“تاکەی لە بن دەواری ڕەش دابنیشین؟”
هەموو وڵاتانی جیهان، ئەوانەشی کە خاوەنی هیچ یەدەگێکی هایدرۆکاربۆن “نەوت، گاز، خەڵووز” نین، خاوەنی کۆمپانیای وزەی نیشتیمانی و نێودەوڵەتی خۆیانن، کە لەمسەر تا ئەوسەری دونیا بەدوای وەبەرهێنان دا دەگەڕێن و سەری ڕمی بەرژوەندییە نیشتیمانییەکانی وڵاتانی خۆیانن، لە جەمسەری باکوورەوە تا دەریای ناوەڕاست تادەگاتە هیندۆ-پاسیفیک لەژێر ئاودا بەدوای سەرچاوەی وزەدا دەگەڕێن.
بۆ نموونە؛ چین چاینە پتیرۆلیۆم و سەینۆپک- Sinopecی هەیە، سعودیە ئارامکۆ، قەتەر “قەتەر ئینرجی”ی هەیە، ئیمارات تاقە (TAQA) و چەندین کۆمپانیای بواری وزە و پیترۆکیماوییەکانی هەیە. نەمسا (OMV) ی هەیە، هەنگاریا (MOL)ی هەیە، ڕووسیا گازپرۆم و ڕۆس نەفتی هەیە، ئیتاڵیا ENI و ENL ی هەیە، ئەمریکا چیڤرۆن و ئیکسۆن مۆبیل و نۆبڵ ئینرجی هەیە، ئیسرائیل دێلێک گرووپ و نیو مێد NEW MED ئینرجی هەیە، بەریتانیا بریتش پیترۆلیۆم، کۆنگۆ (کۆنگۆ ئینرجی هەیە)، هیندستان (ONGC)، باشووری ئەفریکا (Sasol) ی هەیە. هەرێمی کوردستان لەبری چەندین کۆمپانیای نیشتیمانی سەرپێ بخات و، برەو بەتوانای مرۆیی ناوخۆیی بدات، پیشەسازیی نیشتیمانیی بونیاد بنێ، کەچی بە دەستی چەند برادەرێکی دەستەڵاتدار چوون (٥٧) گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان واژۆکردوە! خۆزگە ئەوانە گرێبەست و کۆمپانیای جیهانیش بووبن. لەڕاستییدا ئەوانە کۆمپانیای جیهانی نین، بەشێکی زۆری هی چەند کەسێکە کە ئەوکات لە دەستەڵاتدا بوون، لەدەرەوە تۆماریان کردوەو، هێناویانە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانیان پێ وێران کردوە (لای خوارەوە باسی دەکەین)، هەشیانە بیانین، بەڵام خاوەنی کۆمپانیاکە لە هەشتاو نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو لە بەریتانیاو ئەمریکا هاوڕێی فیگەرێکی سیاسیی کوردبوە، دواتر خۆی کردۆتە هاوبەشیان و هێناونی بۆ گیان بیرە نەوت و گازەکانی کوردستان.
کورد کە لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکییەوە سەری لەناوخوانی سێ حەوزەی ستراتیجی و هەستیاردایە: کەنداو، ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، قەزوین، کەچی نەک کۆمپانیای ناوخۆیی بەڵکو ڕوئیایەکی بۆ ئەمە نییە؛ دەست دەدەیتە پرۆسەیەک بێ ئەوەی بزانیت لەکوێدایت؟ نەک کۆمپانیای نیشتیمانیی نەوتی دا نەمەزراندووە، بەڵکو یەک کارمەندی لە سۆمۆ نەبووە و نییە، بەمدواییە کەسێکیان دانا بۆ جێگری سەرۆکی سۆمۆ- لەبوارێکی تر پسۆڕی هەیە و ڕۆژێک لەم کایەیەدا نەبووە. پێش ئەوەی بچمە ناو ئەم باسانەوە؛ دوو هۆکار ڕوون دەکەمەوە بۆچی دەستم داوەتە ئەم قسانە:-
یەکەم:- لەبەرئەوەی بە ئاگاداریی جەنابی بارزانی بێت یان نا؛ باندێک یان تۆڕێک درووستبوون، بەئاشکراو بە ئەنقەست خەڵکانی خراپ و گەندەڵ و نا-جۆر دەخەنە شوێنە هەستیارەکانی حکومڕانییەوە، بەئاشکراو بێمنەت خەریکی بێزارکردنی خەڵک و هەر کەسێکن چۆڕێک نیشتیمانپەروەریی تێدا ببینن. ئەمە لەکۆندا ئەگەر دوژمنێک ویستبێتی ئیمپراتۆرییەتێک وا لێ بکات لەناوەوە دابڕزێ و بۆگەن بکات، ئەم جۆرە کارانەی کردووە.
دووەم:- بە ئاشکراو بێمنەت، ئیش لەسەر بێ ماناکردن و بێ مەعریفەکردنی دەستەڵات و حکومڕانی و میدیا و بەها جێگیرەکان دەکەن، گەندەڵی و بازرگانی نەوت و ماددەی هۆشبەر و قومار و ئافرەت و زەوی و تۆڕی پارێزەرە بێ شکۆکانیان بەرە-بەرە بووەتە دیاردەو کولتوور؛ تا ئێرەش با قبووڵ بێت (کە ناکرێت قبووڵ بێت)؛ لەکاتێکدا زیاتر لە پانزە ساڵە ئێمە بێلایەنانە قسەدەکەین، خۆبەخشانە خزمەت دەکەین، بەئاشکرا دەڵێن؛ ئێمە ئیشمان بەقسەی ئێوەو دیراسەی ئێوە نییە، ئێوە بۆ تێناگەن، ئێمە تۆڕێکین خەریکی کارێکی دیکەین، بەسووکی دەڕواننە هەرکەسێک پرۆژەیەکی بۆ ڕێککردنەوە و دیدێکی زانستی بۆ ئەو کوردستانە هەبێت! لەم ڕووەوە هەموو توانا باشەکانی کوردستان چوونەتە دەرەوەی وڵات، چوونکە ئەم باندانە بە سووکی دەڕواننە نیشتیمانپەروەری ڕاستەقینە و خوێنەواری کورد.
لە کۆتایی ساڵی (٢٠٠١) ەوە لە کێڵگەی تەق-تەق دا ئۆپەرەیشن دەکرێ؛ ئەو کۆمپانیایەی کەهاتوە بۆ تەق-تەق بۆ دەرهێنانی نەوت، پێشووتر هیچ کارێکی دیکەی لە هیچ شوێنێک دا نەکردوە؛ تەنانەت کاتێک بەرپرسی ئیدارەی سلێمانی ئەوکات لە ئەنکەرە داوای کردووە بێن لە ناوچەی تەق-تەق نەوت دەربهێنن، بەریتانییەکان بەمەیان زانیوە، هۆشداری ئەوەشیان داوە کە بیرە نەوتەکان وێران دەکرێن، ئەو دوو کەسەی خێرا کۆمپانیاکە درووست دەکەن و بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن، پێشووتر لە ئیشی کەلوپەلی ناوماڵدا سەرمایەگوزارییان کردووە. لەسەرەوە، وتمان باسی ئەوە دەکەین کە چۆن ئەم برادەرانە گرێبەستیان لەگەڵ خۆیان کردوە نەک کۆمپانیا جیهانییەکان. نموونەی ئەو کۆمپانیا پێشکەوتوانەی وڵاتانی جیهان کە لەسەرەوە ناوم هێنان، یەک دانەیان لە کوردستان کار ناکەن. ئەوەی پەیوەندیی بە ڕۆس نەفت و گازپرۆمەوە هەیە (لە بەشێکی دیکە دێمە سەری). لە کۆی (٥٠) کۆمپانیا (٤٢) دانەیان تەنها لە هەرێمی کوردستان کاریان پێدراوەو کاردەکەن! سەیری مێژووی دامەزراندنیان بکە زۆربەیان لەدوای (٢٠٠٣) ەوە دامەزراون! بۆ؟
یەک:- لە ئێراقدا، کۆمپانیایەکی نەوتی دانامەزرێت، ئەگەر پاڵپشتی بانک نەبەیت کە تۆ (١،٥) یەک ملیارو نیوت لەسەر هەژمار ئامادەیە (هەرچەندە هەندێک دایانمەزراندووە بە پەنجا هەزار دۆلار، پارێزەرەکە بە پارە ئەو ماددەیەی بۆ تێپەڕاندوون). بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپا، لە کەنەدا و لە وڵاتانی کەنداو، بەگشتی تۆمارکردنی کۆمپانیایەک لەنێوان (٥٠٠- ٩٠٠ دۆلار) واتە بەکوردییەکەی تەنها بە پێنج تا نۆ وەرەقە تۆ دەبیت بە خاوەن کۆمپانیایەکی نەوت، بە هەزار دۆلاریش وێب سایتێک دروست دەکەیت و، هەندێ وشەی جوان و وێنەی هەندێ بەرمیل و ساتی هەڵکەندنی تێدا دەنەخشێنی. تەنانەت لە ئەفریکا کۆمپانیا تۆمارکراوە، هاتووە بۆ داغانکردنی گیان و جەستەی نیشتیمانی کوردان!
دوو:- بۆچی زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کاردەکەن لە هیچ شوێنێکی تر کارناکەن، یان کەمترین ئەزموونیان هەیە؟ چونکە لە قووڵایی زەویدا، بۆ ئەوەی ١ یەک بەرمیل نەوت فۆرمیولە ببێت لە بەرئەنجامی فشارە زۆرەکان و کارلێکەکەکاندا، ماوەی (١٠ تا ١٠٠ ملیۆن ساڵ) ی پێویستە؛ لەڕووی زانستییەوە دە- تا- سەت ملیۆن ساڵی پێدەچێت تاوەکو بەرمیلێک نەوت لە کونیلەکانی ناخی زەوییدا درووست ببێت، کەچی چەند کەسانی گەندەڵ و بێباک و بێئاگا، یان خوێنەوارن و تەنها دۆستی پۆست و پلەوپایەن نەک ستراتیج و گەل و نیشتیمان دەچن ئەم سامانە دەخەنە بەردەست کۆمپانیا!ی جیهانی، چ گەلێکی تر هەیە سامانی نیشتیمانی خۆی ئاوها بخاتە بەردەست کۆمپانیا!ی جیهانی، گریمان ئەوانە کۆمپانیای باوەرپێکراوی جیهانیش بوون، ئەوان تەنها ئیشیان کەڵەگەکردنی سەرمایەیە بۆ خۆیان، نەک شتی تر.
هەرێمی کوردستان دڵی خۆشە؛ شاماران (ShaMaran Petroleum) کۆمپانیایەکی بیانی کەنەدییە؟ شاماران ناوێکی کوردییەو، کورد ئەگەر ئەفسانەیەکی دێرینی بۆ ئافراندن و دانایی هەبێت “شامارانە” وەک لە باکووری کوردستان ئەمە بەناوبانگە، ئەم کۆمپانیایە پێشوتر کەنەدی بوە، دواتر هەر لە کەنەدا لەساڵی (٢٠٠٩) ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ شاماران!؟ ئێستا شاماران لە کێڵگەی سەرسەنگ و ئەترووش کاردەکات و، ڕۆژانە (١٥٧ هەزار و ١٠٠ بەرمیل) نەوت بەرهەم دەهێنێت. ئنجا ئەمە هەموو گرفتەکە نییە کە؛ برادەران تازە لەو شاخەوە هاتوون، تازە لەشەڕی ناوخۆ تەواو بوون و دەستیان لە یەخەی یەکتر بۆتەوە، بێ ئەوەی بزانن؛ ئاسایشی وزە چییە؟ جیۆپۆڵەتیکی وزە چییە؟ زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چ هەقێکی بەسەر بازاڕی وزەوە هەیە؟ گرێبەستی نەوتی چییە؟ دەرهێنان و پاڵاوتن و هەناردەکردن و بازاڕکردن و لۆبیکردن و هەمەچەشنکردن چییە؟ دیجیتاڵیزەکردن چییە؟ ئێچ ئاڕ و پی ئاڕ چی یە؟ پارەی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ناو کۆمپانیاکاندا بە (سی ئێس ئاڕCSR ) ناسراوە چۆن لە گرێبەستەکاندا جێدەکەنەوە؟ پرسە ژینگەییەکان چین؟ پیشەسازیی بچووک چییەو چۆن دەگۆڕێت بۆ پیشەسازیی مامناوەندو قوورس؟ بێ ئەوەی بزانن تەندروستی و سەلامەتی چییە لە کێلگەکاندا، چۆن دووبارە هەڵسەنگاندن (Assessment) بۆ بیرە نەوتەکان بکرێت؟
لەهەموو ئەمانە بەئازارتر؛ بێ ئەوەی ئاگاداربن کە “تەحکیمی دەولی-Arbitration” چییە: کاتێک وڵاتی خانەخوێ لەگەڵ کۆمپانیایەک دەبێتە کێشەیان لەچ دادگایەک ئەمە ساخ دەبێتەوە؟ بێگومان کۆمپانیاکان دەست ڕۆیشتووتر و چاوکراوەترن؛ ئەوانە هەندێکیان کلکیان بە بانکە جیهانییەکانەوە گرێدراوە و، مێشکیان سافترە و سیناریۆی عەنتیکەیان پێشوەخت ئامادەیە (هاوبەش و چاوساخی کوردیی ناوخۆییشیان هەیە کە دەستەڵاتیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکارهێناوە)، هەربەم هۆیەوە هەرێمی کوردستان نیزیکەی (٣) سێ ملیار دۆلاری بە دادگا جیهانییەکان دۆڕاندووە لە واشنتۆن و لەندەن. ئەوە جگە لە سکاڵای حکومەتی ئێراق لە دادگای نێوبژیوانی پاریس بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان بزهنسییەکان. یەکێک لە دیارترین ناکۆکییەکان پەیوەندی بە دانا غاز و کرێسنت پیترۆلیۆمەوە هەبوو؛ دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن بڕیاری لە بەرژەوەندی داناغاز و هاوبەشەکانی دا و بڕیاریدا حکومەتی هەرێم یەک ملیار و ٩٦ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووی فاکتورە نەدراوەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی غاز و پێشێلکارییەکانی تری گرێبەستەکان بدات.
هێشتا ئەمە هەموو گرفتەکە نییە؛ حکومەتی هەرێم لە ناکۆکییەکانی تردا لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا تێوەگلاوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاستەنگەکانی ڕێککەوتنەکانی وزە و بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکانە. بۆ نموونە، ئەم کەیسانە تیشک دەخەنە سەر پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە دواکەوتنی پارەدان و جێبەجێکردنی گرێبەست. بەم هۆیەوە بوو، کە کۆمپانیای DNO ی نەرویجی ناچار بوو (٩٢) ملیۆن دۆلار بدات بە پیتەر گالبرایت کە یەکجار ڕۆڵی ناوەندکاریی گێڕاوە، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم پیلانیان داڕشت بۆ ئەوەی لە گرێبەستەکەیاندا ئەو بکەنە دەرەوە. سەیری بکە، لە ساڵی (٢٠١٣) ەدا حکومەتی هەرێم کێشەی لەگەڵ دانا گاز بۆ درووست بوە، چوونکە حکومەت پارەی هەقدەستی نەداوە بە کۆمپانیاکە لەکاتی خۆیدا؛ حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٣ ەدا لە باشترین دۆخی دارایی خۆیدا بووە، نرخی نەوت لەبەرزترین ئاستدا بووە، کێ وایکردووە کە هەقدەست لەکاتی خۆیدا نەدرێتە کۆمپانیاکە؟ بۆچی وایکردوە؟ لە دوای ٢٠٠٣ ەوە، هەمیشە کۆمپانیاکانی نەوت یەکێك بووە لەهۆکاری گرفتە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، تەنانەت لە ٢٠٠٨ بوە هۆی ئەوەی بەغدا هێز بۆ سەر ناوچە دابڕاوەکان و هەرێم بجوڵێنێت، لە ٢٠١٧ لەسەر نەوتی کەرکوک هەموو بینیتان چی ڕوویدا! بەدرێژایی نێوان ئابی ٢٠١٤ -تا ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ هەموو ڕۆژێک بە بۆڕی نەوتی هەرێمدا نیزیکەی (٣٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک فرۆشراوە بێ ئەوەی داهاتەکەی چووبێتە سەر هیچ هەژمارێکی حکومی!
هەندێ ڕۆژنامەنووسمان فێرکردوون، گوایە بۆیە تێچووی بەرهەمهێنان لە بەغداو باشوور (٢ بۆ ٦ دۆلارە) لە هەرێم (٢٣ بۆ ٢٥دۆلارە) چوونکە هەرێم شاخ و داخەو، ئێراق تەخت و بیابانە و ئاسانە بۆ دەرهێنان وایە؟ ئەمە زۆر وا نییە (کەم وایە)؛ ڕاستە لە نەیجیریا، کەنەدا، ڤەنزەویلا، ڕووسیا، مەکسیک و چەندین شوێنی تر لە هەندێ کێڵگەدا دەگاتە سەروو (٢٥) دۆلاریش تا (٤٠) دۆلاریش لەهەندێ جێگە دەڕوات. ئەوەی هەرێمی کوردستان، پەیوەندیی بە شێوازی گرێبەستە نەوتییەکانەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم یان بەغدا لەگەڵ کۆمپانیاکان واژۆی کردوون (لەبەغداش ئەم پرۆسەیە گرفتی زۆرە). فەلسەفەو پێناسە کورتەکەی گرێبەستە نەوتییەکان بۆ ئەوەیە؛ چۆن پارە لەنێوان وڵاتی خانەخوێ و کۆمپانیا بیانییەکەدا دابەش دەکرێت؟ لە چوارچێوەی پیشەسازی نەوت و گازدا، دوو جۆر خەرجی هەن، ئۆپێکس-OPEX (خەرجییە کارپێکردنەکان) و کاپێکس-CAPEX (خەرجییە سەرمایەییەکان) ئەمانە زاراوەی گرینگن کە بۆ وەسفکردنی جۆرەکانی تێچووی پەیوەست بە گەڕان و بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردن بەکاردەهێنرێن. کرێی بۆڕی لە هەرێمی کوردستان سێ هێندەو زیاترە لەوەی بەغدا؟ ئەوەی بەغداش لە هەشتاکانی سەدەی بیستەوە (مەبەستم نەوتی کەرکوکە) بەهەمان بۆڕی جەیهاندا لە فیشخابورەوە دەچێتە هەمان تانکی گەورە لە بەندەری جەیهان. هەرێمی کوردستان بەهەزاران دەرچووی زانکۆکانی خۆی لەماڵەوە داناون و خەم دایڕزاندون، کەچی بەسەدان قوماربازو بێ ئیشو کاری لەدەرەوە هێناوە لەسەر جەستەو سامانی خۆی کردوونی بە ملیۆنێر. تیایاندایە لە ئەمریکای لاتینی سزا دراوە چوونکە بەهۆی هەڵەی گەڕان و پشکینین و دەرهێنانەوە بوەتە هۆی لەناوچوونی ملیۆنەها ماسی و پیسکردنی ژینگەی ناوچەکە (چیرۆکی ئەمانەش ماوە بۆ گێڕانەوە). بە هەزاران کەسی بیانی بە مووچەی زۆر بەرز لە کۆمپانیاکانداو لەهەرێمی کوردستان کاریانکردوە، بە سەدان کۆمپانیای ناوخۆیی تۆمارکراون بۆ خزمەتگوزاریی؛ تەنکەرێک ئاویان لێرە بۆ ئەوێ بە (١٠٠$) گواستۆتەوە، چوار بەردی ڕاگریان داناوە دەیان هەزار دۆلاریان نوسیوە، دوو کەرەڤانەی دابین کردوە، تەندەری کافتریاو شوێنی نانخواردن و زۆربابەتی دیکە کە زۆر پیسخۆریی تیاکراوە؛ دواتر لە پارە بەشکردنەکەدا لەگەڵ کۆمپانیا! بیانییەکە! لە بەشی هەرێم بڕاوە.
زێدەڕۆیی نییە بڵێین؛ لەهەموو وڵاتانی جیهان نا-دادیی هەیە، بەڵام وڵاتانی جیهان دەستوور و دامەزراوەی سیاسیی و یاسایی و دارایی و ئابورییان هەیە. ئەمەی لە هەرێمی کوردستان هەیە گەندەڵی نییە، دەبێت بەڕاشکاویی بووترێت ئەگەر بڕیارە جەردەیی بکەین، مافیاگەرایی پەرە-پێبدەین، تۆڕ-تۆڕ- باند- باند کارەساتی سەیرو سەمەرە بەسەر ئێستاو ئایندەماندا بهێنین، بە ئەنقەست متمانەو ئیمان لە مێشکی خەڵکدا نەهێڵدرێت، تێکۆشەرەکان و سەرمایە مرۆییەکان لەسەر شاشەکان لە برسدا بگرین، گەنجەکان سەری خۆیان هەڵبگرن، ئەوە کابینەی (١٠) با دڕیژەپێدەری کابینەکانی پێشوو بێت! ئەگەریش بڕیارە پیاچوونەوەیەکی گشتی بکرێت، گەرەکە لەسەری سەرەوە بڕیاری ئازایانە بدرێ (دەزانین لە سیاسەتدا ڕیفۆرمی ڕیشەیی بە یەک هەنگاو ناکرێت، قۆناخی یەکەم هەڵوەشانەوەی تۆڕە کەسییەکانە کە تەنانەت گەندەڵی بۆ حیزبەکەش ناکەن، بەڵکو بۆ خۆیان و دەوروبەریان و ڕەنگە بۆ بێگانەش بێت).