شۆڕشی سوریا خوێناویترین بەشی بەهاری عەرەبی بوو لە سایەی ئەو ڕژیمە خوێنڕێژ و ستەمکارەی کە حوکمی سوریای دەکرد و، لە هەمانکاتیشدا پشتگیری دەوڵەتانی زلهێزو بەشێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە تائیفیەکان بۆ ڕژێمەکەی ئەسەد کە لە سەرەتادا و بە دیاریکراوی وایان کرد لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە نسکۆ بە شۆڕشی گەلانی سوریا بهێنن، بە بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی چەک و کاولکاری و پاشان ڕاگواستن و پاکتاوی نەژادیش لەو کاتەدا بەکار هێنرا، بەڵام دوای چەند ساڵێک ئەوا ئێستا هەموو جیهان کۆتایی ئەو دەسەڵاتە و ئاهەنگ و خۆشی خەڵکی سوریا بە لەناوچوونی ئەو ڕژێمەی بە ئاگر و ئاسن لەسەر پێ وەستابوو دەبینێت.
لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە:-
- چی هۆکارێک بووە هۆی ئەوەی ڕژێمی ئەسەد لە (٢٠١٥) نەڕوخێت و بە خۆڕاگری بمێنێتەوە؟
- ئایا سووپا بەهێزەکەی بەشار ئەسەد بوو؟
- ئایا ئابوورییە بەهێزەکەی سوریا بوو؟
- ئایا دەزگا بەهێزەکانی دەوڵەت بوو؟
ئەمانە و دەیان پرسیاری تر، کە وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بە نەخێر دەدرێتەوە لەبەر ئەوەی لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی سوریا لەگەڵ بەهاری عەرەبی زۆربەی سوپاکەی بەشار ئەسەد پەیوەندیان بە ئۆپۆزسیۆنەوە کرد و چەکەکانیان ڕادەست کرد، ئابووری سوریاش یەکێکە لەو ئابوورییانەی ناوچەکە کە هەمیشە لە نزمترین ئاستدایە و دەزگاکانی دەوڵەتیش هێندەی گەندەڵی و پارەخواردنی تیادا بووە کە بە یەکێک لە وڵاتە گەندەڵەکانی دونیا ناوزەد کراوە، هەمیشە و بە تایبەتی دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، هەموو گریمانە و ئەگەرەکانیش چەند مانگێکیان دانابوو بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٥ دا. کەواتە ئەو هۆکارەی بووە هۆی هێشتنەوەی ڕژێمی ئەسەد لە ساڵی ٢٠١٥، دوو کارەکتەری سەرەکی بوون کە هاتنە نێو کایەی سوریاوە ئەوانیش هەریەکە لە ( ڕوسیا و ئێران ) بوون.
- ڕوسیا زۆر بە هێز و بە تەواوی هێزی ئاسمانی و جبەخانەی خستە خزمەتی ڕژێمی سوریاوە و کۆنترۆڵی ئاسمانی سوریای لە بەرژەوەندی مانەوەی ڕژێم بەکار هێنا.
- ئێران لەڕێگەی ناردنی ڕاستەوخۆی هێزەوە بۆ سوریا و هەروەها میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا هێزەکانی (حزب الله و میلیشیا شیعەکانی )ترەوە جێگەی هێزە سەربازییەکانی سوریای پڕکردەوە کە ڕیزەکانی سوپایان بەجێهێشتبوو. ئەم هێزانەی ئێران و هاوپەیمانەکانی کە ئامادەکرابوون بە قین و ڕقێکی تائیفی و مەزهەبی ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە یەکلاکردنەوەی باڵانسی هێزدا بەلای رژێمی ئەسەدو مانەوەی دەسەڵاتەکەی لەو کاتەدا.
خاڵێکی تری گرنگ تێکەڵکردنی شۆڕشی سوریا بە پرسی تیرۆر و داعش، وایکرد کە جیهان بەگشتی پشت لەو شۆڕشە بکات و هێشتنەوەی ئەسەد بە قازانج بینرا لەوکاتەدا، بەڵام بەردەوامی شۆڕشەکە هەموو لایەکی ناچار کرد کە چەند ناوچەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆن بکرێتە پەناگە و دوور لە دەسەڵاتی ئەسەد بمێنێتەوە و دەوڵەتی تورکیا ڕاستەوخۆ چاودێری بکات، ئەوەشمان بیر نەچێت تورکیاش یەکێک بووە لەو کارەکتەرە سەرەکییانەی لە گۆڕەپانی سوریادا ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە و دەیبێت لە داهاتووشدا، هەر ئەم ناوچە ئارامانەش بوو کە ڕێکەوتننامەی ئاستانەی لێکەوتەوە، وە گروپە چەکدارەکانیش ئەو ناوچانەیان بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە بەکارهێنا دیارە تورکیاش زۆر دوربین تر بوو لە هەموو لایەنەکانی تری ئاستانە بۆ هێشتنەوەی ئەو ناوچانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ڕژێم و بەکارهێنانی بۆ چەند مەبەستێک:-
- هێشتنەوەی هێز و بنکە سەربازییەکانی لەناو خاکی سوریا.
- هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی ئەو ئاوارە زۆرەی کە بووبوونە بارگرانیەک بۆ تورکیا بۆ ئەو ناوچانە.
- هەروەها وەک کارتێکی فشاریش بۆ ئەوەی وەک لایەنێکی پشتگوێ نەخراو لە هاوکێشەی داهاتووی سوریا ڕۆڵ ببینێت.
“ئەوەی ئێستا ڕوودەدات هۆکاری چیە؟”
لە ئێستادا کە ڕژێمی ئەسەد کۆتایی هاتووە، دەتوانین هۆکارەکانی کەوتنەکە لە چەند خاڵێکدا کۆبکەینەوە:-
- ڕژێمی ئەسەد دوای ڕێکكەوتنەکانی ئاستانە بە تەواوی پشتی بە پشتیوانیەکانی ڕووسیا و ئێران بەست، هاوکات زەمانەتی تورکیاشی بە هەند وەرگرت و سەرەنجام گەندەڵی و ناکارایی زەمینە خۆشکەری ڕووداوەکانی ئێستا بوون.
- ڕووسیا بە هۆی سەرقاڵی بە جەنگی ئۆکرانیاوە کە دەیەوێت پێش ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئەمریکا جەنگەکە لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، بۆ ئەمەش زۆربەی هێزەکانی لە دەرەوەی ڕووسیا کشاندوەتەوە لەو نێوەندەشدا هێزەکانی کە لە سوریا بوون بەمەش سوریا پاڵپشتێکی گرنگی لەدەستدا.
- لە دوای (٧) ئۆکتۆبەرەوە کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتووەتە حاڵەتێکی هێندە لاوازەوە کە تەنها دەیەوێت پارێزگاری لە مانەوەی خۆی بکات و هەموو دۆستەکان و باڵەکانی دەکاتە قوربانی مانەوەی دەسەڵاتەکەی کە دووچاری هەڕەشەیەکی بەهێزی دەرەکی و ناوەکیش بووەتەوە سەرەڕای داڕمانێکی تەواوی ئابووری سەرقاڵی بە هەموو ئامانەوە وایکرد کە نەتوانێت یارمەتیدەری ڕژێمەکەی ئەسەد بێت لەم کاتەدا.
- (حزب الله)ی لوبنانی کە بەهێزترین باڵی بەرگری سوریا و ڕژێمەکەی بوو لە ئێستادا و دوای جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر لە نیوەی ئەندام و سەرکردە و چەک و جبەخانەکەی لەدەست داوە و ئەمانیش نەیانتوانی وەک ساڵی ٢٠١٥ بەرگری لە ئەسەد بکەن و لەم نێوەندەدا بەشار ئەسەد بە تەنها بەجێهێڵدرا.
- ڕاستکردنەوەی وێنای ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە جیهاندا کە بە تیرۆریست ناسێنرابوون و بە تایبەتتر “تەحریری شام” کە سەرکردایەتی هەڵمەتەکەی کرد و بەکردەوە لە مەیداندا بوو بەوەی هێزەکانی وەکوو تیرۆریست هەنگاویان نەناو دەستدرێژیان نەدەکردە سەر خەڵکی و ئەوپەڕی دسپلینیان لە خۆیاندا نیشاندا و تەنها ئاڵای شۆڕشی سوریاشیان بەکارهێنا، هەروەها دڵنیاکردنەوەی سەفارەتخانەکان و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لەسەر زمانی خوودی جۆلانیەوە ئەمانە بوونە خاڵێکی تری بەهێز بۆ ئۆپۆزسیۆن و سەرکەوتنیان.
- ئەمریکییەکانیش جگە لەوەی کە ڕژێمی ئەسەدیان هەروەک تاوانبارەکەی جاران سەیر دەکرد ئەو دیکتاتۆرەی کە خوێنی گەلەکەی ڕشتوە بەشێک نەبووە لە چارەسەر و هەڵوێستیان بەرانبەری بە نەگۆڕی هێشتەوە خاڵیکی تری لاواز بوو بۆ ڕژێمی ئەسەد.
“سوودمەندەکانی کەوتنی ڕژێمی ئەسەد”
لە هەموو شۆڕش و گۆڕانکارییەکدا لە گۆڕینی ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا گەلانی ژێر دەستەی ڕزگار بوو، سوودمەندی یەکەمن. گەلی سووریاش لەم گۆڕانکارییەدا سوودمەندە کە دوای دەیان ساڵ لەدەست چەوسانەوەو کوشت و بڕ ئازادیان بۆ فەراهەم دەبێت ئەگەر دەستکەوتەکان بەلاڕێدا نەبرێت. لایەنێکی تری سوودمەند لە هاوکێشەی تازەی سوریادا (تورکیایە) بەو هۆکارەی کە زۆربەی هێزە ئۆپۆزۆسیۆنەکانی بەشداری ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەو هێزانەن کە کە هاوپەیمانی نزیکی تورکیان ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی تورکیا لە ناوچەکەدا و کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران و گۆڕانکاری دیمۆگرافیای ناوچەکە و زیاد کردنی هەژموونی سوونەش بەرامبەر بە کورد و عەلەویەکان.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، کە روسیاش لە داهاتووی ناوچەکەدا ڕۆڵی دەبێت چونکە ئەم گۆڕانکاریە بەبێ ڕێکكەوتنی ژێر بە ژێری ڕوسیاش نەبووە، وەک دەزانین چەند ساڵێکە ڕوسیا لە ڕێگەی گفتووگۆکانی ئاستانەوە پەیوەندییەکی ژێر بەژێری لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دروستکردووە، چونکە ئەو بۆردومانانەی کە هێزەکانی ڕوسیا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کردیان ئەوەی سەلماند کە ڕێکكەوتنی پێش وەختە کراوە چونکە بۆردومانەکان هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆیان لە نەخشەی هێزەکاندا نەگۆڕی.
چآودێرانی سیاسی بۆچوونێکی تریشیان هەیە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ڕووسیا لەگەڵ ئیسرائیل ئەویش بەوەی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکادا بەرانبەر ڕاگرتنی جەنگ لە ئۆکرانیا کە بووەتە هۆی بارگرانی ئابووری بۆ ڕوسیا و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیلیشە کە هەمیشە ڕوسیا گرنگی پێداوە.
“دۆخی کورد لە سوریا چی بەسەر دێت؟”
ئەم پێشهاتانە بۆ کوردیش لە سوریا چەند دەرفەتە ئەوەندەش مەترسییە، لە ئێستادا گەلی سوریا خۆیان بە دۆستی ئێران نازانن و هێزە کوردیەکانیش لە سوریا بەوە ناسراون کە نزیکن لە ئێرانەوە کە ئەمەش لەوانەیە ببێتە خاڵێکی لاواز بۆ هێزە کوردییەکانی سوریا و پێگەیان لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا، دەکریت پێشبینی داهاتووی سوریا و سیستەمی بەڕێوەبردنەکەی بە پێی بۆچوونی چاودێرانی سیاسی لە چەند گریمانەیەکدا بخەینە ڕوو کە چارەنووسی کوردیش بەندە بە هەمان ئەو گریمانانەوە:-
١-ئەگەر “هیئە تحریرالشام” و هاوپەیمانەکانی توانیان تەواوی خاکی سوریا بخەنە ژێر دەستی خۆیان و لە یەک سەرکردایەتیدا کۆی بکەنەوە، ئەوسا ئەگەرکورد لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتووگۆوە توانی بگاتە ئەنجام وپێگەی خۆی دیاری بکات لەو سەرکردایەتیەدا، ئەوا دەستکەوتی کورد باش دەبێت و ڕۆڵی دەبێت و پێگەی خۆی دەپارێزێت بە پێچەوانەشەوە داهاتوو کورد بە نادیاری و هەڵواسراوی دەمێنێتەوە.
٢-ئەگەر سوریا نەتوانرا لە یەک سەرکردایەتیدا کۆبکرێتەوە و دابەشبوو بەسەر چەند ناوچەیەکدا بەم شێوەیە:-
- ناوچەی تورکیاو هاوپەیمانەکانی.
- ناوچەی ئێران و ڕوسیاو هاوپەیمانەکانی.
- ناوچەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
لێرەدا دەکرێت گەشبین بین بە داهاتووی کورد لە سوریادا ئەویش لە چوارچێوەی فیدراڵیەت یاخوود کۆنفیدراڵیدا.
لە کۆتاییدا شۆڕشی گەلانی سوریا بەو ئامانجە گەیشت کە ڕوخانی ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرییە بوو کە بە خوێن و ئاگر و ئاسن مامەڵەی لەگەڵ هاونیشتمانیانی خۆی دەکرد و سەرخان و ژێر خانی وڵاتی بۆ بەرژەوەندی خانەوادەو ئارەزووە سەرشێتانەکانی بەکاردەهێنا ئەوەی گرنگە پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەیە کە دەیان ساڵە خەونی پێوە دەبینن.