“شەڕی هاوکێشە دژیەکەکان لە دەستپێکە”
لە دیمەشق و تێکڕای سوریای دوای کۆلۆنیالیزم و دوای ئەسەد خۆشیی و شادیی هەیە، تێکڕا پەیکەر و هێماکانی ئەسەد و رژێمە ناوەندگەراکە دەڕووخێندرێن. لەو نێوانە دەنگۆکان لەسەر شوێنی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری پێشوو هەن، هیچ ئاماژەیەک لە سەر شوێنی ئەسەد نییە، بەڵام هەمووان دڵنیان بێجگە لە سوریا، دەکریت لەهەر شوێنێک بێت.
“سوریا دابەشکراو دەبیندرێت و پێکهاتە چەکدارەکان ناکۆکن”
لە داهاتوو چی ڕوودەدات ڕوون نییە، سوریا وەک وڵاتێکی دابەشکراو ماوەتەوە، کە شوێنەواری قووڵی ساڵانی شەڕی ناوخۆ ساڕێژنەبووە، سەرەڕای ئەو چەقبەستووییە و دۆخی ئێستای، کە نزیکەی چواردە ساڵە لە شوێنی خۆیدا وەستا بوو.
” بێجگە لە دژایەتی ئەسەد هیچ هاوبەشییەک لە نێوان پێکهاتە چەکدارەکانی سوریا نیە”
ئێستا ئەسەد لە وێنەکە دەرچووە، بۆشایی هێز هەیە و بێجگە لە هیوابەخشینی کاردانەوەکیی، هیچ ئاماژەیەکی ڕوون نییە کە داهاتووی سوریا چۆن دەبێت، پلانێکی تۆکمە نەبووە تاووتوێ بکرێت ئاخۆ پێکهاتەکانی سوریا لەسەر چی رێکدەکەون بەرهەڵستکارەکانی رژێمەکەی ئەسەد ناکۆکن، بێجگە لە ئەسەد هێچی هاوبەشییەکی دیکەیان نیە، بۆیە پرسیارێک دەمێنێتەوە کە ئایا هیچ نزیکبوونەوەیەک روودەدات؟
“بەشێکی بەرچاوی میلیشیا ئیسلامییە چەکدارەکان لە قاعیدە و بەرەی نوسرە دروست بوون”
چەند کۆمەڵەیەکی چەکدار لە تەحریرولشام و ئەوانی دیکەش لەسەر بناغەی قاعیدە و جەبهەتولنوسرە دروست بوون و تەنانەت دەنگۆی پشماوەکانی داعشیش هەیە لە ریزەکانیان. لە نیوان خۆشیان کورد کۆک نین، دەسەڵاتی خۆڕێبەری رۆژئاڤا تاکانە و بە بی هاوبەشی پێکردنی هێزە کوردییەکانی دیکە فەرمانڕەوایی دەکات. لە سەردەمی ئەسەد هاوسەنگی لەگەڵ رژێمەکە راگرتبوو، ئاخۆ دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە لەگەڵ پارتە کوردییەکانیش دروست بکات؟ ئێستا ئەوان لەبەردەم پرسیارێکی مێژووییدان و مێژووش ڕەحمیان پێ ناکات ئەگەر هەڵەی زەق بکەن.سەرەڕای ئەو هەموو هاوکێشانەش، ترسی ئەوەش هەیە سوریا بخزێتە ناو قۆناغێکی کارەساتبارتر و شەڕی نێوەخۆ.
“سورییەکان لە قۆناغی مەستیی دوای رزگاریین، کاتی دەوێت تا ئاگایان دێتەوە”
بۆ ئێستا، بە لایەنی کەم، زۆرینەی سورییەکان دڵخۆشن و لە مەستیی دوای رزگارییدان، خۆششیەکە کاتییە و بینیمان چۆن بەنکەکان دزران و چۆنیش تەقە کرا، بە جۆرێک زیاتر لە شەڕی بەرگری ئەسەد فیشەک تەقێندرا، ئەمانە ئاماژەی ئەرێنی نحن بۆ شوێنگرەوەکانی ئەسەد، بە لایەنی کەم داهاتووێکی باش لە سوریا بۆ کورد و دروز و عەلەوییەکان نابێت. لە. باشترین. دۆخ وەکو هەرێمی کوردستاب دووچاری سیاسەتی پەراوێز و خۆسەپاندنی ناوەند دەبنەوە.
“سورییەکان دڵخۆشن و دڵەڕاوکێشیان لەسەر داهاتوو هەیە”
لەو کاتەی سورییەکان هیوا بۆ باشتر دەخوازن، بەڵام ترسیشیان لە داهاتوو هەیە و هەن ئەوانەی بە قەد دڵخۆشییان بۆ نەمانی ئەسەد لە دڵەڕاوکێی دەسەڵاتی داهاتوو دەژین.
“دەسەڵاتی خۆڕێبەریی کورد لە سوریا لەبەردەم تاقیکرنەوەیەکی مێژووی سەخت دایە”
ئێستا رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگە، کۆمەڵە چەکدارەکان، کە وەکو بریکاری تورکیا یان وەکو سوارچاکەکانی خەونی سونیستان دەبیندرێن، دڵنیایی دەدەنە پێکهاتەکانی سوریاکە بیرکردنەوەی خۆیانیان بەسەردا ناسەپێنێت، بەڵام بە روانین لەودیو سنوور، لە ئێراق، دەکرێت پەند لەو بەڵێن و رووداوانە وەربگیردرێت، کە بەسەر کورد و سونە هاتن. لە ڕۆژئاوا پێویستە دەسەڵاتی کوردی هەم داوای هاوکاریی لە هەرێمی کوردستان بکات و هەم هەرێمی کوردستانیش بە راوێژ و لایەنی جیاجیا هاوکارییان بکات، چونکە قۆناغەکە هەستیارە و رووداوی هاوشێوە دووبارە نابنەوە”.
بە کورتی، گرنگە کورد بە رژدیی قسە لەسەر خواستە سییاسییەکان بکات و لە چوارچێوەی دانوستانەکان بیانچەسپێت و بە کەمتر لە کۆنفیدراڵی ڕازی نەبن، هیچ نەبێت لە دانوستان ببێتە فیدڕاڵیزم، کە دیسان ئەستەمە و ئاسان نابێت، بۆ تورکیا و ئێران و ئێراق یەکپارچەیی واتا دەسەڵاتی ناوەندیی نەک دەسەڵاتی هاوچەرخ و هاوبەش. وەکو دیارە ئەوانیش پەند لە ڕابردووی رژێمەکانی سەدام و ئەسەد وەرناگرن و بێگومان خۆشیان زوو یان درەنگ ئەوە چارەنووسیان دەبێت؛ هیچ دەسەڵاتێکی ناوەندیی داپڵۆسێنەر و پۆلیسیی سەرکەتوو نابێت.