانترین دیمەنەکانی سروشت وەرگیراوە شانبەشانی نیشاندانی نامۆترین ئەو بوونەوەرانەی کە لەگەڵ ئێمە لەسەر ئەم هەسارەیە دەژین .
“فیلمی وێسترن – کاوبۆیی”
ئەم ژانرە لە فیلمە لە زمانی ئینگلیزیدا بە (Cowboy Films) ناسراوە کە هاوواتای وشەی ڕۆژئاوایی (واتە فیلمی وێسترنی ئەمریکی)ە، و بە یەکێک لە کۆنترین و وروژێنەرترین و سەرنجڕاکێشترین ژانرەکان دادەنرێت هاوڕێ لەگەڵ بوونی کارکتەری و توخمی ناسراو و جێگیر (توخمی جێگیر واتە ئەو شتانەی کە بە بەردەوامی لەم ژانرەدا بوونیان هەیە و پاتە دەبنەوە) وەک (دەمانچە، ئەسپ، مانگاوان – کابۆی)، زۆرێک لە ئەمریکییەکان شەیدای ئەم ژانرەن، چونکە ئەوان بە جۆرێک لە کەلەپوور و مێژوو و شێوە ژیانی خۆیانی دەزانن (جاکسۆن 1997 وەرگیراوە لە خزر 2007 – ل 111). یەکێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی ژانری وێسترین فیلمی (3:10 to Yuma)یە.
“فیلمی تاوان و چەتەگەریی”
چیرۆکی ئەم فیلمانە لە دەوری کردەوەی گەندەڵ و خراپەکاریی و وێرانکەردا داسوڕێتەوە، ئەم ژانرە بە فیلمی تاریک تاریک پۆلێن دەکرێن کە جۆرە جیاوازەکانی تاوان نیشان دەدات وەک بڕینی بانک، ڕفاندن، کوشتن، ئەشکەنجەدان، … هتد. ئەم فیلمانە گوزارشت لە واقیع دەکەن بەوە دەناسرێنەوە کە وروژێنەر و هاندەرەن، زۆر جار تاوان زیمی سەرەکی فیلمەکەیە و چیرۆکەکە لە دەوری تاوانەکە و بکەری تاوانەکە و پەیوەندی بە قوربانییەکەی و دەرەنجامەکانی تاوانەکە و کاردانەوەیان دەسوڕێتەوە، یەکێک لە دیارترین فیلمی تاوانکاریی فیلمی (Murder on the Orient Express) کە بە هەمان ناونیشان لە ڕۆمانێکی نووسەری ڕۆمانی پۆلیسی (ئاگاسا گریستی)یەوە وەرگیراوە. (ئەم ڕۆمانە بە ناوی – تاوانێک لە شەمەندەفەری خێرای ڕۆژهەڵات – لەلایەن – موحسین چینی -یەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی – وەرگێڕ).
بە هۆی حەز و خواستی بینەر بۆ چیرۆکی تاوان و نهێنییەکان، تێبینی ئەوە دەکەین کە لەم دواییانەدا دابەشبوونی ژانرەکانی فیلم بەنێو یەکدا تێکەڵ بوون بۆ نمونە زۆر فیلمی ڕۆمانسی بەرهەمهێنراون لەگەڵ ئەوەشدا چیرۆکی تاوانکارییان تێدایە واتە پتر لە ژانرێک لەم فیلمانەدا هەیە وەک فیلمی (گەشتیارەکە – The Tourist) لە ساڵی (2010). هەروەها چەندین فیلمی دۆکیۆمێنتەری بەرهەم هاتوون کە باس لە وردەکارییەکانی تاوانکاریی لە ئەمریکا دەکەن وەک بەڵگەفیلمی (American Murder: The Family Next Door) لە ساڵی (2020). بە نزیکەیی دەتوانین بڵێین هیچ فیلمێک بەبێ ئاماژە کردن بە تاوان واتە خاڵی لە تاوان و تاوانکاریی بوونی نییە تەنانەت ئەگەر چیرۆکی فیلمەکەش فۆکەسی لەسەر زیمی تاوان نەکردبێت، بەڵکو تاوان تێکەڵ بە ڕوداوەکانی فیلمەکە دەبێت و ڕێگایەکە بۆ هەڵاتن و ڕزگاریی وەک فیلمی (گاتسبی مەزن – The Great Gatsby) لە ساڵی (2013). (ئەم فیلمە لە ڕۆمانی (گاتسبی مەزن)ی نووسەری ئەمریکی (ف. سکۆت فیتزجێراڵد) وەرگیراوە. ئەم دەقە لەلایەن (سەیوان محەمەد) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ساڵی (2015) لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەرەوە بڵاوکراوەتەوە – وەرگێڕ).
نووسین؛ ئامینە کامیل خورشید
وەرگێڕان؛ شڤان نەوزاد
ئهم وهرگێڕانه پێشکەشە بە؛ شادمان محەمەد